قەشە یەعقوب یوسف حەسۆ قەشەی كەنیسەی سلێمانی:وێڕای قەیرانی ئابووریش حكومەتی هەرێمی كوردستان هاوكاری ئاوارەكانی كردووە

قەشە یەعقوب یوسف حەسۆ قەشەی كەنیسەی سلێمانی:وێڕای قەیرانی ئابووریش حكومەتی هەرێمی كوردستان هاوكاری ئاوارەكانی كردووە
لە لای خۆیەوە یەعقوب یوسف حەسۆ قەشەی كەنیسەی سلێمانی؛ سەبارەت بە بارودۆخی ئەو ئاوارە كریستیانانەی كە ئێستا لە شاری سلێمانی نیشتەجێ بوون و ژمارەیان 450 خێزانە، تایبەت بۆ گۆڤاری گوڵان گوتی: «لەگەڵ دەستپێكردنی هێرشە دڕندانەكانی داعش و پەلاماردانی كریستیانەكان 450 خێزانی كریستیان لە بارودۆخێكی خراپ و دوای مەینەتیەكی زۆر روویان لە شاری سلێمانی كرد كە زۆربەیان دانیشتووی (موسڵ و قەرەقۆش و بەرتلە و حەمدانیە) بوون، رێكخراو و حكومەت و خێرخوازان و كوردەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان هاوكاری و كۆمەكیان كردن، بەڵام زۆری ژمارەیان وایكردووە ئەو كۆمەك و هاوكارییانە بەپێی پێویست نەبێت و بەردەوامیش نییە». گوتیشی: «ئێمە سوپاسی حكومەتی هەرێمی كوردستان و خەڵكی كوردستان دەكەین كە سەڕەرای بارودۆخی دارایی و بڕینی بودجە و تێكچوونی بواری ئابووری و بژێوی ژیانیان، بەڵام بەدەنگ ئاوارە كریستیانەكانەوە هاتن، ئەمەش حاڵەتێكی چاوەڕوانكراو بوو بۆ میللەتێك كە لە دێرزەمانەوە لەگەڵ تائیفەی كریستیان و ئاینزاكانی دی بەلێبوردەیی و ئاشتییانە پێكەوە ژیاون، بەپێچەوانەی ناوچەكانی عێراق كە بەهیچ شێوەیەك هەست بە ئارامی و سەقامگیری ناكەین و پێمانوایە گەر ناوچەكانیش ئازاد بكرێت گرووپە تیرۆریستیەكان و بیروبۆچوونی دەمارگیری و توندڕەویی لەم ناوچانە هەر دەمێنێت، هەربۆیە لەكاتی گەڕانەوەی ئاوارە كریستیانەكانیشدا پێویستە زەمانەتێكی نێودەوڵەتی یا زەمانەتی هەرێمی كوردستان بۆ ئەو ناوچانە هەبێت، بە پێچەوانەوە باوەڕناكەم زۆربەی خێزانە كریستیانەكان جارێكی دی بگەڕێنەوە بۆ ناوچەكانیان. بوونی سەقامگیریی لە ناوچە مەسیحی نشینەكان مەرج و كار و كاتی دەوێت، بەتایبەتی لە ناوچەیەكدا كە عەقڵییەتی شۆڤێنی و دەمارگیریی رەگی داكوتابێت».
Top