خۆشەویستی ئینسان لە غەریبی قوتار دەکات

خۆشەویستی ئینسان لە غەریبی قوتار دەکات

نووسه‌ر :حەمەسەعید حەسەن

تۆ بۆیە خۆشت دەویستم، چونکە پێویستت پێم بوو،
من بۆیە پێویستم پێت بوو، چونکە خۆشم دەویستی.
ئەو ئاڵۆزییەی بە سیمای خۆشەویستییەوە دیارە، هی ئەوەیە لە خۆشەویستیدا، هەم جەستە ڕٶڵی هەیە و هەم دەروون، هەم تاک و هەم کۆمەڵ، هەم تایبەت و هەم گشتی، ئەوە بۆیە لە خۆشەویستیدا، هەم لایەنی ڕوون هەیە و هەم تەمومژاوی، هەم لایەنی نهێنی هەیە و هەم ئاشکرا. هەر کۆمەڵگەیەک، بە شارستانی ئاشنا بووبێت، خۆشەویستی تێیدا، کەم تا زۆر هەبووە، ئاخر ئەوە خۆشەویستییە فۆرم بە ئاکاری ئینسان دەبەخشێت و ڕۆڵی کاربڕی لەوەدا هەیە، ئینسان بە شێوەیەکی دروست گەشە بکات. خۆشەویستی دەشێت بە پلە و ئاستی جیاواز هەبێت، بەڵام ناشێت نەبێت، ئاخر ئەگەر خۆشەویستی نەبوو، ئینسانیش نابێت. ئینسان ئەگەر بە حاڵەتی خۆشەویستیشدا تێپەڕ نەبووبێت، هەر شتێک لە بارەیەوە دەزانێت، وەک چۆن نابینا دەزانێت ڕووناکی چییە و نابیستیش لە مانای دەنگ تێدەگات.

تۆلستۆی دەڵێت: (با کەسیشت خۆش نەوێت، ئەوە بەو مانایە نایەت، خۆشەویستی لە ناخی تۆدا نییە، خۆشەویستی لە ناخی هەموو کەسێکدا هەیە، بەڵام بەربەستیش هەیە، لێ ناگەڕێت هەمووان ئەو خۆشەویستییە دەرببڕن.) ئێریک فرۆم لە کتێبی (هونەری ئەوین)دا دەڵێت: (ئەو تەنگژەیەی دووچاری بوونی ئینسان هاتووە، تەنیا بە خۆشەویستی چارەسەر دەکرێت، بەڵام بەگەڕخستنی خۆشەویستی ئاسان نییە، هونەرێکە پێویستی بە توانا و تێگەییشتن هەیە. نابێت خۆشەویستی لە پێوەندیی سێکیسی نێوان دوو ڕەگەزدا بچووک بکەینەوە، ئاخر خۆشەویستی هەوێنی هەموو چالاکییە باڵاکانی ئینسانە.) دەشێت ئینسان چەندان جار بکەوێتە نێو خۆشەویستییەوە، بەڵام خۆشەویستیی ڕاستەقینە، قووڵەکەیانە، ئەوەیان کە بەردەوامیی دەبێت.

فیلیا: بە مانای خۆشەویستی و هاوژینی دێت، بە مانای ئەو هێزە دێت کە دوو کەس بەرەو لای یەکدی ڕادەکێشێت و وایان لێ دەکات لە ڕووی ڕۆحییەوە لە یەکدییەوە نزیک بن. فیلیا: ئەوینێکی ڕۆحیی ڕاستەقینەیە، دڵنیایی ڕۆحییە، لە یەکدی نزیکبوونەوەیەکی دەروونی و لە یەکتر تێگەییشتنێکی قووڵە. شارستانی زادەی خۆشەویستییە، خۆشەویستیی نێوان ژن و مێرد و خزم و کەسوکار و هاووڵاتی و نیشتمان. کە باوەڕ بە خۆ بوون و هەست بە دڵنیایی کردن، بێ چەندوچوون زادەی خۆشەویستی بن، ئیدی دەبێت لەوەیش بێ گومان بین، گەشەکردنی کۆمەڵی ئینسانییش، هەر بە خۆشەویستییەوە بەندە.

ئەوە ڕێکەوت نییە کە فیلیا، کەوتووەتە پێش سوفیاوە، فیلیاسوفیا: بە مانای خۆشویستنی حیکمەت دێت، خۆشویستنێکی قووڵ کە دڵنیایی ڕۆحی دابین دەکات. یۆنانییەکان، مەبەستیان لە (ئاگاپێ) ئەو خۆشەویستییە بوو کە لەسەر بناغەی عەقڵ ڕۆ دەنرا، دەتوانرا پاساوێک کە عەقڵ پێی قایل بێت، بۆ ئەو خۆشەویستییە بهێنرێتەوە، چونکە خۆشەویستییەک نەبوو خۆڕسک، پێوەندی بە هەستەوە هەبێت و بەڵکوو زادەی ئاکاری جوانی کەسی خۆشەویست بوو، زێتر لە ڕێز لێ گرتنەوە نزیک بوو.

(لە بارەی خۆشەویستییەوە،) نامەیەکی بەناوبانگی ستانداڵە، ١٨٢٢ نووسیویەتی، تێیدا ئاماژەی بۆ چوار چەشن لە خۆشەویستی کردووە: خۆشەویستییەک کە زادەی چڵێسییە، خۆشەویستییەک کە زادەی ئارەزووە، خۆشەویستییەک کە پێوەندیی بە جەستەوە هەیە و خۆشەویستییەک کە گەڕانە لە دووی ناوبانگ و شکۆمەندی. سەرچاوەی خۆشەویستی چییە و خۆشەویستی لە چییەوە سەرهەڵدەدا؟ ئەم پرسیارە بە درێژایی مێژوو، بیرمەندانی سەرقاڵ کردووە. ئەفسانەیەک هەیە دەڵێت: بە یەکبوونی ژن و پیاو، وەک هاوسەرگیریی نێوان ئەرز و ئاسمان وایە، لە سەروەختی هەورەبروسکەدا، زەوین مێیە، هەور هێلکەیەتی کە ئاسمانی نێر، بە باران دەیپیتێنێت.

ئینسان کە فام دەکاتەوە، دەرک دەکات ژیانێکی سنووداری هەیە و هاکا کۆتایی بە بوونی هات، ئیدی ئارەزووی ئەوە لە کنی دەگەشێتەوە، ئەو سنوورە ببەزێنێت. خۆشەویستی هەوڵدانێکە بۆ گەییشتن بە باڵایی و نەمری. (فیلیاسوفیا) کە خۆشویستنی حیکمەت یان حەقیقەتە، زادەی کۆششی ئینسانە، بۆ یاخیبوون لە زەمەن. خۆشەویستی کە ڕۆح شاگەشکە دەکات، هەوڵدانە بۆ تێپەڕاندن لەو تەمەنەی بۆ جەستە دیاری کراوە. خۆسیە ئۆرتیگا دەڵێت: کە ئەویندار لە خودی خۆی چووە دەرەوە، لەوی دی نزیک دەبێتەوە و لەگەڵیدا یەک دەگرێت. ڕەنگە خۆشەویستی یەکەمین تەقەلای ئینسان بێت، بۆ ئەوەی سنووری تەسکی خودی خۆی جێ بهێڵیت و لەوی دیکە نزیک ببێتەوە. ئارەزوو ئەوەیە، هەوڵ بدەیت لەوی تر نزیک ببیتەوە، بەڵام لە خۆشەویستیدا هێزێکی نهێنی، بەرەو لای ئەوی دیکەت دەبات.

لای ئیفلاتوون، خۆشەویستی هێزیکی خوداییە، کۆمەکی ئینسان دەکات تا کەمایەسییەکانی پڕ بکاتەوە، ڕەوتاری چاک بنوێنێت و بەرەو جوانیی نەمر و باڵایی بە ڕێ بکەوێت. ئەوە ئەوینە ئینسان هان دەدات، بەرەو ئاسمانی باڵایی و نەمری لە شەققەی باڵ بدات و هەمیشە لە هەوڵی گەییشتندا بێت بە ئامانجە بڵندەکان. کۆششی ئیفلاتوون بۆ ئەوە بوو، کرۆکی ئەوینی پاک و ڕاستەقینە دیاری بکات و لە ئارەزووکردنی جەستەی جیا بکاتەوە. ئەوینی جەستە، پێوەندیی بە هەستەوە هەیە و خەمی لای تێرکردنی حەزی سێکسییە کە دووبارەبوونەوەی، ئینسان نەک هەر وەڕز و ماندوو دەکات، بەڵکوو ڕەنگە تووشی سێکسی نائاساییشی بکات. ئینسان ئەگەر مەبەستی تەنیا تێرکردنی ئارەزوو بێت، گوێ ناداتە ئەوەی کەسی بەرانبەر کێیە، ئاخر کە ئارەزوو بزوێنەر بوو، هەڵبژاردن لە گۆڕێدا نامێنێت.

خۆشەویستی دامرکاندنەوەی ئاگری ئاڵۆش نییە و ئینسان نە لێی تێر دەبێت و نە بە دەستییەوە ماندوو دەبێت. خۆشەویستی کە بە ڕووی ناکۆتاییدا کراوەیە، لێ ناگەڕێت ئینسان کۆن ببێت و بەردەوام نوێی دەکاتەوە. خۆشەویست پیر دەبێت، بەڵام خۆشەویستی بە پێچەوانەی ئارەزووەوە، ملکەچی زەمەن نییە و پیربوون ناناسێت. خۆشەویستی قووڵتر و پتەوترە لە نزیکبوونەوەی جەستەیی نێوان دوو کەس، خۆشەویستی کە دوو ئینسان پێکەوە گرێ دەدات، هێندە لە یەکدییان نزیک دەخاتەوە، وەک ئەوەی هەردووکیان، وەکوو بوون و چارەنووس، تاقە کەسێک بن. ئێریک فرۆم دەڵێت: ئەوە تەنیا خۆشەویستییە، ئینسان لە غەریبی و نیگەرانی قوتار دەکات و بەبێ خۆشەویستی، ڕەنگە ئینسان یەک ڕۆژ نەژیابا.

ئینسان ئێریک فرۆم گوتەنی، تەنیا ئەو کاتە، وەک تاکێک هەبوونی خۆمان دەسەلمێنێت کە بە خۆشەویستییەوە سەرقاڵ دەبێت، ئاخر خۆشەویستی ئەو تاکە هێزە کاریگەرەیە کە دیواری نێوان ئینسانەکان دەسمێت و ئەو خەڵکە یەک دەخات. ئەوە تەنیا خۆشەویستییە کە هاوزەمان وا دەکات، هەم پارێزگاری لە خودی خۆمان بکەین و هەم هەستیش بە تەنیایی و دوورەپەرێزی نەکەین. پارادۆکس لە خۆشەویستیدا ئەوەیە، دوو ئینسان هەم دەبن بە یەک و هەم وەک دوو کەسیش دەمێننەوە. لە ڕوانگەی ئێریک فرۆمەوە، خۆشەویستی چالاکییەکی پۆزەتیڤە، ئاخر ئینسان هەر هەست بە خۆشەویستی ناکات، هەر خۆشەویستی وەرناگرێت، خۆشەویستییش دەبەخشێت. ئەوانەی وای بۆ دەچن، بەخشین لە خۆشەویستیدا ئەوەیە، دەستبەرداری شتێک ببین، یان قوربانی بە شتێک بدەین، کەسانێکن چاوەڕێی پاداشت دەکەن، یان لای کەم بە هیوان، ددان بە بەخشین و قوربانیدانیاندا بنرێت.

بەخشین لە خۆشەویستیدا، زادەی بەهێزیی و دەوڵەمەندیی کەسایەتیمانە و تا زیاتر ببەخشین، زیاتر هەست بە توانا و لێهاتوویی خۆمان دەکەین، زیاتر لە بەختەوەری نزیک دەبینەوە. ئەویندار، بەوە دڵشاد دەبێت کە ببەخشێت نەک کە وەربگرێت، لە بواری ماددیدا، بۆ ئەوەی ببەخشیت، دەبێت دەوڵەمەند بیت، بەڵام دەوڵەمەند کەسێک نییە کە زۆری هەیە، کەسێکە کە زۆر دەبەخشێت. چاوچنۆک بە چاوپۆشین لەوەی چەندی هەیە، هەر هەژارە، کاتێک ئینسان هەست دەکات دەوڵەمەندە، کە توانای بەخشینی هەبێت و دەوڵەمەندترین ئینسان کەسێکە کە ژیانی خۆی دەبەخشێت. لای ئێریک فرۆم، دەوڵەمەندی بەختەوەر کەسێکە لە ڕێگەی هونەر و ئەدەبەوە، توانای دەوڵەمەندکردنی ژیانی ئەوانی دیکەی هەبێت.

وەک چۆن زەبروزەنگ، زەبروزەنگ بەرهەم دەهێنێت، خۆشەویستییش، خۆشەویستی بەرهەم دەهێنێت. توانای بەخشینی خۆشەویستی، پێوەندیی بە گەشەسەندنی کەسایەتیمانەوە هەیە. کەسێک دەتوانێت خۆشەویستی ببەخشێت کە کۆیلەی ئارەزووەکانی جەستەی نەبێت، بەسەر جەستەی خۆیدا زاڵ بێت، کەسێک کە نە شەیدای دەسەڵات بێت و نە شانازی بە خۆیەوە بکات، کەسێک کە متمانەی بە خۆی هەبێت. بەخشینی خۆشەویستی لای فرۆم ئەوەیە: کارێک بکەین، سوودی بۆ ئەوانی دیکە هەبێت، بە دەم داخوازیی کەسانی دیکەوە بچین و کەسانی ترمان، وەک خۆیان هەن، قەبووڵ بێت.

خۆشەویستی لە کۆمەڵی سەرمایەداریدا، ڕەنگدانەوەی هەلومەرجە کۆمەڵایەتییەکەیە کە لە سایەیدا، ئینسانی بەئامێربوو، توانای خۆشەویستیی نامێنێت و پێکەوەنانی خێزان، ملکەچی یاسای بازاڕ دەبێت، ژن و مێرد لە یەکتری بێگانە دەبن و فرۆم گوتەنی، (ئەوەی لە سایەی سەرمایەداریدا هەیە، تێرکردنی ئارەزووە نەک خۆشەویستی، هەوڵدانە بۆ هەڵاتن لە دوورەپەرێزی، نەک هاوسۆزی و هاوژینی.) خۆشەویستی کاتێک ئیمکانی هەبوونی هەیە، ژن و مێرد هەم وەک خود ئازاد بن و هەمیش وەها بۆ یەکدی بژین و وەها هەست بە یەکدی بکەن، وەک ئەمیان ئەوی دیکەیان بێت. لای فرۆم، تەنیا پێوەندییەکی وەها قووڵ، بەڵگەی هەبوونی خۆشەویستییە.

لای مەسیحییەکان، ڕەوشتی جوان لە خۆشەویستیدا خۆی دەنوێنێت، خۆشەویستی کرۆکی ئینسانە، خۆشەویستی هێزێکە، هەرگیز لە بن نایەت و بەردەوام و بێ پشوودان و بێ هەست بە شەکەتی کردن، خۆشی بەسەر ئینساندا دەبەخشێتەوە. لای ئوگەستین، سێ جۆر خۆشەویستی هەیە، خۆشەویستیی ئینسان بۆ خودا، خۆشویستنی کەسانی نزیک و خۆشەویستیی خودا بۆ ئینسان. خۆشەویستیی ڕاستەقینە و مەزن و ئەزەلی کە لێ ناگەڕێت بکەوینە گۆمی گوناهەوە، ئەو خۆشەویستییەیە، بەرەو لای (خالق) هەڵدەکشێت، نەک ئەو خۆشەویستییەی بەرەو لای خوڵقێندراو دادەکشێت، ئاخر ئەمەیان کاتەکی و ڕەوتەنی و فانی بوو. لای ئوگەستین، ئینسان دەتوانێت خودی خۆیشی خۆش بوێت، بەڵام بە مەرجێک خودای زێتر خۆش بوێت، ئەوە بۆیە دەیگوت: ئەوی خودای خۆش بوێت، خۆیشی خۆش دەوێت.

لای مەسیحییەکان، خۆشەویستی ئەوەیە، هەمان ئەو سۆزەی بە کەسانی نزیکی خۆمانی دەبەخشین، بە دوژمنیشی ببەخشین. سینیکا دەیگوت: پێویستە ئینسان یاریدەی دوژمنەکانیشی بدات و نابێت ستەم، تەبایی نێوان دەروونەکان بشێوێنێت و دەبێت بە خۆشەویستی بەسەر قیندا زاڵ ببین و ئەگەر کەسێک تفێکی کردە ڕوومان، وا بزانین تفەکەی کەفی شەپۆلی زەریایە. سینیکا هانمان دەدات، خۆمان خۆش نەوێت، کەسانی دیکەمان خۆش بوێت و پێی وایە ئینسانی بەهێز، خۆپەرست نییە و دوژمنی خۆیشی خۆش دەوێت.

لای مەسیحییەکان، خۆشویستنی دوژمن، دداننان نییە بە ئینساندا وەک باڵاترین بەها، بەڵکوو لووتکەی ڕەتکردنەوەی خۆپەرستی و زاڵبوونە بەسەر حەز و ئارزووەکانی خۆماندا. ئەمەیش کاتێک دێتە دی کە بە پلەی یەکەم خودامان خۆش بوێت، ئیدی ئەوسا لە گوناهەکان پاکژ دەبینەوە و بە ئاسانی دەتوانین بە ڕاستگۆییەوە، دۆست و دوژمنمان خۆش بوێت و لەو پێناوەدا، قوربانیش بە خۆمان بدەین. کریستیان، چی بۆ خۆی دەخوازێت، هەمان شتی بۆ کەسانی تریش پێ خۆشە، ئامادەیە دەست لە سامانی خۆی هەڵبگرێت و بیبەخشێتەوە و با زەلیلیش بکرێت و ئەشکەنجەیش بدرێت، هەر ئینسانی خۆش دەوێت، بەوانەیشەوە کە ئازاری دەدەن و دەیانەوێت بیکوژن.

لێکدانەوەی مەسیحییەکان بۆ خۆشەویستی ئەوەیە، دەروونی خۆمان چاک و پاک ڕابگرین و خۆپەرستی لە خۆماندا بکوژین، چاکە بکەین، ئاخر دەروون لەڕێی چاکەکردنەوە، پەروەردە دەکرێت و لە قین پاکژ دەبێتەوە. چاکەکردن لە دڵەوە هەڵدەقوڵێت، زادەی خۆشەویستییە و کەسی چاکەکار چاوەڕێی قەرەبوو ناکات و کە بەخشینەوە دەکاتە کاری ڕۆژانەی خۆی، لە سۆنگەی ئەوەوە نییە کە زۆری هەیە، بەڵکوو ئارەزووی لە بەخشینە، بە چاوپۆشین لەوەی زۆری هەیە یان نا.

کریستیان بڕوای بەوە نییە، دادپەروەری بەوە بێتە دی کە بە شەڕ بە گژ شەڕدا بچینەوە و بە خێر وەڵامی خێر بدەینەوە. ڕەنگە ترس وا بکات، خۆمان لە کاری خراپ بە دوور بگرین، بەڵام ڕەوشتی باش، زادەی ترس نییە، ئاخر ترس هیچی باشی تێدا نییە و خۆشویستنی ئینسان بە ترساندن بەرهەم نایەت. کرۆکی ڕاستەقینەی خۆشەویستی ئەوەیە، ئینسان خودپەسەند نەبێت، تۆلستۆی دەیگوت: کاتێک ئەگەری بوونی خۆشەویستی ڕاستەقینە هەیە، پایەی ئەوی دیمان لە هی خۆمان پێ بڵندتر بێت، خۆمان ڕەت بکەینەوە و قوربانی بە خۆمان بدەین. خۆشەویستی ئەوەیە کە ناتوانین دوای بخەین بۆ هەلومەرجێکی لەبارتر، ئاخر خۆشەویستی یان نییە، یان کە هەبوو، ئێستا و لێرە هەیە، بە تەواوی هەیە، نەک بە نیوەناچڵی. خۆشەویستی دوا ناخرێت بۆ ئایندە، چونکە کردەیەکە ئێستا ئەنجام دەدرێت نەک لە داهاتوودا، ئەوی ئێستا باسی خۆشەویستیت بۆ نەکات، لە داهاتوویشدا نایکات.

لە زۆربەی کار و چالاکییەکاندا، دەتوانین لەبری ئەم، پشت بە ئەو ببەستین، بەڵام لە خۆشەویستیدا ئەوە مەحاڵە. تاک لە خۆشەویستیدا بەهایەکە قەرەبوو ناکرێتەوە و ناتوانین لە جێی ئەم، ئەومان خۆش بوێت. تاک لە خۆشەویستیدا هەست بە بوونی خۆی لە بەرانبەر ئەوی دیکەدا دەکات و دەتوانێت لایەنە هەرە چاکەکانی خۆی پیشان بدات و بەردەوام گەشەیان پێ بدات. خۆشەویستی لووتکەی ئازادیی ئینسانە و ئەگەر نەخوازین، کەس ناتوانێت ناچارمان بکات، ئەم یان ئەومان خۆش بوێت، ئاخر خۆشەویستی دەستپێشخەرییە و لە خودەوە هەڵدەقوڵێت، بە هاندانی دەرەکی نایەتە دی. خۆشەویستی نە زادەی ڕامانی قووڵە و نە هی ئارەزووی ڕووکەش، لە کن فیورباخ، خۆشەویستی پێوەندیی بە ئیمانەوە نییە، لە کوێ عەقڵ هەبێت، لەوێ خۆشەویستییش هەیە، چونکە خۆشەویستی پراکتیزەکردنی ئازادییە و ئازادییش بەرهەمی عەقڵە.

پاسکاڵ لە (لۆگیکی دڵ)دا دەڵێت: (ڕێسای خۆشەویستی جیاوازە لە ڕێسای سروشت و عەقڵ، دڵ ڕێسای تایبەت بە خۆی هەیە کە عەقڵ سەری لێ دەرناکات، دڵ قەت وەدووی یاسای عەقڵ ناکەوێت کە پشت بە هۆکار و سەلماندن دەبەستێت.) خۆشەویستی دەرکەوتنی ئەستێرەی هەستە لە جوانترین درەوشانەوەیدا و وەک چۆن لە تۆوێکەوە، ڕووەکێک پەیدا دەبێت، هەڵسوکەوتی ئەویندارانیش، زادەی هەستی خۆشەویستییە و بە هۆی خۆشەویستیشەوە، بە مانای ژیان ئاشنا دەبین و ئازادانە بە دەم هاواری خودی خۆمانەوە دەچین.

١٣ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٢

(*) أ. روبینیس، جوهر الحب موضوع للتأمل الفلسفي.
(**) فلسفة الحب، مجموعة من المٶلفین، ترجمة: هیثم صعب، الجزء الأول، دار المدی للثقافة والنشر ٢٠١٠ دمشق.
پەیجی نووسەر لە فەیسبووك:
www.facebook.com/Hemeseid.Hassan
Top