دەستەی وەبەرهێنانی خەبات هیچ پرۆژەیەكی ئەنجام نەداوە

دەستەی وەبەرهێنانی خەبات هیچ پرۆژەیەكی ئەنجام نەداوە
رزگار مستەفا قایمقامی قەزای خەبات بۆ (گوڵان):
هیچ هەست بە كاری وەزارەتەكان لەخەبات ناكەین و هەموو ئیمكانیاتی ئێمە لەسەر بودجەی پەرەپێدانە


قەزای خەبات كەوتۆتە باشووری رۆژئاوای هەولێر بە دووری 35 كم و سنوورێكی بەرفراوانی بە پیت و بەرەكەتی كشتوكاڵی هەیە، ئەم قەزایە سەرەتا گوندێكی بچوك بووە بەناوی هەنجیرۆك، دواتر خەڵك زیاتر روویان تێكردووەو كراوەتە كۆمەڵگا، لە ساڵی 1976 بۆتە ناحیەو لە ساڵی 2006 بۆتە قەزا، ئێستاكە قەزای خەبات ناحییەكانی (رزگاری و كەوروگۆسك و دارە شەكران ) و سێ كۆمەڵگا و 60 گوند لەخۆ دەگرێت، بە گشتی ژمارەی دانیشتوانی 120 هەزار كەسە، سەنتەری شارۆچكەكە زیاتر لە 30 هەزار كەسی تێدا دەژی.

، لە دوای راپەڕینەوە بەتایبەتی لە دوای 2006 كە بۆتە قەزا زیاتر بەرفراوان بووەو ساڵانە بە بەردەوامی كارو پرۆژەی خزمەتگوزاری لێ ئەنجامدراوە، بەڵام كار و پرۆژەكان بەپێی داواكاری خەڵكەكە نییە و پێویستی بە ئاوڕلێدانەوەی زیاتر هەیە، لێرە و لەوێ دانیشتوانی قەزای خەبات گلەیی و گازاندەیەكی زۆریان لە كارە خزمەتگوزارییەكان هەیە، ئێمە وەكو تیمی گۆڤاری گوڵان سەردانی سەنتەری قەزای خەباتمان كرد و بەناو گەڕەك و كۆڵانەكانی شارۆچكەكە گەڕاین و چەند هاووڵاتییەكمان دواند، یەكێك لە هاووڵاتییەكان لە چەندین لایەنەوە گلەیی و رەخنەی خستەڕوو لە مانە باسی خراپی شەقام و كۆڵانەكانی ناو شارەكە و زۆری قوتابی لە پۆلێك كرد، هاوڵاتییەكی تر باسی زێدەڕۆیی و خراپی ئاوی خواردنەوەو كۆنی تۆڕی دابەشكردنی ئاوی خواردنەوە كردوو ئێمەی بردە سەر بۆرییەكی ئاوخواردنەوە كە ماوەیەكە شكاوەو ئاوی لێدەڕوات، تەنانەت لەبەر بوونی ئاستەنگێك كە پەیوەندی بە ماستەرپلانی هەولێرەوە هەیە ناتوانرێت بەپێی پێویست زەوی تەرخانبكرێت بۆ نیشتەجێبوون، لەلایەكی ترەوە گرفتی كەرتی تەندروستی زۆرە بەرادەیەك خەڵكی خەبات بۆ چارەسەری تەندروستی دەچنە قەزای حەمدانیە، ئەم گلەیی و گازاندانە و چەند پرسیارێكی ترمان ئاراستەی(رزگار مستەفا) قایمقامی قەزای خەبات كرد، ئەویش بەخۆشحاڵییەوە پێشوازی لە رەخنەو بەسەركردنەوەی قەزاكەیان كردوو راوبۆچوونی خۆی بۆ گۆڤاری گوڵان بەمجۆرە خستەڕوو.

لە سنووری قەزای خەبات ژمارەیەكی زۆر سەرپێچی كراوەتە سەر زەوی شارەوانی
لە زۆربەی قەزاو ناحیەكانی هەرێمی كوردستان دیاردەی زێدەڕۆیی هەیە، قەزای خەباتیش لەم دیاردەیە بەدەرنییەو خەڵكانێ هەن بەبێ گوێدانە هیچ رێنماییەك خانوویان لەسەر زەوی شارەوانی دروستكردووە، بەڵام ئەو زێدەڕۆیانە پێویستە سنورێكی بۆ دابنرێت و چارەسەر بكرێت، چونكە لەلایەك هۆكارێكە بۆ ناشرینكردنی شارەكە، لەلایەكی تر رێگرە لە ئەنجامدانی زۆر كاری خزمەتگوزاریی، لەمبارەوە قایمقامی قەزای خەبات گوتی: حاڵەتی زێدەڕۆیی بەشێوەیەكی گشتی لە هەموو قەزاو ناحییەكانی هەرێمی كوردستان هەیە، لە سنووری قەزای خەباتیش ژمارەیەكی زۆر سەرپێچی كراوەتە سەر زەوی شارەوانی، بەڵام بۆی هەیە لە سنووری ئێمە ئەو دیاردەیە زیاترە لە هەندێ شوێنی تری هەرێمی كوردستان، گەرچی ئەو شوێنانەی تاپۆ یان ئیفرازی شارەوانین و شوێنەكانی بۆ خزمەتگوزاری و شوێنی گشتی تەرخانكراون بە هیچ جۆرێك نەمان هێشتوە زێدەڕۆیی لەسەر بكرێت، بەڵام ئێمە گرفتێكمان هەیە كە لە كاتی حكومەتی عێراقی پێش ئەوەی خەبات بكرێتە ناحیەش دوو سێ گەڕەكی بچووك بە زێدەڕۆیی دروستكراوە، لەوانە كۆنە كەلەك كە وەكو گوندێك خۆی نیشان دەدات و زیاتر لە هەزار ماڵی لێیە، هەروەها خانووەكان وەكو گوند دروستكراوەو ئەو خانوانەی ئێستاش دروست دەكرێن هەر لەسەر هەمان شێوەیە، لەلایەكی تر لەسەردەمی رژێمی بەعس سەرۆك شارەوانییەك هەبوو بەناوی حسام گەڕەكێكی لەوێ بە زێدەڕۆیی بەناوی حساماوە دروستكردووە، ئێستاش حساماوە هەرماوە و زۆر ناڕێكە چەند ساڵێكە خەریكین چاكی بكەین، بەڵام تا ئێستا نەتوانراوە بكەوێتە سەر شێوەی گەڕەكێكی گونجاو و هاوچەرخ و گەرەكێكی ترمان بەناوی فەتحاوە هەیە، ئەویش درێژكراوەی كۆنە كەلەكە كە تا ئێستا نەمانتوانیووە بیگونجێنین لەگەڵ نەخشەی بنەڕەتی خەبات، بەڵام ئێستاكە لە شوێن و گەڕەكەكانی تری ناو قەزاكە تونیوومانە رێگا بگرین لە زێدەڕۆیی و سەرپێچی.

هەندێ جار نەك چاودێری شارەوانی
بەڵكو پۆلیسش ناتوانێ ئیجرائات وەربگرێت
لە كاتی خانوو دروستكردن دەبێ مۆڵەت وەربگیرێت، هەندێ كەس كە خانوو دروست دەكەن ناچن مۆڵەت وەربگرن، بەڵكو لە كاتی سەردانی چاودێری شارەوانی بۆ سەر خانووەكان بەشێوەیەكی نا یاسایی ئەو فەرمانبەرە رازی دەكەن و لەم حاڵەتەدا دەبێ چۆن رووبەڕووی گەندەڵی كارگێڕی و دارایی لەخەبات ببنەوە، لەمبارەوە قایمقامی قەزای خەبات ووتی:
قەزای خەبات لە زۆربەی شوێنەكانی تری كوردستان كەمتر ناوی لە گەندەڵی هاتووە، جار جار دەبیستین كە كارمەند یان چاودێرێكی شارەوانی كەمتەرخەمن و دەبنە رێگر لە نێوان ئێمە و ئەو كەسەی كە زێدەڕۆیی دەكات، بەڵام لە (100%) ش بەڵگەمان لە بەردەست نییە كە ئەوە ڕوویداوە یان چەند پارە وەرگیراوە، لەمبارەوە دوو ساڵی پێش ئێستا لێپێچینەوەش لەگەڵ چاودێری شارەوانی كراوەو سزا دراوەو لە كارەكانیشی لادراوە، چاودێری ترمان لە جیاتی داناوە، بەڵام دەبێ ئەوەش بزانین كە سنووری قەزای خەبات عەشایرییە و چەندین عەشیرەتی لێیە، بۆیە هەندێ جار نەك چاودێری شارەوانی بەڵكو پۆلیسش ناتوانی ئیجرائات وەكو ئەوەی ئێمە و حكومەت دەمانەوێت وەربگرێت، بۆیە هەندێ جار چاوپۆشی لە زێدڕۆیی كراوە، هەروەها بۆی هەیە لە كاتی موزایەدەكردن ئەو خەڵكەی دەچێ رادەوستێ لەبەر كلتور و دابونەریتی سنوورەكە لەسەر كابراكە زیاد نەكەن لە ئەنجامدا زەوی یان هەر كار و پرۆژەیەكی تر بێت بۆ ئەو كەسە دەردەچێت كە لەسەرەتا چۆتە ناو موزایەدەكەوە، دەنا ئێستا كەس نییە بتوانێ پارچە زەویەك بە زۆری داگیر بكات، بەڵام پێشتر یان لە چەند ساڵی رابردوو دیاردە و حاڵەتی بە زۆر داگیركردن و زێدەڕۆیی هەبوو، هەر بۆیە كەسانێك نەك خانوو بەڵكو دوكانیشی بە زێدەڕۆیی دروست كردووە.

موزایەدەكردنی زەوی و زار پەیوەندی
بە قایمقامیەتەوە نییەو لەلایەن
شارەوانیەكانەوە پیادە دەكرێت
لەو شەقامە سەرەكیەی كە لە هەولێرەوە دێـتە ناو سەنتەری قەزای خەبات لە دەروازەكەی لەملا و ئەملای رێگاكە هەندێ پارچە زەوی بە شۆفل و قەلاپە كاری لەسەر دەكرێت، دیارە ئەو پارچە زەویانە بە موساتەحە دراوە بە وەبەرهێن، بەڵام ئێستاكە بە پەلە دەیانەوێت كار لەسەر پرۆژەكان بكەن، پێشتر پێش پەیامەكەی سەرۆكی هەرێم بەهیچ شێوەیەك كار لەو پرۆژانە نەكراوە. بۆ بەدواداچوونی ئەم مەسەلەیە قایمقامی قەزای خەبات گوتی: ئەو دیوەی كە ئێستا كاری لەسەر دەكرێت تازە دراوە بە وەبەرهێن و كۆن نییە و موزایەدەكەش لەلایەن شارەوانییەكانەوە كراوە دوور و نزیك وەكو قایمقامیەت موزایەدەكردن پەیوەندی بە ئێمەوە نییە، تەدەخولی ئێمە لەم جۆرە كارانە دەبێتە كارێكی رۆتین و سلبی، بەڵام لە هەر موزایەدەیەك لە سنوورەكەمان ئەنجامی بدرێت نوێنەری ئێمە ئامادە دەبێت، بەڵام وەكو لە پێشتریش ئاماژەم پێدا لە موزایەدەكان كە خەڵكێك دەچێتە ناوی و بە خەڵكەكەی تر دەڵێت: (ئەم شوێنە هی منە..) لەو كاتەدا خەڵكەكەی تر لە موزایەدەكە بەشدارنابن یان بەشداریش بن لەسەر ئەوەی تر زیادی ناكات، ئەمەش لەلای ئەوان رێزگرتنی كەسایەتی و عەشائیرییە، بەڵام لەلای ئێمە بە گرفت دانراوەو پێویستە چارەسەر بكرێت.
دەستەی وەبەرهێنان هیچ پرۆژەیەكی لە سەنتەری قەزاكە ئەنجام نەداوە
وەكو دەزانین دەستەی وەبەرهێنان بۆ ئەوە دامەزراوە كە كار لە بواری جیاجیای وەبەرهێنان لە شارو شارۆچكەكانی كوردستان بكات، بۆ ئەوەی بەشێوەیەكی دادپەروەرانەو بێ جیاوازی بەپێی تواناو پێداویستییەكان ئاوەدانكردنەوەو گەشەكردن لە هەرێمی كوردستان بەرەو پێش بەرێت، بەڵام دەستەی وەبەرهێنان و كەرتی تایبەت لە زۆربەی قەزا و ناحیەكانی كوردستان كاریان نەكردووە یا زۆر كەم پرۆژە لەم قەزاو ناحیەكان ئەنجامدراوە، لەمبارەوە قایمقامی قەزای خەبات وتی:
تا ئێستا دەستەی وەبەرهێنان هیچ پرۆژەیەكی لە سەنتەری قەزا ئەنجام نەداوە، ئێستاكە كۆمپانیایەك هاتووە بۆ ئەنجامدانی پرۆژەیەكی شاری یاری لە قەزای خەبات، ئەمەش لە قۆناخی مۆڵەت پێدانە، بەڵام تا ئێستا نەتوانراوە وەبەرهێنان لە بواری نیشتەجێبوون پرۆژە ئەنجام بدات، هۆكارەكەش زیاتر بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە زەویمان نییە بۆ ئەمبوارە تەرخان بكەین.
ماستەر پلانی خەبات لە نێوان ماستەرپلانی هەولێر و زێی گەورە چەقی بەستووە
ماستەرپلان لە هەموو شارو شارۆچكەیەك نەخشە رێگای گەورەبوون و گەشەكردنە، هەر ماستەرپلان وا دەكات كارو پرۆژە خزمەتگوزارییەكان لە بەرنامەو پلانی تۆكمە سەركەوتن بەدەست بێنێت، بەڵام كێشەیەكی ماستەرپلان هەیە قایمقامی قەزا خەبات گوتی: كێشەیەكمان لەگەڵ ماستەرپلانی هەولێر هەیە، ئەویش ئەوەیە كە ماستەرپلانی هەولێر تا مەفرەقی كەورگۆسك هاتووە، ئەم سنوورەش ماستەرپلان و سنووری قەزای خەباتە، دیارە لە كاتی دانانی ماستەرپلانی هەولێر نەهاتوونەتە سەر شوێنەكە، بەڵكو هەر لەسەر مێزو لە ناو نووسینگە ماستەرپلانەكە ئەنجام دراوە، ئەمەش گەورەترین گرفتی خستۆتە فراوانبوونی قەزای خەبات، چەند جارێك داوامان لەلایەنی پەیوەنداركردووە كە ئەم كێشەیە چارەسەر بكەن، دیارە ئێستاكە خەریكن پێداچوونەوە لەم ماستەرپلانەی هەولێر بكەنەوە.
قەزای خەبات ماستەر پلانی هەیە، بەڵام ماستەرپلانەكە لە نێوان ماستەرپلانی هەولێر و زێی گەورە چەقی بە ستووە و ناتونین گەشە بە بەر فراوان بوونی شارەكە بدەین بە هەموو ئاراستەكان، بەڵام ئێستاكە بە تەریبی ماستەرپلانی هەولێر و زێی گەورە كار لەسەر گەورەبوونی شارۆچكەكە دەكەین، هەر بەم پێیەش بەلای كەوروگۆسك ژمارەیەكی زۆر زەویی نیشتەجێبوونمان بەسەر هاووڵاتیان دابەشكردووە.
هەشت هەزاركەس لە ناوچە دابڕاوەكان هاتوونەتە خەبات ئەوانەش ئەرك و قورساییەكی زۆریان دروستكردووە
سەبارەت بەوەی كە ژمارەیەك زۆر لە عەرەب و خەڵكی ناوچە و سنورەكانی دیكە ئاوارەی قەزای خەبات بوون، كە لەگەڵ خۆشیان ئەرك و كۆمەڵێك گرفتیان هێناوە، لەمبارەوە قایقمامی قەزای خەبات گوتی: ژمارەی عەرەبەكان كەمە، بەڵام ئەوەی زیاتر هاتوون كوردن لە ناوچە دابڕاوەكانە كە ژمارەیان زیاتر لە هەشت هەزار كەسە، ئەوان لەگەڵ خۆیان گرفتی زۆریان بۆمان دروستكردووەو ئەرك و قورساییەكی زۆریان خستۆتە سەر پرۆژە خزمەتگوزارییەكانی وەكو ئاو و كارەبا و پەروەردە و تەندروستی.. تاد. پێویستە ئەوەش بزانین لەگەڵ هاتنی ئەم هاووڵاتیانەمان هیچ جۆرە بودجەیەك لەلایەن حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ چارەسەركردن گرفتەكان دابین نەكراوە، یەكێك لەو گرفتانەی زیاتر دەركەوت گرفتی كەمئاوی خواردنەوە بوو لە ماوەی ئەو دوو سێ ساڵەدا زیاتر لە(20) بیری ئاوی خواردنەوەمان لێداوە لە ئەنجامدا گرفتی ئاومان لە قەزاكە نەماوە، هەروەها هاتنی ئەو ژمارە زۆرەی ئاوارەكان وایكرد پاڵەپەسۆیەكی زۆر لەسەر بازاڕ دروست بكەن و هۆكارێكی سەرەكی ئەزمەی نیشتەجێن، جگە لەمانە لە زۆرلاوە هەوڵی زێدەڕۆییان دەدا و بۆ چارەسەركردنی نیشتەجێبوون هەستاین بەدابین كردنی زەوی بۆ ئەو خێزانانەی كە ژمارەیەكی زۆر لە ناو خانوو و بینایەی حكومی دەژین و كارو پرۆژە خزمەتگوزاری سەرەتایەكانمان بۆ ئەو پارچە زەویانە بردەوە تاوەكو بتوانن خانوو بۆ خۆیان دروست بكەن، ئینجا دەتوانن خانوو بینایە حكومیەكان بەجێ بێڵن.
تەنیا توانیبوومانە زبلۆخاشاك لە خەڵك دوور بخەینەوە كەچارەسەرێكی كۆن و تەقلیدی و ترسناكە
كۆكردنەوە و خۆ زرگاركردن لە زبلۆخاشاك گرفتێكی سەرەكی زۆربەی شار و شارۆچكەكانی هەرێمی كوردستانە، بۆ ئەو مەبەستە دەبێ قەزا خەبات چۆن چارەسەری ئەو لایەنە بكات لەمبارەوە قایمقامی خەبات گوتی: ئێستا بە سیستەمێكی زۆر كۆن زبڵۆخاشاك لە سەنتەری قەزا كۆ دەكرێتەوەو لە شوێنێكی دەرەوەی شارەكە لە ژێر خۆڵ دەنرێت ئەمەش رێگایەكی زۆر مەترسیدارە بۆ پیسبوونی ژینگەو بڵاوبوونەوەی نەخۆشی، لەلایەك تر زبڵۆخاشاكی شاری هەولێر كە دەگوازرێتەوە بۆ كانی قرژاڵە، ئەمەش گرفتی گەورەی بۆ دروستكردووین بەتایبەتی كە لەوەرزی هاوین ئاگر دەگرێت و چڕە دووكەڵ سەر خەبات دادەپۆشێت و ماوەی هەفتەیەك بەمشێوەیە دەمێنێتەوە، ئەوەی خەباتیش دەتوانم بڵێم تەنیا توانیبوومانە زبڵۆخاشاكەكە لە خەڵكە كە دوور بخەینەوە دەنا چارەسەر كردنەكەی هونەری و زانستی نییە، بەڵكو كۆن و تەقلیدی و ترسناكە.

تۆڕی رێگاوبانی گوندەكانی سنووری قەزای خەبات بە حوكمی ئەوەی لە هەولێر نزیكین باشە
شەقام و كۆڵانەكانی ناو قەزای خەبات بەشێكی قیرتاو كۆنكرێت كراوەو بەشێكی زۆر خراپ و بێسەروبەرە لەمبارەوە قایمقامی خەبات ووتی: لە ماوەی سێ ساڵی رابردوو بە بەرنامەو پلان لەسەر قیرتاو و كۆنكرێت كردنی شەقام و كۆڵانەكانی قەزای خەبات كارمان كردووە لەسەرەتادا گەرەكی ئاشتی كە هەژار نشینن قیرتاو كرا و كۆنە كەلەكمان خستۆتە ژێر جێبەجێكردن بەشێكی زۆری لە كۆڵانەكانی كونكرێت كراوە و قۆناغ بە قۆناغ هەر هەموو كۆڵانی گەڕەكەكان كۆنكرێت دەكەین، بێگومان هەندێ شوێن و گەڕەك هەیە تا ئێستا كۆڵان و شەقامەكانی قیرتاو و كۆنكرێت نەكراوەو خراپ و بێسەروبەری پێوە دیارە، بەڵام ئەو گەڕەك و شوێنانەش قۆناغ بە قۆناغ ساڵ لە دوای ساڵ بە بەرنامە كارو پرۆژەی رێگا و كۆڵانەكانیان بۆ قیرتاو و كۆنكرێت دەكەین، تۆڕی رێگاوبانی گوندەكانمان بە حوكمی ئەوەی لە هەولێر نزیكین باشەو ئەمساڵ چەندین گوندیش لەبەرنامە دایە كارو پرۆژەی رێگاوبانیان بۆ ئەنجام بدرێت.
داوای پرۆژەیەكی ستراتیژی ئاوی خواردنەوەمان كردووە كە بڕی 10ملیۆن دۆلاری تێدەچێت
هەر چەند قەزای خەبات لەسەر زێی گەورەیە؛ بەڵام لێرە و لەوێ لە هەندێ گەڕەك و شوێن گرفتی ئاوی خواردنەوە هەیە و بۆڕی دابەشكردنی ئاو لە چەندین شوێنی ناو شارۆچكەكە شكاوە، بە قسەی خەڵكەكە چەند جار داوا دەكەن بۆیان چارەسەر ناكرێت و گەڕەك هەبوو خەمی ئەوەیان هەبوو كە لەگەڵ هاتنی وەرزی گەرما ئاویان نابێت، لەمبارەوە
قایمقامی قەزای خەبات گوتی: پرۆژەیەكی ئاوی خواردنەوەمان هەیە كەوتۆتە ئەو دیوی بەلای ناحیەی كەلەك ساڵی رابردوو لە رێگای خاچی سووری نێودەوڵەتی لەسەر حیسابی بانكی نێودەوڵەتی نۆژەنكرایەوە، بەڵام ئەمەش لەگەڵ ئەو ژمارە بیرەی هەمانە چارەسەری یەكجارەكی ئاوی خواردنەوەی بۆ خەبات مسۆگەر نەكردووە، بۆیە پرۆژەیەكی ستراتیژی ئاوی خواردنەوە خراوەتە بەرنامە و دیزاینی پرۆژەكەش دروستكراوە، بەڵام بودجەی تێچوو ماوە بۆی تەرخان بكرێت كە زیاتر لە(10) ملیۆن دۆلاری پێویستە، ئەم پرۆژەیە بۆ هەموو سنوری قەزاكەیە، بە تەواوبوونی ئەم پرۆژەیەش گرفتی ئاوی خواردنەوە لە قەزا و ناحیە و كۆمەڵگاكان و سنوورەكە بە تەواوی نامێنێت پاش تەواوبوونی ئەم پرۆژە ستراتیژیە بیری ئاوەكانی ناو قەزا و ناحیە و كۆمەڵگاكان دادەخرێت بۆ پاراستنی ئاوی ژێر زەوی، هەروەها تۆڕی دابەشكردنی ئاوی خواردنەوەی ناو قەزا كۆنە، هەر بۆیە ساڵانە بە بەرنامە ئەو تۆڕە دەگۆڕین و هەر هەموو تۆڕە كە تازە دەكەینەوە، ئەو بۆریانەی جار جار دەشكێن و لەو شوێن و كۆمەڵگایانەن كە لە ساڵانی 1970 و 1980 دروستكراون و بۆڕی دابەشكردنی ئاوەكانیش پلاستیكن و كۆن بوون و دەشكێن، بەڵام بەرنامەكە دانراوە گەڕەك بە گەڕەك تۆڕی دابەشكردنە كۆنەكە دەگۆڕین بە تۆڕی تازە.
هەست ناكەم هیچ لە دەسەڵاتەكەم زیادی كردبێت
سەبارەت بەو دەسەڵاتە ئیداریەی كە لە سەرۆكایەتی ئەنجوومەنی وەزیران بۆ بەرپرسی یەكە ئیدارییەكان دابەزیووە و كاریگەری هەیە لەسەر ئیشوكارەكانیان یان دەسەڵاتەكە هەر وەكو خۆیەتی، قایمقامی قەزای خەبات ووتی:
راستە وەكو بڕیار و نووسراو و دەسەڵاتەمان بۆ دابەزیووە، بەڵام تا ئێستاكە هەست ناكەم هیچ لە دەسەڵاتەكەم زیادی كردبێت، ئەگەر دەسەڵاتی ئیداری دابەزێش بەبێ دەسەڵاتی دارایی و بودجە هیچ سوودی نییە، لە راستیدا پێویستە بۆ گەشەكردنی قەزا و ناحیەكان بۆ هەر یەكەیان بەپێی پێویستی و داڕمان و ژمارەی دانیشتوانی بودجەیەكی تایبەتی بۆ دابنرێت و یەكەیەكی ژمێریاریش لە یەكە ئیدارییەكان دابمەزرێت و كار بەلامەركەزییەت بكرێت لەو كاتەدا بە هاوكاری هەموولایەكی شارۆچكەكە دەتوانرێ كارو پرۆژەی باش و ستراتیژی ئەنجام بدرێت، بەڵام ئێستاكە هەموو ئیمكانیاتی ئێمە لەسەر بودجەی پەرەپێدانە، چونكە هیچ هەست بە كاری وەزارەتەكان ناكەین، گەرچی وەزیرەكان سەردانمان دەكەن، بەڵام ئەو سەردانانە بەبێ ئەنجامە،،تا ئێستا هیچ داواكاریەكمان لە رێگای وەزیرەكانەوە پێشكەش نەكردووە، لەبەر ئەوەی رۆژێك لە رۆژان وەزیرێك نەهاتۆتە لامان و لێمان بپرسێ كێشە و گرفتان چییە، دەتوانین بڵێین هەماهەنگی لە نێوان وەزارەتەكان و یەكە ئیداریەكان نییە.
قەزای خەبات پێویستی بە نەخۆشخانەیەكی
فریاكەوتنی چەند قەرەویڵەیی و نەخۆشخانەیەكی گشتی(50) قەرەویڵەی هەیە
سەبارەت بە كەرتی تەندروستی كە بوارێكی گرنگە و راستەوخۆ پەیوەندی بە ژیان و سەلامەتی هاووڵاتیان هەیە، قایمقامی قەزای خەبات گوتی: كێشە و گرفتی زۆرمان لە بواری تەندروستی هەیە، ئێستاكە خەڵكی خەبات بۆ چارەسەری تەندروستی دەچنە قەزای حەمدانیە، لەبەر ئەوەی تا ئێستاكە نەخۆشخانەیەك لە خەبات نییە، بەڵكو بنكەیەكی فیریاگوزاری تەندروستی زۆر سادە و بچووك و چوار بنكەی تەندروستیمان هەیە كە لە رێگای ئەم بنكانەوە ناتوانرێ كاری پێویست بۆ خەڵكەكە ئەنجام بدرێت، چونكە هۆڵی لە دایكبوون و منداڵان و تەخدیریان لێ نییە، قەزای خەبات كەوتۆتە نێوان سێ شار هەولێر و دهۆك و موسڵ، ئەمانە وایكردووە قەرەباڵغیەكی زۆر لەسەر خەبات هەبێت و رۆژانە كارەساتی جەرگبڕی هاتۆچۆ روودەدات، بۆیە پێویستمان بە نەخۆشخانەیەكی فریاكەوتنی چەند قەرەویڵەیی و نەخۆشخانەیەكی گشتی(50) قەرەویڵەیی هەیە، بەڵام لەمبارەوە هەست بە كەموكوڕی دەكەین.
كێشەی زۆری قوتابیان لە قوتابخانەكان هەیە
سەبارەت بە كەرتی پەروەردەو كێشەو گرفتی سێ دەوامی و دوو دەوامی و زۆری قوتابی لە پۆلێكدا قایمقامی قەزای خەبات گوتی: پاش دامەزراندنی بەڕێوەبەرایەتی پەروەردە لە خەبات ڕەوشی خوێندن و پەروەردە زۆر باش بووەو كێشەی سێ دەوامیمان نییە، دەوامی قوتابخانەكان دوو دەوامییە هەندێك قوتابخانەش یەك دەوامیە، بەڵام كێشەیی زۆری قوتابیمان لە قوتابخانەكان هەیە و ساڵانە لە هەولێرەوە رێژەیەك مامۆستا بۆ خەبات دادەمەزرێن، بەڵام ئەو رێژەیەش بەپێی پێویست نییە. لە ماوەی دوو ساڵە لە ڕووی دروستكردنی قوتابخانە هەنگاوی باش نراوەو لە ساڵی 2011 (11) قوتابخانە لە سنووری خەبات دروست دەكرێت، هەروەها ئەمساڵ بۆ یەكەمجارە پەیمانگای كشتوكاڵی لە خەبات كرایەوە، لێرەدا بە پێویستی دەزانم بڵێم كە چەند ساڵە دەبووایە وەزارەتی خوێندنی باڵای كۆڵیژی كشتوكاڵی لە قەزای خەبات بكاتەوە. نازانم و تێناگەم خوێندنی باڵا بۆچی كۆلیژی ئاداب و پەروەردە لەم قەزایە بەرفراوانە ناكاتەوە، گەر چی تا ئێستا لە شاروشارۆچكەكانی تری كوردستان مامۆستا دەهێنرێتە خەبات و رۆژانە دەبێ ئەم مامۆستایانە لە هاتوچۆكردن تووشی زەحمەتی و ماندووبوون بێن.
پێویستە پۆلیسی دەریایی بۆ رووداوی خنكاندن و بەدواداچوون لەسەر زیێ و رووبارەكان لە كوردستان دابمەزرێن
سەبارەت بەوەی بە بەردەوامی لە كاتی گەشت و هاتنی خەڵك بۆ سەر زێی گەورە لە خەبات خەڵك دەخنكێت و زۆر بە زەحمەتی دەتوانرێ خەڵكەكە رزگار بكرێت و لەمبارەوە كەموكوڕی و گرفت بەرچاو دەكەوێت، قایمقامی قەزای خەبات گوتی: دەرهێنان و رزگاركردنی خەڵك ئەو حاڵەتانە زیاتر ئەركەكە كاری بەرگری شارستانی و پۆلیسی نەهریە كە كاتی خۆی هەبوو كە ئێستا نەماوە، پێشتریش گرفت لەمبوارە هەبوو لە دوای پێداویستی و كەلوپەلێكی زۆر بۆ بەرگری شارستانی دابینكرا، هەروەها ئێمەش لە رێگای پارێزگای هەولێرەوە هاوكاریانین و غەواسێكمان بۆیان دامەزراندو و بەلەمێكیشمان بۆیان كڕی تاوەكو لە حاڵەتی رووداوی خنكاندا هاوكاری خاوەن رووداوەكە بكەین، چونكە ئەو حاڵەتە زۆر ناخۆش و جەرگبڕە، بەڵام گرفت و كەموكوڕیی لە بواری پۆلیسی دەریایی هەر ماوە، كە پێویستە ئەو لایەنەش چارەسەر بكرێت و ئەوانەی زیاتر لێرە دەخنكێن خەڵكی دەروەی خەباتن و حاڵەتەكانی خنكانیش زیاتر لەو شوێنانەیە كە كارگەكانی قوم و چەو لە ئاستی خۆی زیاتر قۆلیان كردووە، بەڵام لە كاتێكدا كە پۆلیسی دەریایی هەبێت دەتوانن بە بەردەوامی بەپێی رێنمایەكان چاودێری ئەو كارگانە بكەن و نەهێلین لە ئاستی دیاریكراو زێیەكە قووڵتر بكەن.
بەماندووبوونێكی زۆر توانیمان
دارستانی خەبات سەر لەنوێ دابچێنینەوە
وەكو دەزانین سروشت و بوونی زێی گەورە وایكرد كە خەبات بنەماكانی گەشتیاری هەبێت، بەڵام وەكو دەبینین لەم لایەنەوە گرنگی بە خەبات نەدراوە، لەمبارەوە قایمقامی قەزای خەبات وتی: خەبات لە كاتی خۆی ناوچەیەكی گەشتیاری بوو، بەڵام لە دوای راپەڕین و نەمانی سووتەمەنی و بوونی دەستی خراپ دارستانی خەبات بە گشتی بڕایەوە تا رادەیەكی وا كۆڵكە و رەگی درەختەكانیشیان دەرهێنا(وەكو دەزانین ئەو دارستانە لە پێش ساڵانی پەنجاكان درەختەكانی ڕووێنراو بوو) ئەمەش وایكرد كە سیمای گەشتیاری لە دەست بدات تا ئاستێكی وا لە هزری خەڵك دەرچوو كە خەبات ناوچەیەكی خۆشی گەشتیاری بووە، هەروەها شوێنی دراستانەكەش لەلایەن خەڵكەوە كرا بە بێستان و شینایی، بەڵام لە پاشان بە هەوڵوو ماندووبوونێكی زۆر توانیمان شوێنی دارستانەكە لە شینایی و بیستانەكان چۆڵ بكەین و دەستمان كرد بەڕوواندنی دار و درەخت و خزمەتگوزاری بەردەوامی دارستانەكە، ئەو ماندووبوونە خەڵكی خەبات باش دەزانن نەك ئەوانەی لە دەرەوەی ئەو سنوورەن لە ئەنجامدا ئیستاكە شوێنەكە وەكو جاران بوویتەوە دارستانێكی چڕ و بەرفراوان، بەڵام لەلایەكی تر لەلایەن حكومەت ودەستەی وەبەرهێنان و كەرتی تایبەت، لە قەزای خەبات پرۆژەی گەشتیاری جێبەجێ نەكراوە و زۆریش داوامان لە وەبەرهێنەرانی ناوچەكە و ناوخۆ كردووە كە كار و پرۆژەی گەشت و گوزاری لە خەبات ئەنجام بدەن و هۆكارێكی تری كە بەخێرایی خەبات نەبۆتەوە ناوچەیەكی گەشتیاری ئەویش نزیكی خەباتە لە شاری موسڵ و خراپی باری ئاسایشی شاری موسڵە و تا رادەیەكی وا كە هەندێ تەقینەوەی تیرۆریستی لە گوندەكانی نزیك خەبات رویداوە وەكو لە گوندی وەردەك و ناوچە و شوێنەكانی برا مەسیحی و شەبەك و كاكەیییەكانیش رووبەڕوو و نزیك بوونەوە لە كاری تیرۆریستی بۆیە لە لایەن حكومەت و لایەن وبەرهێنەر نەتونرا پرۆژەی گەشتوگوزاری ئەنجام بدرێت.

هەردوو وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوە ئاوییەكان و وەزارەتی پیشەسازی و بازرگانی هیچ پرۆژەیەكیان لە دەڤەرەكە ئەنجام نەداوە
لە كۆتاییدا قایمقامی قەزای خەبات گوتی: بەرنامە و پلانمان هەیەكە ناوچەی پیشەسازی بگوازینەوە، چونكە ئێستاكە شوێنەكە زۆر گونجاو نییە و دیمەنی قەزاكەشی ناشیرین كردووە. هەروەها پرۆژەیەكمان لەبەر دەستە بۆ چاككردنی دەروازەی شارۆچكەكە، هەر لەماوەی ساڵانی رابردوو دوو گەڕەكەمان لە سەنتەری قەزاكە دروستكردووە، هاوكات 1300 پارچە زەوی بەسەر كرێچییانی قەزای خەبات دابەشكراوە. لە لایەكی تر وەكو هەموو لایەك ئاگادارین زێی گەورە ئاوێكی زۆری هەیە و بەبەردەوامیش ئاوەكەی دەڕوات. بۆیە پێویستە بەنداوێك لەسەر ئەو زێیە دروست بكرێت، لەمبارەوە لەناو ماستەرپلانی شاری هەولێر لەسەر زێی گەورە بەنداوێك دەستنیشان كراوە، بەڵام تا ئێستا نەكەوتۆتە بواری جێبەجێكردنەوە. ئێمەش بیرۆكەی پرۆژەیەكی موساتەحەی ئاومان هەیە بۆ یاری ئاوی ئەم پرۆژەیە دیزاینەكەشی ئامادەیە چاوەڕوانی ئەوەین كە بودجەی بۆ تەرخان بكرێت.
هاوكات وەكو دەزانین خەبات ناوچەیەكی بەرفراوانی كشتوكاڵی و پیشەسازی هەیە، گەرچی تا ئێستا هەردوو وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوە ئاوییەكان و وەزارەتی پیشەسازی و بازرگانی هیچ پرۆژەیەكیان لە دەڤەرەكە ئەنجام نەدراوە.
Top