كه‌لار.. شارێك له‌به‌رده‌م گه‌وره‌بوون و چاوه‌رِوانی خزمه‌تگوزاری زیاتردا
January 16, 2011
راپۆرتەکان
به‌ئیداره‌كردنی گه‌رمیان ده‌ستكه‌وتێك.. به‌لاَم!
پێشخستن و په‌ره‌پێدانی ژێرخانی ناوچه‌كه پێویسته له‌ریزبه‌ندی یه‌كه‌می به‌رنامه‌و كاره‌كانی یه‌كه ئیدارییه‌كانی كه‌لار بێت، تاوه‌كو بتوانرێت به‌شێوه‌یه‌كی زانستی و پرۆڤیشناڵ به‌سه‌ر ئه‌و هه‌موو گرفت و كێشه‌یه‌دا سه‌ركه‌وێت كه بوونیان له‌كه‌لار و ناوچه‌كه هه‌یه، قایمقامی كه‌لار ئه‌و راستییه‌ی نه‌شارده‌وه كه گه‌شه‌كردنی كه‌لار به‌شێوه‌یه‌كی ناسروشتی یه، به‌تایبه‌ت دوای ئه‌وه‌ی سنووره‌كه‌ی فراوانبووه‌و كه‌لار بۆته ناوه‌ندێكی بازرگانی گرنگ و جموجوڵێكی باشی تێیدا سه‌ری هه‌ڵداوه، له‌داهاتوویه‌كی نزیكیشدا جموجوڵی رۆشنبیری و خوێنده‌واری قۆناغی باش ده‌برِێت به‌تایبه‌تی دوای ته‌واوبوونی بینایه‌ی زانكۆی كه‌لار، بۆیه حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان مامه‌ڵه‌ی پارێزگای له‌گه‌ڵ ده‌كات، ئه‌مه‌ش ده‌ستكه‌وتێكه بۆ خه‌ڵكی گه‌رمیان و كه‌لار، له‌ساڵی 2008 ه‌وه خزمه‌تگوزاری باش پێشكه‌ش به‌كه‌لار كرا، بۆنموونه له‌بواری كه‌رتی كاره‌بادا سه‌رجه‌م گه‌رِه‌كه‌كان تۆرِی كاره‌بایان بۆ تازه‌كرایه‌وه‌و گه‌رِه‌كه نوێیه‌كانیش تۆرِی كاره‌بایان بۆ راكێشراوه.
كه‌ی وه‌زاره‌تی ئاوه‌دانكردنه‌وه مشوری رِێگاوبانه‌كانمان ده‌خوات؟
كاتێك سه‌ردانی كه‌لارمان كرد رِێگاوبانه‌كانی یه‌ك سایته‌و مه‌ترسییه‌كی زۆر له‌سه‌ر ژیانی هاولاَتییان دروست ده‌كات، پرۆژه‌ی رِێگاوبان به‌تایبه‌تی جووت-سایت كردنی رِێگای سه‌ره‌كی كه‌لار له‌به‌رنامه‌ی ئه‌مساڵدا جێبه‌جێ نه‌كرا له‌مباره‌یه‌وه جه‌لال نوری عه‌بدولقادر قایمقامی قه‌زای كه‌لار ده‌ڵێت: رِێگای سه‌ره‌كی كه‌لار - سلێمانی زۆر پێویسته بكرێته جووت سایت، رِێگای ئێستا مه‌ترسیداره‌و خراپه‌و گرفتێكی زۆری بۆ رێبواران دروست كردووه، چونكه رِێگایه‌كی قه‌ڵه‌باڵخه‌و هاتوچۆی لۆری بارهه‌ڵگرو تانكه‌ری سوته‌مه‌نی به‌به‌رده‌وامی هاتوچۆی له‌سه‌ر ده‌كه‌ن و زۆربه‌ی جار كاره‌ساتی دڵته‌زێنی لێده‌كه‌وێته‌وه. بۆ ئه‌م رِێگایه‌ش ئێستا كۆمپانیایه‌ك هه‌ڵساوه بۆ دروستكردنی دیزاینه‌كه‌ی، هاوكات له‌لایه‌كی تره‌وه بۆ ئه‌مساڵ چه‌ند پرۆژه‌یه‌كی نێوان كه‌لارو گونده‌كان له‌به‌رنامه‌دایه. بۆ گونده‌كان به‌گشتی به‌تایبه‌تی گونده دووره‌كان پێویسته رِێگاكانیان بۆ چاكبكرێته‌وه هیچ نه‌بێت به‌شێوه‌یه‌كی كاتی چه‌و رێش بكرێت وه‌كو قۆناغێكی خێرا، لێره‌دا به‌پێویستی ده‌زانم له‌رِێگای گۆڤاره‌كه‌تانه‌وه داوا له‌وه‌زاره‌تی ئاوه‌دانكردنه‌وه ده‌كه‌م مشورێكی ئه‌م پرۆژانه بخوات و رِێگای گونده دووره‌كانمان بخرێته به‌رنامه‌و پلانه‌كانیانه‌وه، له‌لایه‌كی تریشه‌وه گونده‌كانمان له‌بواری خزمه‌تگوزارییه‌وه كه‌موكورتییان هه‌یه گه‌رچی زۆربه‌ی گونده‌كانی سنووره‌كه‌مان تۆرِی كاره‌بایان بۆ راكێشراوه، بۆ نموونه گونده‌كانی ناحیه‌ی شێخ ته‌ویل كه زۆرن و له80%ی تۆرِی كاره‌بایان بۆ چووه، به‌لاَم هه‌ندێك گوندیش ماوه تۆرِی كاره‌بایان بۆ ببه‌ین.
كه‌لار به‌پێی ویست و ئه‌و به‌رنامه‌یه‌ی دانراوه گه‌وره نه‌بووه
له‌كاتی گه‌وره‌بوونی شار زۆر پێویستیمان به‌ماسته‌رپلان هه‌یه چونكه به‌بێ ئه‌و ماسته‌رپلانه ناتوانرێت كۆنترۆڵی ئه‌و گه‌شه‌كردن و گه‌وره‌بوونه‌ی شار بكرێت قایمقامی كه‌لار له‌مرِووه‌وه پێی وابوو: شاری كه‌لار به‌پێی ویست و ئه‌و به‌رنامه‌یه‌ی ئێمه دامانناوه گه‌وره نه‌بووه به‌ڵكو له‌مه زیاتر به‌رفراوانبووه‌و، گه‌شه‌كردنه‌كه‌شی یه‌كجار خێرایه به‌پێی رێژه‌ی له‌دایكبوون و هاوسه‌رگیری دانیشتووانی شاره‌كه نییه، ده‌توانین بڵێین خێرایی فراوانبوونی كه‌لار به‌رنامه‌و پلانی حكومه‌ت تێكده‌دات، هاوكات ماسته‌ر پلانی شاری كه‌لار له‌به‌رده‌ستدایه به‌لاَم هێشتا ته‌واو نه‌بووه. بوونی ماسته‌ر پلانی شار خۆی له‌خۆیدا به‌رنامه‌رِێژییه بۆ گه‌شه‌كردنی سروشتی شاره‌كه بۆ نموونه له‌بواری ئاوه‌رِۆدا زۆر گه‌رِه‌ك پێویستی به‌دروستبوونی ئاوه‌رِۆیه‌و له‌به‌رنامه‌ماندایه له‌چه‌ند گه‌رِه‌كێك ئاوه‌رِۆ دروست بكه‌ین، ته‌نانه‌ت بۆ گه‌رِه‌كه‌كانی كه‌لاری كۆن بودجه ته‌رخانكراوه تاوه‌كو ئاوه‌رِۆیه‌كه‌ی نوژه‌ن بكرێته‌وه. گه‌رِه‌كی ئازادیش ئاوه‌رۆكه‌ی ته‌واوبووه‌و چه‌ند گه‌رِه‌كێكی تری وه‌كو رزكاری و شاره‌وانی 1و 2و گه‌رِه‌كی مامۆستایان پێویسته به‌زووترین كات ئاوه‌رِۆیان بۆ دروست بكرێت، هه‌روه‌ها له‌ناو شار‌و گه‌رِه‌كه‌كان پێویستییان به‌قیرتاوكردن و دروستكردنی شۆسته هه‌یه، وه‌كو ئاماژه‌م پێكرد شاری كه‌لار گه‌وره‌یه‌و ناتوانرێت هه‌موو پرۆژه‌و به‌رنامه‌كان وا به‌خێرایی و له‌ماوه‌ی ئه‌مساڵدا دروست بكرێت.
بینایه‌ی زانكۆی كه‌لار كه‌ی ته‌واو ده‌بێت؟
ره‌خنه‌یه‌كی زۆر هه‌یه به‌وه‌ی زۆر له‌پرۆژه‌كان له‌كاتی خۆیدا ته‌واو نابن، بۆنموونه دروستكردنی بینایه‌ی زانكۆی كه‌لار دواكه‌وتووه، له‌وه‌لاَمی پرسیارێكی گولاَندا به‌وه‌ی ئه‌م پرۆژه گرنگه كه‌ی ته‌واو ده‌بێت؟ قایمقامی كه‌لار گووتی: ئه‌مساڵ له14/4/2010 به‌ردی بناغه‌ی زانكۆ دانراوه‌و چه‌ند پرۆژه‌یه‌كیش خراوه‌ته بواری جێبه‌جێكردن له‌وانه 3 بینایه‌ی گه‌وره‌ی زانكۆكه ده‌ستكراوه به‌دروستكردنی، سه‌رۆكایه‌تی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران و ئیداره‌ی زانكۆكه به‌رنامه‌و پلان دانراوه تاوه‌كو قۆناغ به‌قۆناغ ئه‌م پرۆژه گرنگه‌ی زانكۆ بنیات بنرێت. له‌لایه‌كی تره‌وه به‌گشتی وه‌زاره‌ته‌كان پرۆژه‌و كاریان له ناوه‌ندی شاره‌كه‌و سنووری كه‌لار ئه‌نجامداوه، به‌لاَم به‌سوپاسه‌وه وه‌زاره‌تی كاره‌باو وه‌زاره‌تی كاروكاروباری كۆمه‌لاَیه‌تی زۆرترین كار‌و پرۆژه‌یان ئه‌نجامداوه، له‌بواری گه‌شتوگوزاریشدا هیچ پرۆژه‌یه‌كمان بۆ ئه‌نجام نه‌دراوه.
ته‌رخانكردنی 200 ملیۆن دۆلار له پرۆژه‌كانی نیشته‌جێبوون
بۆ كه‌سوكاری ئه‌نفالكراوه‌كان و شه‌هیدان رۆڵی خۆی هه‌بوو
رێزدار نێچیرڤان بارزانی له‌كابینه‌ی پێنجه‌می حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بودجه‌یه‌كی بۆ بوژانه‌وه‌ی گه‌رمیان ته‌رخانكرد، به‌رِێز جه‌لال نوری عه‌بدولقادر قایمقامی قه‌زای كه‌لار له‌مباره‌یه‌وه گووتی: برِی 200 ملیۆن دۆلار له‌لایه‌ن رێزدار نێچیرڤان بارزانی له‌كابینه‌ی پێنجه‌م ته‌رخانكرا بۆ بوژانه‌وه‌و گه‌شه‌پێدانی ژێرخانی گه‌رمیان، ئه‌مه‌ش كاریگه‌ری براكتیكی بۆ بوژانه‌وه‌ی ناوچه‌كه هه‌بوو به‌تایبه‌تی له‌بوار خانووی نیشته‌جێبوون بۆ كه‌سوكاری ئه‌نفالكراوه‌كان و شه‌هیدان و چه‌ند سێكته‌رێكی تر، ئه‌م بوودجه‌یه رۆڵی خۆی بینیوه له‌دروستكردنی قوتابخانه‌و رِێگاوبانه‌كاندا.
سه‌باره‌ت به‌پێشكه‌وتنی كه‌رتی تایبه‌ت و راكێشانی وه‌به‌رهێنان بۆ شاری كه‌لار به‌رِێزیان گووتیان: له‌لایه‌ن ئیداره‌ی كه‌لاره‌وه هه‌وڵمانداوه كه‌رتی تایبه‌ت و وه‌به‌رهێنه‌ران رووبكه‌نه ناوچه‌كه تاوه‌كو له‌لایه‌ن كه‌رتی تایبه‌ته‌وه باشترین و زۆرترین هه‌لی كار بۆ گه‌نجه‌كانمان دابین بكرێت، له‌لایه‌كی تره‌وه هه‌وڵی پێشخستنی پیشه‌كانمان داوه، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش ناوه‌ندێكی راهێنانی پیشه‌یی له‌كه‌لار دامه‌زراوه‌و وه‌زاره‌تی كار‌و كاروباری كۆمه‌لاَیه‌تی ده‌یه‌وێت بیكاته ناوه‌ندێكی راهێنانی پیشه‌یی پێشكه‌وتوو، ئه‌مه‌ش سوودی هه‌یه بۆ فێربوون و راهێنانی گه‌نجان له‌پیشه ده‌ستییه‌كان و به‌رزكردنه‌وه‌ی تواناكانیان كه بۆ كاركردن له‌كه‌رتی تایبه‌ت زۆر پێویسته. هه‌روه‌ها به‌به‌های یه‌ك ملیار‌و پێنج سه‌دوو په‌نجا ملیۆن دینار بۆ ناوه‌ندو سه‌نته‌ری گه‌نجان بینایه‌كمان له‌سه‌ر بودجه‌ی ئه‌نجومه‌نی پارێزگا دروستكردووه، هاوكات سه‌نته‌ری رۆشنبیری و هۆڵی وه‌رزشی له‌كه‌لار دروستكراوه‌و له‌ئاینده‌یه‌كی نزیكدا هۆڵێك بۆ هونه‌رمه‌ندان و رۆشنبیری گه‌وره له‌كه‌لار دروست ده‌كرێت. سه‌باره‌ت به‌كه‌رتی ته‌ندروستیش له‌چه‌ندین شوێن بنكه‌ی ته‌ندروستی دروستكراوه‌و له ساڵی 2011 له‌به‌رنامه‌دایه له‌چه‌ندین گوند بنكه‌ی ته‌ندروستی دروست بكرێت.
قایمقامی كه‌لار پشتگیری ئه‌و بۆچوونه‌ی كردین كه پێویسته هه‌وڵبدرێت هانی یه‌كه ئیدارییه‌كان بدرێن تاوه‌كو ببنه خاوه‌نی داهاتی تایبه‌ت به‌خۆیان، بگره به‌كارێكی باشی دانا، چونكه هاولاَتییانی ناوچه‌كه زۆر سودمه‌ند ده‌بن به‌مه‌ش ده‌سه‌لاَتی دارایی ده‌درێته یه‌كه كارگێرِییه‌كان و به‌رِێوه‌به‌رایه‌تییه گشتییه‌كان، حكومه‌تی هه‌رێم وه‌كو پارێزگا مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ ئه‌م ناوچه‌یه ده‌كات بۆیه زۆر پێویسته هه‌ندێك به‌رِێوه‌به‌رایه‌تی گشتی بدرێته كه‌لار، وه‌كو به‌رِێوه‌به‌رایه‌تی گشتی تاپۆو په‌روه‌رده‌و ته‌ندروستی و رِێگاوبان و .. تادوایی . نه‌ك وه‌ك ئێستا بۆ زۆربه‌ی كاره‌كان ده‌بێت هاولاَتی بچێته سلێمانی .
تاوه‌كو ئێستا 500 خێزان هاتوونه‌ته كه‌لار
باشبوونی ئاستی خزمه‌تگوزارییه‌كان و به‌رزبوونه‌وه‌ی ئاستی بژێوی ژیان و بوونی ده‌رفه‌تی كار وای له‌هاولاَتییانی كوردستانی و عه‌ره‌ب كردووه له‌ناوچه دابرِاوه‌كانی كوردستانه‌وه كۆچ بۆ كه‌لار بكه‌ن ، به‌رِێز جه‌لار نووری پێی وابوو خه‌ڵكێكی زۆری ناوچه دابرِاوه‌كان هاتوونه‌ته كه‌لارو تێیدا نیشته‌جێبوون به‌پێی ئه‌و ئامارانه‌ی له‌لامانه تاوه‌كو ئێستا 500 خێزان هاتوونه‌ته كه‌لار، ئه‌مه‌ش زیاتر به‌هۆی بارودۆخی ئه‌منی یه‌وه بووه كه له‌و ناوچانه بارودۆخی ئه‌منی كورده‌كان باش نییه‌و ده‌رفه‌تی كاریان ناده‌نێ، به‌تایبه‌تی له‌جه‌له‌ولاو قه‌ره‌ته‌په‌و سه‌عدیه‌و قه‌ره‌ته‌په‌و جه‌باره بۆیه كۆ به‌رده‌وامه بۆ ئه‌م ناوچانه كه ئارامی و سه‌قامگیری تێدایه‌و ده‌رفه‌تی باشتری كاركردن به‌راورد به‌و ناوچانه هه‌یه.
گرفت و كێشه‌ی كه‌می بینایه‌ی قوتابخانه هه‌یه
سه‌باره‌ت به‌گرفته‌كانی په‌روه‌رده‌و ته‌ندروستی و نزمی ئاستی خزمه‌تگوزارییه‌كان بۆ كه‌مئه‌ندامان و لاوازی ئاستی پێشكه‌شكردنی یارمه‌تی بۆ جوتیاران و كه‌رتی كشتوكاڵی قایمقامی قه‌زای كه‌لار پێی وابوو گرفت و كێشه‌ی په‌روه‌رده هه‌یه به‌تایبه‌تی له‌كه‌می بینایه‌ی قوتابخانه‌و زۆربه‌ی قوتابخانه‌كانمان سێ ده‌وامی و چوار ده‌وامی تێدا بووه، به‌لاَم ئه‌و بودجه‌یه‌ی رێزدار نێچیرڤان بارزانی بۆ گه‌رمیانی ته‌رخانكردووه برِێك له‌و بودجه‌یه بۆ دروستكردنی بینایه‌ی قوتابخانه دانرا. له‌به‌رنامه‌شدایه زیاتر گرنگی به‌دروستكردنی بینایه‌ی قوتابخانه بدرێت به‌تایبه‌تی قوتابخانه‌ی نموونه‌یی. بۆیه به‌پێی وته‌كانی به‌رِێزی له‌ساڵی داهاتووی خوێندن گرفتی بینایه‌ی قوتابخانه‌كان تا راده‌یه‌كی باش كه‌م ده‌بێته‌وه.
كه‌می پزیشك و پسپۆرایه‌تی كێشه‌ی به‌رده‌م كه‌رتی ته‌ندروستییه له‌كه‌لار
هه‌ر سه‌باره‌ت به گله‌یی و ره‌خنه به‌به‌رده‌وامی هاولاَتییان له‌ره‌وشی ته‌ندروستی به‌رِێزیان ته‌ئكیدی له‌سه‌ر بوونی ئه‌م گرفته كرده‌وه‌و له‌مباره‌یه‌وه گووتی: كێشه‌ی ته‌ندروستیمان له‌كه‌لارو سنووره‌كه‌ی هه‌یه به‌تایبه‌تی له‌كه‌می پزیشك و كه‌می پسپۆرییه‌كان، به‌تایبه‌تی له‌بواری ئه‌نجامدانی نه‌شته‌رگه‌رییه‌كان، بۆ ئه‌م لایه‌نه‌ش كارمان كردووه بۆ ئه‌وه‌ی بتوانین تاراده‌یه‌ك گرفته‌كه كه‌م بكه‌ینه‌وه. به‌رِێوه‌به‌رایه‌تی گشتی ته‌ندروستی كه له‌ده‌ربه‌ندیخان بووه له‌كۆتایی ساڵی 2008 ه‌وه هاتۆته شاری كه‌لار و له‌و كاته‌وه باشتر كار ده‌كرێت، به‌لاَم به‌پێی پێداویستی ناوچه‌كه‌و زیادبوونی ژماره‌ی دانیشتووان نه‌خۆشخانه‌ی گه‌وره‌ترو پزیشكی زیاترمان پێویسته. گه‌رچی ژماره‌یه‌ك له‌پزیشكی پسپۆرمان بۆ هاتووه به‌لاَم هێشتا ژماره‌یان زۆر كه‌مه.
-
له‌بواری دامه‌زراندنی سه‌نته‌رو بنكه‌كانی راهێنان و پێشكه‌شكردنی خزمه‌تگوزاری بۆ كه‌مئه‌ندامان و په‌ككه‌وتوان و مندالاَنی خاوه‌ن پێداویستییه تایبه‌تییه‌كان قایمقامی كه‌لار له‌وه‌لاَمی ئه‌م پرسیاره‌ماندا گووتی: ئه‌مانه‌ی باسی ده‌كه‌ن پێویستی به‌بنكه‌و دامه‌زراندنی سه‌نته‌ره به‌لاَم له‌مباره‌یه‌وه تاكو ئێستا هیچ نه‌كراوه، ته‌نیا سه‌نته‌ری چاره‌سه‌ری سروشتی هه‌یه، یه‌كێك له‌و سه‌نته‌رانه‌ی پێویسته هه‌بێت سه‌نته‌ره‌كانی كه‌مئه‌ندامان و مندالاَنی خاوه‌ن پێداویستییه تایبه‌تییه‌كانه كه به‌داخه‌وه هه‌ر نییه.
وه‌زاره‌تی كشتوكاڵ له‌ساڵی 2011 ده‌ست به‌دروستكردنی سایلۆی كه‌لار ده‌كات
له‌سالاَنی رابردوو كێشه‌ی سایلۆ هه‌بوو كه ئاسته‌نگێك بوو له‌به‌رده‌م ئه‌مباركردنی گه‌نم و پێشخستنی كه‌رتی كشتوكاڵ، به‌لاَم داواكه‌وتنی دروستكردنی سایلۆی كه‌لار ئه‌وه‌نده‌ی تر جوتیارانی ئه‌م ناوچه كشتوكاڵییه گرنگه‌ی بێ‌ئومێد كردووه له‌مباره‌یه‌وه به‌رِێزیان گووتی: له‌سالاَنی رابردوو ئه‌مه كێشه‌یه‌كی گه‌وره بوو كه له‌كاتی وه‌رگرتنی به‌رووبوومه‌كانی دانه‌وێڵه رووبه‌رووی جوتیاران ده‌بوَوه ئه‌ویش به‌هۆی نه‌بوونی سایلۆ، به‌پێی پلانی وه‌زاره‌تی كشتوكاڵ برِیاره له‌ساڵی 2011 ده‌ست بكرێت به‌دروستكردنی سایلۆیه‌ك و جێگاكه‌شی بۆ دیاریكراوه، برِیاریشه كۆمه‌ڵێك پرۆژه‌ی جۆراوجۆری تر بۆ شاری كه‌لارو سنووره‌كه‌ی بخرێته بواری جێبه‌جێكردنه‌وه وه‌كو ئه‌مباری سوته‌مه‌نی و كۆمه‌ڵگایه‌كی چاكسازی نه‌وجه‌وانان و چه‌ندین رِێگاوبانی تر قیرتاو بكرێت و، ئه‌م پرۆژانه‌و چه‌ندین پرۆژه‌ی تر خراوه‌ته به‌رنامه‌و ئه‌وله‌وییه‌ت بۆ پرۆژه‌كان دانراون له‌چاوه‌رِوانی ته‌رخانكردنی بودجه‌دایه.
له‌كۆتایی دیمانه‌كه‌ماندا قایمقامی كه‌لار ئاماژه‌ی به دوو مه‌سه‌له‌ی گرنگ كرد ، یه‌كه‌میان: كێشه‌ی زه‌وی و تاپۆكردن له‌كه‌لار ، كه‌كێشه‌یه‌كی زۆری زه‌وی و تاپۆ هه‌یه، شاری كه‌لار گه‌وره بووه‌و ناوچه‌و سنوورێكی فراوانی هه‌یه، برِیار بۆ كوژاندنه‌وه‌ی زه‌وی كشتوكاڵی دراوه تاوه‌كو بكرێنه زه‌وی نیشته‌جێبوون، هه‌روه‌ها مه‌سه‌له‌ی تاپۆكردنی زه‌وی دانیشتووانی گونده‌كانیش هه‌یه، كه ده‌بێت تێبینه‌رایه‌تی تاپۆی كه‌لار كاری له‌سه‌ر بكات و جێبه‌جێی بكات، ئه‌وانیش توانای ئه‌و هه‌موو كاره‌یان نییه، هه‌ر بۆیه قایمقامی كه‌لار داوایكرد به‌رِێوه‌به‌رایه‌تی تاپۆی گه‌رمیان بۆ كه‌لار دامه‌زرێنن و توانا‌و ده‌سه‌لاَتیان بۆ دابنرێت ، چونكه به‌پێی وته‌كانی به‌رِێزیان ئه‌م كێشه‌یه خۆی له‌خۆیدا زۆر گه‌وره‌یه.
دووه‌میش: فه‌رامۆشكردنی كه‌رتی كشتوكاڵ و گه‌شتوگوزار، له‌مباره‌یه‌وه جه‌لار نووری ده‌ڵێت: هه‌ردوو بواری كشتوكاڵ و گه‌شتوگوزار كه زۆر فه‌رامۆشكراوه‌و پێویستی به ئاورِدانه‌وه‌یه‌كی خێرا هه‌یه، چونكه بێ بوژانه‌وه‌ی كشتوكاڵ و دابینكردنی ئاسانكاری و پاڵپشتی ناكرێت كه‌رتی كشتوكاڵ له‌م ناوچه‌یه بچێته قۆناغێكی پێشكه‌وتووه‌وه.