ڕیسکێک که ڕیسه‌که ده‌کاته‌وه به خوری
January 8, 2011
فیکر و فەلسەفە

نووسه‌ر :حه‌مه‌سه‌عید حه‌سه‌ن
(1)حه‌قیقه‌تی من، بێ ماسک و ته‌نانه‌ت بێ هیچ ئارایشتێکیش، ئه‌وه‌یه که له‌نێو نووسینه‌کانمدایه، یان ئه‌وه‌ی له‌نێو نووسینه‌کانمدایه، لای که‌م نیوه‌ی حه‌قیقه‌تی منه و له ڕۆماندا بۆ نیوه‌که‌ی ترم ده‌گه‌ڕێم. من شیعریش ده‌نووسم، هه‌ر شیعرێکی من بگریت، پارچه‌یه‌که له ڕۆحم، ئه‌وه بۆیه خوێنه‌ر هه‌میشه وای بۆ ده‌چێت، له‌ودیو هه‌ر شیعرێکمه‌وه، چیرۆکێکی ڕاسته‌قینه هه‌یه. چونکه نزیکه‌ی هه‌موو وه‌خت و توانام به خوێندنه‌وه و نووسین به‌خشیوه، ئه‌وه بۆیه خوێنه‌رانم پێیان وایه، ئاوی ژیان له گۆزه‌ی نووسینم ده‌تکێت و زۆر له نووسه‌رانیش حه‌زیان لێیه، بۆچوونی من له باره‌ی به‌رهه‌می خۆیانه‌وه بزانن.
نازانم ئێوه به خوێندنه‌وه‌ی چییه‌وه خه‌ریکن؟ من پێم خۆشه به‌رده‌وام ڕۆمان بخوێنمه‌وه، هه‌ندێک جار وا هه‌ست ده‌که‌م، هه‌موو ئه‌و وه‌ختانه‌م له کیس چووه، که ڕۆمانم تێیاندا نه‌خوێندووه‌ته‌وه. یه‌کێک له ئاواته دێرینه‌کانم ئه‌وه‌یه، توانیبام هه‌موو ژیانم بۆ خوێندنه‌وه‌ی ڕۆمان ته‌رخان کردبا. ئه‌م هه‌فته‌یه سێ ڕۆمانی کورتم خوێندوه که ده‌کرێت چیرۆکی درێژیشیان پێ بڵێین، یه‌که‌میان (په‌یکه‌ری فه‌رهاد)ی(1) عه‌باس مه‌عرووفی که (توانا ئه‌مین) کردوویه به کوردی، دووه‌میان (په‌سندانی باوه‌ژن)ی(2) ماریۆ ڤارگاس یۆسا که ساڵح عه‌لمانی کردوویه به عه‌ره‌بی و سێیه‌میان (گوڵباران و پیاوه بۆگه‌نه‌کان)ی(3) کاروان عومه‌ر کاکه‌سوور.
(هه‌موو خێزانه به‌ختیاره‌کان، به هه‌مان شێوه به‌خته‌وه‌رن، به‌ڵام هه‌ر خێزانێکی به‌دبه‌خت بگریت، به شێوه‌یه‌کی تایبه‌ت به خۆی به‌دبه‌خته.) ئه‌وه ده‌ستپێکی (ئانا کارنینا)یه که تۆلستۆی نووسیویه‌تی، ئه‌و ڕۆمانه‌ی ولیه‌م فۆکنه‌ر پێی وابوو، ڕۆمانی له‌وه مه‌زنتر نه‌نووسراوه و ده‌ستۆیفسکییش وای بۆ ده‌چوو، ڕه‌نگه تاقه ڕۆمان بێت، هیچ که‌لێنێکی هونه‌ریی تێدا نه‌بێت. ئانا کارنینا پردێک بوو له نێوان ڕۆمانی سه‌ر به ڕیالیزم و ڕۆمانی نوێ‌دا، ڕه‌نگه ڤێرژینیا ۆڵف، جه‌یمس جۆیس و ولیه‌م فۆکنه‌ر، به کۆمه‌کی ڕاشکاوییه خۆڕسکه‌که‌ی ئانا کارنینا، ڕێبازی شه‌پۆلی هۆشیان داهێنابێت. که ستانداڵ ده‌ڵێت: (مه‌گه‌ر له ڕۆماندا، ئه‌گه‌ر نا، هیچ حه‌قیقه‌تێک به هه‌موو ورده‌کارییه‌کانییه‌وه باس ناکرێت،) ده‌شێت مه‌به‌ستی ڕۆمانێکی وه‌ک ئانا کارنینا بێت.(4)
کونده‌په‌پووی کوێر که شاکارێکه سادق هیدایه‌ت(1903 _ 1951) ساڵی 1937 له هیندستان نووسیویه‌تی و به باوکی چیرۆکی نوێی فارسی ناسراوه، که ڕۆمانێکه خه‌می لێ ده‌چۆڕێت و وێنه‌یه‌کی ته‌ڵخی ژیان نیشان ده‌دات، که وه‌ک کاره‌کانی کافکا، ته‌کنیکی خه‌ونی تێدا وه‌گه‌ڕ خراوه و باس له بێهووده‌یی و بێکه‌ڵکیی ژیان ده‌کات، ده‌ستپێکێکی هێنده جوانی هه‌یه، ڕه‌نگه ئه‌وانه‌ی شه‌یدای خوێندنه‌وه‌ی ڕۆمانن، له‌به‌ریان بێت: (له ژیاندا برینگه‌لێک هه‌ن، وه‌ک خۆره، به کاوه‌خۆ، له ته‌نیاییدا ڕۆح بنکۆڵ ده‌که‌ن، به بێده‌نگی ده‌یخۆن و نایشکرێت لای که‌س باسی ئه‌و برینانه بکه‌ین...) عه‌باس مه‌عرووفی بۆ نووسینی په‌یکه‌ری فه‌رهاد پشتی به کونده‌په‌پووی کوێر به‌ستووه، جیاوازیی سه‌ره‌کیی دوو ڕۆمانه‌که ڕه‌نگه هه‌ر ئه‌وه بێت، لای سادق هیدایه‌ت، چیرۆکبێژ پیاوه و لای عه‌باس مه‌عرووفی، ژنه.
هه‌رچه‌نده سادق هیدایه‌ت خه‌مگینێکی ڕه‌شبین بووه و وای بۆ چووگه، ئینسان ناتوانێت خۆی له ده‌ست چاره‌نووسی خۆی ڕزگار بکات، به‌ڵام له کاره‌کانیدا، ژن سیمبۆلی یاخیبوونه له دواکه‌وتوویی، عه‌باس مه‌عرووفی که له په‌یکه‌ری فه‌رهاددا ژنه بێده‌نگه‌که‌ی کونده‌په‌پووی کوێری هێناوه‌ته قسه و ڕۆڵی چیرۆکبێژی پێ سپاردووه، هه‌ر له هه‌مان ڕوانگه‌ی ژندۆستییه‌وه بووه. ڕه‌نگه لایه‌نی لاوازی په‌یکه‌ری فه‌رهاد ئه‌وه‌بێت که مه‌عرووفی خوێنه‌ری ناچار کردووه، بۆ ئه‌وه‌ی له ڕۆمانه‌که‌ی وی تێبگات، پێویسته بچێت سه‌رله‌نوێ کونده‌په‌پووی کوێری سادق هیدایه‌ت
بخوێنێته‌وه، به مه‌رجێک ده‌ق نابێت پێویستی به کۆمه‌کی ده‌ره‌وه‌ی خۆی هه‌بێت.
بۆ ئه‌وه‌ی ڕۆمانێک له فارسییه‌وه بکه‌ین به کوردی، پێویسته پێشه‌کی خۆمان فێری کوردی بکه‌ین، ئاخر با فارسیزانێکی باشیش بین، ئه‌گه‌ر کوردییه‌کی باشمان نه‌زانی، له کاره‌که‌ماندا سه‌رکه‌وتوو نابین، هه‌رچه‌نده ئه‌ز بڕوام به‌وه نییه، که‌سێک له زمانی دایکیدا لاواز بێت و له هی بێگانه‌دا به‌هێز. لایه‌نی خراپی وه‌رگێڕانه‌که‌ی توانا ئه‌مین ئه‌وه‌یه، خوێنه‌ر بۆ ئه‌وه‌ی له ده‌قه کوردییه‌که تێبگات، پێویستی به‌وه‌یه، هه‌م فارسی و هه‌م عه‌ره‌بیش بزانێت! من له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا نیم، ده‌رگای زمانی کوردی به ڕووی وشه‌ی بێگانه‌دا دابخه‌ین، وه‌لێ که وشه‌ی کوردیمان هه‌بێت، چ پێویست ده‌کات، هانا بۆ هی بێگانه ببه‌ین؟
لێره‌دا سه‌رنجی خوێنه‌ر هه‌م بۆ ئه‌و هه‌ڵانه ڕاده‌کێشم که وه‌رگێڕ زیاتر له جارێک کردوونی و هه‌م بۆ ئه‌و وشه بێگانانه‌یش که هه‌ر یه‌کێکیانی چه‌ندان جار به‌کار هێناوه. له‌بری (مستیله) ئه‌نگوستیله دروسته. بونیام، هه‌ڵه‌یه، ئه‌وه به‌نی ئاده‌مه، نه‌سیم، شنه یان سروه‌یه. چه‌ند ساڵیت کچه گیان؟ کچه هه‌ڵه‌یه، کچێ دروسته، ئاخر کچ مێیه، ئه‌وه نییه ده‌ڵێین: پوورێ یان خوشکێ، به‌ڵام بۆ نێر ده‌بێژین: کاکه یان مامه. توونیم بوو، هه‌ڵه‌یه، تینووم بوو، ڕاسته. مژۆڵی سواڵکردن بوو، مژۆڵ، برژانگه، خه‌ریکی ده‌رۆزه‌کردن بوو، دروسته. موعجیبم به تۆ، موعجه‌ب ڕاسته و سه‌رسام کوردییه. قوڕگێکی ئاڵتوونی، ئاڵتوون، تورکییه، ئاڵتوونی، ده‌ربڕینێکی عه‌ره‌بییه، زێڕین، دروسته. عه‌شق، هه‌ڵه‌یه، عیشق ڕاسته. گوشی، مه‌به‌ستی بیستۆکی ته‌له‌فۆنه!
سه‌رنجی ئه‌م کوردییه بده‌ن: ته‌عزیمی نواند، حایر مابوو، قیافه، ئه‌سڵه‌ن، موشه‌به‌ک، موزاحیم، موجامه‌له، غرور، که‌پس، شه‌هامه‌ت، هیجران، ویساڵ، ته‌فسیر، ده‌سشوویی، شوێنها، ده‌نگه‌ها، شتها، ساڵها، ئه‌سپه‌ها، میوه‌ها. چه‌ندان جار (په‌روانه)ی نووسیوه، وه‌ک په‌پووله وشه‌یه‌کی ئێسکگران بێت! (ده‌نگی ته‌پڵی گه‌وره و بچووک ده‌هات، هه‌موویان پێکه‌وه به سه‌روایه‌ک.) سه‌روا پاشبه‌نده، به عه‌ره‌بی قافیه‌ی پێ ده‌ڵێن، ڕه‌نگه وای بۆ چووبێت، سه‌روا، کێشه. (سکه‌مان خسته ده‌ست ئه‌و پاره‌گۆڕانه‌وه تا بۆمان کاش بکه‌ن.) به ڕاست ئه‌وه به کوردیکردنه یان به په‌ند کردن! سه‌گێک له دووره‌ده‌ست ده‌وه‌ڕی، دووره‌وه، دروسته. جه‌نازه به شان، مه‌به‌ستی له جه‌نازه، ته‌رمه، وه‌ک ته‌رم تفه‌نگ بێت و بکرێته شان!
توانا ئه‌مین وه‌ک خۆی نووسیویه‌تی، هه‌میشه عه‌تا نه‌هایی بۆی نووسیوه، (وه‌رگێڕانی ڕۆمانی په‌یکه‌ری فه‌رهاد، ڕیسکه،)(5) که‌چی ئه‌و تێبینییه ورده‌ی ڕه‌چاو نه‌کردووه و چووه به گژ وه‌رگێڕانیدا و به‌و ڕیسکه‌ی، ڕیسه‌که‌ی عه‌باس مه‌عرووفیی کردووه‌ته‌وه به خوری! که‌ریمی حیسامی یادی به‌خێر، به ته‌وسه‌وه ده‌یگوت: کوردی باشوور که به فڕۆکه به ئاسمانی ئێران‌دا ڕه‌ت ده‌بن، فێری فارسی ده‌بن! ئه‌وه بۆیه نزیکه‌ی هه‌میشه که ڕۆمانێکی له فارسییه‌وه به کوردی کراو، ده‌خوێنینه‌وه، نا‌ئومێد ده‌بین. بۆ ئه‌وه‌ی ڕۆمانێکی ئاڵۆزی وه‌ک په‌یکه‌ری فه‌رهاد وه‌ربگێڕین که تێێدا گه‌له‌ک ته‌کنیکی نامۆ به‌کار هێنراوه، که تێیدا خه‌ون تێکه‌ڵ به ڕاستی بووه، سنووری نێوان وڕێنه و ڕووداو بزره و واقیع به ئه‌سته‌م له خه‌یاڵ جوێ ده‌کرێته‌وه، پێویسته وێڕای زمان، له هونه‌ری گێرانه‌وه‌یشدا شاره‌زاییمان هه‌بێت، ئه‌گه‌ر نا، ڕه‌نگه گوڵدانی تێکسته‌که به ده‌ستمانه‌وه بشکێت.
*
(1) عه‌باس مه‌عرووفی، په‌یکه‌ری فه‌رهاد، وه‌رگێڕانی: توانا ئه‌مین، بڵاوکراوه‌ی ئاراس 2009 هه‌ولێر.
(2) إمتداح الخالة، ماریو بارغاس یوسا، ترجمة: صالح علمانی، آلطبعة الثالثة 2007 دار المدی، دمشق.
(3) کاروان عومه‌ر کاکه‌سوور، گوڵباران و پیاوه بۆگه‌نه‌کان، ل16 تا 37 ڕامان، ژماره 161 ئۆکتۆبه‌ری 2010 هه‌ولێر.
(4) علی الشوک، الوقوع فی حب آنا کارنینا 31/ 08/ 2010 الحیاة.
(5) سه‌رچاوه‌ی یه‌که‌م، ل9
: سه‌رچڵی، پڕکێشی. risk(*)