له بونیادخوازییه‌وه بۆ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ده‌ق
October 3, 2010
فیکر و فەلسەفە

نووسه‌ر :حه‌مه‌سه‌عید حه‌سه‌ن
ڕه‌خنه و ڕهخنهگرڕهخنهی ئه‌ده‌بی زاده‌ی مه‌عریفه‌یه، ئه‌وه بۆیه به‌شێکی زۆر له بیرمه‌نده‌کان، ڕه‌خنه‌گری ئه‌ده‌بییش بوون، وه‌ک هیگڵ، مارکس و هایدگه‌ر. ڕه‌خنه‌ی ئه‌ده‌بی هه‌رچه‌نده بوارێکی سه‌ربه‌خۆی لێکۆڵینه‌وه ئینسانییه‌کانه، وه‌لێ پێوه‌ندییه‌کی پته‌ویشی به بواره‌کانی دیکه‌وه هه‌یه. سه‌عاتچی چۆن به وردی سه‌رنجی سه‌عات ده‌دات، ڕه‌خنه‌گریش ده‌بێت به هه‌مان شێوه له تێکست ورد ببێته‌وه. ڕه‌خنه‌گر پردێکه له نێوان ده‌ق و خوێنه‌ردا و یه‌کێک له ئه‌رکه سه‌ره‌کییه‌کانی ئه‌وه‌یه، ڕووناکی بخاته سه‌ر تێکسته‌که و نابێت له‌سه‌ر سینییه‌کی زێڕین، خۆراکێکی بۆگه‌ن پێشکه‌ش بکات. (نووسه‌ر، ده‌ق، خوێنه‌ر) ئێستایش ڕه‌خنه‌ی ئه‌ده‌بی بایه‌خ به‌و سێکوچکه‌یه ده‌دات. ڕه‌خنه‌ی جوان نه پاشکۆی ده‌قه، نه هیچی له‌و تێکسته که‌متره که به سه‌ری ده‌کاته‌وه.
ڕه‌خنه‌گر که له ده‌قێک ده‌کۆڵیته‌وه، پێویسته وه‌ڵامی ئه‌م پرسانه بداته‌وه:
ئه‌و ده‌قه چۆن گوتراوه؟
چی تێدا گوتراوه؟
بۆچی وه‌ها گوتراوه؟
به لای هه‌ندێک ڕه‌خنه‌گره‌وه: کێ ده‌قه‌که‌ی نووسیوه؟ که‌ی ده‌قه‌که نووسراوه؟ هیچ گرنگییه‌کیان نییه. تۆدۆرۆ‌ڤ ده‌ڵێت: (هه‌موو ده‌قێک ده‌یه‌وێت شتێک بڵێت، ئامانجی لێکۆڵینه‌وه، گه‌ییشتنه به‌و شته.) ڕه‌خنه‌گری ئه‌ڤانگارد بتێک ناشکێنێت، په‌رستگه‌که ده‌ڕووخێنێت و که ده‌ست ده‌داته قه‌ڵه‌م، به نیازه لایه‌نی ده‌قێک بگرێت، یان ده‌قێک ڕه‌ت بکاته‌وه، به‌ڵام ئه‌مه به‌و مانایه نییه که پێش خوێندنه‌وه، بڕیاری دابێت لایه‌نی ده‌قێک بگرێت، یان به چاوی گومانه‌وه سه‌رنجی ده‌قێک بدات.
ڕه‌خنه ده‌شێت له به‌رژه‌وه‌ندیی ده‌قه‌که بێت، یان هه‌وڵی به‌فیڕۆدانی ڕه‌نجی نووسه‌ره‌که‌ی بدات. ده‌شێت بایه‌خ به هه‌ندێک لایه‌نی گرنگی تێکسته‌که بدات و هه‌ندێک لایه‌نی گرنگی دیکه‌ی فه‌رامۆش بکات. ده‌شێت بایه‌خ به لایه‌نه لاوه‌کییه‌کانی ده‌قه‌که بدات و لایه‌نه سه‌ره‌کییه‌کانی پشتگوێ بخات، یان ده‌شێت ته‌نیا له ڕوانگه‌ی ئیدیۆلۆگییه‌وه سه‌رنجی ده‌قه‌که بدات.
ژاک درێد‌ا ده‌ڵێت: (ده‌ق بۆ ئه‌وه‌ی مانابه‌خش بێت، پێویستی به لێکدانه‌وه هه‌یه.) ڕه‌خنه‌گر ده‌یه‌وێت له ڕێی کردنه‌وه‌ی کۆده‌کانی تێکسته‌وه، لایه‌نه تاریکه‌کانی ڕۆشن بکاته‌وه. سیڵدن ده‌ڵێت: (ڕه‌خنه‌گریش که چه‌شنی ئاسه‌وارناس زه‌وینی ده‌ق هه‌ڵده‌کۆڵێت، ئه‌وه به ئومێدی دۆزینه‌وه‌ی شتی نوێیه،) شتێک که پێشتر باسی نه‌کرابێت، ئاخر ڕه‌خنه‌گر نابێت ته‌نیا دیوی ده‌ره‌وه‌ی ده‌ق ببینێت. وه‌ک چۆن ڕۆماننووس قووڵ به ناخی قاره‌مانه‌که‌یدا ڕۆ ده‌چێت، ئه‌ویش ده‌بێت به ناخی ده‌قدا ڕۆ بچێت، ئه‌گه‌ر نا ناتوانێت لێکی بداته‌وه.
ڕاسته تێکست خاوه‌نی سیسته‌می سه‌ربه‌خۆی خۆیه‌تی، به‌ڵام نه له بۆشاییدا سه‌رهه‌ڵده‌دات، نه له بۆشاییدا ده‌ژی، به‌ڵکوو ده‌یان دا‌و به چه‌ندان سیسته‌می دیکه‌یه‌وه ده‌به‌ستێته‌وه و یاسای گۆڕان پێکهێنه‌ره‌کانی ده‌قیش ده‌گرێته‌وه، هه‌ر ئه‌مانه‌یشه وایان کردووه، ده‌ق خوێندنه‌وه‌ی جیاواز هه‌ڵبگرێت. ئه‌ده‌ب لای ڕه‌خنه‌گرانی مارکسیست له ڕاستییه ئابووری و کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان دابڕاو نییه و ده‌ره‌وه له ده‌قدا نه‌ک هه‌ر هه‌میشه ئاماده‌یه، به‌ڵکوو به‌ردی بناغه‌ی داهێنانیشه و هونه‌ر به گشتی به‌شێکه له سه‌رخانی کۆمه‌ڵ. هیگڵ پێی وایه هه‌موو ناوه‌ڕۆکێک شێوه‌ی گونجاو بۆ خۆی دیاری ده‌کات. لای مارکس، فۆرم بێ بایه‌خه ئه‌گه‌ر فۆرمی ناوه‌ڕۆکێک نه‌بێت. له ڕوانگه‌ی (ئاڵتۆسیر)ه‌وه، مارکسیزم ئینسان وه‌ک تاک ناکاته بناغه، به‌ڵکوو وه‌ک زاده‌ی پێوه‌ندییه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان و شێوازی به‌رهه‌مهێنان ده‌یبیبێت. لای ڕه‌خنه‌گری بونیادخواز، چونکه له ڕیالیزمدا، زمان ڕوونه و ژیانی تێدا ده‌بینرێت، مه‌دلوول (مه‌به‌ست) له دال (هێما) گرنگتره، مانا پێش ده‌نگ ده‌که‌وێت و مه‌به‌ست پێشه‌کی ئه‌و شتانه‌ی ده‌ستنیشان کردووه که نووسه‌ر به‌کاریان ده‌هێنێت، بۆیه ڕیالیزم دژی هونه‌ره و ئه‌ده‌ب ده‌کاته خزمه‌تکاری واقیع و زمانیش که ئامانجه وه‌ک ئامێر ده‌یخاته گه‌ڕ.
سه‌رهه‌ڵدانی بونیادخوازی
ده‌ڵێن سه‌رهه‌ڵدانی بونیادخوازی بۆ ساڵانی 1907 _ 1913 ده‌گه‌ڕێته‌وه، ئه‌و کاتانه‌ی (دێ سوسێر) له زانکۆی ژنێڤ له بواری زانستی زماندا، خه‌ریکی ده‌رسگوتنه‌وه بوو. دواتر ئه‌و مێتۆده له گه‌لێک بواری دیکه‌ی مه‌عریفه‌دا ڕه‌چاو کرا. دێ سوسێر که پێی وابوو ده‌ره‌وه کارتێکردنێکی هێنده به‌رچاوی له‌سه‌ر زمان نییه و زمان خۆڕسکانه دێته گۆڕێ، کاریگه‌رییه‌تیی له‌سه‌ر فۆرمالیسته ڕووسه‌کانیش، وه‌ک: شکلۆفسکی و تینیانۆڤ، هه‌بوو. گوته‌ی بونیاد بۆ یه‌که‌مین جار، 1929 له کۆنگره‌ی فیلۆلۆژه‌کانی سلاڤدا، تینیانۆڤ به کاری هێنا، زاراوه‌ی بونیادخوازیش هه‌ر هه‌مان ساڵ بۆ یه‌که‌مین جار، ڕۆمان ژاکۆبسۆن (1896 _ 1982) به کاری برد، بونیادخوازی هه‌ر درێژه‌پێدانی فۆرمالیزمی ڕووسیایییه و زانای فه‌ره‌نسایی کلود لێڤی شتراوس یه‌کێکه له به‌ناوبانگترین دامه‌زرێنه‌ره‌کانی.
هه‌ندێکی دیکه 1930 به ساڵی له دایکبوونی بونیادخوازی ده‌زانن و وای بۆ ده‌چن، سه‌رده‌می زێڕینی پراکتیزه‌کردنی ئه‌و مێتۆده، له ساڵی 1956 به دواوه ده‌ستپێ ده‌کات. ساڵی 1968 بڕووخێت بونیادگه‌ری، یه‌کێک بوو له دروشمه‌کانی شۆڕشی خوێندکارانی فه‌ره‌نسا. هه‌ر هه‌مان ساڵ خۆری مێتۆدی بونیادگه‌ری له ئاسمانی زێدی خۆی، فه‌ره‌نسا، ئاوا ده‌بێت. ته‌نانه‌ت هه‌ندێک موحازه‌ره‌که‌ی 1966ی ژاک درێد‌ا له زانکۆی جۆنز هۆبکنز، به ته‌ڵقیندانی ته‌رمی بونیادخوازی و جاڕدانی له دایکبوونی هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌خوازی داده‌نێن.
بونیادخوازی چونکه فه‌لسه‌فه نییه، مێتۆدی لێکۆڵینه‌وه‌یه، ڕه‌خنه‌گر بۆ پێڕۆکردنی ئه‌و مێتۆده، پێویستی به‌وه نییه فیکری خۆی بگۆڕێت. چونکه ئه‌وانه‌ی نوێنه‌رایه‌تیی ئه‌و مێتۆده ده‌که‌ن، له ڕووی فیکری و تیۆرییه‌وه ناته‌بان، بۆیه ناکرێت ناوی ڕێباز یان بزووتنه‌وه له بونیادخوازی بنرێت. ژاکۆبسۆن و گۆڵدمان مارکسیست بوون و مێتۆدی بونیادخوازییان ڕه‌چاو ده‌کرد، ڕۆڵان بارت هه‌ڵبژاردنخواز (ئینتیقائی) بوو، لاکان سه‌ر به هیچ ڕێبازێک نه‌بوو، ده‌یخواست وه‌ک خاوه‌ن ڕێبازی تایبه‌ت به خۆی سه‌رنجی بدرێت. به‌شێکی گرنگ له ناوبانگی میشیل فۆکۆ (1926 _ 1984) به‌وه‌وه به‌نده، گوێی به‌وانه نه‌ده‌دا که خاوه‌نی ده‌سه‌ڵاتی فیکری بوون و ئه‌و شتانه‌ی ده‌نووسی که خۆی ده‌یویست نه‌ک که ئه‌وان ده‌یانخواست.
بونیادگه‌ریی عه‌ره‌بی
فازیل عه‌ززاوی ده‌ڵێت: (ماوه‌یه‌کی کورت دوای به‌یاننامه شیعرییه‌که‌ی 69 ی ئێمه، چه‌ند ئه‌دیبێکی کوردیش به‌یاننامه‌یه‌کیان له سه‌ره‌تای ساڵی 1970 دا ده‌رباره‌ی تازه‌گه‌ری بڵاو کرده‌وه.) هه‌ر ئه‌م شاعیره که ساڵی 1967 (مخلوقات فاضل العزاوی الجمیلة)ی بڵاو کرده‌وه، ناوی لێ نابوو: ڕۆمانه‌شیعر، سی ساڵی ته‌واو دوای ئه‌و که شێرکۆ بێکه‌س له 1997 دا (مار و خاچ و رۆژژمێری شاعیرێک)ی بڵاو کرده‌وه، ناوی لێ نا: ڕۆمانه‌شیعر. فازیل عه‌ززاوی له باسی ئه‌و ڕۆمانه‌شیعره‌یدا که له نێوان ساڵانی 1965 تا 1967 دا نووسیویه‌تی، ده‌ڵێت: (ڕۆمانێکی کراوه‌یه، هه‌موو که‌س ده‌توانێت به‌شداری له نووسینیدا بکات،) که‌چی هه‌ندێک نووسه‌ر له باشووری کوردستان که تازه‌کی باسی ده‌قی کراوه ده‌که‌ن، پێیان وایه شتی نوێیان داهێناوه.
ڕوانگه لاساییکردنه‌وه‌ی ئه‌و بزووتنه‌وه شیعرییه بوو که به ده‌ستپێشخه‌ریی فازیل عه‌ززاوی له عێراقدا سه‌ری هه‌ڵدا. ساڵی 1969 که عه‌ززاوی و هاوڕێیانی گۆڤاری شیعر 69 بڵاو ده‌که‌نه‌وه، ته‌نیا چوار ژماره‌ی لێ ده‌رده‌چێت، ساڵی 1970 که شێرکۆ بێکه‌س و هاوڕێیه‌کانی گۆڤاری ڕوانگه بڵاو ده‌که‌نه‌وه، ته‌نیا سێ ژماره‌ی لێ ده‌رده‌چێت. (نحو تحلیل بنیوی للشعر الجاهلی) یه‌که‌مین لێکۆڵینه‌وه‌ی ئه‌ده‌بییه به مێتۆدی بونیادخوازی، به زمانی عه‌ره‌بی، ساڵی 1975 که‌مال ئه‌بودیب سه‌باره‌ت به شیعری (له‌بید) نووسیویه‌تی. (پروپ) به چ مێتۆدێک، چیرۆکی میللیی ڕووسیایی به سه‌ر کردووه‌ته‌وه، که‌مال ئه‌بودیبیش هه‌وڵی داوه، بۆ لێکدانه‌وه‌ی شیعری جاهیلی، هه‌مان مێتۆد بگرێته به‌ر. نزیکه‌ی ده ساڵ بوو، بونیادخوازی له زێدی خۆی باوی نه‌مابوو، ئینجا گه‌ییشته عه‌ره‌بستان، دوازده ساڵ زێتربوو گه‌ییشتبووه عه‌ره‌بستان، ئینجا گه‌ییشته باشووری کوردستان. وه‌ک چۆن که‌مال ئه‌بودیب به لاساییکردنه‌وه‌ی پروپ ده‌ستی پێ کرد، بونیادخوازانی کوردیش به لاساییکردنه‌وه‌ی که‌مال ئه‌بودیب، به خوێندنه‌وه‌ی شیعری کلاسیکی کوردی ده‌ستیان پێ کرد. ئه‌وی باسی مێژووی سه‌رهه‌ڵدانی بونیادخوازیی عه‌ره‌بی بکات، نابێت ئه‌م سێ کتێبه فه‌رامۆش بکات:
1) الأسلوب و الأسلوبیة، عبدالسلام المسدی 1977
2) نظریة البنائیة فی النقد الأدبی، د. صلاح فضل 1978
3) جدلیة الخفاء و التجلی، کمال أبودیب 1979
بونیادخوازیی عه‌ره‌بی به شێوه‌یه‌کی گشتی، وێنه‌یه‌کی شێواوی بونیادخوازییه ئه‌ورووپایییه‌که‌یه، بونیادخوازیی کوردییش وێنه‌یه‌کی شێواوی بونیادخوازییه عه‌ره‌بییه‌که‌یه. ئێدیت کرۆزۆیڵ پێی وایه، چونکه کولتووری ئه‌مریکایییه‌کان له هی فه‌ره‌نسایییه‌کان جیاوازه، بۆیه بونیادخوازی نه‌یتوانی له ئه‌مریکا به هه‌مان شێوه‌ی فه‌ره‌نسا گه‌شه بکات و بڵاو ببێته‌وه، ئاخر ئه‌مریکایییه‌کان مێژوو به هه‌ند ناگرن و هه‌میشه چاویان بڕیوه‌ته داهاتوو، وه‌لێ فه‌ره‌نسایییه‌کان گیرۆده‌ی ده‌ستی ڕابردوون. ئایا کوردستان بۆ سه‌رهه‌ڵدانی بونیادخوازی له‌بار بوو؟ یان بره‌وی ئه‌و مێتۆده لای ئێمه، ته‌نیا له لاساییکردنه‌وه‌یه‌کی ڕووته‌وه سه‌رچاوه‌ی گرت؟
که‌مال ئه‌بودیب که وێنه‌یه‌کی شێواوی شتراوسه، دێت به که‌ره‌سه‌کانی ئه‌و باسی شیعری ئیمره‌ئولقه‌یس ده‌کات، بونیادخوازی کوردیش که وێنه‌یه‌کی شێواوی که‌مال ئه‌بودیبه، دێت قه‌رز له قه‌رزدار ده‌کات، کاتێک به که‌ره‌سه‌کانی وی، باسی شیعری مه‌حوی یان نالی ده‌کات. که‌مال ئه‌بودیب ده‌ڵێت: (ئه‌وه‌ی من کردوومه له بواری ڕه‌خنه‌ی بونیادخوازیدا، گه‌لێک له‌وه زێتره فه‌ره‌نسایییه‌کان و هه‌موو ئه‌ورووپایییه‌کان کردوویانه.) هه‌ر ئه‌م که‌پووبڵندییه وای له مۆدێرنیسته عه‌ره‌به‌کان کردووه، بڵێن: (ئینسانی ئه‌م سه‌رده‌مه، یان وه‌ک ئێمه نوێخوازه، یان کۆنه‌خوازێکی نه‌زانه.) هه‌ندێک له بونیادخوازانی کورد لووتبه‌رزی و که‌سانی دیکه به جاهیل له قه‌ڵه‌م دانیش، هه‌ر له عه‌ره‌به‌کانه‌وه فێر بوون.
مۆدێرنیزمی ئه‌ورووپایی چه‌ندان ڕێبازی وه‌ک ڕه‌مزی، ته‌عبیریی، دادایی، سوریالی، بێهووده‌یی و فۆرمالیزمی به خۆیه‌وه دیوه، ئایا خۆ به نوێخواززانانی کورد، له لاساییکردنه‌وه‌ی لێ ده‌ربچێت، چی‌یان داهێناوه؟ بۆدلێر: په‌خشانه‌شیعر، سێرڤانتس: ساتیر، ئاڵتۆسیر: خوێندنه‌وه‌یه‌کی نوێی مارکسیزم، سۆسێر: سیسته‌می زمان، هایدگه‌ر: هێرمێنیۆتیکا، فۆکۆ: ئه‌رکیۆلۆژیای مه‌عریفه، لاکان: ده‌روونناسی، شتراوس: ئه‌نترۆپۆلۆژیا، ژاکۆبسۆن: سیمیۆتیکا و ئێدوارد سه‌عید: ئه‌ده‌بی دوای کۆڵۆنیالیزم، ئایا به ناڕه‌وا خۆ به‌زلزانه‌کانی کورد له چ بوارێک‌دا داهێنانیان تۆمار کردووه؟ ئه‌گه‌ر عه‌ره‌بی ئه‌دوار خه‌ڕڕات گوته‌نی، زمانێکی گوندی بێت، ئه‌وا کوردی زمانی کوێره‌دێیه‌که، بریا له‌بری خۆ‌هه‌ڵکێشان، چونکه چه‌کی دیکه شک نابه‌ین، ده‌مانتوانی به‌و زمانه شیرینه، سووکه‌به‌شدارییه‌ک له گۆڕینی واقیعی باودا بکه‌ین.
بونیادخوازی چییه؟
بونیادخوازی ڕه‌نگدانه‌وه‌ی ئه‌و ته‌نگژه کولتووری، فیکریی و شارستانییه بوو که ئه‌ورووپای پێدا ڕه‌ت ده‌بوو، چونکه ڕووی ده‌می ته‌نیا له‌و هه‌ڵبژارده‌یه بوو که به کاری ڕه‌خنه‌نووسینه‌وه خه‌ریک بوو، ڕه‌خنه‌یه‌کی تا بڵێیت بێ جه‌ماوه‌ر بوو، له‌وه ناچێت ژماره‌ی خوێنه‌رانی، زۆر له ژماره‌ی نووسه‌رانی هه‌ڵکشاوتر بووبێت. نووسینی ڕه‌خنه‌گری بونیادخواز، له‌و ده‌قه ئه‌ده‌بییه که به سه‌ری ده‌کاته‌وه، سه‌ختتره و نه‌ک هه‌ر ده‌قی کارله‌سه‌رکراو شی ناکاته‌وه، به‌ڵکوو خۆی پێویستی به شیکردنه‌وه هه‌یه، نه‌ک هه‌ر یاریده‌ی خوێنه‌ر نادات، به‌ڵکوو کاره‌که‌ی لێ دژوارتر ده‌کات و ئه‌میش وه‌کوو شیعری باڵا، خوێنه‌ر لێی تێناگات. به‌و ڕه‌خنه‌یه‌ی شتراوس له‌سه‌ر (ئۆدیب)ی نووسیوه، خوێنه‌ر له دراماکه نزیک نابێته‌وه، ڕۆلان بارت (1915 _1980) چیرۆکێکی به‌لزاکی به‌سه‌ر کردووه‌ته‌وه، لێکۆڵینه‌وه‌که‌ی حه‌وت هێنده‌ی چیرۆکه‌که‌یه.
هه‌رچه‌نده ڕه‌خنه‌گری بونیادخواز، زۆر باس له نزیکبوونه‌وه له ده‌ق و ڕۆچوون به ناخیدا ده‌کات، که‌چی هێنده لێی دوور ده‌که‌وێته‌وه، خوێنه‌ر له بیری ده‌چێته‌وه، ڕه‌خنه‌گر باسی چی ده‌کات و له‌بری ئه‌وه‌ی ڕووناکی بخاته سه‌ر ده‌قه‌که، ده‌یشارێته‌وه. به‌و دیاگرام، خشته و شێوه ئه‌ندازه‌یییانه‌یش که بونیادخوازان په‌نای بۆ ده‌به‌ن، خوێنه‌ر له تێکسته‌که دوورتر ده‌خه‌نه‌وه. له‌ناکاو بازنه، سێگۆشه، لاکێشه، تیر و هێڵکاریی سه‌یر سه‌یر قوت ده‌که‌نه‌وه، بێ ئه‌وه‌ی خوێنه‌ر بزانێت، چی شیعری بۆدلێر یان نالی له‌گه‌ڵ ئه‌و بازنه و هێڵه ڕاست و چه‌پانه‌دا کۆ ده‌کاته‌وه. میشیل ڕیفایته‌ر پێی وایه، نه‌ک خوێنه‌ری ئاسایی، ڕۆشنبیریش له‌و ڕه‌خنانه تێناگات که شتراوس و ژاکۆبسۆن سه‌باره‌ت به شیعری بۆدلێر نووسیویانه. هه‌ندێک له‌و ڕه‌خنه‌گرانه‌ی (ئه‌لیه‌ت)یان به ئه‌رستۆکرات ده‌زانی، هه‌ڵبژارده‌یش به ته‌واوی له نووسینه‌کانی خۆیان تێنه‌ده‌گه‌ییشت.
ڕه‌خنه‌ی بونیادخوازی بایه‌خ به قووڵایی ده‌دات و پانتایی فه‌رامۆش ده‌کات، وه‌ک تیشکی ئێکس ده‌گاته سه‌ر ئێسک، به‌ڵام توێژه‌کانی پێش ئێسک پشتگوێ ده‌خات. بونیادخواز شاکاری ئه‌ده‌بی ته‌نیا وه‌ک په‌یکه‌ری ئێسک ده‌بینێت، لێکۆڵینه‌وه‌که‌ی ملکه‌چی ئامار، هێڵکاری و قاڵبی پێشوه‌خت ئاماده‌کراوه و چونکه ته‌نیا له په‌نجه‌ره‌ی زمانه‌وه ده‌ڕوانێته ده‌ق، بۆیه ناتوانێت هه‌موو تێکسته‌که ببینێت. به لای بونیادخوازییه‌وه، گرنگ ئه‌ده‌بیبوونی ده‌قه، به چاوپۆشین له مانای ده‌ق و ئه‌رکی ئه‌ده‌ب. بونیادخواز هه‌وڵ ده‌دات گرنگیی به‌و ڕه‌گه‌زانه بدات که وایان کردووه، ده‌قێک بکه‌وێته خانه‌ی ئه‌ده‌به‌وه و لای ئه‌و بایه‌خی ده‌ق ته‌نیا به پێوه‌ندیی نێوان پێکهێنه‌ره‌کانییه‌وه به‌نده، وه‌لێ له کن ڕه‌خنه‌گره مارکسیسته‌کان پێوه‌ندیی نێوان پێکهێنه‌ره‌کانی تێکست و مێژوو، مانا و بایه‌خی کاره ئه‌ده‌بییه‌که ده‌ستنیشان ده‌کات.
لای بونیادخوازان گوته وه‌ک یه‌که‌یه‌کی سه‌ربه‌خۆ گرنگییه‌کی ئه‌وتۆی نییه، گرنگ پێوه‌ندیی نێوان گوته‌کانه، په‌یامی ده‌ق گرنگ نییه، لایه‌نی نائاگایی و دیوی ناوه‌وه‌ی ده‌قه‌که گرنگه. ڕه‌خنه‌ی بونیادخوازانه ناوه‌کییه، هه‌ر بایه‌خ به ناوه‌وه‌ی ده‌ق ده‌دات، ده‌ره‌کی نییه، ئاوڕ له ده‌ره‌وه‌ی ده‌ق ناداته‌وه. لێکۆڵینه‌وه‌ی بونیادخوازانه ته‌نیا ڕاهێنانه له‌سه‌ر زمان، لای سۆسێر هیچ پێوه‌ندییه‌ک له نێوان ده‌نگی وشه‌که و ماناکه‌یدا نییه و مانای وشه له‌ناو خودی وشه‌که‌دا نییه، له ده‌ره‌وه‌ی وشه‌که‌دایه. بونیادخواز که باس له بونیادی ده‌ق ده‌کات، سه‌رنجی ته‌نیا لای پێکهێنه‌ره‌کانی ده‌قه‌که‌یه و ناوه‌ڕۆکی به لاوه مه‌به‌ست نییه. لای ئه‌و دال گرنگه، مه‌دلوول هیچ به‌هایه‌کی نییه و ته‌نیا له ڕێی زمانه‌وه جیهان ده‌بینێت.
زیندانی زمان
خولیای سه‌ره‌کیی بونیادخواز، شیکردنه‌وه‌ی ده‌قه له ڕووی زمانه‌وه. لای ئه‌و زمان ئامانجه، نه‌ک ئامێر. ده‌ق سه‌ربه‌خۆیه و پێوه‌ندیی به واقیعی ده‌ره‌وه‌ی ده‌قه‌وه نییه. هه‌موو شتێک له ده‌قه‌وه ده‌ستپێ ده‌کات و هه‌ر به ده‌قیش کۆتایی دێت. بونیادخواز هه‌لومه‌رجی کۆمه‌ڵایه‌تی، قۆناغی مێژوویی، سایکۆلۆگی و ئیدیۆلۆگی به پاساوی ئه‌وه‌ی له ده‌ره‌وه‌ی ده‌قن، پشتگوێ ده‌خات. لای ته‌وژمی فۆرمالیزمیش که ڤیکتۆر شکلۆڤسکی 1917 بانگه‌شه‌ی بۆ ده‌کرد، ڕه‌خنه ده‌بێت ته‌نیا لێکۆڵینه‌وه بێت له ده‌قه ئه‌ده‌بییه‌که و چاو له‌و هه‌لومه‌رجه کۆمه‌ڵایه‌تییه بپۆشێت که تێکسته‌که‌ی تێدا نووسراوه، یان ته‌نانه‌ت که ده‌قه‌که باسی لێوه ده‌کات و نابێت ئاوڕ له نووسه‌ری ده‌قیش بداته‌وه، به‌ڵکوو پێویسته ته‌نیا بایه‌خ به فۆرمی ده‌قه‌که و به شیوازی نووسینه‌که‌ی بدات.
لای بونیادخواز هه‌مان دال له هه‌مان ده‌قدا، مه‌رج نییه هه‌ر هه‌مان مه‌دلوولی هه‌بێت و هه‌مان خوێنه‌ر ده‌شێت خوێندنه‌وه‌ی جیاوازی بۆ هه‌مان ده‌ق هه‌بێت. لای ئه‌و هه‌ر ده‌قێک چه‌ند جار بخوێنرێته‌وه، بریتییه له هێنده ده‌قی جیاواز، له‌گه‌ڵ هه‌موو خوێندنه‌وه‌یه‌کدا، ده‌قه‌که سه‌رله‌نوێ به شێوه‌یه‌کی تازه له دایک ده‌بێته‌وه و خوێنه‌ر داهێنه‌ری ده‌قه، ئه‌وه نییه کروسمان ده‌ڵێت: (خوێنه‌ر بڕیار ده‌دات، مانای فڵان ده‌ق چییه.) بونیادخواز پێی وایه ده‌ق یاریکردنه له‌ته‌ک وشه‌دا، جیهانی ده‌قی شیعری ده‌رگه‌ی له‌سه‌ر خودی خۆی داخستووه، له ژێرخان و سه‌رخانی کۆمه‌ڵ دابڕاوه و پێوه‌ندیی به کات و شوێنه‌وه نییه. لای بونیادخواز، داهێنه‌ر هه‌ر له به‌رهه‌مهێنانی کاره‌که‌ی بووه‌وه، ئیدی پێوه‌ندیی خۆیشی له‌گه‌ڵ به‌رهه‌مه‌که‌یدا، وه‌ک پێوه‌ندیی خوێنه‌ر و به‌رهه‌مه‌که‌ی لێ دێت، چونکه کاره ئه‌ده‌بییه‌که، دوور له ده‌سه‌ڵاتی داهێنه‌ره‌که‌ی ده‌بزوێت و ئیشی خۆی ده‌کات.
بونیادخوازی دژی تاکه، چونکه له لێکدانه‌وه‌ی کاره ئه‌ده‌بییه‌کاندا، ڕۆڵی ئینسان (نووسه‌ری ده‌ق) له‌به‌ر چاو ناگرێت و باس له بزربوونی خودی نووسه‌ر ده‌کات. هه‌رچه‌نده شیعر ڕه‌نگدانه‌وه‌ی باری ده‌روونیی ئینسانه، که‌چی بونیادخوازی وه‌ک سیسته‌مێکی عه‌قڵی مامه‌ڵه‌ی له‌ته‌کدا ده‌کات. قوتابییه‌کانی شتراوس بۆ ڕۆنانی پرد له نێوان پێکهێنه‌ره‌کانی ئه‌فسانه و خه‌ونی مرۆڤدا، هانایان بۆ کۆمپیوته‌ر ده‌برد. له مارکسیزمدا تاک قوربانییه و هێزه ئابوورییه‌کان جه‌للاد، له بونیادخوازیدا خود قوربانییه و زمان جه‌للاد. بونیادخوازی لووتبه‌رزانه سه‌رنجی مێژوو ده‌دات، ئینسان له زیندانی بونیاد و سیسته‌مدا به‌ند ده‌کات و له خۆی نامۆ ده‌کات. بونیادخوازان وای بۆ ده‌چن، ئه‌وه بونیاده، ڕووداو ده‌خوڵقێنێت و ئینسان زاده‌ی زمانه، ئه‌وه‌یان له یاد ده‌چێت که بونیاد زاده‌ی پێوه‌ندییه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان و شێوازی به‌رهه‌مهێنانه.
بونیادخوازی گرنگییه‌کی زۆر به ئامار ده‌ادت، که ده‌قێک به سه‌ر ده‌کاته‌وه، ده‌نگه‌کان: به‌رز و نزم، ڕه‌نگه‌کان: تۆخ و کاڵ، گوته‌کان: کورت و درێژ، ڕسته‌کان: پرسیاری و خه‌به‌ری، ناوه‌کان: تاک و کۆ، ڕاناوه‌کان: بگۆ و بشنه‌و، ئاوه‌ڵناوه‌کان: بێلایه‌ن و لایه‌نگر، فرمانه‌کان: داخوازی و ڕابردوو، بکه‌ره‌کان: گیاندار و بێ‌گیان، ده‌ژمیرێت. ده‌شێت بونیادخوازی له ڕابردوودا له بواری ئاماردا سه‌رکه‌وتنی به ده‌ست هێنابێت، وه‌لێ هه‌نووکه کۆمپیوته‌ر ئه‌و کاره پوختتر ئه‌نجام ده‌دات.
ئایا به سه‌رنجدانی ده‌ق ته‌نیا له ڕووی زمانه‌وه، ده‌توانین به ته‌واوی هه‌ڵی بسه‌نگێنین، به مه‌رجێک زمان له هه‌موو شتێکی ده‌ره‌وه‌ی ده‌ق داببڕین؟ زمان له زه‌وینه‌یه‌کی کۆمه‌ڵایه‌تی و ڕۆشنبیریی دیاریکراودا سه‌رهه‌ڵده‌دات، پرۆژوه‌ی بونیادخوازی، زمان له‌و زه‌وینه‌یه داده‌بڕێت، بۆیه وه‌ک دیارده‌یه‌کی ئینسانی تووشی نسکۆ هات. هه‌وێنی شکستی بونیادخوازی له هه‌ناوی خۆیدا بوو، نه‌یتوانی به ڕۆچوون به ناخی ده‌قدا، دیوی ناوه‌وه‌ی ده‌ق ڕووناک بکاته‌وه، له‌به‌ر ئه‌م هۆکاره، شاسواره‌کانی لێی کشانه‌وه. پرۆژه‌ی بونیادخوازی بۆیه دووچاری گلان هات، چونکه بونیادخوازان جیهانیان له ده‌نکه‌فاسۆلیایه‌کدا ده‌بینی و دره‌نگ پێیان زانی که ئه‌و مێتۆده‌ی له‌گه‌ڵ زماندا ده‌گونجێت، مه‌رج نییه بۆ غه‌یری زمان له‌بار بێت. فۆکۆ ده‌یگوت: (حه‌قیقه‌ت بوونی نییه، ئه‌وه‌ی هه‌یه ته‌نیا زمانه.) ئه‌وان زمانیان به زیندانی عه‌قڵ ده‌زانی، که‌چی زمان بوو به زیندانیان.
بونیادخوازی زاده‌ی نائینسانبوونی کۆمه‌ڵگه‌ی سه‌رمایه‌دارییه، کۆمه‌ڵگه‌یه‌ک که ئینسانی کردووه‌ته شتومه‌ک. زۆرێک له بونیادخوازان که‌سانێک بوون، ملکه‌چی یاساکانی کۆمه‌ڵگه‌ی سه‌رمایه‌داری، که‌سانێک که پشتیان کردبووه واقیع و ئینسان. گوستاڤ فلوبیر له نامه‌یه‌کدا که بۆ (لویس کولێت)ی نووسیوه، ده‌ڵێت: (ئه‌وه‌ی به لامه‌وه جوانه، ئه‌وه‌ی ده‌مه‌وێت بینووسم، کتێبێکه له‌مه‌ڕ هیچ، کتێبێک پشت به هیچ نه‌به‌ستێت، شێوازه به‌هێزه‌که‌ی به‌شه‌کانی پێکه‌وه بلکێنێت، ته‌واو هه‌ر وه‌ک زه‌وین چۆن که‌وتووه‌ته بۆشایییه‌وه و بۆ ڕاگرتنی خۆی، پێویستی به شتی ده‌ره‌کی نییه، ئه‌ویش پێویستی به هیچ نه‌بێت. کتێبێک بابه‌تی نه‌بێت، یان لای که‌م هه‌ست به بابه‌ته‌که‌ی نه‌کرێت، ئاخر باشترین کاری هونه‌ری، که‌مترین بابه‌ت ده‌گرێته خۆی.) بونیادخوازی که هه‌ڵاتنه له کێشه‌کان، نه‌ک به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌یان، ئایا شتێکی له‌وه نوێتری گوتووه؟
هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌خوازی
له کۆتایی ساڵانی شه‌ستدا، بونیادخوازی گۆڕه‌پانی بۆ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌خوازی چۆڵ کرد. ئه‌و دوو پرۆژه‌یه به چاوپۆشین له جیاوازیی ئه‌و سه‌رئه‌نجامه‌ی پێی ده‌گه‌ن، هه‌ردووکیان پشت به خوێندنه‌وه‌ی به ده‌قه‌وه نووسان و دوور نه‌که‌تنه‌وه لێی، ده‌به‌ستن. ئه‌گه‌ر هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ده‌ق به مه‌به‌ستی ده‌ستنیشانکردنی پێکهێنه‌ره‌کانی و پێوه‌ندییه‌کانی نێوان ئه‌و پێکهێنه‌رانه و سه‌رله‌نوێ پێکه‌وه به‌ستنه‌وه‌ی ئه‌و پێکهێنه‌رانه بێت، به‌و جۆره‌ی خوێنه‌ر له مانای ده‌قه‌که نزیک ببێته‌وه، ئه‌وا هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌خوازی گه‌ڕانه‌وه‌یه بۆ ڕه‌خنه‌ی نوێ که ڕه‌خنه‌گر ڕۆڵی پردی نێوان ده‌ق و خوێنه‌ری ده‌بینی. لای ڕه‌خنه‌ی نوێ که نووسه‌ره ناسراوه‌کانی بریتیبوون له: ڕیچارد، ڕانسۆم، ئه‌لیه‌ت، وارین، بروکس و بێرک، به پێچه‌وانه‌ی هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌خوازییه‌وه، ده‌ق کۆتایی پێ هێنراو و داخراوه، که نووسه‌ره‌که‌ی له نووسینی بووه‌وه، ته‌واو ده‌بێت. ڕه‌خنه‌ی نوێ سی ساڵ (1920 _ 1950) گۆڕه‌پانی ڕه‌خنه‌ی ئه‌ده‌بیی کۆنترۆڵ کردبوو، که له ئه‌ورووپا سه‌رده‌می به‌سه‌رچوو، ئینجا گه‌ییشته وڵاتانی عه‌ره‌ب و بیست ساڵێک ڕه‌خنه‌گرانی عه‌ره‌بی سه‌رقاڵ کرد.
هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌خوازه‌کان که زاراوه ڕه‌خنه‌یییه دێرینه‌کان به شێوه‌یه‌کی نوێ داده‌ڕێژنه‌وه، پێیان وایه شتی تازه‌یان داهێناوه. پۆڵ بۆفییه ده‌ڵێت: (هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌خوازی هه‌ر درێژه‌پێدانی ڕه‌خنه‌ی نوێیه.) ژاک لاکان (1901 _ 1981) له‌ژێر کاریگه‌ریه‌تیی فرۆیددا (1856 _ 1939) له‌بری دووانه‌ی خود و بابه‌ت، دووانه‌ی من و ئه‌وی دیکه‌ی هێنایه گۆڕێ. بۆچوونه‌کانی درێد‌ا ده‌رباره‌ی زمان، سه‌رله‌نوێ نووسینه‌وه و ڕه‌تکردنه‌وه‌ی نه‌گۆڕ و خوێندنه‌وه‌ی جێی باوه‌ڕ، هه‌ر ده‌ڵێیت له هایدگه‌ره‌وه وه‌رگیراون. ئه‌وه‌یشی گوایه ئه‌ده‌بیبوونی زمان، به دووریی نێوان دال و مه‌دلووله‌وه به‌نده، هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌خوازان له هایدگه‌ریان خواستووه. (ئه‌لیه‌ت)یش له نووسینه به‌ناوبانگه‌که‌یدا: (له‌مه‌ڕ دابونه‌ریت،) به ڕاشکاوی باسی له سه‌رله‌نوێ نووسینه‌وه کردووه و پێی وابووه، هیچ ده‌قێکی نوێ له ده‌قه دێرینه‌کان دابڕاو نییه و له (وێرانه‌خاک)یشدا ڕاسته‌وخۆ و ناڕاسته‌خۆ که‌ڵکی له که‌له‌پووری شیعری لاتین، ئه‌ڵمانی و ئینگلیزی بینیوه.
ئه‌ڵقه‌ی ناوه‌ندی پرۆژه‌ی هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌خوازی، زمانه. بارت ده‌ڵێت: (ده‌ق بریتییه له زمان و له‌و چالاکییه‌ی به مه‌به‌ستی به‌رهه‌مهێنانی زمان نووسه‌ر پێی هه‌ڵده‌سێت.) (بێرمان)یش پێی وایه: (جیهان زمانه، ئاخر به هۆی زمانه‌وه له جیهان تێده‌گه‌ین.) ئه‌مانه‌یش شتگه‌لی نوێ نین، ئه‌وه‌تا هایدگه‌ر که مامۆستای درێدایه، ده‌پرسێت: کامه‌یان پێشتر سه‌ری هه‌ڵداوه؟ بوون یان زمان؟ لای ئه‌ویش شتێک نییه له ده‌ره‌وه‌ی زمان که بکرێت به پێوانه و زێڕی زمان له مه‌حه‌ک بدات و خۆیشی جێی مشت‌ومڕ له‌سه‌ر کردن نه‌بێت. مه‌سه‌له‌ی مه‌رگی نووسه‌ریش که ڕۆڵان بارت 1968 جاڕی دا و لای هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌خوازان زۆر ده‌گوترێته‌وه، شتێک نییه له داهێنانی خۆیان، پێشتر فۆرمالیسته‌کان، نووسه‌رانی ڕه‌خنه‌ی نوێ و بونیادخوازانیش نووسه‌ریان له‌ناو ده‌قدا نه‌ده‌بینی. ئه‌وه‌یشی که مه‌به‌ستی نووسه‌ر ناکرێت به پیوانه بۆ لێکدانه‌وه‌ی ده‌ق، گرنگ ئه‌وه‌یه ده‌ق چی ده‌ڵێت، بروکس 1954 گوتوویه‌تی.
ژاک درێد‌ا که به‌و مه‌به‌سته له مانای ئاسایی و یه‌که‌می ده‌ق ده‌کۆڵێته‌وه، تا وردوخاشی بکات و په‌رژوبڵاوی بکاته‌وه، پێی وایه ئه‌و ده‌قه‌ی سه‌ره‌تا و کۆتایی هه‌بێت، ناوه‌ڕۆکه‌که‌ی شیاوی لێ حاڵی‌بوون بێت، ناونیشان، نووسه‌ر، په‌راوێزی هه‌بێت و بکرێت به سه‌رچاوه، ئه‌وه ده‌قێکی ته‌قلیدییه. (بارت)یش پێی وایه ئه‌و ده‌قه‌ی ته‌نیا یه‌ک لێکدانه‌وه هه‌ڵبگرێت، ئه‌ده‌ب نییه، زمانی ئه‌ده‌بی هه‌میشه ده‌بێت زمانێکی مه‌جازی بێت و خه‌سڵه‌تی سه‌ره‌کیی زمانی ئه‌ده‌بییش ئه‌وه‌یه، ده‌شێت به‌د لێی حاڵیی ببین، هه‌ر بۆیه هه‌ر چی به‌رهه‌می سه‌ر به ڕیالیزمه، ئه‌و به ئه‌ده‌بی نازانێت.
لای هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌خوازان زمانی ئه‌ده‌بی، ڕێگه بۆ ئه‌وه خۆش ده‌کات، به هه‌ڵه لێی تێبگه‌ین و خراپی بخوێنینه‌وه. ئه‌و ده‌قه‌یشی ڕێ نادات، به‌د لێی حاڵیی ببین، ناکه‌وێته بازنه‌ی ئه‌ده‌به‌وه. لای وان، خراپخوێندنه‌وه هه‌ڵه نییه، به‌ڵکوو مه‌به‌ستیان جۆره خوێندنه‌وه‌یه‌که، ڕێگه بۆ خوێندنه‌وه‌ی جیاوازی دیکه خۆش بکات. (دێ مان) خاوه‌نی چه‌مکی به‌دخوێندنه‌وه ده‌ڵێت: (مه‌به‌ستم له خراپخوێندنه‌وه‌ی چاک ئه‌وه‌یه، ده‌قه‌که تێکستێکی دیکه‌ی سه‌رنجڕاکێش به‌رهه‌م بهێنێت و ده‌قی دووه‌میش چه‌ندان ده‌قی دیکه بهێنیته گۆڕێ.)
کێشه‌ی سه‌ره‌کیی نووسه‌ری ئه‌م سه‌رده‌مه ئه‌وه‌یه، چۆن خۆی له هه‌موو ئه‌و ڕه‌گه‌زانه ڕزگار بکات که ئه‌ده‌ب له سه‌رده‌مه‌کانی پێشوودا ڕه‌چاوی کردوون و ئێستا له که‌ڵک که‌وتوون و ناتوانن ڕه‌نگدانه‌وه‌ی ئه‌م جیهانه له‌توپه‌تبووه بن. نووسه‌ر که ده‌یه‌وێت بنووسێت، ده‌بینێت زمانێکی ئاماده‌ی له‌به‌ر ده‌ستدایه، ئه‌گه‌ر مل بۆ ئه‌و زمانه دێرینه که‌چ بکات، له ئه‌رکه سه‌ره‌کییه‌که‌ی خۆی دوور ده‌که‌وێته‌وه. نووسه‌ر بۆ ئه‌وه‌ی ده‌ستپاکانه ئینسانی هاوچه‌رخ به‌رجه‌سته بکات، ئه‌وا بارت گوته‌نی، ده‌بێت له سفره‌وه ده‌ستپێ بکات. ئه‌م له سفره‌وه ده‌ستپێکردنه‌وه‌یه‌یش هه‌ر دووباره‌کردنه‌وه‌ی هایدگه‌ره که داوای سووتاندنی کتێبخانه‌کان و شکاندنی به‌سته‌ڵه‌کی دابونه‌ریتی ده‌کرد، (به‌و مه‌به‌سته‌ی بگه‌ینه‌وه سه‌ر سه‌رچاوه‌ی یه‌که‌م، سه‌ره‌تای بوون، ئه‌و سه‌روه‌خته‌ی بۆ یه‌که‌مین جار، ناو له شته‌کان نرا و ئێستا له‌ژێر به‌سته‌ڵه‌کی دابونه‌ریتدا بزر بووه.)
سه‌رله‌نوێ نووسینه‌وه
به پێی لێکدانه‌وه‌ی ڤالیری و بۆرخیس کاری ئه‌ده‌بی، (به‌رهه‌می تاقه نووسه‌رێک نییه، به‌ڵکوو ئه‌نجامی یان به‌رهه‌می هه‌وڵی فیکری دنیایه، چونکه هه‌موو نووسه‌رێک سوود له ڕۆشنبیریی پێش خۆی ده‌بینێت و ده‌قی نوێی لێ ده‌هێنێته به‌رهه‌م و خوێنه‌ریش ده‌قه‌که ده‌وڵه‌مه‌ندتر ده‌کات.) فینسینت لیچ ده‌ڵێت: (ده‌ق شتێکی سه‌ربه‌خۆی یه‌کگرتوو نییه، کۆمه‌ڵێک پێوه‌ندییه له‌گه‌ڵ چه‌ندان ده‌قی دیکه‌دا.) میخائیل باختین (1895 _ 1975) پێی وایه: هه‌موو ده‌قێک ده‌نگدانه‌وه‌ی ده‌قێکی دیکه‌یه. لای (فۆکۆ)یش ته‌نیا یه‌ک کتێبی گه‌وره هه‌یه، هه‌ر چی ده‌نووسرێت، له‌ژێر کاریگه‌ریه‌تیی ئه‌و کتێبه مه‌زنه‌دایه و ده‌بێته به‌شێکی بچووک لێی، ئه‌و کتێبه مه‌زنه‌یش، ئه‌رشیفه.
به‌وه‌دا هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌خوازان داوای سڕینه‌وه‌ی مێژوو، خاپوورکردنی دابونه‌ریت، سووتاندنی کتێبخانه‌کان و گه‌ڕانه‌وه بۆ سفر ده‌که‌ن، ده‌بوو دژی سه‌رله‌نوێ نووسینه‌وه بوونایه، نه‌ک بانگه‌شه‌یان بۆ کردبا. ده‌بوو زمان که ده‌ربڕی دیرۆک و دابونه‌ریته، فه‌رامۆش بکه‌ن، نه‌ک بیخه‌نه سه‌نته‌ره‌وه. به‌وه‌دا (خود له لایان ئه‌و ئاره‌زووه‌یه که هه‌ر له منداڵییه‌وه سه‌رکوت ده‌کرێت و بواری خۆسه‌لماندنی پێ نادرێت،) ده‌بوو دژی خودی نووسه‌ر نه‌بوونایه و جاڕی مه‌ر‌گیان نه‌دابا.
سه‌مای شه‌یتان
تا هه‌نووکه هه‌ر چی سه‌باره‌ت به زمان، ده‌ق، نووسه‌ر، خوێنه‌ر، ڕۆڵی مێژوو، شیکردنه‌وه‌ی تێکست، جۆره‌کانی نووسین و ڕه‌خنه نووسراون، هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌خوازی گومان له هه‌موویان ده‌کات. لیچ سه‌باره‌ت به (هێلیس میلله‌ر) که هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌خوازێکی ناسراوه ده‌ڵیت: (شه‌یتانێکه سه‌ما له‌سه‌ر ته‌رمی قوربانییه‌کانی ده‌کات و گایه‌کی هه‌ڵچووه، خۆی به دووکانی چینیفرۆشێکدا کردووه.) هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌خوازان ته‌نیا وه‌ک ڕووکه‌ش، گومان له هه‌موو شتێکی دێرین ده‌که‌ن، به گژ لێکدانه‌وه کۆنه‌کاندا ده‌چنه‌وه و له ڕابردوو یاخیی ده‌بن، ئه‌گه‌ر نا ڕاستییه‌که‌ی به‌شێکی گرنگی لێکدانه‌وه‌کانیان، هه‌ر شته دێرینه‌کانه، به‌ڵام له به‌رگێکی نوێ‌دا. جێی سه‌رنجه له بواری پڕوپاگه‌نده‌ی چاک بۆ یه‌کتری کردندا، هێنده شاره‌زان، هیچ بازرگانێک به تۆزی پێیاندا ناگات، به‌رهه‌می بێپێزی یه‌کتری به شاکاری نه‌ته‌وه‌یی، به‌سه‌ر خوێنه‌ری ئاسایی‌دا ساغ ده‌که‌نه‌وه.
جۆن ئێلیس ده‌ڵێت: (هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌خوازه‌کان که شته کۆنه‌کان به شێوه‌یه‌کی نوێ داده‌ڕێژنه‌وه، هێنده لووتبڵندن، ئه‌وی له‌گه‌ڵیاندا ناکۆک بێت، به نه‌زان و کۆنه‌خوازی له قه‌ڵه‌م ده‌ده‌ن. هیچی نوێیان پێ نییه، بێجگه له بریندارکردنی نه‌یاره‌کانیان و هونه‌ری ناردنی پۆشاکی کۆن بۆ بازاڕی ئه‌ده‌ب له پاکه‌تی نوێ‌دا.) ڕه‌نگه که‌س هێنده‌ی (ئیبرامز) به قووڵیی ئه‌ده‌بی ساڵانی په‌نجای نه‌خوێندبێته‌وه، که‌چی (کیلله‌ر) که قوتبێکی هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌خوازییه، ئه‌ویشی پێ نه‌زان و دواکه‌وتووه. هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌خوازانی عه‌ره‌ب له ئه‌ورووپایییه‌کانه‌وه تووشی ئه‌م په‌تای لووتبڵندییه هاتوون، کورده‌کانیش یان دروستتر، (ڕه‌هه‌ند)ییه‌کانیش له عه‌ره‌به‌کانه‌وه تووشی بوون.
ئایا ئه‌وان به چ مه‌به‌ستێک دابونه‌ریت و مێژووی مه‌عریفه خاپوور ده‌که‌ن؟ ته‌نیا له پێناوی خاپوورکردندا، یان به مه‌به‌ستی ڕۆنانی شتێکی نوێ، له که‌ره‌سه دێرینه‌کانی ته‌لاری مێژوو؟ فۆکۆ که مێژوو به‌سه‌ر ده‌کاته‌وه، مه‌به‌ستی سڕکردنیه‌تی، ئه‌و ددان به کۆششی فیکریی که‌سانی پێش خۆیدا نانێت، هه‌وڵی سڕینه‌وه‌ی مێژوو ده‌دات و ده‌یه‌وێت خۆی لێ ڕزگار بکات. به گوێره‌ی ئه‌رکیۆلۆژیایه‌که‌ی فۆکۆ، ئینسان هێنده له‌مێژ نییه داهاتووه، ته‌مه‌نی له دووسه‌د ساڵ که‌متره و سه‌رهه‌ڵدانی ئینسان بادانه‌وه‌یه له مه‌عریفه‌ماندا و هه‌ر که شێوه‌ی مه‌عریفه‌مان گۆڕانی به سه‌ردا هات، ئینسان بزر ده‌بێت. فۆکۆ له (مێژووی سێکس)ه‌که‌یدا، له‌م بۆچوونه‌ی پاشگه‌ز ده‌بێته‌وه. به قسه‌ی خۆی نیوه‌ی یه‌که‌می ساڵانی شه‌ست، فۆکۆ له‌ژێر کۆنترۆڵی سیحری بونیادخوازیدا بووه، دژایه‌تیکردنی ئه‌و بۆ مرۆڤخوازی، به تایبه‌تی له (له دایکبوونی کلینک)دا، ڕه‌نگدانه‌وه‌ی ئه‌و جادووه‌یه. (شتراوس)یش پێی وایه، ئینسان هیگڵ و مارکس دایانهێناوه، ده‌نا جیهان بێ ئینسان سه‌ری هه‌ڵداوه و بێ ئینسانیش کۆتایی دێت. هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌خوازی، ئه‌و گایه‌ی گومان تووڕه‌ی کردووه، هیچ به پیرۆز نازانێت، هه‌ر چی هه‌یه، ته‌نیا له پێناوی تێکشکاندندا تێکێان ده‌شکێنێت، ئه‌گه‌رنا هیچی باشتری پێ نییه، ئاخر ستراتیژیای هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌خوازی له‌سه‌ر بناغه‌ی (کاولکاری و تێک‌شکاندن)ی هایدگه‌ر هه‌ڵچنراوه.
خوێندنه‌وه‌ی ده‌ق
لای بارت ستراتیژیای هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه بریتییه له:
_ ده‌ق ته‌نیا زمانه.
_ سیسته‌می پێوه‌ندیی نێوان وشه‌کان، ئه‌ده‌بیبوونی ده‌ق ده‌ستنیشان ده‌کات، نه‌ک (دیسکۆرس)ه‌که‌ی.
_ ده‌ق یاریکردنه به دال، بۆ به نهێنی هێشتنه‌وه‌ی مه‌دلوول.
_ ده‌ق له سنوور و ڕێساکان یاخیی ده‌بێت.
_ ده‌ق چ مه‌به‌ستێکی له هه‌ناویدا حه‌شار داوه گرنگ نییه، په‌رژوبڵاوییه‌که‌ی گرنگه.
_ ده‌ق وابه‌سته‌ی یۆتۆپیا و چێژی سێکسییه.
_ نووسه‌ر چونکه سه‌رله‌نوێ ده‌قێک ده‌نووسێته‌وه، بۆیه ناتوانێت خۆی به باوکی ده‌قه‌که بزانێت.
_ نووسه‌ر نه ده‌ستی به نووسینی ده‌ق کردووه، نه ده‌توانێت کۆتایی پێ بهێنێت، ته‌نیا میوانێکه، که‌ی خواستی ده‌توانێت سه‌ردانێکی ده‌ق بکات.
_ خوێنه‌ر سه‌رپشکه، فڵان دال به کام مه‌دلوول لێک ده‌داته‌وه.
جیاوازی یان دواخستن، یه‌کێکه له لایه‌نه گرنگه‌کانی هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه، درێد‌ا مه‌به‌ستی له (دیفرانس) ئه‌وه‌یه، هیچ وشه‌یه‌ک مانایه‌کی دیاریکراوی نییه، به‌ڵکوو هه‌مان وشه، چه‌ندان مانای جیاوازی هه‌یه و به‌رده‌وام مانای خۆی دوا ده‌خات و نایدات به ده‌سته‌وه. (دال _ مه‌دلوول _ دال) دال ئه‌گه‌ر مه‌دلوولێکیشی هه‌بێت، مه‌دلووله‌که ده‌بێته‌وه به دال و ئه‌م داله نوێیه‌یش مه‌دلوولێکی تازه‌ی دیکه‌ی ده‌بێت و ده‌یشبێته‌وه به دالێکی دیکه و به‌م شێوه‌یه مانای خۆی ده‌گۆڕێت و دوا ده‌خات.
خوێنه‌ر ده‌توانێت چۆنی ده‌وێت، وا ده‌قه‌که لێک بداته‌وه و سه‌رله‌نوێ بینووسێته‌وه. ده‌ق داخستن ناناسێت، خۆی به ده‌سته‌وه نادات، ته‌مومژاوییه، له‌گه‌ڵ چه‌ندان ده‌قی دیکه‌دا ده‌ستی تێکه‌ڵ کردووه، مه‌به‌ستی خۆی ساغ ناکاته‌وه، کۆتایی بۆ نییه و هه‌میشه کراوه‌یه. هه‌موو خوێندنه‌وه‌یه‌ک، خوێندنه‌وه‌یه‌کی پێشتر هه‌ڵده‌وه‌شێنیته‌وه و هیچ خوێندنه‌وه‌یه‌ک ڕاست نییه. ده‌ق قابیلی خوێندنه‌وه نییه، هێنده په‌رژوبڵاوه، سه‌رێکی هه‌یه و هه‌زار سه‌ودا، به چه‌ندان شێوازی جیاواز ده‌خوێنرێته‌وه، هه‌رگیز مانایه‌کی نه‌گۆڕ، جێی متمانه و ته‌واوی بۆ دیاری ناکرێت. ته‌نانه‌ت بارت پێی وایه، (ئه‌وی بڕوای به مانای کۆتایی و دیاریکراوی ده‌ق هه‌بێت، بڕوای به حه‌قیقه‌تی پێشوه‌خت و نه‌گۆڕیش هه‌یه.)
ڕه‌خنه‌گری هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌خواز ناخوازێت مانای ده‌ق لێک بداته‌وه، ده‌یه‌وێت ئه‌وه بسه‌لمێنیت که ده‌ق مانایه‌کی دیاریکراوی نییه، یان هێنده‌ی ژماره‌ی خوێنه‌رانی مانای هه‌یه و هه‌وڵ ده‌دات ده‌قه‌که له ته‌قینه‌وه‌یه‌کی به‌رده‌وامدا بێت و لای وی، شته سه‌ره‌کییه‌کان ده‌بنه لاوه‌کی، لاوه‌کییه‌کانیش ده‌بنه سه‌ره‌کی. ڕه‌خنه‌گری هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌خواز قاچی ده‌ق ده‌کاته ئاسمان، له‌سه‌ر سه‌ر ڕای ده‌گرێت، ساختمانی ده‌ق ڕووخێنیت و چه‌قه‌که‌ی ده‌گۆڕیت. هێلیس میلله‌ر ده‌ڵێت: (ئه‌رکی ڕه‌خنه‌گر ئه‌وه‌یه، به‌رده له‌قه‌که‌ی بینای ده‌ق بدۆزێته‌وه و بیهه‌ژێنێت، تا ته‌لاری ده‌قه‌که که له‌سه‌ر هه‌ره‌سهێنان بوو، بڕووخێنێت.)
نووسه‌ری بێ ده‌سه‌ڵات
ڕه‌خنه‌گری هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌خواز گوایه بۆیه به کۆڵانه تاریک و ته‌سک و پێچاوپێچه‌کانی ده‌قه‌که‌دا ده‌گه‌ڕێت، تا بیسه‌لمێنێت ئه‌وه ده‌قه‌که‌یه خۆی ده‌کاته‌وه و ئه‌و ته‌نیا به چینه‌کانی خواره‌وه‌یدا ڕۆ ده‌چێت و هه‌وڵ ده‌دات له‌و ڕێیه‌وه، لایه‌نه تاریکه‌کانیشی قابیلی بینین بن. لای ئه‌و، نووسه‌ر هه‌ر که له نووسینی ده‌قه‌که‌ی بووه‌وه، ئیدی ده‌قه‌که له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتی ده‌رده‌چێت و ده‌که‌وێته به‌ر ده‌ستی که‌سانێکی نامۆ که به پێی توانای ڕۆشنبیری و ئاره‌زووی خۆیان لێکی ده‌ده‌نه‌وه و هیچ مه‌رج نییه، وای بخوێننه‌وه، وه‌ک نووسه‌ره‌که‌ی پێی باشه. به‌ردی بناغه‌ی ستراتیژیای هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه، ڕۆڵی خوێنه‌ره. ده‌ق مانای خۆی ده‌ستنیشان ناکات، ئه‌وه خوێنه‌ره ماناکه‌ی ده‌دۆزێته‌وه. خوێنه‌ر نه‌ک هه‌ر به‌شداریی له داهێنانی ده‌قدا ده‌کات، به‌ڵکوو سه‌رله‌نوێ ده‌ینووسێته‌وه و بڕیار له‌سه‌ر به‌هاکه‌یشی ده‌دات. لای ڕۆڵان بارت خوێنه‌ر ده‌ستپێکه‌ر و بزوێن و به‌رهه‌مهێنی ده‌قه.
له ڕوانگه‌ی (تیری ئیگڵتن) و (بییر ماشیری)یه‌وه، له ده‌قدا گه‌لێک بۆشایی و شوێنی بێده‌نگ هه‌ن، خوێنه‌ر ئه‌و بۆشایییانه پڕ ده‌کاته‌وه و شوێنه بێده‌نگه‌کان ده‌هێنێته گۆ. ئه‌م بۆشایی و بێده‌نگییانه، ئه‌وه ده‌رده‌خه‌ن که ده‌قه‌که ته‌واو نه‌کراوه و ئه‌وه ئه‌رکی خوێنه‌ره ته‌واوی بکات. خوێنه‌ر چۆن ده‌قه‌که ته‌واو ده‌کات؟ ئه‌وه پێوه‌ندیی به پاشخانی ڕۆشنبیریی، توانای ئه‌ده‌بی و ئاستی په‌روه‌رده‌ی هونه‌ریی هه‌ر خوێنه‌رێکه‌وه هه‌یه. خوێنه‌ر له ڕابردوودا چی خوێندووه‌ته‌وه، کار ده‌کاته سه‌ر لێکدانه‌وه‌ی ئێستای. له‌م تێڕوانینه‌وه، ئه‌وه ته‌نیا نووسه‌ر نییه که سه‌رقاڵی سه‌رله‌نوێ نووسینه‌وه‌یه، خوێنه‌ریش هه‌ر خه‌ریکی هه‌مان کاره.
ته‌نانه‌ت فیکریش به‌هۆی بۆشایی و بێده‌نگییه‌وه له ده‌قدا ڕه‌نگ ده‌داته‌وه و ئه‌وه ئه‌رکی ڕه‌خنه‌گره له ئاستی ئه‌و بۆشایی و بێده‌نگییانه‌دا هه‌ڵوه‌سته بکات، بیانهێنیته قسه و ئه‌وه‌ی ده‌ق نه‌یگوتووه، ئه‌و به سه‌ری بکاته‌وه. ڕه‌خنه‌گر له دێڕه‌کاندا بۆ مانای ده‌ق ناگه‌ڕێت، له نێوان دێڕه‌کاندا بۆی ده‌گه‌ڕێت، مشت‌ومڕ له‌سه‌ر ئه‌وه ناکات، ده‌قه‌که چی گوتووه، باسی ئه‌و شتانه ده‌کات که ده‌قه‌که لێیان بێده‌نگ بووه. ئه‌و خوێنه‌رانه‌یشی هۆشیاریی کۆمه‌ڵایه‌تییان له ئاستێکی بڵنددایه، ده‌توانن که‌لێنه‌کانی ده‌ق پڕ بکه‌نه‌وه.
ده‌سه‌ڵاتی خوێنه‌ر
ده‌ق ئه‌گه‌ر خوێنه‌ری نه‌بێت ناژی. بورخێس ده‌ڵێت: (تامی سێ‌و له‌ناو سێوه‌که‌دا نییه، له پێکگه‌ییشتنی سێوه‌که و مه‌ڵاشوودایه. شیعریش له دیواندا نییه، له پێکگه‌ییشتنی شیعر و خوێنه‌ردایه.) بۆیه ده‌بێت له ڕوانگه‌ی خوێنه‌ره‌وه، لێکۆڵینه‌وه له‌سه‌ر ده‌ق بکرێت. خوێنه‌ر جۆری زۆره، خوێنه‌ری ئاسایی، نموونه‌یی، لێزان و باڵا. وه‌ک چۆن ئه‌گه‌ر دوو که‌س له هه‌مان شه‌ودا، سه‌رنجی هه‌مان کۆمه‌ڵه‌ئه‌ستێره بده‌ن، ده‌شێت لای یه‌کێکیان له وێنه‌ی کۆتر و لای ئه‌وی تریان له وێنه‌ی ته‌ور بچێت، ده‌قیش وه‌ک ئه‌و کۆمه‌ڵه‌ئه‌ستێره‌یه وایه، هه‌ر خوێنه‌ره و له ڕوانگه‌ی خۆیه‌وه ده‌یخوێنیته‌وه. خوێندنه‌وه گوتوبێژێکی دیالێکتیکییه له نێوان پرسیاره‌کانی ده‌ق و وه‌ڵامه‌کانی خوێنه‌ردا، یان له نێوان پرسیاره‌کانی خوێنه‌ر و به‌رسڤه‌کانی ده‌قدا. مانای ده‌ق له‌ناو ده‌قه‌که‌دایه و نابێت قسه‌یه‌ک بخرێته سه‌ر زاری که نه‌یگوتبێت. ده‌شێت ده‌ق هه‌ندێک مانا و لێکدانه‌وه‌ی جیاواز هه‌ڵبگرێت، وه‌لێ ناشێت هێنده‌ی ژماره‌ی خوێنه‌رانی، مانا و لێکدانه‌وه له هه‌ناویدا حه‌شار بدات. (کاری ئه‌ده‌بی وه‌ک ئاوێنه وایه، ئه‌گه‌ر گورگێک سه‌یری کرد، نابێت چاوه‌ڕێی ڕه‌نگدانه‌وه‌ی وێنه‌ی به‌رخێک بین.) ئه‌وه گوته‌یه‌کی ده‌ستکاریکراوی (شۆپنهاوه‌ر)ه.
بونیادگه‌ری و هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌خوازی ده‌ڵێیت دوو ڕووی یه‌ک دراون، لایه‌نه هاوبه‌شه‌کانیان گه‌لێک زێتره له جیاوازییه‌کانیان، له‌گه‌ڵ بزربوونی ده‌ق و مه‌رگی نووسه‌ر دان و جۆره ڕابواردنێکی فیکرین، تایبه‌ت به هه‌ڵبژارده‌یه‌کی ئه‌ورووپایی و له زه‌مینه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی و کو‌لتووریی کوردستانه‌وه زۆر دوورن.
*
سه‌رچاوه‌کان
(1) د. عبدالعزیز حمودة، المرایا المحدبة، عالم المعرفه 1998 الکویت. (که‌ڵکێکی زۆرم له‌م ژێده‌ره‌یان وه‌رگرتووه.)
(2) توفیق ڤرویرة، کیف أشرح النص الأدبی، 1996 قرطاج.
(3) صدوق نورالدین، المـؤلف الصورة فی المرأة، المدی عدد الرابع عشر 1996 دمشق.
(4) عبدالسلام المسدی، قضیة البنیویة، دار الجنوب 1995 تونس.
(5) د. جابر عصفور، آفاق العصر، دار المدی 1997 دمشق.
(6) فاضل العزاوی، الروح الحیة، دارالمدی 1997 دمشق.
(7) د. غالی شکری، برج بابل، ریاض الریس للنشر 1989 لندن.
(8) أیان راید، القصة القصیرة، ت: منی مؤنس، الهیئة المصریة للکتاب 1990 القاهرة.
(9) د. جابر عصفور، نظریات معاصرة، دار المدی 1998 دمشق.
(10) أدونیس، الصوفیة و السوریالیة، ط 2 دار الس?