ئەزموونی كۆریای باشوور ب.(4- كۆتایی)
December 12, 2017
فیکر و فەلسەفە
وهرگێڕ : تاریق کارێزی
وانە لە ئەزموونی كۆریاوەبە دڵنیاییەوە، ناكرێ ئەزموونی وڵاتێك بە وردی لە وڵاتێكی دیكەدا كۆپی و دووبارە بكرێتەوە. هەلومەرجی گەشە كردنی كۆریای باشوور و هەڵكەوتەی جوگرافیای وڵاتەكە، وایان كردووە ئەزموونی ئەو وڵاتە دەگمەن و تایبەت بە گەلی كۆریا بێت.
وێڕای ئەوە، دەكرێ هەندێك پەند و ئامۆژگاری لەو ئەزموونە وەربگرین، بەو چەشنەی بیكەین بە هەوێن بۆ بەدی هێنانی گەشە و رێنیسانس لە كوردستاندا. ئەو كوردستانەی كە خاوەن گەلێ دەرامەتی سروشتە، خاك و ئاوێكی زۆری هەیە، گەلێكی زیندووی حەز بە گەشە و پێشكەوتنی هەیە.
رەنگە لەبەر ئەوەی وڵاتی ئێمە تا ئێستا سەربەخۆ نەبووە، ئیدی بەدی هێنانی پرۆسەی گەشە و بووژانەوەی ئابووری و پێشكەوتنی شارستانی، پتر وابەستە بە ویستی وڵاتانی داگیركەری كوردستانەوە بێت. لە پرۆسەی بووژانەوە و گەشە و پێشكەوتندا، گەلی ئێمە دەست كراوە نەبووە. لەگەڵ ئەوەشدا، سەبارەت بە باشووری كوردستان كە حكوومەت و سیستەمی حوكمڕانی و یاسادانان و ئازادییەكی زۆری تێدایە، لە جوگرافیایەكی بەرینی باشووری كوردستاندا، ئەو فاكتەرانە وەك سامان و سەرمایەی گەشە و پێشكەوتن لە بەر دەستن، دەكرێ باشووری كوردستان لە رووی گەشەی ئابووری و پێشكەوتنی شارستانییەوە، وەك پێشەنگ بۆ بەشەكانی دیكەی كوردستان لێی بڕوانین.
ئیدی ئەگەر چاوێكمان لە سەر ئەزموونی كۆریای باشوور و چاوەكەی دیكەشمان لە سەر كوردستانی باشوور بێت، دەكرێ لە نێوانی هەردوو چاوەكەدا چەند فاكتەرێكی گەشە لە ئەزموونی كۆریای باشوورەوە بەدی بكەین، پێشمان وا بێت كە دەكرێ ببنە نموونە و میناك بۆ ئەزموونی باشووری كوردستان. لە پێشەوەی ئەو فاكتەرانەش:
یەك: رۆڵی دەوڵەت
هەرێمی كوردستان ئەگەرچی تا ئێستا دەوڵەتێكی سەربەخۆ نییە، بەڵام بەشی هەرە زۆری ئەركەكانی دەوڵەتی پیادە كردووە. لە ئەزموونەكەی كۆریای باشووردا، دەوڵەت رۆڵێكی گەورە و ئەرێنیی هەبوو لە بەدی هێنانی گەشەی ئابووریدا. كاری دەوڵەت (حكوومەت) لە پرۆسەكەدا پەیوەست بوو بە ویستێكی قایم و چەسپاوی سیاسی، كە پشتی بە پلانی دوور مەودا و سیاسەتی دروستی گەشە كردنی گونجاو لەگەڵ هەڵومەرجی كۆریادا دەبەست.
حكوومەتی كۆریای باشوور پێی وا بوو، گەشەی ئابووری یارمەتیدەر دەبێت بۆ بەهێز بوونی وڵاتەكە، سەبارەت بە رووبەڕوو بوونەوەی هەڕەشەكانی كۆریای باكوور و دووبارە نەبوونەوەی كۆلۆنیالیزمی ژاپۆن بە سەر وڵاتەكەوە.
دوو: هاوكاریی نێوان هەردوو كەرتی گشتی و تایبەت
ئەزموونی كۆریای باشوور دەری خست، حكوومەت دەتوانێ گرفت و ئاستەنگی بەردەم هەماهەنگی كردن لە نێوان خۆی و كەرتی تایبەت كەم بكاتەوە. لە هەمان كاتدا بە سایەی رایەڵی ئەو پەیوەندییەی بیرۆكراسان (فەرمانبەرانی كارا و باڵای حكوومەت) لەگەڵ گەورە كۆمپانیا و بانكەكاندا دروستیان كردووە، حكوومەت دەتوانێ زانیاریی ورد و پێویست بەدەست بهێنێت. ئەو زانیارییەی پەیوەستە بە بڕیار دان لە بواری وەبەرهێنان و ئاراستە كردنی دەرامەت بەرەو ئەو كەرتانەی ئابووری و خزمەتگوزاری، كە دەكرێ بە شێوەیەكی كارا لە گەشە كردنی ئابووریی وڵاتدابەشدار بن.
سێ: توێژینەوەی زانستی
كۆریای باشوور ژمارەیەكی زۆر لە یاسای بۆ پشتیوانی كردن و هاندانی توێژینەوەی زانستی دەركرد. چەندین نووسینگە و دەستەی تایبەت بە هەماهەنگی كردن لە بواری توێژینەوەدا، دامەزراند. هەردوو كەرتی تایبەت و گشتی دەرامەتێكی یەكجار زۆری داراییان خەرج كرد، لە پێناو نەهێشتنی ئەو بۆشاییەی كە لە نێوان كۆریای باشوور و وڵاتانی پێشكەوتوودا هەبوو.
دوای پڕ كردنەوەی ئەو بۆشاییە، كۆریای باشوور گەیشتە كاراوانی وڵاتانی پێشكەوتوو، لەم كاتەدا بودجە و دارایی زۆر بۆ پەرە پێدانی تەكنەلۆژیای نوێ و بەدەست هێنانی پێشكەوتنی زیاتر تەرخان دەكات، بە تایبەتی بۆ بواری تەكنیكی زانیاری و تەكنیكی نانۆ و بایۆتەكنەلۆژیا، (نانۆ: تەكنیكی كار كردن لە شتانی یەكجار بچووك، واتە ئەو تەكنیكەی كار لە سەر ماددە "ماتریاڵ" لە ئاستی ئەتۆم و پێكهاتەكەی دەكات. ئەم تەكنیكە كار لە شتانی فرە فرە ورد دەكات، كە دووراییان بە نانۆمەتر "بەشێكە لە هەزار بەشی مایكرۆمەتر" دەپێورێ. تەكنیك و تەكنەلۆژیای نانۆ كار لە ماتریاڵێك دەكات كە لە بریتییە لە (5 تا 1000) ئەتۆم. ئەم مەودایەش زۆر لە درێژیی بەكتریا یان خانەیەكی زیندوو كەمترە. نانۆناسی و نانۆ تەكنیك، یەكێكە لە بوارەكانی ماتریاڵناسی و پەیوەندیی ئەوان بە زانستی دیكەی وەك فیزیا، ئەندازەی میكانیك، زیندە ئەندازە، ئەندازەی كیمیا، كە هەر هەموویان پەیوەستن بە توێژینەوە لە بواری خەسڵەتی ماتریاڵ لە ئاست و قەبارەی بچووكدا. زەحمەتیی نانۆ تەكنیك لەوەدایە، كە چۆن ئەتۆمی بچووك كۆنترۆڵ بكرێت).
ئامانجلە بەكار هێنانی ئەم تەكنیكانە، پاراستنی پێگەی وڵاتەكەیە وەك هێزێكی تەكنەلۆژی.
چوار: وەبەرهێنان لە بواری مرۆیی
ئەزموونی كۆریای باشوور سەلماندی، كە پەرە پێدانی توانای گەلان لە رێی مەشق و فێر كردنەوە، زۆر پێویستە بۆ بەدی هێنانی هەلومەرجێك، كە وڵات هاوشانی گەشە و پەرەسەندن لە ئاستی جیهاندا بڕوات، هاوكات توانای كێبڕكێ كردن و باش كردنی بەرهەمی هەبێت. ئەم شتە رۆڵی باڵای دەبێت لە گەشە كردن.
پێنج: سوود وەرگرتن لە هەلومەرجی نێودەوڵەتی
كۆریای باشوور لە رووی سیاسییەوە سەرنجی دا، ئەو كەوتووەتە نێوان بەرداشی ململانێی هەردوو بلۆكی رۆژاوا و رۆژهەڵات، ئیدی سوودی لە هاوپەیمانیی خۆی لەگەڵ ویلایەتەكانی یەكگرتووی ئەمریكا وەرگرت، بۆ بەدی هێنانی گەشەی ئابووری، وەك بەشێك لە بنیات نانی هێز و توانای سەراپاگیر و بەدی هێنانی سەربەخۆیی سیاسی و ئابووری و تەكنەلۆژی و پیشەسازی.
بە كوردی و بە كورتی
زۆر بە پوختی دەكرێ بڵێین، لە پاش كۆتایی هاتنی شەڕێكی وێرانكەر، ئەزموونی كۆریای باشوور لە رووی بووژانەوە یان لە رووی ئەزموونی ئاوەدان كردنەوەوە، ئەزموونێكی سەركەوتوو بوو، بەڵام نەك نموونەیی.
بۆ نموونە، پشت بەستنی وڵات بە كۆمپانیای زەبەلاح، وای كرد ئەو كۆمپانیایانە ببنە درنج، ئیدی هەموو كار و پرۆژەیەكیان خستە بن دەستی خۆیان، تەنگیان بە كۆمپانیاگەلی بچووك هەڵچنی.
سیاسەتی بووژانەوە و پەرە پێدانی ئەو وڵاتە وای كرد، ناهاوسەنگی لە نێوان سیۆل و ناوچەكانی دی دروست بێت، هەروەها لە رووی دەرفەتی سوود وەرگرتن لە گەشە كردن، جیاوازییەكی گەورە كەوتە نێوان هەردوو چینی هەژار و دەوڵەمەند، ئەمەش وای كرد لە ساڵانی یەكەمی ئەزموونەكەی كۆریای باشووردا،چینی كرێكار باجێكی قورسی دا، ئەوان (كرێكاران) لە هەموو مافێكی خۆیان بێ بەش كران.
ئەزموونەكەی كۆریای باشوور لە رووی بووژانەوە و گەشەی ئابوورییەوە، نموونەیەكە دەیسەلمێنێ، كە ویست و بەرنامەی سیاسی، بەرنامەڕێژی وپلانی دروست و دوور مەودا، سوود وەرگرتنی باش لە دەرامەت، بەر لە هەمووشیان كار كردن بە گوێرەی خواستی پەرە پێدان، هاوكات رەخنە گرتن لە بەها و كولتووری خۆماڵی، دەكرێ ئەو ئەزموونە بۆ ئێمەی كورد، بە تایبەتی لە باشووری كوردستاندا، ببێتە میناكی سروش بەخش، بە ئامانجی هەستانە سەر پێ و هەڵكشان بە پەیژەی پێشكەوتن و گرتنە بەری رێڕەوی گەشە و بووژانەوەی هەمەلایەن. بەو چەشنە وڵات و نەتەوەكەمان بچێتە ریزی نەتەوەكانی پێشكەوتوو، بە گوڕ و تین و شایستەییەوە، تێكەڵ بە كاروانی سەردەم بێت.
من پێم وایە لە ئازادی و دیموكراسییەكەی كوردستانی باشووردا دوو كەلەبەر هەن، كە زیانێكی زۆریان لێ كەوتووەتەوە. دوو كەلەبەرەش ئەمانەن:
یەكەم: لە سیستەمی ئێمەدا رێسای پاداشت و سزا بە ئەندازەی پێویست كارا نەكراوە. باش بكەیت، كەس نییە دەست خۆشی و پاداشتت بكات. خراپیش بكەیت، كەس نییە لێت بپێچێتەوە و رووبەڕووی سزات بكاتەوە.
دووەم: داواكاریی گشتی لە وڵاتی ئێمەدا ئیفلیجە. زۆر كەس لە زۆر بواردا، بە تایبەتی لە بواری میدیا، ئابووری، ئەرك و فەرمانی حكوومی، كولتوور و گەلێك بواری دیكەش، زیانی زۆر گەورە (ئێوە مەیڵێین، من دەیڵێم)، گورزی كوشندەیان لە بەرژەوەندیی نەتەوەیی و نیشتیمانیی كورد و كوردستان داوە، كەچی كەس بیری لەوە نەكردووەتە پێیان بڵێت بەری چاوتان بە كلە. ئاخر ئەمە گوناه و تاوانێكی فرە مەزنە، پێویستە داواكاریی گشتی بەر لە هەر لایەنێكی دی لێی بێتە دەنگ.
با لەم رووەوە بڕوانینە ئەزموونی كۆریای باشوور.
دەزگای دادوەری لە كۆریای باشوور لەم ساڵانەدا بڕیاری تۆمەتبار كردنی (لی جای یۆنگ) سەرۆكی (كۆمپانیای جیهانیی سامسۆنگ)ی دەركرد، دادگای ئەو وڵاتە سزای (5) ساڵ زیندانیی بۆ ئەو سەرۆك كۆمپانیایە بڕییەوە.
سێیەمین كەڵە دەوڵەمەندی كۆریای باشوور، (لی جای یۆنگ) سزا درا. دەی مادام گەندەڵیی كردووە، با هەموومان لێرەوە بڵێین، هەقە مستی بێت. بەر لەوەی سزای زیندانی بدرێت، ماوەی چەند مانگێك بە ئامانجی لێكۆڵینەوە، دەستبەسەر بوو.
ئەو دادگایی كردنەی سەرۆك كۆمپانیای جیهانیی سامسۆنگی تێدا سزا درا، ناویان نا "دادگایی سەدە"، كە لە پاڵ ئەودا چوار بەڕێوەبەری جێبەجێكاری كۆمپانیاكەش سزا دران.
سزا دانی ئەو (5) بەرپرسە باڵایەی كۆمپانیای سامسۆنگ لە پاش ئەوە هات، كە داواكاریی گشتی بۆی ساغ بووەوە، ئەوان بەرتیلیان وەرگرتووە، دزییان كردووە، سوێندی (ئەمەك و دەسپاكی)یان شكاندووە، سەرباری چەند تۆمەتێكی دی.
دادوەر (كیم جین دۆنگ) سەرۆكی دادگاكە، ئاماژە بە هۆی دەرچوونی بڕیاری دادگایی كردنەكە دەكات، كە ئەو زیانە سیاسییەی لە ئاكامی گەندەڵی دەكەوێتەوە، قەرەبوو ناكرێتەوە، دەشڵێ "جەوهەری ئەو دۆسێیە هاوپەیمانییەكی گەندەڵە لە نێوانی حكوومەت و مەزنە كۆمپانیاكان."
ئەم دادگایی كردنە هێمایەكی بەرجەستە بوو لە هەڵسوكەوت كردن لەگەڵ كەتن و كەندەڵیی سیاسی، كە لە پاییزی 2016دا بە ملیۆنان خۆپیشاندەری ناڕازیی لە كۆریای باشووردا هێنایە سەر شەقام. سەرەنجام سەركۆماری پێشووی وڵات، خاتوو (جیون های بارك)ی لە دەسەڵات دوور خستەوە.
لەبەر ئەوەی ئەم دۆسێی گەندەڵییە لە رووی سیاسییەوە پرسێكی گەورە و هەستیار بوو، لیژنەیەكی سەربەخۆی دادوەری، ئەركی داواكاری گشتیی تێدا گرتە ئەستۆ. دەستەی لێپرسینەوە (دادپرسی) پەیوەندیی دوولایەنەی نێوان حكوومەتی كۆریای باشوور بە سەرۆكایەتیی خاتوو (بارك) و كۆمەڵە كۆمپانیاكانی پیشەسازیی سامسۆنگی ئاشكرا كرد، كە لە گەندەڵییەكی دارایی و كارگێڕیدا تێوە گلا بوون.
لێرەدا دەزگای دادوەری وەك سێیەمین دەسەڵاتی پاش (پەرلەمان) و (حكوومەت)، كارایی خۆی لە كۆریا باشووردا نواند. ئەوەش سەلماندی كە نە دەسەڵاتی سیاسی و نە دەسەڵاتی دارایی، رێگر نین لە سزادانی كەسانی گەندەڵ. بڕیاری ئەو دادگایی كردنەش هەژانێكی گەورەی سیاسیی بە دوای خۆیدا هێنا. لە دادگادا، یەكێ لە گەورەترین سەرمایەدارانی وڵات، سزای زیندانی كردنی بۆ دەرچوو.
كۆمپانیای سامسۆنك و كۆمپانیاكانی سەر بە ئەو، پێنج یەكی تێكڕای بەرهەمی كۆریای باشوور هی ئەوانە. ئیدی ئەو كۆمەڵە كۆمپانیایە كاریگەرییان بە سەر هەموو كەرت و چین و توێژەكانی كۆمەڵگای كۆریای باشوورەوە هەیە.
سەرۆكی دواتر هەڵبژێردراوی وڵات (مون جای ئن) هیوای خواست، ئەو دادگایی كردنە ببێتە مایەی "كۆتایی هاتن بە مێژووی دوور و درێژی دەست تێكەڵ كردنی گەندەڵكارانەی نێوان سیاسەتوان و كۆمپانیاكان."
پارێزەرانی تاوانباران لە هەوڵی ئەوەدان بوون، تێهەڵچوونەوە دژ بە بڕیارەكەی دادگا بكەن. لەم حاڵەتەشدا ئەگەری كەم كردنەوەی ماوەی زیندانی كردنەكە هەبوو، ئەوە ئەگەر پارێزەرەكان بتوانن هەندێك لە تۆمەتەكان پووچەڵ بكەنەوە. ئەمەشیان ئەگەرێكی لاواز بوو، چونكە بە باشی و بە وردی كەتن و گەندەڵییەكان بە بەڵگەوە تۆمار كرا بوون.
ئەزموونەكەی كۆریای باشوور پێمان دەڵێ، ویست و پلان و بەرنامەڕێژی، بنەمای بەدی هێنانی گۆڕانكارین. وەك دەزانین هەردوو كۆریای باشوور و كۆریای باكوور یەك مێژوویان هەیە. هەردووكیان یەك خاكن (نیمچە دوڕگەی كۆریا)، خاوەنی یەك كولتوورن. كەچی یەكێان گیرۆدەی دواكەوتن و تاكڕەوییە، ئەوی دیكەشیان پەرجووی رووباری (هان)ی بەدی هێناوە.