ئاكرێ بـۆ باشكردنی باروگوزەرانی خەڵكەكەی لە چـــاوەڕوانیدایە

ئاكرێ بـۆ باشكردنی باروگوزەرانی خەڵكەكەی لە چـــاوەڕوانیدایە
ئاكرێ كە ناوەكەی لە (ئاگر)ەوە هاتووەو بەزمانی كوردی بۆتە ئاكرێ، لەساڵی (1877)ەوە لە سەردەمی عوسمانییەكان بە فەرمی كراوەتە قەزا، ئەم شارە كە بەنێرگزو نەورۆز بەناوبانگە یەكێكە لەقەزا دێرینەكانی كوردستان، تەنانەت باس لەوە دەكرێت كە لەساڵی (733) پێش زایینی لە سەردەمی میرزەند ئەم قەزایە نۆژەنكراوەتەوە، لە دامەزراندنی دەوڵەتی عێراقیشەوە قەزابوونی دووپات كراوەتەوە. ئاكرێ كەوتۆتە ناوچەیەكی شاخاوی و دەشتێكی بەرفراوان و بەپیت و بەرەكەتی هەیە ڕووبەری سنوورەكەی (725) هەزار دۆنمە و ژمارەی دانیشتووانەكەشی (150) هەزار كەس دەبێت، ئێستاكە ناحییەكانی ( دینارتە و بجیل و گردەسێن و 247 گوند ) لەخۆدەگرێت.

كاتێك وەك تیمی گوڵان سەردانی دەڤەرەكەمان كرد تێبینی ئەوەمان كرد كە خەڵكی ئەم ناوچەیە بەكاری كشتوكاڵی و باخ و بێستان و ئاژەڵدارییەوە خەریكن، تەنانەت ڕێژەی لە(41%)ی ئاژەڵی هەموو پارێزگای دهۆك لەم دەڤەرە بەخێودەكرێت، لەڕووی كشتوكاڵ و بەرهەمەكانییەوە ساڵانە بڕێكی زۆر لە گەنم و جۆ بەرهەم دەهێنرێت، لەكاتێكدا ئەم ناوچەیە خاوەنی سایلۆیەك نین، جگە لەمانە جۆرە برنجێكی لێ دەچێندرێت كەلە شارەكانی كوردستان بەناوبانگە. ئاكرێ لە دوای ساڵی (1991) و بە تایبەتی دوای ئازادی عێراق بەرفراوانییەكی گەورەی بەخۆوە بینیوە، بۆیە لەبوارەكانی خزمەتگوزاری پێویستی بە ئاوڕلێدانەوەی زیاتر هەیە، لەچەند گفتوگۆیەكدا لەگەڵ دانیشتووانی ئەم قەزا دێرینەی كوردستان هاووڵاتیانی سەنتەری قەزا لێرەو لەوێ گلەیی و گازندەیەكی زۆریان هەبوو، بەتایبەتی لەوەی لە گەڕەكە تازەكان شەقام و كۆڵانەكانیان قیرتاوو كۆنكرێت نەكراوەو كێشەی ئاوەڕۆو ئاوی خواردنەوەشیان هەبوو، لەلایەكی ترەوە دانیشتووانی گوندەكانیش گلەیی زۆریان لە خراپی و نەبوونی ڕێگاوبانەكانیان هەیە، خراپی خزمەتگوزارییەكان لەئاكرێ بواری پەروەردەشی گرتۆتەوەو ژمارەیەك لەگوندەكان لەگەڵ هاتنی ساڵی تازەی خوێندن قوتابخانەكانیان داخراوە، دەبێ ڕۆژانە منداڵەكانیان بۆ خوێندن هاتووچۆی گوندی تر بكەن.هەروەها ژمارەیەك گوند تا ئێستا كارەبای بۆ نەچووە .

لە سەردانێكی تیمی (گۆڤاری گوڵان) بۆ قەزای ئاكرێ ئەو كەموكوڕی و گلەیی و گازندەیەی خەڵكەكە و چەند پرسیارێكی ترمان ئاڕاستەی بەڕێز جەهوەر عەلی عەزیز قایمقامی قەزای ئاكرێ كرد، كە لەدووتوێی ئەم راپۆرتەدا بڵاوی دەكەینەوە.

جەهوەر عەلی عەزیز قائیمقامی قەزای ئاكرێ (بۆ گوڵان): وەكو خەڵكی ئاكرێ خۆمان بە مەغدوور دەزانین ئاكرێ بەپێی بەرفراوانبوونی گرنگی پێ نەدراوە

كاتێك سەردانی ئاكرێ دەكەیت شارێكی نوێ دەبینیت و ئەو ئاكرێیە دیار نییە كە لە قوتابخانەدا لەوانەی جوگرافیا لەئەتڵەسی عێراقدا دەمانبینی و بە شێوازێكی سەرنجڕاكێش خانووەكان لەدامێنی چیاكەدا بۆ سەرەوە هەڵكشابوون، ئەمەش بۆ ئەو گەورەبوونە دەگەڕێتەوە كە شارەكە بەخۆیەوە بینیوە، سەبارەت بەوەی كە ئاكرێ ژمارەی دانیشتووان و گەڕەكەكانی لەماوەی چەند ساڵی رابردوو زۆر زیادیكردووەو داواكاری و پێداویستی خزمەتگوزاری خەڵكەكەش بە هەمان شێوە زیادیكردووە، قایمقامی قەزای ئاكرێ وتی: حكومەتی عێراق شاری ئاكرێی بەجارێك پشتگوێ خستبوو، گرنگی بەلایەنی گەشەكردن و كار و پڕۆژە خزمەتگوزارییەكان نەدابوو، تەنانەت قایمقامییەت و هەموو فەرمانگە حكومییەكان لە یەك بینایە ئاخنرابوون، تەنیا یەك ژووریش نەبوو بۆ كردنەوەی یەكەیەكی ئیداری بۆ گەشەپێدانی شارەكە، ئەو بینایەش قەشڵەی كۆنە كەداتەپیوو رووخاوە، بەڵام لە دوای ڕاپەڕین بەتایبەتی دوای ساڵی (2003) كە عێراق بە تەواوی ئازاد بوو ئیتر لەلایەن حكومەتی كوردستان تا ڕادەیەك گرنگی بە ئاكرێ درا لە ڕێگای بودجەی وەزارەتەكان و بودجەی پەرەپێدانی پارێزگای دهۆكەوە، لەئەنجامدا قەزاكەمان لەرووی خزمەتگوزارییەوە گەشەكردنێكی باشی بەخۆوە بینی، بەرادەیەك سەنتەری قەزاكە لە (سێ) گەڕەك بووە (21) گەڕەك، واتە ئاكرێ پێنج بەرامبەر زیادی كردووە، بەڵام ئێمە وەكو خەڵكی ئاكرێ خۆمان تاڕادەیەك بە مەغدور دەزانین، لەبەر ئەوەی ئاكرێ بەپێی گەشەكردن و بەرفراوانبوونی گرنگی پێ نەدراوەو كارو پڕۆژەی خزمەتگوزاری بۆ نەكراوە، بەتایبەتی لە بوارەكانی ئاو و ئاوەڕۆ و شەقام و ڕێگا و بانەكان دا، بۆیە دانیشتووانی گەڕەكە تازەكان بەگشتی گلەیی و گازندەیان هەیە و داوا دەكەن پڕۆژە خزمەتگوزارییەكانی وەكو ئاوەڕۆ و ئاوی خواردنەوە و قیرتاو و كۆنكرێتی شەقام و كۆڵانەكانیان بۆ ئەنجام بدرێت، پێویستە ئەوەش بڵێین كە پڕۆژەی ئاوی خواردنەوەی ئاكرێ لە مانگی شوباتی (2010) بەردی بناغەی بۆ دانراوە، كەچی تاكو ئێستاكە بەردێك لەسەر بەردێك بۆ ئەو پڕۆژەیە دانەنراوە، هەروەها پڕۆژەی تریش هەبوو لەگەڵ پەسەندكردنی بودجە دەبوایە لە ساڵی( 2010 ) جێبەجی بكرایە، زۆر لەپرۆژەكان لەكۆتایی ساڵ لە مانگی (12) دەستیان پێكراوەو ئەو پڕۆژانەش زۆر دواكەوتووە و كاریگەرییەكی راستەوخۆو خراپیان لەسەر ژیانی دانیشتووانی زۆربەی شارەكە دروست كردووە. بەمشێوەیە دواكەوتنی ئەنجامدانی پرۆژەكان گلەیی و رەخنەیەكی زۆری لەلایەن هاووڵاتیانەوە لێكەوتۆتەوە، ئەم رەخنەو بێزارییە لە دواكەوتنی پرۆژەكان بەمافێكی سروشتی هاووڵاتیانی دەزانم. لەسەر دواكەوتنی ئەو پڕۆژانەش داواكاری و نووسراوومان بۆ مەرجەعیەت و سەرووی خۆمان بەرز كردۆتەوە..
سەبارەت بە پرۆژەی ئاوی خواردنەوە بۆ گەڕەكە تازەكان و ناو سەنتەری شار بەگشتی و ئەو كێشە و گرفتانەی لەم بارەوە ڕووبەڕوویان دەبێتەوەو چی بكرێت باشە قایمقامی قەزای ئاكرێ وتی: پرۆژەیەكی ئاوی خواردنەوە لە مانگی شوباتی ساڵی رابردوو بەردی بناغەی بۆ دانراوە، گەرچی لە كۆتایی مانگی (12)ی ساڵی (2010) كاریان دەست پێ كردووە، ئەگەر ئەو پڕۆژەیە تەواو بێت ئەوە بەشێوەیەكی وا پلانی بۆ دانراوە كە بۆ ماوەی(25) ساڵی داهاتوو گرفت و كێشەی ئاوی خواردنەوە لە ئاكرێ نابێت .
گرنگی بە ئاوەڕۆ نەدراوەو
نەبوونی هەماهەنگی نێوان پرۆژەكان زیانی لێكەوتۆتەوە
هەروەها قایمقامی قەزای ئاكرێ ئاماژەی بە پرۆژەكانی ئاوەڕۆو كێشەو گرفتەكانی ئەو لایەنە كردو وتی: ئەمساڵ دوو پرۆژەی ئاوەڕۆ لە ناو سەنتەری قەزای ئاكرێ هەبوو، بەڵام بەشێوەیەكی گشتی گرنگی بە ئاوەڕۆ نەدراوە، لەبەر تەرخان نەكردنی بودجە بۆ ئەم بوارە، لە لایەكی ترەوە لەبەر نەبوونی هەماهەنگی لە نێوان دروستكردنی شەقام و پرۆژەكانی ئاوەڕۆ زیاتر كێشە و گرفتەكانی ئاوەڕۆ كەوتۆتە بەرچاو، چونكە زۆرجاری وا هەبووە شەقامێك دروستكراوە لە پاشان لە هەمان شوێن دەستكراوە بە دروستكردنی پرۆژەی ئاوەڕۆ، ئەمەش كێشە و بێسەروبەرییەكی زۆری لە پرۆژەكان خستۆتەوە.
نەتوانراوە شاری ئاكرێ بەپێی پێویست پاك بكرێتەوە
سەبارەت بە زبڵ و خاشاك چۆن شار پاك دەكەنەوەو چ پرۆژەیەكیان هەیە بۆ رزگاربوون لە زبڵو خاشاك و بەنیاز نین كارگەیەكی ریسایلكین دابنێن،قایمقامی قەزای ئاكرێ وتی: بیرۆكە و پلانێك هەیە كە زبڵ وخاشاكی قەزای ئاكرێ و بەردەڕەش و شێخان و ناحییەكان و سنوورەكە لەیەك شوێن كۆبكرێتەوەو جۆری زبڵەكانیش لە یەكتر جیابكرێتەوە، بۆ ئەم مەبەستەش لە وەزارەتی شارەوانی لیژنەیەكی بۆ دروستكراوە، تاوەكو كار لەسەر ئەو پرۆژەیە بكەن، بە ئەنجامدانی ئەم پرۆژەی ریسایكلینە رزگارمان دەبێـت لە كۆمەڵێك كێشە و گرفت لە بارەی زبڵ وخاشاكەوە، چونكە ئەو كارو سیستەمەی ئێستا لە پاككردنەوەی شاری ئاكرێ پەیڕەو دەكرێت كەموكوڕی هەیەو ماندووبوونێكی زۆری دەوێت، لەبەر ئەوەی رۆژانە شارو گەڕەكەكان پاككردنەوەی پێویستە و ناتوانرێت بەپێی پێویستیش شارەكە پاك بكرێتەوە، بۆیە پێویستە بۆ پاك ڕاگرتنی شار و شارۆچكە و هەموو كوردستان سستەمێكی پێشكەوتوو و هاوچەرخ پیادە بكرێت و كارگەی جیاكردنەوەی ڕیسایكلین دابنرێت .
(30-40) گرد لە دەشتی ئاكرێ هەیە كە سەر بە بنكەی شوێنەوارە خەڵك زێدەڕۆیی دەكەنە سەر ئەو گردانە
شاری ئاكرێ بەوپێیەی مێژوویەكی دێرینی لەشارستانییەت هەیە، هەربۆیە جگە لەبوونی شوێنە گەشتوگوزارییەكانی، خاوەنی چەندین شوێن و شوێنەواری مێژووییە، بەرادەیەك لە ئاكرێ ژمارەیەك شوێنەوار و قەڵا هەیە، كە مێژووێكی زۆر كۆنیان هەیە ئایا بەڕێوەبەرایەتی شوێنەوار یا وەزارەتی پێوەندار چییان بۆ ئەم شوێنانە كردووە تاوەكو بپارێزرێن، لەمبارەوە قایمقامی ئاكرێ وتی :
ئاكرێ لەلایەنی شوێنەواری و كەلتورییەوە شوێنێكی دیار و بەرچاوەو هەر سێ جۆری شوێنەواری هەیە، سروشتی و دیرۆكی و ئایینی، هەروەها شێوازو دروستكردنی خانووەكانی ئاكرێ شێوازێكی تایبەتمەندو دەگمەنە و چەندین قەڵاتی لێیە و سەدان خانوو و شوێنی دێرین و شوێنەواری تێدایە، گەرچی تا ئێستا تەنیا بنكەیەكی شوێنەوار لە ئاكرێ هەیە، كە بێ دەسەڵات و بێ ئیمكانیات و بێ توانایە، ئەو بنكەیە نەك ناتوانی كاری هەڵكۆڵین و چاككردن بكات، بەڵكو توانای پاراستنی شوێنەوارەكانیشیان نییە و ناتوانن دوو پاسەوان بۆ شوێنەوارەكان دابنێین، هەروەها زیاتر لە (30-40) گرد لە دەشتی ئاكرێ هەیە كە سەر بە بنكەی شوێنەوارە خەڵك زێدەڕۆی دەكەنە سەر ئەو گردانە و بۆچاكردن و دروست كردنی خانووەكانیان گڵی لێ دەبەن، بۆیە پێویستە بۆ ئەو ژمارە گرد و شوێنەوارەكانی تریش شوورە بە تەل یا و بەشێوەی تر دروست بكرێت تا خەڵك بزانێ ئەمە شوێنەوارە و خاوەنی هەیە.
هاوكات بەدەیان جێگای گەشتوگوزاری لە دەڤەری ئاكرێ هەیە وەكو دینارتە و سیپەی ئاكرێ و. . . كە خەڵك لە وەرزی گەشتیاری بۆ خۆشی و ئاسوودەیی سەردانیان دەكات كە سروشتێكی جوان و دڵڕفێنیان هەیە، بەڵام تا ئێستا گرنگیەكی وا بەو شوێنە گەشتوگوزاریانە نەدراوە كە شایانی باسكردن بێت.
كەرتی تایبەت تەنانەت یەك پرۆژەیان
لەناوچەكە ئەنجام نەداوە كە شایەنی باسكردن بێت
سەبارەت بەوەی ئایا كەرتی تایبەت لە سنووری قەزای ئاكرێ هیچ كارو پڕۆژەیەكی ئەنجامداوە قایمقامی قەزای ئاكرێ وتی : لە ساڵانی رابردوو تا ئێستاش ژمارەیەكی زۆر سەرمایەدار و كەرتی تایبەت سەردانیان كردوین و ئێمەش هاوكاری و پاڵپشتی خۆمان لە هەموو بوارەكان بۆیان دەربڕیوە، بەڵام تا ئێستاكە تەنیا یەك پرۆژەشیان لە سنوورەكە ئەنجام نەداوە، چونكە وەبەرهێنەر و كەرتی تایبەت بە گشتی بیر لە قازانجی زۆر و خێرا دەكەنەوە، هەندێ كۆمپانیا هەیە كەگفتوگۆمان لەگەڵیان كردبوو زۆری نەماوە بگەڕێنەوە بۆ ئاكرێ بۆ ئەوەی ئەو پڕۆژانەی قسەیان لەسەر كرا بوو ئەنجامی بدەن .
تەنگژەی نیشتەجێ بوون لە ئاكرێ هەر ماوە
هەروەها سەبارت بە كێشەی نیشتەجێبوون بەڕێزی وتی: بۆ چارەسەركردنی گرفتی نیشتەجێبوون، تا ئێستا ژمارەیەكی زۆر زەوی لە ئاكرێ بەسەر چین و توێژە جیاجیاكان دابەشكراوە، بەڵام لەگەڵ ئەمەش كرێی خانوو لە ئاكرێ زۆر گرانە، ئەمەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە ئەوانەی زەوییان وەرگرتووە هەر هەموویان نەیانتوانیوە بیكەن بە خانوو، بۆیە ئەزمەی نیشتەجێبوون لە ئاكرێ هەر ماوە، لەبەر ئەوە ئێمە لە هەوڵی ئەوەداین ئەو كێشەیە چارەسەر بكەین، ئەگەر لە رێگای وەبەرهێنانیشەوە بێت، هەروەها داوایەكی خەڵكی قەزایەكان هەیە لێرەدا من ئاماژەی پێ دەكەم ئەویش ئەوەیە پێویستە حكومەت قەرزی نیشتەجێبوون بە هاووڵاتیانی قەزا و ناحیەكانی سنووری قەزای ئاكرێ بدات.
زێدەڕۆیی كەم بۆتەوەو كێشەی نیشتەجێبوون سەریهەڵداوە
گەرچی قایمقامی ئاكرێ پێی وابوو كێشەی زێدەڕۆیی لەقەزاكەدا نییە، بەڵام وێنەی ژمارەیەكی ماڵمان گرتووە كە لەناو چەمێكدان لەرۆژهەڵاتی ئەو شارەوە دروستكراون، لەبارەی زێدەڕۆیی و كێشەی ئەو گوندانەی كەوتوونەتە ناو سنووری شارەوانی تازەی ئاكرێ قایمقامی ئاكرێ وتی: توانیوومانە زاڵبین بەسەر زێدەڕۆی و دەتوانم بڵێم لە (100%) زێدەڕۆیی بنبڕكراوە لە سنووری ئاكرێ بەتایبەتی لە ناو سەنتەری قەزادا، بەڵام كێشەیەكی تر لە ئاكرێ هەیە لەگەڵ گەورە بوونی سنووری شارەوانی (12 تا 13) گوند كەوتوونەتە ناو سنووری شارەوانی، چونكە پێویستە و ئەركە و هەقی گوندەكانە دەبێ بچین دیزاینی تەواو و ورد ئەنجام بدەین بۆیان، لەبەر ئەوەی ئەوانەش بوونە گەڕەك لە ناوشاری ئاكرێ، لەو كاتەدا خەڵكەكە ئیزعازج و ماندوو دەكەین و گلەیی و گازندەمان لەلایەن دانیشتووانی گوندەكان دێتە سەر، لەلایەكی ترەوە ئەو سنوورەی كە لە گوندەكان هەبوون دەبوایە تەنیا خانوو لەم سنوورە دروست بكەن لە ساڵی 1956 نەماوە، ئەمەش گرفتێكی تری ئێمە و هەموو گوندەكانی كوردستانە، هەر بۆیەش بۆقەرزی خانوو پارە نادرێت بەو گوندانە یا زۆربەیان سوودیان لێ وەرنەگرتووە .
(30) گوند كارەبای نیشتمانی نییە و
لە رێگای پارێزگای دهۆكەوە موەلیدەیان بۆ دانراوە
سەبارەت بە پرۆژەكانی وەزارەتی كارەبا لە ئاكرێ چۆن دەڕوات بەڕێوە، ئایا كێشە و گرفتیان هەیە قایمقامی ئاكرێ وتی: ژێرخانی كارەبا لە ئاكرێ وەكو وێستگەی گۆڕین باشە، ئەوە وێستگەی
(132) كەی ڤی دروستكراوە و ئێستا قۆناغێكی تر لەم وێستگەیە دەست پێكراوە بۆ بەرفراوانكردنی، چونكە یەك محاویلەی(63) میگاواتی تێدابوو، ئێستا دووی تریش دادەنێین، هەروەها تۆڕی كارەبای نێوان ئاكرێ و هەولێر و ئاكرێ و دهۆك بەیەكتر بەستراوەتەوە، هاوكات ئەمساڵ بودجە و خەرجییەكی باش هاتۆتە بەردەستی بەڕێوەبەرایەتی كارەبایی ئاكرێ بۆ كڕینی تەلی كارەبا و محاویلە و فنجان و پێداویستی تری كارەبا، بەڵام ئێمە یەك كێشەمان هەیە كە (30) گوند كارەبای نیشتمانی نییە و لە رێگای پارێزگای دهۆكەوە موەلیدەیان بۆ دانراوە، لێرەدا داواكارین لە وەزارەتی كارەبا و حكومەتی كوردستان كارەبا بگەیەنێتە ئەو(30) گوندەش، چونكە ئەوە هەقێكی رەوای خەڵكە لەسەر حكومەت دەبێ بۆیان دابین بكات .
كۆمەڵە گوندێكمان هەیە تەنانەت رێگاكانیان چەوڕێژ نەكراوەو هاتوچۆكردن لەم گوندانە زۆر زەحمەتە
رێگاوبان لە هەموو شار و شارۆچكە و ناوچەیەكدا یەكێكە لەو خزمەتگوزاریانەی كە زۆر پێویستە و كاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر ژیان و داهات و گوزەرانی خەڵكەكە هەیە، لەبەر ئەوەی بوونی ڕێگا و ئاستی باشی ڕێگا دەبێتە هۆی ئەوەی كە هاووڵاتیان بە ئاسانی هاتوچۆ بكەن و كەمترین ماندووبوون و ڕووداویان بێتە پێش، سەبارەت بە شەقام و كۆڵانەكانی ناو سەنتەر و گەڕەكەكانی ئاكرێ و ڕێگا و بانەكانی گوندەكانی سنووری قەزاكە كە لە چ ئاستێكن و ئایا ئەمساڵ بەگشتی بۆئاكرێ پڕۆژەی ڕێگاو بان لەپلان و بەرنامەدا هەیە، قایمقامی قەزای ئاكرێ وتی :
لە ئاكرێ كاروپرۆژە ئەنجامدراوە و ئێستاكەش رێگا سەرەكییەكان كاریان لەسەر دەكرێت هەر بۆ نموونە جووتسایدی نێوان و ناحیەی رووڤیا بە گوژمەی(15) ملیار دینار دەستی پێكردووە لە ماوەی یەك ساڵ و چوار مانگ تەواو دەبێت، گەرچی رێگای گوندەكان كە دروست دەكرێـن بە دەبڵ درێسین ئەنجام دەدرێت واتە قیرتاو ناكرێن، بەڵكو بەشێوەیەكی ئاوایە هەندێ رێگایان زۆر بەرگە ناگرێت و تێكدەچێت، هەندێ گوندی ترمان هەیە رێگاكانیان تەنیا چەورێژكراوە و كۆمەڵە گوندێكمان هەیە تەنانەت چەوڕێژیش نەكراوەو هاتوچۆكردن لەم گوندانە زۆر زەحمەتە واتە بە گشتی رێگای گوندەكانی دەڤەری قەزای ئاكرێ باش نییە.
پزیشكی پسپۆرو شارەزامان لەهەموو بوارەكاندا نییە
خزمەتگوزارییەكانی كەرتی تەندروستی لە ئاكرێ لەكابینەی پێنجەمی حكومەتی هەرێمدا هەنگاوی باشی ناوە، بەتایبەت دوای دروستكردنی نەخۆشخانەی 100 قەرەوێڵەیی مۆدێرن،گرفتەكە بۆ نەبوونی پسپۆرایەتی و پزیشكی مومارس دەگەڕێتەوە، قایمقامی ئاكرێ پێی وایە: لە كەرتی تەندروستی لەسەردەمی كابینەی پێنجەم نەخۆشخانەیەكی(100) قەرەوێڵەیی مۆدێرن دروست كرا و لە سنوور و گوندەكان بنكەی تەندروستیان بۆ دروستكراوە، بەڵام پزیشكی پسپۆڕ و شارەزای هەموو بوارەكانی نییە و ئامێری رەنینی موگناتیسی كە زۆر پێویستە بۆی دابین نەكراوە، دەبێ خەڵك بۆ ئەمجۆرە تیشكە بچێتە شار و شوێنی دیكە و چەندین ئامێری تر و پزیشكی پسپۆڕی تری ورد و شارەزایە بەهەمان شێوە كەموكوڕی نەخۆشخانەكەیە وەكو پزیشكی هەناو و ئافرەتان و چاو و....تاد. هەروەها لە ناو نەخۆشخانەكە یەكەیەكی بەرفراوان بۆ دادی پزیشكی دروستكراوە، بەڵام پزیشكی دادی نییە لە كاتی هەر ڕووداوێكدا چەند كارێك پێویستە بە بواری دادی پزیشكی هەبێت، خەڵكەكە دەچنە شاری دهۆك لەم بارودۆخە بە هاتوچۆكە تووشی زەحمەتییەكی زۆر دێن و زیاتر لە ساڵێك دەبێت لەلایەن وەزارەتی تەندروستی و حكومەتی كوردستانەوە هیچ كاروپرۆژەیەك بۆ بواری تەندروستی لە سنووری قەزای ئاكرێ نەكراوە، جگە لە كڕینی ئامێرێكی شكاندنی بەردی گورچیلە، سنووری ئاكرێ پێویستی بە چەند بنكەیەكی تەندروستی هەیە كە بۆی دروست بكرێت و لە پلانی ساڵی 2011 دانراوە كە ئەنجام بدرێـت، هەروەها ئاكرێ پێویستی بە نۆرینگەیەكی پسپۆڕی ددان هەیە.
لە ژمارەیەك گونددا قوتابخانەكان داخران
سەبارەت بەگرفتی داخستنی ژمارەیەك لەقوتابخانەكانی گوندەكان لەئاكرێ بەڕێز جەهوەر عەلی وتی: ئێستا لە قوتابخانەكانمان سێ دەوامی نییە، بەڵام دوو دەوامی زۆرە، گرفتی ئێمە پتر لە گوندەكانە بەتایبەتی لە كاتی هاتن و پیادەكردنی ئەو سیستەمە تازەیە، چونكە گوند هەبووە قوتابخانەكەی دوو پۆلی بووە یان سەری بە گڵ و قوڕ دروستكرا بوو، هەروەها میلاكاتی مامۆستاش كە كەمبوون لە ژمارەیەك گوند قوتابخانەكان داخران و قوتابییەكان دەچنە گوندەكانی دەوروبەری خۆیان كە قوتابخانەكەیان شیاوە لەگەڵ سیستەمی خوێندنەكە دەگونجێت و میلاكاتی مامۆستاشیان تەواوە، لە سنووری ئاكرێ كێشەی میلاكات بەرچاوە كە مامۆستا دادەمەزرێت خەڵكی دەرەوەی ئاكرێ واتە خەڵكی سنوورەكە نییە بۆیە لە دەستپێكی هاتنیان داوای گواستنەوە دەكەن، لەو كاتەشدا گرفتی كەمی مامۆستامان بۆ دروست دەبێت، بۆیە پێویستە لە دامەزراندن بەتایبەتی مامۆستایان تا بكرێت خەڵكی ئاكرێ و سنوورەكەی بێت باشتر و گونجاوترە، چونكە ئەو مامۆستایە شارەزای لەسەر ناوچەكە هەیە و ماڵ و خێزانی لێرەیە بەدەگمەن هەیە بۆ دەڤەرێكی تر داوای گواستنەوە بكات ..
بە مافی خەڵكی ئاكرێ و سنوورەكەی دەزانین زانكۆی ئاكرێ لە داهاتوویەكی نزیكدا بكرێتەوە
سەبارەت بەزانكۆش كە ئاكرێ بەراورد بەزۆر قەزای تر مەغدور كراوە، بەڕێزیان وتی:- لەسەردەمی كابینەی پێنجەم داوامان لە رێزدار نێچیرڤان بارزانی كرد بۆ كردنەوەی زانكۆ لەسەرەتادا كۆلیژێك لە ئاكرێ، ئەمەش رەزامەندی لەسەر درا و كۆلێژی پەروەردەی بنیاد كرایەوە، بەڵام بە مافی خەڵكی ئاكرێ و سنوورەكەی دەزانین زانكۆی ئاكرێ لە داهاتوو نزیكدا بكرێتەوە، ئێستا كە پێویست بەوە دەكات دوو تا سێ كۆلێژی تریش بكرێتەوە و ئەم ئیمكانیاتەش لە ئاكرێ هەیە.
ئاكرێ پێویستی بە سایلۆ هەیە
سەردەمێك بوو ئاكرێ خاوەنی كارگەی زەیتی گوڵەبەرۆژە بوو، بەڵام ئەم كارگەیە لەكار راوەستاوەو هیچ كارگەیەكی تریش لەم ناوچە كشتوكاڵییە نەكراوەتەوە، سەبارەت بە كەرتی كشتوكاڵی و پیشەسازی و چارەنووسی ئەو كارگەیە قایمقامی ئاكرێ وتی: ئاكرێ ناوچەیەكی كشتوكاڵییە و گرفتی خاك و ئاو و هەوای نییە و ناوچەیەكی زۆر بە پیت و بەرەكەتە و ساڵانە بەشی خۆی بارانی لێ دەبارێت وەكو كەندێناوە و قەراج و. تا، ساڵی پار باشترین داهاتی گەنم و جۆ لە كوردستان لە سنووری ئاكرێ بووە، هەر بۆیە لێرەدا جەخت لەسەر ئەوە دەكەمەوە كە ئاكرێ پێویستی بە سایلۆ هەیە، لە وەرزی دروێنە و داهاتدا جوتیارەكانمان لە گواستنەوەی گەنم و جۆ بۆ سایلۆیەكان پارەیەكی زۆر خەرج دەكەن، بەبوونی سایلۆ ئەو پارەیەیان بۆ دەگەڕێتەوە و پتر هان دەدرێن لەسەر كاری كشتوكاڵی و لە ئاكرێ برنج دەچێندرێت پێویستە وەزارەت و حكومەت ئاوڕێكی جیددی لەم كارە بدەنەوە بەتایبەتی هەوڵبدەن جۆری برنجەكان لە ناو نەچێت و پاڵپشتی جوتیارەكان بكەن لە چاندنی ئەو جۆرە برنجانە و ئاكرێ گونجاوە بۆ چاندنی برنج، چونكە كەوتۆتە نێوان زێی گەورە و خازر، بەڵام تا ئێستا لەسەر ئەم دوو زێیە بە شێوەیەك سنووری ئاكرێ سوودی لێ وەربگرێت بەنداو دروست نەكراوە، پێویستە وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو بەنداوی بچووك و مامناوەند یان بەربەست لەسەر هەردوو زێی دروست بكات، ئەمە گەورەترین هاوكاری و پشتگیری جوتیارانە، بۆ ئەو مەبەستەش داواكاری و نووسراومان بەرزكردۆتەوە كار گەیشتۆتە ئەوەی داوام لە بەغداش كردووە بۆ دروستكردنی بەنداو بەربەرست، بەڵام لەلای خۆمان تا ئێستا هیچ كاروپرۆژەی وا نییە و گرنگی بەم بوارە نەدراوە، هەر بەناوی پاراستنی برنجی ئاكرێ دەتوانێ بەربەست لەسەر هەردوو زێی دروست بكرێت و كاریگەریشی لەسەر كەمبوونەوەی ئاوی زێیەكان نابێت، كارگەی زەیتی ئاكرێ لەلایەن(UN) وە بڕیاری (986) دانراوە و كارگەیەكی مۆدێل كۆنە و لە راستیدا مۆدێلی لە دنیادا هەر نەماوە، بۆیە سەركەوتنی بەدەست نەهێناو ماوەی دوو ساڵە بەكرێ دراوە، بەڵام تا ئێستا كاری پێ نەكردۆتەوە.
لە كەرتی كشتوكاڵیدا پرۆژەیەكی وەبەرهێنان لە ئاكرێ هەیە كە كۆمپانیایەكی بەریتانی بەناوی(IK) ە چەند ساڵە كاری لەسەر دەكات و ئێمە دوو هەزار دۆنم زەویمان بۆیان تەرخانكردووە، ئەمەش پرۆژەیەكی پیشەسازی شیری لێ بەرهەم دەهێنن، ئەم پرۆژەیە زۆر قۆناغی بڕیوە لە ماوەیەكی كەمدا دەست بەكارەكانی دەكات.

پارساڵ لە ئاكرێ دوو فیستیڤاڵ سازكرا، هیچیان لەسەر بودجەی وەزارەتی رۆشنبیری نەبوون
سەبارەت بە بواری رۆشنبیری و لاوان لەئاكرێ قایمقامی ئاكرێ وتی: لە دوای راپەرین یەكەم سەنتەری رۆشنبیری لە ئاكرێ كرایەوە و لە ناحیەكان و چەندین شوێنی دیكە سەنتەری رۆشنبیرمان هەیە و سەنتەری رۆشنبیری كلدوئاشور لە ئاكرێ هەیە كە لە دێرزەمانەوە وەكو برا بەیەكەوە لەم شار و سنوورە ژیاوین و هەندێ گوندی برا مەسیحییەكان لە سنووری ئاكرێ هەیە لە كاتی شۆڕش و دەسەڵاتی حكومەتی عێراقیش ئەم گوندانە هەر ئازادبوون و لەگەڵ شۆڕشی كورد بوون و ئێستاش بە گیانێكی ئاسوودە و برایەتی بەیەكەوە دەژین، وەزارەتی رۆشنبیری بەتایبەتی شەخسی وەزیر لە هەموو بۆنە و فیستیڤاڵەكان ئامادەیە، بەڵام لە رووی پرۆژە و هاوكاریكردن بۆ نموونە ئەمساڵ دوو ڤیستیڤاڵ لە ئاكرێ سازكران لەسەر بودجەی وەزارەتی رۆشنبیری نەبوون، یەكێكیان لەلایەن وەزارەتی شارەوانی ئەوی تریان لەسەر بودجەی كەرتی تایبەت بوو، هەروەها هۆڵێكی گەورەی بیرەوەری و بۆنە و كۆنفرانس و رۆشنبیری لەسەردەمی كابینەی(5)دا دروستكراوە بەڵام تا ئێستا بۆمان تەجهیز نەكراوە و نووسراوو كشوفاتیشمان داوەتە وەزارەتی رۆشنبیری، گەرچی تا ئێستا بۆیان ئامادە نەكردووین، بنكەیەكی وەزرش و لاوانی زۆر گەورە لە ئاكرێ دروستكراوە، بەڵام بەداخەوە دوو ملیار دیناری تێچووە، كەچی تەجهیز نەكراوە، هاوكات لەسەردەمی كابینەی(5) یاریگای ئاكرێ بە دوو ملیار و نیو دینار دوو قۆناغی جێبەجێ كراوە و یاری تێدا دەكرێت، زۆر پێداویستی و گرفتی هەیە پێویستە وەزارەتی رۆشنبیری و لاوان جێبەجێیان بكات بەتایبەتی دیواری دەرەوە و پاسەوان و رووناكی بۆ دابنرێت .
پێویستە حكومەتی هەرێم فریای ئاكرێی كۆن بكەوێت
ئاكرێ ئەندازەی هەندێ لە خانووەكانی تیڕازێكی تایبەتمەندی كوردستانییە و مێژوویەكی كۆنی هەیە، پێویستە پارێزگاری لەو ئەندازە و تیڕازە تەلارسازییە بكەین و وەكو شوینێكی كەلتووری و مێژوویی بمێنێتەوە، بەڵام بەداخەوە تاكو ئێستا دەستی خزمەتگوزاری پێ نەگەیشتووە، جەنابی قایمقام هاوڕا بوو لەگەڵماندا و تەئیدی كردین و ئەویش وتی:
كە ئاكرێی كۆن دەبینین زۆر خەفەت دەخۆین، چونكە لە ئەتڵەسی عێراقیش ئەم خانوو و تیڕازە تێكچووە، ئەو خەڵكەی لەم خانوو گەڕەكانە ماون هەژار و كەمدەرامەتن ناتوانن بیپارێزن، لێرەدا داواكارین لە رێكخراوی یونسكۆش داوامان كردووە كە ئاكرێ بخرێتە لیستی شوێنەوارە دێرینەكان بۆ ئەوەی بپارێزرێت، بەڵام یونسكۆش بنەماو مەرجی خۆی لەمبارەوە هەیە دەبێ ئەم خانووە یا ئەو شوێنە دەستكاری نەكات كە خەڵكەكە دەستكاری دەكات و دەیەوێت چاكی بكاتەوە، بە بلۆك نۆژەنی دەكاتەوە هەر بلۆك بێتە ناو هەر خانوویەك ئەوە یونسكۆ قبوڵی ناكات، لەبەر ئەوەی لە رێنمایی شوێنەوار دەردەچێت، بۆیە داوا لە حكومەتی كوردستان دەكەین یا هەوڵی پاراستنی بدرێت و لەناو نەچێت و بودجەی بۆ تەرخان بكات و بەپێی مەرج و ڕێنمایی یونسكۆ كاریان لەسەر بكات.

بەپێی ماستەرپلانی نوێ ئاكرێ بەرەو رۆژئاوا گەورە دەبێت
ئاكرێ لەرووی هەڵكەوتەو شوێنی جوگرافیاوە تایبەتمەندی خۆی هەیە، شارەكە كەوتۆتە ناوچەیەكی سەختی شاخاوی و داخراوەوە، كە لەگەڵ بەرفراوانبوونی شارەكەو زیادبوونی دانیشتووانەكەی گرفتێكی گەورە رووبەرووی ئەو بەرفراوانبوونەو گەیاندنی خزمەتگوزارییەكان دەبێتەوە،گەورەبوونی شارو رێكخستنەوەی نەخشەو دانانی پلان بۆ داهاتووی شارەكە پێویستی بە ماستەر پلان هەیە سەبارەت بەم مەسەلەیە قایمقامی قەزای ئاكرێ وتی: وەكو شارەكانی دهۆك و زاخۆ و ئامێدی ماوەیەكە كۆمپانیای ڤۆسینگی ئەڵمانیایی بۆندێكی لەگەڵ پارێزگای دهۆك كردووە خەریكی دروستكردنی ماستەر پلانێكی تازەن بۆ ئاكرێ و لە كارەكانیان چەند قۆناغێكی باشیان بڕیووە، شایانی باسە ئەو پڕۆژەی ماستەرپلانەش لەسەربیرۆكە و بودجەی پارێزگای دهۆكە، بەڵام هێشتا كاركردنی تێدا ماوە لەپاش تەواو بوونی بەمەبەستی پەسەندكردنی دەنێردرێتە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار.
بەهۆی ئەو ماستەر پلانەوە دەتوانرێت بەشێوەیەكی زانستی و ئەندازەیی و هاوچەرخانە شارەكە بەرفراوان بكرێت و كارو پڕۆژەی خزمەتگوزاری بۆ ئەنجام بدرێت، تەنانەت كێشە و گرفتەكانی شارەكە لەهەر شوێن و پرۆژەیەكدا بێت دەتوانرێت بدۆزرێتەوەو چارەسەری گونجاوی بۆ بكرێت. بەپێی ئەو ماستەرپلانە تازەیە دەتوانرێت شارەكە بەرەو ڕۆژئاوا بڕوات و فراوان بكرێت، لەبەر ئەوەی ڕووبەری سنووری شارەوانی ئاكرێ لەسەردەمی حكومەتی عێراق دا (5) كیلۆمەتر دووجا بوو، بەڵام ئێستاكە دەبێتە ( 113) كیلۆمەتر دووجا ئەوەش سنوورێكی بەرفراوان و گونجاوە، بۆ جێبەجێ كردن و سەركەوتنی ماستەرپلانەكە دەبێت چەند كارێكی پێویست هەیە ئەنجام بدرێت، لەوانە كوژاندنەوەی زەویوزاری كشتوكاڵی و ئیستیملاك كردن و قەرەبووكردنەوەی خاوەن زەوی و موڵكدارەكان. بەجێبەجێكردنی هەموو ئەمانە ماستەر پلانەكە سەركەوتوو دەبێت . قەلعە سەربازییەكەی ئاكرێ كە كۆمەڵێك ماڵ تێیدا نیشتەجێن دیمەنێكی ناشرینی سەربازی كاتی رژێمەو وەكو خۆی لەدەروازەی ئاكرێ ماوەتەوە لەمبارەیەشەوە جەهوەر عەلی وتی:
قەلعە سەربازییەكەی ئاكرێ نزیكەی(170) ماڵی تێدایە، هەموویان كەمدەرامەت و هەژار و ئاوارەن و كێشەی كۆمەڵایەتیشیان زۆرە و ئەمجۆرە قەلعەیە لە زۆر شوێن هەبووە چارەسەریان بۆ دۆزیونەتەوە و بۆ ئەم قەلعەیەش نووسراومان بۆ پارێزگای دهۆك بەرز كردۆتەوە و داخوازیمان ئەوەیە ئەم ژمارە خێزانەش وەكو خەڵكەكەی تر قەرەبوو بكرێنەوە و ببنە خاوەن شوێنی نیشتەجێبوون و پێویستە ئەم شوێنە تێكدرێت بۆ كاروپرۆژە و بینایەكی پێویست وەكو ئەوەی ئێستا دانراوە كە شوێنەكە بینایەی پارێزگای ئاكرێی لێ دروست بكرێن یان بەشێكی قەلعەكە نۆژەن بكرێتەوە و بەشێك لە فەرمانگە و یەكە ئیدارییەكان بچنە ناو قەلعەكە.
Top