ژن لە سایەی ستەمی پیاودا

ژن لە سایەی ستەمی پیاودا

نووسه‌ر :حه‌مه‌سه‌عید حه‌سه‌ن

ئەوە سروشتە وای کردووە، ژن و پیاو جیاواز بن. ئەم گوتەیە کاتێک دروستە، مەبەست لەو جیاوازییە، تەنیا لە یەکدی نەچوونی بایۆلۆگی بێت و هیچی دیکە، بەڵام ئەوەی پیاو لە ژن باڵاترە، لە ئەفسانەیەکی حەوتڕۆح بەولاوە، هیچی دیکە نییە. یەکێک لەو هۆکارانەی وای کردووە، تەمەنی ئەو ئەفسانەیە هێندە درێژ بێت، پشتگیریی ئایینەکانە لێی. ئایینەکان، ئیدی ئاسمانی بووبن، یان زەوینی، لەسەر ئەوە کۆک بوون، پیاو لە ژن باڵاترە.

مێژووی پەیدابوونی ئەو ئەفسانەیەی گوایە پیاو لە ژن باڵاترە، بۆ سەرهەڵدانی سیستەمی بابسالاری دەگەڕێتەوە. بە گوێرەی لێکدانەوەی ئەنترۆپۆلۆگەکان، ئەگەر هەشتهەزار ساڵێک بێت، بابسالاری سەری هەڵدابێت، ئەوا پێش ئەو وەرچەرخانە، نزیکەی دووسەد هەزار ساڵێک، ژن و پیاو لە ماف و ئەرکدا یەکسان و هاوبەش بوون. فرێدریک ئێنگڵس (١٨٢٠ _ ١٨٩٥) لە کتێبی (ڕەچەڵەکی خێزان و موڵکی تایبەت و دەوڵەت)دا، پێ لەسەر ئەوە دادەگرێت، چەوساندنەوەی ژن و بابسالاری، هاوزەمان لەگەڵ سەرهەڵدانی کۆمەڵگەی چینایەتیدا پەیدا بوون.

نزیکەی سەدوپەنجا بۆ دووسەد هەزار ساڵێک لەمەوبەر، یەکەمین سیستەمی کۆمەڵایەتی کە تێیدا ئینسان بە پشتبەستن بە کۆکردنەوەی بەروبوومی کێوی و ڕاو، بژێویی دابین دەکرد، سەری هەڵدا. ئەوسا ئینسان زیندەوەرێکی (دەست لەناو دەم) بوو، ڕاوی دەکرد، هەر چی کەڵکی خواردنی پێوە بووایە، کۆی دەکردەوە و درێژەی بە ژیان دەدا. ئەوسا وێڕای کەشوهەوای سەخت، دوو مەترسی تریش لەسەر ژیانی ئینسان هەبوون، پەلاماری گیانلەبەری دڕندە و هێرشی لەناکاوی (خێڵ)ی شەڕخوازی دراوسێ.

ئەو سەردەمە، ڕەوتی ژیان لەسەرەخۆ بوو، ئینسان ڕۆژانە، ئەوپەڕی دوو سەعاتێک کاری دەکرد و پاشماوەی ڕۆژەکەی بە قسەوباس و دانس و پشوودانەوە بەسەر دەبرد. چونکە گرووپەکە هەم کاریان پێکەوە دەکرد و هەم پێکەوەیش ژیانیان دەگوزەراند، ئەم پێکەوەبوونە، ڕۆڵی گرنگی لە پێشکەوتنی ئینساندا دەگێڕا. ئەو سەردەمە دابەشکردنی کار، پشتی بە لێهاتوویی و ڕەگەز و تەمەن دەبەست، بەڵام هەموو کارەکان، بە چاوپۆشین لەوەی سەختن یان ئاسان، لای گرووپەکە هەمان بەهایان هەبوو. بە پلەی یەکەم پیاوان و ئینجا ژنانی گەنج سەرقاڵی ڕاوکردن دەبوون، ئەوی ڕاوی نەکردبا، خەریکی کۆکردنەوەی خۆراک دەبوو کە ئەم ئیشە زێتر ژنان دەیانکرد و سەرچاوەیەکی هەرە گرنگی دابینکردنی بژێوی بوو. ئەو سەردەمانە پلەوپایەی ژن لەنێو گرووپدا، لای کەم هێندەی پلەوپایەی پیاو بڵند بوو.

ئەوسا بە هەرەوەز منداڵ بەخێۆ دەکرا، ئەمەیش وای دەکرد، ژنی تازەزاو ئازاد بێت و بیپەرژێتە سەر کاری دیکەیش، نەک تەنیا وابەستەی منداڵ بێت، ئاخر تەنانەت شیر بە منداڵ دانیش، هەر بە کۆمەڵ دەکرا و تەنیا ئەرکی سەرشانی دایکی منداڵەکە نەبوو. ئەوسا ژن دۆکتۆری گرووپیش بوو، چونکە دەرمان لە ڕووەک دروست دەکرا و ژنیش لە بواری ڕووەکناسیدا، لە پیاو شارەزاتر بوو. هەر لەو وەختەوە کە ئینسان کەوتە سەر پێ، ئاخر لە سەرەتادا بە چوارپەل دەڕۆییشت، ئیدی سیستەمێکیش پەیدابوو، کە گرووپی پێکەوە دەبەستەوە و هەر لەناو گرووپیشدا، چارەسەر بۆ ئەو دەستدرێژییانە دەبینرایەوە کە دووچاری تاک دەبوون، ئەگەر نا، لەو سەروەختە سەختانەدا، منداڵ چانسی بە زیندوویی مانەوەی گەلێک کەم دەبوو. ئەگەر سەرنجی سیستەمی پێکەوە ژیانی ڕەوە شیمپانزییەک بدەین، هەست دەکەین سوپەربابسالارییە، چونکە نێر هێندە دڕندانە مێ دەچەوسێنێتەوە، لە مێژووی مرۆڤایەتیدا، بە گشتی، پیاو وەها زبر، ڕەوتاری لەگەڵ ژندا نەکردووە.

چونکە منداڵ لەناو گرووپدا، بە هەرەوەز بەخێو دەکرا و ژیانی مسۆگەر بوو، پیاو پێویستی بەوە نەبوو، بیر لەوە بکاتەوە، سامانی تایبەت بە خۆی هەبێت و وەک میراتی بۆ منداڵی بمێنێتەوە. ئەو سەردەمە، کەس خاوەنی هیچ نەبوو، هەمووان خاوەنی شتەکان بوون، تەنانەت ئەوەیش زەحمەت بوو کە باوکی بایۆلۆگیی منداڵ بە دڵنیایییەوە دیاری بکرێت. ئەمەیش سێ شتی گرنگ دەسەلمێنێت، یەکەم: ئەوەی نائاسایییە، بابسالارییە، نەک یەکسانیی نێوان نێر و مێ. دووەم: ئەوە هیچ بناغەیەکی دروستی نییە کە دەڵێن، ئینسان چونکە خۆپەرستە و شەیدای موڵکی تایبەتە، مەحاڵە سۆسیالیزم و کۆمۆنیزم پێڕەو بکرێن. سێیەم: مانەوەی ئینسان لەو هەلومەرجە سەختانەدا، بەرهەمی کاری هەرەوەز و ژیانی کۆلێکتیڤە.

ئەنترۆپۆلۆگی ئەمریکایی، ئێلینۆر لیکۆک (١٩٢٢ - ١٩٨٧) دەیگوت: لە کۆمەڵگەی کۆلێکتیڤی ڕاو و بەری دار کۆکردنەوە و پەیدابوونی چاندنیشدا، پێوەندیی نێوان تاکەکان، سۆسیالیستەنە بووە، یەکسانی زاڵ بووە و ئەوانەی بڕیاریان بە دەست بووە، هەر خۆیان جێبەجێکەری بڕیاریش بوون، بەڵام کە کۆمەڵگەی چینایەتی سەری هەڵدا، ئیدی ژن نەک هەر لە بڕیارداندا بەشدار نەدەبوو، بەڵکوو هێدی هێدی شوێنپێی لە کۆمەڵدا، وەک هی کۆیلەی لێ هات.

لە کۆمەڵی کۆلێکتیڤدا، گەلێک ژن و مێرد، منداڵ و نەوەی جیاواز، لە بن هەمان میچدا دەژیان و ئەگەر کەسێک لەوانی دی، زێتر ڕێزی لێ گیرابێت، ئەوە ژنێکی بەتەمەنی بەئەزموون بووە. ئێنگڵس بەخت یاوەری نەبووە کە ناوی (داکسالار)ی لەو کۆمەڵگەیە ناوە، ئاخر ئینسان سیستەمی زاڵمی (بابسالار)ی وەبیر دێتەوە و زەینی بۆ ئەوە دەچێت، ئەو قۆناغە، ژن، ستەمکار و پیاو، ستەملێکراو بووبێت، کە ئەو لێکدانەوەیە لە ڕاستییەوە دوورە، چونکە لە هیچ کۆمەڵگە و قۆناغێکدا، دایک زاڵم نەبووە. ئەو دایکسالارییە، کە ڕاستییەکەی (سیستەمی شێوازی دایکانە)یە، لەوەوە نەهاتووە کە دایک سەروەر بووە، لەوەوە هاتووە کە خزمایەتی تەنیا لە بەرەی دایکەوە دروست بووە، کە تەنیا ئیمکانی ئەوە هەبووە، دایکی منداڵ بە دروستی دەستنیشان بکرێت و کە ژن و پیاوێک بڕیاریان داوە پێکەوە بژین، پیاوەکە چووەتە (ماڵ)ی ژنەکە، بەڵام ژن ستەمی لە پیاو نەکردووە و سەرداری پیاو نەبووە، هەردووکیان یەکسان بوون.

ئەو کۆمەڵگەیە، کارڵ مارکس (١٨١٨ - ١٨٨٣) ناوی نابوو، کۆمۆنیزمی سەرەتایی، کۆمەڵگەیەکی ناچینایەتی بوو، کۆمەڵگەیەک تێیدا کەس خاوەنی شتومەکی تایبەت بە خۆی نەبوو، کۆمەڵگەیەک هێشتا دەوڵەتی تێدا پەیدا نەبووبوو. لە کۆمۆنیزمی سەرەتاییدا، خەڵکەکە بە شێوەیەکی هاوبەش لە شتەکان سوودمەند دەبوون، پێکەوە کۆمەڵیان بەڕێوە دەبرد، بڕیاردەران هەر خۆیان بڕیار جێبەجێکەرانیش بوون و ڕۆڵی ژنان هیچی لە ڕۆڵی پیاوان کەمتر نەبوو. گواستنەوە لە قۆناغی کۆکردنەوەی بەری دار و ڕاوەوە، بۆ قۆناغی کشتوکاڵکردن، هەزاران ساڵی خایاند، ئێنگڵس بەو ماوەی گواستنەوەیە، دەڵێت: بەربەریزم کە بناغەی دامەزراندنی شارستانیی کۆمەڵگەی چینایەتی بوو.

کە زەویکێڵان گەشەی کرد، ئەوە پیاو بوو، چونکە لە ڕووی فیزیکییەوە لە ژن بەهێزتر بوو، لە کێڵگەدا کاری دەکرد، بۆیە ئەوەی بەرهەمی دەهێنا و ئەو قازانجەی دەیکرد، دەبوون بە موڵکی خۆی و باڵای ژمارەی دانیشتووانیش بەردەوام هەڵدەکشا، ئیدی دابەشکردنی کاریش، گۆڕانی گرنگی بەسەردا هات. زەویکێڵان، ژنی لە کاری سەخت ڕزگار کرد، بەڵام کۆنترۆڵکردنی دانەوێڵەشی لە بن دەستی دەرهێنا، کە سەرچاوەیەک بوو، بۆ خۆ دەوڵەمەندکردن و پێشتر ژن سەرپەرشتیی دەکرد.

لەگەڵ پەیدابوونی خاوەنداریەتیی تایبەتدا، ناکۆکی کەوتە نێوان پیاوانی خاوەنموڵک و ئەو سیستەمە کۆمەڵایەتییەوە کە ژن و پیاو تێیدا یەکسان بوون. پیاوان کە دەستیان بەسەر دانەوێڵە و ئاژەڵدا گرت، ئیدی بەوە قایل نەبوون، میراتی بەر بنەماڵەی ژن بکەوێت. زۆربوونی سامان بە قازانجی بەهێزکردنی شوێنپێی پیاو لە خێزاندا شکایەوە و پیاو بوو بە سەروەر و بەخێوکەری خێزان، ئەمەیش وای کرد، دابەشکردنی میراتی بە شێوەی جارانی نەمێنێت و تەنیا بەر وەچەی پیاو بکەوێت.

مۆڵکایەتیی تایبەت، هەر پێوەندی نێوان ژن و پیاوی نەگۆڕی، پێوەندیی پتەوی نێوان خێڵ و تیرەکانیشی تێک دا و پێوەندیی ئابووری و سیاسیی دێرینی نێوان ئەم کۆمەڵگە و ئەوی دیکەیشی لە ڕەگوڕیشەوە گۆڕی. گەشەسەندنی بەردەوامی ئابووری، وای کرد پیاوانی خاوەن سامان، پێوەندییەکی ئەوتۆیان بە ئەندامانی خێڵەوە نەمێنێت و لەبری ئەوە، بۆ پاراستن و زیادکردنی سامانیان، پێوەندیی لەگەڵ کەسانی خاوەنموڵکدا ببەستن، بە چاوپۆشین لەوەی سەر بە کام خێڵ، یان کۆمەڵگەن. بەمەیش کۆتایی بەوە هات، بەرهەمهێنان پشت بە توانای کەسوکار و خزمایەتی ببەستێت و ئیدی ئەوە سەرەتای پەیدابوونی کۆمەڵگەی چینایەتی و دروستبوونی دەوڵەتیش بوو.

تێکشکانی سیستەمی شێوازی دایکانە، تێکشکانی ڕەگەزی مێ بوو، ئیدی تەنانەت لەناو ماڵیشدا، ئەوە تەنیا پیاو بوو، بڕیاری دەدا و ئیتر ژن هێندە بچووک بووەوە، وەک کۆیلە و وەک شتێک لە شتەکانی پیاوی لێ هات. لە قۆناغی ئەنتیکدا کە پێنجسەد ساڵێک بەر لە دایکبوونی مەسیح کۆتایی دێت، بە کۆیلەکردنی ژن گەییشتە لووتکە، ئەو سەردەمە لای ڕۆمەکان، فامیلی بە مانای ئەو کۆیلانە دەهات کە تاقە پیاوێک هەیبوون. ئەو سەردەمە، هێندە سووک سەرنجی ئافرەت دەدرا، ئەگەر کچێک یان ژنێک ئەتک کرابا، بە دەستدرێژی بۆ سەر کچەکە یان ژنەکە هەژمار نەدەکرا، بە تاوان دژی باوکی کچەکە، یان مێردی ژنەکە، لە قەڵەم دەدرا. ئافرەت بە چەشنێک کەوتە بن هەژموونی پیاوەوە، ئەگەر کچێک شووی کردبا و دەرکەوتبا پێش هاوسەرگیری بنی پژاوە، پیاوانی سەر بە بنەماڵەی باوکی، مافی ئەوەیان هەبوو، سەنگبارانی بکەن.

لە سایەی کەپیتالیزمیشدا، ژن وەک شتومەک سەرنجی دەدرێت و هاوسەرگیری لای کەپیتالیستەکان، زیاتر پرۆژەیەکی بازرگانییە و وەک لەوەی لەسەر بناغەی سۆز و خۆشەویستی دابمەزرێت. سۆسیالیستەکان خەو بەوەوە نابینن، کۆمەڵ بۆ قۆناغی کۆکردنەوەی بەروبوومی کێوی و ڕاوکردن بگەڕێتەوە و تامەزرۆیییان بۆ ئەو ڕابردووە نییە، بەڵکوو دەرسی لێوە فێر دەبن و هەوڵ دەدەن بە کۆمەکی ئەو ئەزموونە، کۆمەڵگەیەک ڕۆ بنێن، تێیدا ژن و پیاو یەکسان بن، کەسیان سەروەری ئەوی تریان نەبن. کۆمەڵی چینایەتیی سەرمایەداری کە لە سایەی بابسالاریدا پاڵی لێ داوەتەوە، دوا وێستگەی گەشەسەندنی مێژوو نییە و ئەگەر چاوبڕینە قازانج و موڵکی تایبەت، جێپێیان پێ لێژ ببێت، هەم چەوساندنەوەی چینایەتی و هەم ئەو ستەمەی لە ژنان دەکرێت، دەبن بە بەشێک لە کەلەپوور. دیرۆک ئەوەمان بۆ دەگێڕێتەوە، ئەو جیاوازییە بایۆلۆگییەی لە نێوان پیاو و ژندا هەیە، پاساو نییە بۆ ئەوەی، پیاو، ستەم لە ژن بکات، بۆیە ڕۆژێک دێت، ئەو ستەمە نەمێنێت.(*)

هەولێر
١٣/٩/٢٠١٢

(*) Anna Löfgren, Kvinnoförtryckets historia, Offensiv 30 augusti 2012 Stockholm.

لينكپەیجی نووسەر لە فەیسبووك:
http://www.facebook.com/Hemeseid.Hassan
Top