شاری زیرەك (3)

شاری زیرەك (3)

وه‌رگێڕ : ئا. و: تاریق كارێزی

پرۆژەی زیرەكە شار، لە گەلێك وڵاتدا خراوەتە بواری جێبەجێ كردنەوە. دیارترین ئەو نموونانەی زیرەك شار كە قسەیان لە بارەوە دەكرێت، لێرە بە دواوە بە كورتی باسیان دەكەین.
سونگدو
شاری سونگدو لە كۆریای باشوور نموونەی زیرەكە شارە. ئەم شارە بڕی 35 ملیار دۆلار بۆ دروست كردنی تەرخان كراوە. پرۆژەكە لە شوێنێكی نزیك بە دەریای زەرد لە ساڵی 2005ـەوە دەستی پێ كردووە. سەرەتا خاكەكەی تەخت كرا، ئێستاش بە شێوەیەكی گشتی، وەك نموونەیەك بۆ زیرەكە شار لە ئاستی جیهاندا ناسراوە.
هەموو سیستەمەكانی زانیاری لەم شارەدا پێكەوە گرێ دراون، بۆیە هەندێك رەخنەی ئەوەیان لێ گرت، كە ئەمە شارێكە "لە نێو سندووق"دا. زیرەكە شارە بریتییە لە نمایش كردنی شاری تەكنەلۆژیا، بەڵام مەرج نییە شارێكی نموونەیی بێتبۆ ژیان. لە هەموو سووچ و گۆشەیەكی شاردا هەستیاری لە ئارادایە، بۆ نموونە، ئەسانسێر ئەگەر كەسی تێدا نەبێت، كار ناكات.
هەر ماڵێكی ئەو شارە سیستەمێكی تێدایە كە بە تەكنیكی "لە دوورەوە ئامادە بوون" كار دەكات، بەكارهێنەر دەتوانێت سیستەمی هەواسازی و قوفڵ دان بخاتە ژێر كۆنترۆڵی خۆیەوە. ئەم سیستەمە رێ بە گرێ دانی كۆبوونەوە بە وێنەوە دەدات (واتە كۆبوونەوەكە بە تۆماری وێنەوە)، هەروەها ئامانجی ئەوەشە كە رێكارێك بێت بۆ پێشكەش كردنی فێر كردن و خزمەتگوزاریی چاودێریی تەندروستی و خزمەتگوزاریی حكوومەت. هاوكات نووسینگە و قوتابخانەكانیش بەم تۆڕەوە گرێ دراون.
شارێكی پاقژ
شاری (مەسدەر) لە ناوجەرگەی بیابانی میرنشینی ئەبوو زەبی لە دەوڵەتی ئیماراتی یەكگرتووی عەرەب. ئەم شارە بەو جۆرە دیزاین كراوە كە ببێتە شاری هەرە خۆنوێ (خۆنوێ: بەردەوام خۆی نوێ دەكاتەوە) لە سەرانسەری جیهاندا. ئەم شارە بۆ وزە پشت بە وێستگەیەكی (خۆرە وزە) دەبەستێت، كە كەتووەتە ناوەڕاستی شارەكەوە، سەرباری كێڵگەكانی با، كە (با وزە) بە شارەكە دەدات، ئامانجی دامەزراندنی زیرەكە شاری (مەسدەر) ئەوەیە، كە شارێكی دوور لە دەردانی كاربۆن دروست بێت.
ئەم شارە بە جۆرێك دیزاین كراوە، تەنیا كۆمپانیای دۆستە ژینگە كاری تێدا بكەن. هەموو شتێكی نێو شارەكە دەخرێتە بەر پێوانە و بن چاودێرییەوە، بۆ ئەوەی ببنە چاوگێك بۆ زانیاری. ئەم شارە بە شارێكی دۆستە پیادەش دادەندرێت، ئوتومبیل ناچێتە نێوییەوە، لەم كاتەدا كار بۆ ئەوە دەكرێت تۆڕێكی ئوتومبیلی تاكە كەسی دابمەزرێ، كە بە كارەبا كار بكات، بە شەش مەتر لە ژێر زەویی شەقامەكانی شارەكەدا ئوتومبیل بێت و بچێت.
پێشبینی وایە چل هەزار كەس لەو شارەدا بژین، هاوكات رۆژانە پەنجا هەزار كەس لە رێی چوونیان بۆ سەر كار، سەردانی دەكەن. ئەوانەی رەخنەش لە پرۆژەكە دەگرن، پێیان وایە ئەو شارە ئیدی دەبێتە ناوچەیەك بۆ نیشتەجێ بوونی دەوڵەمەندان، پرسیاریش دەكەن، ئاخۆ دەكرێ شاری هاوشێوەی ئەو لە دەوڵەتانی دی دروست بكرێت؟
ریۆ دی جانیرۆ، شاری گەیاندن
لە ساڵی 2010دا سەرۆك شارەوانیی ئەم گەورە شارەی بەرازیل، كۆمپانیایەكی راسپارد بۆ دامەزراندنی ناوەندێكی تەكنیكی لە سەر ئاستی شارەكەدا، كە هەر (30) دەستەكەی خزمەتگوزاری پێكەوە ببەستێتەوە، هەر لە ئامرازەكانی گواستنەوە را تا دەگاتە خزمەتگوزاریی كتوپڕ و فریاكەوتن.
ئەمەش واتای ئەوەیە، هەموو بەرپرسانی شارەكە لە بەڕێوە بردنی جوولەی هاتوچۆ و سیستەمەكەیدا هاوكار بن، لە هەمان كاتدا كار بۆ دووپات كردنەوەی ئەوەش دەكەن، كە سەرچاوەكانی وزە و ئاو لە شارەكەدا بە تەواوی كار دەكەن.
خۆ ئەگەر گرفتێك لە شارەكەدا روو بدات، ئەوا هەموو دەستەكانی خزمەتگوزاری دەتوانن هەماهەنگی بكەن. بۆ نموونە ئەگەر تەلارێك هەرەس بهێنێت، ئیدی ئەو كات دەكرێ سیستەمەكانی هاتوچۆ بەرەو ئەو شوێنە رابگیرێن و خزمەتگوزاریی فریاكەوتنیش ئاراستە بە ئەوێ بكرێت، سەرباری بڕینی سەرچاوەی غازی ناوچەكە، لە رێی تویتەریشەوە شوفێران بە كورتە نامە ئاگادار دەكرێنەوە، كە بەوێ نا، بەڵكوو بە رێی دیكەدا بڕۆن.
زانایانی كۆمپانیاكەش كەوتنە هەوڵی دامەزراندنی سیستەمێكی پێشكەوتوو بۆ پەی بردن بە رەوشی كەش، بۆ ئەوەی پێشبینیی ئەو باران و لافاو بكەن كە روو لە شارەكە دەكات. مەرجیش نییە هەموو پرۆژەكان لە لایەن كۆمپانیاكانەوە چاودێری بكرێن، بەڵكوو هەندێ پرۆژە لە لایەن هاووڵاتیانەوە هەڵدەسووڕێندرێن.
چارەسەری كردارەكی لە بارسلۆنا
مانیل سانرۆما، سەرۆكی نووسینگەی زانیاری لە شاری بارسلۆنا (پایتەختی هەرێمی كاتالۆنیا لە سپانیا) چەند ساڵێك لەمەو بەر لێدوانێكی بوێرانەی دا، تێیدا گوتی رەنگە شاری ئاییندە لە دەوڵەتەكان بەهێزتر بێت.
سانرۆما لە كۆنگرەیەكدا دەربارەی (زیرەكە شار لە ئاستی جیهاندا) دووپاتی كردەوە، پێویستە پارێزگاری بەهێز هەبێت بۆ ئەوەی ئەركی بەجێ گەیاندنی شارێكی لەم جۆرە بگرێتە ئەستۆ.
شاری بارسلۆنا پایتەختی كاتالۆنیا بە ئاراستەی ئەوە كار دەكات كە ببێتە یەكێ لە شارانی سەركردە، لەم رووەوە تا ئێستا هەندێ پرۆژەی گرنگیشی دەست پێ كردووە. هێڵی زۆر كارامەی بۆ هاتوچۆی پاس دروست كردووە، سەرباری سیستەم بۆ كۆ كردنەوەی خاشاك بە نەرم و نیانی و بێ قڕە، كە پشت بە تەلەست (تەلی هەستیار) و رووناكیی زیرەكە شەقام دەبەستێت. هەر لەو شارەدا كار بۆ بەدی هێنانی سیستەمی ئیدارەی مەدەنیبەردەوامە، كە هەموو سیستەمەكانی كارگێڕیی شارستانی لە یەك لە شوێندا كۆ بكاتەوە.
سانرۆما بە (بی بی سی)شی گوت: ئێمە نامانەوێ بە چەشتی شاری (ریۆ دی جانیرۆ) ژوورێكی كۆنترۆڵی ناوەندیمان هەبێت، "ئێمە نامانەوێ شانازی بە ژوورێكی كۆنترۆڵ كردنەوە بكەین، ئێمە بە دوای چارەسەری كردارەكیدا دەگەڕێین، كە لە بەجێ گەیاندنی ئەركەكاندا، هاوكاری بڕیارسازان بێت."
یەكێ لەو پرۆژانەی كە لەم ساڵانەی دوایی لە بارسلۆنا گەشەیان پێ درا، بریتی بوو لە سیستەمێك كە لە رێی (نێت)ـەوە پارەی هاتوچۆ و گواستنەوە بدرێت. بەرپرسەكەی شاری بارسلۆنا ئامادەیی شارەكەی دەربڕیوە بۆ هاوكاری كردن لەگەڵ شارەكانی ئەمستردام، سان فرانسیسكۆ، شیكاگۆ، بۆینوس ئایرس و گەلێ شاری دیكە، كە (پرۆتۆكۆلی شار)یان واژۆ كردووە، بۆ پیكەوە گرێ دانی كار و زانكۆ و رێكخراوەكانی چەندین شاری جیهان لەگەڵ یەك، لە رێی سیستەمێكی تەكنۆلۆژی كە لە باریدا هەیە لە هەر شارێكدا كار بكات.
تەلارەیلی پیشەسازیی ئەم شارە بە جۆرێك نۆژەن كراونەتەوە، كە سووتنگە تێیاندا دەگۆڕێت بە وێستگەیەك بۆ بەرهەم هێنانی وزەی كارەبا، سەرباری پیادە كردنی سیستەمێك بۆ پایسكیلی هاوبەش كە (6) هەزار پایسكیل بۆ هاتوچۆی هاووڵاتیان لە سەرانسەری شارەكەدا دابەش كران، بە ئامانجی كەم كردنەوەی ئەو ئامێرانەی گواستنەوە كە بە سووتەمەنی كار دەكەن.
ڤیەننا شاری بێ كاربۆن
ڤیەننا، پایتەختی نەمسا لە ساڵی 2020دا ئیدی دەبێتە شارێكی بێ كاربۆن، لەم كاتەشدا 30%ی وزەی كارەبای شارەكە لە سووتاندنی خاشاكەوە دێت، هاوكات یەكێك لە گەورەترین سووتنگەكانی خاشاك لەو شارەدا بووە بە یەكێك لە گرنگترین ئەو شوێنانەی كە گەشتیاران بە لای خۆیدا رادەكێشێت.
نیویۆركو بلانیت
لە پای چڕی و زۆریی ژمارەی دانیشتووانەوە، هەندێك كەس پێیان وایە شاری نیۆیۆرك لە هەموو شارێكی دیكەی جیهان ژینگەی پیسترە، بە تایبەتی كە ناوەندێكی كار و دارایی جیهانە. هەر بۆیە بەرپرسانی شار بیریان لە دروست كردنی پرۆژەی (هیدسۆن) كردەوە، كە بریتییە لە شارێكی بچكۆلانە بە تەنیشت (مانهاتن)ـەوە، بۆ ئەوەی ببێتە گەورەترین زیرەكە شاری جیهان. بۆ نەهێشتنی پیس بوون، هەموو شتێك لە پرۆژەی زیرەكە شاری هیدسۆن لە رێی نێتەوە چاودێری دەكرێت.
بلانیت شارێكی پورتوگاڵە، هەوڵ دەدرێت 100 ملیۆن زیرەكە ئامێری ئاگادار كردنەوەی تێدا بێت، بۆ ئەوەی شارەكە لە زیانی كتوپڕ بپارێزێت. هەر لەو شارەدا بایەخ بە سیستەمی هاتوچۆ، نیشانەی هاتوچۆ، دیاری كردنی شوێنی وەستانی ئوتومبیل دەدرێت. ئەم شارە بە نیازە (225) هەزار كەس بگرێتە خۆ.
زیرەكە شاری كوێت
چەند راپۆرتێكی (دەزگای زەوی و نیشتەجێ بوونی كۆریای باشوور) ئاشكرایان كرد، كە دەخوازن لە رێی جێبەجێ كردنی زیرەكە شارێك لە (باشووری سەعدول عەبدوڵڵا)دا،ئامانجی كوێت بەدی بهێنن. راپۆرتەكان دەڵێن بڕیار وایە لە یەكەمین چارەكی ساڵی داهاتوو (2019)وە، پرۆژەكە دەست پێ بكەن و بە كردەنی خزمەتگوزارییەكانی بخەنە واری جێبەجێ بوونەوە، هەروەها بە پرۆژەكانی گەشە پێدانەوە گرێیان بدەن، كە بڕیارە بوو حكوومەتی كوێت تا ساڵی 2015دا جێبەجێیان بكات.
بە گوێرەی رۆژنامەی "قەبەس"ی كوێتی، زیرەكە شارەكەی كوێت چەشنی زیرەكە شاری (بانداج)ی كۆریای باشوور دەبێت، هەموو جۆرە خزمەتگوزارییەكی گشتیی تێدا دەبێت، لە هەموو ناوچەكانی ئەو وڵاتەش دەوڵەمەندتر و پڕ گەشەتر دەبێت.
كوێت پلانی هەیە لە ساڵانی داهاتوودا نۆ زیرەكە شاری دیكە دروست بكات. ئامانجی كوێت لە پرۆژەكانی زیرەكە شار زیاد كردنی داهاتی دەوڵەتە، هەروەها بە نیازە بەشێكی زۆری ئەو زیرەكە شارە بەكار بهێنێت بۆ ئەوەی كوێت بكاتە ناوەندێكی بازرگانیی جیهان. پرۆژەی زیرەكە شارەكەی كوێت بە گوێرەی پلانی (دەزگای زەوی و نیشتەجێ بوونی كۆریای باشوور)، بەڕێوەیە (50) هەلی كار لە كەرتی تایبەتدا بۆ هاووڵاتیان دەستەبەر بكات، سەرباری ئەو پرۆژە تایبەتانەی كە لەوێدا دەست پێ دەكرێن.
زیرەكە شارەكەی كوێت، كە هەر تەنیا (750)كم لە شاری خانەقینی باشووری كوردستانەوە دوورە، 25 هەزار یەكەی هەمەچەشنی نیشتەجێ بوونی تێدا دەبێت، هەیە وەك كارت دەدرێتە گەشەپێدەرانی خانووسازی، تەلاری چەندین نهۆمی تێدا دەبێت بۆ هاووڵاتیان و وەبەرهێنەران، جگە لە خانووی ئامادە كە رووبەرەكەیان لە 400 مەتر دووجا كەمتر نییە.
واش چاوەڕوان دەكرێت ئەو زیرەكە شارەی كوێت هاووڵاتیان بە چڕی رووی تێ بكەن، مەزندە دەكرێت 400 هەزار هاووڵاتی تێیدا نیشتەجێ بن، بە تایبەتی كە هەموو پێداویستێكی ژیانی تێدا دەبێت، ئیدی دانیشتووانی پێویستیان بە چوون بۆ پایتەخت و شارەكانی دیكە نابێت.
Top