كۆنفۆشیۆسی 4

كۆنفۆشیۆسی 4

وه‌رگێڕ : تاریق کارێزی

تاریق کارێزی نووسەر، رۆژنامەنووس، وەرگێڕو رەخنەگری شێوەکارییە لەباشووری کوردستاندا. ٢١ کتێب و نامیلکەی چاپکراوی هەیە لەدەیان رۆژنامەو گۆڤاری کوردی و عەرەبیدا کاری کردووەو بابەتی بڵاوکردۆتەوە.
نەزانیزم
كۆنفۆشیۆسی مامۆستا، قوتابییەكانی فێرە هونەری نیشاندەری (ئیستیدلال) دەكرد، ئەویش نەك لە سەر بنەمای رێسا و پێوانی لۆژیك، بەڵكوو هەردەم عەقڵی بەهێزی خۆی بە سەر رای قوتابییەكانیدا زاڵ دەكرد، ئیدی بۆیە قوتابییەكان كە قوتابخانەكەی ئەویان جێ دەهێشت، هیچ شتێكیان لە بارەی لۆژیكەوە نەدەزانی، بەڵام دەیانتوانی زۆر بە وردی و بە روونی بیر بكەنەوە. یەكەم وانەش كە مامۆستا پێی دەگوتن، روونی و سەرڕاستی لە بیركردنەوە و گوزارە كردندا بوو. لەم بارەیەوە دەڵێ: "هەموو مەبەستی قسە كردن ئەوەیە تێی بگەین." ئەمەش وانەیەكە فەلسەفە لە هەموو حاڵەتێكدا باسی ناكات. "ئەگەر شتێكت زانی سوور بە لە سەری، خۆ ئەگەر نەشتزانی، بیسەلمێنە كە نایزانی، ئەمەشیان خۆبەخۆ زانینە."
مامۆستا پێی وا بوو، ناڕۆشنی لە بیر و بۆچووندا، ناوردی و نادروستی لە گوزارشتدا، كارەساتێكی نیشتیمانی و نەتەوەییە. میرێكی بێ دەسەڵات خەڵك بە میری نازانن، باوكێك كە خەسڵەتی باوكایەتیی نەبێت خەڵك پێی ناڵێن باوك، خۆ ئەگەر رۆڵە لاسار بوو خەڵك بە رۆڵە ناوی نابەن.
لەبەر ئەوەی كۆنفۆشیۆس پتر وابەستەی پیادە كردنی بنەماكانی فەلسەفە بوو بە سەر رەفتار و حوكمڕانیدا، بۆیە خۆی لە لێكۆڵینەوەی میتافیزیك بە دوور دەگرت، هەوڵیشی دەدا هۆش و گۆشی مریدانی لە شتانی ناڕوون یان شتانی ئاسمانی دوور بخاتەوە.
راستە ئەو هەندێ جار ناوی ئاسمان و نوێژی بە سەر زاردا هاتووە، مریدانیشی رێنمایی دەكرد كە سرووت و رێوڕەسمی نەریتی لە بارەی پەرستنی پێشینان و قوربانیی نەتەوەیی فەرامۆش نەكەن، بەڵام ئەگەر لە بارەی كاروباری ئایینەوە پرسیاێكی لێ بكرابایە، بە نەرێنی وڵامی دەدایەوە و وای لە راڤەكارانی نوێی خۆی كرد، كە ئەو بخەنە پاڵ نەزانیزمانەوە.
كاتێك (تزە كونج) بۆ نموونە لێی دەپرسێت: "ئایا مردوو هەست بە شتێك دەكەن یان ئەوان ئاگایان لە هیچ شتێك نییە؟" كۆنفۆشیۆس ئامادە نەبوو راست و رەوان وڵامی بداتەوە. كاتێكیش (كی لوو) لە بارەی "خزمەت كردنی رۆحی مردووان"ـەوە پرسیاری لێ كرد، ئەو بەرسڤی دایەوە: "ئەگەر تۆ نەتوانی خزمەتی خەڵك بكەیت، ئیدی چۆن دەتوانی خزمەتی رۆحیان بكەیت؟"
هەر (كی لوو) لێی پرسی: "ئایا زاتی ئەوە بكەم لە بارەی مردنەوە پرسیارت لێ بكەم؟" ئەویش بەرسڤی دایەوە: "ئەگەر تۆ پەی بە ژیان نەبەیت، ئیدی چۆن دەتوانی شتێك لە بارەی مەرگەوە بزانی؟" كاتێكیش (فارشی) لە بارەی "ماهیەتی دانایی"یەوە پرسیاری لێ كرد، ئەو گوتی: "ئەگەر لە بەجێ گەیاندنی ئەركی خۆت بەرانبەر بە خەڵك سوور بوویت، بە تەواویش خۆت لە گیاندارانی رۆح دوور خستەوە و رێزیشت لێ گرتن، دەكرێ بەمە بگوترێ دانایی."
قوتابیانی لە بارەیەوە دەڵێن: "ئەو بابەتانەی مامۆستا خۆی لە قەرە نەدەدان، بریتی بوون لە شتانی سەیر و سەمەرە، بەكار هێنانی هێز، پەشێوی، گیاندارانی رۆحی." ئەم خاكەڕاییە فەلسەفییە قوتابییەكانی نیگەران دەكرد، چونكە ئەوان چاویان لەوە بوو كە مامۆستاكەیان گرفتەكانی ئاسمانیشیان بۆ چارەسەر بكات و بە نهێنییەكانی ئەوێ ئاشنایان بكات.
كۆنفۆشیۆس سڵی لەوە نەدەكردەوە كە شتێكی نەیزانێ بڵێ نایزانم. هەر بۆیە باكی بەوە نەبوو كە مامۆستا نەی دەتوانی وڵامی ئەو پرسیارە بداتەوە: "ئایا خۆر چ كاتێك لە زەوییەوە نزیكتر، بەیانی لە كاتی هەڵاتندا كە گەورەتر دێتە پێش چاو یان نیوەڕۆ كە گەرماكەی تاو دەستێنێ؟" ئیدی سەبارەت بە نەزانینی وڵامی ئەم پرسیارە، باكی بەوە نەبوو كە منداڵە وردكەی كۆڵان گاڵتەی پێ بكەن.
هەموو ئەوەی كۆنفۆشیۆس پێی رازی دەبوو كە لە بواری میتافیزیكدا لێكۆڵینەوەی لێ بكرێت، بریتی بوو لە لێكۆڵینەوە لە بارەی ئەو یەكبوونەی لە نێوانی هەمەجۆر دیاردەی جیاوازدا هەیە، هەروەها هەوڵیش بدرێت پەی بەو ریتم و گونجانەش ببردرێت كە لە نێوان رێسای رەفتاری باش و رێڕەوی سیستەمەكانی سروشتدا هەیە.
جارێكیان كۆنفۆشیۆس بە یەكێ لە كەسانی نزیكی خۆی گوت: "پێم وایە (تزە) تۆ وای بۆ دەچیت كە لەو كەسانەم گەلێ شتم لەبەرە و پێشتر لە یادگەی خۆمدا زانیومن؟" (تزە كونج)یش بەرسڤی دایەوە و گوتی: "بەڵێ من وای بۆ دەچم، خۆ رەنگە لەو بۆچوونەشمدا هەڵە بم." فەیلەسووفەكەی چین وڵامی دایەوە و گوتی: "نەخێر، من بە دوای یەكبووندا دەگەڕێم، یەكبوونی سەراپاگیر"، هەڵبەت ئەمەش بێ گومان كاكڵەی فەلسەفەیە. یەكەم خەم و خواستی ئەو رەوشت بوو، پێشی وا بوو پەشێوییەكەی سەردەمی ئەو پەشێوییەكی رەوشتانەیە، خۆ رەنگە ئەمەش زادەی لاواز بوونی بڕوای كۆن و بڵاو بوونەوەی گومانی سۆفستی بێت لە نێو ماهیەتی راست و هەڵەدا.
بە بڕوای ئەویش چارەسەری ئەم دووانە، گەڕانەوە نییە بۆ بیر و باوەڕی كۆن، بەڵكوو چارەسەر ئەوەیە كە گەرم و گوڕانە بە دوای زانینێكی لەوەی پێشوو تەواوتردا بگەڕێین، هەروەها نوێ بوونەوەیەكی ئاكاریش بكەین، كە بە رێك خستنی خێزان لە سەر بنەمایەكی راست و دروست بەند بێت.
هەر لەم بارەیەوە كۆنفۆشیۆس لە كتێبی (فێركردنی مەزن)دا دەڵێ: "پێشینان كە ویستیان باڵاترین چاكە لە سەراپای ئیمپراتۆریەتدا بڵاو بكەنەوە، كەوتنە باش رێك خستنی هەرێمەكانیان، بۆ ئەوەی هەرێمەكانیان باش بكەن دەستیان بە رێك خستنی خێزان كرد، كە ویستیان خێزانەكانیان رێك بخەن كەوتنە پوختە كردنی دەروونیان، كە ویستیان دەروونیان پوختە بكەن كەوتنە پاك كردنەوەی دڵیان، كە ویستیان دڵیان پاك بكەنەوە یەكەم شت كاریان بە ئاراستەی دڵسۆزی لە بیر كردنەوەیاندا كرد، كە ویستیان لە بیركردنەوەیاندا دڵسۆز بن كەوتنە فراوان كردنی بازنەی زانینی خۆیان تا ئەو پەڕی رادە، ئەم فراوان كردنەی زانینیش تەنیا بە گەڕان بە دوای راستییەكاندا بەدی دێت. كاتێك بە دوای راستیی شتەكانیشدا گەڕان ئیدی كاری ئەوان پوخت و تەواو بوو، كاتێك كاریشیان پوخت و تەواو دەبێت ئەوا بیریان ساغ دەبێت، كاتێك بیریان ساغ دەبێت ئیدی دڵیان پاك دەبێت، كە دڵیشیان پاك بوو، دەروونیان پوخت و رێك دەبێت، كە دەروونیشیان پوخت و رێك دەبێت ئیدی باری خێزان و نێو ماڵیان رێك و پێك دەبێت، كاتێك نێو ماڵ و خێزانیشیان رێك و پێك دەبێت، ئیدی حوكمڕانیی هەرێمەكەیان باش دەبێت، كاتێك حوكمڕانیی هەرێمەكەشیان باش دەبێت، ئیدی سەرانسەری ئیمپراتۆرییەكەیان ئارام و شاد دەبێت.
ئا ئەمەیە ماك و مۆركی فەلسەفەی كۆنفۆشیۆسی. مرۆڤ دەتوانێ بێ لەو قسانە هەموو شتێكی مامۆستا و مریدانی لە بیر بكات، واتە تەنیا ئەم واتایانە ئەزبەر بكات كە گەوهەر و كرۆكی فەلسەفەكەی ئەون، هەروەها باشترین رابەری ژیانن.
كۆنفۆشیۆسی مامۆستا دەشڵێ: "جیهان لە جەنگدایە، چونكە ئەو دەوڵەتانەی پێكی دەهێنن حوكمڕانییەكی گەندەڵیان هەیە، هۆی گەندەڵ بوونی حوكمڕانییەكەشیان ئەوەیە كە یاساكانی داندراو هەرچەندی زۆریش بن، ناتوانن جێی سروشتە سیستەمی كۆمەڵایەتی بگرنەوە كە خێزان ساز و ئامادەی دەكات. لەبەر ئەوەی خێزانیش لاسەنگ و ناتوانایە لە ساز كردنی ئەم سروشتە سیستەمەی كۆمەڵایەتی، چونكە خەڵك لە بیریان دەچێتەوە كە ئەوان تا خۆیان راست نەكەنەوە ناتوانن خێزانەكانیان رێك بخەن، ئەوان ناشتوانن خۆیان رێك بخەن چونكە دڵیان پاك ناكەنەوە، واتە دەروونی خۆیان لە شەهوەتی نزم و چەپەڵ پاك نەكردووەتەوە، دڵیشیان پاك نییە چونكە لە بیر كردنەوەیاندا ساغلەم نین، بە ئەندازەی پێویست رێز لە راستییەكان ناگرن و خەسڵەت و خووی خۆیان دەشارنەوە، لە بری ئەوەی ئاشكرایان بكەن. ئەوان لە بیر كردنەوەی خۆشیاندا ساغلەم نین چونكە بە مەیل و ئارەزوویان راستییەكان دەشێوێنن، ئەنجامیان بۆ دیاری دەكەن لە بری ئەوەی كار بۆ فراوان كردنی زانینیان تا ئەو پەڕی توانا بكەن، بەوەی بە پاكی و دوور لە مەیل و خواست بكەونە گەڕان بە دوای خەسڵەتی شتاندا."
مامۆستا هەروەها دەشڵێ: با خەڵك هەوڵی بەدەست هێنانی زانینی پاك و پوخت و دوور لە مەیل و ئارەزوو بدات، هەنگین لە بیر كردنەوەدا ساغلەم دەبن، با لە بیر كردنەوەشیاندا ساغلەم بن هەنگین دڵیان لە شەهوەتی پووچ پاك دەبێتەوە، با دڵیشیان بەم شێوەیە پاك بێتەوە و ئیدی دەروونیان باش دەبێت، با دەروونیشیان چاك بێت ئیدی خۆبەخۆ ناو ماڵ و خێزانیان باش دەبێت. خێزانیش بە وەعز و رێنمایی كە باس لە چاكە یان سزای زۆر توند دەكات، چاك نابێت، بەڵكوو ئەوەی چاكی دەكات پێشەوا و پێشەنگی باشە كە هێزێكی كپ و بێ دەنگی هەیە، با خێزانیش لە رێی زانین و دڵسۆزی و پێشەنگی باشەوە رێك بخرێت، جا وڵات خۆبەخۆ سیستەمێكی كۆمەڵایەتیی بۆ دەستەبەر دەبێت، هاوشانی ئەویش حوكمڕانییەكی باش دادەمەزرێت. دەوڵەتیش با لە سەرانسەری خاكی وڵاتەكەیدا ئارامی و داد بپارێزێ، ئیدی ئاشتی باڵ بەسەر سەرانسەری جیهاندا دەكێشێت، هەموو دانیشتووانیشی لە شادی و خۆشیدا دەبن.
ئەمە رێنماییەكە بانگ بۆ كەماڵی رەها دەكات، ئەوەی لە بیر دەچێتەوە كە مرۆڤ گیاندارێكی دڕندەیە. هەڵبەت گومانیشی تێدا نییە كە ئەم دەقانە زێڕین رێسای فەلسەفین.
Top