پڕۆژە گەشتیارییەكان لە شەقڵاوە بە بیانووی ماستەرپلانەوە ڕاگیراون

پڕۆژە گەشتیارییەكان لە شەقڵاوە بە بیانووی ماستەرپلانەوە ڕاگیراون
پایتەختی گەشتیاری لەكوردستان چۆن خۆی بۆ پێشوازی گەشتیاران ئامادەكردووە؟


دلاوەر ئۆمەر قایمقامی قەزای شەقڵاوە بۆ (گوڵان): شاری گەشتیاریی سەرچیای سەفین جێبەجێ ناكرێت

شەقڵاوە یەكێكە لەو شارو ناوچە گەشتیارانەی كە دەكەوێتە سەنتەری هەرێمی كوردستان و یەكێكە لەهاوینە هەوارە بەناوبانگەكانی كوردستان، بە دووری(48) كیلۆمەتر دەكەوێتە باكووری شاری هەولێر و لە هاویندا پلەی گەرمای نزمترە لەكەشوهەوای هەولێر، دەكەوێتە دامێنی چیای سەركەشی سەفین، شەقڵاوە زۆر دەوڵەمەندە بە دارودرەخت و میوەو خواردەمەنی دروستكراوی كوردەواری.
لە ساڵی 1952 بۆتە قەزا، ناحییەكانی(سەڵاحەدین و هیران و باسرمە و بالیسان و هەریر) و(217) گوند لەخۆ دەگرێت، ژمارەی دانیشتووانی(130) هەزار كەسە، لە كۆنەوە خەڵكەكەی بە گشتی خەریكی كاری گەشتیارین و هەندێكیش خەریكی ڕەز و باخی میوەو سەوزەن، شەقڵاوە لە دوای ڕاپەڕینەوە بەگشتی و ساڵی 2003 بەتایبەتی ژمارەیەكی زۆر كار و پڕۆژەی جیاجیای تێدا ئەنجامدراوە، بەڵام لێرەو لەوێ هاووڵاتیانی سەنتەری قەزاو سنوورەكە گلەیی و گازندەیەكی زۆریان لە بارەی نەبوونی كار و پڕۆژەكانی خزمەتگوزاری و گەشتیارییەوە هەیە. ئێستاكە وەرزی گەشتیاری دەستی پێكردووەو بەو پێیەی شەقڵاوەش بە پایتەختی گەشتیاریی كوردستان دادەنرێت، بۆیە پێویستە لەهەموو قەزایەكی تر زیاتر خۆی بۆ میوانداریی و پێشوازیكردنی گەشتیاران ئامادە كردبێت، ئێمە وەكو تیمی گۆڤاری گوڵان لەسەردانێكی قەزای شەقڵاوەدا ژمارەیەك هاووڵاتیانمان دواندو ئەوانیش ڕەخنە و گلەییان لەچەند لایەنێكی خزمەتگوزارییەكانی ناو سەنتەری قەزاكە گرت، لەوانە كەمی ئاوی خواردنەوەو خراپی شەقامەكان و كۆڵانەكانی زۆربەی گەڕەكەكان بەتایبەتی گەڕەكی بێترمەو جێگەتازەكان، بۆ خستنەڕووی گلەیی و گازاندەی هاووڵاتیان و چەند پرسیارێكی تر سەردانی(دلاوەر ئۆمەر) قایمقامی قەزای شەقڵاوەمان كردوو بەمجۆرە ڕای خۆی بۆ گوڵان دەربڕی.
پێویستە ژمارەیەكی زیاتر لە ئوتێل و مۆتێل و خانووی گەشتیاریی لە شەقڵاوە دروست بكرێت
سەبارەت بەكار و پڕۆژەی گەشتیاری و ئەو ئاسانكاری و هاوكارییانەی حكومەت بۆ كەرتی تایبەت لەبواری پڕۆژەكانی گەشتوگوزاری لە قەزاكەدا پێشكەشی دەكات و هەروەها ئەو هۆكار و گرفتانەی كە دەبنە هۆی كەمی پڕۆژەكانی گەشتیاری، قایمقامی قەزای شەقڵاوە وتی: شەقڵاوە پایتەختی گەشتیاری كوردستانە، هەر لە كۆنەوە بەتایبەتی لە دوای ساڵانی 1950 و 1960 لە شارەكانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق و وڵاتانی كەنداوی عەرەبی و هەندێك لە وڵاتانی دەوروبەر ڕوویان لە هاوینەوهەواری شەقڵاوە كردووە، لەبەر ئەوەی لە وەرزی هاویناندا پلەی گەرمای(8-10) پلە لە خوار پلەی گەرمای هەولێرەوەیە، لە دوای ڕاپەڕینە مەزنەكەی كوردستان لەساڵی(1991)و بەپێی بودجەو ئەو ئیمكانیاتەی لەبەر دەستی حكومەتی كوردستان بووە، جۆرەها كار و پڕۆژەی خزمەتگوزاری و گەشتیاری بۆ كراوە، بەڵام سیاسەتی حكومەتی كوردستان لەبواری گەشتوگوزاری زیاتر گرنگیدانە بە كەرتی تایبەت و هەوڵدراوە لەلایەن حكومەتەوە هاوكاری و پشتگیری و ئاسانكاری بۆ كەرتی تایبەت بكرێت، بۆ ئەوەی پڕۆژەی گەشتیاری ئەنجام بدرێت، لەو هاوكارییانەش وەكو پێدانی زەوی و ئەنجامدانی پڕۆژە خزمەتگوزارییە سەرەكییەكانی وەكو ڕاكێشانی پڕۆژەی ئاوی خواردنەوەو ئەنجامدانی پڕۆژەكانی تری ئاوەڕۆ و ڕێگاوبان و كارەبایە.
لە ساڵی ڕابردوو (2010) ژمارەیەكی زۆر پڕۆژەی گەشتیاری لە قەزای شەقڵاوە دەستی پێكرد، ئەو پڕۆژانە بەبڕی(40) ملیۆن دۆلار دەخەمڵێنرێت، جگە لەم پڕۆژانە خەڵكی شاری شەقڵاوە ئەوەی باخچە و خانوو و ژووری هەیە بەكرێی دەدەن، ئەمە لەلایەك داهاتێكە بۆ خەڵكەكە لەلایەكی تر هاوكارییەكی باشی كەرتی گەشتیارییە، سەرەڕای ئەمانە لە دوو ساڵی ڕابردوو لە وەرزی گەشتیاری ڕێژەی گەشتیار زۆر زیادی كردبوو، بەشێوەیەكی ئاوابوو گەشتیار لەناو باخچە و سەرشۆستەكان دەنووستن، ئێمەش بەشێوەیەكی كاتی خێمەمان بۆیان دابین كردن، بۆیە پێویستە ژمارەیەكی زیاتر لە ئوتێل و مۆتێل و خانووی گەشتیاری لە شەقڵاوە دروست بكرێت، سەرەڕای ئەمە ماوەیەك لە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار بە بیانووی ماستەرپلانەوە كاروپڕۆژەكانی گەشتوگوزاری ڕاگیراوە، ئەگەر ئاوا نەبووایە تا ئێستا ژمارەیەكی تر لە پڕۆژەی گەشتیاری ئەنجام دەدرا، بۆیە بەپێویستی دەزانم بەڕێز وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار ئاسانكاری زیاتر بۆ كاروپڕۆژەی گەشتیاری بكات، ئێستا لە ناوچەی سۆرك ژمارەیەك پڕۆژەی گەشتیاری لەژێر ئەنجامدانە، هاوكات لە تەنیشت ئەم پڕۆژانەوە پڕۆژەی تر هەیە ڕاگیراوە، كە نەدەبووایە ڕابگیرێت و بۆ ئەو مەبەستە داواكاریم بەرزكردۆتەوە. هەروەها ئەو پڕۆژەی شاری گەشتیارییەی كە لەسەر چیای سەفین دیزاینی بۆ كراوە بە پڕۆژەیەكی زۆر گرنگ و بەسوود و پێویست دادەنرێت، بەڵام بەپێی ئەو بەرنامەو پلانەی لەلایەن وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار و دەستەی وەبەرهێنان دانراوە وازوو ئەم پڕۆژەیە جێیەجێ ناكرێت، لەبەر ئەوەی پڕۆژەیەكی گەورەو ستراتیژی گەشتیارییە كە بڕی زیاتر لە یەك ملیار دۆلاری بۆ دانراوە، ئەو جۆرە پڕۆژە گەورانە هەموو وەبەرهێنەرێك ناتوانێ جێیەجێی بكات، چونكە هەموو وەبەرهێنەرێك جەدوەلی ئابووری خۆی حیساب دەكات، لەبەر ئەوەی دەیەوێت ئەو پارەیەی خەرجی دەكات لەماوەیەكی دیاریكراو دەستی بكەوێتەوەو قازانجیش بكات، بۆ جێبەجێ كردنی شارە گەشتیارییەكەی سەر چیای سەفین دوو پێشنیار دەخەمەڕوو، یەكەم هەر (5 تا 10) دۆنم زەوی پڕۆژەكە بە پارەیەكی كەم بدرێت بەوەبەرهێنەرێك، لەئەنجامدا پارەیەكی زۆر كۆدەبێتەوە، چونكە ڕووبەری گشتی شارە گەشتیارییەكە زۆر فراوانە، دووەم بەو بڕی پارەیەی كۆ دەكرێتەوە لە فرۆشتنی زەوییەكە پڕۆژە خزمەتگوزارییە سەرەكییەكان جێبەجێ بكرێت، بەپیادەكردنی ئەو هەنگاوانە دەتوانرێت پڕۆژەكە ئەنجام بدرێت و سەركەوتن بەدەست بێنێت.
شەقڵاوە توانای وەرگرتنی 5 هەزار گەشتیاری هەیە، كەچی ڕۆژ هەبووە 8 هەزار گەشتیار ڕووی لەم شارە كردووە
سەبارەت بەوەی بۆچی لەوەرزی گەشتیاری بەتایبەتی كە شوێنە گەشتیارییەكان قەرەباڵغ دەبێت گەشتیار ئیستغلال دەكرێت و نرخی ئۆتێل و مۆتێل و شوێنی حەوانەوە بە گشتی چەند بەرامبەر زیاد دەبێت، دلاوەر ئۆمەر قایمقامی قەزای شەقڵاوە وتی: ئەمەش هاوكێشەیەكی ئابوورییە كە پێوەندی بە خستنەڕوو و داواكارییەوە هەیە، لە هەموو دنیادا ئەگەر خواست لەسەر هەر كاڵا و كەلوپەلێك زیاتر بێت ئەوە نرخی بەرز دەبێتە، شاری شەقڵاوەش شارێكی گەشتوگوزاری خۆش و ناسراوەو دیمەن و سروشتەكەی ڕوحی گەشتیار بۆ خۆی ڕادەكێشێت، بەمەش خەڵكێكی زۆر لە گەشتیار ڕووی تێدەكەن، بەڵام شارەكە توانای وەرگرتنی تەنیا(5) هەزار گەشتیاری هەیە، گەرچی ساڵی 2009 و 2010 ڕۆژ هەبووە پتر لە (8) هەزار كەس ڕووی لە شەقڵاوە كردووە، لە ئەنجامدا شوێنی حەوانەوە زۆر بە زەحمەتی دەست دەكەوێت، بۆیە لەو كاتەشدا خاوەن ئۆتێل و مۆتێلەكان نرخیان بەرز كردۆتەوەو بە هەلیان زانیوەو ئیستغلالی گەشتیارانیان كردووە، هەر بۆیە ئێمە ساڵانە چەند جارێك لەگەڵ خاوەن ئۆتێل و مۆتێل و چێشتخانە و. تاد كۆ دەبینەوەو ڕێنماییان دەكەین و پێیان ڕادەگەیەنین كە نرخەكان لە ئاستی دیاریكراو بەرزنەكەنەوەو هەوڵدەن گەشتیار بۆ لای خۆیان ڕابكێشن تاوەكو گەشتیار لە بری ئەوەی هەفتەیەك بمێنێتەوە با ماوەی پتر درێژە بە گەشتەكانیان بدەن، واتە با خاوەن كارو ئۆتێل و مۆتێلەكان كەم خۆری دایم خۆربن، لەلایەكی تر نرخ بە وەرزی ساڵ و ڕۆژ دەگۆڕدرێت، بۆ نموونە ئەو خانووەی لە وەرزی زستان مانگانە بە دوو سەد دۆلار بە كرێ دەچێت لەبەهار و هاوین دا هەمان خانوو نرخی دەگاتە هەزار دۆلار، هاوكات بەرزبوونەوەی نرخەكان دەگەڕێتەوە بۆ كەمی پڕۆژەی گەشتیاری بەتایبەتی ئۆتێل و مۆتێل، بۆیە لێرەدا بە پێویستی دەزانم داوا لەلایەنی پێوەندار بكەین كە ئاسانكاری زۆرتر و باشتر بۆ وەبەرهێنەران بكەن، بەتایبەتی ئەوانەی دەیانەوێت خزمەت بە بواری گەشتیاری بكەن، نەك وەكو ئێستا پڕۆژەی گەشتیاری ڕابگرن و سستی بخرێتە ناو مامەڵە و كارەكانیان بەبیانووی جیاجیا.
گەرچی كۆمپانیایەكی كەرتی تایبەت
كار لە پاككردنەوەی شەقڵاوە دەكات، بەڵام گرفتی زبڵ و خاشاك هەر ماوە
كۆكردنەوەو خۆ ڕزگاركردن لە زبڵ و خاشاك یەكێكە لە گرفتەكانی شاری شەقڵاوە، ئەگەر ڕۆژانە بەتایبەتی لە وەرزی گەشتیاری دا گوزەرێك بە كوچە و كۆڵان و سەنتەری شار بكەین دەبینیت چەند زبڵ و خاشاك كۆبوونەتەوەو شارەكە چەند پیس و زبڵی تێدایە، لەمبارەیەوە قایمقامی قەزای شەقڵاوە وتی: گرفتی زبڵ و خاشاك لە شەقڵاوە هەیە لە كاتی خۆ ڕزگاركردنیش لە زبڵ و خاشاكەكە گرفتەكە پتر زەق دەبێتەوە، چونكە لە ئەنجامی بۆن و پیسیەكەی خەڵك هەراسان و بێزار دەبن، هەر بۆیە بڕیارە قەزای شەقڵاوە یەكەم یان دووەم شوێن بێت كە كۆمپانیایەكی كەرتی تایبەت كار و ئیشی پاككردنەوەی دەخاتە ئەستۆی خۆی، ئەو كۆمپانیایەش ماوەیەكە كاری پاككردنەوەی قەزای شەقڵاوەی دەست پێكردووە، بەڵام لێرەدا كێشەیەك هاتۆتە ئاراوە كاتێك كە شەقڵاوە درا بەم كۆمپانیایە چەند مەرجێكمان دیاری كردبوو لەوانە ئەو ئۆتۆمبێلانەی كە زبڵ و خاشاكەكە كۆ دەكەنەوەو دەگوازنەوە دەبێت كەپس بن، بەڵام لە كاتی گرێبەستەكە ئیمزا كراوە، ئەو مەرجە دیاری نەكراوە، بۆیە ئێستاكە هەندێ لە ئۆتۆمبێلەكان (لۆری و گەڵابە و پیكابن) ئەمانەش هۆكارێكن بۆ پەرش و بڵاوبوونەوەی زبڵ و خاشاك بەتایبەتی لە كاتی گواستنەوەی زبڵ و خاشاكەكە، چونكە سەری ئۆتۆمبێلەكان بەتاڵەو زبڵ و خاشاكی لێ دەڕژێت، ئەو دیاردەیە لە وەرزی هاوینان زۆر زیاد دەكات، هاوكات هەمان كۆمپانیا دەیەوێت كارگەیەكی ڕیسایكلین دابنێن بۆ خۆ ڕزگاركردن لە زبڵ و خاشاكەكە، بەڵام كێشە لەسەر شوێنی كارگەكە هەیە، چونكە گوندەكانی دەورووبەری شەقڵاوە ڕەزامەندییان لەسەر نییە، بەڵام خەریكین ئەو گرفتەش چارەسەر بكەین، بە دانانی ئەو كارگەیەش شەقڵاوەو سنوورەكەی لە گەورەترین كێشە و گرفت ڕزگاری دەبێت.
پێویستە قەیرانی نیشتەجێبوون
لە شەقڵاوە چارەسەر بكرێت
لە دوای ڕاپەڕینی ساڵی 1991 هەموو شار و شارۆچكەكانی كوردستان ئاوەدانی ڕووی تێكردوو بەرفراوانبوون، شاری شەقڵاوەش یەكێكە لەو قەزایانە كە بەرفراوانییەكی زۆر و خێرایی بەخۆوە دیتووە، بەڵام بەرفراوانییەكە پتر لە سەر حیسابی زێدەڕۆییە، لەمبارەوە قایمقامی قەزای شەقڵاوە وتی: ماستەرپلانی شەقڵاوە لە قۆناغی كۆتاییدایەو تەواو دەبێت، فراوانبوونی شەقڵاوە زیاتر بەرەو ڕێگای هەریر دەڕوات.
بێگومان دیاردەی زێدەڕۆیی هەیە، ئەمەش لەلایەن كۆمەڵە خەڵكێكی تایبەتەوە كراوە، ئەو زێدەڕۆیە زیاتر لە بناری چیای سەفینە، بۆ چارەسەركردن و پێش گرتنەوە لەم دیاردەیە كار و ئیجرائات كراوە، بەڵام نەمانتوانیوە لە(100%) چارەسەری بكەین، هەر بۆیە خەڵكێكی زۆر گلەیی دەكەن، بەتایبەتی ئەوانەی خانوویان نییەو كرێچین و پارەی كرێیەكەشیان زۆر بە زەحمەت دەست دەكەوێت، بۆیە لێرەدا بە پێویستی دەزانم ئاماژە بەوە بكەین كە لەسەرمان ئەركە چارەسەری قەیرانی نیشتەجێبوون بۆ خێزانە هەژارو كەم دەرامەتەكان بكەین، چ لە ڕێگەی پێدانی زەوی و سولفەی خانووبەرە، چ لە ڕێگەی پڕۆژەی نیشتەجێبوون كە بگونجێت لەگەڵ بار و گوزەرانی خەڵكەكە، چونكە ئەو خانووانەی ئێستا لە ڕێگەی دەستەی وەبەرهێنانەوە لە شەقڵاوە دروست دەكرێت، ئەو خێزانە هەژار و كەم دەرامەتانەی كرێچین سوودی لێ وەرناگرن، چونكە نرخەكەی زۆرە نەدەتوانن پێشەكییەكە بدەن، نەقیستی مانگانە بدەن.
پڕۆژەیەكی ستراتیژی ئاوی خواردنەوەی (مەسیف سەڵاحەدین و كۆڕێ و شەقڵاوە)لە ژێر جێبەجێكردنە
یەكێك لەو گرفتانەی كە ڕۆژانە ڕووبەڕووی زۆربەی گەڕەك و دانیشتوانی قەزای شەقڵاوە دەبێتەوە، كەمئاوییە. ئایا بۆ ئەولایەنە گرنگەی ژیان چی كراوە، لەمبارەوە قایمقامی قەزای شەقڵاوە پێی وابوو گرفتی ئاوی خواردنەوە لە سەنتەری قەزا هەیە، بەڵام ماوەی ساڵێكە پڕۆژەیەكی ستراتیژی بە گوژمەی(175) ملیار دینار لە ژێر جێیەجێ كردن دایە كە لە زێی قەندیلەوە ئاو دەهێنێت بۆ(مەسیف سەڵاحەدین و كۆڕێ و شەقڵاوە) و هەندێ گوندی سەر ڕێگای پڕۆژەكەش سوودی لێ وەردەگرن، بە وتەی قایمقامی شەقڵاوە بەتەواوبوونی ئەو پڕۆژەیە بۆ ماوەی(20) ساڵ گرفتی كەمئاوی لە شەقڵاوە نامێنێت.
لە ناوچەكە(10) تلیفریكیش هەبێت باشە و هیچ گرفتی نییە، شارەكە و ناوچەكەش دەڕازێنێتەوە
بڕیار بوو تلیفریك لە چیای سەفین دروست بكرێت بۆچی ئەو پڕۆژەیە دواكەوتووە یان دەستی پێ نەكردووە، لەمبارەوە قایمقامی شەقڵاوە وتی: ئەو تلیفریكە لەگەڵ دیزاینی شارە گەشتیارییەكەی سەر سەفین دانرابوو، ماوەیەك پێش ئێستا هاووڵاتییەك بەهاوكاری كۆمپانیایەكی ئەڵمانی بۆ دانانی ئەو تلیفریكە داواكاری پێشكەشكرد، بەڵام ئەو داواكارییەش لەلایەن بەڕێز وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار ڕاگیراوەو مۆڵەتی پێ نەدا، لەبەر ئەوەی گوایە ئەو پڕۆژەی شاری گەشتیاری سەر چیای سەفین پڕۆژەی تلیفریكی لەگەڵدایە، بەڵام من ئەو ڕاگرتنە بەهەق نازانم، بەڵكو پێویستە مۆڵەت بەو پڕۆژەیە بدرابوایە، چونكە لە ناوچەكە(10) تلیفریكیش هەبێت، باشە و هیچ گرفتێك نایەتە پێش.
رێگاوبانی سنوورەكەمان زۆر خراپ و بێسەروبەربووە
وەكو دەزانین ڕێگاوبان بۆ هەموو شار و شارۆچكە و ناوچەیەك گرنگی تایبەتی هەیە بۆ كاری ڕۆژانە و بازرگانی و بەرەو پێشەوەچوونی وڵات، لەلایەن حكومەتی عێراقی گرنگی زۆر بەمبوارە نەدرابوو، بەتایبەتی ڕێگاوبانە سەرەكی و گوندەكان، سەبارەت بەم بوارەش قایمقامی قەزای شەقڵاوە وتی: ئێمە ساڵانە بەپێی ئەو بودجەی كە بۆمان دادەنرێت لەگەڵ ئەو كاروپڕۆژانەش كە لەلایەن پارێزگای هەولێرەوە لەسەر بودجەی پەرەپێدان بۆمان دەكرێت، كاروپڕۆژەی قیرتاوكردنی شەقام و كۆڵانەكانی ناو سەنتەری شار و گەڕەكەكانمان ئەنجامداوە، بەڵام ئەمساڵ لە(75%)ی بەرنامەكەمان ئەنجام داوەو لە(25%)ی تر كەوتە وەرزی زستان، بۆیە سستی كەوتە ناو بەشێك لەبەرنامەكە، سەرەڕای بەردەوامی پڕۆژەی قیرتاوكردن كەموكوڕی و گرفت هەرماوە، چونكە خێرایی بەرفراوانبوون و زیادبوونی گەڕەكەكان زۆر زیاترە لە بودجە و ئەو بەرنامە و پلانانەی دایدەنێن، لەلایەكی تر ڕێگاوبانی سنوورەكەمان زۆر خراپ و بێسەروبەربوو، بەڵام ئێستا كە زۆربەی گوندەكان ڕێگای بۆچووە، هەروەها ڕێگایەك لە بەستۆرە و بۆ قەندیل دروستكرا كە ئۆتۆمبێلی بارهەڵگری نێوان هەولێر و حاجی ئۆمەران هاتوچۆی لەسەر دەكەن و سوودی لێ وەردەگرن، ڕێگای جووت سایدی (كۆڕی- شەقڵاوە- قەندیل) كە ڕێگایەكی ستراتیژیی و ستانداری جیهانییە و چوار تۆنێلی تێدایە ئێستا لەژێر جێبەجێكردن دایە كە بڕی ئەو پڕۆژەیە(170) ملیار دینارە، هاوكات ماوەیەكە پڕۆژەی تۆنێلی چیای پیرمام دەستی پێكردووە، بەتەواوبوونی ئەو پڕۆژەیەش ماوەی نێوان هەولێر و شەقڵاوە زۆر كەم دەبێتەوە.
دەسەڵات دابەش كراوە
بەڵام بودجە نییە
ئەگەر دەسەڵات بۆ یەكە ئیدارییەكانی خوارەوە دابەزێت، كار و پڕۆژەكان باشتر و زووتر بەڕێوەدەچن و ڕۆتینیش تا ڕاددەیەكی بەرچاو كەم دەبێتەوە، هەر بۆیە لە ساڵی(2010) بە بڕیارێكی سەرۆكایەتی ئەنجوومەنی وەزیران دەسەڵاتی ئیداری دابەزی، ئایا ئەو دابەزینی دەسەڵاتە كاری پێكراوە، لەمبارەوە قایمقامی قەزای شەقڵاوە وتی: یەكێك لە كێشە و گرفتەكانی سیستەمی حوكمڕانی ئێمە دانەبەزاندنی دەسەڵاتە، چونكە لەكاتی دابەزاندنی دەسەڵات بۆ خوارەوە دەتوانرێ بەرپرسی كەمتەرخەم دیاری بكەیت و ئەو بەرپرسەی كەمتەرخەمیش نییە دەتوانێ كاروپڕۆژەكان بەباشی و لەكاتی خۆی جێبەجێ بكات، بەڵام وەكو ئێستا لەنێوان من و وەزارەت و بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەكان دا كاروئیش و گرفت و كەمتەرخەمییەكان تێكەڵ دەبێت و نازانرێت كامە كەس و بەرپرس هۆكاری كێشە و كەمتەرخەمییەكەیە، بێگومان دابەزاندنی دەسەڵات یەكێكە لە كارە هەرە باشەكان كە دەتوانرێ پتر خزمەتی هاووڵاتیان بكرێت و ئەو كەسانەی كە لە قەزا و ناحیەكان كار دەكەن هەر كەسێك بێت ئەوان زیاتر ئاگادارن لە ئێش و ئازاری خەڵكەكە و دەزانن داواكاری و پێویستی شارەكە چییە. ئەگەر هاتوو دەسەڵات بە تەواوی دابەزێت، ئەو كات بۆ نموونە دەتوانرێ ئەزمەی كرێچیایەتی و نیشتەجێبوون چارەسەر بكرێت و بە كورتی دەتوانین بڵێین تا ئێستا دەسەڵاتی ئیداریی دانەبەزیووە و دەسەڵاتی داراییشمان نییە و هیچ جۆرە بودجەیەكمان لەبەر دەست نییە و بەبێ موجامەلە ئەگەر جەنابی پارێزگار نەبێت كە گوێمان لێ دەگرێت و بەدەنگ داواكارییەكانمانەوە دێت، دەنا زۆر كەمتەرخەم و شەرمەزار دەبین و گلەیی و گازاندەی هاووڵاتیانمان زۆر دێتە سەر، ئەگەر بۆرییەكی ئاوی خواردنەوە لە گەڕەكێك بشكێت ئێمە ناتوانین بڵێین بڕۆن لە ماوەی یەك كاتژمێر چاكی بكەنەوە، لەبەر ئەوەی بودجەمان لەبەر دەست نییە، ئەمانەش كێشەیە و ئەركە لەسەر شانمان دەبێت بۆ خەڵكەكە بیكەین، لەلایەكی تر شارەوانی دەسەڵاتی سەرفی(38) هەزار دیناری هەیە، پەنچەری یەك تایەی شۆفڵ پتر لە (40) هەزار دینارە، بەمجۆرە كارەكان بەڕێوەناچێت و گرفت و كێشە زیاتر دەبێت، بەم دواییانە هەندێك دەسەڵاتی دارایی درا، بەڵام وتیان بودجە نییە، واتە دەسەڵاتەكە لە بۆشایی و هەوایە.
سوودی زۆر لە بودجەی پەرەپێدان وەرگیراوە
سەبارەت بە بودجە و پڕۆژەكانی پەرەپێدانی پارێزگا قایمقامی قەزای شەقڵاوە وتی: لە ساڵی 2009 لیژنەیەكی پەرلەمانی و ئاوەدانكردنەوە هەموو قەزاو ناحییەكانیان بەسەر كردەوەو لە دانیشتنێكدا گفتوگۆكرا و هەر هەموو قایمقام و بەڕێوەبەری ناحیەكان تەئكیدمان لەسەر ئەوە كردەوە كە شار و شارۆچكەكان لە كاروپڕۆژەكاندا سوودی زۆر لە بودجەی پەرەپێدان وەردەگرین و ڕۆتینی كەمترە و ڕاستەوخۆش سوودی گەیاندووە، بۆیە لیژنەكە بڕیاریاندا كە ئەو ڕاوبۆچوونەی هەیە بگەیەنن بە پەرلەمان و حكومەت بۆ ئەوەی هەوڵدرێت بودجەی پەرەپێدانی پارێزگا زیاد بكرێت، بەڵام بەداخەوە بودجەكە كەمی كردەوە.
قوتابخانە لە هەموو گوندەكانی سنووری قەزای شەقڵاوە هەیە
هەموو لایەكمان گرنگی پەروەردەو فێركردن بۆ كۆمەڵگە دەزانین چییە؟ بۆ ئەوەی بزانین كێشەو گرفتەكانی بواری پەروەردە لە چ ئاستێكە، قایمقامی شەقڵاوە وتی: پێویستییەكانی بواری پەروەردە ئەوەی ئیستا هەیە بۆی هەیە لە ماوەی ساڵێك تا دوو ساڵ چارەسەر بكرێت، بەڵام ئێستا لەبەر وێرانكاری پێشتر كەموكوڕیمان زۆرە كە هەوڵدەدەین ئەو كەموكوڕیانە پڕبكەینەوە و چارەسەر بكرێت، لەگەڵ ئەمەش بەرفراوانی و ئاوەدانی لە شارەكە و سنوورەكە زیاد دەكات، ئەمانە هەمووی وایكردووە بە كاروپڕۆژەكان ڕانەگەین، ئەگەر ئێستا لەسەنتەری شەقڵاوە پێویستیمان بە دوو بینایەی قوتابخانە بێت ساڵێكی تر دوو قوتابخانەی تریش پێویستە، لەبەر ئەوەی ژمارەی دانیشتووانی شار و سنوورەكە لە زیادبووندایە.
بەڵام بۆ چارەسەری یەكجارەكی بواری پەروەردە پێویست بەوە دەكات بودجەیەكی زۆر تەرخان بكرێت، تاوەكو بەیەكجار چارەسەری كەموكوڕییەكان بكرێت، باوەڕیش ناكەم ئەو كارەش بكرێت، لەبەر ئەوەی بودجەی گەورە لەبەر دەست نییە، بۆیە بەڕاوبۆچوونی من تا(10) ساڵی تریش كێشە و گرفتەكانی پەروەردە لە قەزای شەقڵاوە هەر دەمێنێت، سەرەڕای ئەمەش لە هەموو گوندەكانی سنوورەكە قوتابخانە هەیە، تەنیا ساڵی(2010) چواردە قوتابخانە دروستكراوە و ئەمساڵیش چەند قوتابخانەیەكی تر دروست دەكرێت، هەر ئێستا لە شەقڵاوە قوتابخانەیەكی(24) پۆلی لەژێر ئەنجامدانە، لەشاری شەقڵاوە سێ دەوامی لەیەك بینایە نییە و میلاكاتیش تا ڕاددەیەك باشە.
لە نەخۆشخانەی گشتی شەقڵاوە
نەشتەرگەری گەورەش ئەنجام دەدرێت
سەبارەت بە بواری تەندروستی قایمقامی قەزای شەقڵاوە وتی: لە بواری تەندروستی شەقڵاوە لە زۆربەی قەزاو ناوچەكانی تری كوردستان باشترە، لەسەنتەری قەزا بنكەیەكی تەندروستی و نەخۆشخانەیەكی گشتی بەرفراوانی هەیە، نەخۆشخانەكە هەموو جۆرە پزیشكێكی پسپۆرایەتییەكانی لێیە و نەشتەرگەری گەورەشی تێدا ئەنجام دەدرێت، هەروەها بۆ هەرچەند گوندێكیش لە سنوورەكەدا بنكەیەكی تەندروستی دروستكراوە.
ساردكەرەویەك(بەڕاد) لە قەزای شەقڵاوە
بۆ هەڵگرتنی میوەی سنوورەكە زۆر پێویست و گرنگە
سنووری قەزای شەقڵاوە بەناوبانگە بەجۆرەها میوە، بۆ پاڵپشتی جووتیاران و یارمەتیدانیان پێویست بەوە دەكات حكومەت یان كەرتی تایبەت كارگەی قوتووبەند لە سنوورەكە دابمەزرێنن، ئایا هیچ جۆرە پڕۆژەیەكی لەمجۆرە لە شەقڵاوە هەیە؟ لەمبارەوە قایمقامی قەزای شەقڵاوە وتی: تا ئێستا هیچ كارگەیەكی لەمجۆرە لە ناوچەكە دانەمەزراوە، ئەم كارەش بەپێی سیاسەتی حكومەت دەبێ كەرتی تایبەت كاری لەسەر بكات و داواكاریش لەلایەن كەرتی تایبەت هەبوو، بەڵام نازانین بۆ نەهاتوون بەفیعلی كاربكەن، هەروەها (بەڕاد) ساردكەرەویەك بۆ هەڵگرتنی میوەی سنوورەكە زۆر پێویست و گرنگە و پاڵپشتی و هاوكاریەكی باشی جووتیارانیشە.
قەزای شەقڵاوە لەڕووی ئامێرەكانەوە
زۆر هەژار و دەست كورتە
بۆ بواری خزمەتگوزاری و ڕاپەڕاندنی هەندێ ئیش و كار پێویستە هەموو قەزا و ناحییەكان هەندێ ئامێریان لەبەردەست بێت، ئایا قەزای شەقڵاوە ئامێری پێویستی هەیە، لەمبارەوە قایمقامی قەزای شەقڵاوە وتی: قەزای شەقڵاوە لەڕووی ئامێرەكانەوە زۆر هەژار و دەست كورتە، شارەوانی شەقڵاوە و هەموو سنوورەكە تاكەیەك شۆفەڵی نییە لەكاتی خۆی شۆفەڵێكمان هەبوو بەناوی تیم دروستكردن لێیان وەرگرتینەوە، گەڵابەیەكی زۆر بچووكمان هەیە، ئەگەر یەك مەتر قوم و چەوی تێبكرێت ناتوانێ بە شەقامەكاندا بڕوات، لەبەر ئەوەی توانای كاركردنی زۆر كەمە و بۆ چاككردنەوەی گرفتی كارەبا و ڕووناك كەرەوەكانمان سەلەی كارەبامان نییە، لەكاتی پێویستی دەبێ داوا لە هەولێر بكەین بۆ ئەمەش دەبێ نۆرە بگرین.
لە كۆتاییشدا قایمقامی قەزای شەقڵاوە وتی: بێگومان لەلای من چارەسەركردنی ئەزمەی نیشتەجێبوون بەتایبەتی بۆ ئەو كەسانەی كرێچین و داهاتێكی كەم و دیاریكراویان هەیە گەورەترین كار و پڕۆژەیە، بۆیە پێویستە حكومەت ئەم كارە بخاتە بەرنامە و ئیشی لەسەر بكات، چونكە خێزانە كرێچییەكانی شەقڵاوە زۆر هەژار و مەغدورن.
هەروەها پێویستە وەزارەت و لایەنە پێوەندارەكان لەبواری گەشتوگوزاری گرنگییەكی تایبەتی بە شەقڵاوە بدەن و ئاسانكاری بۆ ئەو كەسانە بكەن كە دەیانەوێت پڕۆژەی وەبەرهێنانی گەشتیاری ئەنجام بدەن.
Top