زه‌وین شاژنێکه تای لێ هاتووه
November 8, 2010
فیکر و فەلسەفە
نووسه‌ر :حه‌مه‌سه‌عید حه‌سه‌ن
نه ئه‌زه‌ل، سه‌ره‌تا شک ده‌با،نه ئه‌به‌د، کۆتایی،(سه‌رمه‌د)یشنه ده‌ستپێک شک ده‌با، نه دوایی. *له ئه‌زه‌له‌وه، هه‌تاکوو ئهبهدههر وابه‌سته‌ی تۆم،ئاخر ئه‌وینی من سهرمهدییهئهی ئافره‌تی جوان!ده‌قی ئه‌ده‌بی هه‌یه هه‌م نه‌مریی بۆ داهێنه‌ره‌که‌ی دابین ده‌کات و هه‌م له‌ناویشی ده‌بات. (ته‌نیا به نانی ڕووت) هه‌ر (محه‌ممه‌د شوکری)ی نه‌مر نه‌کرد، له ناویشی برد، ئاخر دوای ئه‌و ڕۆمانه، هه‌ر چییه‌کی نووسی، ده‌نگدانه‌وه‌ی نه‌بوو. ته‌واو وه‌ک چۆن (دۆنکیخۆته،) (سێرڤانتس)ی هه‌م کوشت و هه‌م نه‌مریشی کرد. (مه‌دام بۆڤاری)یش هه‌مان کاره‌ساتی به‌سه‌ر (فلوبیر)دا هێنا. شاعیرێکی سوودانی هه‌بوو، ناوی (ئه‌لهادی ئاده‌م) بوو، ئه‌وی شیعری (أغدا ألقاک)ی نووسیوه و ئوم که‌لسووم به گۆرانی گوتوویه‌تی، وه‌ک چۆن ناوبانگی ئه‌و شاعیره به‌و گۆرانییه‌وه به‌نده، هه‌ر ئه‌و گۆرانییه‌یش بوو کوشتی، ئاخر ئه‌ویش هه‌ر چی کرد، نه‌یتوانی بازنه‌ی ئه‌و ناوبانگه بشکێنیت و شکۆمه‌ندییه‌کی دیکه، دوای ئه‌وه بۆ خۆی تۆمار بکات، تا وای لێ هات، زۆر به‌وه نیگه‌ران ده‌بوو که پێیان ده‌گوت، فڵان شیعر هی تۆیه. پێ ده‌چێت وه‌ک چۆن هێشتا پاوڵۆ کۆیلۆ له (کیمیاگه‌ر)ی تێنه‌په‌ڕاندووه، هه‌رچه‌نده دوای ئه‌وه چه‌ندان ڕۆمانی دیکه‌ی نووسیوه، (یۆستاین گارده‌ر)یش ئه‌و گرفته‌ی هه‌بێت و هه‌ر چی بکات، هه‌ر گیرۆده‌ی ده‌ستی ناوبانگی (دنیای سۆفیا) بێت.
(خوداوه‌ند مامۆستای هونه‌ری خۆحه‌شاردانه، ئه‌وه نییه ئه‌و هه‌موو شته ده‌کات و هیچ شوێنه‌وارێک له دوای خۆیه‌وه جێ ناهێڵێت.) ڕۆماننووسیش پێویسته وه‌ها بکات، هیچ ده‌ستتێوه‌ردانێکی به کاره هونه‌رییه‌که‌یه‌وه دیار نه‌بێت. خۆشه‌ویستی سه‌فه‌رێکه، ده‌زانین که‌ی ده‌ست پێ ده‌کات، به‌ڵام نازانین به‌ره‌و کوێمان ده‌بات و که‌ی دوایی دێت. ده‌بێت ڕۆماننووسینیش وه‌ک سه‌فه‌ری ئه‌وین وابێت، نووسه‌ره‌که‌ی سه‌ره‌تا نه‌زانێت، چیرۆکه‌که‌ی چۆن و که‌ی ته‌واو ده‌بێت. ڕۆماننووس چی توانا شک ده‌بات، ده‌یخاته گه‌ڕ بۆ ئه‌وه‌ی دنیایه‌کی نوێ بخوڵقێنێت، ئه‌وه ئه‌رکی ڕه‌خنه‌گره، ئه‌و دنیایه بدۆزێته‌وه. هه‌ندێک ڕه‌خنه‌گر، (ئه‌وه‌نده وشک هه‌ڵسوکه‌وت له‌گه‌ڵ ده‌قدا ده‌که‌ن، کڵپه‌ی داهێنان ده‌کوژێننه‌وه و باڵی مه‌لی خه‌یاڵ ده‌قرتێنن.) هه‌مه‌نگوای ده‌ڵێت: ئه‌و ڕۆماننووسه‌ی به‌و پاساوه‌ی که خوێنه‌ر نایانزانێت، هه‌موو ورده‌کارییه‌کان شی ده‌کاته‌وه، به‌و کاره‌ی ڕۆمانه‌که ده‌شێوێنێت. (ده‌یڤید مه‌علووف)یش ده‌ڵێت: دوژمنی ڕاسته‌قینه‌ی ڕۆمان، درێژدادڕییه.(1) وا باوه ده‌ڵێن، چیرۆک هونه‌ری گێرانه‌وه‌یه، وه‌لێ من پێم وایه، چیرۆک هونه‌ری به چڕی گێڕانه‌وه‌یه. ڕۆمانه‌کانی گارده‌ر هه‌رچه‌نده درێژن، وه‌لێ چونکه ڕیتمیان خاو نییه، خوێنه‌ر لێیان بێزار نابێت.
ڕۆمانه‌کانی یوستاین گارده‌ر هه‌رچه‌نده به باڵی فه‌نتازیا ده‌فڕن وه‌لێ هێنده‌یش زانستیان تێدایه که بۆ ئه‌وه ده‌ست ده‌ده‌ن وه‌ک کتێبی خوێندن له قوتابخانه‌کاندا که‌ڵکیان لێ وه‌ربگیرێت. دنیای سۆفیا که 1991 بڵاو کرایه‌وه، بۆ ده‌یان زمان ته‌رجومه کرا و بیست میلیۆنێکی لێ فرۆشرا، وای کرد نووسه‌ره‌که‌ی هه‌ر به‌و تاقه ڕۆمانه، ببێته نووسه‌رێکی جیهانی که ئه‌مه بۆ خودی گارده‌ریش شتێکی چاوه‌ڕوانکراو نه‌بوو. ئه‌و که له نه‌رویژ مامۆستای ئایین و فه‌لسه‌فه بوو، دوای به دنیادا بڵاوبوونه‌ی (دنیای سۆفیا،) ئیدی پێویستی به‌وه نه‌ما، درێژه به پیشه‌که‌ی بدات، ئاخر ئه‌و ڕۆمانه کارێکی کرد بتوانێت به نووسین بژی.
لایه‌نی گرنگ و گه‌شی دنیای سۆفیا ئه‌وه‌یه له فۆرمی ڕۆمانێکی ته‌واو هونه‌ریدا، مێژووی فه‌لسه‌فه، هه‌ر له سه‌رده‌می گریکه‌وه تا سه‌ده‌ی بیسته‌م به سه‌ر ده‌کاته‌وه. ئه‌و کتێبه هه‌رچه‌نده بۆ گه‌نج نووسراوه، که‌چی له‌نێو گه‌وره‌ساڵانیشدا خوێنه‌رێکی زۆری هه‌یه. ئه‌وانه‌ی شتێکی وا ده‌رباره‌ی فه‌لسه‌فه نازانن، یان دروستتر ئه‌وانه‌ی هیچ له مانای (بوون) نازانن، هه‌قه هیچ نه‌که‌ن، بچن دنیای سۆفیا بخوێننه‌وه، ئه‌وانه‌شی له بواری سه‌رهه‌ڵدان و گه‌شه‌سه‌ندنی (بوونه‌وه‌ر)دا زانیاری شک نابه‌ن، هه‌قه ده‌ستبه‌جێ ده‌ست به خوێندنه‌وه‌ی ڕۆمانی (مایا) بکه‌ن. مایا هه‌م چیرۆکێکه و هه‌م کۆمه‌ڵێک چیرۆکی به نێو یه‌کدیدا چووه که پێکه‌وه ڕۆمانه‌که ته‌واو ده‌که‌ن.
کۆمه‌ڵگه‌یه‌ک کۆیله‌ی بیر و باوه‌ڕی ئایینی یان نه‌ته‌وه‌یی بێت، وه‌ک دوژمن سه‌یری ئه‌وی دیکه ده‌کات و له‌بری ئه‌وه‌ی ڕێز له بۆچوونی جیاواز بگرێت، بڕوای وایه، ئه‌وی له‌گه‌ڵ خۆیدا نه‌بێت، دوژمنیه‌تی. ئه‌و ده‌مارگیری و تۆندڕۆیییه، لای هه‌ر که‌س یان لایه‌نێک هه‌بیت، زاده‌ی دڵسۆزی بۆ ئه‌م ئایین یان ئه‌و نه‌ته‌وه نییه، زاده‌ی جه‌هله. له گارده‌ره‌وه فێر ده‌بین به گژ توندڕۆیی و ده‌مارگیریدا بچینه‌وه. ئه‌و که مامۆستای ئایینه فێرمان ده‌کات عه‌لمانییانه بیر بکه‌ینه‌وه. (عه‌لمانیبوون، له‌سه‌ر سێ کۆڵه‌که به‌نده، ده‌وڵه‌ت سه‌ر به هیچ ئایینێکی دیاریکراو نه‌بێت، خوێندنگه به‌رانبه‌ر ئایین بێ لایه‌ن بێت و ڕێز له ئازادیی ویژدان و بیروڕا بگیرێت.)(2) دێمۆکراسی و عه‌لمانیبوون، دووانهکهین، هیچیان بێ ئه‌وی دیکه‌یان هه‌ڵناکات، ئه‌گه‌ر دێمۆکراسی له ئارادا نه‌بێت، قسه‌کردن له هه‌بوونی عه‌لمانیبوون، ئه‌فسانه‌یه و بێ هه‌بوونی عهلمانیبوونیش، دێمۆکراسی تارمایییه.
ئایا (هه‌موو مرۆڤه‌کانی سه‌ر ئه‌م زه‌وینه له تاقه‌ژنێکی دیاریکراوه‌وه هاتوون که چه‌ند سه‌دهه‌زار ساڵێک له‌مه‌وبه‌ر له ئه‌فریکا ژیاوه؟) یان هه‌موویان ده‌گه‌ڕێنه‌وه سه‌ر دایه حه‌وا؟ خوێنه‌ر سه‌رپشکه، بڕوا به کام له‌و دوو چیرۆکه ده‌هێنێت، یان ده‌شێت هیچیان په‌سه‌ند نه‌کات. که هه‌وره‌بروسکه‌یه‌ک ده‌بینین، هێنده نابات ههورهگرمهیهکیشی به دوادا دێت، وه‌لێ (پازده ملیارد ساڵ به‌سه‌ر ته‌قینه‌وه مه‌زنه‌که‌دا تێپه‌ڕیبوو، ئه‌وسا گرمه‌که‌ی به‌ر گوێ که‌وت.) گرنگترین بیرۆکه‌ی ڕۆمانی (مایا) بریتییه له: (خولقاندنی ئینسان چه‌ند ملیارد ساڵێکی ده‌وێت، که‌چی مردنی هه‌ر چه‌ند چرکه‌یه‌کی پێ ده‌چێت.) نووسه‌ر له‌م ڕۆمانه‌دا سه‌رقاڵی گه‌شتێکی فه‌لسه‌فییه به شوێن و به وه‌ختدا و به هۆی ئه‌و گه‌شته‌وه، تێروانینی خۆیمان ده‌رباره‌ی بوون بۆ ڕۆشن ده‌کاته‌وه و به هۆی زنجیره‌یه‌ک ڕووداوه‌وه، دیرۆکی گه‌شه‌کردنمان هه‌ر له ته‌قینه‌وه مه‌زنه‌که‌وه تا هه‌نووکه که چه‌ند ملیارد ساڵێکی پێ چووه، بۆ ده‌گێڕێته‌وه. ژماره‌ی کارته‌کانی یاریی کاغه‌ز په‌نجاودوو دانه‌یه، مایا به مانیفێستێک دوایی دێت که پهنجادوو به‌شه و به زمانێکی شیعریی که له نێوان فه‌لسه‌فه و ئاییندا هاتوچۆیه‌تی، نووسراوه.
یۆستاین گارده‌ر له ڕۆمانی (مایا)یشدا ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ پرسیاره بنه‌ڕه‌تییه‌کان: من کێم؟ من له کوێوه هاتووم؟ ئه‌و پرسیارانه‌ی له ده‌وری بوون ده‌سووڕێنه‌وه و فه‌لسه‌فه به درێژایی مێژووی خۆی، به دوای وه‌ڵامه‌کانیاندا له گه‌ڕاندا بووه. ڕه‌نگه ئه‌ده‌ب له‌سه‌ر ئاستی دنیا، ڕۆماننووسێکی دیکه شک نه‌بات، له بواری پێکه‌وه گونجاندنی فاکت و فه‌نتازیادا، هێنده‌ی یۆستاین گارده‌ر ده‌ستڕه‌نگین بووبێت. (تۆ به‌د له مه‌به‌ستی من حاڵیی بوویت.) ئه‌وه یه‌کێکه له‌و پاساوه حازربهدهستانهی سه‌رومڕ نووسه‌ره‌یلی که‌متوانا هانای بۆ ده‌به‌ن. ئه‌وه وه‌رگر نییه که توانای تێگه‌ییشتنی نییه، ڕاستییه‌که‌ی ئه‌وه نووسه‌ری ناحاڵییه که توانای ده‌ربڕینی نییه. با نووسه‌ره‌یلی که‌متوانا، سه‌رنجی یۆستاین گارده‌ر بده‌ن که به ئاسانترین شێوه باسی قووڵترین کێشه ده‌کات، ئه‌وه‌تا به ڕوونترین زمان که خوێنه‌ران لێی تێده‌گه‌ن، مێژووی گه‌شه‌سه‌ندن و فه‌لسه‌فه ده‌گێڕیته‌وه.
هه‌موو شتێک هه‌ر وه‌همه و ته‌نیا ڕوواڵهتهکهی ده‌بینین، هه‌ر چی تاقی بکه‌ینه‌وه له وههم بترازێت، هیچی دیکه نییه و ئه‌وه‌ی هه‌ستی پێ ده‌که‌ین، هه‌میشه وه‌همه و هه‌رگیز شتێکی ڕاسته‌قینه نییه، ئه‌وه ئه‌و وههم و ڕوواڵهتبینینهیه که هیندییه‌کان هه‌زاران ساڵ له‌مه‌وبه‌ر ناویان ناوه، مایا. مایا هیچ نییه له ڕۆحێکی سه‌فه‌ری زیاتر، ڕۆحێکی تیژتێپه‌ڕ، ئاخر ته‌مه‌نی ئینسان به به‌راورد له‌گه‌ڵ هی گه‌ردووندا، ئه‌وه‌نده خێرا تێده‌په‌ڕێت، له بروسکهیش تیژتر، ئاخر ئینسان ڕۆحێکه له سه‌فه‌ردا، ڕۆحێکی تیژتێپه‌ڕ. فرانسیسکۆ دی گۆیا (1746 _ 1828) که گهورههونهرمهندێکی ئیسپانیایییه، وێنه‌ی (مایا)ی که له کن ئه‌و ژنێکی جوان بووه، دوو جار کێشاوه، یه‌که‌م جار به ڕووتی و دووه‌م جار به پۆشاکه‌وه. مایا که له زمانی ئیسپانیاییدا به مانای کچی جوان دێت، ناوی گوڵێکیشه که له مانگی (مه‌ی)دا ده‌پشکوێت و له چه‌شنی هه‌میشه‌به‌هاره.
(ئایین هه‌ناسه‌ی ساردی که‌سانی چه‌وساوه‌یه، دڵی جیهانێکی بێ دڵه، ڕۆحی هه‌لومه‌رجێکی بێ ڕۆحه و ئه‌فیونی گه‌له.) نه‌ک گه‌لان، وه‌ک باوه. ئه‌وه ده‌قی قسه‌ی کارڵ مارکسه، نه‌ک (ئایین ئه‌فیونی گه‌لانه) و هیچی تر. که‌واته له ڕوانگه‌ی مارکسه‌وه، له کۆمه‌ڵگه‌ی سه‌رمایه‌داریدا که چه‌وساوه‌کان تروسکه‌ی هیچ هیوایه‌ک به‌دی ناکه‌ن، ئایین تاقه ئومێدیانه، له‌و کۆمه‌ڵگه بێ بهزهیییهدا، ئایین دڵه، ئایین ڕۆحی ئه‌و کۆمه‌ڵگه بێ هه‌سته‌یه و له‌و کۆمه‌ڵگه ئازاربه‌خشه‌دا، ئایین ئه‌فیونه. ئه‌وه دوژمنانی مارکسن که لێکدانه‌وه‌ی خراپیان بۆ ئه‌و گوته جوانه کردووه که ته‌نانه‌ت له ڕوانگه‌ی که‌سانی ئایینداری لێزانیشهوه، یه‌کێکه له پێناسه جوانه‌کانی ئایین. ئاخر ئه‌فیون، ئه‌گه‌ر به‌د به‌کاری نه‌هێنین و خراپ سوودی لێ وه‌رنه‌گرین، مادده‌یه‌کی باشه نه‌ک خراپ، مادده‌یه‌که بۆ شکاندنی ئازار و سڕکردنی ناساغ، سه‌روه‌ختی نه‌شته‌رگه‌ری. مه‌به‌ستی مارکس له ئایین ئه‌فیونه، ئه‌وه‌یه، ئایین (بۆ چه‌وساوه‌کان) ئازارشکێنه. ئه‌وه‌ی (ئه‌فیون) له‌و ده‌ربڕینه‌دا، وه‌ک مادده‌یه‌کی هۆشبه‌ر لێک ده‌داته‌وه، یان به‌د له مه‌به‌ستی مارکس حاڵیی بووه، یان مه‌به‌ستی ئه‌وی به هۆشیارییه‌وه شێواندووه. پوخته‌ی مه‌به‌ستی مارکس له‌و گوته‌یه بریتتیه له: (له جیهانی سه‌رمایه‌داریدا که دنیایه‌کی بێ دڵ و بێ ڕۆحه، ئایین دوا نوایه.)(3)
به‌لزاک هه‌رچه‌نده په‌نجا ساڵ ژیا، که‌چی هه‌شتا ڕۆمانی له پاش جێ ما. ئه‌و هێنده وابه‌سته‌ی نووسین بوو، جاری وا هه‌بوو، دنیای نووسین و واقیعی له کن تێکه‌ڵ ده‌بوو. ئه‌وه بۆیه له سه‌ره‌مه‌رگدا داوای دۆکتۆرێکی کرد، که دۆکتۆری ڕاسته‌قینه نه‌بوو، یه‌کێک بوو له قاره‌مانی ڕۆمانێکی خۆی. به‌لزاک ده‌یگوت: (له‌به‌ر ڕۆشنایی دوو مه‌شخه‌ڵی نه‌مردا ده‌نووسم: خودا و ڕژێمی پاشایه‌تی،) وه‌لێ چونکه ناکۆکییه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کانی ده‌خسته ڕوو، هیچ گومان له‌وه‌دا نییه که نووسه‌رێکی نه‌ک هه‌ر پێشکه‌وتنخواز، وه‌ک جۆرج لۆکاچ بۆی چووه، به‌ڵکوو شۆڕشگێڕیش بوو، وه‌ک هوگۆ ده‌ڵیت.(4) (چونکه ئه‌م جیهانه بوونی هه‌یه، ئیدی بۆچی ڕێی تێ ناچێت، جیهانێکی دیکه‌یش دوای ئه‌مه په‌یدا ببێت؟) که چه‌وساوه‌کان له‌م دنیایه نا‌ئومێد ببن، ئیدی ناهه‌قیانه خه‌و به دنیایه‌کی دیکه‌وه ببینن و به هیوا بن، له‌و جیهانه‌ی دیکه‌دا، ده‌ست له ملی هیواکانیان بکه‌ن؟
ستیڤان زهڤاییگ (1881 _ 1942) که له لوتکه‌ی نائومێدیدا خۆی کوشت، ده‌ڵێت: (ئێدیۆلۆگی، ئیدی ئایینی بێت یان سیاسی، نه‌فره‌تێکه هه‌ر دیکتاتۆریا به‌رهه‌م ده‌هێنیت.) ئه‌وه بۆ داهێنه‌ر وه‌ک حه‌رام وایه، بانگه‌شه بۆ ئێدیۆلۆگی بکات. ئێدیۆلۆگی ئه‌گه‌ر له ژنێکی جوانیش بچێت، ئه‌وا ژنێکه له چه‌شنی (فیرساویس) که وه‌ک له میسولۆژیای گریکدا هاتووه، سه‌ری له‌بری قژ به مار داپۆشراوه. فیکر ئیدی ئاسمانی بێت یان زه‌مینی، زاده‌ی قۆناغێکه و هێدی هێدی ده‌بێته به‌شێك له دیرۆک، ئه‌وه بۆیه ناچارین، زوو یان دره‌نگ، ده‌ستبه‌رداری فیکر ببین، ئه‌گه‌ر نا، بخوازین یان نا، ده‌بینه هه‌ڵگری فیکری به‌به‌ردبوو. ئه‌مه هیچ له‌و ڕاستییه ناگۆڕێت که بۆ نموونه مارکس، بیرمه‌ندێکی بلیمه‌ت بوو. خۆ به‌ستنه‌وه به گرووپه‌وه، ئیدی شێوه‌ی خێڵی هه‌بێت یان حیزب، سه‌رکوتکردنی تاکی لێ ده‌که‌وێته‌وه، ئاخر هه‌میشه کۆمه‌ڵ، ئازادی له تاک زه‌وت ده‌کات. یۆسیتاین گارده‌ر هه‌رچه‌نده مامۆستای ئایین و فه‌لسه‌فه‌یه، که‌چی ئه‌وه به هیچ ڕۆمانێکییهوه دیار نییه که لایه‌نی ئه‌م ئایین یان ئه‌و فه‌لسه‌فه‌ی گرتبێت.
به‌شێکی گرنگی ڕووداوه‌کانی ڕۆمانی مایا له دوورگه‌ی (تاڤیونی) که یه‌کیکه له دوورگه‌کانی (فیجی) و ده‌که‌وێته ئۆقیانووسی (هێدی)یه‌وه، ڕوو ده‌ده‌ن. ڕه‌نگه سه‌رنجڕاکێشترین لایه‌نی ڕۆمانه‌که، گوت‌وبێژی درێژی نێوان (فرانک) و مارمێلکه‌که بێت که به‌ڵگه‌یه‌که بۆ ئه‌وه‌ی یۆستاین گارده‌ر، له بواری هونه‌ری گێڕانه‌وه‌دا سه‌ر له هه‌ور ده‌سوێت. ڕه‌نگه گارده‌ر یه‌که‌مین ڕۆماننووس بێت که مارمێلکه‌ی هێنابێته گۆ و ڕۆڵێکی سه‌ره‌کیی پێ به‌خشیبێت و ئه‌وه‌ی فێر کردبین، (ئینسان که له بازنه‌یه‌کی داخراودا ده‌خولێته‌وه، هه‌ر له مارمێلکه‌یه‌ک ده‌چێت که گاز له کلکی خۆی بگرێت.) یۆستاین گارده‌ر له ڕۆمانی (مایا)دا پێمان ده‌ڵێت: چونکه ڕه‌نگه مرۆڤ ته‌نیا زینده‌وه‌رێکی ئه‌م گه‌ردوونه بێت که خاوه‌نی هۆشیارییه‌کی گه‌ردوونی بێت، چونکه له ئه‌نجامی هه‌ڵسوکه‌وتی هه‌ڵه‌ی ئینسانه‌وه له‌گه‌ڵ سروشتدا، زه‌وین تای لێ هاتووه، بۆیه پاراستنی ژینگه، ته‌نیا به‌رپرسیارییه‌تییه‌کی جیهانی نییه، گه‌ردوونیشه.
هه‌رچه‌نده ڕۆمانه‌که به شێوه‌یه‌کی گشتی جوان ته‌رجومه کراوه، وه‌لێ هه‌ندێک جار به‌خت یاوه‌ری وه‌رگێڕ نه‌بووه. وه‌ک نموونه: (داپۆشینی ئه‌و بۆنه‌یه. ل64) مه‌به‌ستی له داپۆشین، (تغطیة)ی عه‌ره‌بییه، که (ڕووماڵ)ی پێ ده‌گوترێت. (داپۆشین) شاردنه‌وه‌یه و (ڕووماڵ)یش ئه‌وه‌یه، (بۆنه)یه‌ک بدرێته به‌ر ڕووناکی، که‌واته داپۆشین به پێچه‌وانه‌ی ڕووماڵه‌وه، فه‌رامۆشکردنی بۆنه‌که‌یه. (کاتی خۆی سه‌رۆکهۆزه‌کانی دوورگه‌کانی فیجی، که‌سێکیان هه‌بووه که ناویان لێ ناوه: پیاوی مێشووله، ئیشیان ئه‌وه بووه، به درێژایی شه‌و، به ڕووتی له ته‌نیشتیانه‌وه دابنیشن، بۆ ئه‌وه‌ی مێشووله‌کان به‌وانه‌وه بده‌ن و سه‌رۆکهۆزه‌کان به ڕاشکاوی بخه‌ون. ل112) به ڕاشکاوی بۆ ئه‌و شوێنه هه‌ڵه‌یه، (به هێمنی) دروسته.
ئه‌گه‌ر زه‌وین سه‌رۆکهۆز بووبێت، ئه‌وا جوپیته‌ر پیاوی مێشووله بووه، ئاخر ئه‌وه ئه‌و ئه‌ستێره گه‌ڕۆکه بووه، وه‌ک گه‌سکێکی کاره‌بایی ئه‌ستێره کشاوه‌کانی هه‌ڵمژیوه که هه‌ر یه‌کێکیان به‌س بووه بۆ ئه‌وه‌ی، نزیکه‌ی هه‌موو ژیانی سه‌ر زه‌وین بسڕێته‌وه. وه‌رگێڕ ده‌نووسێت: (ڕژێمێکی شێواو ده‌بینم که له مانگ و ئه‌ستێره‌ی گه‌ڕۆک و نه‌یزه‌ک پێک هاتووه. ل188) پێم وایه ڕژێم که زاراوه‌یه‌کی سیاسییه، بۆ شێوازی فه‌رمانڕه‌وایی دروسته، سیسته‌م بۆ گه‌ردوون شیاوتره. (بۆن و به‌رامه‌ی ڕووه‌ک و دره‌خته‌کان چوارده‌وریان ته‌نین، بولبول و باڵنده‌کانیش له چالاکترین وه‌رزدا بوون. ل254) ئایا دره‌ختیش هه‌ر ڕووه‌ک نییه؟ ئایا بولبولیش هه‌ر باڵنده نییه؟ به‌هرۆز حه‌سه‌ن ڕۆمانه‌که‌ی له دانمارکییه‌وه کردووه به کوردی، که‌چی به فۆنتێکی ورد، له لاپه‌ڕه چواردا ناوی (کامیلا کریستن‌سن)ی که وه‌رگێڕه دانمارکییه‌که، نووسیوه، وه‌لێ ناوی خۆی له‌سه‌ر به‌رگ به هه‌مان قه‌واره‌ی ناوی نووسه‌ری ئۆرگیناڵ تۆمار کردووه!
08. 01. 2010 ستۆکهۆڵم
(1) عطاالله مهاجرانی، السیدة من تل أبیب، 3 دیسمبر 2009 الشرق الأوسط.
(2) ئهلعهفیف ئه‌لئه‌خزه‌ر.
(3) ضیا‌ء حمیو، حقیقة کلمات مارکس 16 أکتوبر 2009 إیلاف.
(4) هاشم صالح، بلزاک فی مرأة المثقفین الفرنسیین، 26 نوفمبر 2009 الشرق الأوسط.
(5) یۆستاین گارده‌ر، مایا، وه‌رگێرانی له نه‌رویژییه‌وه بۆ دانمارکی: کامیلا کریستن‌سن، وه‌رگێڕانی له دانمارکییه‌وه بۆ کوردی: به‌هرۆز حه‌سه‌ن، ده‌زگای چاپ و په‌خشی سه‌رده‌م 2009 سلێمانی.