بەڕێوەبەری گەنجینەی هەولێر: پێشینەی هاوسەرگیری بەردەوام دەبێت

بەڕێوەبەری گەنجینەی هەولێر: پێشینەی هاوسەرگیری بەردەوام دەبێت
بەڕێوەبەرایەتی گەنجینەی هەولێر ئەركی رایی كردنی گشت مامەڵە داراییەكانی حكومەتی هەرێم و فەرمانگەكانی لە ئەستۆدایە سەرەڕای هەندێك لە مامەڵەكانی هاووڵاتیان بەتایبەتی پێشینەی هاوسەرگیری، بەڕێز حەروش ئەسعەد بەڕێوەبەری گەنجینەی هەولێر لە بەسەركردنەوەیەكی گوڵاندا تیشكی خستە سەر چەند لایەنێكی تایبەت بە كارەكانی خۆیان و هۆكارەكانی وەستانی پێشینەی هاوسەرگیری و چەند بابەتێكی دیكە.
سەرەتا بەڕێز حەروش ئەسعەد بەڕێوەبەری گەنجینەی هەولێر ئەوەی خستە روو كە وەك فەرمانگە تەنیا كاروباری وەزارەت و دامودەزگاكانی حكومەت رایی دەكەن واتە كارەكانیان زۆر پەیوەست نییە بە هاووڵاتیانەوە تەنیا لەو كاتە نەبێت كە پێشینەی هاوسەرگیری پێشكەش دەكرا هاووڵاتیان راستەوخۆ پێوەندییان پێوە دەكرد، ئەو كات سەرەڕای كاری سەرەكی خۆیان مامەڵەی هاووڵاتیانیشیان رایی دەكرد.
سەبارەت بە پێشینەی هاوسەرگیری بەڕێوەبەری گەنجینەی هەولێر ئاشكرای كرد كەوا بەشێوەیەكی كاتی راگیراوە، ئەو وتی:راگرتنی پێشینەی هاوسەرگیری پێوەندی بە تەسفیە كردنی حساباتی ساڵی رابردووەوە هەبوو، لە وەزارەتی دارایی پێیان راگەیاندین كە پێشینەی هاوسەرگیری رابگیرێ بەپێی نووسراوێك كە لە پەرلەمانی كوردستان دەرچووە و دەڵێ: پێویستە وەزیری دارایی بودجەی تایبەت بۆ پێشینەی هاوسەرگیری ئامادە بكات، ئەم بودجە تایبەتەش دوای پەسەند كردنی بودجەی هەرێم تەرخان دەكرێت واتە لەگەڵ پەسەند كردنی بودجەی هەرێم دووبارە پێشینەی هاوسەرگیری پێشكەش بە هاووڵاتیان دەكرێت، كەواتە پێشینەی هاوسەرگیری بەشێوەیەكی كاتی راگیراوە و پەیوەستە بە تەرخان كردنی بودجەیەكی تایبەتی پوخت و تەرخان كردنی ئەم بودجە تایبەتەش ئەركی وەزارەتی دارایی و ئابووری حكومەتی هەرێمی كوردستانە، سەبارەت بە ژمارەی ئەو كەسانەی كە سوودمەند دەبن لەو پرۆسەیە ئەمەیان دیار نییە، چونكە هەموو هاووڵاتییەك مافی خۆیەتی سوودی لێ وەربگرێ، بۆ زانیاریش لە مانگی تەمموزی ساڵی رابردوو كە دەستمان بە دابەشكردنی كرد تا مانگی دوازدە 17273 هاووڵاتی سوودمەند بوون لەو پێشینەیە، ئەوانەی هاووڵاتی ئاسایی بوون واتە فەرمانبەری حكومی نەبوون ژمارەیان 13445 كەس بوون و فەرمانبەرانیش ژمارەیان 3828 بوو و هەر یەكیان بڕی 5،000،000 ملیۆن دیناری وەرگرتووە و كۆی گشتی ئەو پارەیەش كە پێشكەش بەو هاووڵاتیانە كراوە دەكاتە هەشتا و شەش ملیار و سێ سەد و چل و سێ ملیۆن دینار.
ئیفاد و ناردنە دەرەوەی شاندە رەسمییەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستانیش لە لایەنی خەرجییەوە پێوەندی بە حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە هەیە، بەڕێز حەروش ئەسعەد دەڵێ: لە كاتی پەسەند كردنی هەر بودجەیەكدا لە پەرلەمان یاسایەكی تایبەتی پێدەردەچی پێی دەڵێن (یاسای خەرج كردن) دوای دەرچوون و پەسەند كردنی لەلایەن پەرلەمان و حكومەتەوە دووبارە دەگەڕێتەوە وەزارەتی دارایی ئەویش رێنمایی تایبەتی پێدەردەكات، ئەم رێنماییە دەبێتە دەستووری ئێمە بۆ خەرج كردنی پارەكان و هەر بڕگەیەكی خەرج كردن رێنماییە تایبەتی هەیە و ئێمە پشتی پێ دەبەستین، شاند و ئیفادیش رێنمایی تایبەتی هەیە و بەپێی پێویست خەرج دەكرێت، ئەگەر هاتوو ئەو كەسەی ئیفاد دەكرێ لە فەرمانگەكەی خۆی بڕگەیەكی هەڵە هەبوو، ئێمە پێی رادەگەیەنین كە بگەڕێتەوە فەرمانگەكەی خۆی و بەپێی رێنماییەكان راستی بكاتەوە، ئەگەر هەڵەیەك لەلایەن ئێمەشەوە تێپەڕی ئەوا هەموو كارەكانی ئێمە لەژێر چاودێری وەزارەتی دارایی و دیوانی چاودێریدایە، ئەگەر هەڵەكە تێپەڕی ئەوا ئاگادار دەكرێینەوە كە ئەو بڕە پارەیەی زیاد خەرج كراوە بگەڕێنرێتەوە هەرچەندە تا ئێستا حاڵەتی لەو جۆرەمان نەبووە.
سەبارەت بە كڕینی ئۆتۆمبیل لەلایەن وەزارەت و فەرمانگەكانەوە كە ئەویش لەلایەن گەنجینەوە خەرج دەكرێت، بەڕێوەبەری گەنجینەی هەولێر دەڵێ: كڕینی ئۆتۆمبێل بە رەزامەندی سەرۆكایەتی ئەنجوومەنی وەزیرانی حكومەتی هەرێمی كوردستانە، دواتر بەڕێز وەزیری دارایی بڕی پارە و جۆری ئۆتۆمبیلەكە دیاری دەكات، ئەوەی لە مەسەلەی كڕینی ئۆتۆمبیل گرفتمان بۆ درووست دەكات بریتییە لە جێبەجێكردنی رێنماییەكان، چونكە دەبێ ئۆتۆمبێلەكە بكڕدرێ و ژمارەی شینی بۆ ببەسترێت و (ادخال) بكرێت و كاری پێویستی بۆ بكرێ لە بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆ و مەنەفێست و گرێبەستەكەی لەگەڵدا دوای ئەم هەموو كارانە ئینجا ئێمە پارەكەیان بۆ خەرج دەكەین، لەكاتیی پارە سەرف كردن ئێمە كێشەمان بۆ دروست دەبێت، بۆ نموونە ئەگەر ئۆتۆمبیلەكە بە 15000پازدە هەزار دۆلار خەمڵێندرا بێت لەوانەیە ئەو كات نرخی دۆلار بە 1175 خەمڵێندرا بێت ئێستا دۆلار گەیشتۆتە 1220 بەو پارەیەی بۆ ئۆتۆمبیلەكە تەرخان كراوە ناكڕدرێ، چونكە دۆلار بەرزبۆتەوە، بۆیە هەندێك لە فەرمانگەكان كەسانێك هەبوون لەلای خۆیان كەمی پارەكەیان پڕ كردۆتەوە بۆ ئەوەی ئۆتۆمبیلەكە بكڕن بەتایبەتی لە مانگی 12 تووشی ئەم كێشەیە بووین لە كاتی بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار، ئێمە ئەو كێشەیەمان بەوە چارەسەر كرد ئەگەر وەزارەتی دارایی رەزامەندی دابوایە لەسەر خەرج كردنی زیادەی پارەكە ئێمە لەگەڵ فەرمانگە یان وەزارەتی ناوبراو ئەم كێشەیەمان چارەسەر دەكرد، جگە لە رێنماییەكانی تایبەت بە كڕینی ئۆتۆمبیل لە وەزارەتی دارایی رێنمایی بۆ هەموو بابەتەكانی خەرج كردن دەردەچێت، ئەگەر فەرمانگەكان وەكو پێویست پابەند بن بەو رێنماییانەوە ئەوا بێگومان ئێمە هیچ گرفتێكمان نابێ و كارەكان زۆر بە رێكوپێكی بەڕێوە دەچن و ئێمە و ئەوانیش لە گرفتەكان دوور دەبین بەتایبەتی بەشی ژمێریاری لە وەزارەت و فەرمانگەكان، چونكە كاری ئێمە زیاتر وردبینی و ژمێریارییە، بۆ نموونە بچووكترین هەڵە دەبێتە هۆی ئەوەی كارەكان زۆر ئاڵۆز بن، چونكە بەڕێوەبەرایەتی گەنجینە دوایین قۆناغە و هاووڵاتی و فەرمانبەر كە دەگاتە لای ئێمە زۆر قۆناغ دەبڕێت و زۆریش ماندوو دەبێت، بۆیە گەڕانەوە یان رایی نەكردنی هەر مامەڵەیەك پێویستە هاووڵاتی سەر لە نوێ دەست بە كارەكانی بكاتەوە ئەمەش ئەرك و ماندووبوونێكی زۆری دەوێ و زۆریش ناخۆشە هاووڵاتی لە دوایین قۆناغی تەواو بوونی كارەكانی بۆی دەركەوێت كە هەڵەیە، زۆر جاریش هاووڵاتی بە هەڵە تێدەگات و پێی وایە كە ئێمە ئاستەنگی بۆ دروست دەكەین.
زۆر كەس باس لە خەرج كردنی كرێی خانووی فەرمانگە حكومیەكان دەكەن گوایە زۆرە و جۆرێك لە گەندەڵی لە پەنای بەكرێ گرتنی ئەم خانوانە لەلایەن چەند كەسێكەوە دەكرێت لەسەر حیسابی بودجەی هەرێم، بەڕێزیان روونیكردەوە كە لەكاتی بەكرێ گرتنی هەر خانوویەك لیژنەیەك پێكدێت لە وەزارەتی دارایی بۆ خەمڵاندنی ئەو خانووە بەپێی بەرنامەی تایبەتی خۆیان كرێی خانووەكە دیاری دەكەن، بۆ نموونە ئەو خانووە مانگانە كرێیەكەی نابێ لە یەك ملیۆن دینار زیاتر بێت، ئەوەی لەسەر ئێمەیە بریتییە لەوەی كە دەبێ گرێبەستەكەی پەسەند كراو بێ لەلایەن نوێنەری وەزارەتی دارایی، هۆبەی یاسایی گرێبەستەكەی مۆر كردبێ، لە باجی خانووبەرە دەرچووبێ بۆ ئەوەی باج بدات كە رێژەكەی بریتییە لە 9%، باجی دەرامەتی دابێت، ئینجا خاوەنی خانوو مانگانە یەك ملیۆنی خۆی وەردەگرێت بەپێی گرێبەستەكە، جاری وا هەیە شەش مانگ لەسەر یەك وەردەگری، جاری وا هەیە یەك ساڵ لەسەر یەك وەردەگری، بەڵام ئەمەش بەپێی رەزامەندی وەزارەتی دارایی.
سەبارەت بە ئەنجامدانی كاری ساختە لەلایەن هاووڵاتیانەوە بۆ وەرگرتنی پێشینەی هاوسەرگیری یان مامەڵەی دیكە، حەروش ئەسعەد وتی:بەڵێ بە دەیان مامەڵەی ساختە هەبووە كە لەلایەن هەندێك لە هاووڵاتیانەوە ئەنجامدراوە بەتایبەتی لە وەرگرتنی پێشینەی هاوسەرگیری، كەسانێك هەبوون پسوڵەی خۆراكیان تەزویر كردووە و بە پلەی یەكەم هاووڵاتی خۆی كەمتەرخەمە، هەرچەندە ئاشكرا كردن و گرتنی ئەم ساختانە كاری ئێمە نییە و پێویستە پێشتر ئاشكرا بكرێت.
لە كۆتاییدا بەڕێز حەروش ئەسعەد وتی: دەمەوێ هاووڵاتیان دڵنیا بكەمەوە كە پێشینەی هاوسەرگیری رانەگیراوە و بەردەوام دەبێت، هەروەها داوا لەو هاووڵاتیانە دەكەم كە پێشینەیان وەرگرتووە بێن ئەو پشكەی ساڵانەی دەكەوێتە ئەستۆیان بگەڕێننەوەكە هەر شەش مانگ دەكاتە (180000) سەد و هەشتا هەزار دینار، بەر لەوەی ئێمە بگەڕێینەوە بۆ فەرمانگە و كەفیلەكانیان، چونكە ئەم بڕە پارەیە بە قەرز بە هاووڵاتیان دراوە، بۆ زانیاری ئێوەش لە كۆی13445 هاووڵاتی كە پێشینەیان وەرگرتووە تەنیا 7979 كەس پشكی مانگانەی خۆیان گەڕاندۆتەوە، هەروەها داوا لە بەرپرسی ژمێریاری فەرمانگەكان دەكەین ئەو كەسانەی كە پێشینەی هاوسەرگیرییان وەرگرتووە پشكەكانیانمان بۆ بگەڕێننەوە بەپێی رێنمایی و لە گواستنەوەی هەر یەكێك لەو فەرمانبەرانەی كە سوودمەند بوون لەو پێشینەیە ئاگادارمان بكەنەوە.
Top