كلود لیڤی شتراوس و ئه‌فسانه‌كان
September 27, 2010
فیکر و فەلسەفە
نووسه‌ر :ماجید نووری
(ئهفسانهومانا) ناونیشانی یه‌كێكه له‌و كتێبه ئهپستیمیانهی (شتراوس) كه چه‌ندین شرۆڤه‌و بۆچوونی فره‌ره‌هه‌ندی لێ كه‌وتۆته‌وه، ئه‌و كتێبه كلیلی تێگه‌یشتنه له‌شێوازی بیركردنه‌وه‌ی عه‌قڵی مرۆڤ و كۆمه‌ڵگه دێرینه سه‌ره‌تاییه‌كان و جیاكردنه‌وه‌یان له كۆمه‌ڵگه پێشكه‌وتووه‌كان ..خوێنه‌ر كتێبه‌كه له‌وێدا گه‌شتێكی سه‌راسیمه به‌ناو دنیای پێوه‌ندییه جه‌نجاڵه‌كانی نێوان ئه‌فسانه میللیه‌كان و مێژووه هاوبه‌شه‌كان و مۆسیقا ره‌سه‌نه‌كان و دروست بوونی خزمایه‌تی و ژنخوازی له نێوان خه‌ڵكیدا ده‌كات ..
دوای ئه‌وه‌ی له سه‌ده‌ی بیسته‌مه‌وه زانست به‌سه‌ر زۆربه‌ی بواره جیاجیاكانی ژیانی مرۆڤایه‌تیدا زاڵ بوو ، ئیتر بیرمه‌ندێكی وه‌ك شتراوس له‌و به‌ها مرۆییانه‌ی ده‌كۆڵییه‌وه كه بۆ مانه‌وه‌و بوونی مرۆڤ ره‌ونه‌قدارتر ده‌بوون ، به تایبه‌تیش له بواره‌كانی دروست بوونی وشه و چواندنیدا به ئافره‌ت ، یا ره‌مزاندنی زمان و ژیار و ده‌روونیی مرۆڤه‌كان..
ئاشكرایه له سه‌رده‌می زانایانی وه‌ك (بیكۆن و دیكارت و نیوتن .. تاد) یه‌كێك له ئه‌ركه بنهرِهتییهكانی زانست رێگهداخستن بوو له‌و هه‌ژموونه‌ی بیر‌و برِوای سه‌له‌فی و ئهفسوونگهریی كه زانست تێیدا وه‌ك میتۆدێك كه‌متر سه‌رچاوه‌یه‌ك بوو بۆ بیركردنه‌وه ، ئه‌م هزركردنهوهش درێژه‌ی هه‌بوو تادوا ساته‌كانی سه‌ده‌ی هه‌ژده‌یه‌م ، له‌و سه‌رده‌مانه‌دا زیاتر به‌ڵگه‌كانی زه‌یینی له رێگه‌ی هه‌سته‌وه‌ره‌كانی بینین و بۆن و تامه‌وه ده‌كه‌وتنه به‌ر لێشاوی گومانكارییهوه ، دواتر له جیهانی واقیعدا ماتماتیكیانه دادهرِێژرانهوه ، بهلاَم شتراوس به‌شێكی زۆری تێرِوانینهكانی زانایانی پێشه‌خۆی له‌سه‌ر زانست گۆرِی ، ئه‌وه‌ی روونده‌كرده‌وه كه به‌ڵگه‌ی زه‌ینی قابیل به شیكردنه‌وه‌یه ، ته‌نانه‌ت سه‌رله‌نوێ له‌و توێژینانهشی ده‌كۆڵییه‌وه كه‌پێش خۆی له‌سه‌ر ئه‌سڵی دانانی هێڵه‌كانی بازنه‌و سێگۆشه‌و دارِێژراوهكانی تری ماتماتیك دانرابوون و له به‌رگی چه‌ند تیۆرێكی كلاسیكیانه خرابوونه رِوو ، توێژه‌رانی پێش شتراوس به شێوازێك له عه‌قڵیان دهرِوانی كه لاپهرِێكی سپییه‌و له بنهرِهتتدا هیچی له‌سه‌ر نه‌نووسراوه، بهلاَم له رێگه‌ی زانیاری و ئه‌زموون و هه‌سته‌وه‌ره‌كانه‌وه پرِ ده‌كرێنه‌وه ، بۆ نموونه‌ش لهرِێی دیتنی چه‌ند هێڵێكی كهوانهییهوه بیرۆكه‌ی بازنه پێكدێت ، به‌م شێوازه بیردۆزه‌كان له زه‌مانی ئهفلاَتۆنهوه به‌جۆرێك دادهرِێژرانهوه كه جۆره رِهمهكییهتیهكیان تێدابوون ئه‌مه‌ش به بێ پشت به‌ستن به‌و زانیاریانه‌ی كه نه‌سه‌قێكی عه‌قڵی دهیخوڵقاندن ..
دیسانه‌وه به نموونه كاتێك پسپۆرانی فه‌سله‌جه‌ی مێشك ده‌یانوت (( خانه‌كانی مێشك ئه‌ركی بهرِێوهبردنی چالاكییه جه‌سته‌ییه‌كان به هه‌ردوو شێوازی ئاسۆیی و شاقووڵی ده‌گرنه ئه‌ستۆ، به تایبه‌تی ئه‌و خانانه‌ی له پشته‌وه‌ی تۆرِی چاودان ئه‌م ئه‌ركی به‌رێوه‌بردنه جێبه‌جێ ده‌كه‌ن ..)) بهلاَم شتراوس به تیۆری گه‌شه‌كردنی زانستییه‌وه دوو رێگه‌ی تری روونكردنه‌وه :
1ــ چرِكردنهوه : هه‌موو رووداوێكی ته‌مومژاوی و دیارده‌یه‌كی ناتێگه‌یشتوو له ئاستێكی دیاریكراودا چرِدهكرێنهوه تا به چالاكی فه‌سله‌جییه‌وه ته‌فسیری ساده‌یان بۆ بدۆزرێنه‌وه..
2 ـــ بونیادگه‌رێتی : له به‌رانبه‌ر رووداو و دیارده ئاڵۆزه‌كاندا پێویسته له ستراكچه‌ر و كۆد و هێمای پێوه‌ندییه‌كان تێبگه‌ین و سانایان بكه‌ینه‌وه تا بزانین مه‌به‌ست له روودان و مانای روودانیان چیی بووه ..
به‌م شێوه‌یه شتراوس به كهتهلۆكێكی نوێ ته‌ونێكی بۆ دهسهلاَتی مه‌عریفیانه‌ی خۆی ده‌چنی ، دواتر مه‌به‌ست و مانای ئه‌و فه‌وزا و ئاژاوه‌یه‌ی ده‌پشكنی كه خه‌ڵكی له‌سه‌ر زه‌میندا پێوه‌ی گیرۆده بووبوون..
له‌به‌شێكی شیكردنه‌وه‌كانیدا ستراكچه‌ری ماناكانی خزمایه‌تی و هاوخوێنی و هاوسه‌ری خاڵۆزایه‌تی لای زۆربه‌ی گه‌لانی دێرینی سه‌ر رووی زه‌مین هه‌ڵده‌سه‌نگێنێته‌وه ، پێی وایه گه‌ر هه‌ر به‌رهه‌مێك له مێژووی مرۆڤایه‌تیدا هاتبێته ئه‌نجام بۆ خۆی هه‌وڵێك بووه له دامه‌زراندنی رژێمێك تا به‌سه‌ر فه‌وزا و بێماناییدا زاڵ‌بێت ، واته هه‌ر مانایه‌ك له ره‌وتێكی جیاوازدا خوڵقێنه‌ری به‌رهه‌مێكه ، له‌م رِووهوه كۆمه‌ڵگه‌ی مرۆڤایه‌تی له سایكۆلۆژیای كۆ و ره‌گه‌زی هاوبه‌ش و زمان و ویست و شوناسی نزیك به یه‌ك دنیا خاڵی هاوبه‌شیان له نێوان یه‌كتریدا هه‌یه ..
ته‌نیا ره‌گه‌زێكی یه‌كلاكه‌ره‌وه بۆ جیاكردنه‌وه‌ی ئه‌نتۆلۆژیانه‌ی ((كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی سه‌ره‌تایی)) له ((كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی پێشكهووتووی شارستانێتی)) ئه‌وه‌یه كه كۆمه‌ڵگه سه‌ره‌تاییه‌كه له (دۆخی ئاخاوتنه‌وه) بۆ (دۆخی نووسین) نهپهرِیوهتهوه ؛ له‌به‌رئه‌وه به‌رده‌وام پرۆسه‌یه‌كی له‌بار بووه بۆ له‌ناوچوون و نه‌مان ..
بهلاَم له كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی پێشكه‌وتووانه‌ی شارستانیدا به‌هۆی(نووسین)ه‌وه توانراوه زاراوه‌كان بپارێزرێن و به‌هۆیه‌وه چالاكی فه‌رهه‌نگی و عه‌قڵی به شێوه‌یه‌ك ئه‌نجام بده‌ن كه هه‌میشه ئه‌و كۆمه‌ڵگه‌یه له پێوه‌ندی كردنی به دنیای ده‌ره‌وه‌ی خۆی دهسپێشكهربووبێت..
به‌ر له شتراوس بیرمه‌ندێكی وه‌ك مالینۆفسكی كاتێك له تیۆرهكانیدا تێفكرینی كۆمه‌ڵگه سه‌ره‌تاییه‌كانی ده‌خسته به‌ر تیشكی لێكدانه‌وه‌و به شێوازێك لێیان ده‌دوا كه گوایه بریتین له‌چه‌ند گرووپگه‌لێكی مرۆڤانه‌ی توند‌و تیژ‌و هه‌مه‌جی ، دوای ئه‌وه‌ی به پێداویستیه بنهرِهتیهكانی وه‌ك سێكس و خۆراك و نووستن تێروپرِدهبن، دوابه‌دوای ئه‌وه به بێ شیكردنه‌وه‌و هزركردنیان بۆ چه‌مكه‌كانی غوربه‌ت و ئینتیما ته‌فسیری سه‌رپێی بۆ سیما سه‌ره‌كییه‌كانی وه‌ك برِواو ئه‌فسانه‌و داموده‌زگای خانه‌واده‌یی و كۆمهلاَیهتی ده‌دۆزنه‌وه..
شتراوس سه‌رله‌به‌ری ئه‌م تیۆره‌ی مالینۆفسكی ره‌ت كرده‌وه له‌و برِوایهوه كه تێفكرین لای كۆمه‌ڵگه سه‌ره‌تاییه‌كان ـــ به‌وانه‌شیانه‌وه كه له قۆناغی به‌ر له نووسیندان ـــ تێفكرینێكی عاقڵمهندانهیه ، ئه‌م بۆچوونه‌ی له هه‌ردوو كتێبی ( تهوتهمییهت ) و (عه‌قڵییه‌تی درِنده) شیكردۆته‌وه له جێیه‌كدا ده‌ڵێت ((هه‌موو گرووپێكی مرۆڤ كه توانایان به‌سه‌ر بزاوت و چالاكی نواندندا هه‌بێت ، زه‌روره‌تی ژیان هانده‌ریان ده‌بێت تا مه‌یل و ئاره‌زوویان بۆ تێگه‌یشتن له ژیان و جیهانی ده‌وروبه‌ر تێدا دروست بێت )) دواتر ده‌ڵێت ((بۆ گه‌یشتنه ئه‌و ئامانجه‌ش ئامرِازی عه‌قڵی وهكار ده‌خه‌ن وه‌ك چۆن فه‌یله‌سوف له تاووتوێی دیارده‌كاندا بنه‌مای ـــ گه‌ر له هه‌موو شته‌كان تێناگه‌یت ئه‌وه ده‌توانیت هه‌ندێكیانی لێ تهفسیربكهیت ـــ به‌كارده‌هێنێت)) به‌واتای مه‌رج نییه ته‌نیا زه‌ین بۆ هه‌موو شتێك به‌كاربخرێت به‌ڵكو مه‌رجه تێگه‌یشتن بهربلاَوو شمولییانه بێت بۆ دارِشتنهوهی مانا به ساناترین ئامرِازهكان گه‌ر له توانادا بێت ..
له ئاستی شیكردنه‌وه‌یه‌كی وه‌هادا شتی ترمان بۆ روون ده‌بێته‌وه ، له‌و كاته‌دا كه شتراوس تێرِوانینه پراگماتیكیانهكهی مالینۆفسكی ره‌ت ده‌كاته‌وه هاوكات ئه‌وه‌ی لیڤی پولیش لای خۆیه‌وه دهسرِێتهوه ، لیڤی پول له تێرِوانینهكانیدا له رووی چۆنایه‌تی و جۆرایه‌تییه‌وه دهرِوانێته جیاوازییه‌كانی نێوان (كۆمه‌ڵگه‌ی سه‌ره‌تایی) و( كۆمه‌ڵگه‌ی پێشكه‌وتووی شارستانی ) نه‌ك له رووی ماناوه، كه‌واته ده‌كرێت بووترێت تێرِوانینی لیڤی پول بۆ كۆمه‌ڵگه سه‌ره‌تاییه‌كان ویژدانیانه‌یه ، كاتێك ده‌ڵێت له ئه‌فسانه‌یان تێنهپهرِاندووه ، لێره‌وه شتراوس وهلاَم دهداتهوهودواتر ده‌پرسێت ((كه‌ی ئه‌فسانه ته‌واو ده‌بێت و مێژوو ده‌ست پێده‌كات ؟؟)) ئینجا هه‌موو ئه‌و رووداو‌و ئه‌فسانانه‌ی له یادوه‌ری گه‌لاندا ماونه‌ته‌وه له رووی ئیستدلاله‌وه شیده‌كاته‌وه .
شتراوس تێمانده‌گه‌یه‌نێت هه‌ر كاتێك به رووداوه نادیاره‌كانی دێریندا رۆبچین و بۆ ئه‌فسانه‌كان بگهرِێینهوه ، دواتر ئه‌فسانه به په‌یژه‌ی مۆسیقا ده‌چوێنێت ده‌ڵێت(( ئه‌فسانه په‌یژه‌ی مۆسیقی و زریزهیهكی لێكدانهپچرِاوه ، له خوێندنه‌وه‌ی ئه‌فسانه‌كان ناكرێت رِسته به رِسته له چه‌په‌وه بۆ راست وه‌ك خوێندنه‌وه‌ی نووسینی رۆمان بیخوێنینه‌وه ، به‌و شێوازی خوێندنه‌وه‌یه ناتێگه‌یشتوو ده‌بێت ، شموولییه‌ت له ئه‌فسانه‌دا رِێ ئاسان ده‌كات بۆ تێگه‌یشتن ، مانای گشتیش له ئه‌فسانه‌دا له به‌دواداچوونی لۆژیكیدا نییه به‌ڵكو له خستنهرِووی رووداوه بهڵگهدارهكاندایه ، چۆن نۆته‌ی مۆسیقا ده‌خوێنریت ئه‌فسانه‌ش هاوشێوه‌یه به تێگه‌یشتن له سه‌رجه‌م لاپهرِهكه و به شێوازی ئۆركێسترایی مانای لێده‌رده‌هێنرێت ، بۆیه مۆسیقا لهرِێی شاكاره‌كانی بتهۆڤن و مۆزارت و ڤاكنهرهوه به داستان و ئه‌فسانه ئاوێزان بوون ؛ به‌و تێكهلاَوبوونه مۆسیقا بووه زمانێكی نوێ بۆ گوزارشت كردن له ئه‌فسانه‌كان ..
به‌و شێوه‌یه شتراوس له ماوه‌ی گه‌شتێكی ده‌یان ساڵه‌ی ته‌مه‌ن سهراسیمانه به‌ناو ده‌هالیزی ستراكچه‌ری شارستانیه‌ته دێرینه‌كاندا سه‌فه‌ری كرد ، له‌و گه‌شته‌یدا كه‌لتوورو ره‌گه‌زه‌كانی كه‌لتووره‌كانی به زاراوه مێژووییه‌كان به‌راورد ده‌كردنه‌وه ، به‌م رِێگهیه سه‌لماندی گه‌لانێك كه‌به‌بێ نووسینیش بوون بهلاَم زانیاری و داهاتی میللیانه‌ی دێرینه‌یان له‌سه‌ر ژینگه‌و ده‌وروبه‌ری خۆیان هه‌بووه، له‌لایه‌كه‌وه به ته‌كنیكی ساده‌و له‌سه‌ر ئاستی جوگرافی گوزارشتیان له واقیع كردووه‌و له لایه‌كی تره‌وه له‌سه‌ر ئاستی گه‌ردوونی له بازنه‌كانی واقیع ده‌رچوونه‌ته ده‌ره‌وه و هه‌ندێجاریش به پێی دارِێژانهوهی بونیاده سۆسیۆلۆژیهكان خه‌یاڵیان به واقیعه‌وه گرێداوه‌ته‌وه ..
شتراوس به‌بێ ئه‌وه‌ی به ئه‌زموون و رووداوه‌كانه‌وه دیل بووبێت به زمانێكی ئهفسوونگهرا تێرِوانینهكانی دارِشتونهتهوه ، سه‌ربه‌خۆیانه ئه‌ركی سه‌ر له نوێ رێكخستنه‌وه‌ی ماناكانی گرتۆته ئه‌ستۆ ، بونیادێكی جووڵه‌دار له ستوونی نووسینهكانیدایه كه رێره‌وی فیكر‌و لۆژیكی ئه‌فسانه‌كان دیاری ده‌كات له‌لایه‌ك رستنهوهی زنجیره‌ی پێكهاته دهلالیهكان و له‌لایه‌كی دیكه‌وه سه‌رپۆشی تێنه‌گه‌یشتن له‌سه‌ر نه‌وتراوه‌كان لادراون و ره‌مزه‌كان و وته‌زا هاوكوف یا هاودژه‌كان شیكراونه‌ته‌وه به پرۆسه‌یه‌كی دیاله‌كتیكی ئۆرگانییه‌وه كه سه‌رخان و ژێرخانی بۆ دیاریكردووه ، ئه‌م ئه‌فسانه‌ی سه‌ر له نوێ شیكردۆته‌وه ، بۆ شیكردنهوهكانیش له چه‌ند خاڵێك سوودمه‌ند بوو :
1 ـــ له نه‌خشاندنی شێوه ئهندازهییهكاندا له فیزیای نوێ سوودمه‌ند بووه ..
2 ـــ چه‌مكه زمانه‌وانییه‌كانی وه‌ك ئاخاوتن و قسه‌و ده‌نگ و زهمهنكاتی لهمیتۆدهكانی دوسۆسێرهوه وه‌رگرتون..
3ــ له دامه‌زرانه‌وه‌ی سیستمی ئه‌فسانه‌دا پێوه‌ندییه‌كانی نێوان دۆخی سروشتی له دۆخی كۆمهلاَیهتی جیاده‌كاته‌وه ..
4ــ لۆژیكێك بۆ دابه‌شبوونی تهوتهمیانهی كۆمه‌ڵگه سه‌ره‌تاییه‌كان داده‌نێت بهلاَم دهلالیانه وێنه‌و هێڵ و نه‌خشه‌ی وتنه‌كان به زاراوه‌ی نوێ دادهرِێژێتهوه ..
5 ـ له فرۆید سوودی وه‌رگرتووه بۆ شیكردنه‌وه‌ی نائاگایی و له ماركسیش چه‌مكه‌كانی جووڵه‌و چركه‌ی لێوه‌رگرتووه .
به‌م شێوه‌یه هه‌موو ره‌گه‌زێك به لای شتراوسه‌وه ره‌گه‌زێكی هاوكوفی له به‌رانبه‌ردا بۆ دانراوه كه به‌پێی جوگرافیا‌و كه‌شی دروستبوون و ئایین و ئابووری و ته‌كنیكه‌كه‌ی مامه‌ڵه‌ی له ته‌كدا كردووه بۆ نموونه هه‌ڵۆ له واتادا هاوكوفه به ترۆپك / مراوی به ده‌ریا / مێرووله به زه‌وی / چۆله‌كه‌ی سوور به خۆر / ..تاد
سه‌باره‌ت به مه‌دلوله هاودژهكانیش له ئه‌فسانه‌كاندا به‌م شێوه‌یه دادهرِێژرێنهوه:
وه‌رزی خه‌زان له واتادا هاودژه به وه‌رزی چرۆ / نێرایه‌تی به مێیایه‌تی / باران به كێڵگه و زه‌وی /
شتراوس له شیكردنه‌وه‌ی بۆ ئه‌فسانه‌كان ئه‌و مانایه روون ده‌كاته‌وه كه ژیان واتا له‌دایكبوون ئه‌مه‌ش چه‌ندی گهرِانهوه بێت بۆ زه‌مین ، هێنده‌ش سهركهوتنهوهیه بۆ ترۆپك و گه‌یشتنه‌وه‌یه به بارته‌قای ئاسمان كه مه‌نزڵگه‌ی خواوه‌نده به‌لای زۆربه‌ی ئه‌فسانه‌كانه‌وه، له‌به‌رئه‌وه مرۆڤی ئه‌فسانه‌یی وه‌جاغزاده‌ی سروشته ، گۆرِینی رابردووه بۆ هه‌نوكه ، مانه‌وه‌یه له ده‌ره‌وه‌ی سنووری فه‌نابوون ، كۆمه‌ڵێ په‌ندو سرووتی بازنه‌ییه ، نارِازیبوونه له خود ــ به جێهێشتنی خوده به‌ره‌و گهرِان به ده‌وروبه‌ردا ..
سوود له‌م ژێده‌رو سه‌رچاوانه وه‌رگیراوه:
1 ــ شتراوس كلود لیفی ــ الاسگوره و المعنی ــ ترجمه - ێبحی حدیدی ــ دار حوار ــ سوریا ــ 1985
2 ـــكلود لیفی شتراوس ــ ترجمه : د. شاكر عبدالحمید ـــ مجله ا فاق عربیه ــ عدد 8 ــ 1985
3 ــ ا براهیم ، د. زكریا : مشكله البنیه ــ مكتبه مێر
4 ــ محمود ، ابراهیم : مغامره المنگق البنیوی ــ جزئ الاول ــ مركز الابحاپ و الدراسات الاشتراكیه 1991