دامەزراندنی 25 هەزار كارمەند و فەرمانبەر.. پرۆسەیەك لەبەردەم پرسیاردا

دامەزراندنی 25 هەزار كارمەند و فەرمانبەر.. پرۆسەیەك لەبەردەم پرسیاردا
دامەزراندنی 25 هەزار فەرمانبەر لەحكومەتدا لەسەر چ بنەمایەكە؛ ئایا ئەمجارە دامەزرانی ئەم ژمارەیە دوور دەبێت لەمەحسوبیەت و واسیتەوە؟ كاروباری لیژنەكانی بەڕێوەچوونی دابەشكردنی فۆرمی دامەزراندن سەبارەت بە پرۆسەكە چی دەڵێن؟ ئەو (سیڤی)یەی لەفۆرمەكەدا جێگەی كراوەتەوەو واباس دەكرێت بەپێی ستانداردی جیهانییە، تاچەند ئەو زانیارییانەی تێدایە كە بۆ هەڵبژاردنی فەرمانبەری شیاو پێویستە؟ پەیڕەوكردنی لامەركەزیەت لەسەر بنەمای دابەشبوونی ژمارەی دانیشتووان تاچەند دادپەروەری تێدایە؟ لەكاتێكدا لەپارێزگای سلێمانی لە 25ی ئایارەوە فۆرم دابەش دەكرێت؛ بۆچی لە هەردوو پارێزگای هەولێر و دهۆك جێبەجێكردنی ئەم پرۆسەیە دواكەوت؟ ئایا تایبەتمەندێتی پێداویستی وەزیفی لە پارێزگاكان كراوە؟ وردەكاری پرۆسەكە هەرچۆنێك بێت شارەزایانی ئابووری و كارگێڕی پێیانوایە وەكو قۆناغی یەكەم و ئەزموونێكی نوێ ئەم پرۆسەیە بەدوور نابێت لەهەڵەو كەموكوڕی، رەنگە گرفتی گەورەش لەو ژمارە زۆرە بكەوێتەوە كە فۆرمیان پڕ كردۆتەوەو ناتوانرێت زۆربەی زۆریان دامەزرێن، تەنیا لەیەكەم رۆژی دابەشكردنی فۆرمەكە لە پارێزگای سلێمانی ئەم ژمارەیە لە9350 كەس تێپەڕی كردووە، ئایا ئەو گەنجانەی لەكێبركێكەدا سەركەوتوو نابن دووچاری بێئومێدی نابن، دواتر حكومەتی هەرێم بۆ دۆزینەوەی كار بۆ ئەم گەنجە بێكارانە بە نیازی چییەو بەرنامەو پلانی هەیە بۆ دۆزینەوەی هەلی كاری نوێ بەتایبەتی لەكەرتی تایبەت؟ بۆ بەدواداچوونی ئەم پرۆسەیە پرسیارمان رووبەڕووی هەرسێ پاریزگای هەولێر و سلێمانێ و دهۆك كردەوە، كە پوختەی بۆچوونەكانیانە.


دامەزراندن ئەوەی تایبەتە بە بەڕێوەبەرایەتییەكانی پارێزگاكان، ئەم ساڵ بە بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانەوە بڕیاردرا بنێردرێتە پارێزگاكان، واتە بڕیاری دامەزراندن بۆ سەرجەم ئەو فەرمانگاو بەڕێوەبەرایەتیانەی وەكو شارەوانی و كارەبا و تەندروستی و پەروەردە و...تاد لە پارێزگاكان دەردەچێت، جگە لە وەزارەتەكانی ناوخۆ و خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی كە تایبەتەو بەجیاواز كاریان بۆ دەكرێت، بەشێك لەم 25 هەزار كەسە بۆ خوێندنی باڵا و وەزارەتی ناوخۆیە، هەروەها ئەوانەی لە ئەنجومەنی وەزیران و دیوانی وەزارەتەكان دادەمەزرێن فۆرمەكانیان نایەنە پارێزگا، بەڵام ئەو بەشەی دەمێنێتەوە لە پارێزگاوە بڕیاری دامەزراندنەكانیان دەردەچێت، ئەو میكانیزمەی لە پڕۆسەی دامەزراندنەكەدا جێبەجێ دەكرێت دادپەروەرانە و شەفافە، بەپێی ئەو فەرمانەی لە سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران دەرچووە لیژنەكە لە پارێزگا دەبێت و ئەندامێكی ئەنجومەنی پارێزگای تێدا دەبێت بۆ بڕیاردان لەسەر دامەزراندنەكە، دوای دیراسەكردن لە پارێزگا بڕیارماندا ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگا لە لیژنەكە زیاد بكەین، چونكە پێكهاتەی ناو ئەنجومەنەكە یەك لیست نییە، بۆیە بڕیارماندا هەموو لیست و لایەنەكانی وەكو لیستی پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتمانی و حزبی شیوعی و توركمان و كۆمەڵ و یەكگرتوو لە لیژنەكە دا ئەندام بن، بۆ ئەوەی وەكو چاودێر لەسەر ئیشەكە بن و ئەم لیژنەیە، لیژنەی سەرەكی دەبێت و سەرپەرشتی دامەزراندن لە فەرمانگەكان دەكات، بەتێڕوانینی ئێمە كە كۆبوونەوە لەگەڵ قایمقام و بەڕێوەبەری ناحیەكان و هەموو سەرۆكی فەرمانگەكانی هەولێر كرا، تاهیر عەبدوڵلا جێگری پارێزگار كە وەكو سەرۆكی لیژنەكە لەكۆبوونەوەكان بەشداربوو بڕیاردرا بەدوو جۆر فۆڕم لە سنووری پارێزگای هەولێر دابەش بكەین، جۆری یەكەم ئەوەیە كە فۆڕم بە فەرمانگە سەرەكییەكان بدرێت، بۆ نموونە ئەوەی تایبەتە بە پەروەردە بە بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی هەولێری دەدەین، ئەوانیش بۆ ئەو مەبەستە لیژنەی تایبەت بە خۆیان بۆ دامەزراندنەكە پێكدەهێنن و چەند دامەزراندن و میلاكیان پێویست دەبێت رایدەگەیەنن و خەڵكیش بەپێی ئەو میلاكاتانەی هەیە فۆرم وەردەگرن و پڕی دەكەنەوەو پارێزگاش سەرپەرشتیان دەكات، هەموو فەرمانگەكانی تریش بەهەمان شێوە كارەكانی خۆیان بۆ ئەو دامەزراندنە پیادە دەكەن، لە پاشان بڕیار و راگەیاندنی دامەزراندنەكان هەر لە پارێزگا دەردەچێت، جۆری دووەمی فۆرم دابەشكردنەكە لە ڕێگەی قایمقام و بەڕێوەبەری ناحیەكان دەبێت بۆ ئەو فەرمانگە فەرعیانەی كە لە قەزاو ناحیەكان هەیە، بەم دوو جۆرە فۆڕم دابەشكردنە شوێن و بنكەی دابەشكردنی فۆرمەكان زۆر دەبێت، لەو كاتەدا میكانزمەكە بە شێوەیەكی وا دەبێت كە خەڵك ماندوو نابێت، بەڵام لەكاتێكدا فۆرم بە شێوەیەكی گشتی دابەش بكرێت، ئەوە بۆی هەیە هەموو خەڵك فۆڕم وەربگرێت و پڕی بكەنەوەو پێشكەشی بكەن، لەو كاتەدا بۆی هەیە بەپێی میلاك فۆڕمەكان پڕ نەكرێتەوەو بەپێی میلاك ئەو جۆرە دامەزراندنانە نەبێت كە هەندێ كەس فۆڕمەكانیان پڕكردۆتەوە، لەوكاتەدا جگە لەوەی خەڵكەكە ماندوو دەبن هەروەها نیگەرانیش دەبن.
لە دامەزراندنەكە بۆی هەیە پاش كێبڕكێی پڕۆسەی تیروپشكی بۆ ئەنجام بدرێت، تاوەكو ئیشەكە دادپەروەرانەتر و شەفافانە بڕوات و كەسی لێهاتوو پێویست و تەكنۆكرات بەپێی میلاك دابمەزرێت نەك دامەزراندنەكە بۆ مووچە بڕینەوە بێت، دامەزراندنی خەڵكی ناوچە دابڕاوەكان لەگەڵ ئەم دامەزراندنە جیا دەبێت، رێنماییەكانی دامەزراندن بۆ ناوچە دابڕاوەكان لە ئەنجومەنی وەزیرانەوە دەردەچێت، چونكە ناكرێت خەڵك لێرە بۆ شارۆچكەی مەخمور دابمەزرێنین و بۆ ئەوێشی بنێرین، بەڵكو دەبێت دامەزراندنەكە هەر لە مەخمور بێت.


دۆزینەوەی هەلی كارو ئیشپێكردنی گەنجان لەریزبەندی پێشەوەی كارەكانی پارێزگا دێت، تەنانەت ئەم پرسە لەلای ئێمە بایەخی تەواوەتی پێدراوەو هەربۆیە رێژەی بێكاری لەپارێزگاكەماندا بەراورد بە ناوچەكانی تری كوردستان و عێراق باشترە بەتایبەت لەگەڵ بەرزبوونەوەی رێژەی بێكاری لەسەرجەم عێراقدا، ئەمەش ئەوە ناگەیەنێت كە پێویستیمان بە هەلی كار نییە، چونكە ژمارەیەكی زۆری گەنجەكان بەتایبەت دەرچووانی زانكۆ و پەیمانگاكان پێویستیان بە دامەزراندن و دۆزینەوەی هەلی كار هەیە، لەم روانگەیەوە بەبەردەوام لە پارێزگا بەتەنسیقكردن لەگەڵ ئەنجومەنی وەزیران و بەهەماهەنگی لەگەڵ كەرتی تایبەت كارمان بۆ دۆزینەوەی هەلی نوێی كاركردن كردووە، بەتایبەت خۆئامادەكردن بۆ پرۆسەی دامەزراندنی ئەو بەشەی كە لە 25 هەزار دامەزراندنەكەی حكومەت بۆ پارێزگای دهۆك تەرخان دەكرێت، كە تاكو ئێستا هیچ ژمارەیەكمان لەبەردەستدا نییە كە لەدامەزراندن بەر پارێزگای دهۆك دەكەوێت، بەڵام بەپێی پێشبینی لیژنەی دامەزراندن لە پارێزگای دهۆك 15تا 20 هەزار فۆرم پڕ دەكرێتەوە، لەم روانگەیەوە پرۆسەكە بەشێوەیەكی رێكوپێك ئامادەكاری بۆ كراوەو بنەماكانی شەفافییەت و كێبڕكێیەكی راست و دروست بۆ ئەو كەسانە دابین دەكرێت كە فۆرمەكە پڕ دەكەنەوەو سیستەمێكی باش بۆ سەركەوتنی پرۆسەكە دانراوە، تاوەكو بەشێوەیەكی دادپەروەرانەو دوور لەهەموو دەستێوەردانێكەوە و لە ڕێگەی كێبركێ وە هەلی بەدەستهێنانی وەزیفی بۆ گەنجەكان دابین بكرێت. سەبارەت بەدواكەوتنی دابەشكردنی فۆرمی دامەزراندنیش، پارێزگاری دهۆك پێیوابوو «پەلەكردن لەپرۆسەی دابەشكردنی فۆرمی دامەزراندن بێ ئەوەی وردەكاری پێویستی تێدا بێت هەڵەیەكی گەورەیەو كەموكوڕی دەخاتە ناو جێبەجێكردنی پرۆسەكە، بۆیە دوای دیراسەكردن و چەند كۆبوونەوەیەك فۆرمەكە رێكخراوەو پرۆسەیەكی باشی بۆ دانراوەو بڕیاریشە لە هەفتەی داهاتوو ئەو فۆرمە دابەشبكرێت، تاوەكو بەڕێوەبەرایەتییەكان بەپێی پێداویستی خۆیان ئەو ژمارەیەی كارمەندان دابمەزرێنن كە بەر پارێزگای دهۆك دەكەوێت، كە وەكو باسم كرد تا ئێستا دیار نییە چەند بەر پارێزگای دهۆك دەكەوێت، كە داوامان كردووە ژمارەیەكی كەم نەبێت و پارێزگاكە مەغدوور نەكرێت، بێگومان ئێمە وەكو پارێزگای دهۆك ئەو ژمارەیە لە دامەزراندن بەكەم دادەنێین و پێشتریش ئەو بۆچوون و ڕەخنانەی خۆمان بەرزكردۆتەوەو پێمانوایە پارێزگای دهۆك پێویستی بەژمارەیەكی زیاتر هەیە، لەگەڵ ئەوەشدا ئێمە تەنیا بەم ژمارەیە ناوەستین كە بڕیارە لە25 هەزارەكە بەر پارێزگای دهۆك بكەوێت، بۆیە هەوڵ دەدەین لە ڕێگەی بووژانەوەی كەرتی تایبەت و بەشداریپێكردنی زیاتری بیزنسكار و وەبەرهێنان لە پرۆژەكان هەلی كارێكی زیاتر بۆ گەنجان بدۆزینەوە..


لەپارێزگای سلێمانیش لە 25/5/2011 ەوە پرۆسەی دابەشكردنی فۆرمەكان دەستی پێكردووەو تا 8/6/2011 بەردەوام دەبێت، بۆ ئەم مەبەستەش فۆرمێك دراوە بەو كەسانەی ئارەزووی دامەزراندنیان هەیە كە لەم راپۆرتەدا بڵاوی دەكەینەوە، هاوكات لە وەڵامی چەند پرسیارێكی گۆڤاری گوڵاندا سەرچڵ ئەنوەر بەڕێوەبەری كاروباری یاسایی پارێزگای سلێمانی و ئەندامی لیژنەی دامەزراندن باسی لە وردەكارییەكانی ئەو پرۆسەیەو، ئەو ژمارە فەرمانبەرانەش كرد كە بۆ سنووری پارێزگای سلێمانی و گەرمیان و دەوروبەری دانراوە لێرەدا پوختەی وەڵامەكانی دەخەینە روو .
فۆرمەكانی دامەزراندن بە هەماهەنگی نێوان پارێزگاری سلێمانی و بەڕێوەبەرایەتی ئاماری سلێمانی ئامادەكراوە، لە فۆڕمەكەدا چەند خاڵێكی پێویست و گرنگی تێدا رەچاو كراوە، بۆ ئەوەی دامەزراندنەكە شەفافیەت و دادپەروەری تێدا بێتەدی، لەوكاتەدا پڕۆسەكە جوان و بێگەرد و بێ جیاوازی دەبێت.
سنووری پارێزگای سلێمانی و ئیدارەی گەرمیان و دەوروبەری بۆ فۆڕم دابەشكردن 51بنكەی بۆ دانراوە، تەنیا سلێمانی 22بنكەیە و 3 بنكەش دراوە بەقایمقامیەتی ناوەندی سلێمانی، ئەویش بۆ قایمقامیەت و ناحیەكان و دوو بنكە بۆ بەكرەجۆو بۆ هەر یەك لە بازیان و عەربەتیش بنكەیەك دەستنیشانكراوە، هەر بنكەیەك دوو فەرمانبەری بەڕێوەبەرایەتی ئامار و یەك فەرمانبەری یاسایی و بەڕێوەبەری دایانگایەكی تێدا دانراوە كە فۆڕمەكان دابەشی سەر خەڵكەكە دەكەن، بنكەكانی فۆڕمی زانكو و پەیمانگا دابەش دەكەن لە یەكتر جیا كراینەوە، هەروەها فۆڕمەكان لە ڕەنگەكانیش لە یەكتر جیاكراینەوە(ڕەنگی فۆڕمی زانكو شینە و پەیمانگا قاوەیی)یە، لەلایەكی تر هەر بنكەیەك سێ پیتی ئەبجەدی بۆ دانراوە، واتە بەپێی پیتی یەك لەدوای یەكی ئەبجەدی نییە كە هەر هەموو كەسێك بچێتە بنكەكان، هەموو ئەو كارانە زۆری بنكەكان و جیاكردنەوەی بنكەكانی زانكو و پەیمانگا و ئەوانەی تر بۆ كارئاسانی خەڵكەكە و كەمتر ماندوو بوونیانە.
لەم 25 هەزار كەسە لەسنووری سلێمانی و گەرمیان و دەووروبەری نزیكەی 11هەزار كەس میلاكی بۆ دانراوە كە دابمەزرێن، گەرچی تا ئێستاكە زیاتر لە 14 هەزار فۆڕم دابەش كراوە و دابەشكردنی فۆڕمەكانیش لە 25/5/2011 دەستی پێكردووە تا 8/6/2001 بەردەوام دەبێت، ( ئەو فۆڕمانەش تەنیا فۆڕمی دامەزراندنی دەرچووانی زانكو و پەیمانگاكانە) لە دوای ئەم 15 ڕۆژەوە بۆ ماوەی 15 ڕۆژیش فۆڕمە دابەشكراوەكان وەردەگرینەوە، لە پاشان بۆ ماوەی 15 ڕۆژی تر فۆڕمی دەرچووانی ئامادەیی و ناوەندی و بێ بڕوانامە دابەش دەكەین و بەماوەی 15 ڕۆژیش فۆڕمەكان وەردەگرینەوە، لەپاش ئەو دوو مانگە ئینجا دەست دەكەین بە داخڵكردنی فۆڕمەكان، لە داخڵكردنەكەش كۆدەكانی سەر فۆڕمەكان داخڵ دەكرێت نەك ناو، بەڵكو بە كۆدەكانی كە لەسەر فۆڕمەكان دیاری كراوە داخڵی كۆمپیوتەری دەكەین، بۆ ئەوەی كەس نەزانێ ئەمە كێیە و دادپەروەری و بێگەردی لە كارەكان هەبێت، پرۆسەی دامەزراندن و دەرچوونی ناوەكان بە سیستەمێكی زانستی و شەفاف پیادە دەكرێت و ئەوەی هەقی خۆی هەیە و لە كێبڕكێیەكە دەباتەوە كۆدەكەی دێتە پێشەوەو لە كۆمپیوتەرەكە ناوی دەردەچێت، بەشێوەیەكی گشتی ئەم كارە بەپێی ئەو سیستەمەی باسمانكرد دادپەروەرانەو شەفاف دەبێت، ئەو خاڵانەی بۆ كێبڕكێیەكە دەبێتە پێوەر ئەمانەن( ساڵی دەرچوون لە زانكۆ و پەیمانگا، بەرزی نمرەو ئاستی زانستی، باری كۆمەڵایەتی سەڵتە یان خێزاندارە، پسپۆڕایەتی بەپێی ئەو میلاكاتەی كە پێویستە، شارەزایی و ماوەی كاركردن و ئەزموونی لە پسپۆڕایەتیەكەی).
هەروەها پێویستە ئەوەی فۆڕم پڕ دەكاتەوە بە بەڵگە و دۆكێمێنت و زانیاری راست و دروست پڕی بكاتەوە و لە خوارەوەی فۆڕمەكان هەر كەسێك كە فۆڕم پڕ دەكاتەوە دەبێ واژو لەسەر زانیارییەكانی بكات كە هەر هەمووی راستە، ئەوەی زانیاری بە هەڵە بدات لێپرسینەوەی لەگەڵ دەكرێت، هاوكات هەر كەسێك دوو فۆڕم پڕ بكاتەوە هەقی لە دامەزراندنەكەی دەسووتێت، بۆیە پێویستە خەڵكەكە لە كاتی فۆڕم پڕ كردنەوەكەدا وردو هەستیاربن و هەست بە بەرپرسیاریەتی بكەن.
Top