بۆچی كۆمپانیای ئیعماری ئیماراتی هەولێری بۆ وەبەرهێنان هەڵبژارد؟
November 21, 2013
راپۆرتەکان
خلیج تایمز -كێلی كلارك
لەگەڵ ئەوەی ستیڤن لارابی سەرۆكی دامەزراوەی راند بۆ ئاسایشی ئەوروپا، لەكۆنفرانسی ناتۆ لە دوبەی ئاماژەی بەوەدا:( جەنگی ئەمریكا لە عێراق یەكێك بووە لە گەورەترین هەڵە ستراتیژییەكانی ئەمەریكا)، بەڵام ئەو وڵاتەی كە جارێك جەنگ وێرانی كردووە بەخێرایی رۆژانی شەڕ تێدەپەرێنێ و شۆڕشی ئاوەدانكردنەوەی كردۆتە سەرەتای رێگایەكی نوێ، ئەوەتا كەرتی بیناسازییە گەورەكەی دوبەی لەو وڵاتەدا بە پرۆژەیەكی ستراتیژی و گەورەدا خۆیدەبینێتەوە. محەمەد عەبباری سەرۆكی كۆمپانیای ئیعمار لەكۆنفرانسێكدا كە مانگی رابردوو لە هەولێری پایتەختی هەرێمی كوردستان بەڕێوەچوو تێیدا ملیارەها دۆلار گەشەی ئابووری خرایەڕوو ناوبراو وتی: هیوا خوازم لە داهاتوودا هەمان وەبەرهێنان و مامەڵە لەگەڵ حكومەتی عێراقیشدا بكەم و گەشەی زیاتر بە ئابووری ناوچەكە بدەم. لەلایەكی ترەوە زۆرێك لەوانەی كە بە پرۆژەكەیان زانیوە گومانیان هەیە لە بڕیاری گەشەكردنە لە وڵاتێكدا كە ئاسۆكانی ئابووری تێیدا زۆرجار بووەتە قوربانی هەڵگیرسانی جەنگ. جەنگی عێراق - ئێران لەساڵانی هەشتاكان و داگیركردنی كوەیت لەلایەن عێراقەوە لە 1990 دا یەدەكی دراوی عێراقی خاڵیكردەوەو ئابووری داڕمان و وڵاتەكەی توشی قەرزێكی زۆر كرد، بەڵام لە ساڵی 2013 لەكاتێكدا زۆربەی وڵاتانی گەشەسەندووی جیهان لە ململانێی بێبازاڕیدا بوون عێراق و ئابوورییەكەی بەخێرایی دوو هێندە گەشەی ئابووری بەخۆوە بینی. بەپێی ئەو داتاو زانیارییە پێشبینیكراوەی كە لەلایەن سندوقی نەختی نێودەوڵەتییەوە لە نیسانی 2013 دا بڵاوكرایەوە، عێراق بە خێراترین 10 دەوڵەتی تازە پێگەشتووی جیهان دانراوە كە لە بواری داهاتی نەتەوەییدا بۆ پێشەوە چووە بەرادەیەك بە پلەی حەوتەم دێت بە گەشەی لە9.043 %. پرۆژەی ناوەندی شاری هەولێر كە پرۆژەیەكە بەتێچوونی 3 ملیار دۆلار لە وڵاتێكدا جێبەجێ دەكرێت كە بەدەست كۆمەڵێك كێشەوە گیرۆدەیە، لەمبارەیەوە عەببار پرۆژەكەی بەپرۆژەیەكی دانسقە لە رۆژهەڵاتی ناوەراستدا دایە قەڵەم. لەماوەی 16 ساڵی ئیشكردنیدا ئیعمار زۆرێك لە تاوەرە گەشتوگوزارییە بەناوبانگەكانی جیهان و پرۆژە دانسقەكانی بیناسازیی بونیاتناوە، لەوانە (بەرزترین بینای جیهان كە بە تاوەری خەلیفە ناسراوە)، هەروەها بۆ بەهێزكردنی ماركەو ناوبانگی بازرگانی جیهانی خۆی و ئاسانكاریكردن بۆ فراوانكردنی كۆمپانیاكەی، لە ساڵی 2004 ئیعماری نێودەولەتی دامەزراند كە رۆڵێكی سەرەكی گیراوە لە دیاریكردن و بەگەڕخستنی وەبەرهێنان لە بازاڕە تازەپێگەیشتووەكان و ئەو بازاڕانەی وەبەرهێنانی تێدا ئەنجام نەدراوە.
ئابوورییەكی زۆر گەورە بۆ هەولێر
هەڵبژاردنی ئەمجۆرە وەبەرهێنانە لە سێكتەری بیناسازیدا كە رووبەری ئاواكارییەكانی بریتییە لە 541000 مەتر چوارگۆشەو لە ناوجەرگەی ناوچەیەكی كوردی لە عێراقدا جێبەجێ دەكرێت كە دەوڵەمەندە بە نەوت، ئەمە ئاماژەیەكی راست و روونە بۆ ئەوەی ئابووری لەم ناوچەیەدا بەرەوپێش دەچێت. هەر لەم روانگەیەشەوە بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی حكومەتی هەرێمی كوردستان ناوی پرۆژەكەی ناوە (ئابوورییەكی زۆر گەورە بۆ هەولێر). لەو كۆنفرانسەدا كە بەبۆنەی پرۆژەكەوە بەڕێوەچوو بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی كوردستان وتی: ئەمڕۆ كە كۆمپانیای ئیعمار كوردستانی هەڵبژاردووە بۆ پرۆژەیەكی گەورەی نوێ، نیشانەیەكی دیكەی گرنگیبوونی هەولێر و كوردستانە، هاوكات دەبێتە هێزێكی تری ئابووری لە هەرێمی كوردستاندا.
عەلی ئەسەد بریكاری بیناسازیی ناوخۆیی هەولێر و سەرۆكی جێبەجێكاری كۆمپانیای دارایی پێی وایە هەندێك كات بازاڕی خانوبەرە خاوبوونەوە بەخۆوە دەبینێت و بەرەو پێشنەچووە لە ناوچەكەدا ئەویش لەبەر نەبوونی متمانە لەلایەن كۆمپانیا ناوخۆییەكانەوە. هەروەها عەلی ئەسەد بە خلیج تایمی وت: هەبوونی ئەو عەلامەتە بازرگانییە جیهانییەی وەكو ئیعمار لە ناوچەكەدا هەنگاوێكی گەورەیە بۆ گەشەكردن لە ناوچەكەدا و بە دڵنیاییەوە متمانە دروست دەكات. هەروەها وتی بۆچی یەكێك لە گەورەترین كۆمپانیای بیناسازیی جیهان هەولێر هەڵدەبژێرێ و ناچێتە بەغدا كە لەوێ نرخی خانوبەرە بەرزترە؟ ئەگەر دەیانەوێت جێ پەنجەیان دیار بێت لە عێراق، هەولێر باشترین شوێنە لەبەرئەوەی ئاسایشی تێدایە. هەروەها وتیشی پرۆژەی ناوەندی شاری هەولێر هەڵاوسان دروست دەكات لە ناوچەكەدا چونكە نرخەكان بەرێژەیەكی بەرچاو بەرزن لە چاو ئەوانی تردا. عەلی ئاماژەی بەوە دا كە قازانجی بەكرێدان لە پرۆژەی ناوەندی شاری هەولێر نزیكەی لە10% یە. بۆیە ئەگەر موڵك بەهاكەی 300 هەزار دۆلار بێت، ئەوا 3 هەزار دۆلار لە مانگێكدا بە كرێ بەدەستدەهێنێت. ئەمەش زۆر زیاترە لە قازانجی ئاسایی لەهەر شوێنێكی تر. هەروەها بۆ هەر مەترە چوارگۆشەیەك موڵك لە هەولێر بە نزیكەی 1008 دۆلار دەفرۆشرێت، بەڵام ئیعمار بە نزیكەی 2400 دۆلار دەیفرۆشێت، ئەمەش بەرزبونەوەی بەرچاوە لە نرخدا، بەڵام ئەمە ئەوە ناگەیەنێت كە كڕیارەكان دەڕوتێنرێنەوە. ئیعمار بە شێوەیەكی سەرەكی لەگەڵ كڕیاری كۆتادا مامەڵە دەكات، لەگەڵ بریكارەكانی تری خانووبەرە مامەڵە ناكات. ئەمەش شتێكی باشە بۆ كڕیارەكان لەبەرئەوەی زۆر لە بریكارەكان نرخی راستی خانووبەرەكە بەرزدەكەنەوە بۆ ئەوەی قازانجێكی باشیان دەست بكەوێت. هەروەها بریكارەكانی موڵك و ماڵ و كریارەكانی خانوبەرە بەشێوەیەكی راستەوخۆ قازانج ناكەن لە پرۆژەكە تەنها كاریگەریی بەسود لەسەر ئێمە ئەوەیە كە بازاڕ باشتر دەبێت.
پرۆژەی هاوشێوەی خانوبەرەی تر لە ناوچەكەدا هەیە وەكو Park View لەلایەن Ilci holdings، و Empire World كە قازانجی زیاتر دەبینن لە بەگەڕخستنەكەیان.ئێمە بەلایانی كەمەوە 2 سال چاوەرێ دەكەین بۆ ئەوەی قازانجێك بكەین لەپرۆژەی ناوەندی شاری هەولێر. پرۆژەكانی تر نزیكن لە تەواو بوون بۆیە كۆمپانیاكەمان لێرە بەگەڕخستن دەكات. لەماوەی چەند ساڵی دوایدا، هەرێمی كوردستان بووەتە سەنتەرێك بۆ گەشتیارو سەردانكەرانی ئیشوكار سەرەڕای كێشە سیاسیەكانی پاش روخانی سەدام. پرۆژەی نوێی بیناسازی ئیعمار دەسپێشخەری كردووە بۆ دروستكردنی كۆمەلگایەكی تەواو هاوچەرخ كە 3 ئوتێلی جیهانی و بازارێكی گەورە لە خۆدەگرێت، ئەمەو سەرەڕای سەنتەرێكی بزنس و سەنتەرێكی پەروەردەیی و تەندروستی. هاوشان لەگەڵ ئەو پرۆژە گەورەیەی خانوبەرە لە دروستكردنی باڵەخانەی دەگمەن و هەوربڕ، پرۆژەی ناوەندی شاری هەولێر دوو دوانە تاوەریش لەخۆ دەگرێت كە دەبێتە رووی گەشی سەنتەری شارەكە. هەروەها شەقامێكی پانی پر لەدرەخت دەبێتە سەنتەری باڵەخانەكان و هاوتا دەبێت لەگەڵ كەلەپوری بیناسازیی شارەكەدا. بە شێوەیەكی ستراتیژی كەوتۆتە سەر شەقامی گوڵان ئەو ناوچەیەی كە بە شەقامی ملیۆن دۆلار ناسراوە لە ناوخۆدا. هەرچەندە بە شێوەیەكی راستەوخۆ قازانج بە كۆمپانیا ناوخۆییەكانی موڵك وماڵ ناگەیەنین، ئەم پرۆژەیە دەبێتە سەرچاوەی سەرەكی داهات بۆ زۆر لە دانیشتوانی بەوەی كە زیاتر لە 45 هەزار هەلی كار دروست دەكات.