لە پێشدا دیموکراسی (٢-٢)

لە پێشدا دیموکراسی (٢-٢)

نووسه‌ر :محەمەد وەقیدی

وه‌رگێڕ : تاریق کارێزی

بزووتنەوەی نەتەوەیی (قەومی)ی عەرەب لە سەردەمی پاشەکشە کردنی ئیمپراتۆریەتی عوسمانیدا پەیدا بوو، ئەو ئیمپراتۆریەتەی چەندین وڵاتی عەرەبی لە ژێر دەستدا بوو. یەکێ لە رواڵەتە جێ سەرنجەکانی بزووتنەوەی نەتەوەیی عەرەب، بانگەشە کردنیەتی بۆ رزگار کردنی وڵاتانی عەرەب لە ھەر ژێردەستەییەکی دەرەکی:
رەونەقی بیرۆکەی رزگاری کە بزووتنەوەی نەتەوایەتیی عەرەب بەرزی کرد بووەوە، لەوەدایە کە بەدەم خواستی بنیات نانی دەوڵەتێکی نوێی عەرەبییەوە دەچێت، کە خاوەن سەروەرییەکی ناوخۆ و دەرەکی بێت.
بزووتنەوەی رزگاریخوازی عەرەب، ھەروەھا بیرۆکەی یەکێتیی نەتەوەی عەرەبیشی بەرز کرد بووەوە، ئەمەش بیرۆکەی سەرنج راکێشە بە لای چەندین گرووپی جڤاکەیلی عەرەبەوە، نەمازە تیرەگەلی کریستیانەوە. بیرۆکەی نەتەوایەتیی عەرەب، ھەموو عەرەب لە رووی نەتەوەییەوە بە دەوری خۆیدا کۆ دەکاتەوە، بەدەر لە جیاوازیی ئایینیی نێوانیان. کریستانەکان نەک ھەر ئەو بیرۆکەیەیان قبووڵ کرد، بەڵکوو ئەوان پێشەنگی بزووتنەوەی نەتەوایەتیی عەرەب بوون، گەشەیان بە ئایدیۆلۆژیاکەشی دا. کارێکی ئاسایی بوو کە وا بوو (بەم جۆرە بوو)، چونکە بیرۆکەی نەتەوە وابەستە بە رۆنانی بیرۆکەی نیشتیمانە نەک بیرۆکەی ئایین. ئاشکرایە کە نەتەوەی عەرەب بەم رەوتەی، لە ئایدیۆلۆژیای یەکەمی چاکسازی جودا بوو، کە ئیسلامیی سەلەفی بوو. یەکێتیی عەرەب چێوەیەکە دەکرێ عەرەبی موسڵمان و ناموسڵمان لە نێویدا بێنە جۆش.
بزووتنەوەی نەتەوایەتیی عەرەب، ھەروەھا بیرۆکەی سۆشیالیزمیشی گرتە خۆ. ئەو جڤاکەی عەرەب کە (بزووتنەوەکە) بانگەشەی بۆ دامەزراندنی دەکرد، لە ھەر وڵاتێکدا کۆمەڵێکی ناوچەیی ھەبوو کە ھەوڵی دەدا لە ھەر ھەژموونێکی دەرەکی رزگاری ببێت، چاویشی لەوەیە لەگەڵ وڵات و ھەرێمەکانی دیکەی عەرەبدا یەک بگرێت، ھەروەھا چاوی لەوەشە کە لە رێی سەروەریی سیستەمێکی سۆشیالیزمەوە، دادی کۆمەڵایەتی بەدی بێت. بەم جۆرە بزووتنەوەی نەتەوایەتیی عەرەب بوو بە ھاوپەیمانی بزووتنەوەکانی رزگاریخواز لە گەلێ شوێنی جیاجیای جیھاندا، بە دیوێکی دیکەشدا بوو بە ھاوپەیمانی ئەو بزووتنەوانەی لە جیھاندا ھەواداری سۆشیالیزم بوون.
پاش ئەو رووداوانەی سەردەمی مانداتی بەریتانیا لە سەر خاکی فەلەستین و ئەو بەڵێنی یارمەتییەی بە بزووتنەوەی زایۆنیزم درا، سەبارەت بە دامەزراندنی دەوڵەتێک بۆ جوو لە سەر خاکی فەلەستین، بیری نەتەوایەتیی روونتر کردەوە. بیرۆکەی نەتەوایەتیی عەرەب، ئەو پاشخانە ئایدیۆلۆژییە بوو، کە عەرەب لە پێناوی فەلەستیندا، بەوەی بەشێکە لە نەتەوەی عەرەب، شەڕی دەکرد.
ناچێنە نێو وردەکاریی مێژووی ئەو وڵاتانەی کە رەوتی نەتەوەیی عەرەب تێیاندا بە ترۆپکی دەسەڵات گەیشت، ئیدی ئەرکی بەڕێوە بردنی کۆمەڵیان کەوتە ئەستۆ. بەوەندە بەسی لێ دەکەین، کە بەدواداچوون بۆ ھێڵی گشتیی رێڕەوی ئەو مێژووە دەکەین، بەوەی کە دەڵێین بزووتنەوەی نەتەوایەتیی عەرەب لە پیادە کردنی بیری خۆیدا سەرکەوتوو نەبوو، کاتێک لە دەسەڵاتدا بوو، نەیتوانی پەرە بە رێوشوێنی دیموکراسیی نێو کۆمەڵ بدات، کە وێڕای بیری ئازادیخواز و یەکێتیخوازانەی، کە کرد بوونی بە دروشمی کار کردنی، کەچی زۆر لە رواڵەتەکانی دیکتاتۆریەت سەریان ھەڵدا. لێرە بە دواوە دێینە سەر باس کردنی ھەندێ لەو رواڵەتانە:
١-گەیشتن بە دەسەڵات لە رێی ھێزی سوپا و کودەتا بوو بە سەر دەسەڵاتی پێشتردا، ئەمەش واتای ئەوەیە کە داگیر کردنی ئەو پۆست و پێگەیە لە کۆمەڵ بە پێی ھەلومەرجی دیموکراسی نەبوو. پاساوی ئاساییانەی ئەمەش ئەوە بوو، کە دەیانگوت کارەکە پەیوەندیی بە شۆڕشێکەوەیە کە دەسەڵاتێکی گەندەڵ و ملھوڕی لە کۆڵ کۆمەڵ کردەوە، لە پێناو قەرەبوو کردنەوەی بە دەسەڵاتێکی دی، کە کار بۆ بڵاو کردنەوەی داد و یەکسانی دەکات، بەرژەوەندیی جڤاک و نەتەوەش رەچاو دەکات.
٢-لە بری ئەوەی کودەتای سەر دەسەڵات ببێتە رووداوێکی دەگمەن لە مێژووی وڵاتدا، کە لە رابردووی نادیموکراسییەوە بەرەو ئێستایەکی ببات، کە تێیدا پشت بە رێوشوێنی دیموکراسیانە لە نێو کۆمەڵ و دەستاودەست کردنی دەسەڵات بە گوێرەی ئەو سیستەمە ببەستێت، دەبینین کودەتای سەربازی دەبێتە ئەو رێسایەی کە بۆ گەیشتن بە تەختی دەسەڵات دەگیرێتە بەر.
٣-ئەو سیستەمی حوکمڕانییەی کە بزووتنەوەی نەتەوایەتیی عەرەب لە کاتی بە دەسەڵات گەیشتنی دایمەزراند، دەسەڵاتی تاکە پارت بوو. ئەو سیستەمەش لە دیموکراسییەوە دوورە، تەنانەت ئەگەر ھێما بە ھەبوونیشی بکرێت لە رێی دامەزراندنی چەند دەزگایەکی فۆرمالیستانەش، کە نیشانە بن بۆ دیموکراسی. سەرباری ئەوە، ئەو سیستەمە گەلێ لایەنی نەرێنیی ھەیە، لەوانە رووتاندنەوەی ژیانی سیاسی لەو وڵاتەی ئەوی تێدایە، ئەویش بەوەی ژیان بەند بکرێت بە لایەنگیری کردن لە بۆچوونێکی دیاری کراو لەبارەی کۆمەڵەوە، ئەمەش کار لە ژیانی ھزری و سیاسی دەکات، ئەمەش بەرەو گوتنەوەی گوتەگەلێکی دیاری کراومان دەبات، بەم جۆرە تواناکانی داھێنان لە ژیانی سیاسی، تەنانەت ھزری و پەروەردەییش، دوور دەخاتەوە. ھەروەھا ئەو رژێمە کە بە مەیل و ھەوادارییەوە یان بە لای کەمەوە پیشان دانی ئەو مەیل و ھەوادارییەوە بەندە، دەبێتە چاوگێک بۆ بەدەست ھێنانی دەسکەوت بۆ ئەندامانی پارتی دەسەڵاتدار، ئەمەش پێوەری لێک جیا کردنەوە لە نێو ژیانی جڤاک تێک دەدات.
٤-سیستەمی تاکە پارتی دەسەڵاتدار، یان ئەوەی ھەژموونی سیاسیی بە سەر وڵاتدا سەپاندووە، ئەویش بە پشت بەستن بە چەند بەندێکی دەستوور، کە تەنیا ماف بەو دەدات، رێ نادات سوود لە ھەموو وزە و تواناکانی کۆمەڵ وەربگیرێ، ئەو کۆمەڵەی کە سیستەمی ژیانی باو، تاکەکانی ناچار دەکات بەرەو دەرەوەی وڵات کۆچ بکەن. سەرباری وزە و توانای دی کە لە نێو کۆمەڵدا بە سڕ کراوی دەمێننەوە، بە سایەی ئەو دوور خستنەوەی پێویستە، بە گوێرەی لۆژیکی ھەواداری کە سیستەمی تاکە حیزبی دەسەڵاتدار دەیسەپێنێ. ئەمەش کار لە کاروانی گەشە و ریتمەکەی لە نێو کۆمەڵدا دەکات.
٥-بزووتنەوەی نەتەوایەتیی عەرەب نەیتوانی کۆمەڵێک بنیات بنێت کە دیموکراسیی جڤاکیانەی تێدا بێت، کە پێکھاتەکانی جیاجیای کۆمەڵ بە شێوەیەکی دیموکراسیانە تێیدا بژین. بەم جۆرە، جەخت کردنە سەر توخمی عرووبە و سیفەتی رەھایی پێ بدرێت لە نێو رەوتی سیاسی و جڤاکیدا، رەوشەکەی بەو ئاقارەدا برد، کە ھەندێ پێکھاتەی ناعەرەب لە نێو کۆمەڵدا پەراوێز خران، دەرفەتی ئەوەیان پێ نەدرا کە بەوەی خودێکن، خۆیان بە بەشێک لە ھەمان کۆمەڵ بزانن. بزووتنەوەی نەتەوایەتیی عەرەب نەیتوانی عرووبەیەک کە ناسنامە بە خۆی دەدات، چوارچێوەیەک بۆ پێکەوە ژیان لە چوارچێوەیەکی دیموکراسی بۆ پێکھاتەکانی دی بسەپێنێ. سەرباری ئەوەی ئەم کارە وزەی کۆمەڵ پەرت دەکات و بەشێکی ئەو کۆمەڵە پەراوێز دەخات، دەشبێتە چاوگێک بۆ ململانێی لابەلا، کۆمەڵ بەرەو ئەو رێڕەوی رەسەنە دەبات، کە بزووتنەوەی نەتەوایەتیی عەرەبی لە سەر دامەزراوە، دەرگاش بەرەو رووی ھەندێ دەست تێوەردانی دەرەکی دەکاتەوە. ئەم کارەش بە کردەنی کاری لە ئارامی و گەشە کردنی جڤاک کرد.
٦-جگە لەو رواڵەتانەی پێشوو، رواڵەتێکی بەھێزتری ناتەبا لەگەڵ دیموکراسی و پتر دوورتر لە بزووتنەوەی نەتەوایەتی لەو ئامانجانەی کە راگەیاندرا بوون، پەیدا دەبێت. مەبەستیشمان پەیدا بوونی دەسەڵاتی رەھای تاکڕەوییە، کە زادەی دەسەڵاتی تاکە حیزبە. ھەژموونی تاکە کەس بە سەر دەزگاکانی دەڵەوت و پارتدا چڕ دەبێتەوە، واشیان لێ دەکات ببنە پاشکۆی ویستی دەسەڵاتدار، ئەمەش بەشێک لە سیاسەتی دەوڵەت رەنگڕێژ دەکات. لەم حاڵەتەدا وڵات لە ھەموو تەگبیرێکی راوێژ کردن بە کۆمەڵ دوور دەکەوێتەوە، بزووتنەوەی نەتەوایەتیش لە بنەماکانی خۆی دوور دەکەوێتەوە، دەسەڵاتێکی دیکتاتۆرییش جێی ئەو دەگرێتەوە، تەنانەت ئەگەر بە ناوی بزووتنەوەکەشەوە حوکمڕانی بکات. بنەمای نەتەوەیی و کەسی دەسەڵاتدار تێکەڵ بە یەک دەبن، ئەمەش ھاوشێوەی ئەوەیە کە لە سەردەمی ستالیندا لە حاڵەتی وڵاتانی سۆشیالیزمدا رووی دا.
٧-ئاکامی ئەم تەرزە حوکمڕانییە، وەک ئەوەی لە عیراقدا روون بووەوە، وڵات دەکەوێتە نێو شەڕ و ململانێی واوە، کە کەس ئاکامەکانی نازانێت، ئەمەش وڵاتی زۆر بەرەو پاش گەڕاندەوە، لە ھەموو مەبەست و خواستێکی بەرنامەڕێژانەش دووری خستەوە، لە نێویشیاندا ئامانجەکانی نەتەوەیی عەرەب. ھەمان رەوش وڵاتانی دیکەشی گرتەوە، وەک سووریا.
ئەوەی پێشتر باسمان کرد، روونی دەکاتەوە کە نەبوونی دیموکراسی لە بەرنامەی کردەنیانەی بزووتنەوەی نەتەوایەتیی عەرەب، یەکێک بوو لە ھۆیەکانی شکست خواردنی لە بەدی ھێنانی ئامانجی نەتەوەییانەی خۆی. لەگەڵ نەبوونی دیموکراسی و پەیدا بوونی دیکتاتۆری بە ناوی نەتەوەوە، ئامانجەکانی نەتەوە بۆ خۆیان ون بوون. نەتەوە، وەک سۆشیالیزم کە بەر لە ئێستا قسەمان لەبارەوە کرد، پێویستی بە بەھایەکی دیکەیە بخرێتە سەری کە دیموکراسییە. ئەمەش رێ نیشاندەری ئەوەیە کە دەبێ بیرکردنەوە لەم بابەتە رووی تێ بکات، نەبوونی دیموکراسی دەیسەلمێنێ کە لە پێشڕا ئەو پێویستە.
Top