شاری زیرەك ب1

شاری زیرەك  ب1

وه‌رگێڕ : تاریق كارێزی

شاری زیرەك: زیرەكە شار (Smart city) زاراوەیەكی هەمەك و سەراپاگیرە، گشت ئەو پێداویستانەیتەكنیكی نوێ دەگرێتەوە، كە بۆ پشتیوانی كردنی شار و باش بەڕێوە بردنی ئەو پێویستن، كە بە سایەی پاراستن و پاك راگرتنی ژینگەوە، هەلومەرجی ژیانی خەڵك لە نێو ئەم جۆرە شارەدا لە جاران باشتر دەبێت.
لە شاری زیرەك (زیرەكە شار)دا، نوێكاری لە بواری تەكنەلۆژیا، ئابووری و كۆمەڵایەتی دەكرێت. دروست كردنی شاری زیرەك وا دەخوازێت، شار لە نۆژەن را دروست بكرێت، كە بە شێوەیەكی پوخت خزمەتگوزاریی كارەبا، ئاو، رووناكی، هەواسازی، هاتوچۆ و گەیاندنی تێدا بەڕێوە بچێت.
دەشكرێ ئەم تەكنیكە تازە و هەمەكە بۆ بەڕێوە بردنی دەزگای گەورەش بەكار بێت، لە رێی پەیڕەو كردنی رێكاری كۆنترۆڵی میكانیكیانەوە، بە بەكار هێنانی ئامرازی زیرەك "كامیرا، كۆمپیووتەر، تۆڕی پەیوەندی، كۆ كردنەوەی زانیاریی نێو شارەكە: دەزگاكە"، ئنجا بەڕێوە بردنی ئەو زانیارییە لە رێی ناوەندێكی كۆ كردنەوەی زانیارییەوە، كە بە گوێرەی پێداویستی هەنووكەیی، كار بەو زانیارییە دەكرێت.



ئەمە پێناسەیەكی چڕ و كورت بوو بۆ زیرەكە شار.
دەستەواژەی شاری زیرەك (زیرەكە شار) لە ساڵی 2000 بە دواوە، واتە لەگەڵ هاتنی سێیەمین هەزارەی زایینەوە، پەیدا بوو، كە "سیاسەتوان، ئابووریناس، بەڕێوەبەر، بەرپرسانی نەخشەدانانی شاران" تێیدا بەشدار دەبن. ئامانجیش بەدی هێنانی گۆڕانكارییە لە ستایلی ژیان. ئەو گۆڕانكارییەش پشت بە تەكنیكی نوێ بۆ هەڵسووڕاندنی شار دەبەستێت.
بیرۆكەی شاری زیرەك: زیرەكە شار (كام لەم دوو زاراوەیە خۆش بێتە سەر زمان، دەكرێ بەكار بێت) لەوەوە سەرچاوەی گرتووە، كە ، بۆ باش كردنی رەوشی ئابووری و كۆمەڵایەتی و سیاسیی شار،سوود لە تەكنیكی دیجیتاڵ وەربگیرێت. ئەم هەنگاوە بۆ تێپەڕاندنی قۆناغی كۆمەڵگای پاشە شۆڕشی پیشەسازییە، بە ئامانجی گەیشتن بە مۆدێلێكی نوێتری كۆمەڵ.
لە شاری زیرەك (زیرەكە شار)دا، چەند فاكتەرێك رەچاو دەكرێن، وەك شێوەی چارەسەر كردنی ئەو كێشە و گرفتانەی رووبەڕووی ژینگە دەبنەوە، گۆڕانێك كە بە سەر پێكهاتەی تەمەنی دانیشتووان (گەنج و پیر)دا دێت، زۆر بوونی ژمارەی دانیشتووان، قەیرانی ئابووری و كەم بوونەوەی دەرامەتی سروشت.
لە زیرەكە شار (شاری زیرەك)دا، كە بەدی هێنانی ژیانێكی باشتر بۆ دانیشتووان دەبێتە خواست و ئامانج، بێ لە نوێ كردنەوەی بواری تەكنەلۆژیا، پێویست بە وەگەڕ خستنی فاكتەری دیكەش دەكات، وەك بیرۆكەی هاوبەشایەتی و هەروەز (Link Sharing)، واتە بەشداری پێ كردنی هاووڵاتی لە پلان دانان بۆ پرۆژە گەورەكانی شار.
لە زیرەكیدا، شارەكان وەك یەك نابن، هەر شارە لە رووی زیرەكییەوە خەسڵەتی تایبەتی دەبێت. شار هەیە ئابووریی زیرەك، هاووڵاتیی زیرەك، كارگێڕیی شارێكی زیرەك، رێوبانێكی زیرەك، ژینگەپارێزییەكی زیرەك، پێكەوە ژیانی زیرەكانەی هەیە. توانای زیرەكە شار پەیوەستە بە رادەی "بەشداری كردن، كارگێڕی، ئابووری، سیاسەت، فێر كردن"ـەوە.
دەكرێ شاری زیرەك تۆڕی خزمەتگوزاریی ئینتەرنێتیش بگرێتەوە، كە لە رێی ئەنتێن و كامیرای كۆ كردنەوەی داتاوە، شار و گوندەكانی دەوروبەری پێكەوە ببەسترێنەوە، ئنجا هەڵسەنگاندنی بۆ دەكرێت و بە پێی پێویست رەفتاری لەگەڵدا دەكرێت. ئیدی دانیشتووانی شار لەگەڵ تەكنیكی دەوروبەری خۆیان لە رایەڵ و پەیوەندیدا دەبن. دانیشتووان دەبنە بەشێك لە ژێرخانی تەكنەلۆژیای شارەكە.
زیرەكە ئابووری، واتە زیاد كردنی بەرهەم لە رێی پێكەوە بەند بوونی بەشداران لە ئاستی ناوخۆ و نەتەوەیی و نێودەوڵەتیدا. "گیانی وەبەرهێنەر: خەسڵەت و خووی وەبەرهێنان" سیمای دیاری ئەم جۆرە ئابوورییەیە، كە هەردەم كانگای بیرۆكەی نوێیە و خزمەت بە ئاییندە دەكەن. توانای تاك و هەر زانین و زانیارییەكی كە هەی بێت، رۆڵێكی سەرەكیی لە گەشە پێدانی شاردادەبێت. ئەم زانین و زانیارییەش لە رێی تۆڕێكی پەیوەندییەوە، بە بەردەوامی لە نێوانی كارمەنداندا دێت و دەچێت. هەر كارمەندە زانیاری وەردەگرێت و گەشەی پێ دەدات، بە ئەوانی دیكەشی رادەگەیەنێت، بۆ ئەوەی بەرهەم زیاد بكات.
بیرۆكەی زیرەكە ئابووری (ئابووریی زیرەك) پتر وابەستەی هەردوو بیرۆكەی "گیانی ئەفراندن" و "زانین كۆمەڵگا: كۆمەڵگای زانین"ـە. ئەمەی دەیڵێین خەیاڵ پڵاوی نییە، بەڵكوو لە كۆریای باشوور و ئیمارات بە كردەنی پیادە كراوە، هەروەها لە شارەكانی لەندەن، هامبۆرگ و پاریسیش تاقی دەكرێتەوە.
لە پێناو هەناردنی بەروبووم و خزمەتگوزاریی خۆیان بۆ بازاڕ، كۆمەڵێك ئابووریكار لە پرۆژەیەكی شاری زیرەكدا دەبنە هاوبەشی یەك. شارەكانیش لە رێی هاوردەكارێكی ئەو خزمەتگوزارییەوە، لە ماوەی چەند ساڵێكدا پێكەوە گرێ دەدرێن.
نموونەی پیادە كردنی سیستەمی زیرەكە شار لە گەلێك بواری خزمەتكوزاریدا خۆی دەنوێنێ. بۆ نموونە كۆمپانیای "فیتنتال" نموونەی "ماڵێكی زیرەك" دەخاتە روو، لەم رووەوە ئامێر بۆ كۆنترۆڵ كردن و كەم خەرج كردنی كارەبا بە ماڵان دەدات. ئەو كۆمپانیایە تۆڕی زیرەكیش دادەمەزرێنێت.
كۆمپانیای "سیسكۆ سیستمز" بە ناونیشانی (ئینتەرنتێت بۆ هەموو شتێك: Internet of Everything) ژمارەیەك تۆڕی پەیوەندیی خستووەتە بەر دەستی بەكاربەرانەوە، ئەو تۆڕانە بۆ هەڵسووڕاندن و كۆنترۆڵ كردنی ئامێرەكانی ناوماڵ بەكار دێن: وەك تۆڕی وزە گەیاندن، تۆڕی گەیاندنی هاتوچۆ، تەنانەت تۆڕی شت كڕین لە مۆڵ و ماركێت.
بەڕێوە بردنی شاران
لە ساڵی 2007دا گەڵاڵە نامەیەك بە ناوی "گەڵاڵە نامەی لایبزگ" خرایە روو، كە گۆڕانی ریشەیی لە پەرە پێدانی شار دەخاتە روو، ئەو پێشنیار گۆڕانەش وەك بنەمایەك بۆ بەڕێوە بردنی شارێكی ئەوروپی بۆ ماوەیەكی درێژ مەودا دەگرێتە خۆ، بە ئامانجی گەیشتن بە زیرەكە شار.
یەكێتیی ئەوروپاش بەرنامەیەكی بە ناوی ئاسۆی 2020، (Horizon 2020) هەیە، ئامانجی ئەو بەرنامەیە كار كردنە بۆ پەرە پێدانی چەند شارێكی ئەوروپا بە شێوازی "زیرەكە شار". یەكێتیی ئەوروپا پشتیوانی لەو بەرنامەیە دەكات، لەمەشدا ئەم رێكخراوە كیشوەرییە دەخوازێت، لە ئاستی جیهان لە كێبڕكێدا بێت بۆ پێشكەش كردنی پرۆژەی زیرەك بۆ شاران.
یەكێ لەو پرۆژانەی یەكێتیی ئەوروپا پشتگیرییان دەكات، پرۆژەی "كراوە شار: Open Cities"ـە. ئیدی هەر لەو چوارچێوەیەدا پرۆژەكەی یەكێتیی ئەوروپا پشتیوانی لە چەند شارێك دەكات كە خۆیان بە زیرەكە شار دادەنێن، ئەویش وەك خواستێكی یەكێتییەكە بۆ گەیشتن بە بەڕێوە بردنی زیرەكە شار. كۆپنهاگن، ڤیەننا، ئەمستردام و بەرلین ئەو چوار شارەن كە لەم رووەوە یەكێتیی ئەوروپا پشتگیرییان دەكات.
كارگێڕیی خۆجێیی ئەو شارانەی كە كاندید كراون ببن بە زیرەكە شار، لەگەڵ چەندین زانكۆ (لەوانە زانكۆی بەرلین، بەرسەلۆنە و ڤیەننا)، هەروەها لەگەڵ چەندین دەزگای ناحكوومیی توێژینەوەشدا كار دەكەن، بۆ پەرە پێدانی تەكنیكی زیرەك.
ئەم پرۆژەی تەكنیكی زیرەكە بەرەو رووی چەندین ئاستەنگ دەبێتەوە، لە پێش هەمووشیان گرفتی درێژە دان و توانای پیادە كردنی زیرەكە تەكنیكە، هەروەها رێكاری بەشداری و شێوازی هەڵسوكەوت كردن لەگەڵ دیجیتەڵ داتا.
لە چوارچێوەی كارگێڕیی زیرەكدا، بە تایبەتی لە بواری سیاسەتی مەدەنیدا، زاراوەی "حوكمڕانیی زیرەك: Smart Governance" هاتووەتە ئاراوە، ئەمەش واتای بەشداری كردنی هاووڵاتیانە لە بڕیاری سیاسیدا، هەڵبەت لە رێی بەشداری پێ كردنی هاووڵاتیان لە كاری نەخشە دانانی ئاوەدانیدا.
ئامانج لە حوكمڕانیی زیرەك ئەوەیە كە لە پلان و نەخشە دانان و بڕیار داندا، روونكاری (شەفافیەت) و بەشداری كردن پەیڕەو بكرێت. لێرەشدا تەكنیكێك لە چەشنی "تەكنیكی كراوە" و بنەمای "حوكمڕانیی كراوە" و بەشداری كردن، رۆڵێكی گرنگیان دەبێت.
پیادە كردنی دیموكراسی بە فراوانی لە رێی (دیجتەڵ داتا)وە، بەمە دەگوترێت ئەلیكترۆنە دیموكراسی.
ئامانجیش لەم بەشداری پێ كردنە نوێیانە، بایەخ دانە بە تێكەڵ بوون و پەیوەندی بەستن لەگەڵ دانیشتووانی شار، هەروەها بەشداری پێ كردنیان لە پرۆسەی حوكمڕانی و بڕیار دان لە پرۆژەی هەستیاردا.
جڤاكی مەدەنی
جۆرە جڤاك (كۆمەڵگا)یەكی تایبەتە، زیرەكە شار دیاری دەكات. دانیشتووانی زیرەك دەبێ داهێنەر بن، نەرم و نیان بن، وێڕای فرە كولتوورییان، ئەوان بە تۆڕێكی گەیاندن پێكەوە بەستراونەتەوە.
زیرەكە شار، بۆ باش كردنی ژیانی دانیشتووان لە رێی تەكنیكی تازە باوەوە، پشت بە بەشداری كردنی لەگەڵ هاووڵاتیان دەبەستێت، بە چەشنێك هاووڵاتیان بە ئامراز و رێكاری خۆیان، سەربارێك پێشكەش بە كارگێڕیی شار بكەن.
روونتر دەڵێین، جڤاكی مەدەنی بە بیر و رای خۆی لە بەڕێوە بردنی شاردابەشدار دەبێت، لە گەڵاڵە كردنی ئەو بڕیارانەی بە لای هەمووانەوە گرنگن، بەشدار دەبێت، بەو جۆرەی كە هاووڵاتیان جێ دەستیان لە پەرە پێدانی شارەكەیاندا دەبێت.
ئەم بیرۆكەیەش لە بنەمای سیاسیی پەرە سەندنی ئاوەدانییەوە سەرچاوەی گرتووە، بەو بنەمایەش دەگوترێت "نوێ شار: New Urbanism " یان گەشەی زیرەك. گریمانە وایە كە پەرە سەندن لە خوارەوە بەرەو سەرەوە دێت. دانیشتووان لە رێی تۆڕێكی زانیارییەوە بەشداری لە گەڵاڵە كردنی بڕیاردا دەكەن، بە بێ ئەوەی لە بڕیار داندا بەرپرس بن یان ئاكامەكەی بكەوێتە ئەستۆیان.
ئەم جۆرە جڤاكە لە دیاردەی كولتووری ئاڵوگۆڕدا دەردەكەوێت. كولتووری ئاڵوگۆڕ یان كولتووری بەشداری كردن، دەكرێ مۆركێكی بازرگانی یان نابازرگانیی هەبێت.
كولتووری ئاڵوگۆڕ، لە بە كۆمەڵ بەكار هێنانی ئامێر یان بەشێك لە ژێرخان، بە ئامانجی پاراستنی ژینگە یان سوودی ئابووریانە، خۆی دەنوێنێ. بۆ نموونە ئاڵوگۆڕ كردنی ئوتومبیل (Car-Sharing) یان بە كۆمەڵ (چەند كەسێك) بە یەك ئوتومبیل بێن و بچن، لە بری ئەوەی هەر یەكەیان بە ئوتومبیلی تایبەتی خۆی هاتوچۆ بكات. دەكرێ ئامێری ناوماڵیش یان ئامرازی دەستی ئاڵوگۆڕی پێ بكرێت.



رێی تێ دەچێت كە جڤاكی مەدەنی پێكەوە و لەگەڵ یەكدا، بەشداری لە دروست كردنی پاركێكدا بكەن، یان بە تەكنیكی (خۆرە تیشك) یان باوزە (تیشكی خۆر یان وزەی با) كارەبا بەرهەم بێنن، بەشێكی بەكار بهێنن، زیادەكەشی بە تۆڕی گشتی بفرۆشن.
دەشكرێ لە باخچە و بانیژەی ماڵاندا، رووەك بچێندرێت و خۆراك بەدەست بێت، بە بێ ئەوەی بە تەواوی پشت بە بەروبوومی گوند و كارگەی قوتووبەند ببەسترێ. ئەمەش دەسكەوتی ئابووری و باش كردنی ژینگەشی لێ دەكەوێتەوە.
هەموو ئەو شتانە دەچنە چوارچێوەی تیۆریی (ئەلینۆر ئوسترۆم)، كە تێیدا باس لە (كۆ سامان)ی دانیشتووانی شار دەكات، بەوەی دانیشتووانی هەر شارێك بە شێوەیەكی دەستەجەمعی، هەموو شوێن و توانا و دەرامەتێكی شار بەكار بهێنن. تۆ ئەگەر زیرەكە شار بە سامانێكی جڤاك بزانی، ئیدی هەر دەبێ بڕیار لە بارەی پەرە پێدنی ئەو شارە بە دەستەجەمعی بدرێت، بۆ ئەوەی دەرامەتەكەی بە باشترین شێوە بەكار بهێندرێت.
بڕیار دان لە زیرەكە شاردا بە چەند قۆناغێك دەبێت. سەرەتا بیرۆكە لە لایەن دراوسێكانەوە تەتەڵە دەكرێت، تا دەگاتە ئاستی گەڕەك، پاشان لە سەر ئاستی سەراپای شارەكەدا ئەو بیرۆكەیە تەتەڵە دەكرێت. خۆ ئەگەر بڕیارەكە گەورە بوو، سنووری شار بەرەو ناوچەكانی دەوروبەر تێدەپەڕێنێ، ئیدی ئەوكات زەحمەت دەبێت هەموو لە بڕیار داندا بەشدار بكرێن و بتواندرێ كە بڕیارێك بدرێت و هەمووانیش پێی رازی بن.
لە حاڵەتی بڕیار و پرۆژەی گەورەدا، (ئوسترۆم) سیستەمێكی فرە كارگێڕی پێشنیار دەكات، كار بۆ رێك خستنی یەكەی بچووكی كارگێڕی دەكات، پاشان پێكەوە رێكیان دەخات و پێكەوەیان گرێ دەدات. واتە دانیشتووانی زیرەكە شار بە پێی چەند رێسایەك كە لە سەری رێك دەكەون، دەتوانن شارەكەیان رێك بخەن و كار لە بەرژەوەندیی هەموواندا بێت.
بە لای دانیشتووانی ئەم جۆرە شارەوە، ئامانج ئەوەیە هەر یەك لە دانیشتووان دەستبەرداری ماڵخۆیی و دەست بە سەردا گرتن بێت، بۆ ئەوەی هەموو كەسێك شوێنی نیشتەجێ و جوولە و بەكار بردنی وزە و توانای خۆی هەبێت، بۆ بەدەست هێنان خۆراك و بژێویی ژیان. دروشمی جڤاكیش ئەمە دەبێت "ئەوەی رۆژانە تاك پێویستی پێی دەبێت، بەو چاوە تەماشای ناكرێت كە سامانی تایبەتی تاكە كەسە."
(مالین ستیكر) رێنمایی ئەوە دەدات، كە هاووڵاتی لە بیرۆكەی زیرەكە شاردا بەشدار بێت. ئەو دەڵێ "كۆمەڵ تەكنیك بەڕێوەی دەبات. لەگەڵ ئەوەشدا بێ لایەن نابێت. گرنگ ئەوەیە سیستەمی كارگێڕی كراوە بێت، بوار بە دانیشتووانیش بدات، كە لە بڕیار داندا بەشدار بن."
Top