بیركردنەوە لە فەزای گشتیدا تیشك خستنەسەر فكرەكانی فەیلەسوفی هاوچەرخی ئەڵمانیایی (یۆرگن هابرماس) بەشی یەكەم

بیركردنەوە لە فەزای گشتیدا تیشك خستنەسەر فكرەكانی فەیلەسوفی هاوچەرخی ئەڵمانیایی (یۆرگن هابرماس) بەشی یەكەم

نووسه‌ر :د. شیرزاد نجار

(گۆڕینی پەیكەربەندی لە فەزای گشتیدا:
لێتوێژینەوە لەهەمبەر جۆر لە كۆمەڵگەی بۆرجوازیدا) هابرماس(لەدایكبووی 1929) هەرلە تافی لاوێتیەوە خۆی سەرقاڵكردووە بە ئازادی مرۆڤەوە چۆن چۆنی دەكرێت مرۆڤ لە كۆت و تەوق و بەندێ ڕزگار بكرێت كە جڵەوگیری دەكەن، یان ڕێگر دەبن لە بەرانبەر دیاریكردنی چارەنووسیدا و ناهێڵن بەشدارییەكی كارای هەبێت بە تایبەتیش بەشداریكردنی لە ئەستێڵكی سیاسەتدا، هەر بۆیە ئەم زانایە ڕەخنەی ئاڕاستەی كۆمەڵگەی سەرمایەدارێتی بۆرژواز كردووە، بەو سیفەتەی لە ڕووی هزرییەوە سیستمێكی ڕەتكراوەیە، لەمبارەیەوە پرۆژە فەلسەفیە فكرییە مەزنەكەی خۆی خستۆتە ڕوو كە پێوەندیدارە بە (عەقڵانیەتی پێكەوەڕۆیی ـ تواصلی)بەو شێوازەی كە ئەو پرۆژەیە پێكهاتەیەكی ئازادە بۆ پێوەندی كردن و وابەستەش نییە بە ئیرادەگەرێتی میللییەوە، دواجار بۆ خۆی دەبێتە ئەو ئامڕازەی كە بە هۆیەوە بە بێ دابڕان و بە بەردەوامی دیالۆگ و لێكتێگەیشتنی هاوبەش لە نێوان هاووڵاتیاندا دەخوڵقێنێت..
ئەم مەیدانەیە كە هابرماس بە مەیدانی(فەزای گشتی)1 ناوزەدی كردووە، مەیدانەكە دەروازەیەكە بۆ دیموكراتیەتی ڕاوێژكاریی، كە كار بۆ ئەوە دەكات ببێتە ناوەندێك بۆ لێكبەستنەوەی دەوڵەت بە هاووڵاتیانەوە یان گرێدانەوەی دەوڵەت بە كۆمەڵگەیەكی مەدەنی تژی بە بەرژەوەندی هەمەچەشن و لێكجیاوازو لێكدژەوە، بەم شێوەیە هابرماس لەو تێزەیدا كە ساڵی 1961 بۆ ئوستادی پێشكەشی كردووە بەم ناوەی خوارەوە چەسپێنراوە:
Strukturwandel der Oefentlichkeit
Untersuchungen zur einer Kategorie der buergerlichen
Gesellschaft
(گۆڕینی پەیكەربەندی لە فەزای گشتی: لێتوێژینەوەیەك لەسەر جۆر لە كۆمەڵگەی بۆرجوازیدا)2
گرنگترینی ئەو بابەتانەی هابرماس لە تێزەكەیدا باسی لێوەكردبن ئم دۆزانەیە:
*پەیكەربەندی كۆمەڵایەتی بۆ فەزای گشتی
*وەزیفە سیاسییەكانی فەزای گشتی
*فەزای گشتی بۆرژوازییەت:فكرو ئیدیۆلۆژیا
*گۆڕانی كۆمەڵایەتی لە فەزای گشتیدا
* سەبارەت بە چەمكی ڕای گشتی بڕوانە:
(Juergen Habermas، Strukturwandel der Oeffentlichkeit ،Suhrkamp ،F/M،1990،pp 7-9 ئامانجەكەی ئەم تێزەی ئەوەی دیاریكردووە كە بریتییە لە شیكاركردنی چەشن یان شێوەیەكی فەزای گشتییە بۆ بۆرژوازی و پەرەسەندنیی، لە پێناوی وەدیهاتنی ئەم ئامانجە یەكانگیرەشدا، هابرماس لە لێكۆڵینەوەكەیدا هەوڵی داوە تێرمی فەلسەفی و سیۆسیۆلۆژی و ئابووری و یاسایی و سیاسییەكان لەگەڵ مێژووی فكری سیاسی و كۆمەڵایەتی تێكەڵ بكات، بەو شێوەیە لێی كۆڵیوەتەوەو دروستبوونەكەی شیكردۆتەوەو دواتر بەستاویەتیەوە بە سەرهەڵدانی گرووپێكی عەقڵانگەرایی سەدەی هەڤدەیەمەوە، بە واتای بەستنەوەیەتی بە سەقامگیربوونی هۆشیارانەی ڕێنیسانس و لیبرالیەتی كلاسیكی تا دەگاتە كۆتاییەكانی سەدەی نۆزدەیەمین.
بەو شێوەیە هابرماس چەمكی فەزای گشتی بۆرژوازی وا خوێندۆتەوە وەك ئەوەی فیگۆرێكی مێژوویی بێت بە واتای چەمكێكە قابیلی پەرەپێدانی مێژووییە، دەشكرێت لەسەر چەشنی ڕای گشتی قسەی لێوەبكرێت، چ لە ئینگلتەرای سەدەی هەڤدەیەمین یان فەرەنسای سەدەی هەژدەیەمیندا، كاتێك لە ڕێی كۆمەڵێك گۆڤارو ڕۆژنامەوە، بەراییەكانی ئەم تێزەی لە شوێنە گشتییەكاندا بڵاوبۆوەو بە تایبەتیش لە قاوەخانەكاندا، وێڕای هەبوونی ژمارەیەكی نادیاریكراو لەو كەسایەتییانەی كە لە مەزەندەیاندا هەبووە ڕاشكاوانەو ئازادانە دۆزە گشتییەكان موتاڵاو تاووتوێ بكەن، ئەم دۆخە نزیك بۆتەوە لەو ناوهێنانەی هابرماس كە گوزارشتی لێ كردووە بە (دۆخی ئایدیالی بۆ دیالۆگ)، سەرەڕای ئەمەش ئەم پرۆسەیە لە جوغزێكی بەرتەسكدا گیری خواردبوو بە هۆی ستراكتۆری چینایەتی قۆناغی سەرهەڵدانی سەرمایەدارییەوە، كە جگە لە توێژێكی كەم و دیاریكراو نەبێ بۆ كەسی تر نەبوو بەشداری لە ژیانی سیاسەتوانیدا بكەن.
هابرماس وای لێ دەڕوانی: كە سەرمایەدارێتی تازەو پەرەسەندوو، بە هەژموون و باڵادەستێتی دەوڵەت بەسەر بوارەكانی ئابووری و بوارە جیاجیاكانی تری ژیانەوە دەناسرێتەوە، بۆیە كاروباری گشتی خرابوونە ئەو خانانەی كە بۆ هاووڵاتیان نەبوو دەستیان تێوە وەربدەن، بەڵكو ئەو بابەتانە بوون كە جگە لە گرووپی گەشەكردووی پسپۆران بە كەسی تر شرۆڤە نەدەكران(بڕوانە: ئەیان كریب، تیۆری كۆمەڵناسی،1999، ل355)
پێشبینیكردنەكەی هابرماس، داكەلان و داڕووخانی فەزای گشتی سەرمایەدارێتی و كۆمەڵگەی سەڵتەنەتخواز و بۆرژوازی لە هەردوو مامۆستاكەی خۆیەوە كە(ئەدۆرنۆ)و(هۆركهایمەر)ن، ئیقتیباسی كردبوو، لەبەر ئەوە، وەك دەریچەیەك بۆ قەیرانی سەرمایەدارێتی، لەم بیردۆزەیەدا هابرماس تیشكە نیگای بیرۆكەكەی خۆی لەسەر فەزای گشتی خستبوەڕوو، هەروەها لەبەر ڕۆشنایی پێوەندییەكان و كارلێكەكانی نێوان بنەما ئابوورییەكان و ستایلە سیاسیەكان و دیاردەكانی رۆشنگەری بۆ بونیادنانەوەی سەرخانی كۆمەڵگەیی، كۆمەڵگەی مۆدێرنەی شرۆڤە دەكردەوە، وەك سوژەیەكی مۆڵەق لەم پێوەندییانەی دەنواڕی بێ ئەوەی بتوانێ خۆی لە ڕوانینی ڕەشبینانەی ڕەخنەگرانە دەربازبكات، دواجار لە میانەی لێكجیاكردنەوەی ئەو دوو ئەستێڵكە كۆمەڵایەتیەوە، توانی تێڕوانینێكی گەشبینانە بۆ پەرەپێدانی كۆمەڵگەو بیرۆكەی فەزای گشتی پێكبێنێت كە بریتین لەم دوو ئەستێڵكە:
*ئەستێڵكێ لە ژێر ڕۆشنایی ئەو فرمانانە كاردەكات و دەگوزەرێ كە لە ئامڕازە عەقڵیەكانەوە سەرچاوەیان گرتووە..
*ئەستێڵكێ گرێبەندە بە پێوەری عەقڵانیەتی پێكەوەڕۆیی..
كەواتە خۆگرێدانەوە بەم پرۆژە نوێیەوە بە مەبەستی پێكهاتنێكی عەقڵانییە بۆ كۆمەڵگە..بڕوانە لە:
F.M.G.Leguizamon،Vom Klassischen zum virtuellen oeffentlichen Raum:Das Konzept der Oeffentlichkeit und ihr Wandel im Zeitalter des Internet،Diss.Berlin،2009،p.37)
لەم پرۆژە عەقڵانیەدا زمان وەك ئامڕازێكە بۆ لێكتێگەیشتن، كەواتە لە فەزای گشتییەوە وەك مەیدانێك بۆ پێكەوەڕۆیی لە زمان دەڕوانرێت.
لە ژێر ڕۆشنایی ئەم ناسنامەیەدا بۆ بونیادنانی پرۆژەیەكی عەقڵانی كۆمەڵگەی مۆدێرنە، هابرماس لە ناو زانایانی زانستی سیاسەت و زانستی كۆمەڵایەتیدا بەو فەیلەسووفە دەناسرێتەوە كە بنەماكانی فەزای گشتی داڕێژتۆتەوە، ئەگەر بە پێی ڕاو ئایدیای بورهان غەلیونی بیرمەند بێت، بنەچەی بەكارهێنانی سەرەتای زاراوەگەلی( بواری گشتی/فەزای گشتی) دەگەڕێتەوە بۆ ئەمانۆئێل كانت ی فەیلەسوف، بەڵام ئەو كەسەی بیردۆزەیەكی ڕوون و ئاشكرای بۆ ئەم زاراوانە داڕشتبێتەوە هابرماس بووە، ئەویش لە تێزەكەیدا، (بڕوانە: خالید كازم ئەبو دۆح، چەمكی بواری گشتی: ڕەهەندە تیۆری و تەتبیقاتیەكانی، لە:گۆڤاری ئیزافات، ژمارە:11، بیروت 2011، ل142)
فەزای گشتی ئاماژە دەدات بە:
*كارلێككردن و پێوەندییە ئاڵوگۆڕكراوەكانی نێوان هاووڵاتیان كە بۆ دیالۆگی نێوانیان بە بناغە دادەنرێت..
* گفتوگۆگشتییەكان و دیالۆگ كە بە ڕای جەماوەر دەزانرێن و لە میانەو لە ڕێی ماسمیدیاكانەوە دەگەنەوە لای دەسەڵاتی سیاسی
*لەم وتووێژنەدا قاوەخانەكان ڕۆڵێكی كارا دەگێڕن ئەمەش هۆیەكەی بۆ باكگراوەندی مێژووییان دەگەڕێتەوە، چونكە ئەم قاوەخانانە بۆ یەكەمین جار لە ساڵی 1650 لە لەندەن دامەزراون و لەوێدا ئەو گفتوگۆیانە ساز كراون كە پێوەندیداربوون بە بەرژەوەندی گشتییەوەو كاریگەری قووڵیان هەبوو لەسەر دۆزەكانی سیاسی و ئابووری( بڕوانە ئەبو دۆح، ل143) لە سەردەمی گەشەسەندنی قاوەخانەكانی فەرەنساو ئینگلتەرا لە نێوان ساڵانی 1680 تا 1730 بواری كۆمەڵایەتی و سیاسی وەك دەزگایەكی كۆمەڵایەتی تازە زیاترو پتر برەویان سەند، لە بەراییەكانی ساڵانی سەرەتاكانی سەدەی هەژدەیەمینەوە ژمارەی قاوەخانەكان لە لەندەن گەیشتنە 3000 قاوەخانە و ژمارەی سەردانكارانی بە هەمیشەیی زیادی دەكرد(Habermas،1990،p 92)
* ساڵۆنە كەلتوورییەكان لە مەیدانە گشتیەكان و لە ناو فەزای گشتیدا، بوونە گۆڕەپانێكی كاریگەر بۆ گفتوگۆكردنی نێوان پیاوماقوڵان و بۆرژوازییەكان و بیرمەندان وەك هابرماس جەختی لێ دەكردەوە، كە تێیدا هزر لە خزمەتی حوكمڕانەكان هەڵنەدەسوڕا بەڵكو هزر سەربەست و بیروڕا لە هەموو پاشكۆبوونێكی ئابوورییانە ئازاد بوو(بڕوانە: ئەبودۆح،143، بۆ زانیاری زیاتر)
بەو شێوەیە قاوەخانەو ساڵۆنە كەلتوورییەكان بۆ خۆیان بوونە دامودەزگای فەزای گشتی، كە تێیاندا ئەدەبیات و هونەرو مۆسیقاش پەرەی سەند وەك جۆرێكی تازە لە كارلێكی كۆمەڵایەتی كە بە هۆی وتووێژی نێوان تاكەكانەوە گەرم دەبوون، ئەو تاكانەی خۆیان بە هاووڵاتیی دەزانی بەڵام لە دەرەوەی دەوڵەت(بەكورتی بەشێك نەبوون لە دەزگاكانی دەوڵەت) ئەوان وەك هەنگاوێكی لە پێشتر دەستیان دەكرد بە وتوێژكردن لەسەر ئەو بابەتانەی كە لای خۆیانەوە دڵگیر بوون، لە بابەتە ئەدەبی و هونەرییەكان دەدوان و گفتوگۆكان باڵی دەكێشایە ناو بابەتە كۆمەڵایەتی و سیاسیەكانەوە، لە هەموو ئەو گفتوگۆیانەدا بە شوێن لێكتێگەیشتنی عەقڵانیدا دەگەڕان، لە چوارچێوەی ئەم دیالۆگ و لێكتێگەیشتنە عەقڵانیانەوە هیچ بوارێكیان بۆ كۆت و بەندو سنووردانان نەدەهێشتەوە، چونكە بەشداربووانی گفتوگۆ خۆیان بە بەشێكی دانەبڕاو دەزانی لە جەماوەرێكی بەرفراوانPublikum، كە هەر یەكێك لەو تاكانە بە چەشنێك لە چەشنەكان هەستی یان بەرژەوەندی وا دەیخواست ئینتیمای بۆ ئازادی یان پەروەردە یان سەربەخۆییی خودی و تاكایەتی هەبێت ئەویش بە نوێنەرایەتی بەرژەوەندییە ڕۆحییەكانی كۆمەڵی مرۆڤایەتی(39 Leguizamon) ئەمەش بە گوزارشت لێكردنی هابرماس وا دەگەیەنێت:
ئەو مەسەلانەی قابیل بە گفتوگۆكردنن بە شێوەیەكی گشتی مەرج نییە پڕاوپڕی مانای خۆیان بن، بەڵكو پشت دەبەستن بە هاوبەشی كردنی بەشداربووانی، كە پێویستە دەرفەت بۆ هەمووان بڕەخسێت بەشداری تێدا بكەن(Habermas،p 98)
گرنگترین چركەساتە سیاسییەكان بۆ وەسف و شرۆڤەكردنی هابرماس دەربارەی پەرەسەندنی فەزای گشتی ئەو چركە ساتانەیە كە جەماوەر لە میانەیانەوە متمانەبەخۆ وەدەست دەخات لە پێناوی ئاڕاستەكردنی ڕەخنە بەرانبەر پەیكەربەند و ستراكتۆری ڕێكخستنی كۆمەڵایەتیانەی خۆی، ئەمەش واتە دەوڵەت بڕیار لەسەر ئەوە دەدات كە جەماوەر خۆی نوێنەری ڕاستەقینەو شەرعیی گشتییەو بەشێكیشە لە داخوازییەكان بۆ دامەزراندنی سیستمێكی یاسایی و سیاسی( 39،Leguizamon) لەم پرۆسەیەدا هابرماس پێی وایە ئەزموونی كەڵەكەبووی ئەو جەماوەرە دەستەبژێرە(جەماوەری فەزای تایبەت) دەچێتە ناو چڕایی فەزای گشتی سیاسییەوە.

* سەرۆكی زانكۆی كوردستان- هەولێر
Top