ئایا دریدا فه‌یله‌سووفی پۆست مۆدێرنێته بوو؟
October 18, 2010
فیکر و فەلسەفە
نووسه‌ر :خه‌لدوون ئه‌لنه‌بوانی
وه‌رگێڕ : تاریق كارێزی
بێ له هه‌ندێك نموونه‌ی ده‌گمه‌ن نه‌بێت، تێكرِای ئه‌وانه‌ی به فه‌لسه‌فه‌ی هاوچه‌رخه‌وه سه‌رقاڵ بوون، وا رێچكه‌یان گرتووه كه فه‌یله‌سووفی فه‌ره‌نسی (جاك درێدا) وه‌ك یه‌كێك له فه‌یله‌سووفانی پۆست مۆدیرنێته داده‌نێن، ئه‌گه‌ر پێشه‌نگیان نه‌بێت. ئه‌و پرسیاره‌ی له‌م وتاره‌دا هه‌وڵی وه‌ڵام دانه‌وه‌ی ده‌ده‌ین ئه‌وه‌یه: ئایا به راستی درێدا فه‌یله‌سووفی پۆست مۆدێرنێته (پاش نوێخوازی) بوو؟ ئه‌م پرسیاره به شێوه‌یه‌كی لۆژیكیانه به‌ره‌و پرسیارێكی دیكه‌شمان ده‌بات: ئایا ئه‌و دژ به پرۆژه‌ی مۆدێرنێته (نوێخوازی) بوو؟بێ گومان هه‌ندێك پێیان وایه وه‌ڵام دانه‌وه‌ی ئه‌م جۆره پرسیارانه روون و به‌دیهین، بۆیه دووپاتی ده‌كه‌نه‌وه: به‌ڵێ درێدا یه‌كێكه له نوێنه‌رانی پۆست مۆدێرنێته، هه‌وڵی خۆشی بۆ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وی مۆدێرنێته‌ی رۆژاوا ته‌رخان كرد. هه‌ڵبه‌ت سه‌باره‌ت به ئێمه وه‌ڵام دانه‌وه‌ی ئه‌م پرسیارانه به‌و ساناییه نین، به‌ڵكوو پێویست به‌وه ده‌كات له ئاستی ده‌قه‌كانیدا هه‌ڵوه‌سته بكه‌ین، هه‌وڵیش بده‌ین له‌م باره‌یه‌وه په‌ی به هه‌ڵوێستی ببه‌ین.
له كاتێكدا ده‌كرێ زۆر به روونی بڵێین بۆ نموونه، كه فه‌یله‌سووفی فه‌ره‌نسی (جان فرانسوا لیوتار) شازی پۆست مۆدێرنێته بوو، به‌وه‌ی روون و ئاشكرا گوزارشتی له هه‌ڵوێستی خۆی كرد(1)، كه‌چی له تێكرِای به‌رهه‌مه‌كانی (درێدا)دا شتێك نادۆزینه‌وه یارمه‌تیمان بدات، كه هه‌ڵوێسته‌كه‌ی به روونی له‌باره‌ی مۆدێرنێته‌وه لێ ههڵهێنجین. كتێبه‌كانی درێدا بێ هیچ گومانێك بۆمانی روون ده‌كه‌نه‌وه، كه چه‌مكی "مۆدێرنێته" سه‌باره‌ت به ئه‌و، نه‌بووه‌ته پرسیارێكی تیۆریی فه‌لسه‌فی، كه سه‌ربه‌خۆ و جودا هه‌بێت و پێویست به هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه بكات. وه‌ك روونه، ههڵوهشانگهریی درێدایی رۆژێك له رۆژان شانازیی به‌و چه‌مكه‌وه نه‌كردووه، وه‌ك ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ چه‌مكی دیكه‌ی فه‌لسه‌فیدا كردوویه‌تی، له نموونه‌ی: میتافیزیكی ئاماده‌بوون، یان لۆگۆسێنتریزم (عه‌قڵی چرِبووی سه‌ر خود)، یان به‌خشین، یان لێبورده‌یی، یان میوانداری، یان براده‌رایه‌تی، یان دادپه‌روه‌ری، یان دیموكراسی، یان تیرۆر.. هتد.
هه‌ر چۆنێكی بێت، درێدا خۆی له‌و مشتومرِه دوور خسته‌وه كه له هه‌شتاكانی سه‌ده‌ی رابردوودا ده‌رباره‌ی مۆدێرنێته و پۆست مۆدێرنێته به‌رپا بوو. ته‌نانه‌ت ئه‌و "دوو چه‌مكه" له ده‌قه‌كانیدا به ده‌گمه‌ن نه‌بێت نایه‌ن، كه ده‌ریش ده‌كه‌ون، ئه‌وه ئه‌و بارگه باوه‌ی ئایدیۆلۆژیایان تێدا به‌دی ناكه‌ین: (له‌گه‌ڵ یان دژ). جا ئه‌گه‌ر شته‌كه به‌م جۆره بێت، كه‌واته ئه‌و بیرۆكه‌یه له كوێوه هاتووه كه درێدا پۆست مۆدێرنێته‌یه؟ پێ ده‌چێ له‌و پرِوپاگهنده ساده و دوور له وردبوونهوهیهوه سه‌رچاوه‌ی گرت بێت، كه ههڵوهشانگهریی درێدایی و رووخاندنی كوێرانه، له‌به‌ر یه‌ك (به‌رامبه‌ر به یه‌كدی) داده‌نێت، واش قسه‌یان له‌باره‌وه ده‌كات كه ته‌ورێكی تازه‌ی نیچهیین و هه‌ر وێرانی و خاپووری به دوای خۆیاندا جێ ده‌هێڵن.
هه‌روه‌ها ئاشكرایه كه درێدا چه‌ند ده‌قه كلیلێكی بۆ گوتاری فه‌لسه‌فیانه‌ی مۆدێرنێته هه‌ڵوه‌شانده‌وه، وه‌ك به‌رهه‌مه‌كانی جان جاك رۆسۆ و به تایبه‌تی ده‌قه‌كه‌ی (هه‌وڵێك له‌باره‌ی بنه‌چه‌ی زمانان)، یان (ئایین له سنووری عه‌قڵدا) و پرۆژه‌ی (ئاشتیی هه‌میشه‌یی)ی كانت، یان (بنه‌ماكانی فه‌لسه‌فه‌ی هه‌ق)ی هیگل.. هتد. به‌ڵام هه‌موو ئه‌و شتانه بوارمان پێ ناده‌ن به ئاسانی بگه‌ینه ئه‌وه‌ی، كه درێدا پۆست مۆدێرنێته بوو. با له بیریشمان نه‌چێت كه درێدا كه‌وته هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی چه‌ندین ده‌ق، كه هی سه‌رده‌مێكن، به‌ر له‌وه‌ی به مۆدێرنێته‌ی ئه‌وروپا ناسراوه. به‌م جۆره درێدا كه‌وته هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی "دیالۆگی فیدر"ی ئه‌فلاتوون و، تیۆریی مه‌جاز له هه‌ردوو كتێبی "له شیعردا" و "دوانده‌ری"ی ئه‌رستۆدا. به‌م شێوازه‌ش كه‌وته خوێندنه‌وه‌ی كتێبی "ددان پێدانان"ی قه‌شه ئۆگستین.
ئه‌وه‌ی ده‌مانه‌وێ لێره‌دا جه‌ختی بكه‌ینه سه‌ر، كه درێدا نه‌ك هه‌ر ته‌نیا چه‌ند چه‌مك و بیرۆكه‌ی تاویی له هه‌ندێك ده‌قی فه‌لسه‌فی و وێژه‌ییدا، كه هی قۆناغی مۆدێرنێته‌ن و ده‌درێنه پاڵ ئه‌ویش، هه‌ڵوه‌شانده‌وه، به‌ڵكوو كه‌وته هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی هه‌ندێك ده‌قی به‌ر له مۆدێرنێتهش، ته‌نانه‌ت ده‌قی پۆست مۆدێرنێتهش. با بێته‌وه بیرمان كه مه‌كینه‌ی هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی درێدایی ده‌ستی گه‌یشته ده‌قی "مێژووی شێتی له سه‌رده‌می كلاسیك‌دا"ی فۆكۆ، هه‌روه‌ها "پرسی هیگلی" له لای جۆرج باتای و، ده‌قی "ئه‌و دیوی بنه‌مای له‌زه‌ت"ی فرۆید، به‌ڵكوو درێدا تا ئه‌و راده‌یه‌ش چوو كه هه‌ندێك ده‌قی "هیدگه‌ر"ی مامۆستاشی هه‌ڵوه‌شێنێته‌وه.
به واتایه‌كی دی، خه‌می سه‌ره‌كیی درێدا له هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی میتافیزیكی مۆدێرنێته‌دا خۆی نه‌ده‌نواند، به‌ڵكوو له هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی مێژووی میتافیزیكی رۆژاوادا، هه‌ر له ساته‌وه‌ختی له‌دایك بوونییه‌وه له‌گه‌ڵ سوكرات و ئه‌فلاتوونه‌وه و، ئاشكرا كردنی جێ په‌نجه‌ی له كۆمه‌ڵێك ده‌قی به‌ر له مۆدێرنێته و ده‌قی مۆدێرنێته‌دا، ته‌نانه‌ت پۆست مۆدێرنێتهش كه ده‌ڵێ: میتافیزیكی تێپهرِاندووه. به‌م جۆره ههڵوهشانگهریی درێدایی كه میتافیزیكی ئاماده‌بوونی له ناوه‌ندایه‌تیی ده‌نگ و، ناوه‌ندایه‌تیی عه‌قڵ و، ناوه‌ندایه‌تیی لووله و، ناوه‌ندایه‌تیی ئه‌وروپاوه و... هتد، ئاشكرا كردووه. له‌مه‌دا هه‌ر به هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ده‌قه‌كانی قۆناغی مۆدێرنێته‌ی رۆژاوا به‌سی لێ نه‌كردووه، به‌ڵكوو كاری ئه‌و به درێژایی رووبه‌ری نه‌خشه‌ی فه‌لسه‌فه‌ی رۆژاوا هه‌ر له گریكه‌وه تا رۆژگاری ئهمرِۆمان درێژ ده‌بێته‌وه.
كاتێك ده‌قه‌كانی ئه‌فلاتوون یان كانت یان فۆكۆ له لای درێدا چون یه‌ك ده‌بن، ئیدی ئه‌و كات هه‌ڵوێستی ئه‌و (درێدا) به‌رامبه‌ر به مۆدێرنێته په‌نامه‌كی و قابیلی كۆنترۆڵ كردن نابێت. هه‌ر ئه‌مه‌شه به دروستی وای كردووه كه رای توێژه‌رانی ئه‌م بابه‌ته دابه‌ش بێت. له لایه‌كه‌وه ئه‌وانه هه‌ن (هه‌ڵبه‌ت زۆریشن) كه (هه‌ندێك به په‌له‌وه) درێدا له نێو لیستی دژبه‌رانی پرۆژه‌ی مۆدێرنێته‌دا پۆلێن ده‌كه‌ن. هه‌ر وه‌ك هابرماس كردی، بۆ نموونه كاتێك دووپاتی ده‌كاته‌وه: "ئه‌م ره‌وته له فه‌ره‌نسا له (جۆرج باتای)یه‌وه تا درێدا و به فۆكۆدا تێپهرِ ده‌بێت، درێژ ده‌بێته‌وه. له لای هه‌موو نوێنه‌رانی ئه‌م ره‌وته به دڵنیاییه‌وه رۆحی نیچه‌ی ده‌چرپێنێ، كه له ساڵانی حه‌فتاكاندا دووباره دۆزراوه‌ته‌وه"(2). له لایه‌كی دیكه‌وه، ئه‌وانه‌ش هه‌ن كه "تۆمه‌ت"ی پۆست مۆدێرنێته له (درێدا)دا ره‌ت ده‌كه‌نه‌وه. له‌م باره‌یه‌وه باس له هه‌ڵوێستی بوێرانه‌ی فه‌یله‌سووفی ئینگلیز (سیمۆن كرچلی) ده‌كه‌ین كه ده‌ڵێ: "ده‌مه‌وێ به‌دحاڵی بوونی په‌یوه‌ست به بابه‌تی به‌رهه‌مه‌كانی درێدا لا ببه‌م. درێدا نه پۆسته مۆدێرنێته بووه و نه هه‌رگیزیش وا بووه، ئه‌و وه‌ك كه‌سێك بۆ مه‌به‌ستێكی تایبه‌ت، گاڵتهجارِی به‌كار ده‌هێنێت. هه‌روه‌ها ئه‌و سۆفییه‌كی (هیدگهریی نوێ) یان پهشێوخوازیش نییه. به‌رهه‌می داكۆكی كردن نین له نه‌بوونایه‌تی، هه‌روه‌ها ره‌ت كردنه‌وه‌ی رۆشنگهرییش نین یان هه‌وڵی تێپهرِاندنی بن، یان هه‌ر شتێكی له‌و جۆره بن (3)".
له گێرِانهوهی ئه‌و نموونه‌گه‌لی دژ به یه‌كه‌دا، ئایا وه‌ڵامی پرسیاره‌كه‌مان داوه‌ته‌وه، یان ئه‌وه‌تا وه‌ڵامه‌كه‌مان ئاڵۆزتر كرد له‌وه‌ی هه‌بوو؟ هه‌ر چییه‌ك بێت، ئێمه لێره‌دا لهوپهرِی هۆشیاریداین، كه ئێمه به‌و هه‌وڵه‌ی بۆ پۆلێن كردنی درێدا و ئاخنینی له نێو مۆدێرنێتان یان ئه‌وانه‌ی پاش ئه‌وانن ده‌یده‌ین، ئه‌وه ئێمه دوو جار خیانه‌ت له‌و ده‌كه‌ین. یه‌كه‌م ئه‌وه‌یه كه درێدا رازی نه‌ده‌بوو كه جووله‌ی ئه‌و كۆت و به‌ند بكرێت و له نێو هه‌ر دهستهیهكدا، كه هه‌ر چییه‌كیش بێت، ده‌ستبه‌سه‌ر بكرێت. وه‌ك ئه‌وه‌ی زمان حاڵی ئه‌وه بێت كه رۆژێك له رۆژان (ئونسی ئه‌لحاج) گوتی: "ئه‌وه‌ی پۆلێنت بكات ده‌تكوژێت". دووه‌مین جار له‌به‌ر ئه‌وه‌یه كه ههڵوهشانگهریی درێدایی، ئه‌و به‌رامبه‌ر به یه‌ك وه‌ستانه میتافیزیكییه‌ی له نێوان دووانهكاندایه ره‌ت ده‌كاته‌وه، وه‌ك: ئایدیالیزم و ماتریالیزم، نوێخوازی و هاوچه‌رخایه‌تی، گشتی و تایبه‌ت، چاكه و خراپه، راست و هه‌ڵه، جه‌سته و گیان. به‌و واتایه‌ی كه درێدا ئه‌و دژبه‌رییه مۆرك میتافیزیكییه‌ی نێوان مۆدێرنێته و پۆست مۆدێرنێته ره‌ت ده‌كاته‌وه، یان ئه‌وه‌ی (فۆكۆ) له ده‌قی "رۆشنگه‌ری چییه؟" ناوی نابوو: ئه‌و گوشاره سیاسی و كولتوورییه‌ی له لایه‌ن هه‌ندێكه‌وه (له ئاماژه‌یه‌كدا كه جێی گومان نییه بۆ هابرماس) كه یان ده‌بێ له‌گه‌ڵ مۆدێرنێته‌دا بێ یان له دژی (4). درێدا به ره‌ت كردنه‌وه‌ی ئه‌و جووت به‌رامبه‌ر یه‌ك وه‌ستانه میتافیزیكییه، خۆی له‌و ته‌ڵه‌یه‌ی هه‌ر یه‌ك له (هابرماس) و (لیوتار) تێی كه‌وتوون ده‌پارێزێت، كه (هابرماس) و (لیوتار) هه‌ر یه‌كه‌یان سه‌نگه‌ری به‌رامبه‌ر به‌وی دیكه‌ی گرت.
وێرِای هه‌ست كردنمان به‌و جیاوازی و به‌و خیانه‌ته دوو لایه‌نه‌یه، ئێمه هه‌وڵی ئه‌وه ده‌ده‌ین، كه له هه‌ڵوێستی درێدایی له‌م باره‌یه‌وه نزیك ببینه‌وه، هه‌وڵ ده‌ده‌ین ئه‌و شته دیسپلین بكه‌ین كه ناكرێ دیسپلین بكرێت. له‌گه‌ڵ نه‌بوونی ده‌قی روونی درێدایی له‌م باره‌یه‌وه، ئێمه له‌و دیمانه‌یه‌ی كه درێدا له‌گه‌ڵ مامۆستای فه‌لسه‌فه له زانكۆی پۆستن (ریچارد كیرنی)دا كردی، وه‌ڵامێك به شێوه‌یه‌ك له شێوه‌كان بۆ پرسیاره‌كانمان ده‌دۆزینه‌وه. له‌و دیمانه‌یه‌دا درێدا وه‌ڵامی پرسیاری "ئایا په‌یوه‌ندییه‌ك له نێوانی ههڵوهشانگهری و مۆدێرنێته‌دا هه‌یه؟" به گوته‌ی: "به‌رامبه‌ر به زاراوه‌ی مۆدێرنێته هه‌رگیز هه‌ستم به شادی نه‌كردووه" ده‌داته‌وه. بێ گومان هه‌ست ده‌كه‌م ئه‌وه‌ی ئهمرِۆ له جیهاندا روو ده‌دات شتێكی ده‌گمه‌ن و تاق و ته‌نیایه، به‌ڵام هه‌ر له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی بلیتی "مۆدێرنێته"ی پێوه ده‌نووسێنین، تا ئه‌وه‌ی به ته‌رزێكی مێژوویی وا بۆ په‌ره‌سه‌ندن و پێشكه‌وتن وه‌سفی ده‌كه‌ین (ئه‌وه‌ش بیرۆكه‌یه‌كه له عه‌قڵانیزمی سه‌رده‌می رۆشناییه‌وه وه‌رگیراوه)، هه‌ر ئه‌وه‌شه كه هه‌وڵ ده‌دات كوێرمان بكات له ئاست بینینی هه‌قیقه‌تی ئه‌وه‌ی، كه ئهمرِۆ رووبهرِوومان ده‌بێته‌وه، ئه‌و هه‌روه‌ها شتێكی كۆنه و له مێژوودا په‌نا دراوه. من برِوام وایه ئه‌وه‌ی له جیهانی هاوچه‌رخماندا روو ده‌دات و ئه‌وه‌ی له پرِ لێمان په‌یدا ده‌بێت به‌وه‌ی كه نیمچه نوێیه، له هه‌قیقه‌تدا په‌یوه‌ندییه‌كی جه‌وهه‌ریی به شتێكی زۆر كۆنه‌وه هه‌یه (هه‌ر له كۆنه‌وه په‌نا دراوه). هه‌ر بۆیه نوێ هه‌ر ئه‌وه نییه به دروستی كه بۆ یه‌كه‌مین جاره په‌یدا ده‌بێت، به‌ڵكوو ئه‌و ره‌هه‌نده "زۆر كۆن"شه كه له "زۆر نوێ"دا به‌رجه‌سته ده‌بێت، كه به شێوه‌یه‌كی دووباره‌وه بوو ده‌لاله‌تی پێ ده‌به‌خشرێت، ئه‌ویش له رێی نه‌ریتی مێژووییانهمان له یۆنان و له رۆماوه، له لای ئه‌فلاتوون و له لای دیكارت و كانت.... هتد. گرنگ راده‌ی نوێیایهتیی ئه‌و واتا نوێیه نییه كه ره‌نگه په‌یدا بێت، ئه‌و هه‌رگیز به شێوه‌یه‌كی تایبه‌ت نوێ نه‌بووه، به‌ڵكوو ئه‌و له هه‌مان كاتدا دیارده‌یه‌كه له دیارده‌كانی دووباره بوونه‌وه.(5)"
له‌م برِگه درێداییهدا، كۆن به ته‌واوی خۆی له كراسی "نوێ"ی هه‌ره هاوچه‌رخدا ده‌شارێته‌وه، وه‌ك ئه‌وه‌ی له لای (بۆدلێر) و (بنیامین)دا باو بوو. به‌ڵام شتی سه‌یر له‌م هه‌ڵوێسته‌ی درێدا، تێكه‌ڵ بوون و تێكچرِژانی كاته‌كانه، چونكه كات له لای ئه‌و هێڵه كاتێك نییه، كه له رابردووه‌وه به‌ره‌و ئێستا ده‌چێت و ئه‌ویش له لای خۆیه‌وه به‌ره‌و ئاینده دهرِانێت، به‌ڵكوو كاته‌كان تێكه‌ڵ و تێك ئاڵۆسكاو ده‌بن، تارماییه‌كان له كاتی رابردوو، هه‌روه‌ها له ئایندهی خۆیان داده‌ماڵێن و له ئێستادا ده‌ژین. (له‌م چوارچێوه‌یه‌دا ده‌كرا بیرۆكه‌ی جیاوازیی درێدایی رۆشناییهكمان له‌باره‌ی بیرۆكه‌ی جووله و كات له لای درێدا پێ بدات، به‌ڵام ئه‌و پرۆژه‌یه دوا ده‌خه‌ین).
ده‌كرێ ئه‌و ده‌سته‌واژه‌یه‌ی درێدا وه‌ڵامه‌كه‌ی خۆی ده‌ست پێ كردبێت، كه گوتوویه‌تی "به‌رامبه‌ر به زاراوه‌ی "مۆدێرنێته" هه‌ستم به شادی نه‌كردووه"، بیرۆكه‌یه‌كمان ده‌رباره‌ی خولقی، ده‌رباره‌ی بیرۆكه‌ی "مۆدێرنێتهت بداتێَ"، كه تێیدا ره‌خنه له هه‌ردوو بیرۆكه‌ی پێشكه‌وتن و په‌ره‌سه‌ندن ده‌گرێت، به‌ڵام به‌سیش نییه بۆ یه‌كلایی كردنه‌وه‌ی هه‌ڵوێستی درێدا له‌باره‌ی بابه‌ته‌كه‌وه.
وێرِای هه‌موو ئه‌وه‌ی پێشوو، به‌ڵام ده‌توانین بڵێین: ئه‌گه‌ر مۆدێرنێته پرۆژه‌یه‌ك بێت، یان قۆناغێكی مێژوویی، یان خودی بێت، یان عه‌قڵانی، یان ئه‌وه‌تا عه‌قڵی سه‌رپشك بكات، به‌وه‌ی پێوه‌رێكی باڵایه، یان كۆمه‌ڵه پێوه‌رێكی گه‌ردوونییه، یان دابرِانێكی كۆتاییه له‌گه‌ڵ رابردوودا، یان برِوا هێنانه به پێشكه‌وتنی هه‌میشه‌یی، یان به خوداوه‌ند كردنی مرۆڤه، یان سیسته‌مێكه بۆ ده‌سه‌ڵات، یان زاڵ بوونی زیاتری مرۆڤه به سه‌ر سروشته‌وه... هتد، كه‌واته درێدا دژ به پرۆژه‌ی مۆدێرنێته‌یه. به‌ڵام ئه‌گه‌ر مۆدێرنێته بریتی بێت له درێژه‌دان به به‌هاگه‌لی رۆشنگه‌ری و پێداچوونه‌وه‌ی به‌رده‌وامیه‌تی له هه‌مان كاتدا، یان په‌یوه‌ندییه‌كه له نێوانی كات و جووله، یان گرفتێكه له نێوانی رابردوو و ئێستا و داهاتوودا، یان توانایه‌كی سیاسییه بۆ گۆرِینی رێساكانی گه‌مه‌ی ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تی، یان توانایه‌كی تازه‌یه بوار به ئازاد بوون ده‌دات به‌رامبه‌ر به خۆبه‌ستنه‌وه، یان هه‌وڵێكه بۆ گۆرِینی شێوازی بیركردنه‌وه، یان خه‌باتێكه دژ به حوكمی ئاماده و پێشین و، بیرۆكه‌ی له قاڵب دراو و ئاماده... هتد، ئه‌وه ئیدی درێدا به شایسته‌ییه‌وه یه‌كێكه له فه‌یله‌سووفانی مۆدێرنێـته.
له كاتێكدا ئه‌گه‌ر پۆست مۆدێرنێته هه‌ر ته‌نیا قۆناغێكی مێژوویی پاش قۆناغی مۆدێرنێته بێت، یان ره‌ت كردنه‌وه‌یه‌كی ته‌واو و به خۆرِایی عه‌قڵ و عه‌قڵانیه‌ت بێت، یان دابرِانێكی ته‌واو، به‌ڵكوو دوژمنایه‌تیی نوێخوازی و رۆشنگه‌ری بێت، ئه‌وه درێدا هیچ په‌یوه‌ندییه‌كی به پۆست مۆدێرنێته‌وه نییه. به‌ڵام له حاڵه‌تێكدا ئه‌گه‌ر له به‌رامبه‌ردا پۆست مۆدێرنێته كفر كردن بێت به گێرِانهوهگهلی مه‌زن، یان ره‌ت كردنه‌وه‌ی پێشینایهتیی عه‌قڵی و نێرایه‌تی بێت به سه‌ر ئه‌وه‌ی ناعه‌قڵی و مێیه، یان تێپهرِاندنی خود بێت، یان ههڵوهشاندنهوهیهك بێت بۆ من و خۆیایه‌تی، یان زاڵ كردن و پێشینایهتی به بڵاو بوونه‌وه به سه‌ر یه‌كایه‌تی و، پهراوێزكهوته و لاوه‌كی به سه‌ر بنهرِهتیدا، شاراوه و په‌نهان به سه‌ر ئاشكرا و ده‌رهاویشته و، بزر بوون به سه‌ر ئاماده بووندا و، نائاگایی به سه‌ر ئاگاییدا، ئه‌وه له‌م حاڵه‌ته‌دا درێدا به هه‌موو واتایه‌ك فه‌یله‌سووفی پۆست مۆدێرنێته‌یه.
جارێكی دی دهزووهكان، هه‌رچه‌ندی بمانه‌وێ شیان بكه‌ینه‌وه و له یه‌كیان جیا بكه‌ینه‌وه، له نێو ده‌ستماندا دهئاڵۆسكێن. له نێوانی درێدای مۆدێرنێته و درێدای پۆست مۆدێرنێته‌دا، ده‌كرێ تێبینی بكه‌ین كه درێدای یه‌كه‌م، واته درێدای تا سه‌ره‌تای هه‌شتاكانی سه‌ده‌ی رابردوو، پتر له رۆحی پۆست مۆدێرنێته‌وه نزیكتر بوو. له كاتێكدا درێدای دووه‌م، واته درێدا له به‌رایی هه‌شتاكانه‌وه، ئه‌وه پتر له مه‌یلی پۆست مۆدێرنێته‌وه دووره و، پتر له‌گه‌ڵ رۆحی مۆدێرنێته و رۆشنگه‌ریی ئه‌وروپادا هاوسۆزه.
په‌راوێز:
1- Jean-François Lyotard, La Condition Postmoderne, Minuit, Paris, 1979
2- Habermas, « La modernité : un projet inachevé », trad. franç. Gérard Raulet, in Critique, n° 413, « vingt ans de pensée allemande », oct. 1981, p. 966.
3- Simon Critchley, « Déconstruction et communication. Quelques remarques sur Derrida et Habermas », pp. 53-70, in Derrida : la déconstruction, Coordonné par Charles Ramond, puf, 2005, p. 53.
4- Foucault, Quest-ce que lAufklärung ?, P. 70.
5- « Dialogue with Jacques Derrida », in Richard Kearney, ed., Dialogues with Contemporary Continental Thinkers (Manchester University Press, 1984), pp. 112-113