پیشەوەران گرفتی زۆر و نەبوونی گەرەنتی لەسەر ژیانیان

پیشەوەران گرفتی زۆر و نەبوونی گەرەنتی لەسەر ژیانیان
لە هەڵمەتەكانی پرۆسەی هەڵبژاردنی ئەمەریكاو زۆر لەوڵاتانی ئەوروپای رۆژئاوا كاندیدی پارتەكان زۆر بەكەمی باسی پیشەوەران دەكەن؛ ئەمە لەبەر فەرامۆشكردنی ئەو توێژە فراوانە نییە، بەڵكو لەبەر ئەوەیە لەو كۆمەڵگایانەدا لەچوارچێوەی یاساو دەوڵەتی دامەزراوەیی زۆربەی گرفت و كێشەكانی پیشەوەران چارەسەر كراوە. بەپێچەوانەی هەرێمی كوردستانەوە پیشەوەران پێیان وایە حكومەت و كەرتی تایبەت نەك تەنیا كێشەو گرفتەكانیان چارەسەر نەكراوە بەڵكو لەهیچ بڕیارو هەنگاوێكیشدا پرسیان پێناكرێت و بەتەواوەتی سەندیكا كرێكارییەكانیان فەرامۆش كراون. هەربۆیە زۆربەی ئەو پیشەوەرانەی قسەمان لەگەڵ كردن پێیان وابوو بە ئەندام بوون لەسەندیكا پیشەوەرییەكان تەنیا پێدانی ئابوونەیەكی مانگانەیەو هیچی تر، ئەمەش وایكردووە زۆر بەكەمی پیشەوەران لەسەندیكاكانیان كۆببنەوە، بەرادەیەك سەندیكا هەیە تەنیا خاوەنی 1200 ئەندامە لەكاتێكدا دەبووایە 20 هەزار ئەندامی هەبووایە . دووركەوتنەوەی پیشەوەران لەسەندیكاكانیان جگە لەوەی زیانی بۆ بەرشوبڵاوی پیشەوەران گەیاندووە گرفتەكانی نەبوونی زەمان و گەڕانەوەی بەهای كارو تەواویی مافە تەندروستی و سەلامەی پیشەسازیی و خانەنشینیان لەلای خاوەن كار بۆ دەستەبەرناكات.
لەهەرێمی كوردستان 85پیشە لەچوارچێوەی 7 سەندیكای پیشەیی لەناو یەكێتی سەندیكاكانی كرێكاریی بوونی هەیە، ئەم توێژە بەرژەوەندی سەدان پیشەوەر لەخۆدەگرێت ؛ كە كاریگەریی و رۆڵی خۆیان لە پەرەپێدانی كۆمەڵگاو لێكتێگەیشتنی هاوبەش لەگەڵ هەردوو كەرتی حكومی و تایبەت هەیە، كەواتە حكومەت و وەزارەت و دامودەزگا پێوەندارەكان بۆچی بەبەردەوام تەنیا باسی توێژێكی كەمی وەبەرهێنەرو بیزنسكارو بازرگان دەكەن؛ لەكاتێكدا توێژێكی فراوانی ناو كۆمەڵگا كە پیشەوەران و كرێكارانن بەپێی پێویست گوێبستی داواكاریی و خواستەكانیان نەبوون؟ بەپەراوێزخستنی پیشەوەران و نەبوونی گوتارێكی یەكگرتوو بۆ بەدیهێنانی مافەكانی پیشەوەران بەیەكێك لەو گرفتانە دادەنرێت كە كاریگەریی توندی لەسەر فراوانبوونی كەلێنی نێوان پیشەوەران لەگەڵ هەردوو كەرتی گشتی و تایبەتی هەبووە؛ ئەم پرسە چەندین پرسیاری هەمەجۆری وروژاندووە، بەوەی لەكۆمەڵگای دیموكراتی دا پشتگوێخستنی چینی كرێكاران و پیشەوەران چی مەترسیەكی لێدەكەوێتەوە؟ بۆ قسەكردن لەسەر ئەم پرسە ژمارەیەك لەچالاكوانی كۆمەڵگای مەدەنی و سەرۆكی ژمارەیەك لە سەندیكا پیشەوەرییەكانمان وروژاند.. سەرەتا بەڕێز دكتۆر چنار سەعد عەبدوڵا ئەندامی ئەنجومەنی سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان و بەرپرسی كاروباری پیشەییەكان لەدەستەی رێكخراوە جەماوەری و پیشەییەكان وتی: پیشەوەران بوارێكی زۆر فراوانەو رۆژانە لەناو كۆمەڵگاكەماندا چەندین پیشە مومارەسە دەكرێت و بەبەشێكی سەرەكی جوڵەی بازاڕو ئابووری وڵات دادەنرێت، منیش پێم وایە لەمبوارەدا كەموكورتی هەیە ئەمەش بەو مانایە نایەت كە سەندیكا كرێكارییەكان بوارەكانی پیشەی دیاری نەكردووە یا داوای مافەكانی ئەندامان و توێژەكەی نەكردووە، بەڵام گرفتەكە لەكۆمەڵگای كوردستانی لەوەدایە تاچەند پیشەوەران خواستی بوون بەئەندامیان هەیە لەناو سەندیكاكانی تایبەت بەخۆیان ؟ ئەشكالیەتی دووەم ئەوەیە كە یەكێتی كرێكاران قورسایی لەسەر ئاستی حكومەت چییە و حكومەت چەند رەچاوی هەبوونی ئەوە دەكات و داواكاریی سەندیكاكە بەهەند وەربگیرێت، بەشێوەیەكی گشتی هەموو سەندیكایەك لە كوردستان دەسەڵاتی نەگەیشتۆتە ئەو ئاستە كە ببێتە گروپی فشار بۆ بەدەستهێنانی داواكاریی ئەندامانیان، یاخود حكومەتی ئێمە یا فەرهەنگی كۆمەڵگاكەی ئێمە نەگەیشتۆتە ئەو ئاستەی كە رێكخراو و سەندیكاكان قورساییان هەبێت و بەشێكی تەواوكاریی ئەنجومەنی تەشریعی و جێبەجێكار بن، ئەوە بۆتە هۆكاری ئەوەی كە هەندێ جار بە میزاجی كەسی مامەڵە لەگەڵیاندا بكرێت و زۆربەی جار بەئارەزووی كەسی مامەڵە لەگەڵ خواست و ویستەكانیان بكرێت، ئەم هۆكارانەیە كەوایكردووە خەڵكی یا ئەندامانی ئەو سەندیكایانە هەست نەكەن كە سەندیكاكەیان قورس و سەنگینە و دەتوانێت بڕیار دروست بكات و دەتوانێ لۆبی بێت و فشار لەسەر دەسەڵات دروست بكات بۆ گۆڕینی بڕیار و بەرگریكردن لە ئەندامەكانی، تەنانەت هەندێ جار مەسەلەی لاوازی سستەمەی دامەزراوەیی بۆتە هۆكاری ئەوەی كە خەڵك ئیستیغلال ئەو لایەنە بكات و بۆ بەرژەوەندی كۆمەڵێك سەرمایەدارو مەلاك، بۆ نموونە بەپێی وەزارەتی كارو ئەوەی وەزارەتی كار كاری پێ دەكات و خودی سەندیكای كرێكارانیش ئیشی پێ دەكات كە بەپێی یاسا و رێنماییەكان هەر كرێكارێك لەم وڵاتە دەبێت زەمان بدات و ئەندامیش بێت لە سەندیكا، بەڵام كێشەكە لەوەیە ئەو كرێكارانە ناچن زەمانەكە بدەن بەمەش لەكاتێكدا كرێكارەكە تووشی بێكاری یا كەمئەندامی یا مردن بێت لە هەقی زەمان و قەرەبووكردنەوە بێبەش دەبێت.
پیشەوەران لە كەرتی گشتی و تایبەتیش بەردەوام گلەییان هەیە، ئەمەش بۆ لاوازی سیستەمی چاودێریی و بەدواداچوون دەگەڕێتەوە ؛ لەم رووەوە بەرپرسی كاروباری پیشەییەكان لەدەستەی رێكخراوە جەماوەری و پیشەییەكان وتی: من پێموایە كەرتی گشتی و تایبەتی بێ كەموكوڕی نین، زۆربەی سەرمایەدارو خاوەن كار لە وڵاتی ئێمە ئەوەندە بیر لە بەرژەوەندیی تایبەتی و زۆر تەسكەكانی خۆیان دەكەنەوە ئەوەندە بیر لە بەرژەوەندی گشتی ناكەنەوە، لەلایەكی تر بوونی چاودێرییەكی لاواز لەسەر هەردوو كەرتی گشتی و تایبەت هۆكارێكی دیكەیە بۆ رێگا خۆش نەكردن تاوەكو سەندیكا و رێكخراوەكان ئەو هێزو دەسەڵاتەیان نەبێت كە بتوانێ پێگەیەكی وا بۆ خۆی دروست بكات كە ببێتە فشارێك لەسەر كەرتی گشتی و بارودۆخەكە رێكبخات، ئەم هۆكارانە وایانكردووە بەڵانسی دادپەروەریی كۆمەڵایەتی لەناو كۆمەڵگا رانەگیرێت و سیستەمی كار لەنگ بێت، كاتی ئەوەهاتووە لەكابینەی نوێی حكومەت رۆڵی سەندیكا كرێكاریی و پیشەییەكان بگەڕێنرێتەوەو بەشدارییان لەبڕیاردا بێ بكرێت و ببنە گروپی فشار بۆ ئەوەی مافی ئەندامەكانیان دەستەبەر بكرێت و ببنە لینكێكیش لەنێوان حكومەت و كەرتی تایبەت و كۆمەڵگاكانی مەدەنی، بەداخەوە جاری واهەیە نەقیبی سەندیكایەك كە نوێنەرایەتی سەدان بگرە هەزار ئەندامە كاتێك دەچێتە فەرمانگەیەكی دیاریكراو بۆی هەیە بێ رێزی بەرامبەر بكرێت. لە هەندێ وەزارەتدا لە ئەنجومەنی باڵای وەزارەتەكەدا نوێنەرایەتی رێكخراو یا كۆمەڵە یا سەندیكا یا یەكێتی دیاریكراو هەیەو بەشداری لە بڕیاردان دەكات، خوازیارین ئەم حاڵەتە لەسەرجەم وەزارەت و دەستەكاندا هەبێت. هەرسەبارەت بەگرفت و كێشەی پیشەوەران چەند سەرۆكێكی سەندیكا كرێكاریی و پیشەوەرییەكانمان وروژاند سەرەتا شێخ قادر جەمیل لە لقی سەندیكای كرێكارانی هەولێر لە لێدوانێكی تایبەت بۆ (گوڵان) وتی: سەندیكای كرێكاران 7 سەندیكای پیشەوەران سەندیكاكانی (بیناسازیی- نەوت و كارەبا – خزمەتگوزاریی – گواستنەوەو گەیاندن – رستن و چنین – پیشەسازیی – ئوتێل و گەشتیاریی ) لەخۆدەگرێت، پێویستە حكومەت و كەرتی تایبەت گرنگی زیاتر بەم سەندیكایانە بدەن و گوێبستیان بن، بەبەردەوام كۆبوونەوەو كۆنگرەو خولەكانی مەشق و راهێنان بۆ كرێكاران و پیشەوەران ئەنجام بدرێت. لەمەش گرنگتر پێویستە بەدەنگ چارەسەركردنی هەر كۆسپ و گرفتێكەوە بێن كە لەنێوان پیشەوەرو خاوەن كار دروست دەبێت و گرەنتی كارو خانەنشینیان بۆ بكرێت .
لەهەرێمی كوردستان زۆربەی پیشەوەران و كرێكاران بەتایبەتی كرێكارانی ناوخۆ زەمانیان نییە یا لەلایەن خاوەن كارەوە لەسەر كارەكەیان دەردەكرێن؛ دەركردن لەسەر كارو نەبوونی زەمان گرفت و كێشەیەكی گەورەیەو هۆكارێكیشە بۆ بێكاریی و تێكچوونی پێوەندی نێوان هێزی كاروو بەرهەمهێنان یا هەڵكشانی رووداوەكانی گیان لەدەستدان لەكاتی كاركردن ؛ سەبارەت بەنەبوونی زەمان و كێشەكانی نێوان پیشەوەرو خاوەن كار شێخ قادر لەسەندیكای كرێكارانی هەولێرەوە وتی: گەرچی ژمارەیەك لەو پیشەوەران و كرێكارانەی كە لەكارگەكاندا كاردەكەن مانگانەی خۆیان لە 5% دەدەن و خاوەن كاریش لە12% دەدات و لەحاڵەتی گیان لەدەستدان یا كەمئەندام بوونی یا بەساڵاچوون كرێكار یا پیشەوەر خانەنشین دەكرێت، بەڵام زۆربەی پیشەوەران و كرێكاران بەتایبەتی ئەوانەی شوێنی كاریان دیار نییەو گەڕۆكن بێ زەمانن. هەروەها ئێمە زۆربەی جار گەر كرێكارێك هاتبێتە لامان و كارەكەی لەدەستدابێت یا مووچەكەی كەم بێت یا كرێی كاتژمێری زیادی نەدرابێت بەدواداچوونمان بۆ كردووەو بەدوای وەرگرتنەوەی مافەكەیەوە بووین، پارێزگاری كرێكارین لەماف و دابینكردنی سەلامەی تەندروستی و پیشەسازیی و پێدانی مووچەیەكی وا كە لەئاست گوزەرانی خێزانەكەیدا بگونجێت، گەربێتوو لەگەڵ خاوەن كار نەگەینە چارەسەری كێشەكەی كرێكار و بۆمان روون بێتەوە كە مافەكە لای پیشەوەرەكەیە ئەو كات كێشەكە دەبەینە دادگا. ئێستا لەهەوڵی ئەوەداین یاسای ژمارە 51ی تایبەت بەكرێكار هەموار بكرێتەوە كە رژێمی بەعس لەو یاسایەدا كرێكاریی لەكەرتی گشتی كردە فەرمانبەرو كرێكارو پیشەوەران زۆر لەمافەكانیان لەدەست دا.
هەر سەبارەت بەدەنگ نەهاتنی وەزارەتە پێوەندارەكان لەمەڕ كێشەو گرفتی سەندیكا پیشەوەرییەكان عەبدوڵا كەریم سەرۆكی سەندیكای گواستنەوەی هەولێر لەلێدوانێكی تایبەتدا بۆ گۆڤاری (گوڵان) وتی: تارادەیەك حكومەت و دامودەزگا پێوەندارەكان بەدەنگ داواكارییەكانمانەوە هاتوون، بەڵام پێویستیمان بە پشتیوانی و هاوكاریی زیاتر هەیە، چونكە كێشەمان لەبواری گواستنەوە هەیە بۆ نموونە پێویستە مۆڵەتی شۆفێریی گشتی بەهەموو كەس نەدرێت بەتایبەتی ئەوانەی لەكەرتی حكومی و تایبەت كار دەكەن، ئەمە جگە لەوەی گلەیی و رەخنەمان لەزۆر بواری تری وەكو هێنانی بەلێشاویی ئۆتۆمبێلی تاكسی و بارهەڵگر و خراپی رێگاوبانەكان هەیە. ئەم خواستەی نوێنەرانی شوفێرەكان تەنیا خواستێكی توێژێكی گرنگی ناو كۆمەڵگا نییە بەڵكو رێكخستنی بواری گواستنەوەو پەرەپێدانی سێكتەرێكی گرنگی ئابوورییە كە لەكۆمەڵگا پێشكەوتووەكاندا زۆر بەباشی رێكخراوەو لەهەرێمی كوردستان پشتگوێخراوە، هەربۆیە چاوەڕێی ئەوە ناكرێت ژمارەی ئەندامانی ئەم سەندیكایە روو لەزیادبوون بكات . بۆ پشتڕاستكردنەوەی ئەم راستیە قاسم شەریف سەرۆكی سەندیكای نەوت و كارەبای هەولێر كە نوێنەرایەتی ژمارەیەكی زۆری بەنزینخانەكان و كۆمپانیاكانی نەوت و كارەباچی و كارەبا فرۆشی ئەهلی و چەندین پیشەی دیكەیە پێی وایە تا ئێستا لەسەندیكاكەیان تەنیا 1200 ئەندامیان هەیە لەكاتێكدا وا پێویست بوو ژمارەی ئەندامانیان زیاتر بێت لە 20000 هەزار ئەندام. بەڕێزیان هۆكاری ئەمەیان بۆ ئەوە گەڕاندەوە كەحكومەت و لایەنە پێوەندارەكان بەهیچ جۆرێك هاوكاری و پاڵپشتیان ناكەن، لەمبارەیەوە وتی : كێشەو گرفتمان لەگەڵ كۆمپانیاكان لەپارێزگای هەولێر هەیە، لەهیچ بۆنەو كارو رووداوێكدا هەماهەنگی و هاوكاری ئێمە ناكەن، هەر بۆ نموونە لەكاتێكدا كرێكارێك یا پیشەوەرێك لەكاتی كاركردن گیان لەدەست بدات یا كەمئەندام بێت كە ئێمە سەردانی كۆمپانیاو خاوەن كار دەكەین بەمەبەستی خانەنشینی پیشەوەرەكە كەچی خاوەن كۆمپانیاكە رێگریمان دەكات و هاوكاریمان ناكات، بگرە لەبڕیارو كارەكانی پێوەندار بە پیشەوەران و كرێكاران كەمترین پرس و راوبۆچوونمان وەردەگیرێت.
پارتی دیموكراتی كوردستان هەوڵیداوە ئەو رێكخراو و سەندیكا پیشەوەرانە لەناو پرۆسە دیموكراتیەكەدا ببنە فشار لەسەر كەرتی گشتی و تایبەت، لەم رووەوە بەرپرسی كاروباری پیشەییەكان لەدەستەی رێكخراوە جەماوەری و پیشەییەكان وتی: ئێمە وەكو نوێنەرایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ كرێكاران و پیشەوەران باوەڕومان وایە ئەگەر نوێنەرانی ئێمە لەناو سەندیكاو رێكخراو و توێژەكاندا بتوانن نوێنەری راستەقینەی توێژەكانیان بن و لەكاتی پێویست بەرگیری و داكۆكیان لێ بكەن و لۆبی و فشار دروست بكەن، ئەمە خزمەتێكی زۆر بەپەیامی پارتی دیموكراتی كوردستان دەكەن، چونكە پارتی لەبەرژەوەندی توێژەكان كار دەكات. نەك لەبەرژەوەندی كەسێك یا چەند كەسێكی دیاریكراو و لەو شوێنانە پێویست بووبێت لەهەر كات و ساتێك دابێت ئەوە ئێمە بووینە بازنەی ناوەڕاست و بەیەكگەیشتن لەنێوان رێكخراو یا سەندیكا یا توێژێك لەگەڵ لایەنی دەسەڵاتدا، ئێمە ئازادی تەواو بەو توێژانە دەدەین و هەندێ جار لە رێگای كەناڵەكانی خۆمانەوە ئەو فشارانەمان زیاتر كردووە و داواكاری ئەو رێكخراو سەندیكانەی هەیە گەیاندوومانەتە مەكتەبی سیاسی و سەرۆك و جێگری سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان هەموو كاتێك و بەردەوامیش تەواوكاری ئەو رێكخراو و سەندیكایانە دەبین لە كارو ئیش و داخوازیەكانیاندا و بەمافی خۆیانمان زانییوە كە ئازاد بن لە مومارەسەی كاری رێكخراوەیی خۆیان. ئێمە لە رێكخراو و سەندیكاو كۆمەڵەكان نزیكین و زۆر حەز دەكەین زیاتر و زۆر بۆ ناو ئەو پیشەوەرانەی وڵاتەكەمان شۆڕببینەوە، بەڵام دەبێت ئەوە بزانین كە ئێمە لایەنێكی حزبین و لەكاتێكدا كە لایەنە حزبیەكە زۆر شۆڕدەبێتەوەو مەیدانییەن دەچێتە ناو پیشەوەرەكان بەتایبەتی ناوەندە رێكخراوەییەكان ئەوە جۆرێك لە هەستەوەری دروست دەبێت و لەلایەن هەندێ خەڵكەوە بەجۆرێكی تر خوێندنەوەی بۆ دەكات كە وای بۆ لێكدەدەنەوە كە ئێمە دەمانەوێت حزب و رێكخراوەیی زۆر تێكەڵاو بكەین. لەگەڵ ئەمەشدا تاڕادەیەكی زۆر لەپڕۆگرامەكانی ئەو رێكخراو و سەندیكای پیشەوەرانەی هەیە ئامادە دەبین و بۆ گفتوگۆ و بەدوادچوونی هەر پرس و بابەتێكی پەیوەندار دەرگامان هەموو كات كراوەیە.
لە وڵاتانی پێشكەوتوو ئێستاكە كێشەو گرفتی پیشەوەران كەمتر بۆتەوە، ئومێدی لێكتێگەیشتنێكی زیاتر لەنێوان سەندیكا پیشەییەكان و حكومەت هەیە و كێشەو گرفتی پیشەوەران لە وڵاتانی پێشكەوتوو وردە وردە چارەسەر كراوە، بە پێچەوانەی هەرێمی كوردستانەوە كە دۆخی پیشەوەران شپرزەیی پێوە دیارە لەم رووەوە بەرپرسی كاروباری پیشەییەكان لەدەستەی رێكخراوە جەماوەری و پیشەییەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان پێی وابوو ئومێد هەیە و هەمیشە بۆ ئەو ئومێدو كارە گرنگەش دەبێت بەجددی و بەردەوام كار بكرێت، ئەو مەبەستە پلان و بەرنامەی پێویست هەیە و بەرنامەكانیش دەبێت لەسەر چەند ئاستێك دابێت، لەمەش دا بڕوای تەواومان بەوە هەیە دۆخی پیشەوەرەكانی ئێمە جۆرێك لەشپرزەیی پێوە دیارە و دەبێت رێكبخرێت. هەر وەزارەت و دامودەزگایەك كە پەیوەندی بەو بوارەوە هەیە دەبێ بەرنامەی خۆی هەبێت بۆ ئەو مەبەستە، هاوكات هەر رێكخراوێك و سەندیكایەك و كۆمەڵەیەك پەیوەندی بەو مەسەلەیە هەبێت ئەوە دەبێت پڕۆگرامی هەبێت و پڕۆگرامەكانیش لە هەندێ شوێن دەبێت تەواوكار بێت لەگەڵ ئەوەی كە حكومەت دایدەنێت.
Top