ژان ژاك رۆسۆ(1)

ژان ژاك رۆسۆ(1)

نووسه‌ر :زوقان قەرقووت (كردوویە بە عەرەبی)

وه‌رگێڕ : تاریق كارێزی

ژان ژاك رۆسۆ (1712- 1778) نووسەر و فەیلەسووفێكی خەڵكی ژنێفە، بە گرنگترین نووسەرانی سەردەمی رۆشنگەری دادەندرێت. فەلسەفەی رۆسۆ یارمەتیدەر بوو لە گەڵاڵە بوونی رووداوەكانی سیاسیی ئەو سەردەمە و بەرپا بوونی شۆڕشی فەرەنسا. بەرهەمەكانی ئەو كاریگەرییان هەبوو بە سەر بواری فێر كردن و وێژە و سیاسەت. لەبەر گرنگیی بیر و فەلسەفەی ئەم بیرمەندە ناودارە، بە چەند ئەڵقەیەكی دەچینە نێو دنیای هزر و فەلسەفەی ئەوەوە.
ژان ژاك رۆسۆ (Jean Jacques Rousseau) ساڵی 1712 لە ماڵباتێكی فەرەنسی لە ژنێف لە سویسرا لەدایك بوو. ژیانێكی تەژی لە ناخۆشی و دەربەدەری و كڵۆڵیی بەسەر برد. هەفتەیەك دوای لەدایك بوونی، دایكی كۆچی دوایی كرد، بەم جۆرە بەخێو كردنی كەوتە ئەستۆی باوكی و خەڵكانی دی. (رۆسۆ) لە كتێبی (ددان پێدانان)دا بەم جۆرە باسی ژیانی خۆی دەكات: "من نەخۆش و لەڕ و لاواز لەدایك بووم، دایكم بوو بە قوربانی هاتنە دنیای من، ئەو لەدایك بوونەی بوو بە یەكەم دەرد و بەڵای سەرم". ئەو حەوت ساڵی تەمەنی خۆی لە ژنێفدا بەسەر برد. باوكی كەسێكی لاسار و شەڕانی بوو. بە هۆی گۆبەندێكەوە، ساڵی 1722 باوكی لە ژنێف هەڵات، بەخێو كردنی رۆسۆش كەوتە ئەستۆی مامییەوە. هێشتا لە تەمەنی شەش ساڵیدا بوو، كە باوكی ناچاری دەكرد كتێبی چیرۆك و رۆمان و فەلسەفە بخوێنێتەوە. رۆسۆ لە ساڵی 1762دا هەردوو كتێبە ناودارەكەی (گرێبەستی كۆمەڵایەتی) و (ئیمیل)ی بڵاو كردەوە، لە ساڵی 1767یشدا كتێبی (فەرهەنگی مووزیك)ی بڵاو كردەوە. كتێبەكانی رۆسۆ ناوبانگێكی زۆریان پەیدا كرد، لە سەرانسەری ئەوروپادا خوێنەری زۆریان هەبوو، بەڵام هەردوو كتێبی (گرێبەستی كۆمەڵایەتی) و (ئیمیل) رەخنە و ناڕەزایی و تووڕەییەكی زۆری بڕواداران و بێ بڕوایان، كریستیان و فەیلەسووفانیان بە دوای خۆیاندا هێنا.
دوای تەنیا بیست رۆژ لە دەرچوونی ئەو دوو كتێبە، پەرلەمانی پاریس فەرمانی دا هەردوو كتێبەكە بسووتێندرێن، دانەرەكەشیان بخرێتە زیندانەوە، بۆیە رۆسۆ بەرەو سویسرا هەڵات، ئەو وڵاتەش بڕیارێكی هاوشێوەی ئەوەی دەرهەق بە هەردوو كتێبەكە دەركرد. ئیدی ناچار رۆسۆ پەنای بردە بەر ئینگیلتەرا، لەوێش بە فەیلەسووفی ئینگلیز (داڤید هۆم) ئاشنا بوو، بوو بە میوانی ئەو، بەڵام هێندەی نەبرد لەگەڵ (هیوم)دا ناكۆكییان كەوتە نێوانەوە، ئیدی ئەو گەڕایەوە فەرەنسا و بە كاری نووسینەوەی نۆتەوە سەرقاڵ بوو تا لە ساڵی 1778دا كۆچی دوایی كرد.

چەند وێستگەیەك لە ژیانی رۆسۆ
ساڵی 1749 لە ژیانی رۆسۆداساڵی وەرچەرخان بوو، كاتێك گوێی لە پێشبڕكێیەك بوو كە بە چاودێریی ئەكادیمیای (دیجۆن) بەڕێوە دەچوو. ئەو پێشبڕكێیە خەڵاتێكی دارایی بۆ باشترین وتار تەرخان كرد، كە لەبارەی "ئایا چالاك كردنەوەی زانست و هونەر بەشدار دەبێت لە پاقژ كردنی رەوشت و رەفتار؟" بوو. رۆسۆ ئەو پێشبڕكێیەی بە هەل زانی بۆ ئەوەی رێڕەوی ژیانی خۆی دیاری بكات، لە رێی بەرهەڵستی كردنی سیستەمی كۆمەڵایەتیی سەردەمی خۆی، كە گلەیی زۆری لێی هەبوو، ئەو سیستەمەی خەڵكی دابەش كرد بوو بە سەر چینێكی دەوڵەمەند كە بایەخی بە زێدە مەسرەف و رواڵەت و خۆ هەڵكێشان دەدا، هەروەها چینێكی گەورەی هەژار و نەدار. ئەویش بڕیاری دا كە پاشماوەی ژیانی خۆی لە روون كردنەوەی رەوتگەلی تازەی گەشەی كۆمەڵایەتیدا خەرج بكات. رۆسۆ لە ساڵی 1750/1751دا وتارێكی بە ناونیشانی (توێژینەوەیەكی زانستی لە بارەی زانست و وێژەوە) پێشكەش بە ئەكادیمیاكە كرد، تێیدا هێرشی كردە سەر زانست و هونەر، بەوەی مرۆڤایەتی دەشێوێنن. بەو وتارە خەڵاتەكەی بردەوە، ئیدی بەم جۆرە ناوبانگی پەیدا كرد، كە زۆر دەمێكی شەیدای ناوبانگ بوو، بەڵام ئەو گۆشەگیری و بیركردنەوەی پێ باشتر بوو.
لە ساڵی 1755یشدا، رۆسۆ لە چوارچێوەی پێشبڕكێیەكی دیكەدا، ئەو وتارەی كە بە ناوی (گوتاری دووەم) ناسراوە، پێشكەش بە هەمان ئەكادیمیای كرد. (گوتارێك لە بارەی چاوگ و بنەمای نادادی لە نێو خەڵكدا) ئەمە ناونیشانی وتارەكە بوو، ئەم گوتارەش وەك ئەوەی یەكەم دیسان مشتومڕ و گۆبەندێكی زۆری نایەوە، دوژمنایەتیی دەسەڵاتدار و چینی دەوڵەمەندانی بۆ هێنا. كاتێك رۆسۆ بوو بە (كاتولیك)، مافی وڵاتایەتیی لە ژنێڤ لەدەست دا، بۆ ئەوەی ئەو مافە بەدەست بهێنێتەوە، لە ساڵی 1754دا جارێكی دی گەڕایەوە سەر ئایینزای (پرۆتستانتی). لە ساڵی 1757دا ناتەبایی كەوتە نێوانی ئەو و فەیلەسووفانەوە، چونكە لە لایەنی ئەوانەوە هەستی بە چەوسانەوە دەكرد. هەر لە ساڵی 1757دا وەك یاریدەدەری باڵیۆزی فلۆرەنسا چووە مەغریب (مەراكش)، ئەو بەو وڵاتە سەرسام بوو، لەوێش بە جوانیی كچێكی مەغریبیدای هەڵدا، كە ناوی (حەمیدە) بوو، شێت و شەیدای ئەو كچە بوو.

بەرهەمەكانی رۆسۆ
بەرهەمەكانی (ژان ژاك رۆسۆ) تامی هەست كردن بە تاوان و زمانی سۆزیان لێ دێت. نووسینەكانی رەنگدانەوەی هەوڵی ئەو بوون بۆ زاڵ بوون بە سەر هەستی قووڵی ئەو خۆ بە كەم زانینەی ناخی، گەڕانیش بوو بۆ دۆزینەوەی ناسنامەی خۆی لە جیهانێكدا، كە وێ دەچوو ئەو رەت دەكاتەوە. لە سێ دیالۆگدا كە بە ناونیشانی (دادوەری ژان ژاك رۆسۆ) دەرچوون، كە لە ساڵانی نێوان 1772- 1776دا نووسراون، لە ساڵی 1782شدا بڵاو كرانەوە، رۆسۆ هەوڵی دا بەرسڤی ئەو تۆمەتانە بداتەوە، كە نەیارانی دەیان دایە پاڵی، هەروەها ئەوانەش كە پێی وا بوو دەی چەوسێننەوە.
هەڵبەت دوایین بەرهەمی ئەو، جوانی و ئارامی بە سەریدا زاڵ بوو، كە بە ناونیشانی (زیندە خەونی دێوەرەی تەنیا) كە لە نێوان ساڵانی 1776- 1778دا نووسراوە، لە ساڵی 1782شدا بڵاو كراوەتەوە. هەروەها رۆسۆ هەم شیعر و هەم شانۆنامەی بە پەخشان و هۆنراوە نووسیوە. هەروەها چەندین بەرهەمی مووزیكیشی هەیە، لەوانە گەلێ وتاری لەبارەی مووزیكەوە هەیە، بێ لە ئۆپرای (سترانە شانۆ)ی "فاڵچیی گوندەكە"، هەروەها فەرهەنگێكی مووزیك (1767)، كۆمەڵە گۆرانییەكی میللی بە ناونیشانی (پرسە بۆ كڵۆڵییەكانی ژیانم- 1781). سەرباری ئەوانە، رۆسۆ لەبارەی رووەكناسیشەوە نووسینی هەیە، كە ساڵانێكی زۆر شەیدای بوو.

لە بارەی پەروەردەوە
رۆسۆ كتێبێكی سەرەكیی لە بواری پەروەردەدا هەیە ناوی "ئیمیل یان لە بارەی پەروەردەوە"، كە لە شێوەی چیرۆكی منداڵێكە. چیرۆكەكە بە لەدایك بوون و گەورە بوونی (ئیمیل) دەست پێ دەكات، بە ژن هێنانی ئەویش لە تەمەنی 25 ساڵیدا كۆتایی دێت. ئەو منداڵە رێی پێ دەدرێت بە پێی سەلیقەی خۆی پەروەردە و گەورە بێت، بە بێ ئەوەی ناچار بكرێت زانست و كولتوور ئەزبەر بكات، ئیدی بەم جۆرە منداڵ بە گوێرەی جۆری مەیل و بە ئەزموونی تایبەتی خۆی فێر دەبێت.
گرنگترین شت كە رۆسۆ چاوی تێ بڕیوە، ئەوەیە كە هەستی كۆمەڵایەتی لە لای منداڵ بپشكوتێ. ئەو جەختیش دەكاتە سەر سەربەخۆیی پەروەردە و پێگەیاندن، دەبێ ئەمە تێكەڵ بە رێنمایی كردنێكی شاراوە بێت، بە چەشنێ خواست و ئارەزووی منداڵ، لەگەڵ ئەوەی كە مامۆستا دەیەوێ،كۆك و تەبا بێت. لە كتێبی "ئیمیل یان لە بارەی پەروەردەوە"، رۆسۆ دەڵێ: "لەگەڵ منداڵدا رێكاری پێچەوانە بگرنە بەر، بەوەی كە هەست بكات ئەو خاوەن بڕیار و هەڵبژاردنە. بە دەنگەوە هاتن و ئەرێ كردن بەدی نایەت، تەنیا بەو هەستە نەبێت، كە مرۆڤ لەوەی فێری دەبێت ئازادە. ئەمەی چەسپاندن و جێگیر كردنی راستەقینەیە."
رۆسۆ پێی وایە ئەو نەوەیەی بەم شێوە ئازادە پەروەردە دەبێت، دەبێتە چاكترین نەوەی كۆمەڵ.
رێكاری رۆسۆ بۆ پەروەردە كردنی نەوەكان زۆر بە خێرایی بە دەوڵەتانی ئەوروپادا بڵاو بووەوە، كە تا دەگاتە ئەمڕۆش ئەو رێكارە لە نێو رێكارەكانی پەروەردەی نوێدا، بە رێكارێكی بنەڕەتی دادەندرێت.
Top