شاری "راپه‌رِیو"ی عه‌ره‌ب له نێوانی عه‌قڵ و كوشتن
October 10, 2012
فیکر و فەلسەفە

نووسه‌ر :ئه‌دۆنیس
وه‌رگێڕ : تاریق كارێزی
پێشینان ده‌یانگوت: مرۆڤی ده‌ره‌وه‌ی شار، ئه‌و مرۆڤه‌ی هۆزێك یان ماڵێك یان ماڵباتێكی نییه، ئه‌وا یه‌كێكه له‌م دوو شته: غووله یان بت. ئۆدیب، ئۆرست، یولیسیس، به‌ر له ئه‌وانیش ئه‌نكیدۆ، نموونه‌ی ئه‌و مرۆڤه‌ن.به‌م جۆره مرۆڤ هه‌ر له په‌یدا بوونییه‌وه، سوور بوو له سه‌ر دروست كردنی شار، كه تێیدا بژی و كار و داهێنانیشی تێدا بكات.
ئه‌مرِۆش كه ته‌ماشای زۆر شاری عه‌ره‌ب، هه‌روه‌ها شار له هه‌مه‌جۆر وڵاتانی دنیا ده‌كه‌ین، هه‌ندێكمان وا هه‌ست ده‌كه‌ین كه گیانمان ته‌ژییه له گومان، ئه‌و گومانه‌ش پاڵمان پێوه ده‌نێت كه بپرسین: ئایا ئه‌و قسه‌یه‌ی پێشینان گوتوویانه، تا ئێستاش هه‌ر راست و دروسته؟
بۆ نموونه، ئاخۆ ئه‌مرِۆ شاری عه‌ره‌ب چییه؟
ئایا ئه‌و شوێنێكه، كه كه‌سانی ئازادی كاركه‌ر و داهێنه‌ری تێدایه، یان به پێچه‌وانه‌وه، شوێنێكه "گرووپ" و "تایه‌فه" و "هۆز" و "خزمان" و "به‌رژه‌وه‌ندی"ی تێیدا نیشته‌جێیه؟ ئایا ئه‌و (شاره) زانست و وێژه و داهێنانه، یان به پێچه‌وانه‌وه، ئه‌و "دووكان" و "چه‌ك" و "جه‌نگ" و "كوژراوان"ـه؟
شار، هه‌ر ته‌نیا شوێنێك نییه كه خه‌ڵكان تێیدا ده‌ژین، یان ته‌نیا سروشتێك بێت و به‌س. شار شوێن- سیسته‌مه، شوێنێكی رێك و پێكه: ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تی- سیاسییه، ئه‌ویش به پێی یاساگه‌لێك كه دانیشتووانی قبووڵیان ده‌كه‌ن و پیاده‌شیان ده‌كه‌ن و داكۆكیشیان لێ ده‌كه‌ن. ئه‌و (شار) هه‌مه‌كه و دابه‌ش نابێت: هه‌مه‌كێكه و له فره گرووپی پێك نایه‌ت، (واته) له تاك یان یه‌كه (هۆز، ماڵبات، خێڵ... هتد) پێك نایه‌ت. (ئه‌و) هه‌مه‌كێكی سیستماتیكه و تاكه‌كان تێیدا یه‌كسانن. ده‌زگای یاسایی و ئه‌و بنه‌مایانه‌ی ژیانی سیاسی هه‌ڵده‌سوورِێنن و رێكی ده‌خه‌ن، (شار) به‌رِێوه ده‌به‌ن. شار ده‌زگایه، دانیشتووانیشی له یه‌ك كاتدا: دامه‌زرێنه‌ر و "دامه‌زرێندراو"ن.
كاتێك ده‌ڵێین: شوێن- (شار)، كه‌واته له‌م قسه‌یه‌دا، له پشت رووكاری جوگرافیدا، كولتوور و سیاسه‌تمان شاردووه‌ته‌وه. هه‌روه‌ها واتا و نیشانه‌شمان شاردووه‌ته‌وه. له‌و كاته‌ی، بۆ نموونه، بیر له (دیمه‌شق- شوێن) ده‌كه‌ینه‌وه، ئه‌وا خۆبه‌خۆ بیر له مزگه‌وتی گه‌وره‌ی ئه‌مه‌ویی شاره‌كه ده‌كه‌ینه‌وه، وه‌ك ئه‌وه‌ی یه‌كه‌مین توخمی نێو توخمه‌كانی ناسنامه‌كه‌ی بێت، یان ئه‌وه‌ی (شاره‌كه) بوونی نییه ئه‌گه‌ر به‌وه‌وه (به مزگه‌وته‌كه‌وه) نه‌بێت. بیر له حه‌میدییه- قه‌یسه‌رییه نایابه‌كه‌ی ده‌كه‌ینه‌وه. بیر له ده‌روازه‌ی تۆما ده‌كه‌ینه‌وه، كه ناسنامه‌كه‌ی له زه‌مانی ئێستادا ره‌هه‌ندێكی ده‌گمه‌نی مێژوویی ده‌گرێته خۆ. پێش ئه‌وه‌ش، بیر له هێما مه‌زنه مێژووییه‌كانی ده‌كه‌ینه‌وه: یۆحه‌نای ده‌م زێرِین، مه‌عاویه، محێدین بن عه‌ره‌بی، ئه‌وانه به نموونه نه‌ك هه‌ر ئه‌وان و به‌س. به‌م جۆره بیر له‌وه ده‌كه‌ینه‌وه كه ره‌هه‌ندێكی مرۆیی (مرۆڤانه) به دیمه‌شقی شوێن ده‌دات: ره‌هه‌ندی كار و داهێنان، ره‌هه‌ندی شارستانی، ره‌هه‌ندی دیرۆكی.
كه‌واته، دیمه‌شقی شوێن، له پله‌ی یه‌كه‌مدا دیمه‌شقی- پێگه‌یه. جا كه ده‌ڵێین: "شار": - له پله‌ی یه‌كه‌مدا، مه‌به‌ستمان "بینا: ته‌لار" نییه، به‌ڵكوو مه‌به‌ست "واتا"یه، به بێ ئه‌وه‌ی له بنه‌رِه‌تدا، جیابوونه‌وه‌یه‌ك له نێوانیاندا هه‌بێت.
(2)
كاتێك ئه‌وه ده‌خوێنینه‌وه، كه شاعیرێكی كۆنی عه‌ره‌ب گوتوویه‌تی: "هه‌ر شوێنێكی شكۆی لێ برِوێت خۆشه"، هه‌روه‌ها ئێمه له‌و قسه‌یه‌دا ئه‌وه‌ش ده‌خوێنینه‌وه: "هه‌ر شوێنێكی شكۆی لێ نه‌رِوێت، شوێنێكی به‌ده".
خراپترین شتیش له شوێندا ئه‌وه‌یه، پێشه‌كی هه‌موو شتێكی تێدا سه‌پێندرا بێت: جلێكی سه‌پاو بپۆشی، بیركردنه‌وه‌ت به شێوه‌یه‌ك بێت كه سه‌پا بێت، له چوارچێوه‌ی سه‌پاویشدا سیاسه‌ت بكه‌یت.... هتد.
ئیدی مرۆڤ له شوێنێكی له‌م جۆره‌دا ده‌بێ چی بێت؟
ئه‌دی كوانێ مه‌یل و ئاره‌زووه‌كانی؟ كوا خواست و هیواكانی؟ كوانێ ئازادی و ویستی؟
شوێن یان زێدی مرۆڤ، ئه‌و جێیه‌یه كه هه‌ست ده‌كات به ته‌واوی ئازادانه ده‌ژی و كار ده‌كات و بیر ده‌كاته‌وه؟
شاعیرێكی دیكه‌ی كۆنی عه‌ره‌ب ده‌ڵێ: "هه‌ر وڵاتێك تێیدا نیشته‌جێ بووم، وه‌ك وڵاتی خۆمه".
ئه‌گه‌ر مرۆڤ به "جه‌سته‌ی خۆی" ئازاد نه‌بێت، ئیدی له "ده‌روون"یشدا ئازاد نییه. له مرۆڤدا ئازادیی "ناخ" به‌نده به ئازادیی "ده‌ره‌وه". ئه‌گه‌ر "جه‌سته" به شێوه‌یه‌ك له شێوه‌كان كۆت و به‌ند بوو، ئه‌وا "عه‌قڵ"یش به شێوه‌یه‌ك له شێوه‌كان كۆت و به‌نده.
(3)
شوێن رووبه‌رێكی "ده‌روونییه" له پاڵ ئه‌وه‌ی رووبه‌رێكی "جوگرافییه". كه‌واته، دیاری كردنێكی برِاوه و چه‌سپاوی نییه. ئه‌و هه‌میشه بزواو و كراوه‌یه بۆ گۆرِانی بێ پسانه‌وه. وه‌ك ئه‌وه‌ی شوێن- شار (شوێنه شار) "حه‌وزێك"ی پیتاندنی كۆرپه‌ڵه و زایینی (له‌دایك بوونی) هه‌میشه‌یی بێت.
بۆ نموونه، ئاخۆ ئه‌و "حه‌وزه" چییه كه ئێستا شاره‌كانی سووریا تێدا له گه‌وزاندان؟ (شاری) حمس به سه‌ر ده‌زوویه‌كی له ته‌م و لم چندراو، له جۆلانێدایه. (شاری) حه‌ما ناعووری ئازار و ناڵه‌یه. لازقیه، كه‌شتییه‌كی به‌رده‌م زریانی هه‌ژدیهایه. ره‌نگه ئیدی حه‌له‌بیش چی دی نه‌زانێت كه ده‌ستی خۆی درێژ بكات بۆ ئه‌وه‌ی ته‌وقه له‌گه‌ڵ ئه‌نتاكیه‌ی خوشكی، یان یه‌كه‌مین هه‌ڤاڵی خۆی: ڤینیسیادا بكات.
یان كه ده‌شڵێم ئه‌ی دیمه‌شق: بۆچی حه‌ز ده‌كه‌یت هه‌ر وه‌ك گۆرِه‌پانێكی زه‌به‌لاح و كراوه بۆ قافڵه‌ی كیشوه‌ران بمێنێته‌وه؟
له دووره‌وه لێت ده‌رِوانم و ده‌ڵێم شوێن قه‌واره‌یه. ناوه‌ندێكه بوون و چاره‌نووسی تێدا به‌دی دێن. ته‌ماشات ده‌كه‌م و ده‌پرسم: ئایا ئیدی تۆ بوویته ته‌نیا یادگه و بیره‌وه‌ری؟ بۆچی مێژوو حه‌ز ده‌كات له تۆدا ببێته وشترمل، وشترملش حه‌ز ده‌كات ببێته خوانێك و "زانا و ماقووڵان" به ده‌وریدا كۆ ببنه‌وه، تا شانامه‌ی ستایش كردنی "خاوه‌ن شكۆكان"ی بۆ دابده‌ن؟
هه‌ر دووره‌وه وا هه‌ست ده‌كه‌م من له نێو تۆدام. حه‌ز ناكه‌م كه‌س بمبینێت و منیش شانم داوه‌ته پاڵ ده‌روازه‌ی حه‌مدییه‌وه، له نێو رووباری هه‌مه‌جۆر ئازاردا له مه‌له‌دام، كه بێ له من كه‌سی دی ئه‌و ئازارانه نابینێت. پێم وایه له نێو كێڵگه‌كاندا په‌پووله و چۆله‌كه كڵۆڵن، له كاتێكدا جاڵجاڵۆكه و گه‌لی ماران له‌گه‌ڵ ئه‌ستێره‌دا سه‌ما ده‌كه‌ن. وا هه‌ست ده‌كه‌م له بن پێم‌دا لمی سوور هه‌یه، هه‌روه‌ها شه‌پۆلی بیره‌وه‌رییه‌كانم هه‌وراز و نشێو به‌ر یه‌ك ده‌كه‌ون.
(4)
نه‌خێر، ئه‌ی شه‌پۆله‌كانم له تواناتاندا نییه ئه‌و لمه راماڵن. ته‌نانه‌ت ناتوانن هه‌ردوو لاقیشم بشۆن. كه‌واته، چۆن ده‌توانن به سه‌ر به‌ر ده‌رگای ئه‌و كوخته‌دا گوزه‌ر بكه‌ن كه له (ئه‌لقساع)دا كتێبخانه و پێخه‌فه‌كه‌می لێ بوو؟ چۆن ده‌توانن به ناوی منه‌وه دووباره ماڵ ئاواییان لێ بكه‌ن؟ بۆچی، كه له‌م كاته‌دا به زه‌ینمدا دێن، بێ له منداڵانی لووت چڵمن چی دی نابینم؟ هه‌روه‌ها بێ له كیسه زبڵ و خاشاكی كون كون، كه به ده‌وریدا (زبڵ) په‌رت و بڵاو بووه‌ته‌وه، هه‌موو رۆژێكیش رووی گزنگ زامدار ده‌كه‌ن، چی دی نابینم؟
له‌به‌ر ئه‌وه‌شه، كاتێك ئه‌و كوخته‌م وه‌بیر دێته‌وه، هه‌میشه دێته‌وه بیرم كه چۆن وا هه‌ست ده‌كه‌م شه‌و گۆرِستانه، رۆژ زیندانه، شار تاریكستانه، ئیدی ئه‌سته‌مه رووناكی ده‌ركه‌وێت. كاتێك له‌به‌ر ئازار ده‌ست بۆ ناوشانم ده‌به‌م، به‌و (شێ)یه‌ی هێشتا له نێویدا لانه‌ی كردووه ده‌ڵێم: له‌و نه‌شته‌ره‌ی لێمت دا زێده‌رِۆییت كرد، منیش له سووكایه‌تی كردن به تۆ زێده‌رِۆییم كرد.
ئاخۆ چی بێت ره‌وشی ئه‌و شێیه‌ی دیمه‌شق كه ئێستا نه‌ك هه‌ر ناوشانی عرووبه‌ی ئه‌نگاوتووه، به‌ڵكوو هه‌موو ئه‌ندامانی ئه‌وی ئه‌نگاوتووه، له خوێنبه‌ره‌وه پێدا برِۆ؟
خێوی نێو خه‌یاڵ نین. هی دیرۆك و زمانن. هی بۆمب و گولله‌ن. هی دۆستانی تاریكی، ئه‌ستێره فرۆشانه. به دڵنیاییه‌وه ئه‌و خێوانه له‌و دیوی وشه‌گه‌لێكه‌وه مه‌شق ده‌كه‌ن كه له ئه‌لفوبێیه‌كه‌وه بۆیان داده‌به‌زێت، (ئه‌وان) مه‌شقی هێرش بردن بۆ ئاسمان ده‌كه‌ن. هیچ جێگه‌یه‌كیان نییه. هه‌موو شوێنه‌كان له بن پێی ئه‌واندان.
خێوان- هه‌موو كتێبه‌كان ببه‌ن و فرِێیان بده‌نه سه‌ر خوانی مێش و مه‌گه‌ز، كه به قین و تورِه‌هات داپۆشراوه. ئه‌م كورسییه ببه‌ن و بوار به تاعوون بده‌ن با بیكاته ته‌خت. له بیریش مه‌كه‌ن: به ناوی ئازادییه‌وه، به شه‌قامه‌كانیش بڵێن، بشێوێن و كاول بكه‌ن.
خۆ ئازادییش توێشووه.
جیهانێك- گه‌له گورگه و نێچیر دابه‌ش ده‌كه‌ن. نێچیره و دروود بۆ شكۆی بخۆره‌كه‌ی ده‌كات. لێبووكه، گالیسكه‌ی ره‌نگاورِه‌نگه، گۆپاڵه، درِك و داڵه، ده‌رزیله‌ی زێرِ و زیوه: مرۆڤ له پێناوی مێشووله‌یه‌كدا كه ناوی زیوه ده‌خنكێنێ، (هه‌روه‌ها) له پێناو مارێك كه ناوی زێرِه. درۆیه و ئه‌لفوبێی دیكه داده‌هێنێت- واقیع و گه‌روو و زمان. هیچ جێیان نییه. هه‌موو شوێنان له نێوان نینۆكه‌كانیه‌تی.
(5)
"من كاتێك چاوم ده‌كه‌مه‌وه، چاوم به
سه‌ر شت‌دا ده‌كه‌مه‌وه، به‌ڵام كه‌س نابینم":
ئه‌مه قسه‌ی شاعیرێكی كۆنی عه‌ره‌به.
پووشه له فۆرمی سه‌به‌ته‌دا. داره له شێوه‌ی سندووقدا. پۆڵایه له شێوه‌ی شیر (شمشێر)دا، داره له شێوازی كڵاوی ئاسن: سوپایه و ده‌كشێ، نه لاقیان هه‌یه و نه چه‌كیشیان به ده‌سته‌وه‌یه، ته‌نیا مه‌رگ نه‌بێت. ئه‌مرِۆ پشووه، گۆرِستانیش جه‌ژنه، مروودانیش- هه‌موو له زه‌ماوه‌نددان، هه‌موو له خۆئاماده كردندان تا بچنه پاڵ ده‌عوه‌تی حه‌ز و ئاره‌وزووه‌وه: كوشتن، كوشتن، كوشتن.
سه‌رنج: * ئه‌م بابه‌ته له ماڵپه‌رِی (ئه‌لجیران و چه‌ندین ماڵپه‌رِی دی به زمانی عه‌ره‌بی به ناونیشانی " المدینه العربیه «الثائره» بین مساحه القتل، ومساحه العقل") بڵاو بووه‌ته‌وه).