له ڕوانگه‌ی خوێنه‌ری شتزانه‌وه
November 22, 2010
فیکر و فەلسەفە
نووسه‌ر :حه‌مه‌سه‌عید حه‌سه‌ن
ده‌مێکبوو خۆم لێ ون بووبوو1
له‌مێژبوو بۆ خۆم ده‌گه‌ڕام
باشبوو دوا جار
خۆم له جاده‌ی عاشقاندا دۆزییه‌وه.
جاران به‌ختیار عه‌لی زوو زوو وشه‌ی (جاهیل)ی پاته ده‌کرده‌وه، ئه‌وی سووکه‌ڕه‌خنه‌یه‌کی لێ گرتبا، یه‌کسه‌ر بێ دوودڵی به جاهیل نێوزه‌دی ده‌کرد. ماوه‌یه‌که به زه‌بری نووسینێکی بنووسی ئه‌م دێڕانه،(1) وازی له به‌کارهێنانی ئه‌و وشه دزێوه هێناوه، وه‌لێ هێشتا ده‌روێشه‌کانی بۆ داکۆکیکردن له‌و، ناوبه‌ناو هانا بۆ ئه‌و وشه‌یه ده‌به‌ن و ئاڕاسته‌ی ئه‌وانه‌ی ده‌که‌ن که به چاوێکی ڕه‌خنه‌گرانه‌وه سه‌رنجی به‌رهه‌می نووسه‌ری ناوبراو ده‌ده‌ن.
من و به‌ختیار عه‌لی پێوه‌ندییه‌کی پته‌و، وه‌لێ جیاوازمان به جاهیلانه‌وه هه‌یه، خوێنه‌ره بێسه‌واده‌کانی کورد که هه‌ندێکیان ته‌نانه‌ت خۆیان پێ ڕۆژنامه‌وان یان نووسه‌ریشه، ستایشێکی ئه‌و ده‌که‌ن، مه‌گه‌ر هیوابڕاو به‌و جۆره په‌سنی فه‌ریادڕه‌س بدات، هێرشێکیش ده‌که‌ن سه‌ر من، وه‌ک دوژمنی سه‌ره‌کییان بم. ئه‌و خوێنه‌رانه چونکه هیچ زمانێکی بێگانه نازانن، هیچ شاره‌زایییه‌کیان له ئه‌ده‌بی گه‌لانی دیکه‌دا نییه، گه‌وره‌ئه‌دیبانی دنیا ناناسن و ته‌نیا به‌رهه‌می به‌ختیار عه‌لییان خوێندووه‌ته‌وه، بۆیه ئه‌ویان پێ لوتکه‌یه، ئاخر ئه‌گه‌ر بۆ نموونه: ده‌ستۆیفسکی یان (تۆلستۆی)یان ناسیبا، بۆیان ده‌رده‌که‌وت دوای چ وه‌همێک که‌وتوون.
بڕێک له‌و خوێنه‌ره به‌سته‌زمانانه، هه‌ندێک جار پڕکێشیی ئه‌وه‌یش ده‌که‌ن و ده‌ڵێن: (به‌ختیار عه‌لی شیاوی وه‌رگرتنی خه‌ڵاتی نۆبێڵه!) که‌سێک مافی ئه‌وه‌ی هه‌یه، ئه‌م و ئه‌و بۆ خه‌ڵاتی نۆبێڵ (کاندید) بکات، شاره‌زای ئه‌ده‌بی دنیا بێت و له نزیکه‌وه ئاگاداری به‌رهه‌می شاعیر و نووسه‌ره بلیمه‌ته‌کانی هه‌موو وڵاتانی جیهان بێت. هه‌شتاوحه‌وت ساڵ بوو خه‌ڵاتی نۆبێڵ داهاتبوو، ئینجا به‌ر عه‌ره‌ب که‌وت، ئاخر ئه‌و خه‌ڵاته له (1901)ه‌وه دابه‌ش ده‌کرێت، ئه‌وسایش هێشتا زۆر شاره‌زا پێیان وابوو، ئه‌گه‌ر نه‌جیب مه‌حفووز به‌رانبه‌ر ئیسرائیل نه‌رمونیان نه‌بووایه، 1988 نۆبێڵی وه‌رنه‌ده‌گرت. ئه‌و بۆچوونه که‌م و زۆر ڕاستیی تێدایه، ئاخر له مێدیای سوێددا جووله‌که ڕۆڵێکی گرنگ وازی ده‌کات. که عه‌ره‌ب به هه‌شتاوحه‌وت ساڵ وه‌ری بگرن، که تورک به سه‌دو پێنج ساڵ پێی شاد ببن، (ئۆرهان پاموک 2006) که هێشتا فارس به‌ریان نه‌که‌وتبێت، ئایا قسه‌کردن ده‌رباره‌ی ئه‌وه‌ی فڵان نووسه‌ری کورد شیاوی وه‌رگرتنی خه‌ڵاتی نۆبێڵه، زاده‌ی جه‌هل نییه؟
ڕێ ده‌که‌وێت نووسه‌رێکی وه‌ک شێرزاد حه‌سه‌ن یان شاعیرێکی مینا شیرکۆ بێکه‌س، په‌سنی به‌ختیار عه‌لی بده‌ن، ئه‌وه‌یشیان هه‌م نان به قه‌رزدانه، بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌ویش ستایشیان بکاته‌وه، هه‌م دوای قه‌ڵه‌باڵغی که‌وتنه، نه‌ک پێیان بگوترێت، چونکه کاڵای به‌ری پاشا نابینین، دیاره نه‌فام یان ته‌نانه‌ت ناپاکیشن! مه‌به‌ستم کاڵا وه‌همییه‌که‌ی پاشای ئه‌فسانه‌که‌یه که هه‌رچه‌نده که‌س نه‌یده‌بینی، که‌چی هه‌مووان گۆرانی‌یان پێدا هه‌ڵده‌گوت. شێرکۆ بێکه‌س خۆی نکۆڵیی له‌و دوای قه‌ڵه‌باڵغی که‌وتنه ناکات، ئه‌وه نییه که لێی ده‌پرسن: بۆچی شیعرت بۆ بارزانی گوتووه؟ ده‌بێژێت: ئاخر ئه‌و سه‌روه‌خته هه‌مووان له‌گه‌ڵ ئه‌و بوون.
به‌ختیار عه‌لی له بواری ڕێکلامکردندا بۆ خۆی، ده‌ستڕه‌نگینترین نووسه‌ری کورده، ئه‌گه‌ر دووهه‌زار له کتێبێکی بفرۆشرێت، بانگه‌شه‌ی ئه‌وه ده‌کات، ده‌هه‌زاری لێ فرۆشراوه، دووهه‌زار دۆلار قازانج له کتێبێکی ناکات، که‌چی خوێنه‌ر به‌وه فریو ده‌دات که بیستهه‌زار دۆلاری لێ سوودمه‌ند بووه. ئه‌و هه‌ر خۆی نا، له‌شکرێکیش به‌رده‌وام ڕێکلامی بۆ ده‌که‌ن، هێشتا (غه‌زه‌لنووس و باغه‌کانی خه‌یاڵ)ی(2) نه‌گه‌ییشتبووه چاپخانه، ده‌روێشه‌کانی سه‌ودای ماسییان له چه‌مدا ده‌کرد، ئه‌وه نه‌بوو دیمانه‌یان ده‌رباره‌ی کتێبێک له‌گه‌ڵدا ساز ده‌کرد که هێشتا چاپ نه‌کرابوو! هێشتا هیچ که‌س ئه‌و ڕۆمانه‌ی نه‌خوێندبووه‌وه، ئاخر تازه‌کی که‌وتبووه بازاڕه‌وه، یه‌کێک له (هاوڵاتی)یه‌وه، جاڕی کردنه‌وه‌ی فایلێکی به‌رده‌وامی بۆ ستایشکردنی ئه‌و ڕۆمانه‌ی دا! ده‌شێت نووسه‌ر هه‌ندێک له لووتبڵندی و تۆزێک له خۆویستی تێدا هه‌بێت، ته‌نانه‌ت دووچاری (پارانۆیا)(3)یش ببێت، وه‌لێ نووسه‌رێکی کورد شک نابه‌م، هێنده‌ی به‌ختیار عه‌لی له‌و بوارانه‌دا زێده‌ڕۆیی کردبێت، ئه‌وه نه‌بوو ده‌یگوت: (پیاوه گه‌نده‌ڵه‌کانی ناو ده‌سه‌ڵات به ملیۆنه‌ها دۆلاریان بۆ هاندانی قه‌ڵه‌مه زڕه‌کان، له دژی ئێمه ته‌رخان کردووه!)(4)
ڕۆمانی (به‌فر) که (ئۆرهان پاموک)ی وه‌رگری خه‌ڵاتی نۆبێڵ نووسیویه‌تی و به‌کر شوانی به کوردییه‌کی جوان و پاراو له زمانه ئۆرگیناڵه‌که‌یه‌وه، کردوویه به کوردی و ده‌زگای ئاراس بڵاوی کردووه‌ته‌وه، ته‌نیا دووهه‌زار دانه‌ی لێ چاپ کراوه، ئیدی بانگه‌شه‌کردن بۆ ئه‌وه‌ی فڵان ڕۆمانی به‌ختیار عه‌لی ده‌هه‌زاری لێ ده‌فرۆشرێت، به‌ڵگه‌یه‌که بۆ ئه‌وه‌ی، ستایشکه‌رانی به‌ختیار عه‌لی، له‌شکرێکی جاهیلن و هیچی تر، ئه‌گه‌رنا ده‌بوو تیراژی به‌فر، لای که‌م ده هێنده‌ی باڵاترین رۆمانی کوردی بووایه.
له ئه‌ورووپا ئه‌وه گرنگ نییه، چه‌ند کتێبت چاپ کردووه، گرنگ ئه‌وه‌یه کام وه‌شانخانه کتێبی بۆ چاپ و بڵاو کردوویه‌وه. گرنگ ئه‌وه نییه، ڕۆمانه‌که‌ت چه‌ند لاپه‌ڕه‌یه، گرنگ ئه‌وه‌یه هیچ که‌سایه‌تی یان ڕووداوێکی وای تێدا نه‌بێت که هه‌بوونیان پێویست نه‌بێت، ئاخر له‌وێ با یه‌کێک بیت له ناودارترین نووسه‌رانی دنیایش، هیچ دوور نییه، وه‌شانخانه‌که‌ت پێت بڵێ: بڕۆ فڵان کاره‌کته‌ر و فیسار ڕووداو له ڕۆمانه‌که‌تدا مه‌هێڵه، ئه‌وسا بیهێنه‌وه! به‌ختیار عه‌لی زۆر خۆشحاڵه به‌وه‌ی ڕۆمانه‌کانی ئه‌ستوورن، ئه‌گه‌رچی ئه‌وه لایه‌نێکی لاوازی نووسینه‌کانیه‌تی، ئاخر له ئه‌ورووپا به‌و جۆره ڕۆمانانه ده‌گوترێت: ڕووداوه‌کانی کیسه‌ڵئاسا ده‌چنه پێشه‌وه، یان ده‌گوترێت: ڕۆمانه‌که هێنده خاووخلیچک ڕێ ده‌کات، ده‌ڵێیت گالیسکه‌یه‌کی له قوڕدا چه‌قیوه. له چاپخانه‌ی (ڕه‌نج)دا، که کتێبه‌کانی به‌ختیار عه‌لی چاپ و بڵاو ده‌کاته‌وه، که‌سێک نییه شاره‌زایی له ڕۆماندا هه‌بێت، ئه‌گه‌رنا فریای ده‌که‌وت و لێ نه‌ده‌گه‌ڕا ئه‌وه‌ی به ڕسته‌یه‌ک ده‌گوترێت، به لاپه‌ڕه‌یه‌ک بیڵێت.
2
ئه‌گه‌ر ده‌توانیت به جۆرێک خوێنه‌ر که‌مه‌ندکێش بکه‌یت، وه‌ک جادووی لێ کرابێت، ئه‌گه‌ر ده‌توانیت گوڵی سیسبووی که‌سایه‌تیی خوێنه‌ر، سه‌رله‌نوێ بگه‌شێنیته‌وه، ئه‌گه‌ر ده‌توانیت وا بکه‌یت، مه‌لی که‌سیره‌بووی خه‌یاڵی خوێنه‌ر له شه‌ققه‌ی باڵ بداته‌وه، ئه‌گه‌ر ده‌توانیت وا له خوێنه‌ر بکه‌یت، به‌شداریی له ڕۆنانی دنیایه‌کی نوێ‌دا بکات، ئه‌گه‌ر ده‌توانیت به خه‌یاڵ به‌هه‌شتێک بنیات بنێیت، خوێنه‌ر بۆ ده‌ربازبوون له دۆزه‌خی واقیع، هانای بۆ ببات، ئه‌وسا لافی ئه‌وه لێ بده که ڕۆماننووسیت.
له نێوان به‌گه‌ڕخستنی خه‌یاڵ و هه‌ڵڕشتنی درۆدا، داوێکی باریک هه‌یه، ئه‌و داوه سنووری نێوان دنیای خه‌یاڵ و جیهانی درۆ دیاری ده‌کات و لێکیان جودا ده‌کاته‌وه. ئه‌و چیرۆکه‌ی ئه‌و داوه له‌به‌ر چاو نه‌گرێت، یان دروستتر ئه‌و هێڵه سووره ببه‌زێنێت، له‌بری ئه‌وه‌ی به ئاسمانی به‌رینی خه‌یاڵدا، سه‌رقاڵی به‌رزفڕین بێت، له‌سه‌ر زه‌وینی واقیع خه‌ریکی هه‌ڵڕشتنی درۆ ده‌بێت. له (غه‌زه‌لنووس و باغه‌کانی خه‌یاڵ)دا، ئه‌وه‌ی به‌ختیار عه‌لی پێوه‌ی خه‌ریکه، له هه‌ڵڕشتنی درۆوه نزیکتره، وه‌ک له به‌گه‌ڕخستنی خه‌یاڵه‌وه. سیمۆن دی بۆڤوار ده‌ڵێت: (ئه‌ده‌ب له ڕێی درۆی زیره‌که‌وه، ڕاستی ده‌ڵێت.) درۆکانی ناو (غه‌زه‌لنووس و باغه‌کانی خه‌یاڵ) چونکه له درۆی زیره‌ک ناچن، بۆیه توانای گوتنی ڕاستییان نییه.
ڕاسته ڕێبازێکی ئه‌ده‌بی، له‌مێژه سه‌ری هه‌ڵداوه که ناوی ڕیالیزمی جادوویییه، وه‌لێ نووسین به‌و شێوازه، پشت به ئه‌فسانه، خه‌یاڵ و حه‌کایه‌تی میللی ده‌به‌ستێت، نه‌ک به هۆنینه‌وه‌ی درۆ. نووسینی سه‌ر به‌و ڕێبازه، هه‌رچه‌نده به‌ره‌ڵاکردنی داوه، بۆ کۆلاره‌ی خه‌یاڵ، وه‌لێ پساندنی ده‌زووی پێوه‌ندیی نییه به واقیعه‌وه. نووسین به‌و ته‌کنیکه هه‌رچه‌نده خوڵقاندنی کاره‌کته‌ری ئه‌فسانه‌یییه، وه‌لێ هاوزه‌مان جۆرێکیشه له گێڕانه‌وه‌ی بیۆگرافیای خودی نووسه‌ر، یان به‌سه‌رکردنه‌وه‌ی ژیاننامه‌ی که‌سایه‌تییه‌کی دیکه‌ی مه‌یله و ڕاسته‌قینه. به‌وه‌دا نووسه‌ر له (غه‌زه‌لنووس و باغه‌کانی خه‌یاڵ)دا، زوو زوو ئه‌وه بیری خوێنه‌ر ده‌خاته‌وه که خه‌ریکی گێڕانه‌وه‌ی چیرۆکه و هه‌ندێک جار پێشبینیی ئه‌و به‌سه‌رهاتانه‌یش ده‌کات که له داهاتوودا ڕوو ده‌ده‌ن، ئه‌وی ڕۆمانی (به‌فر)ی خوێندبێته‌وه، هه‌ست ده‌کات به‌ختیار عه‌لی ئه‌و شێوازی گێڕانه‌وه‌یه‌ی له ئۆرهان پاموک قه‌رز کردووه.
(غه‌زه‌لنووس و باغه‌کانی خه‌یاڵ) هاوزه‌مان بریتییه له کۆمه‌ڵێک چیرۆکی کورت، به‌سه‌رکردنه‌وه‌ی ژیاننانه‌مه‌ی که‌سانێکی ئه‌فسانه‌یی و هه‌ندێک گوتار و ڕامان سه‌باره‌ت به خه‌یاڵ و فه‌لسه‌فه، به‌ڵام نووسه‌ر نه‌یتوانیوه له‌و تێکه‌ڵه‌یه، ڕۆمانێک به‌رهه‌م بهێنێت، له‌و جۆره‌ی فه‌ره‌نسایییه‌کان ده‌یاننووسی و به ناڕۆمان نێوزه‌د ده‌کرا، ئاخر بۆ نموونه ئالان ڕۆب گرێ که بونیادی ڕۆمانی دێڕینی تێک ده‌شکاند، بونیادێکی دیکه‌ی ده‌خوڵقاند. (غه‌زه‌لنووس و باغه‌کانی خه‌یاڵ) هه‌رچه‌نده بایه‌خ به شه‌ڕ و به مێژوویش ده‌دات، که‌چی نه ڕۆمانێکی چه‌نگییه، نه ڕۆمانێکی دیرۆکی. نووسه‌ر له‌بری ئه‌وه‌ی خه‌یاڵ وه‌گه‌ڕ بخات، هاتووه باسی خه‌یاڵ ده‌کات.
بۆ ئه‌وه‌ی فێری هه‌ر زمانێک ببین، پێویسته به‌و زمانه ڕۆمان بخوێنینه‌وه، ئیدی ئه‌و زمانه، هی دایکی خۆمان بێت یان زمانێکی بێگانه. من به‌ش به حاڵی خۆم، ئه‌و کوردییه‌ی ده‌یزانم، به هۆی ئه‌و ڕۆمانانه‌ی (یه‌شار که‌مال)ه‌وه فێری بووم که شوکور مسته‌فا ده‌یکردن به کوردی، ئه‌و عه‌ره‌بییه‌ی ده‌یزانم به هۆی خوێندنه‌وه‌ی ڕۆمانه‌کانی ئیحسان عه‌بدولقودووس و نه‌جیب مه‌حفووزه‌وه فێری بووم و ئه‌و تۆزه سوێدییه‌یشی ده‌یزانم، به هۆی خوێندنه‌وه‌ی ڕۆمانه‌کانی (ئاسترید لیندگرێن)ه‌وه که بۆ مێردمنداڵانی ده‌نووسین، فێری بووم.
جێی داخه به‌ختیار عه‌لی که له‌سه‌ر نووسینی ڕۆمان سووره، نه‌ک که‌س لێیه‌وه فێری زمانی کوردی نابێت، به‌ڵکوو خودی خۆی، هێشتا فێری ئه‌وه نه‌بووه به کوردییه‌کی ڕه‌وان بنووسێت. (ئه‌وی خه‌یاڵی نه‌بێت، دنیا بێ ڕه‌نگ ده‌بینێت. ل60) مه‌گه‌ر با، بێ ڕه‌نگ بێت، ئه‌گه‌رنا، دنیا بێ ره‌نگ نییه، ده‌شێت مه‌به‌ستی له بێ ڕه‌نگ، ڕه‌ش و سپی بێت، وه‌لێ ڕه‌ش و سپییش دوو ڕه‌نگن، دوو ڕه‌نگی سه‌ره‌کی و بنچینه‌یی. (به‌یانییه‌ک زوو له‌گه‌ڵ شه‌به‌یخووندا ماڵه‌که‌ی بار کرد. ل113) شه‌به‌یخوون وه‌ختێکی دیاریکراو نییه، په‌لاماردانه به شه‌و. (بۆنی گه‌وڕی لادێی لێ ده‌هات. ل147) وه‌ک بۆنی گه‌وڕی شارۆچکه له هی لادێ جیاواز بێت. (بۆنی کتێبه‌که له بۆنی هه‌ندێ کووچه‌ی داخراوی ئه‌م شاره ده‌چوو. ل471) ئایا هیچ جیاوازییه‌ک له نێوان بۆنی کووچه‌ی بنبه‌ست و کووچه‌یه‌کدا که ده‌ربچێت، هه‌یه؟ (که‌شتییه‌که‌ی خۆم نه‌سه‌وڵاند. ل154) سه‌وڵاند، نه سه‌وڵلێدانه له گه‌رداندا، نه گه‌مه‌کردنه له‌ته‌ک وشه‌دا، ئه‌تککردنی وشه‌یه.
بۆ نووسینی ڕۆمان ته‌نیا ئه‌وه‌نده به‌س نییه که زمان بزانیت، ده‌بێت وێڕای زانینی زمانێکی پوخت، شاره‌زای سینه‌ما، دراما، دیرۆک، سیاسه‌ت، فه‌لسه‌فه بێت و کۆمه‌ڵناسێکی باش و ده‌روونناسێکی لێهاتوویش بیت. (5) ئینسان هه‌رچه‌نده ناتوانێت به ته‌نیا فیلمێک یان شانۆنامه‌یه‌ک به‌رهه‌م بهێنێت، وه‌لێ ده‌توانێت به ته‌نیا ڕۆمانێک بنووسێت، به‌ڵام نووسینی ڕۆمان که به ڕووکه‌ش ته‌نیا پێویستی به قه‌ڵه‌م و ده‌فته‌ر، یان ئامێرێکی چاپکردنه، زۆر له ده‌رهێنانی فیلم و شانۆگه‌ریی ئه‌سته‌متره، ئاخر خۆ له خۆڕایی نییه، ده‌ڵێن: بۆ ئه‌وه‌ی میلله‌تێک بناسین، ده‌بێت ڕۆمانه‌کانی بخوێنینه‌وه، ئاخر ئه‌وه ته‌نیا ڕۆمانه، خه‌م و ئازار و هیوای تاک و گه‌ل و نیشتمان به‌رجه‌سته ده‌کات.
ئه‌و ئه‌ده‌به‌ی ده‌مانهێنێته پێکه‌نین، هه‌ویرێکه به ئاوی خه‌م و ئازار شێلراوه. ئه‌وه چییه وای کردووه، به‌ختیار عه‌لی توانای ئه‌وه‌ی نه‌بێت، په‌ره‌گرافێکی وا بنووسێت، زه‌رده‌خه‌نه‌یه‌ک بخاته سه‌ر لێوی خوێنه‌رێک؟ چونکه ئه‌وین هیچ لۆگیکێک ناناسێت، بۆیه ئه‌وی ئه‌ویندار بێت، بڕوای به ئه‌فسانه‌یش ده‌بێت، ئه‌وی ئه‌ویندار بێت، که‌سێکه قسه‌شیرین و ڕۆحسووک. سه‌یر ئه‌وه‌یه به‌ختیار عه‌لی که گوایه ئه‌ده‌بێک ده‌نووسێت، بارگاوییه به ئه‌فسوون، که‌چی هیچ نیشانه‌یه‌ک بۆ ئه‌وه نییه، سه‌روه‌ختی نووسین، ئه‌ویندار و ڕۆحسووک بێت.
بۆ ئه‌وه‌ی ڕۆمان سه‌رکه‌وتوو بێت، مه‌رج نییه کاره‌کته‌ره‌کان له قاره‌مانگه‌لی نێو داستان و ئه‌فسانه بچن. کاره‌کته‌ره‌کانی ئه‌لبێرتۆ مۆراڤیا، زۆریان سێکسفرۆش بوون، وه‌لێ به‌و که‌سایه‌تییانه ڕۆمانی نه‌مری ده‌نووسی. (گه‌لاوێژ تاوڵه‌یه‌ک ده‌زانێت که‌س له دنیادا لێی ناباته‌وه. ل61) (تریفه نه‌خشه‌ی مافوورێک ده‌کێشێت، له دنیادا وێنه‌ی نییه. ل82) (باڵای زوهدیی شازه‌مان له‌سه‌روو دوو مه‌تره‌وه‌یه ل87) و (له‌گه‌ڵ سه‌دان ئافره‌تی جیاوازدا خه‌وتووه و له ژیانیدا دوو جار له‌گه‌ڵ یه‌ک ژن‌دا نه‌خه‌وتووه. ل119) (عه‌تتار له ماوه‌ی سه‌عاتێکدا، ده‌یان قه‌موور بۆ پزیشکێک په‌یدا ده‌کات. ل121) به مه‌رجێک له شارێکی وه‌ک سلێمانیدا به ده‌گمه‌ن پشتکووڕێک هه‌یه. (شه‌هریاری شوووشه ده‌توانێت ئه‌ودیو دیواره‌کان ببینێت. ل122) (کوڕێک ده‌توانێت گولله بوه‌ستێنێت و کچێک ده‌توانێت جنسی منداڵان له زگی دایکیاندا بگۆڕێت. ل122) (مه‌لای هاجه‌ر سه‌دهه‌زار به‌یت ده‌نووسێت، ده‌یه‌ها سندووقی پڕ غه‌زه‌ل. ل141 و 157) به مه‌رجێک هه‌موو ئه‌ده‌بی کلاسیکی کورد هێنده نابێت. جێی سه‌رنجه نووسه‌ر ده‌رک به جیاوازیی نێوان به‌یت و چوارینه ناکات، بۆیه که چوارینه‌یه‌کی نووسیوه، به به‌یتێکی له قه‌ڵه‌م داوه. ل187 (موراد له‌گه‌ڵ هه‌ر ژنێکدا بخه‌وتایه، کۆمه‌ڵێک ئه‌ستێره‌ی له دوای خۆیه‌وه به‌جێ ده‌هێشت که تا ماوه‌یه‌ک له هه‌وای ماڵه‌که‌دا ده‌مانه‌وه. ل157) ئایا ئه‌و جۆره وه‌سفانه له درۆوه نزیکترن یان له خه‌یاڵه‌وه؟ به‌ختیار عه‌لی نه‌ک هه‌ر قاره‌مانه‌کانی ئه‌فسانه‌ییین، به‌ڵکوو کۆنه‌خاولییه‌کی به‌کارهێنراویشمان لی ده‌کات به ئه‌نتیک و ئه‌فسانه، گه‌رچی خاولیی به‌کارهێنراو، با خاوه‌نه‌که‌ی شازاده دیانایش بووبێت، که‌سی دیکه خۆی پێ وشک ناکاته‌وه.
ده‌شێت ئینسان دوو جار یان زیاتریش عاشق ببێت، وه‌لێ ناشێت به زه‌بری هه‌مان ئه‌و هۆکارانه‌ی یه‌که‌مین، دیسانه‌وه بکه‌وێته داوی ئه‌وینێکی دیکه‌وه، ئاخر هه‌ر ئه‌وینه و هۆکارگه‌ل و هه‌لومه‌رجی تایبه‌تیی خۆی هه‌یه. به‌ختیار عه‌لی وه‌ک ده‌رکی به‌م ڕاستییه نه‌کردبێت، هه‌ر به‌و که‌ره‌سه دێرینانه‌ی له ڕۆمانه‌کانی پیشوویدا به‌کاری هێناون، ئه‌م ڕۆمانه تازه‌یه‌شی نووسیوه. ئه‌وه نییه له (شاری مۆسیقاره سپییه‌کان)دا، ژه‌نیاری لای ئه‌و، چاکترین مۆسیقاری دنیایه و شانی هیچ نیگارکێشێکی دنیایش، ناگاته ئاستی داوێنی شێوه‌کارێکی کن وی. ڕه‌نگه به‌رچاوترین جیاوازیی نێوان (دواهه‌مین هه‌ناری دنیا) و (غه‌زه‌لنووس و باغه‌کانی خه‌یاڵ)یش هه‌ر ئه‌وه بێت، ئه‌و ئه‌رکه‌ی له یه‌که‌میاندا به هه‌ندێک کاسێتی سپاردووه، له دووه‌میاندا چه‌ند نامه‌یه‌ک جێبه‌جێی ده‌کات.
ئه‌و کاره‌کته‌رانه‌ی له ڕۆمانێکدا کۆ ده‌کرێنه‌وه، که‌سیان له‌وی دیکه‌یان ناچێت، هه‌ر یه‌که‌یان نه‌ک هه‌ر بیر و بۆچوون، ته‌نانه‌ت هه‌ڵچوونی تایبه‌تیشی هه‌یه. ڕاسته نووسه‌ر ده‌خوازێت له ڕێی کاره‌کته‌ره‌کانییه‌وه، بیر و هه‌ستی خۆی ده‌رببڕێت، وه‌لێ ده‌بێت بۆ گه‌یاندنی هه‌ست و بیری خۆی، که‌سانی شیاو ده‌ستنیشان بکات. چنین که له ڕۆماندا له پێوه‌ندیی نیوان کاره‌کته‌ره‌کاندا چڕ ده‌بێته‌وه، دژوارترین ئه‌رکی نووسه‌ره. گرنگ ئه‌وه نییه له فڵان ڕۆماندا چه‌ند که‌سایه‌تیی جیاواز هه‌یه، گرنگ هونه‌ری چۆنیه‌تیی کۆکرنه‌وه‌یانه، بێ ئه‌وه‌ی پشت به ڕێکه‌وت ببه‌ستین و بێ ئه‌وه‌ی متمانه‌ی خوێنه‌ر له ده‌ست بده‌ین.
3
میلان کوندێرا وای بۆ ده‌چێت، ڕۆمان له ئه‌ورووپا ڕۆڵێکی گرنگی له سه‌رهه‌ڵدان و چه‌سپاندنی دێمۆکراسیدا وازی کردووه، ئاخر ئه‌و جیهانه‌ی بۆ نموونه، ده‌ستۆیفسکی وێنه‌ی کێشاوه، جیاواز بووه له‌و دنیایه‌ی خوێنه‌ر پێی ئاشنا بووه، ئه‌مه‌یش کارێکی کردووه، ئینسان له‌سه‌ر ئه‌وه ڕابێت، به چاوی ڕێزه‌وه سه‌رنجی ئه‌وی دیکه‌ی جیاواز بدات. ئه‌مه وێڕای ئه‌وه‌ی ڕۆمان، بایه‌خ به تاقه ده‌نگێک نادات، به‌ڵکوو له‌گه‌ڵ فره‌ده‌نگیدایه و له ڕێی گێڕانه‌وه‌ی جیاوازه‌وه، ڕێ بۆ کۆمه‌ڵێک که‌سایه‌تی جیاواز خۆش ده‌کات، هه‌ست و بیری خۆیان ده‌رببڕن و بوار بۆ هه‌مووان ده‌ڕه‌خسێنێت، باس له خه‌ون و خولیاکانی خۆیان بکه‌ن.
فره‌ده‌نگی کاتێک به‌شداریی له چه‌سپاندنی دێمۆکراسیدا ده‌کات که ده‌نگه‌کان به ته‌واوی له یه‌کدی جیاواز بن، یان ئه‌وانه‌ی بیره‌وه‌ری و به‌سه‌رهات ده‌گێڕنه‌وه، که‌سانێک بن، هه‌ر یه‌که و خاوه‌نی لێکدانه‌وه‌ی خۆی بێت، ئاخر فره‌ده‌نگی به‌وه ده‌سته‌به‌ر ناکرێت که کۆمه‌ڵێک که‌سایه‌تی به ناوی جیاواز و دیتنی هاوبه‌شه‌وه، له ڕۆمانێکدا کۆ بکرێنه‌وه. ده‌شێت په‌یامی ئه‌ده‌ب که نووسه‌ر به گێڕانه‌وه و خه‌یاڵدا ده‌ینێریت، ئازادی و داد و ئه‌وین بێت و ژیان به‌و سێ چه‌مکه ببه‌خشێت.
وه‌رگر ڕۆمانێک به تامه‌زرۆیییه‌وه ده‌خوێنێته‌وه که به‌رده‌وام له هه‌ڵکشاندا بێت، نه‌ک ڕۆمانێک که په‌رشوبڵاو ببێته‌وه. ڕۆمانێک خوێنه‌ر که‌مه‌ندکێش ده‌کات که ستوونئاسا گه‌شه بکات، ئاخر ڕۆمانێک که ئاسۆیی خۆی بنوێنێت، خوێنه‌ر دووچاری بێزاری ده‌کات. غه‌زه‌لنووس و باغه‌کانی خه‌یاڵ، وێڕای ئه‌وه‌ی له‌بری هه‌ڵکشان، به‌رده‌وام پان و پانتر ده‌بێته‌وه، هێنده درێژدادڕیشی پێوه دیاره، گێڕه‌ره‌وه تێیدا له به‌نداوێک ده‌چێت، به‌ربه‌سته‌که‌ی درزی تێ بووبێت. له (غه‌زه‌لنووس و باغه‌کانی خه‌یاڵ)دا، خوێنه‌ر ده‌توانێت، باز به‌سه‌ر ئه‌م یان ئه‌و به‌شدا بدات، بێ ئه‌وه‌ی دواتر هه‌ست به‌و که‌لێنه بکات، که ده‌بێت بکه‌وێته ڕۆمانه‌که‌وه. فۆرمی کورت‌بڕی هه‌مه‌نگوای که به فه‌رامۆشکردنی ڕسته‌یه‌ک بۆشایی ده‌که‌وێته به‌رهه‌مه‌کانییه‌وه، وه‌بیر خۆت بهێنه‌وه، ئیدی هه‌ست ده‌که‌یت، به‌ختیار عه‌لی چه‌ند زێده‌ڕۆییی له بواری درێژدادڕیدا کردووه.
نووسه‌ر له بواری ناولێنانیشدا سه‌رکه‌وتوو نه‌بووه، ئاخر هیچ سه‌رمایه‌دارێک هێنده گێل نییه، ناوی (به‌فر و سه‌راب) له هۆتێله‌که‌ی بنێت، چونکه ئه‌وسا میوان له‌وه ده‌ترسێت، هۆتێله‌که ساردوسڕ و بێ ئاو بێت. نووسه‌ر ته‌نیا سه‌رمایه‌دارانی پێ گێل نییه، خوێنه‌رانیشی پێ گێله، ئه‌گه‌رنا نه‌یده‌نووسی: (مێرده‌که‌ی باران شوکور له ته‌یرێکی بریندار ده‌چێت. به‌سته‌زمانه له ته‌یرێکی باڵشکاو ده‌چێت. له چۆله‌که‌یه‌ک ده‌چێت واشه لێی دابێت، له پاسارییه‌ک ده‌چێت، داڵ لێی دابێت. ل 233 و 234 و 235) به ڕاست ئه‌وه گاڵته‌کردن نییه به ئاوه‌زی خوێنه‌ر؟ ئه‌گه‌رنا، ئه‌دی جیاوازی چییه له نێوان چۆله‌که‌یه‌ک که داڵ لێی دابێت و پاسارییه‌کدا که واشه لێی دابێت؟ خوێنه‌ر چۆن هه‌ست بکات، چۆله‌که‌که داڵ و پاسارییه‌که واشه لێی داوه؟ تۆ له‌وه گه‌ڕێ چۆله‌که و پاساری هه‌ر یه‌ک مه‌لن.
به‌ختیار عه‌لی وه‌ک ڕاهاتووه، بێ دوودڵی لاسایی نووسه‌رانی دیکه ده‌کاته‌وه، بێ ئه‌وه‌ی سه‌رنجی خوێنه‌ر بۆ سه‌رچاوه ڕابکێشێت. ئه‌و فۆرمی گێڕانه‌وه‌یه که تێیدا نووسه‌ر پشت به چه‌ند گێڕه‌ره‌وه‌یه‌ک ده‌به‌ستێت، ته‌کنیکێکی گه‌لێک دێرینه، هه‌ر بۆ نموونه، عه‌بدولڕه‌حمان مونیف له ڕۆمانی (خۆرهه‌ڵاتی ناوین)دا به‌کاری هێناوه، ده‌شێت له‌سه‌ر ئاستی جیهان، ولیه‌م فۆکنه‌ر ناسراوترین نووسه‌ر بێت که پشتی به‌و شێوه گێڕانه‌وه‌یه به‌ستووه. نووسه‌ر بۆیه به‌و شێوه‌یه ده‌نووسێت، تا پێمان بڵێت، ئه‌وه‌ی تۆ به ڕاستی ده‌زانیت، ده‌شێت به لای ئه‌وی دیکه‌وه ڕاست نه‌بێت، ته‌نانه‌ت ڕه‌نگه ژماره‌ی ڕاستییه‌کان، هێنده‌ی ژماره‌ی چیرۆکبێژه‌کان (گێڕه‌ره‌وه‌کان) بێت. باوه‌ڕهێنان به هه‌بوونی کۆمه‌ڵێک ڕاستی، ده‌شێت ئینسان بۆ ئه‌وه هان بدات، له‌بری سه‌رکه‌وتن به‌سه‌ر ئه‌وانی دیکه‌دا، هه‌وڵی پێکه‌وه ژیان له‌گه‌ڵ ئه‌وانی دیکه‌دا بدات.
فۆرمی گێڕانه‌وه به هۆی یادداشته‌کانی یه‌کێک له کاره‌کته‌ره‌کانه‌وه، ئه‌وه‌یش ته‌کنیکێک نییه به‌ختیار عه‌لی دایهێنابێت، ئاخر بۆ نموونه، عه‌لاء ئه‌سوانی ڕۆمانی (شیکاگۆ)ی به‌و ته‌کنیکه نووسیوه، ته‌نانه‌ت وه‌ک چۆن عه‌لاء ئه‌سوانی یادداشته‌کانی (ناجی عه‌بدولسه‌مه‌د)ی به فۆنتی جیاواز نووسیوه، به‌ختیار عه‌لییش یادداشته‌کانی (بارۆنی خه‌یاڵ)ی به فۆنتی جیاواز نووسیوه. وه‌ک چۆن لای گارسیا گابریل مارکیز، له ڕۆمانی (سه‌د ساڵ دووره‌په‌رێزی)دا، ئافره‌تێک که زۆری بۆ دێت، بۆ ئاسمان هه‌ڵده‌کشێت، له (غه‌زه‌لنووس و باغه‌کانی خه‌یاڵ)یشدا، مه‌هناز که زۆری بۆ دێت و خۆی ده‌سووتێنێت، ته‌نانه‌ت خۆڵه‌که‌وه‌یشی له پاش به‌جێ نامێنێت.
زانیاری ده‌رباره‌ی فیلم، شێوه‌کاری و چیرۆکی منداڵان که به‌ختیار عه‌لی بۆ تۆقاندنی خوێنه‌ری که‌مزان وه‌ک ماسولکه نمایشی ده‌کات، له ئه‌ورووپا به هۆی ئینته‌رنێته‌وه له‌به‌ر ده‌ستی زۆربه‌دایه و منداڵی ده دوازده ساڵانیش ده‌یزانێت. ئه‌وه‌ی جێگه‌ی سه‌رسووڕمانه، نووسه‌ر هه‌رچه‌نده خۆی وه‌ک شاره‌زای بواری سینه‌ما نیشان ده‌دات، که‌چی به درێژایی ڕۆمانه‌که‌ی، چه‌ندان جار، له‌بری فیلم، فلیم ده‌نووسێت! نووسه‌ر هێنده په‌سنی غه‌زه‌لنووس ده‌دات، خوێنه‌ر ناهه‌قی نییه، وای بۆ بچێت، نالی ئه‌گه‌ر مابا، خۆی به شاگردی ئه‌و شاعیره گه‌وره‌یه ناونووس ده‌کرد، که‌چی که چه‌ند جارێک نموونه له غه‌زه‌لی غه‌زه‌لنووس ده‌هێنێته‌وه، هێنده لاوازن، خراپترین شیعری دێرینی کوردی، له چاویاندا شاکاره.
پاژنه‌ی ئاخیلی غه‌زه‌لنووس و باغه‌کانی خه‌یاڵ ئه‌وه‌یه که هێنده له ڕۆمانی (به‌فر)ی ئۆرهان پاموک ده‌چێت، تا ئه‌و ئاسته‌ی دیسانه‌وه خوێنه‌ری شتزان، له به‌ختیار عه‌لی بکه‌وێته گومانه‌وه. له (به‌فر)دا، کا (قاره‌مانی ڕۆمانه‌که) له ئه‌ڵمانیاوه بۆ تورکیا دێته‌وه و له شاری (قارس) له هۆتێلێک لا ده‌دات و له‌گه‌ڵ (ئیپه‌ک)ی کیژی خاوه‌نهۆتێله‌که‌دا، تا ڕاده‌ی جووتبوون ده‌ست تێکه‌ڵ ده‌کات. له غه‌زه‌لنووس و باغه‌کانی خه‌یاڵدا، (زوهدی شازه‌مان) له ئینگلیستانه‌وه بۆ کوردستان دێته‌وه و له‌گه‌ڵ (ئه‌فسانه)ی ژنی خاوه‌نهۆتێلدا، تا ئاستی جووتبوون ده‌ست تێکه‌ڵ ده‌کات. به هه‌مان ئه‌و شێوازه‌ی (ئیپه‌ک) شه‌وان سه‌ردانی (کا) ده‌کات، (ئه‌فسانه)یش سه‌ر له زوهدی شازه‌مان ده‌دات. (کا) بۆ ڕووماڵکردن و به‌سه‌رکردنه‌وه‌ی دیارده‌ی خۆکوشتنی ژنانی سه‌ربه‌له‌چک ڕووی کردووه‌ته قارس، زوهدی شازه‌مانیش بۆ سۆراخکردنی باران شوکوری خوشکه‌زای که مێرده‌که‌ی به تۆمه‌تی ناپاکیکردن کوشتوویه‌تی، گه‌ڕاوه‌ته‌وه. که‌واته نه‌ک هه‌ر گه‌ڕانه‌وه‌کان له یه‌کدی ده‌چن، به‌ڵکوو مه‌به‌ست له گه‌ڕانه‌وه‌کانیش هه‌ر هه‌مان مه‌به‌سته که کێشه‌ی ژنکوشتنه.
ئه‌و کرده سێکسه‌ی له نێوان (ئیپه‌ک و کا)دا ڕوو ده‌دات، کوتوپڕ و بێ پێشینه نییه و ئۆرهان پاموک وه‌ک سێکسی نێوان دوو ئینسان وێنه‌ی کێشاوه، وه‌لێ ئه‌و سێکسه‌ی نێوان (ئه‌فسانه و زوهدی شازه‌مان) که به‌ختیار عه‌لی باسی ده‌کات، چونکه له ناکاو و بێ هیچ پێوه‌ندییه‌کی دێرین ڕوو ده‌دات، هه‌ر له سێکسی نێوان ئاژه‌ڵان ده‌چێت. پێم وایه ئه‌و پیاوه‌ی توانای ئه‌وه‌ی نه‌بێت، له هه‌ستی ژن تێبگات، توانای ئه‌وه‌یشی نابێت، شتێکی جوان ده‌رباره‌ی ژن بنووسێت. شیعر له ناخی شاعیره‌وه هه‌ڵده‌قوڵێت و ده‌ربڕی هه‌ستی خودی شاعیره، وه‌لێ ڕۆمان چونکه پێویسته ناخی که‌سانی دیکه‌یش بخاته ڕوو، بۆیه خه‌یاڵی ڕۆماننووس ده‌بێت زۆر له خه‌یاڵی شاعیر فراوانتر بێت. وه‌ک چۆن شاعیر سه‌رکه‌وتووانه باسی خه‌م و خولیاکانی خۆی ده‌کات، پێویسته ڕۆماننووس وێڕای هه‌ستی خۆی، به سه‌رکه‌وتوویی هه‌ستی که‌سانی دیکه‌یش ده‌رببڕێت. به‌ختیار عه‌لی هه‌رچه‌نده له ڕۆمانی غه‌زه‌لنووس و باغه‌کانی خه‌یاڵدا به‌رده‌وام باسی خه‌یاڵ ده‌کات، وه‌لێ له بواری به‌گه‌ڕخستنی خه‌یاڵدا، خوێنه‌ر (خوێنه‌ری شتزان نه‌ک هی بێسه‌واد،) تووشی نائومێدی ده‌کات.
4
پێش ڕاپه‌ڕین حیزب هه‌بوو، هه‌میشه لیستێکی هه‌بوو، ناوی ئه‌و پیاوانه‌ی تێدابوو که پێویستبوو، زوو بکوژرێن. له‌و لیسته‌دا وه‌ک چۆن ناوی هه‌ندێک پیاوی ڕژێم هه‌بوو، ناوی هه‌ندێک نه‌یاری سیاسییش هه‌بوو، دوای ڕاپه‌ڕین لیستی حیزب، ناوی ژنانیشی تێ چوو. ڕۆمانی به‌فری ئۆرهان پاموک بایه‌خێکی زۆر به تیرۆرکردنی نه‌یارانی سیاسی و ژیاننامه‌ی پیاوکوژان ده‌دات، له غه‌زه‌لنووس و باغه‌کانی خه‌یاڵی به‌ختیار عه‌لیشدا، مه‌سه‌له‌ی تیرۆرکردنی نه‌یاری سیاسی و بیۆگرافیای پیاوکوژان، پشکی شێریان پێ ده‌بڕێت. به‌ختیار عه‌لی ڕۆمانی به‌فری نه‌ک هه‌ر خوێندووه‌ته‌وه، به‌ڵکوو که (به‌کر شوانی) کردوویه به کوردی، ئه‌رکی پێشه‌کی بۆ نووسینی به‌و سپاردووه.
ئۆرهان پامۆک که له (به‌فر)دا دیارده‌ی خۆکوژی لای ژنانی له‌چکدار به‌سه‌ر ده‌کاته‌وه، ڕه‌خنه له ده‌سه‌ڵاتی عه‌سکه‌ر و هه‌ژموونی ئایینی ئیسلام و ئیسلامییه‌کانیش ده‌گرێت، وه‌لێ به‌ختیار عه‌لی ته‌نیا ڕه‌خنه‌ی له ده‌سه‌ڵاتی سیاسی هه‌یه و توخنی ئیسلامییه‌کان و تابووه ئایینییه‌کان که که‌م تا زۆر پێوه‌ندییان به ژنکوژییه‌وه هه‌یه، ناکه‌وێت. (عه‌لاء ئه‌سوانی)یش له ڕۆمانی (شیکاگۆ)دا، هێنده بوێرانه هه‌ڵسوکه‌وت له‌گه‌ڵ ئایین، سێکس و ده‌سه‌ڵاتی سه‌رکوتگه‌ردا ده‌کات، (غه‌زه‌لنووس)ه‌که‌ی به‌ختیار له‌چاو (شیکاگۆ)یه‌که‌ی ئه‌ودا، هه‌وڵێکی شه‌رمنه.
جۆره ڕۆمانێک هه‌یه، پێی ده‌گوترێت، ڕۆمانی بیۆگرافیا و بیره‌وه‌ری، جۆرێکی دیکه هه‌یه، ڕیالیسته و ئه‌فسووناوییش، غه‌زه‌لنووس و باغه‌کانی خه‌یاڵ، هه‌رچه‌نده نه ئه‌میانه و نه ئه‌ویان، که‌چی هه‌وڵی داوه هه‌ردووکیشیان بێت، ئه‌مه‌یش جۆره ڕۆمانێکی دیکه نییه که به‌ختیار عه‌لی دایهێنابێت، به‌ڵکوو زاده‌ی ئه‌وه‌یه، نووسه‌ری ناوبراو، نه پلانێکی دروستی بۆ کاره‌که‌ی هه‌بووه، نه گوێی له ڕێنوێنیی که‌سێکی لێزانیش گرتووه.
له غه‌زه‌لنووس و باغه‌کانی خه‌یاڵدا، (مورته‌زای شه‌یتان) ئیشی ئه‌وه‌یه، ته‌رمی قوربانییه‌کانی شه‌ڕی ناوخۆ و لاشه‌ی ئه‌و ژنانه بشارێته‌وه و شوێن‌بزر بکات که به پاساوی ئاوڕووپارێزییه‌وه ده‌کوژرێن، که‌چی که ده‌په‌یڤێت، هێنده‌ی شانۆکارێکی پرۆفیشیۆناڵ، شاره‌زای شاکاره‌کانی شه‌کسپیره! (شبر مسته‌فا و حه‌سه‌ن تۆفان)یش، هه‌رچه‌نده له خۆیان وایه، دوو (پێ میم)ن، وه‌لێ ڕاستییه‌که‌ی دوو (پێ کاف)ی پرۆفیشیۆناڵن. ئه‌و دوو (پ)یاو(ک)وژه که دێنه قسه، ده‌ڵێیت دوو شاعیری نه‌وه‌ی دوای ڕاپه‌ڕینن و ته‌نانه‌ت هه‌ندێک جار وه‌ک بیرمه‌ند ده‌دوێن!
کچه‌ی پرته‌قاڵ، ڕۆمانێکی نووسه‌ری ناسراوی نه‌رویژ، (یۆستاین گارده‌ر)ه، له‌سه‌ر بناغه‌ی نامه‌یه‌ک ڕۆ نراوه که باوکێک له سه‌ره‌مه‌رگدا بۆ کوڕه‌که‌ی ده‌نووسێت، ئه‌گه‌ر بشێت ده‌ڵێم: گێڕه‌ره‌وه، کاره‌کته‌ر و ڕووداوی سه‌ره‌کیی ڕۆمانه‌که، بریتین له‌و نامه‌یه. له غه‌زه‌لنووس و باغه‌کانی خه‌یاڵدا نامه هه‌یه، وه‌لێ نه نامه‌ی (باران شوکور،) نه هی (مه‌لای هاجه‌ر) و نه هی (مه‌لای سوخته،) بایه‌خێکی ئه‌وتۆیان نییه و به فه‌رامۆشکردنیان، که‌لێن ناکه‌وێته ڕۆمانه‌که‌وه.
به‌ختیار عه‌لی وێڕای ئه‌وه‌ی هه‌ست به جیاوازیی نێوان به‌یت و چوارینه ناکات،(6) و هیچیش ده‌رباره‌ی عورووزی شیعری کلاسیک و به‌حره جیاوازه‌کانی نازانێت، که‌چی زاتی کردووه شیعر له‌سه‌ر شێوازی دێرین بنووسێت! به‌ختیار عه‌لی ده‌نووسێت: (من و تۆ دوو جه‌مسه‌ری دژین، تۆ له من ڕاده‌که‌یت و منیش له تۆ ڕاده‌که‌م. ل420) جه‌مسه‌ره دژه‌کان، موگناتیس وه‌ک نموونه، له یه‌کدی ڕاناکه‌ن، بۆ لای یه‌کدی ده‌کشێن، گه‌رم بۆ لای سارد و ساردیش بۆ لای گه‌رم. له هه‌موو بوارێکی دیکه‌یشدا، ژیانی لایه‌نه ناکۆکه‌کان به یه‌کدییه‌وه به‌نده، ئه‌وه نییه، ئێواران شه‌و تێکه‌ڵ به ڕۆژ ده‌بێت و به‌ره‌به‌یانیانیش ڕۆژ ده‌خزێته ناو شه‌وه‌وه؟ ئه‌وه نییه ڕۆژ بێ هه‌بوونی شه‌و هیچ واتایه‌کی نییه؟ ئه‌مه وه‌ک سروشت، له بواره سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کانیشدا، نه ئۆپۆزیسیۆن بێ ده‌سه‌ڵات مانا ده‌به‌خشێت و نه هێزی کاریش بێ هه‌بوونی سه‌رمایه، ده‌شێت ئه‌مه یه‌که‌مین وانه یان ئه‌لفوبێی دیالێکتیک بێت.
*
به‌ختیار عه‌لی ده‌نووسێت: (ئافره‌تێکت له‌گه‌ڵدا نییه، به‌سه‌ر شانی‌دا بگریت. ل453) پێنج ساڵێک پێش بڵاوبوونه‌وه‌ی ڕۆمانی غه‌زه‌لنووس و باغه‌کانی خه‌یاڵ، نووسه‌ری ئه‌م باسه نووسیویه‌تی:
ژنێ بێباک له ڕێی دژوار،
بێباک له شه‌پۆلی زه‌ریا،
ژنێ که نیگه‌ران ده‌بوو
به‌سه‌ر شانمدا ده‌گریا.)(7)
به‌ختیار عه‌لی ده‌ڵێت: (نه ده‌بایه به‌و چه‌شنه تۆوی گومان سه‌وز بکه‌م. ل202) بیست‌ودوو ساڵێک پێش بڵاوبوونه‌وه‌ی ڕۆمانی غه‌زه‌لنووس و باغه‌کانی خه‌یاڵ، نووسه‌ری ئه‌م باسه نووسیویه‌تی:
(گه‌ر تۆوی گومان له هه‌ستی خاوێنی من،
له خه‌یاڵتا سه‌وز بووه.)(8)
یان ده‌ڵێت: (له ترۆپکی شاخێکی به‌رزه‌وه، به‌ره‌و بنی خه‌ره‌ندێکی قووڵ خل ده‌بوونه‌ووه. ل396)
له‌مێژه نووسه‌ری ئه‌م باسه گوتوویه‌تی: (قه‌ڵه‌مم ئه‌سپێکه، ده‌زانم له‌گه‌ڵ نووسینی یه‌که‌مین درۆدا، له به‌رزترین لوتکه‌وه بۆ قووڵترین خه‌ره‌ندم به‌ر ده‌داته‌وه.)(9)
به‌ختیار عه‌لی ده‌ڵێت: (که دوورم نزیکیت و که نزیکم دووریت. ل468)
نه‌جات ئه‌لسه‌غیره گۆرانییه‌کی هه‌یه، تێیدا ده‌بێژێت:
(القریب منک بعید
والبعید عنک قریب.)
تێکستی ئه‌و گۆرانییه، هی حوسێن ئه‌لسه‌ییده و محه‌ممه‌د عه‌بدولوه‌هاب ئاوازی بۆ داناوه. ئه‌و گۆرانییه له فیلمێکدا نمایش کرا که ناوی (حه‌وت ڕۆژ له به‌هه‌شتدا) بوو، (ده‌رهێنانی فه‌تین عه‌بدولوه‌هاب 1969) که وێڕای نه‌جات ئه‌لسه‌غیره، حه‌سه‌ن یوسف و ئه‌مین هونێدی، ڕۆڵه سه‌ره‌کییه‌کانی تێدا ده‌گێڕن.(10) به‌ختیار عه‌لی ده‌ڵێت: (شۆڕشگێڕه‌کانی ئه‌مڕۆ، دیکتاتۆره‌کانی سبه‌ینێن. ل492) ئه‌وه‌یش یه‌کێکه له قسه‌کانی ئه‌لبێرت کامو، له کتێبی (یاخیبوو)دا، کامو ده‌بێژێت: (هه‌موو شۆڕشگێڕێک له کۆتاییدا ده‌بێته زۆردار.)
به‌ختیار عه‌لی ده‌ڵێت: (ئه‌گه‌ر یادگارییه‌کان خیانه‌تم لێ نه‌که‌ن. ل34) تۆ له‌وه‌ی گه‌ڕێ، خیانه‌ت عه‌ره‌بییه و به کوردی ده‌بێته ناپاکی، گوێ به‌وه‌یش مه‌ده، یادگارییه‌کان هه‌ڵه‌یه و یاده‌وه‌رییه‌کان ڕاسته، ئاخر یادگار، زیکرایه نه‌ک زاکیره، کاره‌سات ئه‌وه‌یه، ده‌ربڕینه‌که عه‌ره‌بییه و نووسه‌ره‌که کورد! (جووتێک چاویلکه‌ی گه‌وره‌ی له چاودا بوو. ل106) ئه‌و ده‌ربڕینه‌یش کوردی نییه، ئاخر ئینسان جووتێک چاویلکه له چاو ناکات، یه‌ک چاویلکه ده‌کاته چاوی که جووتێک چاوی هه‌یه. (بۆنی گه‌ڵای دڕنده‌ی لێ هه‌ڵده‌ستێت. ل447) پێ ده‌چێت ئه‌و ڕسته‌یه وه‌رگێڕدراو بێت، ئه‌گه‌رنا ده‌یگوت: گه‌ڵای کێوی.
(ئه‌و دراوانه‌ش که ئێستا له‌به‌ر ده‌ستی ئێمه‌دان، بواری دۆزینه‌وه‌ی ڕاستیمان پێ ناده‌ن. ل45) مه‌به‌ستی له دراوان، (معطیات)ی عه‌ره‌بییه، ئایا ئه‌وه زمانی نووسینی ڕۆمانه یان هی لێکۆڵینه‌وه؟ (فه‌خفووری و پۆرسه‌لانی چینی. ل57) فه‌خفووری و پۆرسه‌لان یه‌ک شتن نه‌ک دووان. (شاعیری ئه‌و زه‌مانه له دیوه‌خان و ده‌رباردا ده‌ژیا. ل58) دیوه‌خان و ده‌ربار هه‌مان شتن. (مرۆڤه‌کان که‌سیان موڵکی من نین، هه‌ندێکیان هاوڕێمن و هه‌ندێکیان دۆستم. ل548) ئایا هیچ جیاوازییه‌ک له نێوان هاوڕێ و دۆستدا هه‌یه؟ (ئه‌م وڵاته به ئه‌ندازه‌ی هه‌زار وڵات مردنی تێدایه. ل472) دنیا بریتییه له دووسه‌د و چلوچوار وڵات، له‌وانه سه‌د و نه‌وه‌د و چواریان سه‌ربه‌خۆن و سه‌د و نه‌وه‌د و دوویان ئه‌ندامی یۆئێنن. (که‌س نه‌بوو به ئه‌ندازه‌ی گه‌لاوێژ خان تاوڵه بزانێت، له هه‌موو ئه‌و پیاوانه‌ی ده‌برده‌وه، سه‌ریان له هه‌پی به‌یازدا سپی کردبوو. ل62) هه‌پی به‌یاز له دۆمینه‌دا هه‌یه، نه‌ک له تاوڵه‌دا! (مه‌لای سوخته. ل100) سوخته نه‌ک هه‌ر مه‌لا، نییه، به‌ڵکوو قۆناغێک له خوار (فه‌قێ)یشه‌وه‌یه. (ماجه‌لانی ڕاسته‌قینه به خۆی و قژه درێژ و سپییه‌که‌یه‌وه گوتی. ل536) ئایا ئه‌و ڕسته‌یه هیچ پێویستی به (به خۆی و قژه درێژ و سپییه‌که‌یه‌وه،) هه‌یه؟
(یازده‌ی تشرینی یه‌که‌می 2004 لای به‌ختیار عه‌لی ده‌کاته 11/ 11/ 2004 یازده‌ی یازده‌ی دووهه‌زار و چوار. ل553) (هه‌ژده‌ی تشرینی یه‌که‌می 2004 یش لای ئه‌و ده‌کاته 18/ 11/ 2004 هه‌ژده‌ی یازده‌ی دووهه‌زار و چوار. ل574) هه‌رچه‌نده تشرینی یه‌که‌م، مانگی (ده)یه، نه‌ک یازده! ڕه‌نگه به‌ختیار عه‌لی یه‌که‌مین رۆماننووسی دنیا بێت، ناوی مانگه‌کانی له‌به‌ر نه‌بێت و هێشتا بۆی ساغ نه‌بووبێته‌وه که ئۆکتۆبه‌ر له پێش نۆڤه‌مبه‌ره‌وه‌یه! له سوێد منداڵی شه‌ش حه‌وت ساڵان ناوی مانگه‌کانی به دروستی، به‌و جۆره‌ی به دوای یه‌کدا دێن، له‌به‌ره.
*
(1) حه‌مه‌سه‌عید حه‌سه‌ن، میری جاهیلان ماڵپه‌ڕی کوردستاننێت 22/ 10/ 2003 و کتێبی: جه‌لالینامه، ل85 چاپخانه‌ی هه‌ڵه‌بجه 2004 سوێد.
(2) به‌ختیار عه‌لی، غه‌زه‌لنووس و باغه‌کانی خه‌یاڵ، چاپخانه‌ی ڕه‌نج 2007 سلێمانی.
(3) ئه‌وی پارانۆیای هه‌بێت، خۆی زۆر پێ گه‌وره‌یه و پێی وایه هه‌میشه خه‌ڵک له بۆسه‌دان بۆی.
(4) هاوڵاتی ژماره 333 ل18 یه‌کشه‌ممه 1/ 7/ 2007 چاپی هه‌ولێر.
(5) حال الروایة الأن، الهلال، فبرایر 2008 القاهرة.
به‌ختیار عه‌لی، غه‌زه‌لنووس و باغه‌کانی خه‌یاڵ، (ل187 ، ل409 و ل410) چاپخانه‌ی ڕه‌نج 2007 سلێمانی. (6)
(7) حه‌مه‌سه‌عید حه‌سه‌ن، ئه‌و په‌یڤانه‌ی له دڵه‌وه هه‌ڵده‌قوڵێن، ل31 ده‌زگای ئاراس 2004 هه‌ولێر.
(8) حه‌مه‌سه‌عید حه‌سه‌ن، نووسین به‌بێ وشه، ل65 ده‌زگای ئاراس 2004 هه‌ولێر.
(9) حه‌مه‌سه‌عید حه‌سه‌ن، تاڤگه‌یه‌ک له زیو ، ل115ده‌زگای ئاراس 2008 هه‌ولێر.ن
(10) ئه‌و زانیارییانه له ڕێی ته‌له‌فۆنه‌وه، له هونه‌رمه‌ند نه‌جات ئه‌لسه‌غیره وه‌رگیراون.