سروشت و هەقیقەت لە فەلسەفەی سپینۆزا (2)

سروشت و هەقیقەت لە فەلسەفەی سپینۆزا (2)

نووسه‌ر :ئەحمەد ئەلعەلمی

وه‌رگێڕ : تاریق كارێزی

بە گوێرەی ئەوەی گوتمان، تەنیا پێوەری كردەییانەی راستیی ئەم بیرۆكەیە یان ئەوی دی، دروست روونیی بیرۆكەكە و جیاوازییەتی، ئەمەش ئەم جارەیان واتای ئەوەیە، كە ئەوە خەسڵەتێكی خۆبەخۆی بیرۆكەیە. كاتێك دەپرسم كە ئاخۆ بیرۆكەیەكی من راستە، یان كە دەمەوێ، وەك دیكارت دەڵێ، دەمەوێ دروست و نادروست لە یەكدی جیا بكەمەوە، ئیدی لە ناخی خۆمدا، ئەوەی دروستە و ئەوەی نادروستە لە یەكیان جیا دەكەمەوە، ئیدی دەبێ چی بكەم؟ من ناچم ئەم بیرۆكانە لەگەڵ واقیعدا بەراود بكەم، ناشپرسم كام لەم بیرۆكانە روون و جودان؟ ئەگەر بیرۆكەیەك بە راستی روون بوو، ئەگەر بە راستی جودا بوو، ئەوا من دڵنیام كە هەقیقەتی خوداوەندانە رۆڵی لەمەدا هەبووە. خودا فێڵمان لێ ناكات، ناشكرێ فێڵ بكات، ئەگەر بیرۆكەیەكی روون و جودام هەبوو، ئەوا ئەو بیرۆكەیە راستییە. ئەمەش واتای ئەوەیە كە پێوەری جیاوازی لە نێوانی دروست و نادروست، تەنیا پەیوەندیی كردەنیانەی ئەم بیرۆكەیە یان ئەوی دی (مادام كە مسۆگەر بوونی هەقیقەتی خوداوەندانە بە یەكجاری و لە بنەڕەتدا سەلمێندراوە) ئەوا روونیی ئەو بیرۆكەیە و جیاوازییەتی. ئیدی وا دیارە ئەم پێوەرە پێوەرێكی خۆبەخۆیە، هەر لە هەناوی بیرۆكەدایە.
بەم جۆرە دەبینین كە تیۆریی دیكارت، وەك كە پێم گوتن، تیۆرییەكی دووسەرەیە. ئەو لە لایەكەوە، رەهەندێكی واقیعیی هەیە، كۆبەكۆ، لە چوارچێوەی وێنایەكدا كار دەكات، كە تێیدا راستیی بیرۆكە و واتا و بەهاكەی لە راستیی شتەوە بەدەست دەهێنێت. هەڵبەت لە لایەكی دیكەشەوە، توخمگەلێك دەگرێتە خۆ، كە بە ئاراستەی پێچەوانە، واتە بە ئاراستەی بیركارانەی دەبات.
سپینۆزا بە تەنیا ئەو توخمانەی فەلسەفەی دیكارت (ئەوانەی لە خاڵی دووەمدا بۆم باس كردن) بەسی لێ دەكات، واتە سپینۆزا بە جەخت كردنە سەر واقیعی تایبەت بە بیرۆكەكە بەسی لێ دەكات، هەروەها بە جەخت كردنە سەر ئاراستەی بیركارانە و خەسڵەتی خۆبەخۆی هەقیقەت، بۆ ئەوەی تیۆریی تایبەت بە خۆی گەڵاڵە بكات. وێڕای ئەوە راست نییە بەو جۆرە تیۆرییەكەی سپینۆزا لەبارەی هەقیقەتەوە وا لێك بدرێتەوە، بەوەی وا تەماشا بكرێت كە ئاكامی قرتاندنێكە لە تیۆرییەكەی دیكارت، واتە ئەنجامی پوختەكاری و ئاسان كردنی تیۆرییەكەی دیكارت بێت، ئاسان كردنێك كە خەمی ساغ لۆژیكی سەپاند بێتی.
هەر چۆنێكی بێت، لەم حاڵەتەدا، دەبێ وا ئەو هۆیە لێك بدەینەوە كە سپینۆزا لە پێناویدا و لە كاتی چارسەر كردنی تیۆرییە شێواوەكەی دیكارتدا، ئەم لایەنەی لە بری لایەنەكەی دیكەی بۆ خۆی هێشتەوە. بە راستی سپینۆزا بەم واتایە لای وایە، كە تیۆریی دیكارت تیۆرییەكی روون نییە. بە دڵنیاییشەوە ئەو دەڵێ كە تیۆرییەكی روونترمان پێشكەش دەكات، بەڵام كارەكە پەیوەستە بەو هۆیەوە كە بە دروستی لە پێناویدا ئەو توخمانەی هەڵبژارد كە ناومان نان "بیركارانە"، نەك ئەو توخمانەی ناومان نان "واقیعی".
بە كردەنی وا دیارە هەر لە یەكەم ساتەوە، سپینۆزا جۆرە حەدەسێكی بەراییانەی هەیە، كە هەر لە پێشڕا ساز و ئامادەیە بۆ سەراوبن كردنی ئاراستە گەورەكەی تیۆریی دیكارت، كە پەیوەستە بە هەقیقەتەوە، سەرباری بەكار هێنانی هەندێك توخمی فەلسەفەی دیكارت. ئەو حەدەسە، بە دروستی، پەیوەستە بەو پەیوەندییانەی لێرەدا لێیان دەكۆڵینەوە، كە لە نێوانی هەقیقەت و سروشتدا هەیە، یان ئەگەر ویستمان، بەو پەیوەندییەی لە نێوانی زەینە لە نێویدایە، كە لە پێناویدا، دەكرێ هەقیقەتێك هەبێت و ئەو سروشتەی دەبێ زەین بیناسێت.
هەڵبەت، سەبارەت بەم خاڵەش، دەكرێ لە نێو خستنە رووی دیكارتیانەی گرفتەكەدا، جۆرێك لە نائارامی و جۆرێك لە نەگونجان تێبینی بكەین. لە تیۆرییەكانی سكولاتی، دواجار لە تیۆرییەكانی پێشە دیكارتیشدا، زۆر ئاسان بوو زەین و سروشت پێكەوە كۆ بكەینەوە، مادام هەردووكیان وێنا كراون، یەك ئەوی دی (وێنا دەكات)، وەك ئەوەی ئەوان بە گوێرەی پرەنسیپی مەبەستخوازی بەڕێوە بچن. ئێمە لەوەدا وێنا ئاراستە بە مەبەستخوازییەكی ئاشكرا دەبینین. وێنایەكی میكانیكیانە بۆ سروشت و وێنایەكی بیركارانە بۆ زەین، لە لای دیكارت جێی وێنا كۆنەكانی گرتەوە (هەمیشە ئەو شتە ئاڵۆزە بە شێوەیەكی سەرەكی لە تیۆرییەكەی دیكارتدا دەبینین). وا دیارە ئەو دوو وێنا كردنە هەموو پەنا بردنێك بۆ پرەنسیپی مەبەستخوازییان دوور خستەوە. دیكارت مەبەستە هۆكاری لە زانست دوور خستەوە. راشیگەیاند كە نابێ بە دوایدا بگەڕێین. راشیگەیاند كە نابێ هەوڵ بدەین خۆمان بئاخنینە نێو تەگبیرەكانی خوداوەندەوە. هەموو ئەو شتانە زۆر باش ناسراون. وێڕای ئەوەی ئەگەر ئێمە زیاتر لە مەبەستخوازانەی سروشت ورد ببینەوە، كە لە رووی تیۆرییەوە لە لایەن دیكارتەوە دوور خرایەوە، ئەوا بەردەوام لە تیۆرییەكەیدا ئامادەیە، لە نێو ئەویشدا گریمانە كراوە، تیۆرییەكەی ئەو دەیگرێتە خۆ و بانگەشەشی بۆ دەكات.
ئەمەش، بەر لە هەر شتێك، لەوەدا خۆی دەنوێنێ كە بڕیاری مرۆیی كە خراوەتە ژێر هێز و سایەی خوداوەندێكی خاوەن مۆركە كەسایەتییەكی باڵاوە، خوداوەندێكی راستگۆ، خوداوەندێكی باش، خوداوەندێك كە توانای درۆی نییە و ناتوانێ فێڵم لێ بكات، ئەوا گریمانەی مەبەستخوازی و باشی دەكات، واش لە زانینی مرۆیی دەكات كە ببێتە جۆرێك لە دیالۆگ كە تەوەرەكانی ئەوە نین كە دەبێ بزاندرێن، بەڵكوو كەسێكی دیكەیە كە دەمدوێنێ، راستگۆیانەش دەمدوێنێ.
هەڵبەت ئەم خاڵە تەنیا خاڵ نییە. هەقیقەتی خوداوەندیش تەنیا فاكتەری ئاراستە بە مەبەستخوازی نییە لە لای دیكارت، تەنیا فاكتەریش نییە، بە بۆچوونی سپینۆزا، كە خەسڵەتی فەلسەفەیەكی مرۆیێندراو، فەلسەفەیەك بە رەنگ و بۆی مرۆییانەی مەبەستخواز، بە فەلسەفەی دیكارت بدات.
بە دڵنیاییەوە، لە لای دیكارت، پەیوەندیی من بە خوداوەندەوە، پەیوەندیی ویستێكی دیكەیە. لە لایەكی دیكەوە، ئەو جیهانەی من لە بەردەمیدام بەهایەكی نابێت، تەنیا ئەوكاتە نەبێت كە گریمانەی ئەوە بكات كە خودا ویستی ئەوە، هەر خۆشی خاوەن ویستێكی مەبەستخوازانەیە.
خۆ بە راستییش، بە گوتەی دیكارت، خودا ئەفرێنەری جیهانە، هەر خۆشی هەڵی دەسووڕێنێت و دروستیشی كردووە. بەوەی خودا ئەفرێنەرە، واتای ئەوەی جۆرێك لە دابڕان لە نێوانی خودا و ئەفرێندراوانی، هەروەها جۆرێك لە مەبەستخوازییش دەگەیەنێت، هەروەها ئامانجێك كە لە خودی ئەفراندنەكەدا گریمانە دەكرێت. بەوەی دەگوترێت خوداوەند جیهانی دروست كردووە، ئەوەشە كە بڵێین دەیتوانی دروستی نەكات، كە دەشگوترێت ئەو ویستی وا بوو دروستی بكات، ئەوە سەلماندنی ئەوەیە كە ئەو لە پێناو شتێكدا دروستی كردووە، واتە لە پێناو ئامانجێكدا دروستی كردووە، یان بە مەبەستێك دروستی كردووە. كەواتە بیرۆكەی ئەوەی خودا گەردوونی دروست كردووە، هەر خۆی ئەوە گریمانەی جۆرە مەبەستخوازییەك لە نێو ویستی خوداوەنددا دەكات. بە چەشنێك، تەنانەت مەبەستخوازی بەو چەشنەی ئەرستۆ وێنای دەكات، لە لایەن دیكارتەوە لە سروشت دوور خرایەوە، ئەوا هەر ئەم سروشتە، هەر لە پێشڕا و بە شێوەیەكی گشتی، ئەگەر بكرێ بڵێین، مەبەستامێز بووە، مادام كە بەرهەمی كردارێكی ئازادانەی خوداوەندێكە كە دروستی كردووە.
وەك كە گوتم، یەزدان بزوێنەری جیهانە، ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت كە ماددە بۆ خۆی لەكار كەوتووە، كۆی دینامیكیەت لە خوداوەنددایە، واتە لەو خوداوەندەی بە گوێرەی تیۆریی ئەفراندنی بەردەوام، لە هەموو چركەساتێكدا تەن و بارستایی دروست دەكات (لە شوێنی جودادا) ئەمەش هەر توانایەكی خۆبەخۆی لە سروشت، هەر گوڕ و تینێك بۆ گەڵاڵە بوونی ئازاد، دادەماڵێت. جەخت دەكەمە سەر ئەو خاڵەش، چونكە پاش نەختێكی دی دەبینین كە سپینۆزا لە لای خۆیەوە بە شێوەیەكی روون دژ بە دیكارت دەبێت.
سەبارەت بە دیكارت، سروشت هەر سروشتە، كە ئەگەر بكرێ بڵێین، نەبووە، بوونی نییە، هێزێكی خۆبەخۆی نییە، هێزێكی ناوخۆی نییە. ناشكرێ بڵێین، حاڵەتەكەی لە چركەساتێكی دیاری كراودا، هۆی راستەقینەی حاڵەتەكەی لە چركەساتی دواتردا دەگرێتە خۆ. خودا لە هەر چركەساتێكدا دروستی دەكات. جوولەش، بۆ نموونە، لە هێزێكەوە دێت نەك لە ناوخۆی تەنەوە، بەڵكوو لەوەوە دێت كە خودا لە هەر چركەیەكدا تەنێك دروست دەكات، واتە تەنێكی بزواو لە شوێنێكی جودادا. دواجار، ئەوەی وامان لێ دەكات پێشبینیی شوێنانی دواتری تەنێكی بزواو بكەین، هەرگیز هێزێك نییە لە نێو تەن و شتانی بزواودا، بەڵكوو یاساگەلێكی جوولە هەن، ئەوانیش وا رێچكەیان بەستووە بەوەی خودا هەمیشە بە گوێرەی ویستێكی چەسپاو كار دەكات. ئەمەش توانای ئەوەمان پێ دەبەخشێت كە پێشبینیی حاڵەتی دواتری تەنی بزواو بكەین، بەڵام هۆی هەبوونی ئەوە پەیوەستە بە یەزدانەوە.
پاشان، سەبارەت بە دیكارت یەزدان خوداوەندی ئەفرێنەرە، ئەمەش بە تیۆرییە بە ناوبانگەكەی دیكارتەوە بەندە كە پەیوەندیی بە گیاندارانی میكانیكی، میكانیكە تەنەوە هەیە. بە لای دیكارتەوە خوداوەند گیاندارانی دروست كردووە. ئەوانی وەك ئامێر دروست كردووە، بە چەشنێك ئەگەر هەموو مەبەستخوازییەك لە خودی سروشت دوور بخرێتەوە، ئەوا سەرباری ئەوە، زەین لە پێناو تێگەیشتنی سروشت، ناچارە بگەڕێتەوە سەر مەبەستخوازییەكی پێویست بۆ عەقڵی ئەفرێنەر، بۆ عەقڵی خوداوەندانە، تەنانەت ئەگەر ئەوە پێویستی كرد كە تەن بە ئامێر دابندرێت، ئامێرێك كە هەر ئەندامێكی ئەركێكی هەبێت، ئامێرێك كە هەر ئەندامێكی هیچ واتایەكی نابێت تەنیا سەبارەت بە تێكڕای ئەو ئامێرە نەبێت، ئەمەش وا پێویست دەكات كە گریمانەی عەقڵێكی كاركەر و دروستكەر بكەین.
سپینۆزا، لێبڕاوانە دژی هەموو ئەمانە دەوەستێتەوە، ئەو دژی هەموو ئەو توخمە مەبەسخوازانە، ئەگەر جێی قسە بێت، دەوەستێت، ئەو توخمانەی دیكارت دەیانخاتە نێو تیۆرییەكەوە، كە لەگەڵ ئەوەشدا میكانیزمە، بە تایبەتیش تیۆرییەكی بیركارانەیە لەبارەی جیهانەوە. لێرەدا بایەخ بەم پرسە نادەم، كە مشتومڕی زۆری لێ دەكەوێتەوە، كە پەیوەندیی بە چاوگەكانی سینۆزاوە هەیە. ناشپرسم كە ئاخۆ یەكەمین حەدەسی سپینۆزا ئاخۆ حەدەسێكی كەسی بوو، یان ئەوەی لە كەلەپوورێكی دیاری كراوی جووەوە وەریگرتووە، یان لە تیۆریگەلی سروشتناسانەی سەدەمی رێنیسانسەوە (تیۆریگەلی سروشتناسانەی سەردەمی رێنیسانس، لە بیرتان نەچێت، دیكارت بەرسڤی دانەوە) یان لە لایەن ئەم دانەر یان ئەوی دیكەوە، لە لایەن (ئەفلۆتین)ـەوە، یان لە لایەن (گیوردانۆ برۆنۆ)وە. هتد. بە هەر حاڵ، ئێمە لە خودی فەلسەفەی سپینۆزادا، لە ریشەكەیدا، حەدەسێك دەبینین كە بەرانبەر بە حەدەسی دیكارتە. ئەو حەدەسێكە پەیوەندیی بە جۆرێك لە ناكۆتایی هاوجێی، بە جۆرێك لە رەهەندی سروشتیانەی دینامیكییەوە هەیە.
خوداوەند سروشتە، سروشتیش خوداوەندە. دیكارت دروست پێچەوانەی ئەوەی گوت. دیكارت پێمانی دەگوت: "لە بیرتان نەچێ سروشت خوداوەند نییە". ئەو ویستی هەر هێزێكی ناوخۆ لە سروشت دوور بخاتەوە. بەرانبەر بەوە، دەبینین كە سروشت خۆبەخۆ گەڵاڵە دەبێت. ئەو چاوگە، ئەو هۆی هەموو شتێكە. سپینۆزا ئەو رەخنەیە لە دیكارت دەگرێت كە بە تەواوی لە ناسینی یەكەم هۆ و لە بنەچەی شتانی دوور كەوتووەتەوە.
لە راستیدا، سەبارەت بە سپینۆزا، خودا هۆیەكی دەگمەنە. رەنگە دیكارت ئەم ئەندازەیە ئەرێ بكات، چونكە سەبارەت بە دیكارتیش خوداوەند هۆیەكی دەگمەنە. هەڵبەت بەوەی بڵێین خودا هۆیەكی دەگمەنە، سەبارەت بە سپینۆزا، قسە نییە، ئەوهای دیكارت ئاشكرای دەكرد، خوداوەند لە دەرەوەی خۆیدا جیهان دەئافرێنێ، ئەو چركە بە چركە جیهانێك لە دەرەوەی خۆیدا دەهێنێتە دی. خوداوەند هۆیەكی دەگمەنە سەبارەت بە سپینۆزا، واتە ئەو جەوهەرێكی دەگمەنە و ئەو لە هەموو شوێنێكدا ئامادەیە، یان بیرۆكەی هۆ، لە لای سپینۆزا، جووتە لەگەڵ بیرۆكەی جەوهەردا. لە فەلسەفەی سپینۆزادا، بیرۆكەیەكی بنەڕەت هەیە: بیرۆكەی هۆی هاوجێ، ئەو هۆیەكە بەرهۆیەك دەهێنێتە بەرهەم كە لە خۆی جودا نییە. ئەو وێڕای ئەوە بیرۆكەیەكی نادیارە، بەڵام بیرۆكەیەكی بنەڕەتە. پاشان، ئێوە لێرەدا ئاوێتە بوون و تێكەڵ بوونی هۆ و جەوهەر دەبینن، بۆ ئەوەی سروشت لە یەك كاتدا یەك و گشت بێت.
بیرۆكەی هۆی هاوجێ یەكێكە لە كۆنترین بیرۆكەكانی كە لە لای سپینۆزادا تووشی دەبین، مادام كە نەك تەنیا لە (نامە كورتەكە)دا دەیبینین، كە یەكەمین بەرهەمی سپینۆزایە، بەڵكوو ئێمە لە دیالۆگەكانیشدا بەدیی دەكەین كە تێكەڵ بە نامە كورتەكە كرا. ئێوە دەزانن كە لە نێو نامە كورتەكەدا، گەلێك دیالۆگ هەن، كە بێ گومان، كۆنترین ئەو دەقانەی سپینۆزان كە پێیان ئاشناین. هەروەها ئەو (هۆكاری هاوجێ)یە لە پرسی نێو كتێبی ئیتیكاشدا دەبینین، یەكەمین كتێب، رای دەگەیەنێت "یەزدان هۆیەكی هاوجێیە نەك هۆیەكی تێپەڕ بە هەموو شت". بە زمانێكی دی، یەزدان هۆكاری هەموو شتێكە. بەڵام یەزدانێكە هیچ شتێك لە دەرەوەی خۆیدا ناهێنێتە بەرهەم، بەرهۆیەكانیشی لە خۆی جودا نابنەوە، ئەوان، ئەگەر بشێ بڵێین، رەوشگەلی هەمەجۆری جەوهەری ئەون. كەواتە ئەفرێنەری سروشت نییە، ئەو سروشتە بە خۆی. خوداوەند یان سروشت (Deus sive Natura)، وەك سپینۆزا دەڵێ.
جا ئەمڕۆ لە سەرمان نییە كە زەحمەتییەكانی ئەو بیرۆكەیە چارەسەر بكەین. با تەنیا ئەوە تۆمار بكەین كە وێنا كردنی سروشت لێرەدا، بە بەراورد لەگەڵ تیۆریی دیكارت، بە شێوەیەكی قووڵ وەرچەرخاوە. دەشبینین كە بە گوێرەی ئەو وەرچەرخانە، خودی بیرۆكەی هەقیقەتیش دەگۆڕێت.
سروشتی دیكارتانە (سروشت لە لای دیكارت- ت. ك) پەیوەست بوو بە خوداوەندێك كە لە دەرەوەی ئەودا دەمێنێتەوە، خوداوەندێك كە چركە بە چركە، جوولە و بوونی پێ دەبەخشێت. بە پێچەوانەی ئەوە، سروشت لە لای سپینۆزا، دەبێتە هۆكاری خۆی و هۆكاری هەموو شتێك. بەر لە هەر شتێك دەبێتە شتێكی خۆڕسك، هەروەها بنەمایەكی چالاك بۆ گەڵاڵە بوون.
دەبێ بۆ دوورتر لەوە بڕۆین. ئەم خەسڵەتە خۆڕسكە رەهایە، سپینۆزا نایكاتە تایبەت بە تەنیا جەوهەرەوە، بەڵكوو دەبێتە خەسڵەتی سیفەتەكانی جەوهەر، بۆ هەر سیفەتێك لە سیفەتەكانی جەوهەر. ئێوە دەزانن كە جەوهەر، كە جەوهەرێكی دەگمەنە، سیفەتگەلی بێ كۆتایی هەیە، ئەو سیفەتانە لە توخمدا بێ كۆتایین، لە كاتێكدا یەزدان لە هەموو توخمەكاندا بێ كۆتاییە. ئەو سیفەتەی ئێمەش پێیان ئاشناین، مەودا و هزرن.
لە لای سپینۆزادا، كە لێرەدا بەرهەڵستیی هەموو میتافیزكانی سەردەمەكەی دەكات، كە خودە بوونی بێ كۆتایی لە توخمەكەیدا، واتە سیفەتەكەی، تەنیا بۆ جەوهەر نییە، واتە یەزدان، كە ئەو لە هەموو توخمەكاندا بێ كۆتایە.
دواجار، سیفەتی سپینۆزانە خۆبەخۆ هەیە. ئەو، بە هەموو واتای وشەكە، هۆیە، ئەوا بە شێوەیەكی رەها هۆی یەكەمە، ئەو هەرگیز نابێتە بەرهۆ. ئەو بەرهۆی جەوهەر نییە، ئەو گوزارشت لە جەوهەر دەكات بەڵام بەرهۆی ئەویش نییە.
ئەوەیە، یەكەم، رەوشی مەودا. ئێوەش دەبینن چۆن هەموو شتێك گۆڕا. لە لای دیكارت، مەودا پەكی كەوتووە. یەزدان، چركە بە چركە، دەیئافرێنێ، ئەگەر قسەكەشم دروست بێت، هەر یەزدانیش جوولەی پێ دەبەخشێت. كەچی لە لای سپینۆزادا، هەموو تەنەكان رەوشی هەمەجۆرن بۆ مەودا. مەودا بۆ خۆشی سیفەتێكی جەوهەرە، هەڵبەت ئەو سیفەتە بۆ خۆی گوزارشت لە جەوهەر دەكات. ئەو بێ كۆتایە، ئەو خۆبەخۆ هەیە. ئەو بریتییە لە هەموو ئەو شتانەی لەودا روو دەدەن، ئەو چاوگێكی بێ سنووری گۆڕان و كردارە. بەڵكوو لەوەدایە بڵێین، ئەو خوداوەندە، ئەو بە هەر حاڵ لە یەزداندا هەیە.
كەواتە هزر دەبێتە چی؟ ئایا دەكرێ پێمان وا بێت كە زەین (مادام كە ئەو تا ئەو رادەیە خراوەتە بەردەم سروشتێكی تەواو فیزیاییەوە، خۆبژێویشە) هیچ رۆڵێكی نەما، تەنیا تێگەیشتن لەو سروشتە نەبێت، هەروەها پێڕاگەیشتنی، بەوەی سەرنج بدەینە رووداوەكانی نێوی، سەرنجێكی نەرێنی؟ بەڵكوو بە پێچەوانەوە. وەك چۆن مەودا خۆڕسكییەكی فیزیاییانەی هەیە، هزریش خۆڕسكییەكی عەقڵییانەی هەیە، كە ئەویش سیفەتێكی خوداوەندانەیە. پاشان دەشبینین (ئەمەش كارێكی بە تەواوی سەیرە، كە سپینۆزا لە هەموو فەیلەسووفانی دی جیا دەكاتەوە) سپینۆزا ئەم خۆڕسكییە دەداتە پاڵ، نەك تەنیا هزر كە سیفەتی خوداوەندە، بەڵكوو هەروەها تێگەیشتنی بەكۆتا هاتووش، نەك تەنیا بۆ هزر، نەك تەنیا بۆ تێگەیشتنی خوداوەندانە، چونكە تێگەیشتنێكی خوداوەندانە هەیە، بەڵكوو بۆ هەموو تێگەیشتنەكان، تەنانەت ئەگەر تێگەیشتنی بەكۆتا هاتووش بن. ئیدی لە پای ئەو كارەوە، سەرباری ئەوە، ئیدی رزگاربوون (لە كۆتایی ئەم وانەیەدا لەمە حاڵی دەبن) دەبێتە كارێكی كردەنی.
Top