یاسادانان و چاوگەكەی ژان ژاك رۆسۆ-(7)

یاسادانان و چاوگەكەی  ژان ژاك رۆسۆ-(7)

نووسه‌ر :زوقان قەرقووت (كردوویە بە عەرەبی)

وه‌رگێڕ : تاریق كارێزی

باشە دوا جار، یاسا چییە؟ مادام ئێمە بێ لە واتای میتافیزیكی، چی دی نابەخشینە ئەم پەیڤە، ئیدی بە بێ ئەوەی لە یەك بگەین، درێژە بە مشتومڕی خۆمان دەدەین. كاتێك ماهیەتی یاسای سروشت دیاری دەكەین، تێگەیشتنێكی باشترمان لە بارەی ماهیەتی یاسای دەوڵەتەوە دەست ناكەوێت.

پێشتر من گوتم، لە بابەتێكی تایبەتدا، ویستی گشتی نییە. لە راستیدا ئەم بابەتە تایبەتە، لە نێو دەوڵەت یان لە دەرەوەی دەوڵەتیشدا دەبێت. ئەگەر بابەت لە دەرەوەی دەوڵەت بوو، ئیدی ئەو ویستەی كە سەبارەت بەو دەبێتە ویستێكی بیانی، هەرگیز سەبارەت بەو نابێتە ویستێكی گشتی. خۆ ئەگەر بابەت لە نێو دەوڵەتدا بوو، ئەوا دەبێتە بەشێك لە دەوڵەت. ئەوكات، پەیوەندییەك لە نێوانی (گشت) و (بەش)دا دروست دەبێت، كە دەیانكاتە دوو هەبوونی لە یەكدی جودا، بەش دەبێتە لایەك، گشت بێ ئەو بەشە، دەبێتە لایەكی دی. هەڵبەت گشتێك بە بێ بەشێك (یان چەندین بەش)، هەرگیز نابێتە گشت. ئیدی مادام ئەو پەیوەندییە هەر لە ئارادایە، كەواتە شتێك بە ناوی گشتەوە نامێنێ، بەڵكوو دەبێتە دوو بەشی نایەكسان، ئاكامی ئەوەش ئەوەیە، كە ویستی هەر لایەكیان، سەبارەت بە ئەوی دیكەیان، هەرگیز نابێتە ویستێكی گشتی.
هەڵبەت كاتێ هەموو گەل یاسا بۆ تێكڕای گەل دادەنێت، ئەوا بێ لە خۆی تەماشای كەسی دی ناكات، خۆ ئەگەر پەیوەندییەكیش بۆ خۆی دروست بكات، ئەوا ئەو پەیوەندییە دەبێتە پەیوەندیی تێكڕای بابەتەكە، لە روانگەیەكەوە بۆ تێكڕای بابەتەكە لە روانگەیەكی دیكەوە، بە بێ هیچ دابەش كردنێك بۆ گشت. ئیدی ئەو كاتە، ئەو بابەتەی كە رێسای بۆ دادەندرێت، گشتی دەبێت، وەك ئەو ویستەی كە رێسا دادەڕێژێ. ئەم شتەیە كە من پێی دەڵێم یاسا.
كاتێك دەڵێم ئامانجی یاسا هەمیشە گشتییە، ئەوا مەبەستمە كە یاسا وەك دەستە (دەزگا) دەڕوانێتە رەعیە (جەماوەر)، بە چاوێكی رووتیش لە كار و كردار دەڕوانێت، هەرگیز وەك تاكە كەس ناڕوانێتە مرۆڤ. جا بەم جۆرە یاسا دەتوانێ ماف و دەسكەوت دیاری بكات، بەڵام بە ناو ناتوانێ بیدات بە كەسێك.
یاسا دەشتوانێ چەندین چین لە نێو هاووڵاتیاندا دروست بكات، تەنانەت دەتوانێ ئەو سیفەتانەش دیاری بكات، كە مافی ئەوە بە تاك دەدات بچێتە نێو ئەو چینانەوە، بەڵام ناتوانێ ناوی ئەم یان ئەو بهێنێ، كە سەر بەم چینن یان ئەو چین. دەشتوانێ حكوومەتێكی پاشایی پشتاو پشت دابمەزرێنێ، بەڵام ناتوانێ نە پاشایەك دیاری بكات و نە ناوی ماڵباتێكی پاشاییش دیاری بكات. بە كورت و كرمانجی، هەر كار و پیشەیەك پەیوەندیی بە مەبەستێكی تاكە كەسییەوە هەیە، هەرگیز پەیوەندیی بە دەسەڵاتی یاسادانانەوە نییە.
دەمودەست، بە گوێرەی ئەم بیرۆكەیە، ئیدی فەرز نییە بپرسین كە ئاخۆ كێ مافی یاسادانانی هەیە؟ مادام یاسادانان كردارێكە زادەی ویستی گشتییە، یان ئاخۆ (میر) كە ئەندامی دەوڵەتە، لە سەرووی یاساوەیە، یان ئەوەی یاسا دەتوانێ زاڵم بێت؟ مادام مرۆڤێك نییە دەرهەق بە خۆی زاڵم بێت، یان چۆن ئێمە ئازاد و ملكەچی یاساش بین، مادام كە تەنیا تۆماری ویستی ئێمەیە.
هەروەها بۆمان روون دەبێتەوە، بەوەی كە یاسا گشتایەتیی ویست و گشتایەتیی بابەت كۆ دەكاتەوە، ئیدی ئەو فەرمانەی مرۆڤ خۆبەخۆ دەیكات، هەر چییەك بێت ئەو فەرمانە، هەرگیز نابێتە یاسا، تەنانەت ئەو فەرمانەی خاوەن شكۆ (خاوەن سەروەری)یش لە بارەی بابەتێكی تایبەتەوە دەیكات، ئەویش یاسا نییە، بەڵكوو مەرسوومە، ناشبێتە كارێك لە كارەكانی سەروەری، بەڵكوو دەبێتە كارێك لە كارەكانی دادوەری.
هەر دەوڵەتێك كە یاسا تێیدا حوكمڕان بێت، من پێی دەڵێم كۆمار، ئیدی شێوەی كارگێڕییەكەی هەر چییەك بێت. چونكە تەنیا ئەوسا بەرژەوەندیی گشتی باڵادەست دەبێت، كاروباری گشتیش سەنگی راستەقینەی خۆی دەبێت. هەر حكوومەتێكی رەوا كۆمارییە. لێرەش بە دواوە دێمە سەر باسی ماهیەتی حكوومەت.
یاسا بە واتای دیاری كراوی، تەنیا مەرجە بۆ یەكبوونی مەدەنی. ئەو گەلەی ملكەچی ئەو یاسایانە دەبێت، هەر دەبێ یاساكان دابڕێژێ. رێكخستنی مەرجەكانی كۆمەڵ، بێ لە لای ئەوانەی كە یەك دەگرن، كەسی دیكە ناگرێتەوە، بەڵام ئەوان چۆن رێكی دەخەن؟ ئایا بە رێككەوتنی هاوبەش دەبێت؟ بە سروشێكی كتوپڕ؟ پاشان ئایا دەستەی سیاسی (حكوومەت) دەزگایەك (ئامێرێك)ی تایبەتی هەیە بۆ راگەیاندنی ئەو ویستانە؟ ئاخۆ كێ بەرچاو روونیی پێویست بە دەستەی سیاسی دەدات، بۆ گەڵاڵە كردنی ئەو حوكمانەی پێشەكی لەوەوە دەردەچن و بڵاویشیان دەكاتەوە؟ یاخود چۆن دەتوانێ لە كاتی پێویستدا دەریان بكات؟
جەماوەرێكی نادیدەی كوێر، كە زۆر جار نازانێ چیی دەوێ، چونكە بە دەگمەن چاك و خراپی خۆی جیا دەكاتەوە، كە هەر خۆی بتوانێ بۆ خۆی پرۆژەیەكی مەزن جێبەجێ بكات، كە تا ئەو ئەندازەیە زەحمەت بێ، وەك سیستەمی یاسا؟
گەل هەمیشە، لە خۆڕا چاكەی دەوێت، بەڵام لە خۆڕا هەمیشە چاكە ناناسێ. ویستی گشتی هەمیشە دروستە، بەڵام ئەو بڕیارەی ویستی گشتی ئاراستە دەكات، هەمیشە بەرچاو روون نییە. بۆیە دەبێ هەمیشە وا كار بكەین، كە شت وەك هەقیەتی خۆیان ببینین، جاری واش هەیە وەك ئەوەی دێتە پێش چاوی، ئنجا راستەڕێیەكی پێ پیشان بدات، كە ئەو چاوی تێ بڕیوە، هەروەها پاراستنی لە تەماحی ویستی تایبەت، شوێن و كاتیش لە زەینی ئەو نزیك بكاتەوە، هەروەها خۆ رزگار كردن لە خواست و دەسكەوتی ئێستا و بەر دەست، لە پای مەترسیی دەرد و بەڵای دوور و شاراوە. تاك ئەو باش و چاكەیە دەبینن، كە رەتی دەكەنەوە، بەڵام گەل ئەو باش و چاكەیەی دەوێ كە نایبینێ. تێكڕا هەمووان بە بێ جیاوازی پێویستیان بەوەیە، كە رێنمایی بكرێن. دەبێ ئەوانەی پێشەنگن ناچار بكرێن، ویستی خۆیان لەگەڵ عەقڵیان بگونجێنن، دەبێ گەلیش فێر بكرێ، كە دەبێ بزانێ چیی دەوێ. ئیدی ئەوكات، بەرچاو روونیی گشتی دەبێتە مایەی یەكگرتنی ویست و درك لە نێو كایەی كۆمەڵایەتیدا، هاوكاریی دروست لە نێو هەموو لایەنەكاندا دێتە دی، دواجار بەهێزترین هێز بۆ هەمووان. ئەمەش پاساوە بۆ یاسادانەر.
Top