بۆچی كشتوكاڵ نەبۆتە سەرچاوەی سەرەكی داهات و خۆبژێوی وڵات؟
November 7, 2013
راپۆرتەکان
بەرەچاوكردنی فاكتەرەكانی پەرەپێدانی كەرتی كشتوكاڵیی و ئەو مێژوویەی كە هەرێمەكە لەم بوارەدا هەیەتی بەرادەیەك ئەم سێ پارێزگایەی كوردستان دادەنرا بە سەبەتەی خۆراكی هەر پازدە پارێزگاكەی دیكەی عێراق، ئەوەمان بۆ دەردەكەوێت كە هەرێمی كوردستان تایبەتمەندێتی خۆی هەیە بۆ گەشەكردنی كشتوكاڵ، كە لەقۆناغی پەرەپێداندا زۆر پێویستمان پێیەتی، كەواتە هەرێمی كوردستان تایبەتمەندێتیەكی باشی لەكەرتی كشتوكاڵ هەیە و كاتی ئەوەهاتووە نەك تەنیا ژێرخانی كەرتەكە بونیادبنرێتەوە، بەڵكو بەرەو پیشەسازیی خۆراكیش هەنگاو بنێین، بەو پێیەی وڵاتانی دەوڵەمەند وڵاتانی پیشەسازیین هەربۆیە پێویستە پەندی دروست لەئەزموونە سەركەوتووەكانی وڵاتان وەربگرین بەرەچاوكردنی بارودۆخ و تایبەتمەندێتی هەرێمەكە كە لەرووی پیشەسازیی خۆراكی هەیەتی و لەمەشدا سوود وەرگرتن لەئەزموونە سەركەوتووەكانی وڵاتانی تازە پێگەیشتوو گرنگە كە توانیویانە لەهەردوو بواری پەرەپێدانی مرۆیی و بەكارهێنانی تەكنۆلۆجیای پێشكەوتووەوە بواری كشتوكاڵیی بەرەو گەشە ببەن. دەتوانرێت وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو سوود لەبوونی ژمارەیەكی بەرچاو لەجووتیاری كارامەو كادیرە دەرچووەكانی كۆلێژی كشتوكاڵ و نامەو تێزی قوتابیانی خوێندنی باڵا لەو زانكۆیانە وەربگرن، كە ساڵانە ژمارەیەكی بەرچاو لەقوتابیانی كۆلێژەكانی كشتوكاڵ بڕوانامە بەدەست دەهێنن لەبواری دیكەی دوور لە پسپۆرایەتیەكەیان كار دەكەن.
پرۆفیسۆر دكتۆر كەریم ساڵح عەبدول راوێژكار لەوەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی و شارەزا لەبواری كشتوكاڵ، لە وەڵامی چەند پرسیارێكی گوڵان دا، ئاماژەی بە كێشەی كەرتی كشتوكاڵ كرد كە نەتوانراوە لەشێوازە كۆنەكەی دەربازی بێت و سوود لەتوێژینەوەكان وەرنەگیراوە و تەنانەت پلان نییە بۆ راگرتنی بڵانس لەنێوان تەرخانكردنی زەوی بۆ كشتوكاڵ و بیناسازیی، لەم رووەشەوە دەڵێت:(زۆربەی زەوییەكانی دەوروبەری شار بوونەتە زەوی نیشتەجێبوون، بەمەش زیان بەكەرتی كشتوكاڵ كەوتووە)، هەروەها ئەوەی راگەیاند كە ئێستا وڵات هەیە خاك و ئاووهەواكەی بەكەڵكی كشتوكاڵ نایەت كەچی توانیوێتی هەنگاوی باش بنێت و بەرووبوومی كشتوكاڵی بنێرێتە دەرەوە، لەتەوەرێكی قسەكانیشدا ئاماژەی بەوەكرد(ساڵانە لەزانكۆكانی كوردستان ژمارەیەكی زۆری قوتابی ماستەر و دكتۆرا لەبوارەكانی تایبەت بەكشتوكاڵ دەخوێنن و بەشێكی زۆری نامەو تێزەكانیان تایبەتە بەو گیروگرفت و كێشانەی كە رووبەڕووی كشتوكاڵ دەبێتەوە كە دەكرێت سوودیان لێوەربگیرێت. ئەمەش دەقی ئاخاوتنەكەیەتی لەگەڵ گوڵان دا.
* وەكو كەسێكی شارەزاو پەیوەندار بە بواری كشتوكاڵ دەكرێت بزانین بۆچی لەكاتێكدا هەرێمی كوردستان بەهەرێمێكی كشتوكاڵی دادەنرێت كەچی كشتوكاڵی تێدا ناكرێت؟ واتا كێرڤی بەرهەمە ناوخۆییەكان گەر رووی لەداكشان نەبێت، ئەوا بەپێی خواست و پێداویستیەكانیش رووی لە هەڵكشان نەكردووە؟
- كشتوكاڵ یەكێكە لەكۆڵەگە هەرە گەورەكانی ئابووری لە زۆر وڵات دا، بەتایبەتی ئەو وڵاتانەی كە زەوی بەپیت و ئاو و كەش و هەوای پێویستیان هەیە، هەرێمی كوردستانیش خاكی بەپیتی زۆرە و سەرچاوەی ئاوی گونجاوی تێدایە بۆ بەرەوپێشەوەبردنی كشتوكاڵ و زیادكردنی بەرهەمە كشتوكاڵییەكان، هەروەها كەشوهەوای زۆر لەبارە بۆ چاندن و وەبەرهێنانی چەندین دانەوێڵەو سەوزەو میوە لە وەرزەكانی ساڵدا، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هێشتا دەبینین ئاستی بەرهەمەكانی كشتوكاڵ لە كوردستاندا لە ئاستی پێویست نییە، دەكرێت هەندێ لە هۆكارەكانی بگەڕێتەوە بۆ:
1. كەمبوونەوەی ئەو خەڵكانەی كە گوندنشینن یا سەرقاڵی ئیش و كاری كشتوكاڵن، ئەمەش چەندین هۆكاری هەیە لەوانە(كۆبوونەوەی چڕی دانیشتوان لە شارە گەورەكان و شارۆچكەكان، لەكاتێكدا پیشەی كشتوكاڵیی وادەخوازێت كە ئەوەی كاری كشتوكاڵیی دەكات دەبێت لە هەموو كاتەكاندا بەتەنیشتیەوە بێت).
2. بڕوانەكردن بەوەی بەرهەمی كشتوكاڵی وەكو سەرمایەی سەرەكی ژیانە كە لەزۆربەی زۆری حاڵەتەكاندا داهاتێكی كەمی لێدەكەوێتەوە بەبەراورد بەبوارەكانی دیكە.
3. رەخساندنی بواری دیكە بۆ گوندنشینان و ئەوانەی كار لەبواری كشتوكاڵدا دەكەن؛ وەكو دامەزراندن بەفەرمانبەر و خزمەتگوزار و كاركردن لە بوارەكانی دیكەی كەرتی تایبەت، ئەمانەش بۆتە هۆی بەجێهێشتنی ئیشوكاری كشتوكاڵی.
4. هەبوون و بەرهەمەكانی كشتوكاڵی لەبازاڕەكاندا بەشێوەیەكی هەمیشەیی؛ ئەمەش بەهۆی هاوردەكردنی بەرهەمە كشتوكاڵییە جیاجیاكانە لە دەرەوەی وڵاتدا كە دەبێتە هۆی پاشەكشە و دڵەڕاوكێ بۆ بەرهەمهێنانی بەرهەمە خۆماڵیەكان لەلایەن جووتیارانەوە.
5. نەبوونی بیرۆكەی داهێنەر لەلایەن زۆربەی جووتیارانەوە، بەڵكو بەشێوازی كۆن و تەقلیدی كاردەكەن كە نابێتە هۆی پێشكەوتنی بەرچاوی كەرتی كشوكاڵ.
6. سوود وەرنەگرتن لەتوێژینەوەكان كە بڵاو دەكرێتەوە لەلایەن پسپۆرانی بوارە جیاجیاكانی كشتوكاڵ، بەڵكو ئەو توێژینەوانە بەبێ بەپراكتیكردنی دەمێننەوە..
7. چەندین ساڵە بەتایبەتی لەدوای راپەڕین بواری خوێندن بۆ منداڵان لە هەرێمی كوردستان رەخساوە؛ بۆیە كەم خێزان هەیە منداڵیان لە قۆناغەكانی ئامادەیی و زانكۆ و پەیمانگا نەخوێنن، ئەمەش وایكردووە كە زۆربەی دانیشتوان روو بكەنە شارەكان.
* گەیشتن بە خۆبژێوی؛ پەیامیی سەرەكی ئەو پلانە ستراتیژییە پێنچ ساڵییەی وەزارەت بوو، دوای تێپەڕبوونی سێ ساڵ دەكرێت هەڵسەنگاندنێكی زانستی بۆ بكرێت؟
- وەڵامی ئەم پرسیارە بۆ ئەو بەڕێزانە بەجێدەهێڵین كە لەبواری جێبەجێكردنی پلانەكەدا كار دەكەن، بەڵام بە تێكڕا ئاماژە بەوە دەكەین كە لەكاتی پلان داڕشتندا پێویستە بە وردی واقیعی حاڵ دیراسە بكرێت بە پشتبەستن بەداتاو زانیاری ورد بۆ دەستنیشانكردنی خاڵە بەهێز و لاوازەكان، ئینجا ئاڕاستەكان دەستنیشان بكرێن كە گرنگیان هەیە، لەپاشاندا پرۆژەو پڕۆپۆزەل بۆ جێبەجێكردن لەماوەی دیاریكراودا ئامادە بكرێن، هەروەها لەكاتی جێبەجێكردنی پلانەكەش دەبێت چاودێری ورد هەبێت بۆ بەدواداچوون بەمەبەستی دەستنیشان كردنی رێژەی جێبەجێكراو و ئەگەر پێویستیش بكات ئەنجامدانی گۆڕانكاری لە سنوورێكی گونجاودا.
* وڵاتانی دەوڵەمەند ئەو وڵاتانەیە كە روویان كردۆتە پیشەسازیی، لەهەرێمی كوردستانیشدا بەسەدان كۆمپانیاو سەرمایەدار بوونیان هەیە كە دەكرا روویان لەكەرتی پیشەسازیی كشتوكاڵی یا پیشەسازیی خۆراكی بكردایە؛ بۆچی وەبەرهێنان یاخود پیشەسازیی كشتوكاڵی لەم هەرێمەدا دروست نەبووە؟
- پیشەسازیی خۆراك یا پیشەسازیی كشتوكاڵی گرنگیدانە بەو پیشەسازییانەی پەیوستن بە خۆراك و كشتوكاڵەوە، لێرەدا پیشەسازیی بەدوو جۆر تێكەڵە لەگەڵ كشتوكاڵ؛ یەكێكیان وەبەرهێنانە لە رێگەی پیشەسازییەوە بۆ نموونە چاندن بە بەكارهێنانی ئامرازی پیشەسازی وەكو چاندن لە خانووی شووشەو پلاستیك یا هەر جۆرە بەكارهێنانێكی پیشەسازی لەبواری كشتوكاڵدا بە بەكارهێنانی تەكنیكی جۆراوجۆر، ئێمە لەمبوارەدا كەموكورتیمان زۆرە كە هەندێك لەو كەموكوڕییانە دەگەڕێتەوە بۆ ئاستی جووتیارەكان، چونكە ئەمجۆرە وەبەرهێنانە كارامایی و رۆشنبیرییەكی پێویستە بۆ بەكارهێنانی، هاوكات لەوانەیە هەموو پێداویستییەكی لەو بابەتە لە هەموو شوێنێك و كاتێكدا بەردەست نەبێت. جۆری دووەم مەبەست لێی ئەوەیە كە بەرهەمەكانی كشتوكاڵ بچنە پرۆسەی پیشەسازییەوە وەكو دروستكردنی دۆشاوی تەماتە لە تەماتەی خۆماڵی و دەرهێنانی رۆن و زەیت لە گوڵەبەڕۆژەو زیتون و... تاد، ئەمەشیان پێویست دەكات كە كارگەی پێویستیان بۆ دابمەزرێنرێت و تەكنیكاری پێویستیان بۆ دابین بكرێت.
* بۆچی لەكوردستان زەوی تەنیا بۆ نیشتەجێبوون بەكاردەهێنرێت بەتایبەتی لەدەشتەكان، لەكاتێكدا وا پێویست بوو بۆ كەرتی كشتوكاڵی تەرخان بكرایە؟
- لەبەر ئەوەی هەرێمی كوردستان لەگەشەكردندایە لەڕووی بیناسازیی بەهۆی زیادبوونی دانیشتوان، بۆیە بەتێكڕا ئەو زەوییانەی كەوتوونەتە دەوروبەری شارەكان دەخرێنە سەر زەوی نیشتەجێبوون، بەڵام پێویستە پلانێك هەبێت بۆ بڵانس راگرتن لەنێوان زەوی كشتوكاڵیی و ئەو زەویانەی كە بۆ نیشتەجێبوون تەرخان دەكرێن.
* هەست ناكەیت كۆلێژی كشتوكاڵی كە ئێستا لەناو سەنتەری شارە وا پێویست بوو لەدەرەوەی شار بووایە خاوەنی مەشتەل و تاقیگەی پێشكەوتوو بگرە كێڵگەكانی بەرهەمهێنانی نەمام و میوەجات بووایە؟
- لەكاتێك كە كۆلیژی كشتوكاڵ لە سەنتەری شار بێت یا لە دەرەوەی شار بێت، خاڵی باش و خراپی هەیە ئەگەر هەر كۆلیژێك یان تەنانەت زانكۆ لە دەرەوەی شار بوو ئەوە پێویستە لەو شوێنە پێداویستییە سەرەكییەكانی بۆ دابین بكرێت، ئەوە لەكاتێكدا ئەو پێداویستییە بنەڕەتیانە نەبوون ئەوا گرفتی دیكە دروست دەبێت، هەروەها دەكرێت كۆلیژێكی ئاوا لەگەڵ كەمپی كۆلیژەكانی تر دابێت بەمەبەستی سوود وەرگرتن لە تاقیگەو ئامێر و توانای بەش و كۆلیژەكانی دیكە، بەڵام لەو حاڵەتەشدا ناكرێت كۆلێژی كشتوكاڵ نەمامگەو كێڵگەو تاقیگەی پێشكەوتووی نەبێت، چونكە قوتابیانی پێویستی بەمەشق و راهێنانی بەردەوام هەیە، هاوكات توێژینەوەی زانستی تێدا ئەنجام بدرێت.
* ساڵانە ژمارەیەكی بەرچاو لەقوتابیانی كۆلێژەكانی كشتوكاڵ بڕوانامە وەردەگرن؛ بەڵام لەبەرنەبوونی كۆمپانیاو دامەزراوەی تایبەت بەكەرتی كشتوكاڵ زۆربەیان بێكار دەمێننەوە یا لەبوارێكی دوور لەپسپۆرایەتیان كار دەكەن، بەرای بەرێزت چۆن سوود لەتواناو بەهرەی ئەو قوتابیانە وەربگرین؟
- بەو پێیەی هەلی كار لەهەردوو كەرتی تایبەت و حكومی بۆ دەرچووانی كۆلێژەكانی كشتوكاڵی كەمە؛ بۆیە دەكرێت لەرێگای تەرخانكردنی زەوی كشتوكاڵی بۆ دەرچووانی كۆلێژی كشتوكاڵ و پشتگیرییان لە جێبەجێكردنی پرۆژە كشتوكاڵیەكان زیاتر هەلی كاریان بۆ بڕەخسێنرێت.
* ئایا سوود وەرنەگرتن لەتوێژینەوە زانستیەكان و بە پەراوێزخستنی نامەو تێزەكانی تایبەت بەبوارەكانی كشتوكاڵی بۆ نەبوونی پەیوەندی لەنێوان وەزارەتی كشتوكاڵ و كۆلێژەكانی كشتوكاڵی دەگەڕێتەوە؟
- ساڵانە ژمارەیەكی باش لەتوێژینەوەی زانستی لەلایەن پسپۆرانی بەتوانای زانكۆكانی كوردستان ئەنجام دەدرێت كە زۆر دەگمەن ئەنجامی ئەو توێژینەوانە گەیشتوونەتە كێڵگەو كارگەكانمان، لەكاتێكدا دەكرا سوودی باشی لێوەربگیرێت و بچێتە بواری پراكتیكیەوە، بۆیە پێویستە لەرێگای لیژنەیەكی پەیوەندارەوە ساڵانە چەند توێژینەوەیەك هەڵبژێردرێت و بدرێتە چەند جووتیارێكی كارامە بۆ ئەنجامدانی توێژینەوەكان لەكێڵگەكانی خۆیانداو راپۆرتیان لێوەربگیرێت بۆ دەرخستنی سوودی جێبەجێكردنەكە، دەكرێت توێژەوەرەكانیش بەشداریان پێبكرێت لەسەرپەرشتی و جێبەجێكردنی ئەنجامی توێژینەوەكانیان. ئەزموونی وڵاتان لەمبوارەدا زۆر دەوڵەمەندە بۆ نموونە پرۆژەی (چاندن بەبێ گڵ) كە پرۆفیسۆر كۆپەڕ لەساڵانی حەفتاكانی سەدەی رابردوو لەوڵاتی ئینگلستان دایهێناو ئەنجامێكی باشی لێ بەدەستهاتوو بەسەر جووتیارەكانی وڵاتەكەی گشتاندی، چونكە بەو شێوازە هیچ پێویستیت بەخاك نییە كە رووەكی تێدا بڕوێت جگە لەوەی ئاوێكی كەمت پێویستە بەڵام پێداویستی دیكە پێویستە دابینبكرێت بۆ ئەمجۆرە كشتوكاڵە، ئەوەبوو دواتر ئەم تەكنیكە بەسەر وڵاتانی جیهاندا بڵاوبووەوە بەرادەیەك وڵات هەیە لەبەر خراپی خاك و ئاووهەواكەی هیچ بەرووبوومی سەوزەی نەبووە كەچی ئێستا بەرهەمی سەوزە هەناردەی دەرەوەی وڵات دەكات. دەكرێت ئەو توێژینەوانە راستەوخۆ لەهەرێمی كوردستان جێبەجێ بكرێت و بواریان بۆ بڕەخسێنرێت و ببنە بنەمایەك بۆ پێشكەوتنی بوارە جیاجیاكانی كشتوكاڵ. لێرەدا پێشنیار دەكەم وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو ساڵانە هەڵبستێت بەئامادەكردنی هێڵە سەرەكیەكان كە بریتین لە: ئەو كێشەو گرفتانەی دێنە بەردەم كشتوكاڵ و ئاراستەی وەزارەتی خوێندنی باڵاو زانكۆكانی بكەن لە پێناو پێكهێنانی تیمی هاوبەش و بۆ ئەنجامدانی توێژینەوە لەسەر ئەو هێڵە سەرەكییانە و تەنانەت شارەزایانی بوارە جۆراوجۆرەكانی تایبەت بەكشتوكاڵ راوێژیان پێبكرێت. لەلایەكی دیكەوە ساڵانە ژمارەیەكی بەرچاو لەقوتابیانی خوێندنی باڵا لەزانكۆكان ماستەرو دكتۆرا دەخوێنن و بەشێك لەخوێندنەكانیان بریتیە لەئامادەكردنی نامەو تێزی تایبەت بەگیروگرفتە كشتوكاڵیەكان كە دەكرێت سوودیان لێوەربگیرێت.
بەمشێوەیە دروشمی (زانكۆ لەخزمەت كۆمەڵگەدایە) دێتەدی. لەلایەكی دیكەوە ناكرێت كۆلیژی كشتوكاڵ نەمامگەو كێلگەو تاقیگەی پێشكەوتووی نەبێت، چونكە بۆ قوتابیانی پێویستی بەمەشق و راهێنانی بەردەوام هەیە، هاوكات توێژینەوەی پێشكەوتووی زانستی تێدا ئەنجام بدرێت.