ژان ژاك رۆسۆ (2) گرێبەستی كۆمەڵایەتی

ژان ژاك رۆسۆ (2) گرێبەستی كۆمەڵایەتی

نووسه‌ر :زوقان قەرقووت (كردوویە بە عەرەبی)

وه‌رگێڕ : تاریق كارێزی

بیر و بۆچوونی لە چەندین نامەدا، رۆسۆ رەخنەی لە كۆمەڵ گرتووە. لە نامەیەكی خۆی لە ساڵی 1755دا بە ناوی "توێژینەوە لە بنەچە و بنەمای نایەكسانی"، هێرشی كردە سەر كۆمەڵ و موڵكایەتیی تایبەت، بەوەی كە سەرچاوەی زوڵم و نەیەكسانین. كتێبەكەشی "هلویزی نوێ" كە لە ساڵی 1761دا نووسیویەتی (تێكەڵەیەكە لە رۆمانی رۆمانسی و كارێ كە زۆر بە توندی رەخنەی لە پووچیی بنەماكانی رەوشت دەگرت، وەك ئەوەی رۆسۆ لە كۆمەڵی خۆیدا دەی بینی). لە كتێبی "گرێبەستی كۆمەڵایەتی"شدا كە ساڵی 1762نووسیویەتی، ئەو كتێبەی نیشانەیەكی دیارە لە مێژووی زانستی سیاسی، رۆسۆ رای خۆی لەبارەی دەسەڵات و مافی هاووڵاتیان خستووەتە روو. لە رۆمانە درێژەكەشیدا "ئیمیل" كە لە ساڵی 1762دا نووسیویەتی، رۆسۆ رایگەیاند كە دەبێ بە وردی و حاڵی بوونەوە منداڵان پەروەردە بكرێن. رۆسۆ رێنمایی ئەوە دەكات، كە مامۆستا بەدەم خولیای منداڵەوە بچێت. لە بارەی سزای توند و وانەی بێزاركەریش، ئەو هۆشداریی دا، جگە لەوە هەستی بەوەش كرد، كە پێویستە سەبارەت بە بیرۆكە و رەفتاری منداڵان، جڵەو لە دەستدا بێت.
رۆسۆ پێی وا بوو خەڵك لە خۆڕا زیندەوەر (گیاندار)ی كۆمەڵایەتی نین، ئەوەشی ئاشكرا كرد، كە ئەوانەی خۆڕسكانە دەژین، ئەوا گۆشەگیر و دوور لە كۆمەڵ دەژین، دڵیان ناسك دەبێت، هیچ هەست و گوڕ و تینی ئەوەیان تێدا نییە، كە یەكدی ئازار بدەن، بەڵام هەر كە لەگەڵ یەكدا لە نێو یەك كۆمەڵدا دەژین، ئیدی دەبنە كەسی شەڕانی. جڤاك لە رێی زەق كردنەوەی مەیلی دوژمنانە و خۆپەرستیانەوە،تاك تێك دەدات.
رۆسۆ رێنمایی خەڵكی نەدەكرد كە بەرەو حاڵەتی خۆڕسكی بگەڕێنەوە، بەڵكوو ئەو پێی وا بوو خەڵك دەتوانن لە خەسڵەتی نزیك بەو حاڵەتەوە بن، ئەگەر لە جڤاكێكی سادەی كشتوكاڵدا ژیان بەسەر ببەن، بەوەی خواست و ئارەزوویان كەم دەبێت، مەیلی سێكس و خۆپەرستیشیان لە بن كۆنترۆڵدا دەبێت، هەموو وزە و توانایەكیش ئاراستە بە سەرقاڵ بوون بە ژیانی كۆمەڵایەتی دەكرێت.
رۆسۆ لە نووسینی سیاسیانەی خۆشیدا هێڵی بەرینی ئەو سیستەمانەی كێشا، كە پێی وا بۆ دامەزراندنی دیموكراسییەك پێویستە، بەوەی هەموو هاووڵاتیان تێیدا بەشدار بن. ئەو پێی وا بوو كە دەبێ یاسا گوزارشت لە ویستی گشتیی گەل بكات. ئیدی مادام سیستەمی كۆمەڵایەتی یەكدەنگیی لە سەرە، كەواتە هەر جۆرە دەسەڵاتێك دابمەزرێ سیفەتی رەوا بوون بەدەست دەهێنێت. بە گوێرەی بۆچوونی رۆسۆ، هەموو چەشنەكانی دەسەڵات دوا جار بەرەو سستی و پووكانەوە دەچن. ناكرێ رێ لە داتەپین و داڕووخان بگیرێ، تەنیا لە رێی دەست گرتن بە پێوەری رەوشتییەوە نەبێت، هەروەها لە رێی تێك شكاندن و دوور خستنەوەی گرووپەكانی بەرژەوەندیی تایبەتەوە.
رۆپسبیر و سەركردەی دیكەی شۆڕشی فەرەنسا كەوتنە بن كاریگەریی بیر و بۆچوونی رۆسۆ لە بارەی دەوڵەتەوە، هەروەها ئەو بیر و بۆچوونانە بوونە مایەی ئیلهام بەخشین بۆ گەلێ لە سۆشیالیستان و هەندێ لە كۆمۆنیستان.
(ژان ژاك رۆسۆ) لە شەڕی نێوان كەسانی كۆن و هاوچەرخدا لایەن بوو، ئەوەش شەڕێكی هونەری و وێژەیی بوو، لە فەرەنساش بەرپا بوو.

هەژموونی وێژەییانەی
رۆسۆ رێی بۆ دروست بوونی رۆمانسیزم خۆش كرد، كە رێبازێك بوو لە كۆتایی سەدەی هەژدەم تا ناوەڕاستی سەدەی نۆزدەم دنیای هونەری كۆنترۆڵ كرد. رۆسۆ، چ بە نووسین و چ لە ژیانی كەسایەتیی خۆیدا بێت، نموونەیەك لە رۆحی رۆمانسیانەی پێشكەش كرد، ئەویش لە رێی زاڵ كردنی هەست و سۆز بە سەر عەقڵ و بیركردنەوەدا، كەللە گەرمی و خۆڕسكانەشی بە سەر خۆ كۆنترۆڵ كردندا زاڵ كرد. ئەو ئەڤینی راستەقینەی تەژی بە ویژدانی خستە نێو رۆمانی فەرەنسییەوە، هەروەها هەوڵی دا وەسفە وێنەی سروشتی بە فراوانی بەكار بهێنێ، جگە لەوە، شێوازی پەخشانی روون و رەوانی لیریكی داهێنا. ئەو لە ددان پێدانی خۆیدا جۆرە ژینامەیەكی پێشكەش كرد، كە نهێنیی كەسۆكیی تێدایە.

گەوهەری وتەكانی رۆسۆ
-ئازادی سیفەتێكی بنەڕەتیانەی مرۆڤە، مافێكە ناكرێ دەستبەرداری بین، ئەگەر مرۆڤ دەستبەرداری ئازادیی خۆی بێت، ئەوا دەست لە مرۆڤایەتی و مافی خۆی وەك مرۆڤێك هەڵدەگرێت.
-ئازادی واتە تاك بە هەموو مافێكی سیاسی، ئابووری، كۆمەڵایەتی و كولتووریی خۆیەوە، لە چوارچێوەی یاسادا شاد بێت.
-مرۆڤ لە بنەچەدا وەك كەسێكی چاك لەدایك دەبێت، كۆمەڵ ئەو بەرەو چەوتی و گەندەڵی دەبات.
-ئەو جەختی دەكردە سەر پشت بەستن بە ویژدان بۆ لە یەكدی جیا كردنەوەی چاك و چەوت لە هەڵسوكەوت و رەفتاردا، ئەو پێشی وا بوو هەموو ئایینەكان دەستی خەڵك بەرەو چاكەی كۆمەڵ دەگرن.
-رۆسۆ جەخت دەكاتە سەر بایەخدان بە منداڵ و نەوەكان و رێز گرتن لێیان، هەروەها دەرفەتی ئەوەشیان پێ بدرێت بە ئەزموون فێر ببن، كەمتریش پێیان بگوترێ ئەمە مەكە و لەوەش بەدوور بە. ئەو دەشی گوت: منداڵان زیاتر لە هاوڕێیان فێر دەبن تا لە قوتابخانە. (ئیمیل) كتێبێكە لە بارەی پەروەردەوە نووسیویەتی، تا ئەمڕۆش بۆ هەر كەسێك كە وانە بڵێتەوە،بە كتێبێكی گرنگ دادەندرێت. هەر زوو ئەو كتێبە لە سویسرا دەرچوو، هێندەی نەبرد لە هەمەجۆر وڵاتانی ئەوروپادا بڵاو بووەوە، لە رێنیسانسدا بۆ بواری پەروەردە، فاكتەرێكی كاریگەر بوو.

هەڵبژاردەیەك لە كتێبی "گرێبەستی كۆمەڵایەتی"
كتێبی یەكەم
بەشی یەكەم: بابەتی یەكەمین كتێب
مرۆڤ بە ئازادی لەدایك دەبێت، بەڵام لە هەموو لایەكەوە بە كۆت و بەند بەستراوەتەوە. ئەو بەم جۆرە خۆی بە سەروەری ئەوانی دی دەزانێت، كەچی لەوە زیاتر نییە كە لە هەمووان كۆیلەترە. ئەم گۆرانە چۆن هاتە دی؟ من نازانم. باشە چ شتێك وا دەكات ئەم كارە رەوا بێت؟ پێم وایە دەتوانم ئەم پرسە چارەسەر بكەم.
ئەگەر من هەر بایەخم بە هێز بدابا، ئەوا دەمگوت: مادام هەموو گەلێك ناچار بە گوێڕایەڵی دەكرێت و گوێڕایەڵ دەبێت، ئیدی ئەو چاك دەكات. هەر كە دەشتوانێ كۆت و بەندی گوێڕایەڵی داماڵێ، پاشان بە كردەنی دای دەماڵێت، ئەوا كارێكی باشتر دەكات، بەوەی ئازادیی خۆی بەدەست دەهێنێتەوە، بە هەمان ئەو مافەی كە لێی زەوت كرا، یان ئەو زۆر سوور دەبێت لە سەر بەدەست هێنانەوەی، یان ئەوەتا كەس نییە بتوانێ ئەو مافە (ئازادی)ی لێ زەوت بكات. بەوەی سیستەمی كۆمەڵایەتی مافێكی پیرۆزە، ئیدی دەبێتە بنەما بۆ هەموو مافێكی دی، وێڕای ئەوە، ئەم مافە هەرگێز لە سروشتەوە سەرچاوەی نەگرتووە، كەواتە ئەو بە گوێرەی رێككەوتن گەڵاڵە بووە. هەڵبەت بەر لەوەی درێژە بە لێكۆڵینەوە بدەم، دەبێ ئەوەی خستمە روو، بیسەلمێنم.

بەشی سێیەم: لە بارەی مافی ئەوەی بەهێزترە
ئەوەی بەهێزترە بۆ هەمیشە بە ئەندازەی پێویست بە خاوەن هێز نامێنێتەوە، ئەگەر هەوڵ نەدا هێزی خۆی بكاتە ماف، هەروەها گوێڕایەڵیش بكاتە ئەرك. ئەوەی وەك مافی هەرە بەهێز ناسراوە، كە بە رواڵەت بە گاڵتەجاڕییەوە لێی دەڕواندرێ، لە راستیشدا وەك بنەمایەك بڕیار دراوە. جا ئیدی پێویست نییە كەسێك ئەم پەیڤەمان بۆ شرۆڤە بكات. هێز توانایەكی ماددییە، پێم وا نییە هیچ دەرهاویشتەیەكی رەوشتی لێ بكەوێتەوە. ملكەچ بوون بۆ هێز كارێكە لەو كارانەی كە پێویستە، نەك بڵێی ویستە كردار بێت، ئەو بە زۆر كردارێكە پەرۆشی دەیسەپێنێ. ئیدی چۆن دەبێ ئەرك بێ؟
با چركەساتی هەبوونی ئەو مافە گریمانە بكەین. من دەڵێم ئەنجامی ئەو گریمانەیە هەر ژاوەژاوێكە كردن هەڵناگرێت. هەر كە هێز دەبێتە سەرچاوەی ماف، ئیدی لەگەڵ (هۆد)ا(بەرهۆ)ش دەگۆڕێت. هەر هێزێكی نوێ كە بە سەر ئەوەی پێش خۆیدا زاڵ دەبێت، ئیدی دەبێتە میراتگری مافەكەی ئەو. هەر كە دوور لە سزادان توانیمان گوێڕایەڵی لە كۆڵ خۆمان بكەینەوە، تا وای لێ دێت كە بە رەوایی ئەم شتە بكەین. مادام هەرە بەهێز لە سەر هەقە، ئیدی ئامانجی مرۆڤ ئەوەیە كار بكات تا ببێتە هەرە بەهێز. كەواتە مافێك كە بە نەمانی هێز نەمێنێ، چ بەهایەكی هەیە؟ ئەگەر گوێڕایەڵی بە زۆر (بە هێز) بەدی هات، ئیدی پێویست ناكات وەك ئەرك گوێڕایەڵی هەبێت، ئەگەر مرۆڤ ناچار بە گوێڕایەڵی نەكرێت، ئەوا پێوەی پەیوەست نابێت. بەم جۆرە دەبینین پەیڤی هەق چ شتێك ناخاتە سەر هێزەوە، ئەو لێرەدا هەرگیز هیچ واتایەكی نییە.
گوێڕایەلێ دەسەڵات بن. ئەگەر مەبەستی لەوە ئەوە بێت كە ملكەچ بوون بێ بۆ هێز، ئەوا فێركردن باش دەبێت، بەڵام ئەوە پێویست نییە. وڵامی منیش بۆی ئەوەیە، كە هەمیشە شكۆی دەشكێندرێ. منیش ددانی پێدا دەنێم كە زادەی هەموو هێزێك خودایە، بەڵام هەموو نەخۆشییەكیش هەر ئەو سەرچاوەكەیەتی. جا ئایا ئەمە واتای ئەوەیە كە نابێ پەنا ببەینە بەر پزیشك؟ ئەگەر رێگرێك لە گۆشەی چەمێكدا رێی لێم گرت، نەك نابێ پارەكەی بە زۆر پێ بدەم، بەڵام روون و ئاشكرا، ئایا من ناچارم، كاتێك دەتوانم پارەكەمی لێ بشارمەوە، بچم پارەكەمی بدەمێ؟ سەرەنجام خۆ دەمانچەكەی دەستی ئەو هێزە.
كەواتە با ددانی پێدا بنێین، هێز ماف دروست ناكات، ئێمەش ناچاری گوێڕایەڵی نین، تەنیا بۆ دەسەڵاتێكی رەوا نەبێ. بەم جۆرە هەر دەگەڕێینەوە سەر خستنە رووی پرسیاری یەكەمی من.
Top