مه‌رگ بانگمان ده‌کات
December 11, 2010
فیکر و فەلسەفە
نووسه‌ر :حه‌مه‌سه‌عید حه‌سه‌ن
سه‌دان ساڵ بوو، حافیز به غه‌زه‌ل، فیردۆسی به شانامه، سه‌عدی به گوڵستان، خه‌یام به چوارینه، ڕوومی به مه‌سنه‌وی، دنیایان سه‌رقاڵ کردبوو، ئه‌وه وه‌کوو مه‌حاڵ وابوو، دوای ئه‌و شاعیره بلیمه‌تانه، په‌خشاننووسێکی فارسی‌زمان، بتوانێت به ڕۆمانێکی کورت که له سه‌د ڕووپه‌ل که‌متر ده‌بێت، که یه‌که‌مین جار ته‌نیا سه‌دوپه‌نجا دانه‌ی له تاراوگه لێ چاپ ده‌کرێت، سه‌رنجی دنیا بۆ لای خۆی کێش بکات. ئه‌و په‌خشاننووسه مه‌حاڵبه‌زینه سادق هیدایه‌ت (1903 _ 1951) ده‌بێت که 1936 له هیندستان، له شاری بۆمبای، (کونده‌په‌پووی کوێر) بڵاو ده‌کاته‌وه، ئاخر سوور ده‌زانێت سانسۆر له ئێران، ڕێ له چاپکردنی ده‌گرێت.ئه‌گه‌ر پێمان وابێت، داهێنان ئه‌وه‌یه له عه‌ده‌مه‌وه سه‌رهه‌ڵ ده‌دات، یان گه‌شتێکه له سفره‌وه ده‌ستپێ ده‌کات، ئیدی ناتوانین ڕۆمانی (په‌یکه‌ری فه‌رهاد)ی عه‌باس مه‌عرووفی که پشتی به کونده‌په‌پووی کوێری سادق هیدایه‌ت به‌ستووه، به داهێنان له قه‌ڵه‌م بده‌ین. ڕه‌نگه ئه‌وه‌یش شتێک بێت وه‌ک مه‌حاڵ، بتوانین به هۆی گۆڕینی چیرۆکبێژه‌وه، له ڕۆمانێکی کۆن، ڕۆمانێکی نوێ، بخوڵقێنین. ئاخر جیاوازیی سه‌ره‌کیی دوو ڕۆمانه‌که ئه‌وه‌یه، له کونده‌په‌پووی کوێردا، پیاوێک له‌ژێر کاریگه‌ریه‌تیی ئه‌فیووندا، خه‌ریکی گێڕانه‌وه‌ی مۆته‌که‌یه و (واقیع)ێک ده‌داته به‌ر ڕووناکی که زێتر له وه‌هم ده‌چێت، وه‌لێ له په‌یکه‌ری فه‌رهاددا، ژنێک ئه‌و ڕۆڵه وازی ده‌کات.
ئه‌حمه‌د شاملوو داهێنه‌ر بوو، ئاخر ئه‌و لاسایی که‌سی نه‌کرده‌وه، شیعری سپیی داهێنا، شیعرێک نه بایه‌خی به سه‌روا ده‌دا، نه کێشی ڕه‌چاو ده‌کرد. شاملوو پێی وابوو، وه‌ک چۆن سه‌روا شاپه‌ڕی باڵی مه‌لی خه‌یاڵی شاعیر هه‌ڵده‌کێشێت، (کێش)یش بانکی خه‌یاڵی شاعیر نابووت ده‌کات، ئاخر خۆبه‌ستنه‌وه به کێشه‌وه، شاعیر ناچار ده‌کات، ده‌رگا له هه‌ندێک وشه بکاته‌وه که پێویست نین و له هه‌ندێک وشه‌ی دابخات که پێویستن، به‌مه‌یش که به لاڕێدا بردن و به‌رته‌سککردنه‌وه‌ی خه‌یاڵه، داهێنان زیانێکی زۆری پێ ده‌گات.
له کورته‌ڕۆمانی کونده‌په‌پووی کوێردا، پیاوێک که له کونده‌په‌پوویه‌ک ده‌چێت، ده‌نگی له گه‌روویدا گیری خواردبێت و له شێوه‌ی په‌ڵه‌خوێندا تفی بکاته‌وه، پیاوێک که پێ ده‌چێت ئاوه‌زی له ده‌ست دابێت، یان له گیانه‌ڵڵادا بێت و وڕێنه بکات، پیاوێک که له نێوان بێهۆشی و هۆشیاریدا دێت و ده‌چێت، پیاوێک که لاقێکی له‌نێو دنیای خه‌وندایه و ئه‌وی دیکه‌ی له بێداریدا، پیاوێک خۆیشی نازانێت، خه‌وی لێ که‌وتووه، یان له هۆش خۆی چووه، پیاوێک که له خۆی هه‌ڵدێت، پیاوێک که سه‌یری ئاوێنه ده‌کات، خۆی ناناسێته‌وه و پێی وایه، (ئه‌و)ی جاران له‌مێژه مردووه، پیاوێک که خۆی پێ ده‌ویتێکی به‌دبه‌خته و ژنه‌که‌ی پێ سۆزانییه، دیرۆکی ژیانی خۆی که زێتر له خه‌ون و مۆته‌که ده‌چێت، وه‌ک له ڕاستی، بۆ سێبه‌ره‌که‌ی ده‌گێڕێته‌وه. ئه‌و پیاوه که چیرۆکبێژه‌که‌یه، ده‌ڵێت: (ده‌خوازم چیرۆکی ژیانی خۆم بۆ سێبه‌ره‌که‌م بگێڕمه‌وه، به‌ڵام نازانم له کوێوه ده‌ستپێ بکه‌م، سێبه‌ره‌که‌م له خۆم تێگه‌ییشتووتره و ته‌نیا بۆ ئه‌و ده‌توانم به باشی بدوێم و چیرۆکی ژیانم وه‌ک هێشووه‌ترێیه‌ک بگوشم و بیڕژێنمه گه‌روویه‌وه.)
چیرۆکی هونه‌ریی فارسی به ڕای ڕه‌خنه‌گرانی فارس و غه‌یره فارس، به سادق هیدایه‌ت ده‌ستپێ ده‌کات و ئه‌و به باوکی په‌خشانی فارسی ناسراوه، ئه‌وێک که ئیلهامی له ئه‌ده‌بی ئه‌ورووپایییه‌وه وه‌رگرتووه و هه‌ر ده‌ڵێیت له قوتابخانه‌که‌ی (فرانز کافکا)دا(1883 ¬¬¬_ 1924) ده‌رسی ڕه‌شبینی و هونه‌ری گێڕانه‌وه‌ی خوێنده‌وه و سوودی له ئه‌زموونگه‌لی (ده‌ستۆیفسکی، چیخۆف و ئه‌دگار ئالان پۆ)یش بینیوه. که‌رتکردنی وه‌خت، پاش و پێشخستنی زه‌مان و گه‌مه‌کردن به کاره‌کته‌رێکی دیاریکراو که چه‌ند ڕۆڵێکی پێ ده‌به‌خشێت، هه‌ندێکن له‌و ته‌کنیکانه‌ی به‌کاری هێناون و (ئۆرهان پاموک)یش که 2006 نۆبێڵی وه‌رگرت، له هه‌ردوو ڕۆمانی(کتێبی ڕه‌ش) و (قه‌ڵای سپی)دا، وه‌گه‌ڕی خستوون. هیدایه‌ت هه‌ر وه‌ختی له‌توپه‌ت نه‌کردووه، به هه‌مان مێتۆد مامه‌ڵه‌ی له‌ته‌ک (شوێن)یشدا کردووه و هه‌مان مۆتیڤ و هه‌مان دیمه‌ن، گه‌له‌ک جار پاته ده‌کاته‌وه.
هێدویگ هاوڕێیه‌کی زیره‌کی په‌ڕپۆشی (هاری پۆته‌ر)ه له فۆرمی کونده‌په‌پوودا، له کاره‌که‌ی سادق هیدایه‌تدا، کونده‌په‌پوو، ڕه‌مزی حیکمه‌ت نییه، خودی چیرۆکبێژه‌که‌یه که کاره‌کته‌ری سه‌ره‌کیی کورته‌ڕۆمانه‌که‌یشه و سیمبۆلی ئه‌وانه‌یه پشکۆی سته‌می کۆمه‌ڵایه‌تی و ئایینی ژیانی داخ کردوون. له کن هیدایه‌ت، خێر و شه‌ڕ، پێوه‌ندییان به‌م ئایین، یان ئه‌و باوه‌ڕه‌وه نییه، له ناخی ئینسانه‌وه هه‌ڵده‌قوڵێن و هه‌موو ئه‌و شه‌ڕانه‌یشی گوایه بۆ داکۆکیکردن له‌م یان ئه‌و ئایین ڕوویان داوه، له‌ژێر سه‌ری ئه‌و پیاوانه‌وه ده‌ستیان پێ کردووه که خۆیان به پارێزه‌ری ئایینه‌کان زانیوه.
هیدایه‌ت دوو شانۆنامه‌ی نووسیوه: (په‌روینی کچی ساسان) و (مازیار) له‌و دوو ئیشه‌یدا، ڕه‌شبینی به‌دی ناکرێت، پڕن له هه‌ستی نیشتمانپه‌روه‌ری و (نیشتمانپه‌روه‌ر)یش یه‌کێکی دیکه‌یه له چیرۆکه‌کانی که تێیدا، تیشک ده‌خاته سه‌ر ناخی نیشتمانپه‌روه‌ره دووڕووه‌کان و ماسک له‌سه‌ر سیمای دزێویان لا ده‌بات. هیدایه‌ت له به‌شێک له کاره‌کانیدا، لایه‌نی کرێکارانی ئێران ده‌گرێت و ڕووناکی ده‌خاته سه‌ر خۆپیشاندان و مانگرتنه‌کانیان. هیدایه‌ت ئه‌و سته‌مه‌یشی فه‌رامۆش نه‌کردووه که له ژنان ده‌کرێت و به شێوه‌یه‌کی هونه‌رییانه، وه‌ک ڕیالیستێکی ڕه‌خنه‌گر، نه‌ک ڕاسته‌وخۆ، په‌رده‌ی له‌سه‌ر خه‌وشه‌کانی کۆمه‌ڵگه‌ی ئێرانی لا داوه.
که ڕۆژیه لیسکۆ کونده‌په‌پووی کوێری کرد به فه‌ره‌نسایی، ئیدی هیدایه‌ت ناوبانگی په‌یدا کرد، دواتر (ژیلیز لازار)یش (حاجی ئاغا)ی ته‌رجه‌مه‌ی هه‌مان زمان کرد و ئیدی ئیشه‌کانی بۆ ئینگلیزی و ئه‌ڵمانیایییش وه‌رگێڕدران. هیچ کارێکی دیکه‌ی سادق هیدایه‌ت، هێنده‌ی کونده‌په‌پووی کوێر بایه‌خی پێ نه‌دراوه، ئیدی چ به به‌رزنرخاندن بووبێت، یان به دژایه‌تیکردن. به‌و کورته‌ڕۆمانه‌وه هه‌م کاریگه‌ریه‌تیی ئه‌فسانه دیاره، هه‌م هی ئه‌ده‌بی سه‌ده‌ی نۆزده‌یه‌می ڕووسیا، وه‌ک چۆن له ئه‌ده‌بی سوریالییه‌وه نزیکه، ئاوایش هه‌ر ده‌ڵێی ئه‌ده‌بی گێڕانه‌وه‌ی مۆته‌که‌یه و دنیای تاریکی کافکامان وه‌بیر دێنێته‌وه، جارێک له حیکایه‌تی میللی ده‌چێت و جارێک له چیرۆکێکی هونه‌ری که بایه‌خی به سایکۆلۆژیا دابێت. سادق هیدایه‌ت له‌و چیرۆکه‌درێژه‌دا، مێژوویه‌کی ڕه‌ش ده‌گێڕێته‌وه، مێژوویه‌ک له مۆته‌که، ته‌نیایی، دووره‌په‌رێزی، نائومێدی و بێهووده‌یی.
سادق هیدایه‌ت که له ڕۆژێکی ساردی زستانی 1951 دا له پاریس خۆی ده‌کوژێت، هێنده بایه‌خ به مه‌رگ ده‌دات، نزیکه‌ی هه‌میشه مردن له ئیشه‌کانیدا حازره و ڕه‌نگه ئه‌وه ئاماژه‌یه‌ک بووبێت بۆ ئه‌وه‌ی، خۆکوشتن له کنی ڕێگه‌چاره‌ی کۆتایی بووه. ئه‌و ته‌نیایی و دووره‌په‌رێزییه‌ی به کونده‌په‌پووی کوێره‌وه دیاره، نواندنی هه‌ڵوێسته له دژی ئه‌و دنیایه‌ی که هیدایه‌ت هه‌رچه‌ندی کرد، نه‌یتوانی له‌گه‌ڵیدا بگونجێت، هه‌ر بۆیه هه‌میشه ده‌یگوت: ئه‌وه ته‌نیا مه‌رگه که هه‌رگیز درۆ ناکات و هه‌موو ڕێگاکان ده‌چنه‌وه سه‌ر مردن. له یه‌که‌مین به‌رهه‌می هیدایه‌تدا که ناوی لێ نابوو: (گه‌ڕه‌کی گۆڕستان،) قاره‌مانی چیرۆکه‌که خۆی ده‌کوژێت و (ئه‌و پیاوه‌ی خۆی کوشت،) ناوی چیرۆکێکی دیکه‌یه‌تی. له 15/ 10/ 1948 دا له نامه‌یه‌کدا که بۆ چیرۆک‌نووس (جه‌مالزاده)ی هاوڕێی ده‌نێرێت، ده‌نووسێت: (ماندووم و ده‌زانم مێشکم تێک ده‌شکێت، وه‌ک به مه‌رگ حوکمدراوێک، شه‌و به ڕۆژ ده‌گه‌یه‌نم، ده‌ستم له هه‌موو شتێک هه‌ڵگرتووه، دڵم به هیچ شتێکه‌وه نییه، نه ده‌توانم خۆم فریوم بده‌م، نه هێنده بوێریی شک ده‌به‌م، خۆم بکوژم.)
ئه‌و ڕه‌شبینییه‌ی به کونده‌په‌پووی کوێره‌وه دیاره، ڕه‌شبینییه‌کی ته‌نکی بێ بنه‌ما نییه، ڕه‌شبینییه‌کی وجوودییانه‌ی قووڵه و کۆده‌کانی به ئاسانی ناکرێنه‌وه، یه‌کێک له‌وانه‌ی په‌ی به هه‌ندێک له نهێنییه‌کانی ئه‌و کورته‌ڕۆمانه بردووه، (مورته‌زا شیرازی)یه که مامۆستای زانکۆی تاران بوو. خه‌یام ده‌ڵێت: (ئه‌وانه‌ی هێشتا له دایک نه‌بوون، ئه‌گه‌ر ده‌یانزانی ئێمه له چ عه‌زابێکدا ده‌ژین، نه‌ده‌هاتنه دنیاوه.) هیدایه‌ت له کونده‌په‌پووی کوێردا باسی ئه‌و عه‌زابه ده‌کات.
کافکا نووسینه‌کانی خۆی له کن (ماکس برۆد)ی هاوڕێی جێ هێشتبوو، به‌و ئومێده‌ی که ئه‌م مرد، ئه‌و بیانسووتێنێت، سادق هیدایه‌تیش وه‌ک کافکا، هیچ متمانه‌ی به نووسینه‌کانی خۆی نابێت، بۆیه پێش ئه‌وه‌ی خۆی بکوژێت، کاره بڵاونه‌کراوه‌کانی خۆی ده‌سووتێنێت. ته‌نیایییه‌که‌ی کافکا بێ وێنه بوو، ئه‌و له‌ناو (چیک)ه‌کاندا، ئه‌ڵمان ده‌بێت،(*) له سایه‌ی کریستیانه‌کاندا، جووله‌که ده‌بێت، سه‌ر به جووله‌که ده‌بێت، به‌ڵام بڕوای به ئایینه‌که‌یان نابێت. ئه‌و ته‌نیایییه‌ی کافکا لای هیدایه‌ت دووباره ده‌بێته‌وه، ئایا ئه‌وه لوتکه‌ی ته‌نیایی نییه، که‌سمان ده‌ست نه‌که‌وێت، ڕازی خۆمانی بۆ بگێڕینه‌وه و له ناچاریدا هانا بۆ سێبه‌ره‌که‌مان ببه‌ین؟
(چووم بۆ لای ئاوێنه‌که و سه‌یرێکی ڕووخساری خۆم کرد، وێنه‌که‌م سه‌یر و نامۆ هاته به‌رچاوم، وای بۆ چووم خۆم و وێنه‌که‌م له هه‌مان ژووردا هه‌ڵناکه‌ین، له‌وه‌یش ده‌ترسام، من هه‌ڵبێم و ئه‌و دوام بکه‌وێت. من و وێنه‌که‌م له دوو پشیله ده‌چووین که ڕووبه‌ڕوو بۆ شه‌ڕ به‌رانبه‌ر یه‌کتری وه‌ستا بن.) که چیرۆکی کونده‌په‌پووی کوێر ده‌خوێنینه‌وه، وا هه‌ست ده‌که‌ین، سه‌رقاڵی خوێندنه‌وه‌ی شیکردنه‌وه‌ی (فرۆید)ین له باره‌ی چیرۆکی (به‌دگۆڕان)ی کافکاوه، ئاخر هیدایه‌تیش، هێنده قووڵ به ناخی کاره‌کته‌ره سه‌ره‌کییه‌که‌یدا ڕۆ ده‌چێت، ده‌ڵێیت ئوستادی سایکۆلۆژیایه. خاڵێکی هاوبه‌شی دیکه‌ی نێوان هیدایه‌ت و کافکا ئه‌وه‌یه، ئه‌میش وه‌ک ئه‌و، که ده‌ستی به گێڕانه‌وه کرد، وه‌ک زێ ڕێ ده‌کات و وه‌ستانی بۆ نییه تا ده‌گاته کۆتایییه‌ک که له سه‌ره‌تایه‌کی نوێ ده‌چێت.
ڕه‌نگه له‌به‌ر ئه‌وه‌ی باپیری قه‌ساب ده‌بێت، کافکا وه‌ک ڕووه‌کخۆرێک ژیان به‌سه‌ر ده‌بات، سادقی هیدایه‌تیش که‌سێکی ڕووه‌کخۆر بووه، ئه‌مه‌یش لایه‌نێکی هاوبه‌شی دیکه‌ی نێوان ئه‌و دوو نووسه‌ره‌یه. قه‌ساب له کونده‌په‌پووی کوێردا، ڕه‌مزه بۆ زه‌بروزه‌نگ و به چیرۆکه‌کانی و به ژیانی خۆیشییه‌وه، به ڕوونی کاریگه‌ریه‌تیی بوودیزم دیاره. کافکا پێی وابوو، (ژیان نه‌فره‌تی خودایه له ئینسان و مه‌گه‌ر به مه‌رگ له‌م ژیانه هیچه ڕزگاری ببێت.) لای هیدایه‌تیش: (ته‌نیا مه‌رگ، که له‌سه‌ر لێواری ژیان ڕاوه‌ستاوه و بانگمان ده‌کات، هه‌موو وه‌همه‌کان تێک ده‌شکێنێت، ئاخر هه‌موومان منداڵی مه‌ر‌گین و هه‌ر مه‌رگیشه له ده‌ست فێڵه‌کانی ژیان ڕزگارمان ده‌کات.) بۆیه سه‌یر نییه که قاره‌مانی کونده‌په‌پووی کوێر له زۆر ڕووه‌وه له (گریگۆر سامسا)ی کاره‌کته‌ره سه‌ره‌کییه‌که‌ی (به‌دگۆڕان)ی کافکا ده‌چێت که ده‌بێت به قالۆنچه.
هه‌نری باربۆس (1873 _ 1935) له ڕۆمانی (دۆزه‌خ)دا، کاره‌کته‌رێکی هه‌یه، ده‌رگای ژووری هۆتێلێک له‌سه‌ر خۆی داده‌خات و خۆی له ده‌وروبه‌ر داده‌بڕێت، (ڕاسکۆ لینکۆف)ی تاوان و سزای (ده‌ستۆیفسکی)یش له ترسی ئه‌وه‌ی نه‌ک ده‌ستگیر بکرێت، زات ناکات له ژووره‌که‌ی بێته ده‌ره‌وه. (به‌و شوێنه‌دا ده‌سووڕامه‌وه، هه‌ر وه‌ک تاوانبار چۆن به ده‌وری شوێنی تاوانه‌که‌یدا ده‌سووڕایه‌وه.) د. ئیبراهیم ئه‌لده‌سووقی شه‌تا که کونده‌په‌پووی کوێری کردووه به عه‌ره‌بی، ده‌ڵێت: (له‌وه ده‌چێت هیدایه‌ت ئه‌و ده‌ربڕینه‌ی له تاوان و سزاوه هێنابێت.) ئه‌گه‌ر لای هیدایه‌ت، بۆ مۆته‌که‌ی نێو تابلۆکانی (سیلڤادۆر دالی)یش بگه‌ڕێین، نا‌ئومێد نابین. (خه‌ڵکی شاره‌که هه‌موویان مردنێکی سه‌یر مردبوون، له جێی خۆیاندا بووبوون به په‌یکه‌ر، یه‌کی دوو دڵوپه‌خوێن به ده‌میاندا هاتبووه خواره‌وه، ده‌ستم به‌ر هه‌ر یه‌کێکیان که‌وتبا، سه‌ری له جه‌سته‌ی جوێ ده‌بووه‌وه.)
که 1953 کونده‌په‌پووی کوێر به فه‌ره‌نسایی بڵاو ده‌بێته‌وه، ڕۆجیه لیسکۆی ئه‌ندامی ئه‌کادیمیای فه‌ره‌نسا، 1954 هه‌ڵی ده‌سه‌نگێنێت و هیدایه‌ت له‌گه‌ڵ (ژیرار دو نێرڤال)دا (1808 _1855) به‌راورد ده‌کات. ڕه‌خنه‌گری فه‌ره‌نسایی، (ئه‌ندریه ڕوسۆ)یش له هه‌فتانه (دی ڤیگارۆ)ی ئه‌ده‌بیدا، له باره‌ی کونده‌په‌پووی کوێره‌وه ده‌ڵێت: (هه‌رچه‌نده له‌ژێر کاریگه‌ریه‌تیی ئه‌ده‌بی خۆرئاواییدا نووسراوه، به‌ڵام چیرۆکێکی خۆرهه‌ڵاتییه و ڕه‌نگدانه‌وه‌ی خه‌یاڵی به ئه‌فیوون ئالووده‌بوویه‌که و ئاوازی خۆشویستنی مه‌رگی لێ هه‌ڵده‌ستێت، مه‌رگێک که له نه‌مرییه‌وه نزیکه.) کونده‌په‌پووی کوێر که له ڕوانگه‌ی (ئه‌ندریه بریتۆن)ه‌وه (به‌رهه‌مێکی باڵایه) و ڕۆمانێکه له‌بری مه‌ره‌که‌ب به ئه‌فیوون نووسراوه.
هیدایه‌ت که چیرۆک ده‌نووسێت، هه‌ر زوو له ڕێی سه‌ره‌تایه‌کی چڕه‌وه، ده‌چێته سه‌ر کرۆکی ڕووداوه‌که و به که‌مترین وشه لایه‌نه‌کانی ڕۆشن ده‌کاته‌وه، نزیکه‌ی هه‌میشه چیرۆک لای ئه‌و وه‌ها کۆتایی دێت که خوێنه‌ر چاوه‌ڕێی ناکات و هه‌ر کاره‌کته‌ره‌یش ڕۆڵی کاریگه‌ری خۆی هه‌یه، ته‌نانه‌ت ناوی کاره‌کته‌ره‌کانیش به هۆشیارییه‌وه هه‌ڵده‌بژێرێت، هه‌ر ناوه و مه‌به‌ستێکی له پشته‌وه‌یه و ئه‌تمۆسفیری چیرۆکه‌کانیش له‌گه‌ڵ هه‌ڵسوکه‌وتی کاره‌کته‌ره‌کاندا ده‌گونجێن. خۆڕسکی به چیرۆکی هیدایه‌ته‌وه دیاره، دیالۆگ به زمانی میللی ده‌کرێت و ته‌نانه‌ت دیالێکته جۆراوجۆره‌کانیش، وه‌ک شێوه‌زاری شیراز یان مازه‌نده‌ران، بایه‌خیان پێ ده‌درێت و خوێنه‌ر بڕوا به گوت‌وبێژی نێوان کاره‌کته‌ره‌کان ده‌کات.
له کونده‌په‌پووی کوێردا، چیرۆکبێژ پشت به بیۆگرافیای خۆی ده‌به‌ستێت و بۆ سێبه‌ره‌که‌ی که به هۆی تیشکی چراکه‌وه، به‌سه‌ر دیواره‌که‌وه دیاره، ده‌ده‌وێت، تا خۆی پێ بناسێنێت. هیدایه‌ت ڕۆمانه‌که‌ی به زمانێک نووسیوه، هه‌ندێ جار له شیعر جوانتره: (چاوه تورکمانییه‌کانی هاوزه‌مان ده‌یانترساندیت و که‌مه‌ندکێشیشیان ده‌کردیت، جووڵه هاوسه‌نگه‌کانی له هی کچه سه‌ماکه‌رێکی نێو په‌رستگایه‌کی هیندی ده‌چوون، جه‌سته‌ی هه‌ر له هی ژنێک ده‌چوو، تازه‌کی ئامێزی مێرده‌که‌ی جێ هێشتبێت.) یان: (ده‌رگاکه‌ی به کراوه‌یی که هه‌ر له ده‌می مردوو ده‌چوو، به‌جێ هێشتبوو.) یان: (زۆر که‌س به هێوری و به کاوه‌خۆ ده‌مرن، وه‌ک چرایه‌ک که نه‌وتی لێ ده‌بڕێت و خامۆش ده‌بێت.)
نه‌ک هه‌ر به‌سه‌ر کونده‌په‌پووی کوێردا، ڕه‌شبینی باڵی به‌سه‌ر زۆربه‌ی چیرۆکه‌کانی هیدایه‌تدا کێشاوه و ژیان تێیاندا سه‌رچاوه‌ی تێکشکانه، کاره‌کته‌ره‌کانی که‌سانێکن ڕووخاو و هه‌ڵاتوو ئه‌گه‌ر ململانێیش بکه‌ن، تووشی نسکۆ ده‌بن و ته‌نانه‌ت هه‌ندێک جار هانا بۆ خۆکوشتنیش ده‌به‌ن. قاره‌مانی گه‌ڕه‌کی گۆڕستان، شۆڕش وه‌ک بڵقێک ده‌بینێت که زوو ده‌ته‌قێت و بزر ده‌بێت، خۆکوشتنیش به قه‌ده‌رێک ده‌زانێت که ناتوانین له ده‌ستی هه‌ڵبێین. له (قه‌ڵای نه‌فره‌ت)یشدا، پێمان ده‌ڵێت: (ژیان زیندانێکه، ئه‌وپه‌ڕه‌که‌ی مه‌گه‌ر بتوانین، هه‌ندێک نه‌خش و نیگار له‌سه‌ر دیواره‌کانی هه‌ڵبکۆڵین، ئینسان به‌رده‌وام خۆی فریو ده‌دات، به‌ڵام ڕۆژێک دادێت، له خۆفریودانیش بێزار ده‌بێت.) ئه‌و ڕه‌شبینییه‌ی هیدایه‌ت خه‌وش نییه، هه‌ڵوێسته له ژیان، ئه‌وه‌یش هه‌ر زاده‌ی ڕه‌شبینییه که له (گۆی مرواری)دا، گاڵته‌جاڕانه ژیان ده‌داته به‌ر ڕه‌خنه. (ئه‌م دنیایه بۆ من نییه، بۆ که‌سانی ڕووقایم و نزم و چاوبرسییه، که‌سانێک که سه‌گئاسا، له‌به‌رده‌م دووکانی قه‌سابدا، بۆ پارچه‌ئێسکێک کلکه‌له‌قێیانه.)
(من نازانم خۆم له کوێم، ئه‌و پارچه ئاسمانه‌ی له ژوور سه‌رمه‌وه‌یه و ئه‌و بسته زه‌وینه‌ی له‌سه‌ری دانیشتووم، نازانم سه‌ر به نیساپوورن یان به‌ڵخ؟) کونده‌په‌پووی کوێر که قاره‌مانی کورته‌ڕۆمانه‌که‌یه، نه هه‌ست به‌وه ده‌کات سه‌ری له‌ژێر کام ئاسماندایه، نه ده‌زانێت پێی له‌سه‌ر کام زه‌وینه. ئه‌و له هیچ دڵنیا نییه، نه‌ک هه‌ر شوێن، ته‌نانه‌ت هه‌ست به وه‌ختیش ناکات، له هه‌بوونی خۆیشی دڵنیا نییه و که سه‌یری ئاوێنه ده‌کات، خۆی ناناسێته‌وه و پێی وایه، (بوونێکه له پاش مه‌رگ جێ ماوه، ته‌رمێکی زیندووه، له چرکه‌ساتێکی حسابنه‌کراودا نێژراوه.)(**) ئایا ئه‌وه لوتکه‌ی بێهووده‌یی نییه، ئه‌گه‌ر پێمان وابێت: (ئینسان گیاندارێکه به ده‌م ده‌ستپێ ده‌کات و له ڕێی ڕیخۆڵه‌وه ده‌گاته ده‌زگای زاووزێ و کۆتایی دێت؟) قاره‌مانی کونده‌په‌پووی کوێر له‌دنیای واقیعدا له خۆشی بێبه‌شه و به هۆی ئه‌فیوونیشه‌وه دنیایه‌کی خه‌مناکی بۆ خۆی چێ کردووه و چاوه‌ڕێی ئه‌وه‌یه له‌سه‌ر هه‌ڵه‌یه‌ک که نه‌یکردووه، سزا بدرێت.
کونده‌په‌پووی کوێر که زاده‌ی نائومێدی، بێهووده‌یی و ڕه‌شبینییه، به دوو هێڵ چیرۆکێک ده‌گێڕێته‌وه که به‌شێکی وه‌ک خه‌ون وایه و ئه‌وی دیکه‌ی (ڕووداو،) به‌ڵام هه‌ردوو به‌شی چیرۆکه‌که ته‌واو له یه‌کدی ده‌چن، ئه‌میان که خه‌ونه وه‌ک واقیع وایه و ئه‌ویان که واقیعه، له خه‌ونه‌وه نزیکه. له کونده‌په‌پووی کوێردا، واقیع له‌گه‌ڵ وه‌همدا گه‌لێک جار وه‌ها لێک ده‌ئاڵێن، لێک جوداکردنه‌وه‌یان، شتێکه وه‌ک مه‌حاڵ. هه‌ر کاره‌کته‌رێک له دنیای وه‌همدا هه‌بێت، یه‌کێک به‌رانبه‌ری له دنیای واقیعدا هه‌یه و تێکه‌ڵ به یه‌کتر ده‌بن، ته‌نانه‌ت قاره‌مانی کونده‌په‌پووی کوێر که دوو ژیانی هه‌یه و یه‌کێکیان زاده‌ی کاریگه‌ریی ئه‌فیوونه، ددان به‌وه‌دا ده‌نێت که گومانه‌کانی له ڕاستی زێتر ئازاری ده‌ده‌ن و شکی له هه‌موو که‌سه‌کانی ده‌وروپشتی خۆیه‌تی.
جه‌لال ئال ئه‌حمه‌د ده‌ڵێت: (ته‌نیایییه‌ک له کونده‌په‌پووی کوێردا هه‌یه، هه‌ر له ته‌نیایی یۆگا ده‌چێت و هه‌ڵاتنێکی تێدایه، وه‌ک هه‌ڵاتنی خۆرهه‌ڵاتی له خودی خۆی. که کاره‌کته‌ره‌کان له خه‌ون و بێداریدا دووباره ده‌بنه‌وه، ده‌شێت ئه‌و به‌یه‌کبوونه، زاده‌ی دنیابینییه‌کی سۆفییانه‌یه بێت.) یان وه‌ک بوودییه‌کان ده‌ڵێن: چونکه (مردن کردنه‌وه‌ی ده‌رگایه‌که به ڕووی ژیانێکی دیکه‌دا،) ڕه‌نگه قاره‌مانی کونده‌په‌پووی کوێر بڕوای به‌وه هه‌بووبێت که له (دوای مردن ڕۆحمان ده‌چێته جه‌سته‌ی که‌سێکی دیکه‌وه،)(***) ئه‌وه نییه ده‌ڵێت: (پێ ده‌چوو ناویم زانیبێت و به تیشکی چاوی و ڕه‌نگی پێستی ئاشنا بووبێتم، وه‌ک گیانی هه‌ردووکمان دراوسێ بووبن وهه‌مان سه‌رچاوه‌یان هه‌بووبێت و ئه‌وه کارێکی پێویست بووبێت که به یه‌ک بگه‌ین و ببین به یه‌ک.)\
ئه‌وه نیگه‌رانییه‌کی وجوودییانه بوو، هیدایه‌تی به‌ره‌و دنیای نووسین برد، ئاخر ئه‌و غه‌یری وشه، هیچ نوایه‌کی دیکه‌ی شک نه‌ده‌برد تا هانای بۆ ببات. ڕه‌نگه به هه‌ڵه‌دا نه‌چین ئه‌گه‌ر بڵێین، ئه‌وه وشه بوو هیدایه‌تی هه‌ڵبژارد و نووسین قه‌ده‌ری ئه‌و بوو، هه‌ر بۆیه خۆڕسکییه‌ک به چیرۆکییه‌وه دیاره، هه‌ر ده‌ڵێیت ده‌نگێکی نهێنی وشه‌کانی به گوێیدا چپاندووه و ئه‌و ته‌نیا نووسینه‌وه‌یانی له‌سه‌ر بووه. خۆ ئه‌وه ڕێکه‌وت نییه که هیدایه‌ت هێنده به‌سه‌ر هونه‌ره‌که‌یدا زاڵه، ده‌توانیت ئه‌ده‌ب له ته‌لاره‌وه بهێنته نێو خانووه قوڕینه‌کانه‌وه، کاره‌کته‌ری چیرۆک له قاره‌مانی ئه‌فسانه‌یییه‌وه بکات به که‌سانی ئاسایی، ڕه‌وانبێژیی دێرین فه‌رامۆش بکات و گوتوبێژێکی ئاسان که له ویژدانی خه‌ڵکه‌وه هه‌ڵده‌قوڵێت، دابهێنێت. خۆ ئه‌وه له خۆڕا نییه که سوریالیستێکی وه‌ک فیلیپ سوپۆ له باره‌ی کونده‌په‌پووی کوێره‌وه ده‌ڵێت: (رۆمانێکه کورت ناکرێته‌وه، ئاخر خۆی کورتکراوه‌ی قه‌ده‌ری ئینسانه.)
09. 11. 2010
(1) صادق هدایت، البومة العمیاء و قصص أخری، ترجمة و دراسة: د. إبراهیم الدسوقي شتا، مکتبة مدبولی 1990 القاهرة.
(2) سلمان عزالدین 25/ 7/ 2007 کل الطرق تؤدی إلی الموت.
(3)Magnus Persson, Den blinda ugglan, 3 november 2010 SvD, Stockholm.
(*)(ئه‌و سه‌روه‌خته چیک له بن ده‌ستی ئه‌ڵمانیادا ده‌بێت.)
(**) سادق هیدایه‌ت ئه‌و ڕستانه‌ی نێوان دوو که‌وانه‌که‌ی له شاعیری ڕۆمانتیکی ئینگلیز، جۆن کیتس (1795 _ 1821) قه‌رز کردووه که پێی وابوو: (جوانی حه‌قیقه‌ته و حه‌قیقه‌تیش جوانییه.)
(***) دۆناودۆن.