لەبارەی (ئەمساڵ) و (پار)ەوە..

لەبارەی (ئەمساڵ) و (پار)ەوە..

نووسه‌ر :ڕێبوار سیوەیلی *

گرنگ ئەوەیە ئەوەی لە پاردا جوان و بەنرخ بووە، لە ئەمساڵیشدا هەبێت و دروستیبكەینەوە تاكو هەم ئەو بەشە لە پار و هەم ئەو بەشە لە ئەمساڵدا بەردەوامی وەربگرن و مرۆڤ ئەو بڕوایە دروستبكات كە پێویستە لە خەباتكردن بەردەوام بێت.بەڵام بۆ ئەم پێكەوە بەستنەوەیەی پار و ئەمساڵ، پێویستیمان بە چەند ڕێنماییەك هەیە. لەسەرووی هەموویانەوە هەڵوێستێكی ڕەخنەگرانە لەپار. بەبێ ڕەخنەگرتن لە ڕابردوو، لە پار، ناتوانین مەودای لەگەڵ دروستبكەین و بەوجۆرەش پار دەبێتە شتێكی پیرۆز كە تێپەڕاندنی زەحمەت بێت و هەمیشە خۆزگەی پێدەخوازین. دەبێت پار ڕەخنەكاری بكەین، بۆ ئەوەی بتوانین لەو پیرۆزییانەی داماڵین كە دەسەڵات و ئۆپۆزیسۆن، بازاڕ و سەرمایە، ڕاگەیاندن و مشەخۆری، ئایدیۆلۆژیا و سیاسەت، نائەقڵانییەت و توندوتیژی، سەركەوتن و شانازی لە بۆنەی جیاواز و بە پاساوی جیاواز و هەر یەكە لە ڕوانگەیەكی ڕەهاییگەریانەی خۆیانەوە، بە (پار)یان بەخشی. پێویستە پار لە كۆی ئەو سەركەوتن و شانازی و قەیرانانەی داماڵین، كە ئێستایان پڕكردووین لە كێشە و قەیران و بابەتی هەڵپەسێردراو، بەبێ ئەوەی ئاسۆی داهاتوومان ڕوون بێت. قەیران لە كۆمەڵگای ئێمەدا پێویستە تێپەڕێنرێت و ئەمەش بە هەڵوەشاندنەوەی ستراتیژیی كۆن و داڕشتن و بەستنی پەیماننامەی نوێ نابێت. پێویستە لەسەر قەیران بوەستین و ڕەخنەگرانە قسە لەسەر قەیرانەكان و ئەركەكان بكەین.
هیچ لەبارەی ڕەگیی وشەی ساڵەوە لە مانا قامووسییەكەیدا نازانم، بەڵام ئەگەر ئەم وشەیە لەگەڵ وشە فارسیی و عەرەبییەكانی وەك (سەیل و سەیەلان و سەنە‌)دا پەیوەندیی هەبێت، ئەوە لە زمانی ئێمەدا وشەی ساڵ، ئاماژەیەكی شاراوەی تێدایە بە تێپەڕین و گوزەر و جووڵە و بزاوتن. لەگەڵ ئەوەشدا بەكارهێنانی ئێمە بۆ وشەكە هەر تەنیا بیركەوتنەوەی دوازدە مانگ نییە كە پێكهێنەری ساڵێكە، بگرە لە وتنەوەی وشەكەدا ئێمە پتر بیر لە ماناكەی وەك چەمكێك بۆ پێوانەكردنی كات، دەكەینەوە. كاتێك كە تێپەڕیوە، كاتێك كە بۆتە بەشێك لە ئەزموون و بیرەوەری و ئەمەش وا دەكات وشەكە لەگەڵ مانا پێوانەییەكەیدا، مانایەكی دیكەیشی هەبێت كە جوڵە و تێپەڕین، بەسەرچوونێكی لافاوئاسا، ڕاماڵین و تێپەڕینێكی ناخۆشمان بیر بخاتەوە‌.
بەمجۆرەش، ساڵ ئەو بەشەیە لە كات، لە چەرخی گەردوون، لە دەهر و زەمانە، كە دەزانین تێپەڕ دەبێت و ڕامان دەماڵێت. ئەو باره قورسەیە‌ كە زیاد دەبێتە سەر تەمەن و ئەزموونمان و هەندێ شتی ناچارەكی لە یادوەرییماندا دەچەسپێنێ و هەندێ شتی خۆویستانەشمان لێدەكاتە بەشێك لە بیرەوەریی شیرین. لێرەشەوە، وشەی ساڵ بەیادخەرەوەی كولتورێكیشە، كە تیایدا مرۆڤ لە ژیان ڕادەمێنێت..
بە لەبەرچاوگرتنی ئەم لێكدانەوەیە، ساڵ سرووشتێكی دوو جەمسەری و دووفاقیانەی هەیە: هەم بەخشندەیە و هەم تاڵانكەر، هەم ئاسوودەبەخش و هەم خەمناك، هەم یادەوەریی خۆشمان بۆ وەلا دەخات و هەم ئەزموونی تاڵ. بەمجۆرەش تەمەنی ئێمە لە ساڵێكەوە بۆ ساڵێكیتر بەو یادەوەریی و ئەزموونانە گەورەتر و پێگەیشتووتر دەبێت، بەڵام لاوازتر و پەككەوتەتریش. لەگەڵ ئەوەشدا هەڵسەنگاندنی كوردەكان بۆ ساڵ وەكئەوەی لە ئەدەبیاتی زارەكیدا بۆمان ماوەتەوە، شتێكی دیكەمان پێدەڵێت، كە ئاشكراكەری ئەزموونی تاڵ و بیرەوەری ناخۆشە لە تەمەنی ئەم میللەتەدا. گوزارەی (هەر ساڵ، خۆزگەم بەپار..) دەربڕیی ئەم دۆخەیە كە تیایدا كورد هەڵسەنگاندنێكی نائومێدكەرانە بۆ ساڵ دەكات و ئەوە ئاشكرا دەبێت كە هەمیشە ساڵی پار، ساڵی ڕابردوو، خۆشتر بووە لەچاو ئەمساڵدا. بەم مانایەش هەمیشە هەنووكە، یان ئەمێستای كوردەكان بە بەراورد بە ڕابردوویان ناخۆشتر، یان ئازاراویتر بووە تا ئەو سنوورەی كە خۆزگە بە پار بخوازن. لە هەناوی ئەم گوزارەیەدا: (هەر ساڵ خۆزگەم بەپار)، جیهانبینیەكی نۆستالیژیانە، یان ڕابردووخوازانەش خۆی بەرجەستە كردووە. (پار)، ڕابردوو، هەمیشە خۆشتر و جوانتر لە هەنووكە و ئەمێستا و ئەمساڵ پیشاندەدات. بەڵام ئەم گوزارەیە بەدەریش نیە لە حوكمێكی پێشینە كە لە ئەزموونی ساڵەكانی پێشترەوە خوازراوە بۆ هەڵسەنگاندنی (ئەمساڵ). حوكمێك، كە كەڵەكەبووی ڕابردوو، ئەزموونكراو، تێپەڕیو، دەكاتە پێوەر بۆ بڕیاردان بەسەر چییەتی ماوەیەكی دیكەی زەمەنیدا كە هێشتا نەهاتووە، یان هەمووی ئەزمووننەكراوه و تێپەڕ نەبووە.‌.
ئەم حوكمە پێشینەیە بەدەر نییە لە ناوەڕۆكیی ئەو یادوەریی و ئەزموونانەی كوردیان پێدا تێپەڕ بووە. بۆیە گوزارەی (هەر ساڵ، خۆزگەم بەپار)، ئاشكراكەری خواست و ئاواتێكە بۆ درێژبوونەوەی پار، یان بەردەوامیی ڕابردوو لە ئێستا و ئەمساڵدا. وشەی (خۆزگه)‌ لەو گوزارەیەدا هێندەی ئەوەی پێویست بوو مرۆڤ، یان خۆزگەخواز پەلێكیش بكات بۆ داهاتوو، ڕاپێچی دەكاتەوە بۆ ڕابردوو. خۆزگە لەم گوزارەیەدا كار و ئەركی وشەی (ئاخ..)، یان (ئاخخواستن) جێبەجێدەكات، كە بەشێكە لە زمانی نۆستالیژیا و گەڕانەوە بۆ ڕابردوو..
ئەمەش ناكۆكێك لە جیهابینینی ئێمەدا پیشاندەدات: وشەی (خۆزگە) بەشێكە لە گوزارشكردن لەو زەمەنەی كە پێویستە بێتە دی، بەشێكە لە زمانی یۆتۆپیا و خەون، كەچی لەم گوزارەیەدا (خۆزگە) مانا پۆتۆپییەكەی جێدەهێڵێت و دەبێتە ئامرازێك بۆ هێنانەوەی ڕابردوو. زمان بە پێچەوانەی مانای خۆیەوە، مانا دەبەخشێت. وشەكە چاوەڕوانییەك دروستدەكات و چاوەڕوانیش هەمیشە بەشێكە لە داهاتوو، بەڵام ئەم وشەیە لەم گوزارەیەدا ماناكەی هەڵدەگەڕێتەوە بۆ هێنانەپێشچاوی كاتێك كە لەدەرەوەی چاوەڕوانییه، لە ڕابردوودایە.
بەمجۆرەش كۆی گوزارەی (هەر ساڵ خۆزگەم بەپار)، دەچێتە خزمەت فۆرمێكی تێگەیشتن و هەڵسەنگاندنی كاتەوە، كە بریتیە لە پیرۆزكردنی ڕابردوو، هاوكات ڕەتكردنەوەی ناڕاستەوخۆی ئەمێستا و هەنووكە. لیرەشەوە مێژوو، یان كات، بەتایبەتیش كاتی ڕابردوو، لە شێوەی بازنەییدا، كە بەهۆیەوە پنتی لێوەدەرچوون بە خۆی دەگاتەوە و (سەرەتا) بە نەگۆڕیی و ڕەهایی دەمێنێتەوە، لە ئاستێكی پیرۆزمەنددا خۆی دەنوێنێت. ئەمەش وەك (مێرسیا ئەلیاده) لە كتێبی (ئەفسانەی گەڕانەوەی ئەبەدیی)‌ باسیكردووە، پیرۆزیبەخشینە بە ڕابردوو لەسەر حسابی ئێستا و ئەم دەمە و ئەم كاتە. سرووشتی ئەم میكانیزمە مەرج نیە ئەفسانەیی، یان ئایینی بێت، دەكرێ مێژووییش بێت.
لە هەموو پیرۆزێبەخشینێك بە ڕابردوودا، جۆرێ لە هەڵاتن لە ئێستا و ڕەتكردنەوەی هەیە. بەڵام ئەوەش غەدرە كە هەمیشە لە ئێستادا، ڕابردووش لە پیرۆزی و دەسكەوتەكانی داماڵین، چونكە ڕابردووش هەڵگری ئەو نرخانەیە كە لە ئێستاش و ئەمساڵیشدا بەهای خۆیان هەیە. لێرەوە ئێمە پێویستیمان بە هەڵسەنگاندنێكی دیكەی كات، یان ڕابردووی خۆمان هەیە كە تیایدا بەردەوامی بدۆزینەوە لەسەر حسابی شتە جوان و بەنرخەكان. یەكێك لەو نرخ و بەهایانە بریتیە لەو گفتوگۆیەی كە ئێستا دەبەستێتەوە بە ڕابردوەوە بە ئومێدی گەیشتن بە داهاتوو.
ئێمە پێویستیمان بە ڕابردوو هەیە چونكە لەو ڕابردووەدا هەمیشە كەسانێك هەبوون كە لە ئەوسای خۆیاندا خەونیان بە داهاتوەوە بینیوە كە ئێستای ئێمەیە. ئێستای ئێمە تێكەڵێكە لە ئێستای ڕابردووی ئەوانیتر كە لە پێش ئێمەدا لێرەبوون و وەك ئێمە خەونیان بە داهاتووەوە بینیوە، بۆیە ئێمەیەكی گشتی هەیە كە بەردەوامە لە گەیشتن بەو داهاتووه هاوبەشە‌.
لێرەدا ئەو گفتوگۆیەی نێوان پۆڵ ڕیكۆر و پیتەركەمپ لەمبارەیەوە سوودی زۆری هەیە. ئەوان باس لە گێڕانەوە وەك فۆرمێكی بەدەنگهێنانی ڕابردوو دەكەن. بەڵام گێڕانەوە فۆرمێكی گێڕانەوەی مێژووییشە كە ئێمە و ڕابردووەكان دەخاتە چوارچێوەی گفتوگۆیەكی هاوبەشەوە و ناچار بە پێكەوەبوونمان دەكات، كە پێش هەموو شتێك ئەم پێكەوەبوونە ئەركێكی ئەخلاقییە. چونكە وەك ڕیكۆر دەڵێت: بەوەی ئێمە ڕابردوو بەدەنگ بهێنینەوە، گفتوگۆی لەگەڵدا بكەین، هەر تەنیا ڕابردوو پیرۆز ناكەین و یادی ئەو قوربانیانە ناكەینەوە كە وەك ئێمە لە سەردەمی خۆیاندا هەڵگری پەیامی گەورەی بەهاو و ژیانی مرۆڤایەتی بوون، بەڵكو ئێمە بەمكارەمان (هەڵدەستین بە بەخشینەوەی قەرزێكیش لە ئاست قوربانیەكاندا و ڕێگەش دەگرین لە دووبارەبوونەوەی ئەو كارەساتانەی ئەوانی لە پێناوی ئەم ئێستایەدا كە ئێمەی تێدا دەژین، كردە قوربانی). پیتەر كەمپ، هەر بەمەوە ناوەستێت و پێیوانیە پەنابردنی ئێمە بۆ ڕابردوو هەر تەنیا بۆ دانەوەی قەرزێك و ڕێزگرتنی ئێمە نیە لە ئاست قوربانیەكاندا، بەڵكو گفتوگۆی ئێمە لە ئێستادا لەگەڵ پار، لەگەڵ ڕابردوو تووڕەیی و هەڵوێستی ئێمەش لە ئاست چەوسانەوە و ناهەقییەكاندا دەردەخات كە لە ڕابردووەوە ماونەتەوە و پێشینەكانی كردوونەتە قوربانی و لە ئێستاشدا بەردوامییان هەیە تا ئێمەش بە دەردی ئەوان بچین..
بەمجۆرەش ڕابردوو گرنگە چونكە بەشێكە لە ئێستا، ڕابردوو خۆی لە ڕێگەی یادوەریی و مێژوو و گێڕانەوەكانەوە خۆی دەخزێنێتە ئێستاوە و ئەم ئێستایەش دەبێتە بەشێك لە داهاتوو. بەمشێوەیەش لە نێوان ئێمە لە ئێستادا و ئەوانیتر لە ڕابردوودا كاتێكی گشتی و كاتێكی هاوبەش هەیە كە لە ڕێگەیەوە شوناسی خۆمان دروستدەكەین.
لەم ڕوانگەیەوە، لە (گوزارەی هەر ساڵ خۆزگەم بە پار)، هەم ڕەتكردنەوە و هەم گەڕانەوەیەك هەیە، هەم دەربازبوون له كاتی ئێستا و هەم گەڕان و عەوداڵبوونیش بەدوای كاتی هاوبەشدا ئامادەیە. وەكئەوەی چەوسانەوەكانی ئێستا و دەردی هاوبەش، پەلكێشی ڕابردوومان بكاتەوە بۆ ئەوەی هەم بتوانین بەو چارەسەرانە ئاشنابین كە ئەوانیتر لە ڕابروودا بۆ چەوسانەوە ودەردی خۆیان گرتبوویاننە بەر، هەم هەڵوێستێكیش بنوێنین لە ئاست بەردەوامیی دەرد و چەوسانەوە لەم ئێستایەی خۆماندا.
من بۆخۆم، هیچ خۆزگەیەكم بۆ ڕابردوو نیە، هەرگیز بڕوام بەوە نیە ئەمساڵ بكەینە قوربانیی و قەزاوەگێڕی ڕابردوو. ئەمساڵ هێشتا نەهاتووە، هێشتا تێنەپەڕیوه و ئەزموونمان نەكردووە‌. چەندە ئێمە بەرپرسیارین لە ئاست تێگەیشتن لە ڕابروو، ئەوەندەش بەرپرسیارین لە ئاست وەستانەوە و ڕووبەڕووبوونەوە لە دژی ئێستا. ئێمە لە نێوان پار و ئەمساڵدا خۆمان بەرجەستە و دروستدەكەین. پار حەشارگایەك، یان سەنگەری دواوەی جەنگ نیە بۆ خۆشاردنەوە لەدەست ئێستا، بەڵكو خەزێنەیەكە بۆ وەدەستهێنانی چەك و تفاق بۆ بەردەوامیی لە جەنگی ئەمساڵدا.
ئەگەر بڕیار بێت جەنگ لەگەڵ ئەمساڵدا بكەین، پێویستە پڕچەك و تفاق بین. پار، چ بە تێگەیشتنە ساڵنامەییەكەی كە بریتیبوو لە زنجیرەیەك ئەزموونی ناخۆش و یادوەریی تاڵ، چ‌ بە تێگەیشتنە مەجازییەكەی لە كۆی مێژووی كورد، ساڵێكی ناخۆش بوو. دۆزە‌خیی بوو نەك بەهەشتی. لەبەر ئەوە نامەوێت خۆزگەی پێ بخوازم، بەڵام دەشزانم من بە ئەزموون و یادوەرییەكانی پارەوە، گەیشتوومەتە ئێستا و ئەمساڵ. ئەو ئاگاییەی (من) هەیەتی، ئاگاییە لە تێپەڕینی پارەوە بەسەر دنیای ئەزموونەكانیدا و هەر ئەم ئاگاییەشە كە وای لێدەكات وزەی بەردەوامیی لە ئەمساڵدا هەبێت. من پێویستیم بەوە نییە بگەڕێمەوە بۆ پار، تا خۆمی پەنادەم، یان داوای لێبووردنی لێبكەم، یاخود خۆمی لەگەڵ بگونجێنم، بەڵكو پێویستیم بەوەیە ئەمساڵ دروستبكەم وەكئەوەی جیاواز بێت لە پار و نەبێتە دووبارەكردنەوەی ئەوەی ڕابردووە. من تەنیا لەو كاتەدا پابەندم بە ڕابردووەوە كە بەهای بەرز و خەباتێكی گشتی و هەمەكیی ئێمەی تێدایە بۆ گەیشتن بە ئێستا. ئێستاشم نە بەلاوە پیرۆزە و نە كۆتاییهاتووە، تاكو نەتوانم تێیپەڕێنم، یان نەفرەتی لێبكەم و خۆزگە بخوازم بۆ گەڕانەوە بۆ پار. گرنگ ئەوەیە ئەوەی لە پاردا جوان و بەنرخ بووە، لە ئەمساڵیشدا هەبێت و دروستیبكەینەوە تاكو هەم ئەو بەشە لە پار و هەم ئەو بەشە لە ئەمساڵدا بەردەوامی وەربگرن و مرۆڤ ئەو بڕوایە دروستبكات كە پێویستە لە خەباتكردن بەردەوام بێت.
بەڵام بۆ ئەم پێكەوە بەستنەوەیەی پار و ئەمساڵ، پێویستیمان بە چەند ڕێنماییەك هەیە. لەسەرووی هەموویانەوە هەڵوێستێكی ڕەخنەگرانە لەپار. بەبێ ڕەخنەگرتن لە ڕابردوو، لە پار، ناتوانین مەودای لەگەڵ دروستبكەین و بەوجۆرەش پار دەبێتە شتێكی پیرۆز كە تێپەڕاندنی زەحمەت بێت و هەمیشە خۆزگەی پێدەخوازین. دەبێت پار ڕەخنەكاری بكەین، بۆ ئەوەی بتوانین لەو پیرۆزییانەی داماڵین كە دەسەڵات و ئۆپۆزیسۆن، بازاڕ و سەرمایە، ڕاگەیاندن و مشەخۆری، ئایدیۆلۆژیا و سیاسەت، نائەقڵانییەت و توندوتیژی، سەركەوتن و شانازی لە بۆنەی جیاواز و بە پاساوی جیاواز و هەر یەكە لە ڕوانگەیەكی ڕەهاییگەریانەی خۆیانەوە، بە (پار)یان بەخشی. پێویستە پار لە كۆی ئەو سەركەوتن و شانازی و قەیرانانەی داماڵین، كە ئێستایان پڕكردووین لە كێشە و قەیران و بابەتی هەڵپەسێردراو، بەبێ ئەوەی ئاسۆی داهاتوومان ڕوون بێت. قەیران لە كۆمەڵگای ئێمەدا پێویستە تێپەڕێنرێت و ئەمەش بە هەڵوەشاندنەوەی ستراتیژیی كۆن و داڕشتن و بەستنی پەیماننامەی نوێ نابێت. پێویستە لەسەر قەیران بوەستین و ڕەخنەگرانە قسە لەسەر قەیرانەكان و ئەركەكان بكەین.
دووەمین شت پڕكردنەوەی درووشم و ناوەڕۆكیی وتەیە بە ئەخلاق و دەروەستی، بە بیركردنەوە و بەرپرسیارێتی. لە دنیای ئێستا و ئەمساڵ و داهاتوودا، لە بواری سیاسەت و ئۆپۆزیسۆن و ئاكاری كۆمەڵایەتیدا، لە زەمینەی تەكنەلۆژی و پیشەسازی، لە مەیدانی كولتوور و دەروونی و ئایینی و ڕۆحیدا، لە تەنیایی و بەكۆمەڵیدا، لەسەر كار و لە كاتی دەستبەتاڵیدا، لە كایەی داوەری و مافی هاووڵاتیی و هاوشارێتیدا و لە پەیوەندیی نێوان دەوڵەت و خەڵكدا، هیچ پێشكەوتن و گەشەسەندنێك ڕوونادات ئەگەر بیركردنەوە لەپێش بڕیارەوە نەبێت. پێویستە ئێمە سەردەمی سەرمەستی و پەرچەكردار، هەلقۆستنەوە و دەرفەتڕەخساندنی بێبنەما، پاساوهێنانەوە بۆ بڕیاری نائەقڵانی، دیموكراسییەتی درووشمی و چاوبەست، تێپەڕێنین و بیر لەوە بكەینەوە كە بەهۆی گرتنەبەری ئەو شێوازەوە كە تا ئێستا گرتومانەتە بەر، چ زیانێكمان كردووە و چەندەش لە پار و ڕابردوو دووركەوتووینەتەوە، ئەوەندەش لە داهاتوو مەودامان گرتووە.
بەمجۆرەش ئەم قەیرانە قەیرانێكە كە تیایدا ئێمە لە هەردوو جەژن بووین. سەردەمی ئێمە و ئەو بزووتنەوە ئابووری و سیاسی و ئایدیۆلۆژییەی كە لە ساڵانی ڕابردوودا لە كۆمەڵگای ئێمەدا سەردەستە بووە، بە توندیی بیركردنەوە و بیرمەندانی خۆی ڕەتكردۆتەوە، بەپەراوێزی خستوون و بەهای پەروەردەیی و ڕۆحیی چالاكییەكی وەك هزرین و بیركردنەوەی دابەزاندۆتە سەر ئاستێكی نزمی ئەو تۆ، كە مرۆڤی ئەم كۆمەڵگایە وا بزانێت پێویست ناكات بیر بكاتەوە. لە غیابی بیركردنەوەدا ئێمە زیانی گەورەمان كردووە، كە هەندێ لە نیشانەكانی لە بواری ئابووری، سیاسیی، ئایینی و پەروەردەیی و كۆمەڵایەتیی و كولتووریدا بە سەختی دەركەوتوون و بەرەنجامەكەشیان بریتیبووە لە بەرهەمهێنانی مرۆڤێكی تووڕە، بێ پرانسیپ، قیژەقیژكەر، مشەخۆر، خۆسەپێن، میزاجی، لوتبەرز، كە بەبێ بیركردنەوە دەژی و هیچ شتێك وەكئەوەی پێویستە مومارەسە ناكات. ئێمە لەبەردەم مرۆڤێكداین كە لە هەمان كاتدا مافی هەیە، خۆی لە ئەركە كردەیی و ئەخلاقییەكانی دەدزێتەوە. خۆشەویستی ڕاستەقینە وەك شەهوەتپەرستی و دامركاندنەوە دەكات، دین و ئیمانی كردۆتە ئامرازێك بۆ ڕیاكاری و خۆڵخستنە چاوەوە، كار و پیشەی كردۆتە ئامراز بۆ بەدەستهێنانی پارە و هیچیتر، پەروەرده و زانست و فێربوونی كورتكردۆتەوە لە بەدەستهێنانی بڕوانامەدا و ئامانجی بڕوانامەشی لە خۆدروستكردنەوە كردۆتە بەدەستهێنانی پۆست و پێگە..
سێیەمین خاڵ ئەوەیە كە پێویستە عەقڵی سیاسی لەم وڵات و كۆمەڵگایەدا بەخۆیدا بچێتەوە، خۆی لە مومارەسەكردنی میزاجیانە، نائەقڵانیانە و پەرچەكرداریانەی دەسەڵاتەوە بگوازێتەوە بۆ پراكتیككردنی چالاكانە، بەرهەمهێنەرانە و دەروەستانەی دەسەڵات، كە هەمووشتێك بە ئاراستەی ئامانجی هاوبەش و بەرزكردنەوەی بەهای كەرامەتی مرۆڤ و ژیانی پێكەوەیی بچێتە پێش. چونكە تەنیا لەم ڕیگایەوەیە، كە بەفێڕۆدان، گەندەڵی، قەیرانی ڕۆحیی و كولتووری پێشیان پێدەگیرێت و پەیوەندیی نێوان دەسەڵات و مرۆڤی ئێمە پتەو دەبێت. پێویستە حكومەت و دەسەڵات لەم وڵاتەدا بزانێت كە بە پشتبەستن بە كۆمەڵگایەكی فاسید و زەلیلكراو، مرۆڤێكی مشەخۆر و كۆیلەكراو، بكەرێكی نابەرپرسیار و ئیغراكراو، ئێمانداری ڕیاكار و توندوتیژپەرست، سەرمایەداری بێ ویژدان و دڕندەخوو. خاوەن كۆمپانیای شانخاڵیكەر لە بەرپرسیارێتی گشتی و كۆی بانگەشەكانی ئومێد لەسەر بنەمای ئابووریپەرستییەوە، كە بۆتە ئایینی سەردەم، ناتوانرێ داهاتووی وڵات دابین بكرێ. داهاتووی وڵاتێك و ئاكاربەرزی میللەتێك بەوە نایەتە دەست كە لە ڕووی ئابوورییەوە تێریان كەیت و كەسایەتییان زەلیل و كۆیلە بكەیت. ژیانی ڕۆحیی مرۆڤ، خۆشەویستی، ئیمان و دۆستی و هاوڕێیەتی بە هۆی پارە و سامان و ئیغراكردنی ئابوورییەوە مەیسەر نابێت، هەروەكچۆن داهاتووی حوكمڕانییەكیش بەهۆی دەستكەوتی ئابووری و گەشە و پێشكەوتنی پیشەسازی و تەكنەلۆژییەوە مەیسەر نابێت. لە پێش هەموو داهاتووەكانەوە، پێویستیمان بە گەشەی پانتایی ڕۆحیی و كولتووری هەیە، لە پێش هەموو دەستكەوتەكانەوە پێویستە مرۆڤ لە سایەی ئەو حوكمڕانیەدا خۆی بەدەست بهێنێت، كە حوكمی دەكات. ئازادیی بەرهەمی گەشەی ئابووری و دەستكەوتی مادیی نییە، بەڵكو پێش هەموو شتێك ئازادی دەستكەوت و ئەنجامی ژیانێكی هاوسەنگیی ڕۆحیی و مەعنەویی مرۆیەكانە، ئەو كاتەی هەست دەكەن كەرامەتیان پارێزراوە. بۆیە پێویستە بیركردنەوە، وردبینی، ڕەخنە و بەخۆداچوونەوە و ڕەتكردنەوە بەشێك بێت لە داهاتووی ژیانی تاكەكەسی و حوكمڕانیمان..
تەنیا لەم كات و بارودۆخەدایە كە دەتوانین بچینە ساڵێكەوە، كە تیایدا خۆزگە بە پار نەخوازین و ماڵئاوایی لێبكەین..
* مامۆستا له‌ به‌شی فه‌لسه‌فه‌ی زانكۆی سه‌لاحه‌دین
Top