گەنجانی كوردستان بە تامەزرۆییەوە چاوەڕوانی راگەیاندنی دەوڵەتی كوردستان دەكەن
October 2, 2017
راپۆرتەکان
بەوپێیەی گەنج و لاوی كورد دەستێكی باڵایان لە خەباتی گەلی كوردستان هەبووە وشەهید و قوربانی زۆریشیان لە پێناو پرسە رەواكانی گەلەكەماندا داوە، جگە لە بڵاوكردنەوەی گیانی نەتەوەیی و هەستی كوردایەتی، توانیویانە جوانترین وێنەی خەبات و تێكۆشان لە مێژووی ئەم گەلەدا تۆمار بكەن، لەم دۆخە هەستیار و چارەنووسسازەشدا لە سەرخستنی پرۆسەی ریفراندۆم رۆڵی كارا و جددییان بینی، هاوكات ئامادەیی خۆیان بۆ خزمەتی زیاتری وڵاتە سەربەخۆیەكەیان دەردەبڕن و خوازیارن دەوڵەتی كوردستانن و خەونی گەورەی شەهیدان ببێتە واقیع و هەڵگری ناسنامەی وڵاتێكی سەربەخۆ بن. هەر لەو بارەیەوە سەرەتا تەرزە محەمەد حوسێن كارگێڕی لیژنەی ناوچەی ناوەندە ئەكادیمییەكان، باس لەوە دەكات كە: «دەوڵەتی كوردستان خەونی هەموو كوردێكی بەشەرەفە و سەدان ساڵە هەوڵی بۆ دراوە، لەسەردەمی تازەشدا گەلێك گۆڕانكاریی بنەڕەتی لەشێوازەكانی ژیان و گوزەرانی مرۆڤدا روویان داوە، پێشكەوتن لەبنەڕەتدا هەنگاوێكی مرۆڤانەیەو هەڵگری بەكارهێنانی عەقڵی مرۆڤە لەبواری ئەرك و ماف، یان پەیامی دروستكردنی دنیایەكی باشتر كە لەگەڵ پێداویستییە مرۆییەكاندا گونجاو بێت، یەكێك لەو شتانەش كە وەك پێداویستیی مرۆڤ دەستنیشان كراوە، سەروەریی و ئازادییە، كە لە دەوڵەتی نەتەوەدا بەرجەستە دەكرێت.» گوتیشی: «بە رای من لە دوای دروستبوونی دەوڵەتی تازە، پێویستە پڕۆژەیەكی هۆشیارانەو وردو چاودێریكراو دابڕێژدرێت بۆ تاكەكانی كۆمەڵگە كە ئەرك و ماف پەیامە تازەكان لەسەربنەمای نەتەوایەتی بێت و یەكدەستكردنی یاساو دەزگا یاساییەكانی دەوڵەت بگرێتەوە، بەگشتی بەڕێوەبردنی ڕاستەوخۆی پەروەردەی گشتی و دابینكردنی دیسپلینێكی یاسایی بۆ یاساسەروەریی و زاڵكردنی بەسەر هەموو شێوەكانی دیكە و بەرژەوەندیی بەرتەسكدا، زەروورەتە و هەر لەبەر ئەمەشە دەوڵەتە مۆدێرنەكان سەرقاڵی پرۆسەی دروستكردنی نەتەوە بوون، بەوەش پەرەسەندن و پێشخستنی بەرژەوەندییە گشتی و نەتەوەییەكانیان وەك پێوەرو ئامانجی سیاسەتەكانی دەوڵەت كاری لەسەر كراوە. «جەختی لەوەش كردەوە كە لە كوردستانی سەربەخۆدا دەبێت «لە رووی سیاسی و ئابووری و كۆمەڵایەتی تەكنەلۆژیاو كەلتوورییەوە بەرنامەكان پۆلین بكرێت و هەمووان كۆدەنگ بن لەسەر پێشكەوتن و باڵاتربوونی شێوەی بەڕێوەبردنی مەسەلە مرۆییەكان و دابینكردنی خۆشگوزەرانی بۆ تاكەكانی كۆمەڵگەو بنیادنانی دەوڵەتێكی تازە، بەبێ جیاوازی بیرو رای سیاسی، هەروەها پێویستە بەشداری پێكردنی گەنج و ئافرەت بە پێی بڕوانامە و پسپۆڕی لە بەڕێوەبردنی حكومەت و لەسەرجەم دامودەزگا حكوومییەكاندا بە پێوەری (كەسی شیاو بۆشوێنی شیاو) لە بەرنامەی دەوڵەتی نوێدا جێگەی بۆ بكرێتەوە».
جەمال جەلال وەك گەنجێكی وەرگێڕ و رۆژنامەنووس سەبارەت بە هەمان پرس دەڵێت: «سەرەتا دەبێت ئەولەوییەتی كارەكان بونیادنان و راگەیاندنی دەوڵەتی سەربەخۆ بێت، هەتا لەو دەوڵەتەدا هەنگاوەكان بە ئاراستەی پێشكەوتن هەڵبگرین.» گوتیشی: «من وەك گەنجێكی پارێزگای سلێمانی داواكارم لە بونیاتی دەوڵەتی كوردستاندا بایەخ بە خەڵكانی نیشتیمانپەروەرو بەئەزموون لە كایەی سیاسی بدرێت، نەك ئەوەی بەناوی هێنانە پێشەوەی گەنجەوە وڵات بكرێتە شوێنی ململانێی بێ بایەخ. هەروەها داخوازیی من وەك گەنجێك لە دەوڵەتی كوردستان ئەوەیە بایەخێكی زۆر بە هونەرو وەرزش بدرێت، بەتایبەتی سینەما و مۆسیقا و لە وەرزش تۆپی پێ، هەتا گەنجان دوور بكەونە لە كایەی سیاسی. من پێمخوشە لە جیاتی ئەوەی گەنجان ببن بە شرۆڤەكاری سیاسی لە رێگەی هونەر و وەرزشەوە توانا مرۆییەكانی خویان بە جیهان نیشان بدەن. مەبەستم لەم خواستەشم زیاتر بۆ گەنجی سلێمانییە، چونكە لێرە گەنج هەمووی بە دەست سیاسەت و میدیای چەواشەكارانەوە پیر بوون. ئێمە پیویستمان بە مۆل و ماركیت و فەرهەنگسەرای مۆسیقا و سینەماو وەرزشە، نەك سیاسەتیك كە پێی كراوین بە ئامرازیك بۆ ململانێ و رقێكی دێرینە لەپیناو تێركردنی خواستە بێ بەهاكانی چەند سەركردەی حزبی لە شارە حەیاتەكە. من دەوڵەتم دەوێت تا خواستەكانمی تیا بە دی بێت. دەوڵەتم دەوێت بایەخ بە خواستە شارستانییەكانم بدات، وەك گەنجێكی دەڤەری سلێمانی بە شانازییەوە دەنگی بەڵێ بۆ وەفاداری بەرامبەر بە خوێنی شەهیدان و ئاڵای پیرۆزی كوردستان بەرزدەكەمەوەو داوای دەوڵەتێكی سیستماتیك و خۆشبژێوی لە سەركردایەتی سیاسیی كوردستان و سەرۆك بارزانی دەكەم. شانازی بەوەش دەكەم كە سەرۆكێكم هەیە تەحەددای جیهان و دوژمنانی دراوسێشی كرد و بەڵێنەكەی بردە سەرو نەیهێشت ئیرادەی نەتەوەییمان بشكێت...پشتیوان بە خوای گەورە بەرهەمی خەباتی ١٠٠ ساڵەمان لەژێر سایەی دەوڵەتێكی دیموكراسی و سەربەخۆدا بەدی دێت.
سۆزان دهۆكی چالاكی كۆمەڵی مەدەنییە و ئەویش یەكێكە لەو هەزاران گەنجەی تامەزرۆی جاڕدانی سەربەخۆیی كوردستان و هەر لەو بارەیەوە دەڵێت: «ئەز وەك گەنجەك دەخوازم پێش هەموو شتێك دەوڵەتێكی سەربەخۆمان هەبێت،هەموو حزب و لایەنە سیاسییەكان تێیدا یەكگرتوو بن و مافی هیچ كەس و لایەنێك پێشێل نەكرێت، لەژێر یەك ئاڵا و ئەویش ئاڵای كوردستان بە ئازادی لە دەوڵەتێكی دیموكراسیدا بژین، بە هیممەتی سەركردایەتی كورد و ئیرادەی گەل گشتپرسی كرا و هیوادارم پەنا بەخوا دەوڵەتی كوردستان رابگەیەندرێت و بە یەكجاری زوڵم و ستەمی دوژمن كۆتایی پێ بێت و میللەتی ستەمدیدەی كوردیش وەك هەموو گەلانی جیهان بە سەربەستی و ئازادی ژیان بكەن، ئەوكات پێویست دەكات گەنج لە خزمەت داخوازی و داواكاری ئەو دەوڵەتەدا بێت، نەك دەوڵەت بخەینە خزمەت حەزەكانمان، ئێمەی گەنجان بۆ پاراستنی دەوڵەتی كوردستان و ئاڵاكەی گیان بەخت دەكەین و تاكە ئاوات و ئامانجیشمان سەرخستنی دەوڵەتی كوردستانە خۆشەویستەكەمانە».
سامان ئەحمەد مامۆستایەكی گەنجەو بە حیماسەتەوە دەڵێت: «من هیچم ناوێت و هیچ داخوازیەكم نییە، تەنیا دەوڵەتم هەبێت هەموو شتیكی خۆم پێشكەش بەو دەوڵەتە دەكەم، دەوڵەت و دەوڵەتداری خەونی لە مێژینەی كوردە و سەدان ساڵە خوێنی بۆ دەڕێژین و قوربانی بۆ دەدەین، هەموو ئومێدم لە ئێستادا جودابوونەوە و رزگاربوونمانە لە وڵاتێكی داگیركەر كە سەدان ساڵە دەمانچەوسێنێتەوە و ئەنفالمان دەكات، رووڕەشی بۆ دوژمنانی كورد و كوردستان، لە پێناو دەوڵەتێكی سەربەخۆ تا دواهەناسە بە گیان و بە دڵ دەجەنگین و خەبات دەكەین.»
ئاوارە پالانی ئەندامی گرووپی ئاگرینی خۆبەخشە و وەك گەنجیك داخوازیی ئەو ئەوەیە كە «كوردستان سەربەخۆبێت و خزمەتی خانەوادەی شەهید ئەنفالكراو و پێشمەرگە بكرێت، چونكە ئەوان بوون ئێمەیان گەیاندە ئەو رۆژە گرنگ و پیرۆزە،» گوتیشی: «هیوام ئەوەیە تەنیا ببینم كە كوردستان سەربەخۆیە، ئەوەی تر دوای سەربەخۆیی هەنگاو بەهەنگاو خواستەكانمان دێتەدی، چونكە هەموو رێگە دوورەكان بە یەك هەنگاو دەست پێدەكەن، ئێمەی كوردیش هەنگاوی گەورەمان ناوە و زۆرمان تێپەڕاندووە و زۆر كەممان ماوە ببینە خاوەن دەوڵەت و كیانی خۆمان و گەڕانەوەی كەركووك و ناوچە دابڕاوەكانیش دەستكەوتێكی گەورەیە بۆ بە خاوەن دەوڵەت بوون و هەموو كوردێك ناسنامەی میللەتێكی سەربەخۆخوازی هەیە.