كۆنفۆشیۆسی 3

كۆنفۆشیۆسی 3

وه‌رگێڕ : تاریق كارێزی

تاریق کارێزی نووسەر، رۆژنامەنووس، وەرگێڕو رەخنەگری شێوەکارییە لەباشووری کوردستاندا. ٢١ کتێب و نامیلکەی چاپکراوی هەیە لەدەیان رۆژنامەو گۆڤاری کوردی و عەرەبیدا کاری کردووەو بابەتی بڵاوکردۆتەوە.
فەلسەفەی كۆنفۆشیۆس
زۆر جار كۆنفۆشیۆس بە دامەزرێنەری یەكێك لە ئایینەكان دادەندرێت، ئەمە قسەیەكی ئەگەر هەڵە نەبێت، ئەوا ورد نییە، رێبازەكەی ئەو ئایین نییە. ئەو باسی خودا یان ئاسمان ناكات، بەڵكوو رێبازی ئەو بریتییە لە شێوازێكی تایبەتی ژیان و رەفتاری كۆمەڵایەتی و رەفتاری سیاسی.
رێبازی ئەم بیرمەندەی چین بەندە بە خۆشەویستی و ئەڤینەوە، خۆش ویستنی خەڵك و باش رەفتار كردن لەگەڵیان و نەرمی لە ئاخافتن و ئەدەب نواندن لە گوتارداندا. هەروەها دەست و زمان پاكی. جگە لە رێز گرتن لە كەسی گەورە و كەسی خاون پلە و پێگە. بێ لە بە پیرۆز زانینی خێزان و گوێڕایەڵیی بچووك بۆ گەورە و ژن بۆ مێردەكەی.
هەڵبەت ئەو لە هەمان كاتدا رقی لە ملهوڕی و دیكتاتۆریەت دەبووەوە. باوەڕی ئەو وایە كە حكوومەت بۆ خزمەت كردنی گەل دروست بووە نەك پێچەوانەكەی. دەسەڵاتداریش دەبێ خاوەن بەهای بەرز و ئاكاری نموونەیی بێت. كۆنفۆشیۆس پەندێكی هەیە و كردوویەتی بە رێنوێنی بۆ رەفتارەكەی، ئەو پەندە دێرینە دەڵێ: "هەر شتێك بۆ خۆت پێت خۆشە، بۆ ئەوانی دیكەش پێت خۆش بێت."
گرنگترین دوو بەها بە لای كۆنفۆشیۆسەوە (جن) و (لی)یە، مرۆڤی مەرد و نموونەیی ئەو جووتە بەهایە لە ژیانی خۆیدا پیادە دەكات. (جن) كوردییەكەی واتە ئەڤین یان بایەخدانی دڵسۆزانە بە برایانی مرۆڤی خۆمان. هەرچی (لی)یە، ئەوا پەسنی كۆمەڵێك ئاكار و سرووت و نەریت و زمان رەوانی و سەنگینی دەكات.
كۆنفۆشیۆس لە روانینی بۆ ژیان كەسێكی نەریتخواز بوو، ئەو پێی وایە سەردەمی زێڕینی مرۆڤایەتی بەسەر چووە، واتە لە رابردوودا بووە. بۆیە ئەو هاوسۆزی رابردوو بوو، داوای لە خەڵك دەكرد لە ژیانی رابردوودا بژین. دەسەڵاتدارانی سەردەمی ئەو لە سەر هەمان بیرۆكە و رێڕەو نەبوون، هەر بۆیە رووبەڕووی بەرهەڵستیی ئەوان بووەوە.
بەرهەڵستی كردنی بۆچوونەكانی كۆنفۆشیۆس سەدان ساڵ دوای مردنی زۆر توندتر بوو. ئەو پاشایانەی لەو كاتانەدا دەسەڵاتیان گرتە دەست، كتێبەكانی ئەویان سووتاند و رێنماییەكانی ئەویان قەدەغە كرد، پێیان وا بوو ئەوانە شكستی بەردەوامن، چونكە گەلان دەبێ روویان بەرەو پێش و بەرەو دواڕ‌وژ بێت، كەچی ئەو داوا لە خەڵك دەكات ئاوەڕ بەرەو دواوە و بەرەو رابردوو بدەنەوە.
وێڕای ئەوە، هێندەی نەبرد رێنماییەكانی كۆنفۆشیۆس بە گوڕ و تینی زیاترەوە هاتنەوە مەیدان و لە نێو قوتابی و مریدانی لە هەموو شوێنێكدا بڵاو بوونەوە. بەم جۆرە تا نزیكەی دوو هەزار ساڵ (لە سەدەی یەكەمی بەر لە زایینەوە تا كۆتایی سەدەی نۆزەدەمی زایین) فەلسەفەی كۆنفۆشیۆس ژیانی لە نێو چیندا خست بووە ژێر هەژموون و كاریگەریی خۆیەوە.
هەر كۆنفۆشیۆسی بوو، كە بۆ ماوەی بیست سەدە ئاسایش و ئاشتەوایی خستە نێو چینەوە. ئەم فەلسەفەیە نەیتوانی سنووری چین ببڕێت و جێ پێیەك لە دەرەوەی سنووری ئەو وڵاتدا بەدەست بهێنێت. لە سەردەمی پاشاكانی خانەوادەی (هان)دا، ئیمپراتۆرەكان كرد بوویان بە نەریت كە تاقی كردنەوەی فەرمانبەران تا رادەیەكی زۆر پەیوەست بوو بە زانینی رێنمایی و وێژەی كۆنفۆشیۆسەوە. لەم كاتەی ئێمەشدا ئەم فەلسەفەیە پاشەكشەی كردووە، بە سایەی ئەوەی كۆمۆنیزمی چین كۆنفۆشیزم و رێنماییەكانی كردە ئامانجی هێرشێكی توندی خۆی.

مەردی باڵا
بە پێی ئەم فەلسەفەیە، دانایی لە ماڵەوە دەست پێ دەكات، بنەمای كۆمەڵیش تاكی رێكە كە پەروەردەی خێزانی رێكە. كۆنفۆشیۆس پێی وایە خود باڵایی بنەمایە بۆ باڵایی جڤاكی. ئەو دەڵێ: "مەردی باڵا ئەوەیە كە بە پوختی خۆی رۆشنبیر دەكات و ئاوێتە بە رێزگرتنی دەكات." لە دیالۆگەكانیدا، پێ بە پێ وێنەی مەردی نموونەیی دەكێشێ، كە پێی وایە فەلسەفە و پیرۆزیی تێدا كۆ دەبێتەوە، لەوانیشەوە مرۆڤی دانا دروست دەبێت. بە لای كۆنفۆشیۆسەوە، مرۆڤی باڵا و تەواو سێ خەسڵەتی تێدایە (زیرەكی، ئازایی، چاكەخوازی)، كە هەر یەك لە سوكرات، نیچە و حەزرەتی مەسیح پێیان وا بوو، هەر یەك لەمانە (واتە زیرەكی، ئازایی، چاكەخوازی) بە تەنیا بەسن بۆ دروست بوونی مرۆڤی باڵا و تەواو.
لەم رووەوە كۆنفۆشیۆس گوتوویەتی: "مەردی باڵا ترسی هەیە كە نەگاتە پێگەی هەقیقەت، ئەو لە هەژاری و نەداری ناترسێ. خاوەن بیرێكی فراوانە و لایەنگری گرووپ و دەستەیەك نابێت. هەردەم پەرۆشی ئەوەش دەبێت كە شتێكی ناڕاست نەڵێت. ئەو نەك هەر كەسێكی زیرەكە، نەك تەنیا زانستخواز و زانینخوازە، بەڵكوو خاوەن رەوشت و زرنگیشە. خۆ ئەگەر خەسڵەتەكانی جەستەی بە سەر ئاكار و هۆش و گۆشیدا زاڵ بوو، ئیدی دەبێتە پیاوێكی پووچ، خۆ ئەگەر هۆش و گۆش و ئاكار بە سەر خەسڵەتەكانی جەستەیدا زاڵ بوو، هەنگین ئاكاری نووسیارانی بەسەردا دەنوێ.خۆ ئەگەر خەسڵەتەكانی هۆش و گۆش و ئاكار تێیدا یەكسان بوون، ئەمیان تێكەڵ بە ئەوی دیكەیان بوو، ئەوا دەبێتە پیاوێكی چاك و مەرد و تەواو. زیرەكی ئەو زەینەیە كە پێی دەنێتە سەر عەرد."
كۆنفۆشیۆس درێژە بە قسەكانی دەدات و دەڵێ: "دڵسۆزی دیرەگی ئاكاری باشە، تەنیا دڵسۆزیی تەواویش تاكە خەسڵەتی مرۆڤی باڵا نییە. ئەو بەر لەوەی قسە بكات، كار دەكات، پاشان بە پێی ئەو كارەی كردوویەتی، قسە دەكات. لە هونەری رمبازیدا نموونەی شێوازی مرۆڤی باڵامان هەیە. رمهاوێژ ئەگەر لە ناوەندی ئامانجەكە نەدات، بە خۆیدا دەچێتەوە كە لەبەر چی ئەو نەیتوانی بە دروستی ئامانج بپێكێ؟ ئەو شتەی مرۆڤی باڵا بە دوایدا دەگەڕێت، ها لە نێو خۆیدایە، كەچی مرۆڤی پووچ وێڵە بە دوای ئەوەی لە نێو كەسانی دیكەدا هەیە. مەردی باڵا خەم لە كەم و كوڕیی خۆی دەخوات، خەم لەوەش ناخوات كە خەڵك نایناسن، وێڕای ئەوەی رقی لەوەش دەبێتەوە كە بیر لەوە بكاتەوە، دوای مردنی ناوی ناهێندرێت. لە قسە كردندا سادەیە، بەڵام لە كاردا باڵا و سەركەوتووە. كەمدووە، ئەگەر قسەش بكات هەرگیز گومان لەوە ناكات كە ئامانج دەپێكێ. ئەو تەنیا شتەی كە تێیدا شان لە شانی مرۆڤی باڵا نادرێت، ئەوە كارەكەیەتی كە كەسانی بێ لە خۆی ناتوانن پێی بگەن. ئەو لە قسە و لە كرداریدا كەسێكی میانڕەوە. مرۆڤی باڵا لە هەموو شتێكدا رێی مام ناوەند دەگرێتە بەر، چونكە ئەو شتانەی كاریگەرییان بە سەر مرۆڤەوە هەیە، گەلێ زۆر و لە ژمارە نایەن، خۆ ئەگەر ئەو شتانەی خۆشی دەوێت یان رقی لێیان دەبێتەوە، وابەستەی یاسا و رێسا نەبن، ئەوا خەسڵەتی دەچێتە سەر خەسڵەتی ئەو شتانەی بۆی دەخرێنە روو. مرۆڤی باڵا بەو جۆرە دەجوولێتەوە، كە جوولەكەی بۆ هەموو نەوەكانی رێ و رێڕەوی گشتی بێت، رەفتاری ئەویش بۆ هەموو نەوەكان دەبێتە یاسایەكی گشتی، قسەش دەكات بۆ هەموو نەوەكان و دەبێتە پێوەری گشتی بۆ بەهاگەلی گفتار."

چاكەی تەواو
مرۆڤی باڵا زۆر بە توندی دەست بە رێسای زێڕینەوە دەگرێت، كۆنفۆشیۆس (25) سەدە بەر لە ئێستا بەم جۆرە باسی رێسای زێڕین دەكات و دەڵێ:
(ئەوەی بۆ خۆت پێت خۆش نییە، بۆ كەسانی دیكەش پێت خۆش نەبێت: 己所不欲,勿施於人。).
چاكەی تەواو ئەوەیە "شتێك دەرهەق بە كەسێك نەكەیت، كە حەز ناكەیت دەرهەق بە تۆی بكەن." ئەم پەندەی كۆنفۆشیۆس زۆر جار دووپاتی كردووەتەوە. دانایەك لێی دەپرسێت: یەك پەیڤ نییە كە مرۆڤ بە درێژایی ژیانی بۆ خۆی بیكاتە رێسا و لە سەری بڕوات؟ كۆنفۆشیۆسی مامۆستا بەرسڤی دەداتەوە: ئایا ئەو پەیڤە (ئاڵوگۆڕ: بەرانبەری) نییە؟
هەڵبەت كۆنفۆشیۆس هێندەی تۆزقاڵێك حەزی نەكرد كە خراپە بە چاكە پاداشت بدرێتەوە. جا كاتێ یەكێ لە قوتابیانی لێیان پرسی: "ئەدی چی لە بارەی ئەو بنەمایەی دەڵێ، پێویستە خراپە بە چاكە وڵام بدرێتەوە؟" كۆنفۆشیۆس بە تووڕییەكی ئەوتۆ، كە قوتابییەكانی لێیان نەبینی بوو، وڵامی دایەوە: "ئەدی بە چی پاداشتی چاكە دەدەیتەوە؟" با داد پاداشتی خراپە بێت، چاكەش پاداشتی چاكە بێت."
ئەو پێی وا بوو كە رێسای سەرەكیی رەوشی مرۆڤی باڵا بریتییە لە شەپۆلی سۆزێك كە هەموو خەڵك بگرێتەوە. مرۆڤی باڵا بەوەش پەست نابێت كە خەڵكی دی لە سەرووی ئەوەوە بن، هەر كاتێ مەردایەتیی كەسانی دیكەی دیت، بیر دەكاتەوە ئەویش وەك ئەوان بێت، خۆ ئەگەر خەڵكی بەدكاری دیت، بەرەو ناخی خۆی دەگەڕێتەوە بۆ پەی بردن بە رازی خۆی. گوێش بەوە نادات كە خەڵك درۆی بە دەمەوە هەڵبەستن یان زمانی ئاگرینی خۆیان دەرهەقی ئەو بخەنە كار (كەسێكی رووخۆشە بە رووی هەموواندا).
هەڵبەت ئەو بە خۆڕایی ستایشی كەسیش ناكات، بە سووك تەماشای خەڵكی خوار خۆی ناكات، مەراییش بۆ كەسانی سەرووی خۆشی ناكات. لە كردار و هەڵسوكەوتدا كەسێكی سەرڕاستە، چونكە خەڵك رێز لە كەسێك ناگرن كە لە رەفتار و كرداریدا كەسێكی سەنگین نەبێت. لە قسە و گوفتاردا كەسێكی هێورە، لە رەفتاردا توندە، بە دڵ كار دەكات، زمان شڕ نییە، پەرۆشی ئەوەش نییە وڵامی دەمكوتانە بداتەوە، ئەو سەرگەرمە چونكە هەمیشە كارێك هەیە كە ئەو بەجێی بگەیەنێ، ئەمەیە نهێنیی سام و هەیبەتی خاكەڕاییانەی ئەو. ئەو رووخۆش و لێو بە خەندەیە، تەنانەت لەگەڵ نزیكترین كەسانی خۆشی، لەگەڵ ئەوەشدا هێندە پەتك لەگەڵ تێكڕای خەڵك شۆڕ ناكات، تەنانەت لەگەڵ جگەرگۆشەی خۆشی.
مرۆڤە باڵاكەی كۆنفۆشیۆس زۆر بە مرۆڤە عەقڵ گەورەكەی ئەرستۆ دەچێت. ئەو بەم شێوەیە پەسنی دەكات: "پیاوی باڵا نۆ شت دەخاتە پێش چاوی خۆی، كە هەمیشە بیریان لێ دەكاتەوە. ئەو مكوڕە كە بە چاو بە روونی شتان ببینێ، سوورە كە كەسێكی رووخۆش و رۆح سووك بێت، بە رەفتاریش حەز دەكات كەسێكی سەنگین بێت، لە قسە كردندا حەز دەكات دڵسۆز بێت، لە كاریشدا سوورە كە ئەو پەڕی بایەخی پێ بدات، پەرۆشی ئەوەشە كە رێز لە لای یاوەرانی دروست بكات، لەو شتانەی كە گومانی لێیان هەیە سوورە كە پرسیار لە خەڵكی دی بكات، خۆ ئەگەر تووڕەش بوو، بیر دەكاتەوە كە تووڕە بوون تووشی چ زەحمەتییەكی دەكات، ئەگەر دەسكەوتی هاتە بەر دەست، بیر لە داد و سەرڕاستی دەكاتەوە."
Top