پەروەردە لە نێوانی ویژدان و عیرفاندا

پەروەردە لە نێوانی ویژدان و عیرفاندا

نووسه‌ر :نوورەدین غیلوفی

وه‌رگێڕ : تاریق كارێزی

دەروونناسیی پەروەردە لە توێژینەوەكانیدا ئاماژە بە بەریەك كەوتنی نێوان(دەروونناسیی گەشە) و (دەروونناسیی عیرفان) دەكات. بواری فێربوون كە خۆی تەرخان دەكات بۆ بایەخدان بە فێرخواز (قوتابی، خوێندكار)، ئەو لەو بابەتەوە دەست پێ دەكات، كە بە بەردی بناغە و جێی بایەخ پێدانیان دادەنێت، ئەوانیش: لە لایەكەوە گەشە، لە لایەكی دیكەشەوە رەوتی درك كردنە.
گەشە بریتییە لە پرۆسەیەكی تەواوكار لە رووی گۆڕانی فیزیۆلۆژی و دەروونییەوە، ئامانجی ئەوەیە توانای مرۆڤ لە رووی زاڵ بوون بە سەر ژینگەدا، باشتر بكات، ئەوەش پرۆسەیەكی رێك و پێكە، بە پێی بنەما و پرەنسیپ بەڕێوە دەچێت، بە رێساگەلێكیش كە دەكرێ بیان ناسین و لێیان بكۆڵینەوە، بەرەو پێش دەچێت. ئاشنا بوون بەو بنەما و پرەنسیپانە پێویستە، لە پێناو ئەوەی وانەبێژ (مامۆستا) بتوانێ فێرخوازان تێبگەیەنێ. وانەبێژ (مامۆستا) لە سەریەتی كە درك بەو پرۆسەیە بكات، كە لە رێی ئەوەوە تواناكانی شاراوەی مرۆڤ (تاك) دەكرێنەوە و لە شێوەی توانا و شارەزایی و كارامەیی، هەروەها لە شێوەی سیفەت و خەسڵەتی كەسایەتیدا، دەردەكەون.
دەروونناسیی گەشە بایەخ بە هەمەجۆر قوناغەكان دەدات، كە مرۆڤ هەر لە سەرەتاوە تا كۆتایی پێیاندا تێپەڕ دەبێت. ئەم قوناغانەی كە یەك بە دوای یەكدا دێن، بریتین لە كۆمەڵە ئەڵقەیەكی پێكڤە گرێ دراو، مرۆڤ لە كەم و كورتییەوە بەرەو تەواو بوون بە نێویاندا تێپەڕ دەبێت، پاشان تەمەنی روو لە لیژی دەكات، تا وای لێ دێت سەرەنجام هیچ نازانێت. هەڵبەت توێژینەوە لەم بوارە، یارمەتیی پەروەردەكار دەدات كە پەی بە خەسڵەتەكانی منداڵان و هەرزەكاران ببات، هەروەها بەو فاكتەرانەش ئاشنا بێت، كە كار لە گەشە و رەفتاریان دەكات. هەر كاتێك بە شێوازێك ئاشنا بوو كە لەگەڵ ژیانی ئەواندا بگونجێت، ئەوا دەگاتە كەناری دانانی پرۆگرام و رێكاری وانەگوتنەوە، هەنگین دەشتوانێ ئەو ئامرازانەش ئامادە بكات كە پاڵپشتن بۆ پرۆسەی پەروەردە. ئەگەر لە ئەرك و چالاكییەكانی مەعریفەش گەیشت، ئەوا بەو شتەش دەگات كە یارمەتیدەری دەبێت بۆ دیاری كردنی باشترین رێكاری پەروەردە و فێربوونێك، كە لەگەڵ قۆناغ و ئاستی پێگەیشتنی ئەودا دەگونجێت.
لەم بابەتەدا بایەخ بە قۆناغی هەرزەكاری دەدەین و لە دوو ئاستی ئەویش ورد دەبینەوە، كە بریتین لە: ئاستی عیرفان و ئاستی ویژدان. هەوڵیش دەدەین رۆڵی هەر ئاستێك لەو دوو ئاستە لە رووی گەشەدان بە ئاستەكەی دی وكاریگەریی بە سەرییەوە، روون بكەینەوە، بەوەی چ تێك هەڵكێش و تێكەڵ بوونێك لە نێوانی هەردوو ئاستەكەدایە، كە رەنگە لە یەكدی جیا كردنەوەیان كاری كردەنی نەبێت، تەنیا مەگەر بۆ بە دەنگەوە چوونی پرۆگرام نەبێت.
بەهای قۆناغی هەرزەكاری لەوەوە سەرچاوە دەگرێت، كە وەك قۆناغێكی دابڕ و پێكڤە گرێدەری نێوان هەردوو قۆناغی منداڵی و پێگەیشتنە. ئەم قۆناغە كۆمەڵێك خەسڵەتی تێكچڕژاوی هەیە، ئەوەی بە لای ئێمەوە مەبەستە، هەردوو لایەنی ویژدان و عیرفانە.
مادام كە ئامانج دەروازەیەكی گونجاوە بۆ ئاوڕدانەوە لە پرۆسەی فێربوون، بەوەی كە كردەیەكی ستراتیژییە، ئامانجی پێگەیاندنیفێرخوازانە لە رووی مەعریفە و ویژدان و دەروونی بزواوەوە، ئەوا ناچارین لەم رووەوە تەماشای پرسەكە بكەین، كە پەیوەندیی بە ئامانجەكانی فێربوونەوە هەیە، بە هەردوو بەشی عیرفان و ویژدانییەوە.
ئێمە هەر لە سەرەتاوە درك بەوەش دەكەین، كە سنووری نێوان هەردوو بوارەكەش تەنیا سنوورێكی تیۆرییە، هەڵبەت رێڕەوی عیرفان لە راستیدا جیا نییە لە هەستی وێژدان. كاتێك مرۆڤ فێری زانینێك دەبێت، لە فێر بوونەكەیدا فاكتەری مەیل و پەسند كردن و چێژ تێكەڵ بە یەكدی دەبن.فێر بوونیش كە بە ئاكام دێت، ئەو لە سەر بنەمای هەماهەنگییەكی بەردەوامی نێوان هەردوو رێڕەوی عیرفان و حاڵەتگەلی ویژداندا لەنگەر دەگرێت. هەڵبەت ئەو حاڵەتانە سەبارەت بە وانەبێژان بە نادیاری دەمێننەوە، ئەوان لە وانەگوتنەوەدا هەست بە بایەخەكەی دەكەن، بەڵام ناتوانن بە وردی دیاریی بكەن. ئیدی بایەخ پتر بە ئامانجەكان دەدەن، كە مۆركی مەعریفییان هەیە، داوای خوارووی ئەویش دەكەن، ئەوان لە زانین بەو لاوە، داوای ئەوان چ ئامانجێكی دی نییە.
وا پێناسەی فێر بوون دەكرێت كە بریتییە لە هەموار كردنی رەفتار لە رێی شارەزاییەوە، یان ئەو زنجیرەیەك گۆڕانە لە رەفتاری مرۆڤدا. مادام كە فێر كردن بە رەفتاری مرۆییەوە گرێ دراوە، ئیدی دەگەڕێتەوە سەر كۆمەڵێك رەفتارە ئامانج، بەوەی كە وانەبێژ، كە پلانی وانەكەی دادەنێت، پێویستی بەوەیە كە ئامانجەكانی رەفتاری خۆی یان ئامانجەكانی فێركارانەی خۆی دەست نیشان بكات، بۆ ئەوەی پاساوێك بۆ ئەوە بهێنێتەوە كە بە قوتابییەكانی دەڵێتەوە، فێرخوازانیش پێویستیان بەوەیە كە ئامانجەكانی وانەگوتنەوەكە بزانن، هەروەها بەهای ئەوەشیان لا روون بێت كە دەیخوێنن.
ئامانجە رەفتار وا دیاری دەكرێت، بەوەی ئەو گۆڕانەیە كە چاومان تێی بڕیوە، چاوەڕوانیش دەكرێت كە (ئەو گۆڕانە) بە سەر رەفتاری فێربوودا بێت، ئەگەر لە پاش ئەوەی فێرخواز بە ئەزموونێكی دیاری كراوی فێركارانەدا تێپەڕ بێت، ئەوا ئەو ئامانجە بەدی دێت.
ئامانجەكانی فێركردن بە چەندین شێوە پۆڵێن دەكرێن، ئێمە تەنیا بەوانە بەسی لێ دەكەین كە پەیوەندییان بە بواری عیرفان و بواری ویژدانەوە هەیە، هەروەها ئەو كارلێكەی نێوانیان. جا ئاخۆ ئەو دوو بوارە چۆن كارلێك دەكەن؟ چۆنیش بواری هەر یەكەیان دەدرێت بۆ گەشەدان بەوی دیكەیان؟
لەبەر ئەوەی توێژەرانی بواری پەروەردە و پیداگۆژیا (پیداگۆژیا: پێناسەیەكی دیاری كراوی نییە، پیداگۆژی پەیڤێكی یۆنانییە، واتە ئەو كۆیلەیەی قوتابی دەگەیەنێتە قوتابخانە. بە گشتی چەمكێكە بە دەوری پرۆسەی پەروەردەدا دەخولێتەوە- ت ك)، پەنایان بردە بەر پۆلێن كردنی ئامانجەكانی فێركردن بۆ هەمەجۆر چەشن (ئامانجی مەعریفی، ئامانجی ویژدانی، ئامانجی جوولە دەروونی)، ئەوا پۆڵین كردنەكەیان بۆ ئامانجێكی میتۆدكارانەیە، كە زادەی توێژینەوەیە. پیداگۆژیای نوێ پێی وا نییە كە فێربوون كردەیەكی ساغ عەقڵی و جودا لە سۆزە. گەلێ توێژینەوەی پیداگۆژی روونی دەكەنەوە، كە هەست و سۆز رۆڵی گەورەیان هەیە لە پرۆسەی فێربوون، واش دیاری دەكرێت كە لە بنەڕەتدا كردارێكی پێكەوەڕۆیە، واتە هاریكارییەكی كارلێكانەیە. فێربوونیش بە گوێرەی ئەم بۆچوونە، بریتییە لە تێكەڵ بوون لەگەڵ پرۆژەیەكی دەستەجەمعی، كە بە بەشداری كردنی هەمەجۆر توخم بەدی دێت.
ئەگەر قوتابی هەست بكات لە نێو بەشەكەدا كار و ئەركێك هەیە كە بەدیی دەهێنێت، ئەوا متمانە بە خۆی دەكات و پتر متمانەش بە ئەوانی دی دەكات. بەم جۆرە هەموو قوتابییەكی بەشەكە هەست بە بەرپرسایەتی دەكات و بە هەموو بایەخێكەوە روو دەكاتە بایەخدان بە وانەكە و بەشدار دەبێت لە بەجێ گەیاندنی. خۆ ئەگەر پەیوەندیی نێو بەشەكە بەند بوو بە دۆستایەتی و رێزی دوولایەنەوە، ئیدی ئەوە بەشدار دەبێت لە دروست بوونی كەشێك بۆ فێربوونی هەرەوەزانەی نێوان هەموو لایەنەكان.
لە بواری پیداگۆژیادا، لایەنی ویژدان بە هەموو ئەو ئامانجانەوە گرێ دراوە، كە واش پۆلێن دەكرێت كە گۆڕینێك لە بایەخ پێدان و هاندان و بەهاكانە، هەروەها گەشە كردنێكە لە بڕیاردان و توانای خۆ گونجاندن و هەماهەنگی كردن. بەم جۆرە لەگەڵ لایەنی عیرفاندا تێكەڵ دەبێت، ئیدی هەر یەكەیان لە هەمان كاتدا دەبێتە ئامانج و ئامراز. ئەو قوتابییە هیچ ئارەزوویەكی خوێندنی نییە، دەبێ هەوڵی بزواندنی بدەین بە پشت بەستن بە ورووژاندنی هەست و مەیلەكانی، خۆ رەنگە وا پێویست بكات كە پەستی بكەین بۆ ئەوەی بە جۆشی بهێنین. بۆ نموونە ئەگەر قوتابیی هەرزەكار لە وانەی (زمانی كوردی)دا شل و خاویی پیشان دا، ئەوا بێ تووڕە بوون خۆمانی بۆ تەرخان دەكەین تا پشتیوان و هاوكاری بین، نەبادا رایەڵی نێوانی ئێمە و ئەو بپچڕێ. با بۆی روون بكەینەوە كە ئامانجی وانەی زمان ئەوەیە، كە هەم زمانەكەمان و هەمیش كولتوورەكەمان بپارێزین، ئەمەش بەر لە هەر كەسێكی دی ئەرك و بەرپرسایەتیی ئەوە، ئیدی نابێ كەس سووكایەتی بە خۆی بكات. بەمە ئامانجی ویژدان دەردەكەوێت، بەوەی كە شێوازێكە گوزارشت لە نیەتێك دەكات كە پەیوەندیی بە هەڵوێستی كەسەكەوە هەیە، ئەمیش هەست و سۆز و ورووژان دەگرێتەوە. كاتێك ئاستەنگێك دێتە پێش گواستنەوەی زانین بۆ قوتابی، ویژدان لە میكانیزمێكەوە بۆ تەواو كردنی وانەوە دەبێتە بابەتێك بۆ وانە گوتنەوە، كە لە رێی ئەوەوە وانەبێژ بە داوی ئەوەدا دەگەڕێت، كە سەرنج قوتابی بە لای گرنگیی بابەتی وانەكەدا رابكێشێت، هەروەها پەرۆشیی لە لا بجوولێنی و هانی بدەیت تا ناوەرۆكی وانەكە فێر ببێت.
بۆ ئەوەی وانەبێژ بتوانێ سەرنج قوتابی رابكێشێت و بیخاتە سەر باری پەرۆشی، دەبێ پەی بە هەمەجۆر پێداویستەكانی ببات، كە وەك دەسپێك بۆ كرداری فێربوون پشتی پێ دەبەسترێت. پێویستی حاڵەتێكە لە نائارامی، كە زادەی نەبوونی شتێكی پێویستە. داوا لە وانەبێژیش دەكرێ، كار بۆ سووك كردنی ئەم نائارامییە بكات، ئەویش بە ورووژاندنی رەفتاری فێرخواز و ئاراستە كردنی بەرەو پڕ كردنەوەی كەم و كوڕی، پاشان چوون بەدەم پێداویستەكان و تێر كردنیان. ئەمەش لە رێی بە ئاگا هێنانی پاڵنەر، كە ئەو هێزەیە پاڵ بە فێرخوازەوە دەنێت بۆ بە ئاكام گەیاندنی كردار.
پێداویست و پاڵنەر لە بواری پەروەردەدا ئاماژە بە هەموو شتێك دەكات، كە پاڵ بە فێرخوازەوە دەنێت هەندێ ئەرك بەجێ بگەیەنێت، بە مەبەستی بەجێ گەیاندنی ئامانج. ئەمەش واتای ئەوەیە كە كرداری پەروەردە دەبێ جۆرێك پلان و بەرنامەڕێژیی بۆ كرا بێت، كە دەبێتە مایەی بەدی هێنانی پێداویستەكان و وەگەڕ خستنی پاڵنەرەكان، چونكە پێداویست و پاڵنەری كۆمەڵایەتی و دەروونی و پەروەردەیی، بزوێنەری چالاكیی فێربوونن لە لای قوتابیان.
هەندێ لە توێژەران ئەو پێداویستانەی هاندەرن بۆ فێر بوون، بەم جۆرە دیارییان كردوون:
-ئارەزووی بەدی هێنانی خۆ (خود).
-داننان بە خۆ.
-بەرپرسایەتی.
-بەرز بوونەوەی كەسی.
-پەرەسەندن.
-سەربەخۆیی.
فێرخوازی هەرزەكار گەلێ پێداویستی هەیە، دەبێ وانەبێژ دركیان پێ بكات، بشزانێ كامەیان تاكە كەسین و كامەشیان هاوبەشن، بۆ ئەوەی بە چاكی رەچاویان بكات، چونكە ئەمانە بوون بە ئامانجی پەروەردە، كە لەمانەشدا چڕ دەبنەوە:
-پێویستە كەسایەتیی فێرخواز وابەستە بە سەردەم بكەیت بۆ ئەوەی لەگەڵ گەشەی مەعریفیدا بڕوات (هەرزەكار ئارەزووی هەموو شتێكی تازە دەكات).
-پێویستە دەوروبەری راستەخۆی فێرخواز كۆنترۆڵ بكرێت.
-پێویستە دیالۆگ و پێكەوەڕیی هەبێت.
-پێویستە پەیوەندیی هاوسۆزی و خۆشەویستی و رێز دروست بكرێت.
-پێویستە زانین بەدەست بێت و نادیار ئاشكرا بكرێت.
-پێویستە سەربەخۆیی هەبێت.
هەڵبەت درك كردنی وانەبێژ بەم پێداویستانەی هەرزەكار، تێری ناكەن ئەگەر ئەو بۆ خۆی كارامەیی نەبوو، كە یارمەتیدەری بێت تا كرداری فێربوون بە ئاكام بگەیەنێت. بەشێكی ئەو ئەركانەش ئەمانەن:
-كارامەیی ئامادەیی لە رووی زەینەوە.
-كارامەیی لە رووی فرە چەشنیی ورووژێنەكان.
-كارامەیی لە رووی بەكار هێنانی ئامرازەكانی فێر كردنەوە.
-كارامەیی ورووژاندنی پاڵنەری فێربوون.
مەبەستیش لە پاڵنەر، ورووژاندنی قوتابی بۆ فێربوون و دەست لە پشت دانی، ئەویش بە:
-هەمەڕەنگی لە ستراتیژی وانەگوتنەوەدا.
-گرێدانی بابەتەكان بە واقیعی ژیانی فێرخوازانەوە.
-ئەو پرسیارانە بكەن كە پێویستیان بە بیركردنەوە هەیە، پشتگیری لە وڵامی قوتابییەكانیش بكرێت.
-ئامانجی وانەكە بە پێداویستی زەین و دەروون و باری كۆمەڵایەتیی فێرخوازانەوە گرێ بدرێت.
-قوتابیان بانگ بكرێن بۆ بەشداری كردن لە پلان دانان بۆ كاری فێركردنەكەیان.
پاڵنەریش لە ئاكامی كاریگەرییەكی دەرەكییەوە نییە، بەڵكوو ئەو بەرهەمێكی ئاسایی مەیل و ئارەزووی بەجێ گەیاندنە، هەروەها زادەی باوەڕی كەسەكەیە كە توانای كرداری هەیە. لەم بارەیەوە چیرۆكێكم دێتەوە یاد، كە لەگەڵ كچە قوتابییەكی خۆمدا بوو، ئەو زیرەكیش بوو. بۆ گوتنەوەی وانەیەك چوومە نێو پۆلەوە، دیتم قوتابییەكان گفتوگۆ لەبارەی بەرنامەیەكی تەلەفزیۆنەوە دەكەن كە ناوی (ستار ئەكادیمی)یە. لەبارەی ئەوەوە لێم پرسین، سەرزەنشتم كردن كە بە دوای شتێكەوەن زەوق و سەلیقە تێك دەدات. ئاوەڕم دایەوە لە كچە قوتابییە زیرەكەكە بپرسم، وڵامی دامەوە و گوتی: دوو كاژێر و نیوی بە بینینی بەرنامەكە بەسەر بردووە. لێم پرسییەوە: نەتەوە چەندە؟ چەندیش كاتی بە فیڕۆ چوو؟ ئەو گوتی: زۆر. پاش چەند رۆژێك هاتە لام و لێمی پرسی: ئاخۆ لامیەی عەرەب كە هی (شەنفەری)ی شاعیرە، چەند بەیتە؟ لەبارەی هۆی ئەو پرسیارەوە روون كردنەوەم لێ ویست. لەوەوە زانیم كە ئەو هەوڵی دا قەرەبووی ئەو كاتە بە فیڕۆ چووە بكاتەوە، هەمان كاتی بەسەر بردووە (دوو كاژێر و نیو- وەرگێڕ) بۆ ئەزبەر كردنی 32 بەیت لە شیعری لامیەی عەرەب، كە لە دووتوێی كتێبێكدا بینیویەتی.
هەستم كرد كاتێك كە ئاماژە بە دیالۆگەكەم لەگەڵ بەشدا كرد، ناخی ئەو كچە قوتابییەم ورووژاند، بەوەی كات لەوە بە نرخترە كە لە كاری پووچدا بە بای بدەین. لایەنی ویژدان دەروازە بوو بۆ گەشەدان بە ئاستی زانینی ئەو بە شێوەیەكی خۆبەخۆیانە، كە من لێرەدا میتۆدی (بكە و مەكە)م پەیڕەو نەكرد، هەروەها پەناشم نەبردە بەر رێكاری رێنمایی و وەعز دادان، كە ئەمانە نابنە پاڵنەرێك بۆ هەرزەكاران، بەوەی ئەوان بە هەڵچوونێكی سۆزئامێز بەرەو رووی وەرگرتنی زانیاری هەڵدەچن، ئەو هەڵچوونەی دەبێ ئێمە رەچاوی بكەین.
دەبێ بشزانین كە كردەی فێربوون لە بنەڕەتدا كردەیەكی پێكەوەڕییانەیە، بۆ ئەوەی پێكەوەڕییش بەدی بێت، ئەوا پێویستی بە لایەنانێك هەیە كە لە پەیوەندیی ئاسۆییدا بن، ئەمەش بەدی نایەت، تەنیا ئەو كاتە نەبێ كە وانەبێژ دەستبەرداری فۆرمی نەریتیانەی خۆی بێت، دركیش بەوە بكات كە وانەگوتنەوە پرۆسەیەكی كارلێكانەی جڤاكییە، كە ئامرازەكەی هەست و هزر و سۆز و زمانە. بۆ ئەوەی وانە گوتنەوەش كاریگەر بێت، دەبێ لە سەر چەند بنەمایەك بێت، لەوانە:
-تێیدا فێرخواز دەبێتە تەوەری پرۆسەی پەروەردە، نەك پرۆگرام یان كۆمەڵ.
-بنەماكانی وانە گوتنەوە و رێكارەكانی لەگەڵ حاڵەتی درك پێ كردن و سۆز و جەستەی قوتابیاندا گونجاو بێت.
-بە شێوەیەكی هاوسەنگ پەرەپێدانی هێزی درك پێ كردن و سۆز و جەستە و جوولەی فێرخوازان بكرێنە ئامانج.
زیرەكی تەنیا فاكتەر نییە، كە ئەنجامەكانی فێرخوازی تێدا هەڵبسەنگێندرێ، بەڵكوو فاكتەری دیكەش هەن كە شان لە شانی ئەو دەدەن، وەك پێگەیشتنی سۆز و گەشەی دەروون جوولە. مرۆڤیش تێكڕای كۆی ئەو فاكتەرانەیە. زیرەكییش فرەیە نەك تاك. ئەگەر وانەبێژ بڕوای بە فرە بوون و هەمەچەشنیی زیرەكایەتیی قوتابیان بوو، ئەوا پەنا دەباتە بەر پەیڕەو كردنی دەروازەی هەمەچەشنی فێركارانە، بۆ بەدی هێنانی پێكەوەڕیی لەگەڵ هەمووان لە نێو بەشەكەدا، بە دەسپێك لەو هۆشیارییەی كە هەر فێرخوازێك لە رووی فێربوونەوە شێوازی خۆی هەیە، كە لەگەڵ ئەودا دەگونجێ. پاشان دەبێ لە وانە گوتنەوەشدا شێوازی جۆربەجۆر بگرینە بەر، بۆ ئەوەی لەگەڵ هەر گرووپێكدا بە جۆرێك بدوێین كە لەگەڵ شێوازی فێربوونی ئەواندا دەگونجێت.
ناتەباییەك لە نێوانی كاری ویژدان و عیرفاندا نییە، بەڵكوو تەواوكاری و كۆمەك بە یەكدی لە نێواندایە، وەك چۆن قوتابی فێری زانینی عەقڵی و چەمكی تیۆری دەبێت، كە قوولاییەك بە چالاكی و ئەركی مەعریفیانەی ئەو دەدات، بە هەمان شێوە فێری بەهاكان دەبێت و هەڵوێست بەدەست دەهێنێ. بەوەی كە هەڵوێست بەدەست دێت، ئیدی قابیلی هەموار و گۆڕینە، ئەمیش لە رێی پرۆسەی فێربوونەوە بەدی دێت، كە ئامانجەكانی پەروەردە و فێربوونی تێدا بەدی دێت. ئەمەش زادەی سیستەمی بەهاگەلی كۆمەڵایەتییە، كە وێنەی فێرخواز و ناوەرۆكی فێربوون دیاری دەكات.
Top