سەفەری خۆر بە کەشتیی هەور

سەفەری خۆر بە کەشتیی هەور

نووسه‌ر :حه‌مه‌سه‌عید حه‌سه‌ن

لە میسری کۆن، ئایین و ئەفسانە، وەها ئاوێتەی یەکدی بووبون، لێک جودا نەدەکرانەوە، ئاخر ئەفسانە بەشێک نەبوو لە ئایینیان، بەڵکوو ئایینیان، کۆمەڵێک ئەفسانە بوو. (هێسیوود)ی شاعیری یۆنانی، لە شیعرێکیدا، کە ناوی ناوە، (درەختی ڕەچەڵەکی خوداوەندەکان،) تێیدا وێڕای ژیاننامەی خوداوەندەکان، بەسەرهاتی خەڵقبوونی دنیایش دەگێڕێتەوە، بە زەوین و ئاسمانییەوە، بە ئینسان و بە ئاژەڵ و ڕووەکییەوە. ئەکزۆناڤانیس کە شاعیر و فەیلەسووفێکی ئیتالییە و پێنج سەدەیەک پێش زایین ژیاوە. ڕەخنەی توندی لە هێسیوود گرتووە، لای ئەو (خودا یەکێکە و هاوبەشی نییە، نە لە کەس دەچێت و نە کەس لەو دەچێت. وەک چۆن خۆر تیشک دەبەخشێت، ئەو تاقە خودایەش، سەرچاوەی فیکر و بیستن و بینینە. ئەو خودایە شتێک نییە و ئەم دنیایە شتێکی دیکە، هەردووکیان یەکێکن.)

لە بواری نووسینەوەی ئەفسانەدا، جێدەستی (هۆمیرۆس)یش بە زەقی دیارە. ئۆڤید کە شاعیرێکی ڕۆمانی بووە، بە شێوازێکی سەرنجڕاکێش، بە دەربڕینی ناسک و بە وەسفی جوان، چەندان داستان و ئەفسانەی تۆمار کردووە. (ڤیرگیل)ی ڕۆمانی و (ئەسخیلۆس، سۆفۆکلیس و یۆربید)یش کە یۆنانی بوون، نەمرییان بۆ ئەفسانە دابین کردووە. یۆنانییەکان پێیان وابوو، زەوین بازنەیییە، یۆنان دەکەوێتە ناوەندییەوە و چیای (ئۆلیمپ)یش کە لە ناوەڕاستی یۆناندایە، هەواری خوداوەندەکانە. ژینگەی ئەو بەهەشتەی شاعیرە دێرینەکانی یۆنان، پێش لە دایکبوونی مەسیح باسیان کردووە، زۆر لەو بەهەشتە دەچێت کە سەدان ساڵ دواتر، لە دەقە پیرۆزەکاندا باس کراوە. لە یۆنان کەشوهەوا هێندە لەبارە، وای کردووە دانیشتووانی ئەوێ، کەسانی هەستناسک بن، ئاخر کەشوهەوای دژوار، کارێک دەکات، خەڵک توند و زبر بن. ئەو ئاووهەوا گونجاوەی یۆنان، ڕۆڵی گرنگی لەوەدا وازی کرد کە شانۆ، شیعر، فیکر، زمان، تەلارسازی، فەلسەفە و وەرزش، لەوێ پێش بکەون.

ئەسخیلۆس کە یەکێکیش بوو لە پێشەنگەکانی سوفستائییەکان، لە تراژیدیاکانیدا ڕەخنەی ئاڕاستەی ڕەوتاری نادروست و هەڵسوکەوتی هەرزەکارانەی خوداوەندەکان دەکرد و هەندێک جار دەیکردن بە کەرەسەی قۆشمە و گاڵتەی پێ دەکردن. کار گەییشتە جێیەک، یۆرپیدز وەک کۆمەڵێک لە چەتە کە پەلاماری ماڵ و ئاوڕووی خەڵکی دەدەن، وێنەی خوداوەندەکانی دەکێشا. (ئەرستۆڤانیس)یش لە کۆمێدیاکانیدا، وای کرد یۆنانییەکان قاقا بە خوداوەندەکانیان پێبکەنن. سوکرات بە کاریگەرییەتیی تراژیدیاکانی یورپیدز و کۆمێدیاکانی ئەرستۆڤانیس، هاتە ناو خەڵکەوە و ڕاستەوخۆ باسی ئەوەی بۆ کردن کە درەختی ڕەچەڵەکی خوداوەندەکان، درۆیە و هیچ بناغەیەکی دروستی نییە. ئەوە بوو خەڵکی نەفام لێی ڕاپەڕین و دەسەڵاتدارانی هەلپەرستیش لایەنی عەوامیان گرت و ناچاری ژارنۆشینیان کرد.


بایەخی پرۆمیتیۆس لەوەدایە کە لە پێناوی ئینساندا بە گژ خوداوەنددا چووەوە، ئەوەبوو ئاگری لە زەوس دزی و بۆ ئینسانی برد، تا چاوی بکرێتەوە و زانیاری و هونەر فێر ببێت. خوداوەند لە تۆڵەی ئەو سەرکێشییەدا، ئاگردزی بە چیاوە بەستەوە و ڕۆژانە داڵ دەهاتن جگەریان دەخوارد. خوداوەند شەو جگەری پێ دەبەخشییەوە و دیسان بەیانی داڵ دەهاتن، دەیانخواردەوە، تا دوا جار (هەرقل) ڕزگاری کرد، ئیدی خوداوەند بۆ ئەوەی بە داخ و حەسرەتەوە بیکوژێت، ژنی خولقاند و پێی بەخشی.

ئەو ئاگر دزینە، هەر لە خواردنی بەری درەختەکەی بەهەشت دەچێت، ئەو جگەرخواردنە، هەر لەو سووتاندنەی ناو دۆزەخ دەچێت کە بەردەوام گۆشت و پێست، بۆ سووتێنراوەکان چێ دەکرێتەوە، تا سەرلەنوێ بە ئاگری دۆزەخ بسووتێنرێنەوە. ئەو شنەی شەماڵ و خوڕەی ئاو و هەمیشەبەهارەی لە فیردەوسی ئەفسانەی یۆنانیدا هەیە، هەر لەو بەهەشتە دەچێت کە ئادەم پێش ئەوەی ئێڤا فریوی بدات، تێیدا دەژیا و هەر هەمان ئەو بەهەشتەیە کە قەرارە بڕواداران پێی شاد ببن. ئەو تۆفانەی بە گیرسانەوەی کەشتییەکەی نووح، لەسەر چیای جوودی کۆتایی دێت، لە ئەفسانەی یۆنانیدا، بە ڕزگاربوونی ژن و مێردێک لەسەر لوتکەی چیای پارناس دوایی دێت کە بەر بارانی بەزەیی و سۆزی زەوس دەکەون و میللەتی یۆنان، وەچەی ئەو ژن و مێردەن. نزیکەی هەموو ئەو سیفەتانەی لە خودای مەزندا هەیە، بە گوێرەی ئەفسانەی یۆنانی لە زەوسی خوداوەنددا هەبووە. (لایەنێکی لاواز)ی خوداوەندی نێو ئەفسانەی یۆنانی ئەوە بووە، ئەویش وەک ئینسان شەیدای ژنی جوان بووە و دڵی ئەویش بە تیری ئەوینی (کیوبید)ی جوان، بریندار بووە.

تێزێک هەیە باس لەوە دەکات، داستانە دێرێنەکان، هەموویان یان زۆربەیان هەر لەگەڵ سەرهەڵدانی یەکەمین ئینسان و یەکەمین خێڵدا پەیدابوون. کە ژمارەی خەڵک پەرەی سەندووە، لە یەکدی جودا بوونەتەوە، بە دنیادا بڵاوەیان لێ کردووە، هەر گرووپەی بووەتە خاوەنی دیالێکت یان زمانی خۆی و ژینگە و هەلومەرجی ژیانی تایبەت بە خۆی، ئیدی داستانەکانیش بە کۆمەکی خەیاڵی جیاواز، گۆڕانیان بەسەردا هاتووە. لە ئەمریکا، لە ئەفریکا، لە ئاسیا و ئەورووپایش، ئینسان کە تیری دروست کردووە، هەر پشتی بە هەمان جۆری بەرد بەستووە. ئەوە ڕێکەوت نییە کە بە لاتینی بە (باوک) دەڵێن: پاتەر، بە فارسی: پدەر، بە ئەڵمانی: ڤاتەر، بە سوێدی: فادەر و بە ئینگلیزی: فازەر. ئەو خوداوەندەی لای یۆنانییەکان: زەوسە، لای هیندییەکان: دیوسە. بە گوێرەی ئەفسانەی ئارییەکان، ئاسمان زەریایەکی شینە، هەور، کەشتییە. لای یۆنانییەکان، بەسەر کەشتیی زێڕینی (شاروون)ەوە، خۆر لە ڕۆژهەڵاتەوە بەرەو ڕۆژئاوا سەفەر دەکات.

٢٩/٩/٢٠١٢

(*) درینی خشبة، أساطیر الحب و الجمال عند الیونان، المجلد الأول، دار التنویر ٢٠٠٩ بیروت.
Top