فەلسەفەی حوكمڕانی لەچین (2- 2)

فەلسەفەی حوكمڕانی لەچین (2-	2)

نووسه‌ر :فیراس ئەلسەوواح

وه‌رگێڕ : تاریق كارێزی

فیراس ئەلسەوواح توێژەرێكی عەرەبە (سووریا- 1941)، لە پەكین دەژی، خاوەنی سێزدە كتێبە لە بارەی میتۆلۆژیا و مێژووی ئایینەكان، لە نووسینی پێنج بەشی ئەنسكلۆپیدیای مێژووی ئایینەكاندا بەشدار بووە، سێزدە كتێبی دیكەشی بە عەرەبی و ئینگلیزی و چینی بڵاو بوونەتەوە.
باشترین دەسەڵاتدار ئەوەیە كە خەڵك هەست بە هەبوون و قورسایی دەسەڵاتەكەی ناكەن، ئەو وەك سێبەرە، پاشان ئەو دەسەڵاتدارە دێت كە خەڵك خۆشیان دەوێ و ستایشی دەكەن، چونكە كە خۆشیان دەوێ ئەوە نیشانەی هەست كردنیانە بە بوونی كە كرداری رواڵەتیانەی بە مەبەست دەكات، ئنجا دەسەڵاتدارێك دێت كە لێی دەترسن و لێی دەتۆقن، چونكە دەست تێوەردانی ئەم دەسەڵاتدارە لە ئاكامدا دەبێتە مایەی پیادە كردنی سەركوت، جا بە نیەتی باش یان نیەتی خراپ بێت، پاشتر ئەو دەسەڵاتدارە دێت كە رقیان لێیە و سووكایەتیشی پێ دەكەن، ئەمەش خراپترین جۆری دەسەڵاتدارە. ئیدی بۆیە

لە بەشی (30)دا مامۆستا (لاو تسو) دەڵێ:
بە گوێرەی (تاو)، ئەگەر تۆ لە پێگەی راوێژدەری دەسەڵاتداردا بووی
پێی مەڵێ چەكی بكاتە شان و خەڵك بترسێنێ
ئەم شتە كاردانەوەی خۆڕسكانەی بە دوادا دێت.

لە بەشی (58)یشدا دەڵێ:
كاتێك حكوومەت خافڵ دەبێت
گەل سادە و ساكار دەبێت
كاتێكیش حكوومەت بە خەبەر دەبێت
گەل زگ رەش دەبێت.
ئەو غافڵییەی (لاو تسو) لێرەدا مەبەستیەتی، واتای ئەوە نادات كە دەسەڵاتدار ئاگای لە كاروباری دەوروبەری خۆی نییە، بەڵكوو زۆر بە تەواوی ئاگادارە، بەڵام بە نەرم و نیانی رەفتاری لە تەكدا دەكات. باشترین گەواهیش بۆ ئەمە، ئەوەیە كە لە بەشی (49)دا دەیڵێ:
بیری دانا ئاراستە بە خۆی نییە
چونكە ئەو هەردەم بایەخ بە كاروباری خەڵك دەدات
خەڵكی باش بە باشی رەفتاریان لەگەڵ دەكەم
خەڵكی خراپیش بە خراپی رەفتاریان لەگەڵ دەكەم
بەم جۆرە چاكی بڵاو دەكەمەوە.
ئەو دانایەی لە رێی دەست وەرنەدانەوە حوكمڕانی دەكات، بە كەمترین رادەی یاسا و رێسای بەرپەرچدەرەوە وڵات هەڵدەسووڕێنێت. (لاو تسو) لە بەشی (57)دا دەڵێ:
-هەرچەندە قەدەغە لە وڵاتدا زۆر بێت
ئەوەندە خەڵك هەژار و نەدار دەبێت
-هەرچەندی خەڵك چەكی كۆنی هەبێت
هێندە وڵات بەرەو ئاشووب دەچێت
-هەرچەندی یاسا و رێسا زۆر بن
ئەوەندە دز و رێگر زۆر دەبن.
لە مێژووی چیندا نموونەمان هەیە كە دیدی (لاو تسو) راست و دروستە. لە ساڵی (360ب ز)دا، ماڵباتی (شانگ) لە شانشینی (شی ئین)ی رۆژاوادا دەسەڵاتی گرتە دەست، یەكەمین پاشای ئەوان بنەما سەرەكییەكانی داڕشت، ئیدی دەسەڵاتی ئەو ماڵباتەی پێ چەسپا تا ساڵی كۆتایی هاتنی لە 210ی (ب ز)دا. ئەم پاشایە نازناوە باوەكانی شكۆی نەهێشت، دووبارە بە پێی دەسكەوت و سەركەوتنی جەنگی، نازناو و پۆستی بە كەسان دا. دەبوو جوامێرانی دێرین لە رێی خزمەتی سەربازی و شەڕ كردن دژ بە شانشینانی دیكەی چین، نازناوەكانیان بەدەست بهێننەوە.
ئەم شەڕە نەپساوانە بوونە مایەی تەشەنە كردنی پەشێوی لە نێو وڵاتدا، تاوان تاوی سەند و دز و رێگر و جەردەش زۆر بوون، هەرچەندە خەبەردان لە بارەی تاوانبارێكەوە خەڵاتێكی هەبوو بە چەشنی ئەو خەڵاتەی بە دلێرانی جەنگ دەدرا، هەر كەسێكیش تاوانباری پەنا بدابا، سزایەكەی وەك سزای دەست شۆڕ كردن بوو بەرانبەر بە دوژمن. هاوكات لەگەڵ ئەوەی دەسەڵات پەنای دەبردە بەر دانانی یاسای زیاتر و پتر سزای دەسەپاند، هێندەی دی تاوان برەوی دەسەند.
كاتێك ئەو ماڵباتە بە زەبری ئاگر و ئاسن توانیی چینی یەكگرتوو بەدی بهێنێت، دوایین ئیمپراتۆری ئەوان رایگەیاند، ئەو بناغەی ماڵباتێكی نوێی حوكمڕانی دانا كە هەزار ساڵ بەردەوام دەبێت. كەچی هەر لەگەڵ مردنی ئەودا، پەشێوی سەرانسەری ئیمپراتۆریەتەكەی گرتەوە، كەسێكیش بە ناوی (لیو بانگ) شۆڕشێكی سەراپاگیری دەست پێ كرد و دەسەڵاتی ماڵباتی (شانگ)ی رووخاند و (لیو بانگ)ی بۆ سەر تەختی حوكمڕانی هەڵبڕی. ئەمیش یەكەمین ئیمپراتۆری ماڵباتی (هان) بوو كە بۆ ماوەی نزیكەی چوار سەدە بەردەوام بوون.
پاش ئەوەی هێزی (لیو بانگ) چووە نێو پایتەختەوە، پیران و ماقووڵانی وڵاتی كۆ كردەوە، لە بەردەمی ئەوان بەیاننامەی سیاسیی خۆی خوێندەوە، تێیدا هەموو ئامرازەكانی پێشووی سەركوت و چەوساندنەوەی سەركۆنە كرد، راشی گەیاند كە هەموو ئەو یاسا زاڵمانەی پاشاكانی ماڵباتی (شان) بڕیاریان دا بوون، هەڵیوەشاندنەوە، تەنیا سێ یاسای سادەی هێشتەوە كە پەیوەستن بە كوشتنی بە ئەنقەست و دەستدرێژی و دزی. دەبوو دادگاكانیش رەفتار لەگەڵ هەر تاوانێكدا بكەن كە لە چێوەی ئەم سێ یاسایەدان، ئەویش بە گوێرەی هەلومەرج و سەروبەری تایبەتی هەر تاوانێك، دەشبێ دادگاكان لە دەقاودەق و كوێرانە پیادە كردنی یاساش دوور بكەونەوە. مێژوونووسانی ئەو سەردەمە دەڵێن: لە پاش ئەوە بۆ ماوەیەكی درێژ ئاسایش و ئارامی بەرقەرار بوو.
لە هەڵسووڕاندنی كاروباری وڵاتدا دەبێ دەسەڵاتدار خاكەڕا و لەخۆ بوردە بێت، لەو ئەركەی بۆ خەڵكی دەكێشێت، لە بەرانبەردا چاوەڕوانی هیچ پاداشت و شیرینییەك نەبێت. لە بەشی (42)دا (لاو تسو) دەڵێ:
كەس نایەوێ وەك بێوەژن و هەتیو و كەسانی بێ ئەرزش بێت
وێڕای ئەوە، دەسەڵاتداران ئەم پەسنانە وەك ئاماژەیەك بۆ خۆیان
بەكار دەهێنن.
لە بەشی (39)شدا دەڵێ:
بێ ئەرزش رەگی شكۆدارە
نزمیش بناغەی بەرزە
هەر بۆیە گەورە و میران خۆیان
وەك بێوەژن و بێ ئەرزش نیشان دادەنێن
چونكە ئەوان پاڵ بە خاكەڕاییەوە دەدەن.
لە بەشی (77)یشدا دەڵێ:
كێ بەخششی خۆی بە هەموو خەڵك دەدات؟
ئەوە پیاوی (تاو)ە
دەبەخشێ و چاوەڕوانی پێزانین نییە
كاری خۆی بە تەواوی دەكات و منەتیش ناكات.
نابێ دەسەڵاتدار، چ لە چارەسەر كردنی قەیرانەكانی ناوخۆ و چ لە هەڵسوكەوتی لەگەڵ پرسگەلی نێودەوڵەتیدا، پەنا بباتە بەر چەك. خۆ ئەگەر هەر دەبوو پەنای بۆ ببات، با لە بەكار هێنانی چەكدا زێدەڕۆیی نەكات. مامۆستا (لاو تسو) لە بەشی (31)دا دەڵێ:
لەبەر ئەوەی چەك ئامرازێكی شوومە و خەڵك رقی لێ دەبێتەوە
بۆیە پیاوی (تاو) پەنای بۆ نابات
چەك ئامرازێكی شوومە و دانا پەنای بۆ نابات
ئەگەر هەر دەشبوو، ئەوا بێ لایەنانە بەكاری دەهێنێ.
ئەو بێلایەنییەی (لاو تسو) لێرەدا مەبەستیەتی، ئەوەیە بە سۆزەوە نقومی نێو شەڕەكە دەبین، پێشمان وا بێت كە تەنیا ئەركێكی فەرمییە دەبێ ئێمە بە توانایەكی بەرز و بە زووترین كاتێ كە دەكرێ، تەواوی بكەین. بۆیە هەر لە بەشی (31)دا دەڵێ:
شكۆیەك لە سەركەوتندا نییە
شكۆدار كردنی سەركەوتن واتە دڵخۆش بوون بە كوشتن
ئەوەی شادیی بە كوشتن دێت لە شانشینەكەدا جێی نابێتەوە
ئەمەش واتای ئەوە نییە كە شەڕ لە شێوەی تەرم بەڕێوە دەبردرێت
هەر لەگەڵ سەركەوتنیشدا رێوڕەسمی ماتەم بگێڕین.
لە بەشی (30)شدا دەڵێ:
لە هەر كوێ هێز ئۆردوو ببەستێ، ئەوا دڕك دەڕوێ
سوپای زل و زەبەلاحیش وێرانە لە پاش خۆی جێ دەهێڵێ
خۆ ئەگەر شەڕ هەر بەرۆكی گرتی ئەوا زوو كۆتایی پێ بهێنە
بە پەلە كۆتایی پێ بهێنە و شانازی مەكە
پەلە بكە لە كۆتایی هێنانی و لاف لێ مەدە
پەلە بكە لە كۆتایی هێنانی وەك ئەوەی بە ناچاری پەنات بۆ برد بێت
تەوژمی هێز داهەزانی بە دوادا دێت
تەوژمی هێز زادەی (تاو) نییە
هەر كەسێ بە پێچەوانەی رەوتی (تاو) بڕوات
بەرەو كۆتاییەكی خێرا دەچێت.
ئەگەر دەسەڵاتدار بە ناچاری نەبێت، پەنا بۆ شەڕ نەبات، ئەوا (لاو تسو) هەندێ بیرۆكەی ستراتیژیی پێشكەش دەكات، كە لە بنەمای (نەكردار) و (نە ئەرك)ـەوە سەرچاوەیان گرتووە. لە بەشی (69)دا، لە بارەی شاڵاوی سەربازییەوە دەڵێ:
زات ناكەم رۆڵی خانەخوێ بگێڕم، بەڵكوو پەیوەست بە رۆڵی میوان دەمێنمەوە
زات ناكەم یەك هەنگاو بچمە پێش، بەڵكوو دوو هەنگاو بەرەو دوا دەكشێمەوە
ئەمەیە پێی دەگوترێت هەنگاونان بەرەو پێش بێ جوولە كردن بەرەو پێش
ئەمەیە كە پێی دەگوترێ قۆڵ هەڵماڵین بە بێ پیشاندانی مەچەك.
بە رای (لاو تسو) سەركردەی كارامە چاوەڕوانی هێرشی نەیار دەكات بۆ ئەوەی بیخاتە بۆسەوە، سوودیش لە تەوژمی هێرشەكەی دەبینێ بۆ پەرت كردنی ریزەكانی.
مامۆستا لێرەدا مەجازی میوان و خانەخۆێ بۆ پەسن دانی ئەم رەوشە بەكار دەهێنێت. میوان هەردەم لە هەڵسان و دانیشتنیدا ئاگای لە خۆی دەبێت، كەچی خانەخوێ دەرگای قسەی بۆ دەكاتەوە و بابەتی جۆربەجۆر دەورووژێنێ، خانەخوێ میوان نەوازیی خۆی دەنوێنێ.
لە بەشی (68)دا دەڵێ:
سەركردەی سەنگین سنگ ناباتە پێش
كەسێك لە شەڕدا كارامە بێت، تووڕەیی نانوێنێ.
ئەوەی توانای بەزاندنی دوژمنەكەی هەیە ناچێتە نێو ململانێیەكی كوشندەوە
ئەوەی لە سەركردایەتی كردنی خەڵكدا شازە، خاكەڕایی دەنوێنێ
ئەمەیە كە پێی دەگوترێت چاكەی ئەرك نەكێشان
ئەمەیە كە پێی دەگوترێت سوود وەرگرتن لە هێزی لایەنی بەرانبەر
ئەمەیە كە پێی دەگوترێت چون ئاسمان بوون.
بە پێی چەمكی نائەرك لە لای (لاو تسو)، دەسكەوت وەك دەریاوانییەك وایە كە بە زەبری با دەكرێت، كە ناتوانێ بەرەنگاری جووڵەی با بێتەوە، بەڵكوو سوود لە ئاراستەی با وەردەگرێت و خۆی لەگەڵدا دەگونجێنێ. هەروەها بە هونەری (مەلە)ش دەچێت كە سوود لە خەسڵەتی پاڵەپەستۆی ئاو وەردەگیرێت، هەروەها بە هونەری وەرزشی جۆدۆش دەچێت كە یاریزانی كارامە كەمترین جووڵەی تاقەتبڕ دەكات، سوود لە تین و تەوژمی هێرشی دوژمنیش وەردەگرێت، بۆ ئەوەی دژ بە خۆی ئاراستەی بكاتەوە.
ئا ئەمە جەوهەری بیر و بۆچوونەكانی (لاو تسو)ە لە بارەی ستراتیژی جەنگەوە.
Top