لە سیستمی چاودێری تەندروستیدا هۆشیاری وخۆپاراستن لە ریزبەندی پێشەوەدایە

لە سیستمی  چاودێری تەندروستیدا هۆشیاری وخۆپاراستن لە ریزبەندی پێشەوەدایە
چاودێری تەندروستی لەقەزاو ناحیەكان پێناسە نەكراوە چەمچەماڵ وەكو نموونە
كاتی ئەوە هاتووە لە كوردستان سیستەمی تەندروستی لەسەر بنەمای چەمكی هاوچەرخ پێناسە بكرێتەوە، هۆشیاری و خۆپاراستن و ئامۆژگاری بۆ خۆپاراستن لە نەخۆشی لە ریزبەندی پێشەوەی بەرنامەكانی تەندروستی بێت و ئێمەش وەكو گەلانی پێشكەوتوو ببینە خاوەنی سیستەمە پێشكەوتووەكانی تەندروستی. ناكرێت چیتر چاوەڕوانی ئەوە بكرێت كە مرۆڤەكان نەخۆش كەوتن ئەو كات چارەسەر بكرێن، پێویستە رێگا لەنەخۆش كەوتنیان بگیرێت، بەتایبەتی لەقۆناغێكدا كە بەقۆناغی راگواستن دادەنرێت و لەم قۆناغەشدا سەرجەم سێكتەرەكان بەسێكتەری تەندروستیشەوە بێ كەموكوڕی نین، هەردوو كەرتی ئەهلی و حكومیش لەرووی كوالێتیەوە لەو ئاستە پێشكەوتووەدا نییە، بتوانن چارەسەری ستانداردی ئەو هەموو نەخۆشە بكەن، ئێمە تەنیا وڵاتی دوای شەڕ نین، بەڵكو وڵاتێكی پەراوێزخراوین كە بەدرێژایی 25 ساڵ بەهۆی خراپی حكومڕانی دەسەڵاتی ناوەند پاشانیش بەهۆی گەمارۆی ئابووری و نەبوونی بودجە لەبەردەستی حكومەتی هەرێمی كوردستان نەتوانراوە وەك پێویست ئەم لایەنە كۆنترۆڵ بكرێت و تەنانەت لەماوەی ئەو 25 ساڵەدا (1980-2005) نەتوانراوە لە كوردستاندا نەخۆشخانەیەكی قەرەوێڵەیی هاوچەرخ دروست بكرێت، هەروەها بەهۆی نەبوونی ئامێر و تەكنۆلۆژیای سەردەمیشەوە نەتوانراوە كوالێتی و پاكو خاوێنی بپارێزرێت، بۆیە چاودێری تەندروستی نەك نەیتوانیوە رێگە لە نەخۆشی بگرێـت، لەو ئاستەشدا نەبووە چارەسەری نەخۆشی وەك پێویست بكات. بەمەش ژێرخانی چاودێری تەندروستی هەڵتەكابوو، هەتا ئێستاش ئەم هۆكارە وایكردووە لەشارەكاندا نووسینگەكانی سەفەركردن و كۆمپانیا بۆ نەخۆش وەكو نەقلیاتی لێهاتبێت و ئەوەی پێویستی بەچارەسەریی یا نەشتەرگەریی بێت و دەوڵەمەند یا لەتوانایدا بێت بۆ چارەسەركردن روو لەوڵاتانی بیانی بكەن و لەنەخۆشخانەكانی ئەوروپاو ئێران و توركیاو هیندستان و ئوردن چارەسەری پزیشكی و نەشتەرگەرییان بۆ بكرێت.
لەسەنتەری شارە گەورەكان هەنگاو بۆ دروستكردنی نەخۆشخانەو تاقیگەی پێشكەوتوو نراوەو چەندین پزیشكی پسپۆر و بەتوانا لە نەخۆشخانەكانی حكومی و نۆرینگە تایبەتەكان كار دەكەن و جۆرەها نەشتەرگەریی ئەنجام دەدەن، بەڵام هێشتا نەخۆشخانە حكومیەكان ناتوانن بە شێوەیەكی گشتی هەموو نەخۆشەكان چارەسەر بكەن یان نەشتەرگەریان بۆ بكەن، بۆیە كەرتی تایبەت لەگەڵ ئەوەی رۆڵێكی باشی گێڕاوە بۆ پڕكردنەوەی ئەم كەموكورتیە، بەڵام تێچووی نەشتەرگەری یان چارەسەر لە نەخۆشخانەكانی كەرتی تایبەت هەم گرانن و لە داهاتی خەڵكی ئاسایی زیاترن و هەمیش كوالێتی نەخۆشخانەكان و چارەسەریش بە ئاستی ستاندەری جیهانی نییە.
لەم بارودۆخەدا كە هەرێمی كوردستان پرۆسەیەكی گەشەپێدانی هەمەلایەن بەخۆەوە دەبینێت و چاودێرانی سیاسیی و بیانی وەك بەچكە پڵنگی چیاكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست وەسفی دەكەن، ناكرێت دۆخی تەندروستی لە ئاستی ئەو گەشەپێدانە بێت، هەروەها زوڵمە باری چاودێری تەندروستی لە هەرێمی كوردستان لەگەڵ ناوچەكانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق و وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش بەراورد بكرێت. بۆیە دەكرێت لەبری ئەو بەراوردكارییە حكومەت و وەزارەتی تەندروستی لە داڕشتنی بەرنامە بۆ چاودێری تەندروستی رەچاوی ستاندەری جیهانی یەكەم بكەن نە جیهانی سێهەم، ئەمەش بەو مانایەی بەرنامەكە لە بەرژەوەندی خەڵكانی هەژارو كەم دەرامەت بێت و سنوورێك بۆ هەڵكشانی نرخەكان و دابەزینی كوالێتی دابنێت. ئێستاش ئومێد هەیە ئەم بوارە زیاتر بەرەو پێشەوە بچێت و چارەسەری ناهاوسەنگی دابەشبوونی نەخۆشخانەو بنكە تەندروستیەكان بكرێت، بەجۆرێك نەخۆشەكان ئەو مافەیان هەبێت تەنیا داوای چارەسەركردن نەكەن، بەڵكو داوای رێزگرتن و گرنگیدانیش بكەن.
لەلایەكی دیكەوە ئاوڕێك لەسیستەمی چاودێری تەندروستی قەزاو ناحیەكان و گوندەكان بدرێتەوە، چونكە هەمووان كۆكن لەسەر ئەوەی كە سەڕەرای هەنگاوەكان و دروستكردنی دەیان نەخۆشخانەو بنكەی تەندروستی و دامەزرانی پزیشكی ناوخۆو بیانی لەو ناوچانەدا، بەڵام پێشكەشكردنی خزمەتگوزارییە تەندروستیەكان لەئاست خواست و تەمووحاتەكاندا نییە، بەرادەیەك لەسنووری سەنتەری شارە گەورەكان دەربچین یاساو رێنماییە تەندروستیەكان وەك پێویست جێبەجێ ناكرێن.



خۆپاراستن لەنەخۆشی و پێشكەشكردنی خزمەتگوزارییە تەندروستییەكان لەچەمچەماڵ كە بەیەكێك لەقەزا گەورەكانی پارێزگای سلێمانی دادەنرێت لەئاستێكی نزمدایە، لەكاتێكدا ژمارەی دانیشتوانی ئەم قەزایە كە سەر بەئیدارەی گەرمیانەو 6 ناحیەو 436 گوند لەخۆدەگرێت لەسەروو 185 هەزار كەسەوەیە، هاووڵاتیانی ئەم قەزایە پێیانوایە خراپی ژینگەو نزمی كوالێتی خۆراك و دەرمان و كەمی پرۆژە خزمەتگوزارییەكان بەتایبەتی نەبوونی ئاوەڕۆ و شەقام هاوكاتە لەگەڵ نەبوونی نەخۆشخانەیەكی قەرەوێڵەیی بەرفراوان و هاوچەرخ، هەربۆیە ژمارەیەك لە هاووڵاتیان لەگەڕەكەكانی ئازادی و حەمامە كۆنەكەو قەرەهەنجیریەكان داوای بنكەی تەندروستی پێشكەوتوو نەخۆشخانەی قەرەوێڵەیی هاوچەرخ و پزیشكی پسپۆریان دەكرد. وەكو تیمی گۆڤاری گوڵان ئەم گلەیی و داواكارییانەی هاووڵاتیانمان ئاراستەی ئامانج محەمەد قایمقامی قەزای چەمچەماڵ كرد، ئەویش پاڵپشتی لەداواكاریی هاووڵاتیان كردوو راوبۆچوونی خۆی بۆ گۆڤاری گوڵان بەمجۆرە دەربڕی.
نەخۆش متمانەی بەبنكە تەندروستیەكان كەمە
سەرەتا سەبارەت بەبارودۆخی تەندروستی و پێداویستیەكانی ناوچەكە، قایمقامی چەمچەماڵ وتی: ((باشتركردنی خزمەتگوزاریی تەندروستی و دانانی سیستەمێكی تەندروستی پێشكەوتوو خەمی هاووڵاتیانی سنوورەكەمان بووە تاوەكو بارودۆخی تەندروستی لەم ناوچەیە بەرەوپێشەوە بچێت، تەنانەت وەزارەتی تەندروستیش لە ئاستی تەندروستی رازی نین گەرچی بەراورد بەساڵانی رابردوو كاری باش كراوەو بەردی بناغەی نەخۆشخانەی 50 قەرەوێڵەیی دانراو لەبەرنامەشدایە نەخۆشخانەیەكی 50 قەرەوێڵەیی لەدایكبوون و منداڵان دروست بكرێت و بنكەیەكی تەندروستیشمان لەسەنتەری قەزا بۆ دانرا. بەڵام زۆربوونی ژمارەی دانیشتووان و بەرزبوونەوەی خواست و داواكاریی هاووڵاتیان لەم رووەوە ئەوە دەخوازێت نەك تەنیا لەقەزای چەمچەماڵ و ناحیەو گوندەكانی بەڵكو لەتەواویی ناوچەكانی دیكە پێداچوونەوە بەكەرتی تەندروستی بكرێت، چونكە بەڕێوەبردنی بنكەو مەڵبەندەكانی تەندروستیی لەگوندەكان كارێكی ئاسان نییە و ئەو خزمەتانەی پێشكەشی دەكەن لەئاست خواست و ئومێدەكانی ئێمەدا نییەو پێویست بەوە دەكات چەند گوندێك بنكەیەكی تەندروستی هاوچەرخی بۆ دانرێت و پزیشك و كادیری تەندروستی و ئامێر و دەرمانی باشی بۆ دابین بكرێت تاوەكو بەشێوەیەكی باشتر خزمەت بە هاووڵاتیان بكەن. ئێستا دۆخێكی وا دروست بووە نەخۆش متمانەی بەبنكە تەندروستیەكان و تەنانەت نەخۆشخانەی قەزاكانیش كەمە، چونكە نایەكسانی لەپێشكەوتنی خزمەتگوزاریی پزیشكی و پەرەپێدانی كەرتی تەندروستی لەنێوان سەنتەری شارەكان و ناوچەكانی دیكەی دەرەوەی شار هەیە، زۆربەی جاریش حاڵەتی رەوانەكردنی نەخۆش بۆ نەخۆشخانەكانی پارێزگاكان ئاساییە لەكاتێكدا نەخۆشخانەی قەزای چەمچەماڵ نەگەیشتۆتە ئاستێكی وا كە نەشتەرگەری گەورەی تێدا ئەنجامبدرێت)).
پزیشكی خێزانی و پەروەردەكردنی نەوەیەكی تەندروست
چەند ساڵێكە وەزارەتی تەندروستی باس لە پزیشكی خێزانی و گرنگیدان بەم بوارە دەكات، بەڵام هەنگاوەكان هێواش و خاو بەڕێوەدەچن؛ سەبارەت بە پزیشكی خێزان قایمقامی چەمچەماڵ وتی: ((لەبواری پزیشكی خێزان زۆر هەژارو كەم تواناین، لەكاتێكدا وڵاتانی پێشكەوتوو گرنگی و بایەخێكی تایبەت بەپزیشكی خێزان دەدەن، بەپێچەوانەی ئێمەوە تەندروستی خێزانمان پشتگوێخستووە، بەرادەیەك برادەرێكم لە ڤیەننای پایتەختی نەمسا دكتۆراو بۆردی لە پزیشكی خێزان هێناوە كەچی لەلایەن وەزارەتی تەندروستی و وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی گەورەترین كێشەیان لەكاتی یەكسانیكردنی بڕوانامەكەی بۆ دروستكرد، ئەمە لەكاتێكدا وەزارەتی تەندروستی نەیتوانیوە لەسیستەمە كلاسیكیەكەی كەرتی تەندروستی دەربازی بێت و گرنگی بەچاودێری تەندروستی بدات، ئەو سیستەمەی نەهێڵێت خەڵكی نەخۆش بكەوێت و بارقورسایی خەرجی و تێچوونەكانی چارەسەری پزیشكی لەسەر كەم دەكاتەوە، لەلایەكی دیكەوە ئەركی سەرشانی وەزارەتی تەندروستییە كار بۆ دانانی سیستەمی بیمەی تەندروستی بكات، چونكە نەبوونی بیمەی تەندروستی كەلێنێكی گەورەیەو كاریگەریی لەسەر بژێوی ژیانی هاووڵاتیان و بگرە پێشخستنی كەرتی تایبەتی و تەندروستیش هەیە)).
خۆپاراستن لەنەخۆشی
سەبارەت بەگرنگی سیستەمی خۆپاراستن و هەنگاونان بەرەو رۆشنبیری تەندروستی و ژینگە پارێزی كە ئەمڕۆ لەكۆمەڵگای كوردستانی زۆر بەكەمی هەنگاوی بۆ نراوە؛ قایمقامی چەمچەماڵ وتی: بەو پێیەی كاری ئێمە راستەوخۆ لەگەڵ هاووڵاتیانەو لەنزیكەوە گوێبیستی داواكاری و خەمەكانیانین ئەو راستییە دەبینین كە هەنگاو بەرەو خۆپاراستن بەپێی پێویست نەنراوە، بەرادەیەك لەدوای شاڵاوەكانی ئەنفال و لەناوبردنی كورد ئێستا خەڵكێكی زیاتر بەنەخۆشی شێرپەنجەو دڵ و جەڵتەی مێشك دەمرن، ئێمە پێویستیمان بەسیستەمێكی تەندروستییە كە هۆشیاری و خۆپاراستن لەریزبەندی پێشەوەی كارەكانیدا بێت. داواكارم وەزارەتی تەندروستی ئەركی كردنەوەی فەرمانگەی هۆشیاری تەندروستی و خۆپاراستن لە چەمچەماڵ و قەزاكانی تر لەئەستۆ بگرێت، تاوەكو كار بۆ كردنەوەی خولەكانی مەشق و هۆشیاری بۆ كارمەندانی حكومی و هاووڵاتیان بكەن، چونكە ئێستا لەقەزای چەمچەماڵ خولەكانی هۆشیاری و رۆشنبیریی تەندروستی تەنیا لە رێگای رێكخراوەكانی ناحكومییەوە هەیە، هەربۆیە لەرووی هۆشیاریی و رۆشنبیریی تەندروستیەوە كەموكورتی بەرچاو هەیە و پێویستی بە چارەسەركردنە.
ناهاوسەنگی بونیادنانی ژێرخانی تەندروستی
لاوازی سیستەمی تەندروستی تەنیا كەرتی حكومی نەگرتۆتەوە، بەڵكو كەرتی تایبەتیش لەئاست ئەو خزمەتگوزارییە تەندروستیەدا نین كە بەتێچوون و نرخێكی زۆر چارەسەری پزیشكی و نەشتەرگەریی بۆ نەخۆشەكان ئەنجام دەدەن، هەر ئەمەشە وامان لێدەكات هەوڵی بەگەڕخستنی بەرنامەی رێگاگرتن لەنەخۆشی بدەین، گەشەی كەرتی تایبەتی تەندروستیش بەهاوشێوەی نەخۆشخانە حكومیەكان نەیتوانیوە پارێزگاری لە هاوسەنگی دابەشبوونی نەخۆشخانەكان بكات بەڕادەیەك لەقەزاو ناحیەكان كەرتی تایبەت هەربوونیان نییە؛ لەمبارەیەوە قایمقامی چەمچەماڵ وتی: ((چاودێریی و بەدواداچوونی كەرتی تایبەتی تەندروستی و ئاراستەكردنی ئەركی سەرشانی وەزارەتی تەندروستییە، ئێمە كەرتی تایبەتێكی تەندروستیمان ناوێت لەئاستێكی خوار ستاندار و كوالێتی نزم بێت و بەنرخێكی بەرزو دوور لە رەچاوكردنی باری بژێوی هاووڵاتیان و خێزانەكانیان خزمەتگوزاریی تەندروستیان پێشكەش بكات، بەڵكو دەبێت كەرتی تایبەتی تەندروستی پاڵپشتی نەخۆشخانەو بنكەو مەڵبەندەكانی تەندروستی بكەن و رەچاوی مەرج و رێنماییەكان بكەن)).
رۆشنبیریی ژینگەیی هاوكارە
لەپاراستنی لەش ساخی
ژینگە پارێزی و گرنگیدان بەپاكوخاوێنی شار و رۆشنبیریی ژینگەیی بەیەكێك لەو بوارانە دادەنرێت كە هاوكارە لەكەمبوونەوەی نەخۆشی، چونكە بەشی هەرە زۆری ئەو نەخۆشی و پەتایانەی لەكوردستاندا تەشەنە دەكات یا لەزیادبووندایە بۆ خراپ راگرتنی پاكوخاوێنی ژینگەو نەبوونی ئاوەڕۆ و سەوزایی بڵاودەبێتەوە؛ قایمقامی چەمچەماڵ لەم رووەوە وتی: ((من خۆم لەسنووری بازیان دەستەی دامەزرێنەری رێكخراوێكی ژینگە بووم و گرنگی بەپاراستنی ژینگە دەدەم و لەبودجەی قەزاكەشدا پارەم بۆ ئەم لایەنە تەرخانكردووە، هەر لەمبارەیەوە هەڵمەتێكی سەوزكردن و روواندنی نەمام بەهاوكاری كارگەو كۆمپانیاكانی كەرتی تایبەت لەنێوان سەنتەری قەزاو ناحیەی تەكیە ئەنجام دەدرێت، كە خزمەتێكی زۆری بۆ ژینگەی قەزاكەمان دەبێت لەبەرنامەشدایە هەر كۆمپانیایەكی كەرتی تایبەت كە لەسنوورەكەمان كار دەكەن دەبێت هەموو ساڵێك پرۆژەیەكی خزمەتگوزاریی بۆ ناوچەكە جێبەجێ بكەن. ئەمە جگە لەوەی بە وردی ئاگاداریی ئەو كارگانەین كە لەناوچەكەدا كار دەكەن تاوەكو ژینگەمان پیس نەكەن، لەلایەكی دیكەوە دەستكردن بەسیستەمی ریسایكلینیش هەنگاوێكی باش بوو بۆ خۆ رزگاركردن لەو هەموو زبڵ و خاشاكەی كە ژینگەكەمانی پیس كردووە)).
Top