گەل و یاسا دانان
ژان ژاك رۆسۆ-(8)

گەل و یاسا دانان <br />  ژان ژاك رۆسۆ-(8)

نووسه‌ر :زوقان قەرقووت (كردوویە بە عەرەبی)

وه‌رگێڕ : تاریق كارێزی

بەشی حەوتەم: لە بارەی یاسادانەرەوە

بۆ دۆزینەوەی باشترین رێساكانی كۆمەڵ، كە لەگەڵ خەسڵەتی نەتەوەكاندا بگونجێ، دەبێ عەقڵێكی نایاب هەبێت، ئەو عەقڵە مەیل و خواستی هەموو خەڵك ببینێ، هیچ مەیل و خواستێكیش گیرۆدەی دەستی ئەو نەبن. هیچ پەیوەندییەكیشی بە خەسڵەتی ئێمەوە نەبێ، بەڵام بە قووڵی دركی پێ بكات، شادیی ئەویش لە ئێمە جودایە، لەگەڵ ئەوەشدا بایەخ بە شادیی ئێمە دەدات.
دواجار، ئەو عەقڵە، لەگەڵ ئەوەی چاوی لە شكۆیەكی دوورە، كە لەگەڵ بەسەر چوونی رۆژگاردا بەدی دێت، دەشتوانێ لە سەدەیەكدا كار بكات، بۆ ئەوەی بەرهەمەكەی لە سەدەیەكی دواتر بچنێتەوە. بە زمانێكی دی، هەر دەبێ خوداوەند هەبێ، بۆ ئەوەی یاسا بە مرۆڤ ببەخشێت.
ئەو پاساوەی كە (كالیگۆلا) لە بارەی كردارەوە دەی هێنایەوە، (ئەفلاتوون) لە بارەی هەقەوە دەی هێنایەوە، بۆ پێناسە كردنی مرۆڤی مەدەنی یان مرۆڤی پاشایانە، كە لە كتێبەكەیدا لە بارەی حوكمڕانییەوە لێی دەگەڕا. خۆ ئەگەر راست بێت، كە میری مەزن بە دەگمەن هەیە، ئیدی چی لە بارەی پرۆژەی مەزنەوە بڵێین؟ میری مەزن هەر دەبێ بەو رێڕەوەدا بڕوات، كە یاسادانەر بۆی دادەنێت. لە بواری تەكنیكدا، یاسادانەر ئەو كەسەیە كە ئامێر دادەهێنێت، ئەوانی دیكەش هەر هێندەیان لە سەرە، كە كاری پێ بكەن و بەكاری بهێنن. سەركردەی كۆمارەكان، وەك (مۆنتسیكۆ) دەڵێ، لەگەڵ دروست بوونی كۆمەڵدا، ئەوان دەست بە دامەزراندنی دەزگا و دامەزراوە دەكەن، دەزگا و دامەزراوەش لە لایەن خۆیانەوە سەرۆك كۆمار پێ دەگەیەنن.
ئەوەی زاتی رێك خستنی گەلێك لە خۆیدا رادەپەرمێت، دەبێ هەست بەوە بكات، ئەو لە ئاستی گۆڕینی خەسڵەتی مرۆییدایە، لە ئاستی گۆڕینی كەسێكە، كە هەر بۆ خۆی دەژی، تەواوی بێ كەم و كوڕی و بە جودا دەژی، بەرەو ئەوەی ببێتە بەشێك لە هەمەكێكی گەورەتر لە خۆی. ئەو تاكە كەسە لەو هەمەكەوە ژیان و قەوارەی خۆی بەدەست دەهێنێت. هەروەها گۆڕینی پێكهاتەی مرۆڤ لە پێناو بەهیز كردنی، بەشە هەبوونێكی واتایی جێی هەبوونێكی ماددی و سەربەخۆ بگرێتەوە، كە هەموومان ئەو بوونە ماددی و سەربەخۆیەمان لە سروشتەوە وەرگرتووە.
بە كورتی، دەبێ هێزی تایبەت لە مرۆڤ دابماڵدرێ، بۆ ئەوەی هێزی نامۆ بە خۆی پێ بدرێت، كە بە بێ یارمەتیی ئەوانی دی، ناتوانێ ئەو هیزە نامۆیە بەكار بهێنێ. هەرچەندی هێزی سروشتیانەی ئەو پەرتەوازە و مردووش بێت، ئەوا هێزی بەدەست هاتووی مەزنتر و چەسپاوتر دەبێت، دەزگاكەش پتەوتر و تەواوتر دەبێت، بە چەشنێك ئەگەر هەر هاووڵاتییەك بۆ خۆی شتێك نەبێت، بە هاوكاریی هەموو ئەوانی دی نەبێت، نابێتە شتێك. ئەو هێزەی لە هەمووانەوە بەدەست دێت، یەكسانە یان زیاترە لە كۆی ئەو هێزانەی لە هەموو تاكەكاندا هەیە. ئیدی دەتوانین بڵێین: یاسا، تا ئەو ئەندازەیەی دەتوانێ پێی بگات، بە ئەو پەڕی كەماڵ گەیشتووە.
یاسادانەر، ئەگەر لە هەر گۆشەیەكەوە لێی بڕوانین، لە نێو دەوڵەتدا كەسێكی نایابە. خۆ ئەگەر بە زرنگیی خۆی بەو پێگەیە گەیشتووە، ئەوا ئەركەكەشی لەوە كەمتر نییە، كە كەسێكی نایابە. ئەوەش نە پۆستێكی دەزگای دادوەری و نە هەرگیز سەروەرییەكە. ئەم فەرمانە هەرگیز كۆمار دەست لە دروست بوون و گەڵاڵە بوونی وەرنادات. ئەو ئەرك و فەرمانێكی تایبەت و بەرزە، هیچ شتێكی هاوبەشی لەگەڵ دەسەڵاتی مرۆییدا نییە. ئەوەی مرۆڤەكان ئاراستە دەكات و رێبەرایەتییان دەكات، ئەوا دەبێ یاساكانیش ئاراستە بكات، ئەوەشی كە یاساكان ئاراستە دەكات، لە سەری نییە مرۆڤەكان ئاراستە بكات و رێبەرایەتییان بكات. ئەگەر وا نەبێ، ئەوا ئەو یاسایانەی خزمەت بە خواستی ئەو دەكەن، بە زۆری دەبنە مایەی درێژە كێشانی ستەم و زوڵمی ئەو، ناشتوانێ خۆی لەوە بە دوور بگرێت، كە بۆچوونی تایبەت، پیرۆزیی كارەكەی لەكەدار بكات.
كاتێك (لیكۆرگۆس) یاسای بە نیشتیمانی خۆی بەخشی، بە دوور كەوتنەوەی خۆی لە سامان دەستی پێ كرد. لە زۆربەی شارەكانی گریك (یۆنانی كۆن)دا، دانانی یاسا بە خەڵكی بیانی دەسپێردرا. بە زۆری كۆمارە تازەكانی ئیتالیاش ئەم نەریتەیان پەیڕەو كرد. هەروەها كۆماری (ژنێڤ)یش پەنای بردە بەر هەمان نەریت و رەوشی خۆی پێ باش كرد. رۆما لە پرشنگدارترین سەردەمی خۆیدا، كەوتە نێو تێكڕای شێوەكانی كە ملهوڕ تەنگیان پێ هەڵچنی، ئیدی خۆی لە كەناری فەوتاندا بینییەوە، چونكە هەردوو دەسەڵاتی یاسادانان و سەروەرییەكەی، لە یەك دەستدا كۆ كردەوە.
ئەوە لە كاتێكدا (دە دادوەرەكە: Decemvirs) هەرگیز مافی كار كردنیان نەقۆزتووەتەوە، بەوەی بە ویستی خۆیان یاسایەك لە یاساكان رەپێش بكەن. ئەوان بە گەلیان دەگوت: هیچ شتێك، كە حوكمی یاسای هەبێت، بێ رازی بوونی ئێوە پێشنیار ناكەین. ئەی گەلی رۆم، ئێوە بۆ خۆتان یاسا بۆ خۆتان دابنێن، ئەو یاسایانەی بەختەوەرتان دەكەن.
كەواتە ئەوەی یاسا دەنووسێت نابێ مافی یاسادانانی هەبێت. گەلیش، بۆ خۆی كاتێ بشیەوێ، ناتوانێ دەستبەرداری ئەو مافە بێت كە قابیلی گواستنەوە نییە، چونكە بە گوێرەی پەیماننامەی بنەڕەت، بێ لە ویستی گشتی، چ شتێكی دی نییە كە تاك ناچار و پەیوەست بكات. ئێمە ناتوانین ئەوە دووپات بكەینەوە، كە ویستێكی تایبەت لەگەڵ ویستی گشتیدا جووتە، تەنیا ئەوكاتە نەبێ، كە بۆ گەلی دەیخەینە ریفراندۆمەوە. من پێشتر ئەمەم گوتووە، بەڵام دووبارە كردنەوەی بێ سوود نییە.
بەم جۆرە لە دانانی یاسادا دوو شت هەن، كە وا دیارە كۆك نین: پرۆسەیەكی سەرووی مرۆڤ و لە پێناوی ئەودا، دەسەڵات شتێك نییە ناوی بێت.
زەحمەتییەكی دیكەش هەیە شایانی بایەخ پێدانە. ئەویش ئەو دانایانەی كە دەیانەوێ بە زمانی خۆیان نەك بە زمانی عەوام، قسە بۆ ئەو عەوامە بكەن، خەڵك لەو زمانە حاڵی نابێت. هەزار بیرۆكە هەن، ئەستەمە بۆ زمانی گەل پاچڤە بكرێن. هەروەها ئەو تیۆرییانەی لە گشتاندندا زێدەڕۆییان تێدا دەكرێت و ئامانجی فرە دووریش، لە درك پێ كردنی عەوام بەدەرن. هەر تاكێك خۆشیی لە سیستەمی حوكمڕانی نایەت، بێ لەوەی لەگەڵ بەرژەوەندی تایبەتی ئەودا كۆكە. بۆ ئەوەی گەلێكی تازە راچەنیو بنەما سەرەكی و دروستەكانی سیاسەت هەرس بكات، بنەما بنەڕەتییەكانی دامەزراندنی دەوڵەتیش پەیڕەو بكات، ئەوا هەر دەبێ بەرهۆ (مەعلوول) ببێتە هۆ (عیللە)، بۆ رۆحی كۆمەڵایەتیش ببێتە پێشەنگ، ئەمیش دەبێ زادە و بەرهەمی سیستەم بێت، خودی سیستەم. دەبێ خەڵك لە بەردەمی یاساكاندا بەو جۆرە بن كە دەبێ وا بن. ئیدی بەم جۆرە زەروورەت دێتە ئاراوە: لەو كاتەی یاسادانەر ناتوانێ نە هێز و نە پاساو بەكار بهێنێ، ئیدی دەبێ پەنا بباتە بەر دەسەڵاتێكی دی، كە بێ توند و تیژی دەبێتە سەردار، دوور لە ناچارییش خەڵك دێنێتە رایێ.
ئەمەیە كە باوە (لە كوردیدا بۆ نموونە باوە یادگار و باوە گوڕگوڕ هەیە- و.)، هەروەها گەورە پیاوانی نەتەوەی لە هەموو سەردەم و كاتێك ناچار كرد، پەنا ببەنە بەر دەست تێوەردانی ئاسمان، شازی پەند و دانایی خۆشیان بدەنە پاڵ خوداوەندان، بۆ ئەوەی گەلانیان گوێڕایەڵ بن، گەلان وابەستە و ملكەچی یاساكانی دەوڵەت بن، وەك چۆن ملكەچی یاساكانی سروشت دەبن و ددان بە هەمان دەسەڵاتیشدا دەنێن، لە رووی دروست كردنی مرۆڤ و لە دروست كردنی شاری سیاسیدا، بە ئازادی، بە ملكەچییەوە نیری شادیی هاوبەش و گشتییان خستووەتە گەردن و لە ئەستۆیان گرتووە.
Top