لە قەزاو ناحییەكانی پارێزگای سلێمانی دا كێشەو گرفتی خزمەتگوزاری زۆر هەیە

لە قەزاو ناحییەكانی پارێزگای سلێمانی دا كێشەو گرفتی خزمەتگوزاری زۆر هەیە
سنووری پارێزگای سلێمانی ڕووبەرێكی بەرفراوانەو ژمارەیەكی زۆر قەزاو ناحییە لەخۆدەگرێت، ئەم سنوورە فراوانە بێ كەموكوڕی و گرفت و كێشە نییە، بەتایبەت كە پێشتر تیمی گۆڤاری گوڵان سەردانی زۆربەی ئەو ناوچانەی كردبوو، دەتوانین بڵێین گرفتی شارەوانی و خزمەتگوزارییەكان لەپێشەوەی كێشەو داواكارییەكانی خەڵكەوەیە.

بۆ ئەم مەبەستە سەردانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی شارەوانییەكانی پارێزگای سلێمانیمان كرد، كەسەرپەرشتی و ئیدارەی هەموو ئەو شارەوانییانە دەكات كە لە سنووری پارێزگای سلێمانییدان، جگە لە شارەوانی سەنتەری پارێزگا، هەر بەسنووری گەرمیانەوە تا دەگاتە قەڵادزێ كە سنوورەكە(15) قەزا لەخۆ دەگرێت و كۆی گشتی شارەوانییەكان بەناحیەكانەوە دەگاتە(77) شارەوانی.
خالید حوسێن بەڕێوەبەری گشتی شارەوانییەكانی سلێمانی بۆ (گـوڵان):
لەبەر نەبوونی یاسایەكی تایبەت بەزێدەڕۆییەكان تا ئێستا نەتوانراوە بەتەواوی چارەسەری ئەو گرفتە بكرێت
قەزاو ناحیەكان پێویستیان بەگەیاندنی كارو پرۆژەی خزمەتگوزاریی خێرا هەیە
كاتێك گەیشتینە بەڕێوەبەرایەتی گشتی شارەوانییەكان قەرەباڵغییەكی زۆری موراجیعمان بینی، بۆیە یەكەم پرسیارمان كەئاڕاستەی بەڕێوەبەرە گشتییەكە كرد، ئەوە بوو: ئایا ئێوە وەكو بەڕێوەبەرایەتی گشتی شارەوانییەكانی سلێمانی لەم سنوورەفراوان و ژمارە زۆرەی قەزاو ناحیەكان ئەركی سەرشانتان قورس نییە؟ بەتایبەت ژمارەیەكی بەرچاو لەو قەزاو ناحیانە دووچاری گرفتەكانی بێ شەقامی و نەبوونی ئاوەڕۆو زێدەڕۆیی و بە گرفتی پاكوخاوێنییەوە گیرۆدە بوون ؟ خالید حوسێن بەڕێوەبەری گشتی شارەوانییەكانی سلێمانی وتی: وەكو شارەوانییەكان لە قەزاو ناحییەكان كێشە و گرفتی خزمەتگوزاریمان زۆرە، ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ سەر لە نوێ ئاوەدانبوونەوەی شارۆچكەكان لە دوای ڕاپەڕین و بەتایبەتی دوای ئازادی عێراق ساڵی 2003 و ئاوەدانكردنەوەكە بەشێوەیەكی خێرا و بەرفراوانە كە شارو شارۆچكەكان دوو بەرامبەر زیادبوون، ئەم زیادبوونەش لەبەرنامە و پلانی حكومەتدا نەبووە، تاوەكو خزمەتگوزاری پێویست و خێرایان بۆ دابین بكرێت، هەر بۆیە ئێستاكە دوای ئەو فراوانبوونە پێویستی بەگەیاندنی كاروپرۆژەی خزمەتگوزارییە لەهەموو بوارەكاندا، لەبەر ئەمە كارو ئەركەكانمان زۆر قورسن.
لەئەنجامی كۆچی گوندنشینەكان بۆ قەزا و ناحییەكان نەتوانراوە بەتەواوی پێش لە زێدەڕۆیی بگیرێت
سەبارەت بەوەی بۆچی لە زۆربەی قەزا و ناحییەكان رێژەی زێدەڕۆیی بەرچاوە، ئایا كێشەكە بۆ نەبوونی نەخشەی بنەڕەتی دەگەڕێتەوە؟ پێویست بەوە ناكات چارەسەر و سنوورێك بۆ زێدەڕۆییەكان دابنرێت؟ بەڕێوەبەری گشتی شارەوانییەكانی سلێمانی وتی: ناتوانین بەهەموو ئەو خانووانەی لە شارۆچكەكان دروستكراون بڵێین زێدەڕۆییە، بەڵكو ئەو شوێنانە پێشتر ئاوەدانبووەو خەڵكەكەی خانووی هەبووە، بەڵام لەساڵانی پاش 1974 بەگشتی و بەتایبەتی لەدوای ساڵی 1988 رژێمی بەعس زۆربەی گوندو قەزا و ناحیەكانی كوردستانی خاپوور كرد و خەڵكەكەی ڕاگواستەوە بۆ كۆمەڵگای زۆرەملێ و لە دوای ساڵی 1991 بەتایبەتی دوای 2003 كە عێراق ئازاد بوو خەڵكی قەزا و ناحییەكان گەڕانەوە سەر زێدی باوو باپیرانیان و لەشوێنی خۆیان خانوویان دروستكردەوە .
هاوكات لەبەر نەبوونی یاسایەكی تایبەت بەزێدەڕۆییەكان تا ئێستا نەتوانراوە بەتەواوی چارەسەری ئەو گرفتە بكرێت و سنوورێكی بۆ دابنرێت، چونكە تا ئێستاش بەپێی بڕیاری 398 و 548 كە لە ساڵی 1987 دانراوە كاردەكرێت ئەو دوو بڕیارە رۆتینی زۆر تێدایە و بۆ رژێمی دیكتاتۆری دانراوە كە ئەوكات رژێمی بەعسی پەیڕەوی دەكرد، نەك وەكو ئێستا كە دەسەڵات و حكومەت و سیستەمەكە پەیڕەوی دیموكراسی دەكەین، گەرچی چەندجار داوامانكردووە كە چاوخشاندنەوەیەكی بۆ بكرێت، لەلایەكی تر تا ئێستا شارەوانییەكانمان تەنیا توانیویانە تا ئاستێك رێگری لە زێدەڕۆیی بكەن، بەڵام دووبارە بەهۆی ئەو بەرفراوانییەی كە لەشارو شارۆچكەكان هەیە لەئەنجامی كۆچی گوندنشینەكان بۆ قەزا و ناحییەكان نەتوانراوە بە تەواوی پێش لە زێدەڕۆیی بگیرێت.
هەروەها بەهۆی نەبوونی ماستەرپلان نەتوانراوە پێشبینی ئەوە بكرێت كە چەند شار گەورە دەبێ لە ئەنجامدا نەتوانراوە بۆ زۆر شوێن لەقەزاو ناحیەكان و گوندەكان پرۆژەی خزمەتگوزاری ئەنجام بدرێت، لەلایەكی ترەوە هیچ وێنەیەكی تۆماركردنی خانووبەرەیان نەبووە، بێگومان ئەگەر تاپۆت نەبێت ناتوانی نەخشە دروست بكەیت لەو كاتەشدا ناتوانرێت كاری تەملیك كردن ئەنجام بدەیت، هەر بۆیە دەتوانین بڵێین دروستكردنی خانوو لە قەزاو ناحیەكان بەمجۆرە بوو كە باسمان كرد، بۆ نموونە قەزای سەید سادق لە ساڵانی(60.50) ناحییە بووە لە پاشان لە ساڵانی 1988 خاپووركرا لە دوای راپەرین خەڵكەكە لەسەر هەمان شوێنی خۆی خانووی دروستكردەوە كە پێشتریش خانووەكانیان تۆمار و تاپۆیان نەبووە و ئێستاش كە بەهەمان شێوەیە زێدەڕۆیی نییە. وەك وتم لەبەر نەبوونی یاسایەكی تایبەت بەزێدەڕۆییەكان تا ئێستا نەتوانراوە بەتەواوی چارەسەری ئەو گرفتە بكرێت و سنوورێكی بۆ دابنرێت، چونكە تا ئێستاش بەپێی بڕیاری 398 و 548 كە لە ساڵی 1987 دانراوە كاردەكرێت ئەو دوو بڕیارە رۆتینی زۆرتێدایە و بۆ رژێمی دیكتاتۆری دانراوە كە ئەوكات رژێمی بەعسی پەیڕەوی دەكرد.
سەبارەت بەوەی ئەو كێشە و گرفتانەی لەسەر شانی شارەوانییەكانە چییە؟ بەڕێوەبەری گشتی شارەوانییەكانی پارێزگای سلێمانی وتی: بەگشتی لە هەموو شارەوانییەكان كە دەستمان بە كار و پرۆژە كردووە لەسەرەتادا بیرمان لەوە كردۆتەوە ئایا ئەو شوێنە ئاوی هەیە یان نییەتی، ئەم بوارەش بەڕێوەبەرایەتی ئاوی دەوروبەری سلێمانی پێوەندارە، كە ئەوانیش بۆ پرۆژەی ئاوی خواردنەوە نەخشە و پڕۆپۆزەڵی بۆ ئامادە دەكەن، بەڵام ئەوەی كە بە شارەوانییەكانەوە پێوەندارە ئەمانەن(ئاوەڕۆ و شۆستە و قیرتاو و كۆنكریت كردن و دابینكردنی زەوی بۆ پرۆژە خزمەتگوزارییەكانی وەكو یاریگا و مزگەوت و....
نەك لە قەزا و ناحییەكان بەڵكو لەشارە گەورەكانیش تا ئێستا بەشێوەیەكی زۆر خراپ و سادە و نازانستی و سەرەتایی زبڵ ۆ خاشاك كۆدەكرێتەوە
سەبارەت بەخراپی سیستەمی پاككردنەوەی شارۆچكەكان لە زبڵۆخاشاك و دامەزراندنی كارگەی ریسایكلین و نەبوونی ئامێرەكانی پێویست لە قەزاو ناحیەكان، بەڕێوەبەری گشتی شارەوانییەكانی پارێزگای سلێمانی وتی: وەكو ئاماژەمان پێدا شاروشارۆچكەكان بەخێرایەكی زۆر گەورە و بەرفراوان بوون، گەرچی ئامێر و كرێكارەكان بەتایبەتی ئەوانەی شارەوانییەكان هەمان ئەوانەی پێشووترە كە هەمانبووە، بگرە ساڵانە كرێكار و كارمەند خانەنشین بووینە و كەسیش نەهاتۆتەوە جێگایان، بەهۆی نەبوونی دامەزراندن، بەڵام سوودمان لە كرێكاری كاتی وەرگرتووە.
نەك لە قەزا و ناحیەكان بەڵكو لە شارە گەورەكانیش تا ئێستا بەشێوەیەكی زۆر خراپ و سادە و نازانستی و سەرەتایی زبڵ و خاشاك كۆدەكرێتەوە و خۆ لێی رزگار دەكرێت، كە لە شوێنێكی دیاریكراودا كۆدەكرێتەوە و ژێر خاك دەخرێت یان دەسووتێنرێت، كە ئەمەش زیانێكی زۆری بۆ ژینگەی شار و دەوروبەر و هەموو كوردستان هەیە و خەڵك و دانیشتووانی سنوورەكەش لەبەر دووكەڵ و بۆنی ناخۆش و مێش و مەگەز بێزاربوون، سەرەڕای ئەوەش هۆكارێكی سەرەكی بڵاوبوونەوە و تووشبوون بەچەندین جۆری نەخۆشییە درمەكان، ئەگەر هەروا بڕوات لە ساڵانی داهاتوو سەرجەم سەرچاوەكانی ئاوی ژێر زەوی لە كوردستان پیس دەبێت، بەڵام لە ساڵانی(2010) بۆ دانانی سیستەمێكی باشتر بۆ كۆكردنەوەی زبڵوخاشاك و خۆ زرگاركردن لە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار بەرنامەیەكی داڕشتووە، بۆ سنووری قەزا و ناحیەكانی پارێزگای سلێمانی بۆ كۆكردنەوە و خۆ رزگاركردن لە زبلۆخاشاك(5) زۆن دروستكراوە و دەرخستە و پرۆپۆزەڵیان بۆكراوە و ڕەوانەی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار كراوە لەوێش نووسراو بۆ وەزارەتی دارایی و ئابووری بەرزكراوەتەوە بەمەبەستی دابینكردنی بودجە بۆ ئەو پرۆژەیە، ئەوكارەش بەمجۆرەیەكە ئێمە وەكو شارەوانییەكان زبڵۆخاشاك كۆبكەینەوە و كەرتی تایبەت و كۆمپانیای وەبەرهێنانیش كارگەی ریسایكلین بۆ جیاكردنەوە و خۆ زرگاركردن لە زبڵ و خاشاكەكە دابمەزرێنن.
بەدامەزراندنی بەڕێوەبەرایەتی شارەوانییەكانی گەرمیان قورساییەكی باش لەسەر ئێمە كەم دەبێتەوە
سەبارەت بەوەی كە بڕیار بوو سێ بەڕێوەبەرایەتی گشتی شارەوانییەكان لە ئیدارەكانی (گەرمیان و راپەرین و هەڵەبجە) دابمەزرێت، ئایا ئەمە باری ئێوە سوك دەكات؟ بەڕێوەبەری گشتی شارەوانییەكانی پارێزگای سلێمانی وتی: بڕیارێكی لەو بابەتە هەیە، بەڵام تا ئێستا نەچۆتە بواری جێبەجێكردنەوە، تەنیا ئەوەی گەرمیان نەبێت، چونكە ئیدارەی گەرمیان چەند ساڵێكە دامەزراوە و سەربەخۆیە و بۆ ئەو سنوورە داوا لە ئێمەكرا كە رووپێوی ئەو شارەوانییانە بكەین كە دەكەونە سنووری ئیدارەی گەرمیانەوە لە پاش ئەنجامدانی رووپێوەكە(14) شارەوانی دەكەونە سنووری ئیدارەی گەرمیان، هەرچەندە شارەوانی هەیە وەكو قەزای چەمچەماڵ لە شاری سلێمانی نزیكترە لەوەی لە كەلار، بە دامەزراندنی بەڕێوەبەرایەتی شارەوانییەكانی گەرمیان قورساییەكی باش لەسەر ئێمە كەم دەبێتەوە، هەروەها لە كاتێكدا كە بە فەرمی بڕیاری ئیدارەكانی(راپەرین و هەڵەبجە)، دەربچێت و بەڕێوەبەرایەتی شارەوانییەكانی ئەوانیش دابمەزرێت ئەوە قورسایەكی زۆر گەورەتر لەسەر بەڕێوەبەرایەتی گشتی شارەوانییەكانی سلێمانی لادەچێت.
لە ساڵی(2010) نزیكەی(90) پرۆژەی گەورە و بچووك لە قەزا و ناحیەكان خراونەتە بواری جێبەجێ كردنەوە
سەبارەت بەوەی ئایا كێشەتان لەسەر ئازادی دەسەڵات هەیە، چونكە وەكو بیستوومانە ئێوە دەسەڵاتێكی زۆرتان هەیە؟ بەڕێوەبەری گشتی شارەوانیەكانی پارێزگای سلێمانی وتی: وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار دەسەڵاتێكی زۆری بۆ دابەزاندوین و بەهیچ شێوەیەك ڕێگرنەبووە لە ڕاپەڕاندنی كارەكانماندا و هەوڵی داوە دەسەڵاتەكان بەشێوەیەكی ئاوادابەزێت كە بتوانین زیاتر خزمەت بە هاووڵاتییان بكەین، لەلایەكی تر ئەو دەسەڵاتانەی كە لەلایەن سەرۆكایەتی ئەنجوومەنی وەزیران دابەزیوە لە ماوەی چەند مانگی رابردوو كاری پێ دەكەین و ئاسانكاری بۆ راپەڕاندن و ئەنجامدانی كارەكان دەستەبەركردووە، چونكە ئەو دەسەڵاتانەی كە زیاتر بە پرۆژەكانەوە تایبەتە وایكرد لە ساڵی(2010) نزیكەی(90) پرۆژەی گەورە و بچووك لە قەزا و ناحیەكان بخرێـتە بواری جێبەجێ كردن، پرۆژەی بچووك هەیە بڕی نیو ملیار دیناری بۆ دانراوە، بەگشتی لە ساڵی(2010) ئەو پڕۆژانەی لەسەر بودجەی وەبەرهێنانی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار خراوەتە ژێر ئەنجامدان بە بڕی نزیكەی(150) ملیار دینار دادەنرێت، هەروەها بەپێی ئەو بەرنامە و پلانەی بۆ ساڵی (2011) دانراوە هەموو قەزا و ناحییەكانی سنووری پارێزگای سلێمانی پرۆژەی تێدا ئەنجام دەدرێت، بۆ ئەولەویەتی كار و پرۆژەكانیش پرس و راوبۆچوونی سەرۆكی شارەوانی و بەرپرس یەكەی ئیدارەی قەزا و ناحیەكان وەرگیراوە، لەبەر ئەوەی ئەوان زیاتر دەزانن قەزا و ناحیەكان پێویستیان بەچییە.
سەبارەت بەوەی ئایا دەست تێوەردان لەلایەن پارێزگاری سلێمانی لەئیش و كارەكانیان هەیە؟ بەڕێوەبەری گشتی شارەوانییەكانی سلێمانی وتی: ناتوانین بڵێین دەستێوەردان لەلایەن پارێزگاری سلێمانییەوە لەكاروبارەكانمان هەیە، بەڵكو پارێزگاری سلێمانی لەگەڵ هەموو بەڕێوەبەرایەتی و فەرمانگەكان بۆ راپەڕاندن و ئەنجامدانی كاروپرۆژەكان هەماهەنگیەكی باشی دروستكردووە، چونكە ئەگەر بگەڕێیتەوە بۆ پرۆژەكانی ساڵانی رابردوو دەبینی هەماهەنگی لەنێوان فەرمانگەكان لەڕاپەڕاندن و جێبەجێ كردنی پرۆژەكاندا نەبووە، بۆ نموونە شارەوانی شەقامێكی دروستكردووە پاش ماوەیەكی بەڕێوەبەرایەتی كارەبا هاتووە هەمان شەقامی هەڵكەندووە و كێبڵی كارەبای تێدا راكێشاوە یان بەڕێوەبەرایەتی ئاو هاتووە بۆڕی ئاوی داناوە، بەمەش پرۆژەكان بێسەرو بەربووە و زەرەر و زیانێكی زۆریشی بە بودجەی پرۆژەكان گەیاندووە، بەڵام ئێستا بە پێچەوانەوە لەگەڵ پارێزگار هەماهەنگییەكی باش دروست بووە.
بۆ پرۆژەی شەقامێك دەرخستە ئەنجام دەدەین لە پاشان دەرخستە و دیزاینی شەقامەكە دەبەینە پارێزگا بۆ ئەوەی هەماهەنگی بكەن لەگەڵ هەموو بەڕێوەبەرایەتی و فەرمانگەكان لەپاشان كە پرۆژەكەمان ئەنجامدا هەرلایەنێك بیەوێت دەستكاری بكات ئەوە خۆیان بەرپرسیار دەبن بەم میكانیزمە كارو پرۆژەكان زیاتر سەركەوتن بەدەست دێنن.
تا ئێستا هیچ بودجەیەكمان نەگەڕاندۆتەوە
سەبارەت بەوەی كە ئێوە بودجەتان زۆر لەبەر دەستە دەڵێن زۆری بەكارناهێنن بۆچی؟ بەڕێوەبەرایەتی گشتی شارەوانییەكان وتی: ئێمە بەپێی پلان و بەرنامە و پرۆژەكان بودجەمان بۆ تەرخان دەكرێت و هەر هەمووشی لە كار پرۆژەكان خەرج دەكەین، تا ئێستا هیچ بودجەیەكمان نەگەڕاندۆتەوە. سەبارەت بەوەی كۆمەڵێ كێشە و گرفتی خزمەتگوزاری لەقەزای چەمچەماڵ هەیە ئایا تا چ ئاستێك بۆیان چارەسەركراوە؟ بەتایبەتی ئاو و رێگاوبان...تاد؟ لەمبارەوە بەڕێوەبەری گشتی شارەوانییەكانی وتی: گرفتی ئاو پێوەندی بە بەڕێوەبەرایەتی ئاوی دەوروبەر هەیە بەپێی كاروبەرنامەی خۆیان هەنگاو بۆ چارەسەركردنی گرفتەكان دەنێن، بەڵام ئەوەی پێوەندی بە شارەوانییەكان هەیە بەپێی فەسڵ و ماددەی(4)ە دەستمان كراوەیە بۆ چارەسەركردنی سەرجەم كێشە و گرفتەكانی كە لە رێگاو بانەكان هەیە بەو پێیە لە هەر شوێنێك رێگاوبانەكان پێویستی بە نۆژەنكردنەوە هەبێت دەست بەجێ ئامادەبن و چارەسەری دەكەین، هەر بۆیە بڕیاردراوە لەهەموو شارەوانییەكانی قەزا و ناحیەكان بەشی چاككردن و نۆژەنكردنەوە دابمەزرێت، بەڵام لەكاتێكدا هەر شارەوانییەك خۆی هەڵنەسێت بە چاككردنی رێگاوبانی سنوورەكەی ئەوە كەمتەرخەمە، بۆیە پێویستە لێپێچینەوەیان لەگەڵ بكرێت، چونكە بودجە بۆ چاككردن و نۆژەنكردنەوەی رێگاوبان تەرخانكراوە و دەبێ شارەوانی خۆی كێشەكان بخاتەڕوو و دەرخستەی بۆ بكات و ئامێرەكانی بۆ پەیدابكات و خۆی كارەكان ئەنجام بدات لە كاتێكدا كە ئەو كارانە ناكات ئەوە خۆی بەرپرسە و بە كەمتەرخەمدا دادەنرێت.
چەند كۆمپانیایەك لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی گشتی شارەوانییەكانی سلێمانیەوە
خراونەتە لیستی رەشەوە و ئیجرائاتی یاسایشیان لەگەڵ كراوە
سەبارەت بەوەی ئایا ئەو كۆمپانیایەی لە ئەنجامدانی پرۆژەیەك سەركەوتوو نەبێت دەیخەنە لیستی رەشەوە؟ بەڕێوەبەری گشتی شارەوانیەكانی پارێزگای سلێمانی وتی: لای ئێمە هەر كۆمپانیایەك لە كاركردن لەسەر پرۆژەیەك دوابكەوێت نووسراومان لەسەر كردووە و داوای كار وەرگرتنەوەمان لە كۆمپانیاكە كردووە بۆ نموونەش چەند كۆمپانیایەك لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی گشتی شارەوانییەكانی سلێمانیەوە خراونەتە لیستی رەشەوە و ئیجرائاتی یاسایشیان لەگەڵ كراوە.كۆمپانیاكان وەكو نموونە(ئاكۆ مامە عروف شاكر، RBC).
پیرەمەگروون و گرفتەكانی شارەوانی و گەندەڵی لە پرۆژەی ئاوی خواردنەوەكەیدا
سەبارەت بە پیرەمەگروون كۆمەڵێك كێشە و گرفتی خزمەتگوزاری هەبوو بەچی گەیشت؟ بەڕێوەبەری گشتی شارەوانییەكانی سلێمانی وتی: ناحیەی پیرەمەگروون بێگومان گرفتی خزمەتگوزاریان هەبوو، ئەویش بۆ ئەوە دەگەڕایەوە، حكومەتی كوردستان و هاووڵاتیان ئومێدی ئەوەیان هەبوو خەڵكەكە بۆ گوند و سەر زێدی باووباپیرانیان بگەڕێنەوە ئەو كۆمەڵگایە زۆرملێیە نەمێنێت، بەڵام پاش ئازادی عێراق لە 2003 خەڵكەكە نەگەڕایەوە لەو كاتەوە دەست كرا بە كاروپرۆژەی خزمەتگوزاری، بەڵام ئەوەی كە بەردەستی پرۆژەكانی دەگرت و زۆر ئازاری خەڵكەكەشی دا پرۆژەی ئاوی خواردنەوەی پیرمەگروون بوو كە زیاتر لە ملیۆنێك دۆلاری بۆ خەرجكراو سەركەوتوونەبووە كە لە راستیشدا بۆریەكانی پشكنینی تاقیگری بۆ نەكرابوو و ئاویش نەبووە تێستی پێ بكرێت، ئەو كۆمپانیایەی ئەو پرۆژەیەی ئەنجامداوە تاوەكو ئێستاش دۆسیەكەی لە دادگایە، بەڵام لە ساڵی رابردووەوە تا ئێستا سێ، چوار پرۆژەی خزمەتگوزاری باش لە ناحیەی پیرەمەگروون ئەنجامدراوەو وەكو ئاوەڕۆو تێكەڵەڕێژی شەقام و كۆڵانی گەڕەكەكان كە ئێستا گەیشتۆتە قۆناغی قیرتاوو كۆنكرێت كردن و لەو شوێنانەی بۆری ژێر زەوییەكە باشبوو، پرۆژەی ئاوی خواردنەوەیان بۆچووە.
سەبارەت بەوەی ئایا لە سیستەمی دامەزراندن پرس بە ئێوە و بەرپرسی یەكە ئیدارییەكانی قەزا و ناحیەكان دەكرێت؟ بەڕێوەبەری گشتی شارەوانییەكانی پارێزگای سلێمانی وتی: وەكو ئاگادارم بۆ دامەزراندن لە پارێزگاوە چەند لیژنەیەك دامەزراوە كە سەردانی قەزا و ناحییەكان بكەن و پێداویستی ئیدارە و فەرمانگەكان لەفەرمانبەران و كارمەندو كرێكار دیاری بكەن و خەڵكیش فۆرم و داواكاری پڕ دەكاتەوە و پێشكەشی لیژنەكەی دەكەن، بەڵام دامەزراندنەكە لەسەرەتاوە ئەولەویەت دەدرێت بەوانەی كە لەفەرمانگەكان بەكاتی دامەزراون.

ئەگەر بودجە زوو پەسەند بكرێت ئەوە ئێمەش لەكاتی خۆیدا پرۆژەكان دەخەینە ژێر ئەنجامدان و كێشەو گرفتەكانی خزمەتگوزاری هاووڵاتیان هەمووشی نەبێت بەشێكی چارەسەر دەكرێت.

لە كۆتاییدا بەڕێوەبەری گشتی شارەوانییەكانی پارێزگای سلێمانی وتی: لەلایەنی ئەنجوومەنی وەزیرانەوە بودجە رەوانەی پەرلەمان كراوە، داوا لە پەرلەمانی هەرێمی كوردستان دەكەین كە رەچاوی باری خزمەتگوزاری خەڵك بكەن و بودجەكە پەسەند بكەن، چونكە ئەو بودجەیە موڵكی هەموو خەڵكە و پێوەندی بەژیانی هەموو لایەك هەیە هەر لە خانەقین تا دەگاتە زاخۆ، ئەگەر بودجە زوو پەسەند بكرێت ئەوە ئێمەش لە كاتی خۆیدا پرۆژەكان دەخەینە ژێر ئەنجامدان و كێشە و گرفتەكانی خزمەتگوزاری هاووڵاتیان هەمووشی نەبێت بەشێكی چارەسەر دەكرێت. هەروەها ئێمە چەندین پرۆژە و داواكاریمان رەوانەی وەزارەتی پەیوەندار كردووە ئومێد دەخوازین كە رەوانەی وەزارەتی پلاندنان دەكرێت هیچ لێ كەم نەكرێتەوە لەبەر ئەوەی ئەو پرۆژە و پێشنیارانە هەر هەمووی پاش لێكۆڵینەوە و ورد بوونەوەیەكی زۆر لە قەزا و ناحیەكان خراوەتە بەرنامە و پلاندنانمان بەپێ ئەو ئەولەیەتی كە شارەوانی شارۆچكەكان دەستنیشانیان كردووە، بۆیە لێرەدا دەڵێم بەكەم نەكردنەوەی بودجە پرۆژە و داواكارییەكانی ساڵی 2011 باشترین خزمەت بەشارۆچكەكان دەكات.

هەروەها لە كۆمەڵگا زۆرە ملێیەكانی كە لە دوای ساڵانی 1974 و 1988 دروست بوون وەكو(بازیان، شۆڕش، رزگاری، هەڵەبجە تازە...تاد). تا ئێستا(22) هەزار خانوومان بەسەر هاووڵاتیان تۆماركردووە بە بڕیاری سەرۆكایەتی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان ژمارەیەكی زۆریش ماوە پاش ناونووس كردنیان كاری تاپۆ بۆ ئەوانیش ئەنجام دەدرێت، كە ئەمەش یەكێكە لەهەنگاو و كارەگرنگەكانی بۆ خزمەتی هاووڵاتیان ئەنجام دراون.
Top