لەپازدەیەمین ساڵوەگەڕی دامەزراندنی كەناڵی ئاسمانی كوردستان (كوردستان تیڤی)..

لەپازدەیەمین ساڵوەگەڕی دامەزراندنی كەناڵی ئاسمانی كوردستان (كوردستان تیڤی)..
پێش پازدە ساڵ لەمەوبەر یەكەمین كەناڵی ئاسمانی لە كوردستان بە ناوی (كوردستان تیڤی) بەزمانی زگماكی كوردییەوە دەستی بە پەخشی خۆی كرد، ئەم كەناڵە بەدەستكەوتێكی مێژوویی لە رۆژنامەگەریی كوردیدا دادەنرێت، بۆ یەكەمین جار لە ڕێی وێنەوە كوردو كەلتوورو فەرهەنگ و خەباتە مێژووییەكەی كوردستانی نیشانی هەموو دنیا دا، بەرادەیەك لەو سەردەمەدا سنوورە پۆڵاینەكانی تێكشكاندوو ناسنامەی نەتەوەیەكی بەجیهانی دەرەوە ناساند. كوردستان تیڤی بوو بە لینكێكی كارا لە نێوان هەرچوار پارچەی كوردستان و رەوەندانی كوردی وڵاتانی ئەوروپا، بەمەش ئەم سەتەلایتە بە یەكەمین كلیلی كردنەوەی یەكەمین دەرگا دادەنرێت لە گەیاندنی رەنگ و دەنگی رەسەنانەی كوردستانی بۆ سەرتاپای جیهان، ئەمە لە كاتێكدا خەڵكی لەكوردستان لەو سەردەمەدا چاوەڕوانی گۆڕانكاریی گەورە بوون لەهۆیەكانی راگەیاندندا؛ كوردستان تیڤی لە رێگای بەرنامەكانیەوە توانیویەتی میدیای كوردی لە قۆناغی لۆكاڵی تێپەڕێنێت بەرەو میدیای گڵۆباڵ هەنگاوی پێ بنێت، ئەمەش خۆی لەخۆیدا پەرەپێدانێك بووە لەمیدیای كوردستانی و دەكرێت بە وەرچەرخانێك دابنرێت لەناو هۆیەكانی راگەیاندنی كوردیدا، كە لەماوەیەكی زۆر كەمدا بە بەهێزێتی كارایی خۆی سەلماندووە، دواتر بوو بە سەكۆیەك بۆ وتووێژكردنی نێوان بۆچوونە جیاوازەكان و گوێ بۆ دەنگە جیاوازەكانیش ڕابگرێت و بە بێ جیاوازی لە نێوان هەموو ئیتنی و ئاینزاو بیروڕا جیاوازەكانی گەلی كوردستان گرنگی دا بە كوردانی هەرچوار پارچەكەی كوردستان، هەربۆیە لەسەرەتای پەخشیەوە بەحەوت زمان و زاراوە بەرنامەكانی پەخش دەكردەوە، ئەمەش هاوكات بوو لەگەڵ گەیاندنی پەیامە نەتەوەیی و نیشتمانیەكە و گرنگیدان بە دۆزی كوردو ئەزموونەكەی بە گشتی، ئێستاش ئەم كەناڵە نەزمی تایبەتی خۆی هەیە بۆ نەزمی بونیادنانی نەتەوە، كە ئەمەش بە سەرلەنوێ دروستكردنەوە دەناسرێت، لە ماوەی پاش خەباتی چەكداری، ئەم نەزمەی كاركردن بەسەر ئەو وڵاتانەدا جێبەجێ دەبێت كە لە ململانێی توندی وڵاتانی داگیركارەوە دەردەچن، هەرێمی كوردستانیش هاوشێوەی ئەو وڵاتانە پێویستی بە پرۆسەی سەرلەنوێ بونیادنانەوە هەیە لە بنچینەوە تا دەگاتە لوتكە، لەو حاڵەتەدا ئەركی كەناڵی ڕاگەیاندن جەخت كردنەوەیە لەسەر بایەخدان بە دامەزراندنی دامەزراوەی حكومیی توانادار لەسەر مانەوەو خودبژێوی و هەوڵدان بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی مۆدێرن بە شێوازێكی دیموكراتیانە، بۆ ئەم مەبەستەش كەناڵێكی ئاسمانی بەرپرسیارانەی وەك كوردستان تیڤی دەچێتە ناو چوارگۆشەی یەكەمی ستراتیژی گەشەپێدانی نیشتمانی كوردستان بۆ بەهێزڕاگرتنی قەوارەی نەتەوەیی كوردی و هەموو نەتەوەو ئاینزاكانی تری لە كوردستاندان..
سەتەلایتی كوردستان تیڤی لە رێگای دەستەبژێرێك لە رۆژنامەنووس و نووسەرانی بەتواناوە بەبەردەوام لەهەوڵی گەیاندنی راستیەكاندا بووەو ئامانجی دوور مەوداشی هەبووە، بەشێوەیەك لەگواستنەوەی دەنگ و باس و هەواڵەكانیدا و لە مامەڵەكردن لەگەڵ رووداوەكاندا بووێرانە لە كاردا بووە و رەچاوی بەرژەوەندی گشتیشی كردووە، هەر ئەمەشە وایكردووە لەهەموو ئەو راپرسیانەی لەچەند ساڵی رابردوو ئەنجامدراون، كوردستان تیڤی لەریزی پێشەوەی ئەو دەزگایانەدا بووە كە رەچاوی راستگۆیی و پرەنسیپەكانی رۆژنامەگەریی كردووە. لەپازدەمین ساڵیادی دامەزراندنی كەناڵی كوردستان تیڤی لە لایەن تیمێكی گۆڤاری گوڵان ـ وە چەندین رۆژنامەنووس و كادیری ناو ئەو كەناڵە بەسەركرانەوە كە لێرەدا هەندێك لە پوختەی بۆچوونەكانیان بڵاودەكەینەوە.



كاركردنی پرۆفیشناڵانە و راستگۆیی
لە گەیاندنی هەواڵ دا
كەناڵی ئاسمانی كوردستان تیڤی لەسەر راسپاردەی جەنابی سەرۆك بارزانی دامەزراوە، هەربۆیە هەر لە دەسپێكی دامەزراندنیەوە، رەچاوی بە دروستی هەست و چاوی بینەرانی كردووەو هەوڵی ئەوەی داوە متمانەی بینەرانی لەدەست نەدات و بوێرانە بە پابەندبوونی بە بەهاكانی مرۆڤایەتییەوە ڕووماڵی هەواڵ و ڕووداوەكانی دوور لەناوزڕاندن و لەكەداركردن بڵاوكردونەتەوە، ئەمەش لەو روانگەیەوە هاتووە((راگەیاندنی باش راستیەكان بڵاودەكاتەوە دوور لەناوزڕاندن و لەكەداركردن؛ هەروەها خۆی بە دوور دەگرێت لە بڵاوكردنەوەی زانیاری چەواشەكارانە ..)) هەر ئەمەشە وای كردووە بینەر لەگەڵ دەنگ و باسەكان و بەرنامەكانی ئەم كەناڵە بێزار نەبێت لەراستگۆیی زانیاریی گەیاندنیدا متمانەی لادروست بووە.
ئیبراهیم حاجی ساڵح بەڕێوەبەری پێوەندییەكان لەكەناڵی ئاسمانی كوردستان تیڤی وتی: ئەزموونی پەخشی سەتەلایت لەو دەمەی كوردستان تیڤی تێیدا دامەزرا، وەكو ئێستا كارێكی ئاسان نەبووە، لەگەڵ ئەوەشدا بەپاڵپشتی سەرۆك بارزانی توانراوە بۆ یەكەمینجار لە رێگای ئەم كەناڵە ئاسمانییەوە دەنگ و رەنگی كوردستان بەجیهانی دەرەوە بناسرێت و بگرە ببێتە مینبەرێك لەنێوان كوردانی هەرچوار پارچەی كوردستاندا، لینكێكیش بووە لەنێوان كوردستان و رەوەندی كوردی لەدەرەوەی هەرێم، ئەمە جگە لەوەی پەخشكردنی سەتەلایتێك بە حەوت زمان كە جگە لە زمانی كوردی و زاراوەكانی، زمانی پێكهاتەكانی نەتەوەیی توركمان و عەرەب و سریانیشی لەخۆگرتبوو، ئەمە سەرەتای كارێكی گرنگ بوو بۆ ئەزموونی راگەیاندن لەهەرێمی كوردستان، بەشێوەیەك سەرجەم پێكهاتەكانی كۆمەڵگای كوردستانی خۆیان لەناو ئەم سەتەلایتە دۆزییەوە. ئەمڕۆ دوای تێپەڕبوونی ئەو ماوەیە سەتەلایتی كوردستان رۆڵی خۆی لەگەیاندنی خواست و ویستەكانی خەڵكی هەیە بۆ حوكمڕانی باش، هەربۆیە لە رێگای داتابەیسەوە پێوەندییەكانمان لەگەڵ سەرجەم چین و توێژەكان و شارەزایان و رۆژنامەنووسان و بەرپرسان بەهێزتر كردووە، تاوەكو نەك تەنیا ببینە پردێك بۆ گەیاندنی هەواڵ و راستییەكان بەڵكو بەشێكیش بین بۆ دۆزینەوەی چارەسەری كێشەو گرفتەكان، ئەمڕۆ كوردستان تیڤی كەناڵێكی سەرەكی هەموو خەڵكی كوردستانە بێ جیاوازیكردن بەوەی سەر بە چ پارتێكی سیاسییە یا ئایدیۆلۆژیی چییە، بەڵگەش بۆ ئەمە بەبەردەوامی لەهەموو بیروبۆچوون و ئاینزاو لایەنێك خەڵكانی بەئەزموون و شارەزا بانگهێشتی بەرنامەكانمان كراوەو دیدیان جیاواز بووەو كاریگەریی لەسەر شرۆڤەی سیاسی و رووداوەكان هەبووە.
عەمار نەجمەدین بێژەرو پێشكەشكار سەبارەت بە رۆڵی بێژەرو پێشكەشكاری بەرنامەكان لەچۆنیەتی ئامادەكردنی هەواڵ و رۆماڵكردنی رووداوەكان و وروژاندنی پرسە گرنگەكانی ناو كۆمەڵگا پێی وا بوو: بەو پێیەی بێژەرو پێشكەشكارەكان رۆڵی گرنگ و راستەوخۆیان لەگەیاندنی راستیەكان و زانیارییەكان هەیەو بێ لایەنن لە وروژاندنی بابەتەكان، هەربۆیە كەناڵی ئاسمانی كوردستان تیڤی بایەخ و گرنگی بەم لایەنە داوە لەم ڕووەوە وتی: كەناڵی ئاسمانی كوردستان تیڤی وەكو قوتابخانەیەك وابووە لە پێگەیاندنی باشترین بێژەرو پێشكەشكارو پەیامنێر كە بەبڕبڕەی پشتی هەموو كەناڵێكی سەركەوتوو دادەنرێن، ئەمە جگە لەوەی راستەوخۆ پێوەندییان بەخەڵكەوە هەیە بەمەبەستی چارەسەركردنی كێشەو گرفتەكانیان. ئەمە لایەنێكی گرنگی ئامانجی كاری رۆژنامەگەرییە كە تەنیا وروژاندنی بابەت و كێشەكان نییە بەڵكو ئەركی گەیاندنی كێشەو گرفتەكانیشە بۆ لایەنی پێوەندار تاوەكو كەناڵەكە لەچوارچێوەی دامەزراوەكانی تری ناو كۆمەڵگە رۆڵیان لەچارەسەركردنی كێشەكان هەبێت و بە هیمەتی هەمووان خۆشگوزەرانی بۆ هاووڵاتیان دابین بكرێت.
پردێكی بەهێز لەنێوان هاووڵاتی و دەسەڵات
نووسین و راستگۆیی لەگەیاندنی هەواڵ و بابەتەكان بە بنەمای سەركەوتنی هەموو كەناڵێكی ئاسمانی دادەنرێت مستەفا حەمەد ئەمین بەڕێوەبەری نووسین و بێژەر لەكوردستان تیڤی لەمبارەیەوە وتی: ئێمە لەبەشی نووسین هەوڵمانداوە پابەندی رێنماییەكانی كاری رۆژنامەنووسی بكەین و میسداقیەتی راستگۆیی و متمانە لەگەڵ بینەر لەدەست نەدەین، واتا كوردستان تیڤی ئەو پردە بەهێزەیە لەنێوان هاووڵاتی(رای گشتی) بە كۆنتاكتی لەگەڵ دەسەڵات، تەنانەت جیاوازیشمان نەكردووە لەنێوان ناوچەكانی كوردستان و كوردانی هەرچوار پارچەكەو رەوەندی كوردی، ئەوەتا لەتەواویی شارو شارۆچكەكانی كوردستان پەیامنێرمان هەیەو لە وڵاتانی دەوروبەریشمان نووسینگەمان هەیە، لەوڵاتانی ئەوروپاو ئەمەریكاو ئوسترالیاش پەیامنێری كوردستان تیڤی ڕووماڵی هەواڵەكان دەكەن، بەتایبەتی هەواڵ و بابەتی رەوەندی كوردی.
گەیاندنی هەواڵی خێرا بەرەچاوكردنی راستگۆیی تەواوەوە
لایەنێكی تری سەركەوتنی كەناڵی ئاسمانی خێراییە لەگەیاندنی هەواڵ، بەرادەیەك ئێستا كەناڵە ئاسمانیەكان رۆڵی گرنگیان لەراكێشانی بینەرو رووماڵكردنی سەرجەم ئەو رووداوانە هەیە كە لەناوخۆی هەرێم و وڵاتانی دەوروبەرو سەرجەم جیهانەوە روودەدات؛ بەڕێوەبەری نووسین لەكەناڵی كوردستان تیڤی لەم رووەوە وتی: لەیەكەمین پەخشی بەرنامەكانی كوردستان تیڤی یەوە هەوڵی گەیاندنی خێرای هەواڵەكانمان داوە، هەربۆیە زۆرترین دەنگ و باسمان هەیەو رووداوەكان بەشێوەیەكی خێرا دەگوازینەوە بەرەچاوكردنی راستگۆیی و پەلەنەكردن لە بڵاوكردنەوەی هەواڵێك كە روون نەبێت، چونكە پاراستنی متمانە كارێكی هەروا ئاسان نییە، هەربۆیە لەگەیاندنی هەواڵدا خێراین، بەڵام پەلەی تێدا ناكەین تا راستگۆیی تەواویی تێدا نەسەلمێنرێت.
پرۆگرامە سیاسیەكان..
سەكۆیەك بۆ تێروانین و بۆچوونە جیاوازەكان
تازەگەریی و گرنگیدان بەپێشكەوتنی پرۆگرام و شێوازی كاركردن بەیەكێك لەو فاكتەرە گرنگانە دادەنرێت كە هەموو كەناڵێكی ئاسمانی بەبەردەوام هەوڵی بۆ دەدەن، چونكە ئەو گۆڕانكارییەی كە بەسەر سیستەمی كۆمەڵایەتی و ئابووری و سیاسیدا دێت، ئەوە دەخوازێت لەگەڵ خۆیدا گۆڕانكاریی بەسەر میدیاشدا بهێنێت و لەناوەڕۆكی بەرنامەو پرۆگرامەكانیدا رەنگ بداتەوە؛ كوردستان تیڤیش لەگەڵ پازدە ساڵ لەمەوبەردا دەبێت رەچاوی ئەم واقیعەی كردبێت؛ سەبارەت بە پرۆگرامە سیاسیەكانی كوردستان تیڤی، نەریمان تاڵیب بەڕێوەبەری بەشی پرۆگرامە سیاسییەكان لەم رووەوە وتی: بەشێك لەو تازەگەرییەی كورستان تیڤی دەستی پێكردووە دانانی بەشی پرۆگرامە سیاسییەكان بووە، چونكە هەواڵ لەو شوێنەی بێژەر دەیخوێنێتەوە تەواو دەبێت و دواتر پێویستی بەدواداچوون و شیكردنەوە هەیە، چ بەشێوەی راستەوخۆ یا بە دیالۆگ و ریپۆرتاژ، تەنانەت لە رووی مێژوویشەوە كەناڵی ئاسمانی كوردستان تیڤی پێناسەی خۆی لەگەڵ بزاڤی رزگاریخوازی كوردستان دانەبڕیوەو بەبەردەوامی لەیادە مێژووییەكاندا ئامادەیی هەبووەو هەیەو پێوەندی توندوتۆڵیشمان لەگەڵ نووسینگەو پەیامنێرەكانی ناو هەرێم و دەرەوەو وڵاتانی بیانیدا هەیە، چونكە میدیا بەبەردەوام لەوەرچەرخانی گەورەو نوێدایە هەربۆیە ئێمەش زۆر بەپێویستمان زانیوە كوردستان تیڤی پلان و دیدی تازەی بۆ ئەم قۆناغە هەبێت بەتایبەت لەكاتێكدا پارتی دیموكراتی كوردستان هیچ كات رێگر نەبووە لەبەردەم ئازادییەكاندا بگرە رۆڵی لەفراوانكردنی پانتایی ئازادیی میدیایدا هەیە.













Top