.شنتۆیزم (ئایینی شنتۆ) (3)

.شنتۆیزم (ئایینی شنتۆ)  (3)

وه‌رگێڕ : تاریق كارێزی

لە ژاپۆندا روانین بۆ ئایینی كریستان بە هەمان شێوەی روانین بۆ ئایینی بوودایی، كراوە و لێبوردە نەبووە. لە سەدەی شازدەمی زاییندا، كاتێك راهیبانی كاتوولیك گەیشتوونەتە ژاپۆن، شنتۆیزم نەیتوانیوە لەگەڵ ئایینی كریستیاندا هەڵ بكات. ئەو شتەی زۆر پەیڕەوانی شنتۆیزمی دەرهەق بە كریستیانی كاتوولیك پەست كردووە، دڵسۆزیی ئەوان بووە بۆ پاپای رۆما، ئەمەش لە لایەن خەڵكی ژاپۆنەوە بە جۆرێك لە دەست درێژی كردنە سەر گیانی نیشتیمانیانەی ژاپۆن دادەندرێت، ئەو گیانەی كە داوا لە هەموو خەڵكی وڵاتەكە دەكات ئیمپراتۆری خاوەن شكۆ بپەرستن، هەروەها وڵاتی لەدایك بوونی خۆر و زێدی یەكەمین خوداوەندیان خۆش بوێت.
ئیدی لە پای ئەو گومانەی دەرهەق بە راهیبانی كریستیان هەبوو، ئاسایی بوو كە لە ژاپۆن دەر كران و ئایینی كریستیانیش رێی بڵاو بوونەوەی پێ نەدرا، سەرباری ئەوەی كریستیان سەبارەت بە كولتووری ژاپۆن بە نامۆ دەهاتە پێش چاو، بە بۆچوونی ژاپۆنیان، ئەو ئایینە داوا دەكات ژاپۆن ببێتە كلكی رۆژاوا.
سەبارەت بە ژمارەی پەیڕەوانی شنتۆ لە جیهاندا، ئەوە خەمڵاندنی كارێكی فرە زەحمەتە، بە هۆی ئەوەی باوەڕی ژاپۆنیان تێكەڵەیەكە لە شنتۆیزم و بوودیزم و كۆنفۆشیۆسی و كریستیان. دەكرێ هەموو ئەو ئایینانە لە نێو یەك خێزانی ژاپۆنیدا كۆ ببنەوە، خۆ رەنگە هەموویان لە لای یەك كەسدا بەدی بكرێن و پەیڕەویش بكرێن. ئەوانەی پەیڕەوی ئەم ئایینەش دەكەن ئەوا زۆربەی رەهایان ژاپۆنین، سەرباری ئەوەی كەسێكی ناژاپۆنی زەحمەتە پەی بە شنتۆیزم ببات، بە پێچەوانەی ئایینەكانی دی. ئەو شتەی پشتاو پشت ئایینی شنتۆی پاراستووە دەقی پیرۆز نییە، بەڵكوو تەنیا لە رێی ئەو سرووت و نەریتانەی گرووپەیلی ئایینی پەیڕەویان دەكەن، ئەو ئایینە ماوەتەوە.
مەزەندە دەكرێت ژمارەی پەیڕەوانی شنتۆیزم سەرووی 8 ملیۆن كەس بێت، هەندێ ژێدەری فەرمیش ژمارەكە بە 50 ملیۆن كەس لە قەڵەم دەدەن. فەرمانگەكانی نێودەوڵەتیی ئامار، ژمارەكە لە نێوانی (40% تا 85%) لە تێكڕای دانیشتووانی ژاپۆن دادەنێن.
شیاوی باسە، ژاپۆنی 65%یان سرووت و نەریتی هاوسەرگیریی كریستیان پەیڕەو دەكەن، بە بێ ئەوەی بە ئایین كریستیان بن، ژمارەی كریستیان 1%ی تێكڕای دانیشتووان تێپەڕ ناكات.
ئایینی شنتۆ دابەش دەبێتە سەر ئەم بەشانە:
یەك: جینجا (مەرقەد).
دوو: كیوها (ئایینزا، تایەفەگەری).
سێ: كۆشیتسۆ (تایبەتە بە ماڵباتی ئیمپراتۆرەوە).
چوار: مینزوكۆ (داب و نەریت).
پێنج: جاكوها (فەلسەفە و ئایدیا).
وەك پێشتر گوتمان، ئەم ئایینە نە پێغەمبەر و نە دامەزرێنەر و نە باوەڕ و یاسا و رێسای تایبەتی هەیە، وەك ئەوەی لە ئایینەكانی دیكەدا هەیە و دەی بینین. ئەوەی بووەتە مایەی مانەوە و بەردەوام بوونی شنتۆ تا ئەم رۆژگارە، ئەو پەیكەرە لاوازەی كەهەنووت و داب و نەریتە كۆمەڵایەتیانەیە كە پشتاو پشت بۆ خەڵكەكە ماوەتەوە، پەیڕەوانی ئەو ئایینە شانازی بەم پەیكەری كەهەنووت و داب و نەریتانەوە دەكەن، بەوەی نوێنەرایەتیی نەریتی نەتەوەییان و لە هەمان كاتدا نەرینی ئایینیانەی ئەوان دەكات.
ژاپۆنی شانازی بەوەوە دەكەن كە زێدی ئەوان ئەو وڵاتەیە كە خۆری تێدا هەڵ دێت، بۆ ئەوەی هەموو جیهان رۆشن بكاتەوە و لە خەو بێداری بكاتەوە، شانازییەكی بێ ئەندازە بەو شتەوە دەكەن.
لە رووی دیرۆكەوە، شنتۆیزم دابەشی سەر دوو بەش دەبێت: بەشی یەكەمیان لە سەردەمانی بەر لە مێژووەوە دەست پێ دەكات تا دەگاتە ساڵی 552ز، كاتێك لەو ساڵەدا شنتۆیزم لە تێكڕای خاكی ژاپۆندا بڵاو بووەوە، بە بێ ئەوەی كەس هەبێت شان لە شانی بدات.
بڵاو بوونەوەی بوودایی لە پاش ساڵی 552ز-دا، ئەمەش وای كرد كە بە سەر هەموو بوارەكانی ژیاندا زاڵ بێت، ئەو بوارانەی كە ئمیپراتۆر (كوتوكو) لە ساڵی 645ز-دا پشتی پێ بەستن، بوونە مایەی ئەوەی ئایینی بوودایی لە بری ئایینی شنتۆیزم ببێت بە ئایینی فەرمیی ژاپۆن. بڵاو بوونەوەی رێنمایی و رێساكانی ئایینی بوودایی و كۆنفۆشیۆسی و تاوی لە پاش سەدەی شەشەمەوە تا سەدەی هەشتەمی زایین، بەوەی دیڤا (خوداوەند)ی بوودایی لەگەڵ بۆچوونەكانی شنتۆیزمدا خۆی گونجاند، ئەویش خۆی بە ناوی (كامی)یەوە ناساند، كامی لە ئایین و فەلسەفەی شنتۆدا بە رۆح یان خوداوەند دەگوترێت.
سەرەتای نوێ بوونەوەی رۆحی لە ئاییینی شنتۆدا ساڵی 1700ز دەستی پێ كرد، پاش ئەوەی پێداچوونەوە بە هەندێ كتێبی كۆندا كرا و هەندێ كتێبیش فەرامۆش كران. مامۆستای نوێش پەیدا بوون كە لە بواری هزر و رۆحدا نوێكارییان كرد، لە نێویاندا مامۆستا (هیراتا) كە گوتوویەتی:
"لە ژاپۆندا دوو بیر و باوەڕ هەن، یەكەمیان ژاپۆن زێدی خوداوەندانە، دووەمیشیان ژاپۆنی رۆڵەی خوداوەندن. جیاوازیی ئەوانیش لەگەڵ رووس و هیند و چینی و كەمبۆدی و ئەوروپی، لە جۆردایە نەك لە پلە." هەروەها درێژە بە دیالۆگ و هاوكاریی نێوان شنتۆیزم و نوێ كۆنفۆشیۆسی لە تۆكیۆ (ئەیدۆ) درا، جگە لەوەی فەیلەسووفانی شنتۆ هەوڵیان دا ئایینەكەی خۆیان لەبەر رۆشنایی فەلسەفەی كۆنفۆشیۆسی راڤە بكەن، بەوەی هەموو رێنماییەكانی ئاكار و رەوشت لە نێوان هەردوو ئایینەكەدا بكەن بە یەك:
-بە رابەرایەتیی بیرمەندی ژاپۆنی (نوتوری نوریناگا: 1730- 1801ز)، سەربەخۆیی هزری شنتۆیی دووپات كرایەوە، بەوەی لە هزری بوودایی و كۆنفۆشیۆسی جودایە، ئەم فەیلەسووفە رەنجی زۆری دا بۆ سەلماندنی سەربەخۆیی شنتۆیزم و زەق كردنەوەی فەلسەفە نەریتییەكەی و كەسایەتیی سەربەخۆی شنتۆ.
-لە لایەن ئمپراتۆر (میهیجی)یەوە شنتۆیزم وەك ئایینی فەرمی و نیشتیمانیی شكۆدار لە بری بوودایی راگەیاندرا، فەرمانیشی دەركرد كە كۆشكی ئیمپراتۆر و پەرستگەی شنتۆیی یەك واتایان هەیە، لە ساڵی 1868ز-دا دیسان شنتۆ بووەوە بە ئایینی پلە یەكی نەتەوەیی، كاتێك ئەو ئمپراتۆرە شنتۆی كردە ئایینی ئیمپراتۆر و بە سەر ئایینی بووداییدا زاڵی كرد، شەڕی دژ بە بووداییش دەستی پێ كرد و پەرستگە و دێرەكانی داخران و راهیبانیان ئەشكەنجە دران. كەچی گەلی ژاپۆن درێژەی بە پەیڕەو كردنی باوەڕ و رێنماییەكانی هەردوو ئایینەكە بە تەك یەكەوە دا، بە بێ ئەوەی كێشە و گرفتێك بێتە ئاراوە. دوای ماوەیەكی كەم لە دابڕان، ئیمپراتۆر دووبارە بە فەرمی رێی دا كە لە ساڵی 1877دا بوودایی بە تەك شنتۆوە پەیڕەو بكرێت. دوو ساڵ پاش ئەوەش بە بێ جیاوازی، ئازادیی ئایینیی بە هەمووان دا.
-لە ساڵی 1889دا، بە رەهایی ئازادیی ئایینی بە هەموو هاووڵاتیانی ژاپۆن درا، بۆ زیندوو راگرتنی پەرستگاكانی نەریتیی شنتۆ، وەزارەتێك بۆ شوێنانی پیرۆز دامەزرا، بە ئامانجی ئەوەی وەزارەتێك وەك كەلەپوورێكی نەتەوەیی بایەخی پێ بدات، بەوەی كولتوورێكە دەبێ رێزی لێ بگیرێت.
-حكوومەتی ژاپۆن لە ساڵی 1882دا كۆمەكی خۆی بۆ نزیكەی دە هەزار پەرستگە تەرخان كرد، هەروەها شازدە هەزار كاهینیشی بۆ دامەزراندن، ئەركی ئەوان پاراستن و پەرە پێدانی ئەو پەرستگایانە بوو، تەنیا لەبەر ئەوەی واتایەكی نەتەوەیی و نیشتیمانییان هەیە.
-چەمكی ئایینی فەرمی هەر بە پیرۆزی و نیشتیمانی لە ژاپۆندا مایەوە، نەخاسمە لە پاش ئەو سەركەوتنە گەورەیەی ژاپۆن لە یەكەمین جیهانە جەنگدا بەدەستی هێنا، تێیدا ئیمپراتۆر بوو بە هێمایەكی مەزنی یەكێتی و خوداوەندی، تا ئەو كاتەی ئیمپراتۆر بۆ خۆی لە بەردەمی كۆمەڵێك لە رۆڵەكانی گەل و لە رێی ئیزگەی نیشتیمانییەوە، دانی بەوەدا نا كە بە فەرمی دەستی لە خەسڵەتی خوداوەندانە هەڵگرتووە، بەوەی ئەویش لە خەڵكی دی جودا نییە، وێڕای راگەیاندنی جیا كردنەوەی ئایین لە دەوڵەت، ئەمەش هەنگاوێكی گرنگ بوو لە پیادە كردنی دیموكراسی و بەدی هێنانی یەكسانی لە نێوان ئایینەكان، ئایینیش كرایە شتێكی تایبەت و كەسانە، كە ناكرێ لە لایەن حكوومەت یان ئیمپراتۆرەوە بسەپێندرێ، ئەویش لە پاش ئەوەی ژاپۆن لە دووەمین جیهانە جەنگدا بەزی.
-جیا كردنەوەی ئایین لە دەوڵەت لە پاش دووەمین جیهانە جەنگ وەك هەنگاوێكی گرنگ لە مێژووی ژاپۆن بۆ دامەزراندنی جڤاكی پێشكەوتووی مەدەنی دادەندرێ، ئەمەش بەدی نەدەهات تەنیا لە پاش ئەوەی ژاپۆن لە شەڕدا بەرانبەر بە ئەمریكا بەزی، ئەمریكاش ئەم جۆرە دەستوورەی سەپاند، وێڕای بە فەرمی واز هێنان ئیمپراتۆر لە نازناوی خوداوەندانەی، ئەویش لە بەردەمی گەل و لە رۆژی خۆ بەدەستەوە دان لە ساڵی 1945دا، هەروەها لێدوانە بە ناوبانگەكەی لە پاش بۆردوومان كردنی هیرۆشیما و ناگازاكی بە بۆمبی ئەتۆم، كاتێك گوتی: "داناییە ئەگەر بەرگەی شتێك بگرین كە هی بەرگە گرتن نییە، ئەمە زۆر چاكترە لە خوێن رشتنی زیاتر." تا ئێستا بەشێكی ژاپۆنی پێیان وایە ئیمپراتۆر خوداوەندە و نەوەی راستەوخۆی خوداوەندی خۆر (ئەماتیر ئەسو)وە، هەڵبەت بە گوێرەی باوەڕی ئایینیانەی ئەوان.
-گەڕاندنەوەی ئەو پەرستگایانەی شنتۆ كە دەوڵەت دەستی بە سەردا گرت بوون و دانەوەیان بە ناوەندەكانی ئایینی شنتۆ، هاوكات زیاد كردنی ئەو رێبازانەی شنتۆ كە بیر و باوەڕی نوێی زانستی لەخۆ دەگرن و هاوشان لەگەڵ گەشە و نوێخوازیدا دەڕۆن.
رواڵەتێكی دیكەی گرنگ لە ئایینی شنتۆدا، پاك راگرتنی لەش و جەستەیە، وەك جۆرێك لە پاقژ بوونەوە، هەموو رۆژێك دەست و دەم و شوێنانی هەستیاری جەستە دەشۆردرێن.
ئەركەكانی ئایینی شنتۆ لەم چوار خاڵەدا چڕ دەبنەوە:
یەك: كرداری خۆ پاك كردنەوە (هارای): هەموو رۆژێك نەبادا پیس بن، زۆر خۆیان دەشۆن.
دوو: قوربانی (شینس): ئەو شتانەیە كە پێشكەش بە خوداوەند دەكرێن، وەك دانەوێڵە یان شەراب یان بڕە پارەیەك.
سێ: نوێژ (نیروتوو).
چوار: هێمایە خوان (نیوری): سرووتێكی تایبەتە سەبارەت بە نان خواردن لەگەڵ خوداوەند (كامی) و خواردنەوەی شەرابی پیرۆز كە لە برنجی خوداوەندانە دروست دەكرێت. دواجار سەمای پیرۆز (كایورا)ی بە دوادا دێت.
Top