بەرەنگاربوونەوەی لافاو وكەمكردنەوەی زیانەكانی

بەرەنگاربوونەوەی لافاو وكەمكردنەوەی زیانەكانی
كارەساتی لافاو لەم هەرێمەدا مێژوویەكی دوورو درێژی هەیە و ساڵانە زیانی گیانی و ماڵی زۆری لێدەكەوێتەوە، لافاوی ساڵانی پەنجاو شەستەكانی سەدەی رابردوو لە سلێمانی و هەولێر ئەو راستییە دەردەخەن كە ئەم هەرێمە لەڕووی ئاووهەوا لەتەواویی ناوچەكانی دیكەی عێراق جیادەكرێتەوە بەتایبەتی لە وەرزی زستان و بەهاردا كە باراناوییەو بەفری لێدەبارێت بەتایبەتی بارانی بەخوڕو بەلێزمە بەرادەیەك بەتێكڕا بارانبارین لەهەرێمەكەدا دەگاتە 670 ملیمەتر، ئەم بڕە بارانەش نەتوانراوە پاشەكەوت بكرێت و تۆبۆگرافیای كوردستان و بوونی بەرزونزمی خاكەكەی هۆكارێكی كاریگەر بووە بۆ ئەوەی ئاوی باران لەپانتاییەكی تەسكدا چڕ ببێتەوەو بەخێرا تێپەڕبێت و هەندێك جار لافاوی لێبكەوێتەوە. لەگەڵ نزیكبوونەوەی هاتنی وەرزی زستان و بارانبارین ئەگەرەكانی كەوتنەوەی لافاو و زیانەكانی دووبارە سەرهەڵدەداتەوە، كە لەگەڵ نەبوونی ئاگاداركردنەوەی پێشوەختە لەلایەن وێستگەكانی كەشناسییەوە زیانی لافاوەكان زیاتر دەبێت.
لەدوو ساڵی رابردوو بەمەبەستی كەمكردنەوەی كاریگەریی لافاو لەشارو قەزاو ناحیەكانی كوردستان ژمارەیەكی زۆر لە پرۆژەكانی تۆڕی ئاوەڕۆ جێبەجێ كراوە، بەڵام بەپێی فراوانبوونی ئاسۆیی شار و شارۆچكەكان و زۆری یەكەكانی نیشتەجێبوون نییە، لەلایەكی دیكەوە بەهۆی نەبوونی ئاوەڕۆی قورس و بەكارهێنانی تۆڕەكانی ئاوەڕۆی بارانبارین بۆ ئاوەڕۆی قورس و زۆرجار خراپی كوالێتی پرۆژەكان و گیران و تێكچوونی لێدەكەوێتەوە، زۆرجاریش لەئاكامی ناهۆشیاریی زۆر لەو ئاوەڕۆیانە پێش هاتنی وەرزی بارانبارین پڕ دەبن لە خۆڵ و خاشاك و دەگیرێن، لەسەردەمی ئەمڕۆدا زۆر رێگا هەیە بۆ خۆئامادەكردن لەكەمكردنەوەی زیانەكانی لافاو لەوانە دروستكردنی كەناڵی پاراستنی شار لە لافاو بەڕەچاوكردنی ماستەرپلانی شارەكان یا پاككردنەوەی تۆڕەكانی ئاوەڕۆ پێش هاتنی وەرزی زستان. لەلایەكی دیكەوە بەوپێیەی هۆشیاریی تەواو نییە بۆ پاراستنی ژینگەی هەرێمی كوردستان خۆڵ و خاشاكێكی زۆر دەكەونە ناو ئاوەڕۆكانەوەو دەبنە هۆی گیرانی، یا زۆر لە پرۆژەكانی نیشتەجێبوون لەناو كەندو شوێنی نزم دروست كراون، ئەو رێگایانەی دەچێت بۆ گوندەكانیش بەپێی پێویست قەنتەرەی بۆ دروست نەكراوە و یا لەناو رووبارو زێیەكان ژمارەیەكی زۆری كارگەی قوم و چەو هەیە كە دەبێتە هۆی تێكچوونی زێیەكەو كەڵەكەبوونی خۆڵ و خاشاك و بەلێشاوهاتنی باران و گۆڕانی ڕێڕەوی زێیەكەو زیانگەیاندن بە پردەكان.



لەناو شاری هەولێر بۆ جێبەجێكردنی پرۆژەكانی ئاوەڕۆ هەماهەنگی هەیە لەنێوان بەڕێوەبەرایەتی ئاوەڕۆكانی هەولێرو بەڕێوەبەرایەتی شارەوانیەكان و بەرنامەی پەرەپێدانی پارێزگاو سەرۆكایەتی شارەوانی و هەر شەش شارەوانییەكە، سەبارەت بەخۆئامادەكردن بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەگەرەكانی كەوتنەوەی لافاو لەپارێزگای هەولێر سرود عەبدولمەجید بەڕێوەبەری ئاوەڕۆكانی هەولێر پێیوابوو ئێستا ئاوەڕۆیەكی زۆر هەیە لەناو شاری هەولێر تەنانەت پرۆژەو كاری ئاوەڕۆمان لەهەموو قەزاو ناحیەكانی سنووری پارێزگای هەولێر هەیە، ئەگەر ئەم ئاوەڕۆیانە نەبوونایە ئەوا گرفتی كەوتنەوەی لافاو زۆر زیادی دەكرد بەتایبەت لەگەڵ بەكارهێنانی تۆڕەكانی ئاوەڕۆ لەجیاتی ئاوەڕۆی قورس. جگە لەدروستكردنی ئاوەڕۆ ساڵانە بە بەردەوامی ئاوەرۆكان نۆژەن و خاوێن دەكرێنەوە، هەروەها لەسەر بودجەی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار پرۆژەی ستراتیژیمان لەناو سەنتەری شاری هەولێر هەیە لەوانە پرۆژەكانی ئاوەڕۆی كەندی هەولێرو فرۆكەخانەو ئاوەڕۆی سەرەكی گەڕەكی تەیراوە، هەروەها ساڵانە تیمەكانمان هەڵدەستن بەپاككردنەوەو نۆژەنكردنەوەو خاوێن كردنەوەی ئاوەڕۆكان بەتایبەتی لەلای قەباغەكان و چاڵ و چەمبەرەكانی ئاوەڕۆكان، لەمەشدا پێویستیمان بەهاوكاری هاووڵاتیان هەیە تاوەكو پارێزگاری لەپاكوخاوێنی و سەرو مەنهۆڵی ئاوەڕۆكان بكەن لە كەرەستەو پاشماوەی بیناسازیی. لەلایەكی دیكەوە ئاگاداری ئەو كۆمپانیانەمان كردۆتەوە كە ناو شارو گەڕەكەكان پاك دەكەنەوە تاوەكو پارێزگاری لە ئاوەڕۆكان بكەن و زبڵ و خاشاك نەخەنە ناو چەمبەرەكانەوە. لەپێناو دووبارە نەبوونەوەی لافاوەكانی ساڵی رابردوو كە بووە هۆی كەوتنەوەی لافاو لە هەریەك لە گەڕەكەكانی هیران سیتی یەك و دارەتوو هەندێك گەڕەكی دیكەی ناوچەی رۆژهەڵاتی هەولێر هەڵساوین بەهەڵكەندنی چاڵێكی كراوە لەدارەتووی تازەوە تا دەگاتە كەندی گەورەی بنەسڵاوە بەمەبەستی گۆڕینی رێڕەوی لافاوەكە. سەبارەت بەدروستكردنی كەناڵێكی پاراستنی شاری هەولێر لەلافاو و جێبەجێنەكردنی ئاوەڕۆی سەرەكی قورس بەڕێوەبەری ئاوەڕۆكانی هەولێر وتی: لەئاكامی بەرفراوانبوونی شاری هەولێر ئێستا پێویستیمان بەكەناڵێكی دیكەی ئاوەڕۆ هەیە بۆ ئەوەی گەڕەگ و ماڵەكان لەلافاو بپارێزرێت كاتی ئەوەش هاتووە پرۆژەی ستراتیژیی ئاوەڕۆی باران دابمەزرێت، ئەمە جگە لەوەی لەپێش نەخۆشخانەی فریاكەوتنی رۆژئاوا 2 ئاوەڕۆی گەورەو سندوقی دروستكراوە. هەروەها ئەگەر ئاوەڕۆی ئاوی قورس لەهەولێر ئەنجام بدرێت كاریگەریی زۆر باشی لەسەر روونەدانی لافاویش دەبێت، چونكە باری قورسی ئاوەڕۆكانی بارانیش سووك دەبێت. سكرتێری لیژنەی بەرەنگاربوونەوەی لافاویش لەم راپۆرتەدا جەختی لەسەر گرنگی ئەم پرۆژەیە كردوو وتی: نەبوونی ئاوەڕۆی ئاوی قورس هۆكاری سەرەكی روودانی لافاوە لەناو سەنتەری شاری هەولێر و گەڕەكەكانی كە لەبەر تێچوونی گەورەی پرۆژەكە چەند ساڵێكە دیزاینی تەواو بووە، كەچی جێبەجێ نەكراوە.



سەبارەت بەكۆبوونەوەی لیژنەی بەرەنگاربوونەوەی لافاو بەڕێوەبەری ئاوەڕۆكانی هەولێر وتی: لەدوا كۆبوونەوەی لێژنەی بەرەنگاربوونەوەی لافاو كە سەرۆكی لیژنەكە پارێزگاری هەولێرە ئامادەكاریی و بودجەی پێویست ئامادەكرا، بەپێی ئەو كارو پرۆژانەش بێت كە ئەنجامدراوە روودانی لافاو لەو شوێنانەی ساڵی رابردوو زەحمەتە، دڵنیایی دانیشتوانی گەڕەكی ژیان و دارەتوو زۆربەی ئەو گەڕەكانەش دەكەینەوە كە ساڵی رابردوو دووچاری لافاو بوون ئەمساڵ كێشەكە چارەسەر كراوەو پێشبینی روودانی لافاو ناكەین، لەگەڵ ئەمەش دا تیمەكانی بەرەنگاربوونەوەی لافاو لە ئامادەباشیدایە لەئەگەری بارانبارینی بەخوڕو لێزمە.
سەردار عومەر قادر بەڕێوەبەری ئاودێریی پارێزگای هەولێر و سكرتێری لیژنەی بەرەنگاربوونەوەی لافاو و رووداوە سروشتییەكانی دیكە لە دیوانی پارێزگای هەولێر لەلێدوانێكی تایبەت بۆ گوڵان وتی: هەموو ساڵێك لیژنەی بەرەنگاربوونەوەی لافاو و رووداوە سروشتییەكانی دیكە پێش هاتنی وەرزی زستان كۆبوونەوەكانی خۆی دەست پێ دەكات بەتایبەتی بۆ ئەوەی پلان و ئامادەباشی دابنێت بۆ هەر رووداوێكی لافاو و ئەو كێشانەی كە لە ئەنجامی باران بارینی زۆر و بەخوڕ كە لەناو شارو شارۆچكە و سنووری ئیدارەی پارێزگای هەولێر روودەدات بەتایبەتی بۆ ناو شاری هەولێر بەهۆی ئەو تۆبۆگرافییەی هەیەتی، چونكە سەنتەری شارو گەڕەكەكانی هەولێر نزیكەی 420مەتر لە رووی دەریاوە بەرزە گەرچی دەوروبەری بەتایبەتی باكووری رۆژهەڵات و رۆژهەڵاتی شارەكە زۆربەی گردو تەپۆڵكەو دۆڵ و چەمە و 500مەتریش لە رووی دەریاوە بەرزترن، كە ئەمەش وادەكات ئەو بارانە بەلێزمەو زۆرەی دەبارێت لە گردو دۆڵەكان بۆ ناو گەڕەكەكانی شاری هەولێر شۆڕبێتەوە و هەندێ جار ببێتە لافاو وەكو ئەوەی كە لە ساڵی رابردوو روویدا لە گەڕەكەكانی هیران ستی یەك و زیلان و ناحیەی دارەتوو و گەڕەكی ژیان، تۆبۆگرافیای شاری هەولێر لەگەڵ قەزاو ناحیەكانی وەكو حاجی ئومەران و چۆمان و رواندز و سۆران و مێرگەسۆر و دەشتی هەولێر جیاوازە، لەلایەكی دیكە ئەو دۆڵ و زورگ و شوێنانەی دەورەی شاری هەولێر كە ئاوەشۆرەكەیان دێتەوە بۆ شارەكە لەلایەن هەندێ خەڵكەوە زێدەڕۆیی لەسەر دەكرێت، ئەمەش دەبێتە یەكێك لە هۆكارەكانی روودانی لافاو لە هەندێ گەڕەكی شاری هەولێر، ئەمساڵیش لە لیژنەكە لە 26/10/2013 كۆبوونەوەی خۆمان بە ئامادەبوونی پارێزگاری هەولێر كە سەرۆكی لیژنەكەیە لەگەڵ لایەنە پێوەندارەكان كە ئەندامی لیژنەكەن ئەنجامدا، تێیدا هەموو خاڵ و كێشەو گرفت و چۆنیەتی چارەسەركردن و رووبەڕووبونەوەی لافاو لەناو شاری هەولێر و سنووری ئیدارەی پارێزگا گفتوگۆیان لەسەر كرا، دەبێت ئێمە ئەوە بزانین و دەستنیشانی بكەین كە هەندێ شوێن هەیە لەناو شار وەكو ئەندەرپاسەكان و هەندێ شەقام و گەڕەك لەكاتی باران بارینی زۆر رووبەڕووی لافاو دەبنەوە، بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەم رووداوە پێش هەموو كارێك لیژنەكە تەئكید لەوە دەكەنەوە كە هەندێ پرۆژەی خزمەتگوزاریی لەناو شارو شارۆچكەكان هەیە پێویستە پێش هاتنی وەرزی زستان و باران بارینی زوو تەواو بن، چونكە هەندێ جار تەواو نەبوونی ئەو جۆرە پرۆژانە و مانەوەیان لە وەرزی زستان دەبێتە هۆكاری كۆبوونەوەی ئاو و روودانی لافاو لەو شوێنانە، ئەمساڵ لە كۆبوونەوەكەدا وەكو لیژنەی تایبەت و پەیوەندار بەم رووداوە پلانمان بۆ روونەدانی لافاو داناوە، ئەمەش بەچەند كارو پرۆژەیەك دەستەبەر دەبێت و بەپێی ئەو پلان و بەرنامەو كارو پرۆژانەوە دەتوانین ئاوی باران و لافاوەكە بۆ دەرەوەی گەڕەك و شار بگەڕێنینەوە، لەلایەكی دیكە پێش ئەو بەرفراوانییەی كە هەولێر بەخۆییەوە بینیوە كەناڵێكی كراوەی پاراستنی لافاو لەو شوێنە دروستكراوە كە ئاوەشۆری گرد و دۆڵ و زورگەكانی لێ دێتەخوارەوە بەرەو شاری هەولێر، بەڵام ئێستا چەندین گەڕەك لەدەرەوەی ئەم كەناڵەی پارستنی لافاوە دروست بووە و خانووی هەندێ گەڕەك كەوتووەتە نزیك كەناڵەكە، هەر بۆیە بۆ پاراستنی شاری هەولێری ئێستاو ئەو گەڕەكانەی مەترسی لافاویان لەسەرە پرۆژەی دروستكردنی كەناڵێكی دیكەی پاراستنی لافاومان پێشكەش كردووە كە ئەو كەناڵەش دەكەوێتە پشت كەسنەزان و پشت مۆنۆمێنتی شەهیدانەوە دەست پێ دەكات تا دەچێتەوە پشت بنەسڵاوە و دارەتوو و تاكو ئەم پرۆژەیە جێبەجێ دەكرێت چەند كاری هەنوكەییمان بۆ بەرەنگاربوونەوەی لافاو دەست پێكردووە، لەو كارو پرۆژانە بەربەستێكمان بۆ گەڕەكی زیلان و هیران ستی یەك دروست كردووە. هەروەها بۆ هەموو قەزاو ناحیەو كۆمەڵگاكان بەتایبەتی ئەوانەی دەوروبەری هەولێر كارو پلانمان هەیە هەر بۆ نموونە بۆ پاراستنی دارەتوو و گەڕەكی ژیان، چونكە لەپشت دارەتوو دۆڵێك هەیە كە لە گوندی بیستانەوە رادێت پێی دەڵێن دۆڵی گردیش و لەم دۆڵەدا بەستێكی گەورە لە ئاوی باران دروست دەبێت و لەكاتی بارانی زۆر و بەخوڕ دەبێتە لافاو بەرەو ناو دارەتوو دێت، بۆ چارەسەری ئەمەش لە سنوورەكەدا كەناڵێكی كاتی بەپێی پێویست هەڵكەندراوە تاوەكو ئاوی بەستی دۆڵی گردیش نەهێتەوە ناو دارەتوو، هاوكات بۆ قەزاكانی وەكو چۆمان و مێرگەسۆر بە نموونە لە هەندێ شوێنیان كە هێڵی لافاوە خەڵك بە زێدەڕۆیی خانوو و شوێنی حەوانەوەی مەڕو ماڵاتی دروستكردووە، هەر چەندە لەلایەن ئێمەو لایەنی یەكەی ئیدارەی ناوچەو قەزاكاندا بەخەڵكەكە وتراوە كە نابێت لەناو هێڵی لافاو كە دووری 250مەترە لەسەر هەر كەند و چەم و دۆڵێك خانوو دروست بكەن، بەڵام خەڵك هەیە پابەند نابێت و لەكاتی لافاویش زیانی بەر دەكەوێت، لەمەودوا هەر كەسێك زێدەڕۆیی بكات لە دەرئەنجامی لافاودا زیانی بەر بكەوێت بەهیچ جۆرێك قەرەبوو نایگرێتەوە، هاوكات هەندێ شەقام و رێگای سەرەكی قەزاو ناحیەو گوندەكان هەیە قەنتەرەیان تێدایە ساڵانە و ئەمساڵیش پێش وەرزی زستان لەلایەن لایەنی پێوەندارەوە بە باشترین شێوە پاك دەكرێنەوە و هەر رێگایەكی سەرەكی ئەو ناوچەو شوێنانە نۆژەن بكرێنەوە یا تازە دروست بكرێن ئەوە قەنتەرەكانیان بە تیرەی زۆر زیاتر و بەرزتر بۆ دروست دەكەن. یەكێك لەو هۆكارانەی كە دەبێتە هۆكاری لافاو لە ئەنجامی زیادبوونی ئاوی زێی گەورە و دروستكردنی كارگەی قوم و چەو كە بەزێدەڕۆیی و لەدەرەوەی رێنماییەكانەوە دانراون، كە دەبنە هۆكاری قوڵكردنی ناو زێیەكەو گۆڕینی ئاڕاستەی ئاوەكە، ئەمەش كێشەو گرفتی زۆرمان بۆ دروست دەكات، خاوەنی ئەو كارو كارگانە هەڵناستن بە پڕكردنەوەی شوێنەكانیان و پاراستنی ئاراستەو رێڕەویی ئاوی زێیەكە، هەروەها هەر پردێك لەسەر هەر زێی و رووبارێك هەبێت دەبێت كاركردن یا دانانی كارگەكانی قوم و چەو لە دووری هەر لایەكی لەیەك كیلۆمەتر كەمتر نەبێت، ئێستا بەدواداچوونی وردمان بۆ جێبەجێكردنی رێنماییەكان هەیە و رێگا بەهیچ كەسێك نادرێت لەدووری كەمتر لە یەك كیلۆمەتر لە پردەكانەوە كار لەناو زێیەكان بكات.
سكرتێری لیژنەی بەرەنگاربوونەوەی لافاو سەبارەت بەئاگاداركردنەوەی پێش وەختی كەوتنەوەی لافاو وتی: لەهەرێمی كوردستان وێستگەی كەشناسیمان هەیە بەتایبەت ئێمە وێستگەیەكی كەشناسیمان لە رێزان هەیەو پێش كەوتنەوەی لافاو كارگەكانی قەزای خەباتمان ئاگاداركردۆتەوە و چەند هێزێكی زێرەڤانی و لایەنە پێوەندیدارەكانی دیكە بۆ بەرەنگاربوونەوەی لافاو ئامادە كراون، هەروەها دەتوانین خەڵكی ئەو شوێنانەی ساڵی رابردوو كە دووچاری لافاو بوون دڵنیا بكەینەوە كە ئەمساڵ ئامادەكارییەكی باش هەیە بۆ بەرەنگاربوونەوەی لافاو تەنانەت ئەو پرۆژەو كارانەی لەمبارەیەوە ئەنجامدراوە هۆكارێكی سەرەكییە بۆ نەهێشتن و كەمكردنەوەی زیانەكانی رووداوی لافاو، بەڵام ئاگاداری ئەو هاووڵاتیانە دەكەینەوە كە خانوویان بەزێدەڕۆیی لەناو كەندەكان دروست كردووە كە پێویستە بگوازنەوە، چونكە ئەگەری ئەوە هەیە بەر لافاو بكەون و زیانی گیانی و ماڵیشی بەدوادا بێت. لەلایەكی دیكەوە ئەو بەرفراوانبوونە خێرایەی كە شاری هەولێر بەخۆیەوە بینیوە نەتوانراوە بەپێی پێویست ئاوەڕۆ دروست بكرێت.
Top