کۆمێدیای ڕه‌ش
December 25, 2010
فیکر و فەلسەفە
نووسه‌ر :حه‌مه‌سه‌عید حه‌سه‌ن
کۆمێدیای ڕه‌ش، به چاوپۆشین له‌وه‌ی ڕاستڕۆن، میانڕۆن یان چه‌پڕۆ، به گژ هه‌موو ده‌سه‌ڵاتپه‌رستاندا ده‌چێته‌وه و به چاوی گومانه‌وه بۆ هه‌مووفۆرمه‌کانی ئادیالیزم و فه‌ناتیزم، ده‌ڕوانێت. (ڕیچارد ئینگرامس)ئه‌وه کۆمێدیا نییه که بێ مانا و بێ ئامانج، وه‌رگر ده‌هێنێته پێکه‌نین، ئه‌وه ده‌شێت جۆک بێت، له کۆمێدیادا پێکه‌نین ئامرازه نه‌ک ئامانج. که ڕێساکانی ئه‌ده‌بی گاڵته‌جاڕی، له وڵاتێکه‌وه بۆ یه‌کێکی دیکه، جیاوازییان هه‌یه، ده‌شێت ئه‌وه پێوه‌ندیی به هه‌بوون یان نه‌بوونی سانسۆره‌وه هه‌بێت. ئه‌وه‌ی له وڵاتێکی نادێمۆکرتدا، سه‌رپرایز یان شۆکه، ڕه‌نگه له وڵاتێکی دێمۆکرات‌دا سه‌رنجڕاکێش نه‌بێت. سه‌روه‌ختی گه‌مه‌کردن له‌گه‌ڵ زماندا، هه‌ر زمانه و تایبه‌تمه‌ندیی خۆی هه‌یه، ئه‌و گاڵته‌یه‌ی به هۆی گه‌مه‌وه له‌گه‌ڵ وشه‌دا، له‌م زماندا په‌یدا ده‌بێت، کاتی وه‌رگێڕان بۆ ئه‌و زمان، هیچ به وه‌رگر نا‌ڵێت.
ئه‌وه‌ی پێی ده‌ڵێین شیعری داشۆرین و له کن مه، (شێخ ڕه‌زای تاڵه‌بانی 1837 _ 1910) تێیدا باڵاده‌سته، له زۆر لایه‌نییه‌وه زاده‌ی شیعری ستوونی بوو، هه‌مان ئه‌و بابه‌تانه‌ی شێخ ڕه‌زا، ئه‌گه‌ر به په‌خشانه‌شیعر بگوترێن، ئه‌وه‌ی گاڵته‌جاڕییه تێیاندا نامێنێت. داشۆرین، چونکه ئه‌گه‌ر په‌تی سێداره‌یش بێت، له ئاوریشم چێ کراوه، ئه‌وه بۆیه ده‌شێت، ته‌نانه‌ت ئه‌و که‌سه‌یشی کراوه به نیشانه، نه‌ک هه‌ر دڵگران نه‌بێت، به‌ڵکوو چێژیشی لێ وه‌ربگرێت. له کۆمێدیای ڕه‌شدا، ئه‌وه هیچ بایه‌خێکی نییه، کاره‌کته‌ره‌کان، که‌سانی ڕاسته‌قینه‌ن یان نا؟ که‌نگێ ئه‌وه بایه‌خداره، (دۆن کیخۆته) که‌سێکی ڕاسته‌قینه بووه، یان زاده‌ی خه‌یاڵ؟
هونه‌رێکی باڵا
ئه‌و بێهووده‌یییه‌ی له (ئه‌ده‌بی ناماقووڵ)دا هه‌یه، له (کۆمێدیای ڕه‌ش)یشدا، جێگه‌ی بایه‌خه. کۆمێدیای ڕه‌ش، شتگه‌لی هاوبه‌شی له‌گه‌ڵ ئه‌ده‌بی (سوریالی)یشدا هه‌یه، به تایبه‌تی که هانا بۆ شتی سه‌رسووڕهێن ده‌بات، ڕووداو وه‌ک خه‌ون و خه‌یاڵ وێنه ده‌کێشێت و لێ ناگه‌ڕێت زمان له زیندانی لۆگیکدا به‌ند بێت.
تا سه‌ر نه‌بۆته گۆ، ده له دنیا ده تۆ شه‌قێ،
هه‌ر ئه‌م شه‌قه به‌کاره، که‌وا هه‌ڵدرێ له هیچ. (مه‌حوی 1831 _ 1906)
ئه‌وه هاوزه‌مان وێنه‌یه‌کی زێده‌جوانی سوریالی و بیرکردنه‌وه‌یه‌کی قووڵی (عه‌به‌سی)یانه‌یشه، که وه‌ک (گۆ)یه‌ک سه‌یری دنیای بێ‌مانا بکه‌ین و (شه‌ق)ێکی تێ هه‌ڵبده‌ین. (بێرنارد شۆ 1856 _ 1950) ده‌ڵێت: (دنیا یه‌کێکه له نوکته‌کانی خودا،) ئاخر کۆمێدیا پێوه‌ندییه‌کی قووڵی به بێهووده‌یی و ناماقووڵییه‌وه هه‌یه و ڕه‌نگه هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه‌یش بێت، نووسه‌ری کۆمێدیا، که‌سێکی بوێر‌ی تابووشکێنه، پێبه‌ندی دابونه‌ریتی باو نابێت و ته‌نانه‌ت ده‌شێت ئه‌و (ڕه‌مز)ه‌ی لای که‌سانی ئاسایی پیرۆزه، لای ئه‌م ببێته که‌ره‌سه‌ی ته‌نز.
ئه‌گه‌ر کۆمێدیا دوو جۆر بێت: ساکار و قووڵ، ئه‌وا کۆمێدیای ڕه‌ش، قووڵترین چه‌شنی کۆمێدیایه، بۆیه مه‌گه‌ر ته‌نیا ده‌سته‌بژێر له ته‌واوی نهێنییه‌کانی تێبگات. (ئه‌وه‌ی بایه‌خ به سیاسه‌ت نه‌دات، ئه‌گه‌ری ئه‌وه هه‌یه که‌سانی پووت بڕیار له‌سه‌ر چاره‌نووسی بده‌ن.) ئه‌و گوته‌یه‌ی (ئاریستۆفانێس 445 _ 385 پ. ز) به ئاسمانی په‌یامی کۆمێدیای ڕه‌شه‌وه، ئه‌ستێره‌یه‌کی گه‌شه. له کۆمێدیای ڕه‌شدا، که خه‌یاڵ ئه‌رکێکی سه‌ختی له ئه‌ستۆدایه، کورت‌بڕی، سه‌رنجی برووسکه‌یی و به‌گه‌ڕخستنی ڕه‌مز، شوێن به درێژدادڕی لێژ ده‌که‌ن. ئه‌و هه‌موو گاڵته‌جاڕییه‌ی له کۆمێدیای ڕه‌شدا هه‌یه، له تاقه سه‌رچاوه‌یه‌که‌وه هه‌ڵده‌قوڵێت که مه‌ینه‌تییه. به‌رهه‌مه‌کانی سێرڤانتس، ڤۆڵتیر، بێرنارد شۆ و مارک توین، گه‌واهی له‌سه‌ر ئه‌م ڕاستییه ده‌ده‌ن. ئه‌وه‌ی که کۆمێدیایه‌ک هه‌یه خه‌مناک یان هه‌ندێک جار (ڕه‌شبین)یشی پێ ده‌ڵێن، وه‌ک به‌ڵگه وایه بۆ ئه‌وه‌ی، مه‌ینه‌تی مامانی گاڵته‌جاڕییه.
کۆمێدیای ڕه‌ش که گاڵته‌ئامێزانه بابه‌تێک به‌سه‌ر ده‌کاته‌وه، هاوزه‌مان توانای ئه‌وه‌یشی هه‌یه، شکۆی په‌یامه‌که‌ی به‌رز ڕابگرێت و بوار نه‌دات کاره‌که، ته‌نیا وه‌ک قۆشمه ده‌ربکه‌وێت. ئه‌و کۆمێدیایه‌ی هه‌ر بایه‌خ به قۆشمه ده‌دات و هیچی دیکه، له جۆک نزیک ده‌بێته‌وه. کۆمێدیای ڕه‌ش تایبه‌ت نییه به بوارێکی دیاریکراو یان تاقه ژانرێک، ڕه‌نگه ئه‌گه‌ر بڵێم، ده‌شێت هه‌موو بابه‌تێک به‌سه‌ر بکاته‌وه و له هه‌موو هونه‌رێکدا هه‌بێت، زێده‌گۆییم نه‌کردبێت. کۆمێدیای ڕه‌ش ده‌شێت له شانۆنامه، فیلم، ڕۆمان، شیعر، گوتار و له هونه‌ری شێوه‌کاریشدا هه‌بێت. لایه‌نه لاوازه‌کانی ئینسان، وه‌ک لووتبڵندی، نه‌فامی، دووڕوویی، گه‌وجییه‌تی و ده‌سه‌ڵاتپه‌رستی، کێڵگه‌گه‌لی به‌پیتن بۆ گه‌شه‌کردنی کۆمێدیای ڕه‌ش.
خه‌ون و مۆته‌که
کۆمێدیای ڕه‌ش ئه‌وه نییه، گاڵته‌جاڕانه ڕابردووی که‌سێک بگێڕینه‌وه، یان زێده‌ڕۆیی له گه‌وره‌کردنی خاڵه لاوازه‌کانیدا بکه‌ین، یان شێوازی بیرکردنه‌وه‌ی بکه‌ین به که‌ره‌سه‌ی ته‌نز. کۆمێدیای ڕه‌ش ئه‌وه‌یه: چیرۆکێک بگێڕینه‌وه زاده‌ی خه‌یاڵ بێت، به‌ڵام هه‌ر له ڕیالیست بچێت، وه‌ک (ئیبراهیم زه‌بۆک)ی عه‌زیز نه‌سین. (1919 _ 1995) کۆمێدیای ڕه‌ش، له کۆمێدیا و تراژیدیا پێک هاتووه که ده‌توانین (تراژیکۆمێدیا)یشی پێ بڵێین. (پاڵتۆ)که‌ی گۆگۆڵ که 1834 نووسراوه، که به گژ دووڕوویی و گه‌نده‌ڵیدا ده‌چێته‌وه، که به شێوه‌یه‌کی گاڵته‌جاڕی ناخ و ڕه‌وتاری ئینسانی پووچ به‌سه‌ر ده‌کاته‌وه، که جارێک ده‌مانهێنێته پێکه‌نین و جارێک وا ده‌کات فرمێسک به‌ری چاومان بگرێت، ئێستایش هێنده زیندووه، هه‌ر ده‌ڵێیت باسی ئه‌م سه‌رده‌مه ده‌کات.
ئه‌ندریه برێتۆن (1896 _ 1966) له کتێبی (ئه‌نتۆلۆژیای کۆمێدیای ڕه‌ش)دا ده‌ڵێت: (کۆمێدیای ڕه‌ش هه‌ر یه‌کگرتنی کۆمێدیا و تراژیدیا نییه، به‌ڵکوو به‌رجه‌سته‌کردنی ناهاوسه‌نگیشه به شێوه‌یه‌کی گرژ و پێکه‌وه گرێدانێکی هونه‌رییانه‌ی مه‌ترسی و نائومێدیشه.) کۆمێدیای سپی به قه‌ڵه‌م ده‌نووسرێت، به‌ڵام ئه‌تمۆسفێری کۆمێدیای ڕه‌ش، هێنده دژواره، هه‌ر ده‌ڵێیت به چه‌قۆ هه‌ڵده‌کۆڵرێت. جیاوازییه‌کی دیکه‌ی نێوان کۆمێدیای سپی و کۆمێدیای ڕه‌ش ئه‌وه‌یه، ئه‌میان له خه‌ونبینین ده‌چێت و ئه‌ویان وه‌ک مۆته‌که وایه. کۆمێدیای ڕه‌ش هه‌وارێکه نزیکه‌ی هه‌موو ئه‌دیبان ڕێیان تێی ده‌که‌وێت، به تایبه‌تی که هه‌ست به نائومێدی و بێهووده‌یی ده‌که‌ن.
کۆمێدیای سپی که به کاریکاتیرکردنی ئه‌ده‌به و تێکه‌ڵه‌یه‌که له قۆشمه و گاڵته‌جاڕی، خاڵی لاوازی که‌سێک، لایه‌نێک، یان ده‌زگایه‌ک وه‌ها وێنه ده‌کێشێت که ببێته مایه‌ی پێکه‌نین و ڕه‌نگه هه‌ندێک جار زمانه‌که‌ی تا ڕاده‌ی بریندارکردنیش، زبر بێت. ئه‌وانه‌ی له زیندانی دۆگمادا، ئیدی زیندانه‌که ئیدۆلۆگیایی بێت، یان ئایینی، دیلن، وای بۆ ده‌چن، گاڵته له شکۆمه‌ندییان که‌م ده‌کاته‌وه.
نالی! وه‌ره (هه‌زل)ێکی که (عار)ی شوعه‌را بێ،
ڕووڕه‌ش مه‌که پێی، سه‌فحه‌یی هه‌ر له‌وح و کیتابێ.
چیرۆکه‌شیعره‌که ستایشکردنێکه له پێناوی به‌دناوکردندا، نالی (1800 _ 1856) له کۆتاییدا وه‌ک لێی پاشگه‌ز بووبێته‌وه، له‌و به‌یته‌دا به‌و ئه‌نجامه گه‌ییشتووه که به‌و کاره‌ی، ئاوڕووی خۆی بردووه نه‌ک ه‌ی مه‌ستووره، ئه‌وه نییه ئه‌و (هه‌زل)ه‌ی به (عار) له قه‌ڵه‌م داوه؟ ئه‌مه‌یش ڕه‌نگه نیشانه‌یه‌ک بێت بۆ ئه‌وه‌ی، نالی سه‌روه‌ختی یاخیبوونیش، بتی دۆگمای تێک نه‌شکاندبێت و پردێکی له دوای خۆیه‌وه جێ هێشتبێت. کۆمێدیای ڕه‌ش به گژ دۆگماکاندا ده‌چێته‌وه، گاڵته‌جاڕانه سه‌رنجی واقیعی تاڵ ده‌دات، لاقرتێی پێ ده‌کات و به ته‌وسه‌وه ده‌یدوێنێت. له کۆمێدیای ڕه‌شدا، به‌جێ و نابه‌جێ، ماقووڵ و ناماقووڵ، واقیع و فانتازی، به جۆرێک ده‌ست له ملانی یه‌کدی ده‌بن، جوداکردنه‌وه‌یان وه‌ک مه‌حاڵی لێ دێت.
ئایرۆنی
کۆمێدیای ڕه‌ش به دوو باڵ ده‌فڕێت: ئایرۆنی و پارادۆکس. ئایرۆنی که به ته‌وسه‌وه په‌یڤینه، بگۆ تێیدا شتێک ده‌ڵێت و مه‌به‌ستی شتێکی دیکه، یان پێچه‌وانه‌که‌یه‌تی، به‌و جۆره له ڕێی ڕه‌خنه‌ی بریندارکه‌ری گاڵته‌ئامێزه‌وه، پێکه‌نین ده‌ورووژێنێت، پێکه‌نینێک که له خه‌مێکی تاڵ و نائومێدییه‌کی قووڵه‌وه سه‌رچاوه ده‌گرێت. به ته‌وسه‌وه په‌یڤین، گاڵته‌کردنێکه له هه‌ناویدا نیازێکی دوژمنکارانه حه‌شار ده‌دات و زاده‌ی تووڕه‌بوون یان بێز لێ کردنه‌وه‌یه. ئایرۆنی ئه‌وه‌یه که هه‌واڵێکی هه‌ڵه ده‌گێڕینه‌وه، گوێگر ده‌زانێت ڕاست نییه، وه‌لێ وا خۆی نیشان ده‌دات که باوه‌ڕی به ڕاستی و دروستی هه‌واڵه‌که هه‌یه. ئایرۆنی چونکه گاڵته‌یه‌که بۆ مه‌به‌ستێکی جیددی ده‌کرێت، ئه‌وه بۆیه که وه‌ک توێکڵ له ڕاستی ده‌چێت، وه‌ک کاکڵ گه‌مه‌کردنه به ئاوه‌زی ئه‌و که‌سه‌ی کراوه به نیشانه.
هێرشکردن له ئایرۆنیدا ناڕاسته‌خۆیه، گاڵته پێ کردنێکی ته‌مومژاوییه. ئه‌وی به ته‌وسه‌وه بدوێت، وه‌ک شتێکی مه‌زن، باس له شتێکی پووچ ده‌کات، واتا که به ڕووکه‌ش پێداهه‌ڵدانه، له کرۆکدا سووکسه‌رنجدانه و له‌ودیو هه‌ر ستایشێکه‌وه، پلارێک خۆی مه‌ڵاس داوه. چونکه ئایرۆنی مانا ڕاسته‌خۆکان سه‌روبن ده‌کاته‌وه، چونکه جیاوازییه‌کی گه‌وره له نێوان گوتراو و مه‌به‌ستدا ده‌هێنێته ئاراوه، بۆیه ئه‌وه ئاسایییه، وه‌رگر به‌د له مه‌به‌ست حاڵی ببێت، ئاخر تێگه‌ییشتن له ئایرۆنی پێویستی به ئاستێکی ڕۆشنبیریی بڵند هه‌یه. به ته‌وسه‌وه په‌یڤین، بۆ خۆپاراستنه له ڕه‌خنه‌ی ڕاسته‌خۆ له که‌سێک، دیارده‌یه‌ک یان له بۆچوونێک که ڕه‌نگه نه‌گونجێت به ئاشکرا ڕه‌خنه‌ی لێ بگیرێت.
ئه‌وه ئایرۆنییه که له شانۆنامه‌ی (به‌ده‌م چاوه‌ڕوانیی گۆدۆوه)ی (بێکێت 1906 _ 1989)دا، پیاوێک که به مه‌به‌ستی خۆخنکاندن قایشه‌که‌ی پشتی ده‌کاته‌وه، یه‌کسه‌ر پانتۆله‌که‌ی به‌ر ده‌بێته‌وه. هه‌ندێک جار ئایرۆنی له ڕێی گه‌مه‌کردنه‌وه له‌گه‌ڵ زمان و وشه‌دا، سه‌رهه‌ڵده‌دات. شێخ ڕه‌زا ده‌ڵێت:
گه‌رچی فه‌قیر و موفلیسه، شێخ مامه ساڵحم
نه‌مدی که‌سێ وه‌ک ئه‌و ساحێبی که‌ره‌م،
میوانی بووم و نان و که‌ره‌ی نایه به‌رده‌مم،
ئێستایش به‌بێ موداهه‌نه، مه‌منوونی ئه‌و که‌ره‌م.
لایه‌نی جوانی به ته‌وسه‌وه په‌یڤینه‌که، هه‌ر ئه‌وه نییه، ده‌توانین دوو خوێندنه‌وه بۆ شیعره‌که بکه‌ین، ئه‌وه‌یشه شاعیر خۆی بێلایه‌ن نیشان ده‌دات و سه‌نگه‌ری هیچ کام له‌و دوو لێکدانه‌وه‌یه هه‌ڵنابژێریت، ئه‌مه‌یش به‌رجه‌سته‌کردنێکی هونه‌رییانه‌ی هێرشێکی ناڕاسته‌وخۆیه.
پارادۆکس
له (پارادۆکس)دا، پراکتیک جیاوازه له‌وه‌ی له تیۆریدا هه‌یه، هه‌میشه کۆتایی جیاوازه له‌وه‌ی له سه‌ره‌تاوه چاوه‌ڕوانیمان بۆی هه‌یه، شته‌کان هه‌ڵگری دژه‌کانی خۆیانن، هه‌رچه‌نده شیمانه‌کان دروستن، وه‌لێ کۆتایییه‌که هیچ له‌گه‌ڵ لۆگیکدا کۆی ناکاته‌وه، وه‌رگر له چرکه‌ساتی یه‌که‌مدا، بیری بۆی ناچێت و گه‌لێک جار هێنده فریوده‌ره، وه‌رگر به هه‌ڵه‌دا ده‌بات. کۆمێدیای ڕه‌ش هه‌وڵ ده‌دات له ڕێی پارادۆکسه‌وه، جێ به بیر و بۆچوون و نه‌ریته باوه‌کان له‌ق بکات و له‌و ڕێگه‌یه‌وه، کۆمه‌ک به ئینسان ده‌کات، تا خه‌یاڵی به‌رینتر بێت و هیواکانی مه‌زنتر بن. ڕه‌نگه ئه‌و ناته‌بایییه‌ی به هۆی پارادۆکسه‌وه هه‌ستی پێ ده‌که‌ین، زاده‌ی ئه‌وه بێت که ئێمه زانیاریی هه‌ڵه‌مان سه‌باره‌ت به مه‌سه‌له‌یه‌ک هه‌یه، له دۆخێکی وه‌هادا، پارادۆکس گومانمان له کن دروست ده‌کات و ده‌بێته هه‌وێنی ئه‌وه‌ی، سه‌رله‌نوێ به زانیارییه‌کانماندا بچینه‌وه و فێرمان ده‌کات به کلیلی گومان، (نێتشه 1844 _ 1900) گوته‌نی ده‌رگای (زیندانی یه‌قین) له خۆمان بکه‌ینه‌وه.
نووسه‌ر له کۆمێدیای ڕه‌شدا به هۆی پارادۆکسه‌وه، خه‌ریکی ئه‌وه‌یه، به په‌یژه‌ی ناشیرینیدا به‌ره‌و ژیانێکی جوان سه‌رمان بخات، وه‌ک چۆن شاعیر له قوڕی وشه، زێڕی شیعر به‌رهه‌م ده‌هێنێت، نووسه‌ریش له کۆمێدیای ڕه‌شدا، له ڕێی پارادۆکسه‌وه، له تاریکی، تیشک و له ئازار، خه‌نده و له خه‌م، هیوا ده‌خوڵقێنێت، ئه‌وه بۆیه عه‌زیز نه‌سین که له بواری نووسینی کۆمێدیای ڕه‌شدا، یه‌کێکه له نووسه‌ره هه‌ره مه‌زنه‌کانی دنیا، ده‌یگوت: (کۆمێدیا شمشێری ده‌ستی زۆرلێکراوانه، به ڕووی زۆرداراندا هه‌ڵیانکێشاوه.) ڕێکه‌وت له پارادۆکسدا هه‌رچه‌نده وه‌ک شێوه خه‌مگین دێته به‌ر چاو، وه‌لێ له ناواخندا مایه‌ی پێکه‌نینه. (گه‌مه‌ی ڕۆژگار،)(*) پێناسه‌یه‌کی کورت و پوختی میللییه بۆ پارادۆکس.
گرۆتێسک
گرۆتێسک که یه‌کێکه له‌و ته‌کنیکانه‌ی له کۆمێدیای ڕه‌شدا وه‌گه‌ڕ ده‌خرێت، لادانێکه له نه‌ریتی زاڵ و گه‌ڕانه به دوای شێوازی نوێی ده‌ربڕیندا. گرۆتێسک (که چه‌ندان مانا ده‌به‌خشێت، له‌وانه: سه‌یر، ناشیرین، نه‌گونجاو، ناخۆش و قێزه‌ون،) شێوه‌ده‌ربڕینێکی هێنده سه‌رسووڕهێنه، وه‌رگر دووچاری حه‌په‌سان ده‌کات. گرۆتێسکه‌ری گه‌ڕانه به دوای جوانیدا، به‌ڵام له جێیه‌کدا که ناشیرینی زاڵه، یان لێڵکردنی ئاوه ڕوونه‌کانه، له پێناوی مه‌به‌ستێکی گه‌شدا. له گرۆتێسکه‌ریدا هه‌م دژبه‌یه‌کی هه‌یه و هه‌میش بابه‌ته‌که لێکدانه‌وه‌ی هه‌ڵه هه‌ڵده‌گرێت. له به‌رهه‌می برێخت، کافکا، جۆناتان سویفت، ئه‌دگار ئالان پۆ و یۆنسکۆدا که‌م و زۆر ڕووبه‌ڕووی گرۆتێسک ده‌بینه‌وه. له (جانه‌وه‌ره‌کانی دۆکتۆر فرانکنشتاین) و (زه‌نگلێده‌ره‌که‌ی نۆتردام) و (جوانی و جانه‌وه‌ر) دا، ته‌کنیکی ماسکی گرۆتێسک به‌کار هێنراوه.(**) له کوردی‌دا شیعره ناوداره زێده ڕووهه‌ڵماڵراوه‌که‌ی مه‌لا غه‌فووری حافیزی مه‌هابادی، نموونه‌ی ئه‌ده‌بی گرۆتێسکه‌رییه که هه‌ندێک جار (ئه‌ده‌بی نایاسایی،) یان: (کۆمێدیای دڕندانه)یشی پێ ده‌ڵێن.
گوناهێکی گه‌وره
کۆمێدیای ڕه‌ش ده‌توانێت وا بکات، قاقا قاقا پێبکه‌نین و خوڕ خوڕ بگرین، ئاخر گاڵته‌جاڕییه‌که خوێنی لێ ده‌چۆڕێت. وه‌هرانی ده‌ڵێت: (له تاو ماندووبوونی کار هه‌ڵدێن، به بیانووی خواپه‌رستییه‌وه، ده‌خزێنه کونجی مزگه‌وته‌کانه‌وه و تا مردن هه‌ر خه‌ریکی خواردن و خه‌و ده‌بن، هه‌ر له گه‌رچکی ناو بێستان ده‌چن که هه‌م ئاو ده‌خواته‌وه و هه‌م جێگه‌یش ده‌گرێت.) ئه‌و گاڵته‌جاڕییه، ته‌نیا هه‌ر هه‌وێنی پێکه‌نین نییه، بۆ ڕامانیش هانمان ده‌دات و بۆ ورووژاندنی پرسیاریش ده‌بێته هانده‌رمان.
ئیسلامییه توندڕۆ‌کان، خۆیان وه‌ک دوژمنانێکی سه‌رسه‌ختی کۆمێدیا ده‌ناسێنن و به حه‌رامی له قه‌ڵه‌م ده‌ده‌ن. (یا أیها الذین آمنوا لا یسخر قوم من قوم، عسی أن یکون خیرا منهم... ولا تنابزوا بالألقاب... ومن لم یتب فأولئک هم الظالمون. الحجرات11) له‌به‌ر ڕۆشنایی به هه‌ڵه خوێندنه‌وه‌ی ئه‌و ئایه‌ته‌دا، کۆمێدیا وه‌ک سووکایه‌تی به‌م و به‌و کردن لێک ده‌ده‌نه‌وه و ته‌نانه‌ت لاساییکردنه‌وه‌ی که‌سێک، با ناڕاسته‌خۆیش بێت، لای وان هه‌ر ده‌که‌وێته خانه‌ی سووکایه‌تی به خه‌ڵکی کردنه‌وه، هه‌رچه‌نده لاساییکردنه‌وه، دێرینترین شێوه‌ی کۆمێدیایه و له‌نێو ئینسانی سه‌ره‌تاییشدا هه‌بووه.
هه‌ندێک له توندڕۆ‌کان وای بۆ ده‌چن، ئه‌گه‌ر گاڵته‌کردنمان به باوه‌ڕدارێک، بگاته ئه‌و ئاسته‌ی زه‌رده‌خه‌نه‌یه‌ک بێته سه‌ر لێومان، ئه‌وه گوناهێکی گچکه‌یه، وه‌لێ ئه‌گه‌ر قاقا به خاوه‌نباوه‌ڕێک پێبکه‌نین، ئه‌وه گوناهێکی گه‌وره‌یه. (وإذا لقوا الذین آمنوا قالوا آمننا وإذا خلوا إلی شیاطینهم قالوا إنا معکم إنما نحن مستهزئون. الله یستهزئ به‌م ویمدهم فی طغیانهم یعمهون. البقرة 14 و 15) که‌واته ئه‌وانه‌ی پێیان وایه گاڵته به باوه‌ڕداران ده‌که‌ن، به هه‌ڵه‌دا چوون و ئه‌وه زاتی خودایه گاڵته به‌وان ده‌کات و لێیان ده‌گه‌ڕێت به‌ره‌و سه‌رگه‌ردانی مل بنێن. گاڵته‌جاڕی به تایبه‌تی له به‌رگی ئایرۆنیدا، گه‌له‌ک جار له قورئاندا هاتووه و له‌و بواره‌دا چه‌ندان کتێب نووسراون. (***)
ئه‌ستێره گه‌شه‌کان
له کۆمێدیای ڕه‌شدا، نووسه‌ر که ژیانێکی تاڵ ده‌داته به‌ر ڕووناکی، هه‌میشه به‌رگێکی شیرینی له‌به‌ر ده‌کات، ئاخر به‌و جۆره، وه‌رگر زووتر پێشوازیی له کاره‌که ده‌کات، ئاخر ئه‌و به‌رگه شیرینه که له گاڵته چێ ده‌کرێت، وا ده‌کات، که‌سی هه‌ڵچوو، هێور ببێته‌وه و ئه‌وی ماندوویشه، بحه‌سێته‌وه. ئه‌گه‌ر نووسه‌رێک هه‌بێت، تۆڵه‌ی زۆرلێکراوان بسێنێته‌وه، ڕه‌نگه ته‌نیا نووسه‌ری کۆمێدیای ڕه‌ش بێت. کۆمێدیای ڕه‌ش له خه‌ڵکه‌وه نزیکه، به شێوازێکی ئاسان ده‌نووسرێت و ده‌رۆزه‌ی پێکه‌نینی وه‌رگر ناکات. ئه‌وه زاده‌ی جه‌هله، ئه‌گه‌ر به چاوێکی سووکه‌وه سه‌رنجی نووسه‌رانی کۆمێدیا بده‌ین و پێمان وابێت، ئه‌رکی وان، ته‌نیا وه‌پێکه‌نین هێنانی ئه‌وانی دیکه‌یه و هیچی تر. گه‌وره‌ئه‌دیبانی دنیا، ئه‌وانه بوون که کۆمێدیایان به‌رهه‌م ده‌هێنا، وه‌ک: سێرڤانتێس، ڤۆڵتیر، مۆلیر، بێرنارد شۆ، مارک تۆین، گۆگۆڵ و عه‌زیز نه‌سین.
که (پووشکین 1799 _ 1837) (ده‌روونه مردووه‌کان)ی (گۆگۆڵ 1809 _ 1852)ی پاشای کۆمێدیای ڕه‌ش ده‌خوێنێته‌وه، به حه‌سره‌ته‌وه ده‌بێژێت: (خودایه گیان، ڕووسیا چه‌ند کڵۆڵه!) شانۆنامه‌ی (پشکنه‌ر)ی گۆگۆڵ، یه‌کێکه له‌و شاکارانه‌ی ده‌که‌ونه خانه‌ی ئه‌ده‌بی کۆمێدیای ڕه‌شه‌وه. که بۆ یه‌که‌مین جار له 19ی ئه‌پریلی 1836 دا، به ئاماده‌بوونی نیکۆڵای یه‌که‌می سیزاری ڕووسیا نمایش ده‌کرێت، سیزار ستایشی کاره‌که ده‌کات و ده‌ڵێت: (هه‌موو ئه‌وانه‌ی له‌و ڕه‌وشه خراپه به‌رپرسن، پێویسته سه‌رکۆنه بکرێن، یه‌که‌م که‌س خۆم.) ڕه‌نگه ئه‌م هه‌ڵوێسته‌ی سیزار به‌ڵگه‌یه‌ک بێت بۆ ئه‌وه‌ی، سه‌رهه‌ڵدانی کۆمێدیای ڕه‌ش و گه‌شه‌کردنی، پێویستی به ژینگه‌یه‌کی دێمۆکرات هه‌یه که تێیدا ڕێز له بیروڕای جیاواز بگیرێت.
(ئه‌رنست هه‌مینگوای 1899 _ 1961) پێی وایه، هه‌موو ئه‌ده‌بی ئه‌مریکایی، له کتێبی (سه‌رچڵییه‌کانی هه‌ککه‌لبێری فاین)ی (مارک توین)ه‌وه سه‌رچاوه ده‌گرێت. مارک توین(1835 _ 1919) له‌و ڕۆمانه‌یدا که یه‌کێکه له نموونه باڵاکانی ئه‌ده‌بی کۆمێدیای ڕه‌ش، جۆره ڕه‌خنه‌یه‌کی گاڵته‌ئامێزانه‌ی هێنده زبری ڕه‌چاو کردووه، هه‌ر له‌وه ده‌چێت، خوێی به برینه‌کانی کۆمه‌ڵگه‌وه کردبێت. له ڕوانگه‌ی بێرنارد شۆوه، تاقه بلیمه‌تێک که پیشه‌سازیی سینه‌ما به‌رهه‌می هێنابێت، (چارلی چاپلن 1889 _ 1977)ه که پێی وایه، (هه‌ر ڕۆژێک له ژیانمان بێ گاڵته ده‌رباز بووبێت، ئه‌و ڕۆژه‌مان له کیس چووه.) چارلی چاپلن، به فیلمی دیکتاتۆر(1940) به گژ هیتله‌ر و نازیزمدا ده‌چێته‌وه و هۆلۆکۆست که ئه‌و وه‌خته هێشتا ده‌نگی نه‌دابووه‌وه، ده‌داته به‌ر ڕووناکی. ئایا ئه‌وه لوتکه‌ی هونه‌ر نییه، به شێوه‌یه‌کی گاڵته‌جاڕی، کاره‌ساتی قه‌لاچۆکردنی میلله‌تێک به‌سه‌ر بکه‌ینه‌وه و نیشانه‌یش بپێکین؟
هه‌نری بێرگسۆن ده‌ڵیت: (ئینسان وه‌ک چۆن تاقه گیانداره له مه‌ینه‌تیدا ده‌ژی، تاقه گیانداریشه پێده‌که‌نێت.) ئه‌وه بۆیه نووسه‌ری کۆمێدیای ڕه‌ش، له هه‌نگێک ده‌چێت، پێمانه‌وه ده‌دات، بێ ئه‌وه‌ی هه‌ست به ئازار بکه‌ین، یان: کارێک ده‌کات له خۆشی‌دا بگرین، گاڵته‌مان به ئازار بێت و پێش ئه‌وه‌ی به‌ڵاکان پێمان پێبکه‌نن، ئێمه به‌وان پێبکه‌نین. ئه‌گه‌ر ئه‌و چه‌که نه‌بووایه، هیچ دوور نه‌بوو، ڕۆحمان تووشی داخوران ببووایه، ئاخر کۆمێدیای ڕه‌ش دژه‌بروسکه‌یه‌که له داڕمانی ده‌روونی ده‌مانپارێزێت. هه‌رچه‌نده (دۆن کیخۆته)ی قاره‌مانی ڕۆمانه‌که‌ی (سێرڤانتس 1547 _ 1616) له‌ناو وه‌همدا ده‌ژیا، که‌چی ئه‌وه سه‌دان ساڵه ئه‌و به‌رهه‌مه، به ڕاستی له ناوماندا ده‌ژی.
کۆمێدیای ڕه‌ش هانا بۆ ورووژاندنێک ده‌بات که تا ئاستی بریندارکردن ده‌ڕوات و ئه‌و باس و بابه‌تانه به‌سه‌ر ده‌کاته‌وه که وه‌ک تابوو وه‌هان و سڵ له سانسۆر ناکاته‌وه. (ناپاکی له نیشتمانه‌که‌م ده‌که‌م.) ئه‌وه ناونیشانی کتێبێکی (مه‌حه‌ممه‌د ماغووت 1934 _ 2006)ه، که ئایرۆنی و پارادۆکسی له هه‌ناویدا هه‌ڵگرتووه و هێنده بوێرانه‌یشه تا ئاستی ئه‌وه‌ی تووشی حه‌په‌سانمان ده‌کات. ماغووت یه‌کێکه له‌و نووسه‌رانه‌ی له کاره‌ساتدا، پێکه‌نین ده‌دۆزێته‌وه و قۆشمه‌کانیشی هێنده تاڵن، به‌ره‌و گریان هانمان ده‌ده‌ن. عه‌ره‌ب گوته‌یه‌کی هه‌یه ده‌ڵێت: (دژوارترین به‌ڵا ئه‌وه‌یه که ده‌بێته هه‌وێنی پێکه‌نین.)(****) (زه‌که‌ریا تامیر1931) ئه‌دیبێکی دیکه‌ی عه‌ره‌به که توانای ئه‌وه‌ی هه‌یه، له زه‌ریای تراژیدیادا، مرواریی کۆمێدیا ببینێته‌وه. (که‌ری تۆپیو له گورگ ناترسێت،) ناونیشانی یه‌کێک له ئیشه‌کانی عه‌زیز نه‌سینه که کۆمێدیای ڕه‌شی لێ ده‌چۆڕێت. ئه‌و نووسه‌ره ئینساندۆسته ده‌ڵێت: (هه‌ر شتێکی باش بزانم، له دایکمه‌وه فێری بووم، کاتێک دایکم به داوی ڕه‌نگاوڕه‌نگ سه‌رقاڵی چنین ده‌بوو، من له داوه ڕه‌نگینه‌کانیدا، فرمێسکه‌کانی و تیشکی چاوانیم به‌دی ده‌کرد، بۆیه له کن من، پارچه‌یه‌ک له‌وانه‌ی دایکم ده‌یچنین، له هه‌موو کتێبه‌کانم به‌هادارتره.)
*
ژێده‌ر و په‌راوێز
1) الدکتور نعمان محمدأمین طه، السخریة فی الأدب العربي 1978 دار التوفیقیة للطباعة بالأزهر.
2) الدکتور شاکر عبدالحمید، الفکاهة و الضحک، سلسلة عالم المعرفة، ینایر 2003 الکویت.
3) عبده وازن، قصیدة نثر بسخریة سوداء 20 دیسمبر 2009 الحیاة.
4) عبدالرحیم العطري، غوغول ملک السخریة السوداء 21 یولیو 2005 موقع جریدة بانیاس.
5) سالم سلمان الدمام، الکتابة الساخرة 12 سبتمر 2010 الشرق الأوسط.
6) www.algonet.se/~niklars/grotesk/artiklar/princip.html, Niklas Larsson, Groteskens principer samt dess historik.
7) http://sv.wikipedia.org/wiki/svart_humor
8) http://sv.wikipedia.org/wiki/ironi
9) http://sv.wikipedia.org/wiki/grotesk
10) http://sv.wikipedia.org/wiki/paradox
11) http://sv.wikipedia.org/wiki/satir
12) د. موککه‌ڕه‌م تاڵه‌بانی، شێخ ڕه‌زای تاڵه‌بانی، ل64 ده‌زگای ئاراس 2001 هه‌ولێر.
13) مه‌لا عه‌بدولکه‌ریمی مودده‌ڕیس و فاتیح عه‌بدولکه‌ریم، دیوانی نالی، ل629 کۆڕی زانیاریی کورد 1976 به‌غدا.
14) مه‌لا عه‌بدولکه‌ریمی مودده‌ڕیس و مه‌حه‌ممه‌دی مه‌لا که‌ریم، دیوانی مه‌حوی، ل98 چاپی دووه‌م، کۆڕی زانیاریی کورد 1984 به‌غدا.
15) قورئانی پیرۆز ، ل3 وه‌رگێڕانی مامۆستا هه‌ژار.
*
(*) سخریة القدر.
(**) جانه‌وه‌ره‌کانی دۆکتۆر فرانکنشتاین: فیلمێکی ترسناکی ئه‌مریکاییه، له ده‌رهێنانی جه‌یمس واڵ. زه‌نگلێده‌ره‌که‌ی نۆتردام: ڕۆمانێکی ڤیکتۆر هوگۆیه 1831 نووسراوه. جوانی و جانه‌وه‌ر: حه‌کایه‌تێکه به فیلم، ئۆپێرا، فیلمی کارتوون و زنجیره درامایش هه‌یه.
(***) له‌وانه: أسلوب السخریة فی القرآ‌ن الکریم، عبدالحلیم حنفي.
(****) (شر البلیة ما یضحک.)
*
ئایرۆنی: تهکم.
پارادۆکس: مفارقة.
گاڵته‌جاڕی: سخریة.
داشۆرین: هجاء.
قۆشمه: فکاهة.