چۆمان.. كێڵگەی مین و نەبوونی نەخشەی بنەڕەتی زیانی بە دەڤەرەكە گەیاندووە

چۆمان.. كێڵگەی مین و نەبوونی نەخشەی بنەڕەتی زیانی بە دەڤەرەكە گەیاندووە
عەبدولواحید گوانی قایمقامی قەزای چۆمان (بۆ گوڵان): ئەو خزمەتگوزاریانەی بۆ سنووری چۆمان پێشكەش كراوە بەپێی پێویست و تمووحی دانیشتووانەكەی نییە

چۆمان یەكەمین شوێنە لەكوردستان ـ دا لەساڵی (1970) بەبڕیار و مۆری كوردی بۆتە قەزا، لە سەرەتادا ناحییەكانی گەڵالە و حاجی ئۆمەرانی لەخۆ دەگرت، بەڵام لە دوای ڕاپەڕینی گەلەكەمان لەساڵی (1991)ەوەو بە رەچاوكردنی پێداویستی ناوچەكە، سنووری قەزای چۆمان دوو ناحییەی تری بۆ زیادبوو، لەو كاتەوە ناحییەكانی ( گەڵاڵە و قەسرێ و سمێلان و حاجی ئۆمەران و 116 گوند)ی لەخۆ گرت، كە تەنیا (19) گوند ئاوەدان نەكراونەتەوە.لەم قەزایەدا لەبەر تۆپ باران و كێڵگەكانی مین و هۆكارەكانی تری گەڕان بەدوای بژێوی ژیانێكی باشتر لەشارەكان تەنیا (46) هەزار كەس گەڕاونەتەوە سەرماڵ و حاڵی خۆیان، لەم ناوچە شاخاوییەدا دانیشتووانی ناوچەكە بەگشتی بە بەخێوكردنی ئاژەڵداری و بەڕێوەبردنی بێستان و باخی میوەو سەوزەو كاری كشتوكاڵی سەرقاڵ و خەریكن و ناوچەیەكە ژمارەیەكی زۆر ئاژەڵی كێویی و دارو درەختی خۆرسكی لێیە.
ناوچەیەكی شاخاوییە و شەقامی سەرەكی هاملتۆن كە ڕێگایەكی گرنگی بازرگانییە لەنێوان هەرێمی كوردستان و ئێراندا ،رێگاكە بەسەنتەری قەزای چۆمان تێپەڕدەبێت، ساڵانە ڕێژەیەكی زۆر بەفرو باران لەسنوورەكەی دەبارێت، هەر بۆیە لە وەرزی بەهاران و هاوینان سنووری چۆمان لەوەڕگاو كوێستانێكی خۆشی هەیە و بە كوارگ و ڕێواس بەناوبانگە.
قەزای چۆمان لەبەرئەوەی بەدرێژای شۆڕشی رزگاریخوازی گەلەكەمان بنكەو لانەی شۆڕش و بەرخودان بووە، هەر بۆیە پاش پلانە دوژمنكارییە شوومەكەی جەزایر كە دەرهەق بەكورد و كوردستان كرا بڕیار درا بە تێكدان وخاپوركردنی سەنتەری قەزای چۆمان و ناحییە و گوندەكانی دەوروبەری و ڕاگواستنی دانیشتووانەكەی بۆ كۆمەڵگا زۆرە ملێكان و شارەكانی تری كوردستان، بەڵام لە دوای ساڵی (1991) بەتایبەتی لە دەست بەكاربوونی حكومەتی هەرێمی كوردستان سنووری قەزای چۆمان ئاوەدان كرایەوە، بەڵام بەهۆی ئەو بارودۆخەی هاتە پێش كوردستان و نزیكی چۆمان لە سێگۆشەی سنوورەوە بەپێی پێویست كارو پڕۆژەی خزمەتگوزاری بۆ ئەنجام نەدرا، دەتوانین بڵێین چۆمان لەبواری پڕۆژەكان دواكەوت، گەرچی زیاتر لە (7) ساڵە لەلایەن حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە بەجیددی كارو پڕۆژە بۆخزمەتكردن و ئاوەدانكردنەوەی سنووری چۆمان دەكرێت، سەرەڕای ئەمەش لێرە و لەوێ خەڵكی ئەو دەڤەرە گلەیی و گازندەیان لەبارەی كارە خزمەتگوزارییەكان هەیە، ئێمە وەكو تیمی ( گۆڤاری گوڵان ) لە سەردانێكی قەزای چۆمان دا چەند هاووڵاتییەكمان دوواند بەگشتی كێشە و گرفتەكانیان بۆمان دەربڕی ، بەتایبەتی لەبارەی كەمی یا نەبوونی ئاوەڕۆ و خراپی ڕێگا و بانەكانی زۆربەی گوندەكان و گرنگی نەدان بە كەرتی ئاژەڵداری و بوونی كێڵگەیەكی زۆری مین لەناوچەكەدا، كە كارو سستەمی پاككردنەوەی ناوچەكە لەمین زۆر سستە و خراپی شێوەی كۆكردنەوە و لە ناوبردنی زبڵوخاشاك كە هۆكارێكی سەرەكی پیسبوونی ژینگەكەیانە، بۆخستنەڕووی گلەیی و گازندەی هاووڵاتیان و چەندین پرسیاری تر سەردانی بەڕێز (عەبدولواحید گوانی) قایمقامی قەزای چۆمانمان كردوو، بەمجۆرە رای خۆی بۆ گوڵان دەربڕی:

دەبێ وەزارەتەكان كار و پڕۆژەی زۆرترو
جددی تریان بۆ قەزای چۆمان هەبێت
سەرەتا قایمقامی قەزای چۆمان ئاماژەی بەپێداویستی ناوچەكە كردو وتی: بەدرێژایی مێژووی دەسەڵاتی حكومەتی عێراقی قەزای چۆمان جگە لەوەی بێبەش بووە لە هەموو كارە خزمەتگوزارییەكان، لەبەرگرنگی و هەڵكەوتەی ناوچەكە بۆ كوردستان سەرتاپای سنوورەكەی بەتایبەتی سەنتەری قەزای چۆمانی خاپوورو وێران كرد، پڕۆژەكانی خزمەتگوزاری و ژێرخانەكەی تێكدا و بێ سەروبەری كرد، لە سەرەتای ڕاپەڕینیش تا ساڵی (2000) لە لایەن حكومەتی هەرێمی كوردستان كارو پڕۆژەی كەمی بۆ كرا، یەكێك لەو كار و پرۆژانەی كراوە شایانی باسكردنە ئەویش ئەوەیە كاتی خۆی بازاڕی چۆمان بەكەپر و شێوازێكی زۆر سادە و سەرەتایی دروست كرابوو، لەكاتی ئەنجامدانی پڕۆژەی دوو سایدی ناو سەنتەری چۆمان ئەو بازاڕە تێكدرا، بەڵام خەڵكەكە بەشێوەیەكی زۆر باش قەرەبوو كرانەوە، بەڵام سەڕەرای ئەم كارەش زۆر كارو پڕۆژە هەیە پێویستە ئەنجام بدرێت، هاووڵاتیانیش بەگشتی بەبێ پێنج خزمەتگوزاری سەرەكی وەكو ( ئاو و كارەبا و تەندروستی و پەروەردە و ڕێگاوبان ) ناتوانن ژیان هەڵبكەن بەگشتی ئەو خزمەتگوزارییانەی بۆ سنووری چۆمان پێشكەش كراوە بەپێی تمووحی دانیشتووانەكەی نییە، بۆیە لێرەدا پێویستە بڵێین دەبێ وەزارەت و لایەنە پێوەندارەكان كار و پڕۆژە و پلان و بەرنامەی زۆرتر و باشتر و جددی تریان بۆ قەزای چۆمان هەبێت.
ناحیەی حاجی ئۆمەران و (36) گوند لە دۆڵی باڵەیان تۆڕی كارەبای نیشتیمانی پێ نەگەیشتووە
وەكو دەزانین لە كاتی خۆی بواری كارەبا بەگشتی لەسنووری قەزای چۆمان گرنگی پێ نەدرابوو، تۆڕی دابەشكردنی كارەبا نەگەیشتبووە زۆربەی سنوورەكەی و لە دوای خاپوور كردنی ناوچەكە و ڕاگواستنەوەی خەڵكەكەی ئەوەی هەبووش تێكچوو، واتە ژێرخانی كارەبا لە سنووری چۆمان بە تەواوی داتەپی بوو، سەبارەت بە كێشە و گرفتەكان و پڕۆژە و ڕەوشی كارەبا لە سنووری قەزای چۆمان قایمقامی قەزای چۆمان وتی: لە دوای ڕاپەڕین تا ماوەی چەند ساڵێك بۆ زۆربەی گوندو ناوچەكە لە ڕێگای موەلیدەوە كارەبایان بۆ دابینكرابوو، دواتر لە ڕێگای ئاوی گوندەكان و سنوورەكە (26) سەرچاوەی كارەبای هایدرۆپاوەر بە هەماهەنگی خەڵكی گوندەكان و حكومەت و رێكخراوەكان (NGO) دروستكرا، بڕی وزەی ئەو هایدرۆپاوەرانە بەپێی پێویست سوودی لێ وەرنەدەگیرا، بەڵام وەكو سەرەتایەك كارێكی باش بوو، بۆ ناحیەی حاجی ئۆمەران بەبڕی (70) هەزار دۆلار كارەبا لە ئێران ڕاكێشرا.
سەنتەری قەزا تۆڕی دابەشكردنی كارەبای نەبوو، لەسەر بودجەی پەرەپێدانی پارێزگای هەولێر تۆڕی دابەشكردنی كارەبا بۆسەنتەری قەزاو چەند گوندێك دانراو ماوەیەكە كارەبای نیشتمانی گەیشتۆتە ناو سەنتەری قەزا، بەڵام ناحییەكانی سمێلان و قەسرێ و گەڵاڵە و گوندەكانی دەوروبەریان گرفتی كارەبایان هەیە، بۆیە لەلایەن وەزارەتی كارەباوە بڕی (3) ملیار دینار بۆپڕۆژەكانی كارەبای هەر سێ ناحییە و گوندەكانی دەوروبەری تەرخانكراوە دەبێ لە ماوەی ساڵی (2011) ئەو پڕۆژانە تەواو بكرێن، بۆ ئەوەی كێشە و گرفتی ئەو شوێنانە كۆتایی
پێ بێت، بەڵام لەلایەكی تر تا ئێستاكە ناحییەی حاجی ئۆمەران و (36) گوند لە دۆڵی باڵەیان تۆڕی كارەبای نیشتیمانی پێ نەگەیشتووە.
ناحیەی قەسرێ كێشەی ئاوی خواردنەوەی هەیە لە بەرنامەی ئەمساڵدایە پڕۆژەی بۆ ئەنجام بدرێت
لە كۆنەوە وتراوە ئاو و ئاوەدانی، ئاوی خواردنەوە گرنگترین پێداویستی ڕۆژانەو بەردەوامی ژیانی مرۆڤە و سنووری چۆمان هەرچەندە كانی و سەرچاوەی تری ئاوی خواردنەوەی هەیە، بەڵام وەكو پڕۆژەی گونجاو و بەردەوام كێشە و گرفت لەو سنوورە هەستی پێكراوە، سەبارەت بە كێشە و گرفت و پڕۆژەكانی ئاوی خواردنەوە لە سنووری قەزای چۆمان و دابینكردنی ئاوی خواردنەوە بۆ گوندە دوورە دەستەكان و ناحییەكان، قایمقامی قەزای چۆمان وتی: بە شێوەیەكی گشتی كێشەی ئاوی خواردنەوە لەسنووری قەزای چۆمان هەبوو، بەڵام ساڵ لە دوای ساڵ هەوڵدراوە و كار و پڕۆژە بۆ ئەو مەبەستە ئەنجام دراوە، تا گرفت و كێشەی ئاوی خواردنەوە لەم سنوورە نەمێنێت، كێشەی ئاوی خواردنەوە سەنتەری چۆمان بە ڕاكێشان بۆرییەكی (10) ئینجی لە دووری (18،5) كیلۆمەتر لە كانی (پڕژێ) لەسەر سنووری ئێران بۆ چۆمان چارەسەر كرا، هەر لەم پڕۆژەیەدا چوار حەوزی گەورەی گلدانەوەی ئاو و تۆڕی دابەشكردنی ئاوی خواردنەوەی ناو سەنتەری چۆمان بەشێوەیەكی زانستی و هاوچەرخانە دروست كرا. هەروەها بۆچارەسەركردنی كێشەی ئاوی خواردنەوەی ناحیەی حاجی ئۆمەران پڕۆژەیەكی ستراتیژی بۆ ئەنجامدرا كە لە چیای (كۆدۆ) ئاوی بۆ ڕاكێشرا كە دەتوانین بڵێین تا (50) ساڵی تر ئەو ناحیەیە گرفتی ئاوی خواردنەوەی نابێت. هەروەها ئیستاكەش لە ناحیەی قەسرێ كێشەی ئاوی خواردنەوە هەیە و لە بەرنامەدایە ئەمساڵ پڕۆژەی بۆ ئەنجام بدرێت و بودجەشی بۆ دەرچووە.
لە بەرانبەر خەڵكی گوندی (دۆل بالیسە)هەست بە شەرمەزاری دەكەین
وەكو دەزانین لە هەموو شار و شارۆچكە و ناوچەیەك ڕێگاوبان گرنگی و پێوەندی تایبەتی و راستەوخۆی بە كار و گوزەران و ژیانی خەڵكەوە هەیە و بەفاكتەرێكی سەرەكی بەرەوپێشڤەچوون دادەنرێت، لە هەر شوێنێك و ناوچەیەك ئەگەر ڕێگاوبان باش و شیاو نەبێت خەڵكەكە ناتوانن بە ئاسانی كار و ئیش و بازرگانی و هاتوچۆ بكەن و برەو بە كار و پیشەكانیان بدەن. قەزای چۆمان بەگشتی و ناحییە و گوندەكان بەتایبەتی شاخاوین لە سەردەمی حكومەتی عێراق بواری رێگاوبانی مەدەنی و خزمەتگوزاری ئەو سنوورانە زۆر بە كەمی گرنگی پێدراوە، بۆیە هەموو كاتێك كێشەی هاتووچۆ لەو دەڤەرە هەبووە. سەبارەت بە گرفت و كێشە و پڕۆژەی ڕێگاوبان لەو ناوچەیە قایمقامی قەزای چۆمان وتی: ڕێگاوبان لە سنووری قەزای چۆمان دوو تایبەتمەندی و گرنگی هەیە، یەكێكیان ئەوەیە لەبەر ئەوەی ناوچەیەكی شاخاویە ڕێگاوبان ڕاستەوخۆ كاریگەری لەسەر هاتوچۆ و ژیانی ڕۆژانەی خەڵكەكە هەیە، دووەم ڕێگاوبان هۆكارێكی سەرەكی بەخێوكردنی مەڕ و ماڵاتە بۆ ناوچەكە و چەندین شوێنی تر، چونكە مەڕدارانی سنووری هەولێر و سلێمانی و زۆر جێگای تر لە وەرزی هاوینان بۆ بەخێوكردنی مەڕ و ماڵاتەكانیان ڕوو لە سنووری چۆمان دەكەن.
ساڵانە وەكو كارێكی كاتیی بە دووشێواز گرفتەكانی ڕێگاوبانی ناوچەكە چارەسەر دەكرێت، یەكەمیان لە بەهاران تیمێكی شۆفل و گرێدەر دروست دەكرێت بۆ چاككردنەوە و پاككردنەوەی ئەو ڕێگاوبانانەی كە لە زستاناندا تێكچووە و بەردی چیای كەوتۆتە سەر، ساڵانە بۆ راماڵین و پاككردنەوەی ڕێگا و شەقامەكان لە بەفر بەهەمان شێوە تیمێك لە وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە پێك دەهێنرێت، بەڵام بۆ باشتركردن و دروستكردنی ڕێگاوبان لەسنووری چۆمان هەموو ساڵێك چەند كار و پڕۆژەیەك ئەنجام دەدرێت، لەمانە دوو سایدی ناو چۆمان و چەند گەڕەكێكی سەنتەری قەزا و ناحیەكان و ڕێگا سەرەكیەكانی وەكو دۆڵی رۆستی، بەڵام ناوچەكە زۆر پێویستی لەمە زیاتری دەوێت، بۆیە ئەمساڵ بۆ پڕۆژەكانی ڕێگاوبانی سنووری قەزای چۆمان بڕی (60) ملێون دۆلار تەرخان كراوە، لەو بودجەیەش چەند كار و پڕۆژەیەك جێبەجێ دەكرێت لەوانە جووت سایدی چۆمان حاجی ئۆمەران و ڕێگای سەرەكی ناحیەی قەسرێ و چەند ڕێگایەكی تری پێویست و گرنگن بۆ سنوورەكە هەموو پڕۆژەكانیش لەسەر بودجەی وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە و پەرەپێدانی پارێزگای هەولێرە، جگە لەمانە دیارترین كێشەی ڕێگاوبان لەسنوورەكەدا ڕێگای گوندی (دۆل بالیسە) بێگومان ئێمە وەكو حكومەت هەست بە شەرمەزاری لە بەرانبەر خەڵكی ئەو گوندە دەكەین، لەبەر ئەوەی ڕێگاكەیان سەخت و بێ سەروبەرە و تائیستاكەش كاری بۆ نەكراوە و چەند گوندێكی تریش هەیە كە خەڵكەكەی لە وەرزی هاوین بۆی دەگەڕێنەوە ڕێگاكانیان پێویستی بە كار و پڕۆژە هەیە.
هەروەها لە بواری پردەوە ئەم ساڵ (6) پرد لە سنوورەكە دا لە ژێر جێبەجێ كردندایە، گەرچی پردێك بۆگوندی (مامە خەتیبیان)زۆر پێویستە دروست بكرێت، چونكە ئەو شوێنە پردی هەبووە لافاو بردوویەتی، بەڵام تائیستا نەخراوەتە پلان و بەرنامەوە.
تەنیا (6) گوند لە سنوورەی قەزای چۆمان ماوە قوتابخانەی بۆ دروست بكرێت
پەروەردە وخوێندن دوو بنەمای شارستانیەت و ئاستی ڕۆشنبیری و پێشكەوتنی هەموو میللەتێكە و دەبێ بۆ هەموو تاكێكی كۆمەڵگا بەبێ جیاوازی دابین بكرێت،ئەو دوو بنەمایەش تەواوكاری یەكترن، گەلی كوردیش وەكو هەموو میللەتانی دنیا بەدرێژایی مێژوو گرنگی زۆری بە پەروەردە و خوێندن داوە، سەبارەت بە ڕەوشی پەروەردە و خوێندن و كێشە و گرفتەكانی ئەو بوارە لە سنووری قەزای چۆمان، قایمقامی قەزای چۆمان وتی: پەروەردەی قەزای چۆمان لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان تاكە پەروەردەیە كە كێشەی سێ دەوامی و زۆری قوتابی نییە و لە میلاكاتیش كێشەمان نییە، لەبەر ئەوەی سنووری چۆمان دەرچووی پەیمانگا و كۆلیژی زۆرە و بەشی هەرە سەرەكی مامۆستایان خەڵكی دەڤەرەكەن هەر لەوێش نیشتەجێن، بۆیە بەدەگمەن داوای گواستنەوە هەیە.
بەگشتی لەساڵانی ڕابردوو تا ئێستاكە ژمارەیەكی زۆر لەبینایەی قوتابخانە نۆژەنكراونەتەوە و پتر لە (20) قوتابخانەی تازە دروست كراوە، هەر ئێستاكە (5) قوتابخانەی (18) پۆلی لەسەنتەر و هەر (4) ناحیە لە ژێر جێبەجێ كردندانە، باشێتی ڕەوشی پەروەردەی چۆمان وایكردووە كە ساڵانە پەروەردەی قەزای چۆمان لە قۆناغەكانی تاقیكردنەوەی بەكەلۆریا ئاستی یەكەم یا دووەم لەسەر ئاستی پارێزگای هەولێر و كوردستان بە دەست بێنێت، سەرەڕای ئەمانەش (6) گوند لە سنوورەكە ماوە قوتابخانەیان بۆ دروست بكرێت.
حاجی ئۆمەران بنكەیەكی تەندروستی بچووك و زۆر خراپی هەیە
بواری تەندروستیش یەكێكە لەو بوارانەی كە ڕۆژانە راستەوخۆ پێوەندی بە ژیان و سەلامەتی مرۆڤەوە هەیە، لەو سەردەمەدا لە سایەی بەرەوپێشەوەچوونی زانستی پزیشكی و دۆزینەوەی ئامێری ورد و هەستیاری پشكنینەكان و دروستكردنی داودەرمانی باش دۆزینەوە و چارەسەركردنی زۆربەی نەخۆشیەكان خێراتر و ئاسان تر بووە، هاوكات لە هەرێمی كوردستانیش لەماوەی دەست بەكاربوونی حكومەتی كوردستان تا ئێستا تا ئاستێكی باش لە بواری پزیشكی و تەندروستی هەنگاوی زانستی و پراكتیكی نراوە، بەڵام لێرە ولەوێش بەتایبەتی لە ناحیە و قەزا و گوندەكان تارادەیەك لە شارە گەورەكانیش لە لایەن هاووڵاتیانەوە گلەیی هەیە و داوای باشتركردنی ئەو ڕەوشە دەكەن بەتایبەتی لە لایەنی داودەرمان و ئامێر و بینایەی نەخۆشخانەكان و نەبوونی بنكەی تەندروستی لە هەندێ شوێن و گوندەكان دا، سەبارەت بە بواری تەندروستی بەگشتی لە سنووری قەزای چۆمان و كێشە و گرفت و پێداویستیەكانی ئەو لایەنە، قایمقامی قەزای چۆمان وتی: لەسەرەتای ئاوەدانكردنەوەی سنوورەكە كێشە و گرفتی تەندروستی زۆر بوو، بەڵام ساڵ لەدوای ساڵ ئەو بوارە گەشەكردنی بەرچاوی بەخۆوە دیت، لە سەنتەری قەزای چۆمان نەخۆشخانەیەكی (90) قەرەوێڵەیی هاوچەرخ دروستكراوە، پزیشك و كارمەند و هەموو ئامێرەكانی پشكنین و سۆنار وتیشك و ژووری نەشتەرگەری و... تاد بۆ دابین كراوە.
هەروەها لە ناحیەكانی گەڵاڵە و سمیلان و قەسرێ بنكەی تەندروستی دروست كراوە، بەڵام ناحیەی حاجی ئۆمەران لەگەڵ ئەوەی قەرەباڵغە و هاتوچۆی زۆر لەسەرە بنكەیەكی تەندروستی بچووكی زۆر خراپی هەیە و پێویست بەوە دەكات بەزووترین كات بنكەیەكی تەندروستی بەرفراوان و مۆدێرنی بۆ دروست بكرێت، بەگشتی ڕەوشی تەندروستی بەرەو پێش چووە، بەڵام لە ناحیە و گوندەكان بەتایبەتی دوورە دەستەكان پێویستە پتر كار و ئیشیان بۆ بكرێت.
لە حكومەت گلەییمان هەیە، چونكە لامەركەزیەت نییە
یەكێك لەو كێشە وگرفتانەی لە ڕاپەڕاندنی كار و پڕۆژەكان دێتە بەردەم بەرپرسی یەكە كارگێڕیەكان نەبوونی دەسەڵاتی كارگێڕی وداراییە، بەڵكو بڕیارەكان لەسەرەوە دەدرێن و لە خوارەوە جێبەجێ دەكرێت یا بەرپرسی یەكە ئیداریەكان هەر وەكو چاودێرێك وانە، بەڵام نزیكەی ساڵێك دەبێ بە بڕیارێكی سەرۆكایەتی ئەنجوومەنی وەزیران دەسەڵاتی ئیداری دابەزیوەتە خوارەوە، بۆ ئەوەی بزانین سەبارەت بەو دەسەڵاتەی كە دابەزیوە چەند كاریگەری لەسەر باشتر ڕاپەڕاندنی كارەكانیان هەیە و ئایا لەگەڵ دەسەڵاتەكە دەسەڵاتی داراییش دابەزیوە ، لەمبارەوە قایمقامی قەزای چۆمان وتی: پێش هەڵبژاردنی پارێزگاكان لە دەست ڕۆتینی ئیدارەی وەزارەتەكان دەمانناڵاند و زۆر ماندوویان دەكردین، كە دەسەڵاتی پارێزگا بەهێز بوو بە تایبەتی لە كابینەی (5) ی حكومەتی هەرێمی كوردستان بەشی زۆری كێشە و گرفتەكان لە ڕووی ئیداری و دارایی چارەسەركران، لەمبارەشەوە سوپاس و ستایشی پارێزگای هەولێر دەكەین، بەڵام لە حكومەت گلەیمان هەیە، چونكە لامەركەزیەت نییە، ئەو بڕیار و ڕێنماییەی كە گوایە دابەزیوەتە خوارەوە، تا ئێستا هیچی دانەبەزیوە و كاری لەسەر نەكراوە، بەڵكو تەنیا نووسراو و كاغەزێكە بۆمان هاتووە، نەبوونی لامەركەزیەت و دانەبەزاندنی دەسەڵات كاریگەری خراپی لەسەر ناحیە و قەزاكان دروست كردووە، لەبەر ئەوەی قەزا و ناحیەكان نازانن ساڵانە بۆچ كار و پڕۆژەكانیان چەند بودجەیان بۆ تەرخان كراوە. دڵخۆشی و ئومێدی ئێمە چەند ساڵە ئەو هەماهەنگیەیە كە لەگەڵ پارێزگا هەمانە و توانراوە بەم ڕێگایە چەندین پڕۆژە بۆ سنوورەكە بخەینە پلان و جێبەجێ بكرێت
یەكێك لە كێشە سەرەكیەكانی چۆمان نەك نەبوونی ماستەرپلانە، بەڵكو چۆمان نەخشەی بنەڕەتیشی نییە
هەموو شار و شارۆچكەیەك تەنانەت گوندی گەورەش بۆ بەرفراوانكردن و گەشەكردن لە ڕووی نیشتەجێبوون و دەست نیشانكردنی شوێنەخزمەتگوزاریەكان و دەركەوتنی شارەكە بەشێوەیەكی جوان و ئەندازەیی پێویستی بە نەخشەی بنەڕەتی و لە پاشان بەماستەر پلانێكی ورد و زانستی و تیروتەسەل هەیە، سەبارەت بەوەی ئایا قەزای چۆمان گەورە و بەرفراوان دەكرێت و ماستەرپلانی هەیە، قایمقامی قەزای چۆمان وتی: یەكێك لە كێشە سەرەكیەكانی چۆمان نەك نەبوونی ماستەرپلانە، بەڵكو چۆمان نەخشەی بنەڕەتیشی نییە، بۆ گەورە بوون و دابەشكردنی زەوی و كار و پڕۆژەكانی ناو سەنتەری قەزای چۆمان بەبێ نەخشەی بنەڕەتی كار دەكەین، بەچاو و تەخمین و تێڕوانینی خۆمان كارەكان ئەنجام دەدەین، كابینە لە دوای كابینە لە دەرگای وەزارەتی شارەوانیمان داوە بۆ دانانی نەخشەیەك یان دروستكردنی ماستەر پلان، بەڵام بۆ ئەو پڕۆژە پێویست و گرنگ و سەرەكیەی شارۆچكەكە بەدەنگمانەوە نەهاتوون، هاوكات بۆ كوژاندنەوە و ئیفرازكردنی زەوییش كارمان بۆ نەكراوە، چونكە زەویەكانی چۆمان هی خەڵكە لەكاتی خۆی حكومەتی بەعس زەویەكانی هەموو كردۆتە ئەمیری بەبێ ئەوەی پرس بە خاوەنەكانەكانی بكات و قەرەبووی تاكە كەسێكیشی نەكردۆتەوە، بۆیە ئێمەش ناتوانین یەك پارچە زەوی بكوژێنینەوە و ئیفراز و دابەشی بكەین، بۆیە لە ڕووی ئەندازەیی و نەخشەی بنەڕەتی تەنیا ڕێگا و شەقام و كۆڵانەكان دەتوانین دەست نیشان بكەین دەنا هەموو كارەكانی تر لە ڕووی نەخشەی بنەڕەتی و ماستەرپلانەوە زێدەڕۆیە، بۆ شوێنی خزمەتگوزاریەكان لە ناو شارەكەدا بە كڕین و بەخشین دابین و چارەسەر كراوە.
زبڵوخاشاك لە هەموو كوردستان گرفتێكی گەورەیە، خەڵك و لایەنی پێوەندار لە دەستی دەناڵێنن
وەكو دەزانین ڕۆژانە لە هەموو ماڵێك بڕێك زبڵوخاشاك فڕێ دەدرێت، پێویستە لەلایەن شارەوانییەوە ئەو زبڵوخاشاكەی كۆڵان و گەڕەك و شارەكە بۆ شوێنی دیاریكراو بگوازرێتەوە لەپاشان خۆی لێ رزگار بكرێت، ئەوەش لەدنیای ئەمڕۆدا بەسستەمی جیا جیای پێشكەوتوو پیادە دەكرێت، بەڵام لە لای خۆمان تا ئێستاكەش لەشارە گەورەكانیش هەر بەشێوە كۆن و تەقلیدیەكە كاری لەسەر دەكرێت، سەبارەت بە كۆكردنەوە و خۆ لێ رزگار كردنی زبڵوخاشاك لە شارۆچكەی چۆمان و كێشە و گرفتەكانی قایمقامی قەزای چۆمان وتی: ئەمە لە هەموو كوردستان گرفتێكی گەورەیە، خەڵك و لایەنی پەیوەندار لە دەستی دەناڵێنن، لەبەر ئەوەی سستەمەكەی كۆن و زیانبەخشە لە كاتی كۆكردنەوە و گواستنەوە و سووتانیش مێش و مەگەزو
بۆن و دوكەڵكی ناخۆش و قێزەوەن بڵاو دەبێتەوە، هۆكارێكی سەرەكی بڵاوبوونەوەی جۆرەها نەخۆشیە و هەندێ جار لە كاتی سووتانی زبڵوخاشاكەكە زەوی و باخ و دۆڵەكانی دەوروبەریشی ئاگر دەگرێت، ئەوەش زەرەر وزیانێكە ، پێویستە حكومەت بە هەر نرخێك بێت چارەسەرێك بۆ ئەو بوارە بدۆزێتەوە. لەم ماوەیەدا وەزارەتی شارەوانی چۆمان و سێ قەزاكەی تری ئەو دەڤەرەی بۆ پاككردنەوەیان بە كۆمپانیایەكی كەرتی تایبەتی داوە و هەر چەندە تا ئێستاكە دەست بەكارنەبووە.
هەروەها بۆ پاراستنی ژینگە لە ماوەی سێ سەردانمان بۆ وڵاتی نەمسا بۆ دوو پڕۆژە گرێبەستمان لەگەڵ كۆمپانیای (AiT) مۆركردووە، پڕۆژەیەكیان بۆ دروستكردنی پاركێكی پاراستن و بەخێوكردنی ئاژەڵی كێوی و دار و درەختی سروشتیە لە چیای سەكران، دووەم پڕۆژەش بۆ پاككردنەوەی ئاوی قورسی قەزای چۆمانە، لەبەر ئەوەی ئاوی قورسی سنوورەكە، بەڵكو هەموو كوردستان دەچێتەوە ناو ڕووبارەكان، ئەمەش زۆر مەترسیدارە بۆ تووشبوون و بڵاوبوونەوەی جۆرەها نەخۆشی.
ئەگەر بەو بەرنامە و پلانەی ئێستاكە كار لەسەر هەڵگرتنەوەی مین بكرێت، ئەوە بە (50) ساڵی تر ئینجا دەتوانرێت سنوورەكە پاك بكرێتەوە
لەكاتی خۆی لە لایەن حكومەتی بەعسەوە ژمارەیەكی یەكجار زۆر مین لە ناو خاكی كوردستان بە تایبەتی لەناوچە شاخاوی و سنوورەكان چاندراوە، تا ئێستاش ژمارەی كێڵگە بە مین چێندراوەكان بە وردی نەزانراوە، لە دوای ڕاپەڕینەوە نزیكەی (20) ساڵە چەندین رێكخراوی نا حكومی و بیانی و ناوخۆی كار لەسەر هەڵگرتنەوەی مین دەكەن، بەڵام نەتوانراوە بە تەواوی خۆی لێ رزگار بكرێت، ماوە ماوە، لێرەو لەوێ دەبیستین و دەبینین كە هاووڵاتیان ڕووبەڕووی تەقینەوەی مین دەبن و دەمرن یا تووشی كەمئەندامی دێن، بێگومان سنووری قەزای چۆمان یەكێكە لەو شوێنانەی ژمارەیەكی زۆر كێڵگەی مینی تێدایە و تا ئێستاش زەرەرو و زیانێكی زۆری بەدانیشتووانی سنوورەكەی گەیاندووە، سەبارەت بەم بوارە قایمقامی قەزای چۆمان وتی: بێگومان ڕێژەیەكی زۆری سنووری قەزای چۆمان بەمین داڕێژراوە و قوربانیەكانی بەردەوام و زۆرە و هەندێ گوند لە سنوورەكە لەبەر بوونی مین ئاوەدان نەكراوەتەوە، لە دوای ڕاپەڕینەوە تا ئێستاش لەلایەن دەزگا و رێكخراوەكانی ناحكومی و بیانی و ناوخۆی لەسەر هەڵگرتنەوەی مین بەردەوامن، بەڵام سروشتی ئەو كارە خۆی سست و لەسەرخۆیە، بۆیە ماوەی زۆری دەوێت، ئەگەر بەو بەرنامە و پلانەی ئێستاوە كار لەسەر هەڵگرتنەوەی مین بكرێت ئەوە بە (50) ساڵی تر ئینجا دەتوانرێت سنوورەكە پاك بكرێتەوە، ئەمەش ماوەیەكی زۆرە، بۆیە پێویستە دەزگا و ڕێكخراو و بودجەی زیاتر لە لایەن حكومەتی كوردستانەوە بۆ رزگار بوون لەم كارەساتە جەرگبڕە تەرخان بكرێت.
بوونی كێلگەی مین و نەبوونی نەخشەی بنەڕەتی و زەوی وای كردوە كەرتی گەشتیاری لەناوچەكەدا پێشنەكەوێت
كەرتی گەشتیاری لە هەر وڵاتێك هەبێت یەكێكە لە بنەما گرنگەكانی ئابووری، كوردستان لەو شوێن و وڵاتانەیە كە بەپێی سروشت و ئاو و هەوا و دیمەنە جوان و دڵڕفێنەكانی شوێن و ناوچەی گەشتوگوزاری زۆری هەیە، جگە لەمانە ژمارەیەكی زۆرلە شوێنی ئایینی و ئاینزاكان و شوێنەواری دێرین و كەلتوری هەیە ، بۆ برەودان بەو بوارە پێویستە شوێنی حەوانەوە و پێداویستەكانی كشتیاران لەسەر ستانداری جیهانی دابین بكرێت، لەكوردستان تا ئێستاكە كار و ئیشێكی وا لەبارەی گەشتوگوزار نەكراوە شایانی باسكردن بێت، هەرچەندە لێرە و لەوێ هەندێ كاری سەرەتایی كراوە وەكو كەپر و دانانی كورسی و.... تاد.
قەزای چۆمانیش یەكێكە لەو شوێن و سنوورانەی كوردستان كە چەندین شوێنی گەشتیاری تێدایە، بەڵام بەپێی قسەی خەڵكی ناوچەكە كارێكی وا بۆ شوێنە گەشتوگوزاریەكان نەكراوە كە مرۆڤ دڵی پێ خۆش بێت یان بڵێین دەتوانرێت لە وەرزەكانی گەشتیاری خەڵك كار و كاسبی لێ بكات و ببێتە داهاتێك بۆ ناوچەكە، سەبارەت بە بواری كشتیاری و هۆكاری گرنگی پێنەدان و كێشە و گرفتەكانی ئەو بوارە قایمقامی قەزای چۆمان وتی: بێگومان ناوچە گەشتیاریەكانی سنووری قەزای چۆمان لە ڕووی سروشت و ئاو و هەواوە هەڵكەوتەی جوان و سەرنج راكێشن و جیاوازییەكی تری ئەو ناوچەیە ئەوەیە ژمارەیەكی زۆر ئەشكەوت و ئاژەڵی كێوی و دارودرەختی خۆرسكصی لێیە، لەهەندێ شوێن كاری بچوك بچوك كراوە وەكو دانانی كەپر و دروستكردنی (WC) و... بەڵام ئەوانە نابنە هۆكاری بەرەوپێشچوونی كەتی گەشتیاری،بۆیە لێرەدا دەتوانین بپرسین بۆحكومەت كار و پڕۆژەی گەشتیاری لەو ناوچەیەدا؟ كەرتی تایبەتیش تا ئێستا لەم ناوچەیەدا لەبەر دوو هۆكار نەیانتوانیوە كاربكەن، یەكەمیان لەبەر بوونی كێڵگەی مین و تۆپباران لەسنوورەكەدا كە وای كردوە سەرمایەداران و كەرتی تایبەت نەتوانن سەرمایەكانیان بخەنە كار، دووەم لەبەرئەوەی نەخشە و دیزاینمان لەسنوورەكە نییە و نەبوونی زەوی بۆ ئەوەی بتوانین زەوی بدەین بەكەرتی تایبەت، تاوەكو ئەوانیش كار و پڕۆژەی لەسەر ئەنجام بدەن، بەڵام دەبێ حكومەت چاوەڕوانی كەرتی تایبەت نەكات بەخۆی هەندێ كار و پڕۆژەی گەشتیاری لە سنووری چۆمان بەتایبەتی لە ناوچەی حاجی ئۆمەران ئەنجام بدات.
سنووری چۆمان شوین و دۆڵی زۆر باشی بۆ بەنداو هەیە، گەرچی تا ئێستا ئەو پڕۆژەیە ئەنجام نەدراوە
سنووری چۆمان شوێن و دۆڵی زۆر باشی بۆ بەنداو هەیە و بەهۆی ئەو بەفرەی لە ناوچەكە دەكەوێت و ئاوی كانی و سەرچاوەی تری ئاو ڕێژەیەكی زۆر ئاو لە دەڤەری چۆمان هەیە،
سەبارەت بە دروستكردنی بەنداو لە سنوورەكەدا، قایمقامی قەزای چۆمان وتی: شوێنی گونجاو بۆ بەنداو زۆرە و ئەو پڕۆژەیەش لە زۆر لایەنەوە سوودی دەبێت لەوانە بۆ گلدانەوەی ئاو و بەخێوكردنی ماسی و كاری كشتوكاڵی و بەرهەمهێنانی كارەبا و بواری گەشتیاری و...
بۆ ئەو مەبەستەش كۆمپانیای بەلجیكی و ئیتاڵی سەردانی ناوچەكەیان كردوە و بڕیار بوو لەسێ جێگا لە (بالەیان و سمیلان و قوبەی گەڵاڵە) بەنداو دروست بكرێت.
دەروازەی حاجی ئۆمەران لەماوەی سێ ساڵی ڕابردوو بە فەرمی بوو بە دەروازەیەكی نێودەوڵەتی
خاڵی هەرە گرنگی چۆمان ئەوەیە لەسەر ڕێگای سەرەكی هاملتۆنە كە ڕێگایەكی بازرگانیە لەنێوان كوردستان و ئێران و بەبەردەوامی و شەو و ڕۆژ هاتوچۆی لەسەرە و بۆتە گەورەترین و گرنگترین دەروازە، لە لایەن حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە كار و پڕۆژەی تایبەت و شیاو و مۆدێرنی لە ساڵانی ڕابردوو بۆ كراوە، سەبارەت بە چۆنیەتی بەڕێوەبردنی كارەكانی دەروازەی حاجی ئۆمەران و كێشە و گرفتەكانی، قایمقامی قەزای چۆمان وتی:
لە دوای ڕاپەڕین دەروازەی حاجی ئۆمەران زۆر بێسەرو بەر بوو سستەم و بەڕێوەبردنی كار و ئیشەكانیش بەپێی پێویست و باش نەبوو، ئەوە درێژەی كێشا تا سێ ساڵ پێش ئێستاكە. لەماوەی سێ ساڵی ڕابردوو بە بڕی (20) ملیار دینار كار و پڕۆژەیەكی هاوچەرخ بۆ ئەو دەروازەیە ئەنجام درا و دەتوانین بڵێین لەسەر ئاستی كوردستان باشترین دەروازە لە ڕووی بینایە و بە دەزگابوون هاتەدی و بەڕەزامەندی هەردوولا ( ئێمە و ئێران) بوو بە دەروازەیەكی فەرمی، ئێرانیەكان كە دێنە سنووری ئێمە هەست دەكەن كەدەروازەكە لە لای ئێمەوە زۆر پێشكەوتوو ترە لەلای ئەوانەوە. كێشە و گرفتی لۆری و باری زیاد هەڵگرتن هەبوو توانرا بەرە بەرە وابكەین كە لۆریەكان بێنە سەرستانداری جیهانی لە جیاتی ئەوەی (32) تەن باربكەن هێنرایە سەر (18) تەن كە بەمەش واكرا ڕووداوی وەرگەڕان كەم بەبێتەوە و ڕێگا و شەقامەكانیش كەمتر قورسایی بكەوێتە سەر و تێك نەچێت و ئیستغڵال كردن هەبوو لەوەی كەسانێ هەبوون تەنیا لۆری ئەوان دەچووە ئەودیوی و باری هەڵدەگرت، ئەو دیاردەیە بنەبڕ كرا، لە لایەكی تر بەناوەی جیاجیا مانگانە پتر لە (150) هەزار دینار لە لۆریەكانیان وەردەگیرێت، بەڵام لیژنەیەك هەر لە شوفێری لۆریەكان پێكهێنرا بۆ بەڕێكردنی لۆریەكان و بڕی پارەی وەرگیراو لە جیاتی (150) هەزار دینار كرایە ( 5-7) هەزار دینار. هەروەها كۆنترۆڵی جۆری دانرا بۆ پشكنینی هەموو كەلوپەل و كەرستەو داودەرمانێكی دێتە ژوورێ، بەمەش توانرا زاڵبین بەسەر زیان و كێشە و سەرپێچیەكان.
سیاسەتی حكومەت و لایەنی پێوەندار دژی ئاژەڵدارییە و هەرەسی بەو كەرتە هێناوە
سەبارەت بەبواری ئاژەڵداری و كشتوكاڵی قایمقامی قەزای چۆمان وتی: خاڵی هەرە لاواز و كەمتەرخەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەم دەڤەرە گرنگی نەدان و پشتگیری نەكردنی ئاژەڵداری و كشتوكاڵیە، نەك حكومەت هاوكاری نەكردون بەڵكو ئەو دوو بوارە گرنگەی ناوچەكەی هەرەس پێ هێناوە، بەڵكو حكومەت چەند سیاسەتێكی چەوت لەمبارەوە پەیڕەو دەكات، هەر بۆیەش ساڵ لە دوای ساڵ ئاژەڵداری لە ناوچەكە دا بەرەو كەم بوونەوە دەچێت.
لەبەر چەند كێشەیەك ڕۆژنامەكانی (بالەك و هەڵگورد) دەرناچێت
لەكۆتاییدا سەبارەت بە ڕۆشنبیری و لاوان و وەرزش، قایمقامی قەزای چۆمان وتی: وەكو هەموو شار وشارۆچكەكانی تر حكومەت هەوڵی داوە كار و پڕۆژە و چالاكی لە بوارەكانی ڕۆشنبیری و لاوان و وەرزش لە سنووری چۆمان ئەنجام بدات، لە چۆمان سەنتەری ڕۆشنبیری و خانەی فەرهەنگی و لە (قەسرێ و سمیلان و حاجی ئۆمەران)ش خانەی فەرهەنگی هەیە، هەروەها لە چۆمان رادیۆیەك و دوو ڕۆژنامە بەناوەكانی ( بالەك و هەڵگورد) دەردەچوو، بەڵام لەبەر چەند كێشەیەك ماوەیەكە رادیۆیەكە پەخشەكەی راوەستاوە و دوو ڕۆژنامەكەش دەرناچێت، لەبواری وەرزشی لە سەنتەری قەزا و هەر چوار ناحیە گۆڕەپانی بچوك كراوەی تۆپی پێ و لە سەنتەری قەزا یاریگایەكی گەورە و نێودەوڵەتی دروست كراوە، بەڵام دەڤەرەكە لەم سێ بوارەدا پێویستی بە كار و پڕۆژەی زیاتر هەیە.
Top