ئه‌وین به‌ده‌م فڕینه‌وه
September 26, 2010
فیکر و فەلسەفە

نووسه‌ر :حه‌مه‌سه‌عید حه‌سه‌ن
له لوتکه‌وه ده‌ستم پێ کرد، بۆیه بێجگه له شۆڕبوونه‌وه، هیچ ڕێگه‌یه‌کی دیکه‌م له به‌رده‌مدا نه‌بوو.درێدا که ده‌قێکی هه‌ڵده‌وه‌شانده‌وه، ده‌یبرده‌وه بۆ سه‌ر چه‌ند ده‌قێکی دیکه، به‌و شێوه‌یه، ده‌رکی به پێکهاته‌کانی ده‌کرد. هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌خوازی هیچی دیکه نییه، غه‌یری ئه‌وه‌ی وه‌ک ده‌ق سه‌رنجی هه‌موو به‌رهه‌مێکی کولتووری بده‌ین، ئیدی چیرۆک بێت، یان شیعر، تابلۆیه‌کی شێوه‌کاری بێت، یان ته‌لارێکی دێرین. له ڕوانگه‌ی ئێدوارد سه‌عیده‌وه، ژاک دریدا بزربوویه‌ک بوو، عه‌ده‌می به‌رهه‌م ده‌هێنا و پێی وابوو، هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌خوازی خوێندنه‌وه‌یه‌که هیچ ئامانجێک به ده‌سته‌وه نادات و ناگاته هیچ یه‌قین و بڕیارێک. ئێدوارد سه‌عید بێ ئاگابوو له‌وه‌ی هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌خواز به دوای مانای ناو ده‌قدا وێڵ نییه، به دوای ئه‌و مانایه‌دا ده‌گه‌ڕێت که ده‌شێت له‌ودیو ده‌قه‌وه هه‌بێت و ته‌نیا ئه‌وانه پێی ده‌گه‌ن که له‌ژێر کاریگه‌رییه‌تیی هیچ لێکدانه‌وه و بڕیارێکی پێشوه‌ختدا نین.
ئۆرسۆن وێڵز
خوێنه‌ری ڕۆمان هه‌یه، ته‌نیا عه‌وداڵی چێژوه‌رگرتنه و شه‌یدای ئه‌و ڕۆمانه ده‌بێت که هه‌ر له لاپه‌ڕه‌کانی سه‌ره‌تاوه، که‌مه‌ندکێشی ده‌کات، خوێنه‌ر هه‌یه حه‌زی له‌و ڕۆمانه‌یه که خۆی تێدا ده‌بینێته‌وه و خۆی لێ ده‌بێت به یه‌کێک له کاره‌کته‌ره‌کانی، خوێنه‌ری وایش هه‌یه، شتگه‌لی نه‌نووسراوی پشتی دێڕه‌کانیش ده‌بینێت و لێکیان ده‌داته‌وه و به چاوێکی ڕه‌خنه‌گرانه‌وه سه‌رنجی ته‌واوی ڕۆمانه‌که ده‌دات. ئه‌و خوێنه‌ره وریایه‌ی که ڕۆڵی ڕه‌خنه‌گریش وازی ده‌کات، ده‌زانێت ڕۆماننووس په‌یامێکی پێیه و خه‌ریکی سه‌رله‌نوێ داڕشتنه‌وه‌ی واقیعه، ده‌زانێت نهێنیی داهێنان له چیدایه و هه‌ست به دڵه‌ڕاوکێی کاره‌کته‌ره‌کانیش ده‌کات. ده‌زانێت ڕۆمان جیهانێکه ئاڵۆز و ده‌ست بۆ مه‌سه‌له هه‌ره گرنگه‌کانی له بابه‌تی، ژیان و مردن، چاکه و خراپه، ڕووناکی و تاریکی و گومان و یه‌قین ده‌بات.
چونکه خه‌یاڵ، بناغه‌ی دۆزینه‌وه‌ی زانستییه، بۆیه ده‌شێت ڕۆماننووسی خه‌یاڵفراوان، ڕێ بۆ دۆزینه‌وه‌ی زانستی خۆش بکات. سه‌د ساڵ پێش ئه‌وه‌ی بۆ یه‌که‌مین جار ئینسان پێی له‌سه‌ر مانگ دابنێت، ڕۆماننووسی فه‌ره‌نسایی ژۆل ڤێرن، ڕۆمانی خه‌یاڵی زانستیی (گه‌شتێک به‌ره‌و مانگ)ی نووسیبوو. ڕۆمانی سه‌ر به قوتابخانه‌ی ڕیالیزمی جادوویی له ڕاستی و درۆ پێک نایه‌ت، به‌رهه‌می واقیع و جادووه، واقیعێکی سه‌یر و سه‌رسووڕهێن، واقیعێک به ده‌م فڕینه‌وه له ئاسمانی خه‌یاڵدا، واقیعێک سه‌ر به جیهانی ئه‌فسانه و داستان، واقیعێک بارگاوی به شارستانییه دێرینه‌کان و میسیۆلۆژیا. ڕه‌نگه (هه‌نگاوه بزربووه‌کان)ی نووسه‌ری کووبایی، (ئالیگۆ کاربینتیر) یه‌که‌مین ڕۆمانی سه‌ر به ڕێبازی ڕیالیزمی جادوویی بێت، یه‌که‌مین ڕه‌خنه‌گریش که تێرمی (ڕیالیزمی جادوویی)ی به‌کار هێنا، (فرانس ڕۆ)ی ئه‌ڵمانیایی بوو.
ڕیالیزمی جادوویی په‌ڕیوه‌ته‌وه بۆ ناو دنیای هونه‌ری شێوه‌کارییش، مارک شاگاڵ(1) یه‌کێکه له‌و هونه‌رمه‌نده شێوه‌کارانه‌ی ئه‌فسانه‌ی تێکه‌ڵ به واقیع کردووه. ڕیالیزمی جادوویی هه‌ر له لاتین ئه‌مریکادا گیری نه‌خوارد، هه‌ر زوو په‌ڕییه‌وه بۆ ئه‌ورووپایش، ده‌شێت ئیتالۆ کالڤینۆ و گۆنته‌ر گراس، ناسراوترین دوو نووسه‌ری ئه‌و‌رووپایی بن که به‌رهه‌میان بڕژێته زێی ئه‌و ڕێبازه‌وه. هه‌رچه‌نده له‌مێژه (ڕیالیزم) له لاتین ئه‌مریکای زێدی خۆی، ئه‌و (جادوو)ه‌ی جارانی نه‌ماوه، که‌چی تازه‌کی به‌ختیار عه‌لی له (ڕۆمان)ی (جه‌مشیدخانی مامم که هه‌میشه با له‌گه‌ڵ خۆیدا ده‌یبرد)دا، به ڕیالیزمێک ده‌نووسێت که جێی داخه، ناچارم بڵێم، زێتر درۆئامێزه، وه‌ک له‌وه‌ی جادوویی بێت.
جه‌مشید خان له زینداندا به‌شێکی زۆر له کێشی خۆی له ده‌ست ده‌دات و هێنده لاواز ده‌بێت، با ده‌یبات، (یه‌که‌م جار با، له زیندانی (هه‌یئه)ی که‌رکووکه‌وه ده‌یبات و له سلێمانی له‌سه‌ر سه‌ربانی دووکانی فیته‌رێک ده‌دۆزرێته‌وه. ل6) (2) جارێکی دیکه با، له (فاو)ه‌وه تا (ئه‌سفه‌هان)ی ده‌بات، ل46 که وه‌ک سۆراخم کرد، ماوه‌ی نێوانیان چوارسه‌د و چل کیلۆمه‌تره، جارێکی تر، با له سلێمانییه‌وه ده‌یبات، له باکووری کوردستان، نه‌ک قه‌ندیل، نزیک بنکه‌یه‌کی گه‌ریلاکانی په‌که‌که دایده‌به‌زێنێت! ل79 دوا جار با له‌م کیشوه‌ره‌وه بۆ ئه‌و کیشوه‌ری ده‌بات! ناوبه‌ناو له ئاسماندا ده‌خه‌وێت و ماوه‌یه‌ک له ئاسمانه‌وه ڕازی دڵداری بۆ کیژێکی زه‌ویننشین ده‌درکێنێت.
با نووسه‌ر کۆمه‌ڵێک سه‌رچاوه‌یشی له‌به‌ر ده‌ستدا بێت، له‌وانه: ژیاننامه‌ی که‌سانێکی زۆر، بیۆگرافیای خۆی و مێژووی هه‌موو مرۆڤایه‌تی، وه‌لێ هه‌میشه پێویستی به سه‌رچاوه‌یه‌کی دیکه‌ی گرنگ هه‌یه که بێ ئه‌و ژێده‌ره، ماندووبوونی به فیڕۆ ده‌ڕوات، ئه‌و سه‌رچاوه‌یش، خه‌یاڵی نووسه‌ره که بێ ئه‌و که‌ره‌سه‌یه، هه‌ر چی بکه‌ین، ئه‌وه‌ی ده‌ینووسین له هونه‌ر نزیک نابێته‌وه. کێشه‌ی سه‌ره‌کیی له‌م (ڕۆمان)ه‌دا، به‌گه‌ڕخستنی خه‌یاڵه که به‌ختیار عه‌لی له‌و بواره‌دا ده‌ستوپێ سپییه. ڕاسته داهێنان، تاقیکردنه‌وه‌ی ڕێیه‌کی تازه‌یه نه‌ک گرتنی ملی رێگه‌یه‌کی دێرین، پێشکه‌شکردنی وێنه‌یه‌کی نوێیه، نه‌ک دووباره‌کردنه‌وه‌ی وێنه‌یه‌کی کۆن، سه‌فه‌رێکی پڕ له مه‌ترسییه به‌ره و دنیایه‌کی نه‌زانراو، نه‌ک گه‌شتێک به‌ره‌و جێیه‌کی دیاریکراو، به‌ڵام ئه‌م پاساوانه ڕێگه‌مان پێ ناده‌ن، شکۆی هێڵی سووری نێوان به‌گه‌ڕخستنی خه‌یاڵ و هۆنینه‌وه‌ی درۆ پێشێل بکه‌ین.
سالار و سمایل به فه‌رده‌یه‌ک گوریسه‌وه ده‌چنه ده‌ره‌وه و جه‌مشید خان که به ته‌مه‌نی حه‌ڤده ساڵی، ئه‌سڵی چه‌شنه‌کانی چارڵس داروین ده‌خوێنێته‌وه و خه‌ریکی ڕه‌تکردنه‌وه‌یه‌تی، وه‌ک کۆلاره هه‌ڵده‌ده‌ن. ئه‌م کوڕه کۆلاره‌یه، له گوندێکی چۆڵکراوی دووره‌ده‌ستی کوردستانه‌وه، له کۆتایی ساڵانی حه‌فتادا، خه‌ریکی گۆڕینه‌وه‌ی نامه‌یه، له‌گه‌ڵ پرۆفیسۆره‌کانی زانکۆی به‌غداددا! ڕه‌نگه نووسه‌ر ئیلهامی ئه‌م جۆره نامه‌گۆڕینه‌وه سه‌خته‌ی له ڕۆمانی (بارۆنی سه‌ر داره‌کان)ی (ئیتالۆ کالڤینۆ)وه بۆ هاتبێت، ئاخر (کۆزیمۆ)ی قاره‌مانی ئه‌و ڕۆمانه‌یش، سه‌رقاڵی ئه‌و جۆره نامه‌گۆڕینانه‌وه‌یه و له‌سه‌ر دره‌خته‌کانی ده‌ڤه‌رێکی چه‌په‌کی که‌ناری ئه‌ورووپاوه، نامه له‌گه‌ڵ ڕۆشنفیکره‌کانی سه‌نته‌ردا ده‌گۆڕێته‌وه!
به‌ختیار عه‌لی ده‌نووسێت: (سمایل هه‌ردوو فه‌رهه‌نگی گه‌وره‌ی مه‌ورید و (کێمبێردج)ی ئینگلیزی له به‌رگه‌وه بۆ به‌رگ له‌به‌ر کرد. ل35) (کامبریج) Cambridgeڕاسته، نه‌ک کێمبێردج! تکایه به‌راورد له نێوان (کێمبێردج) و (کامبریج)دا بکه‌ن، تا بزانن نووسه‌ر چه‌ند به پێخاوسی تێ که‌وتووه! ته‌نانه‌ت ئه‌وه‌یشی نه‌زانیوه که حه‌رفی دال، له‌و وشه‌یه‌دا، ده‌نووسرێت، وه‌لێ ناگوترێت! ته‌نیا قامووسی مه‌ورید، ئه‌وه‌ی له‌به‌ر ده‌ستمدایه که چاپی بیستودووه‌مینه و ساڵی1988 په‌خش کراوه، هه‌زار و سێسه‌د و بیستوچوار لاپه‌ڕه‌یه و له په‌نجاپێنج هه‌زار وشه پێک هاتووه! ئایا ئه‌وه له‌به‌ر ده‌کرێت؟ به‌ختیارعه‌لی ده‌زوو بۆ کۆلاره‌ی (خه‌یاڵ) به‌ر ده‌دات و ده‌ڵێت: (سمایل به شه‌و له به‌ره‌ی جه‌نگدا، به ده‌ستێک په‌تی بۆ جه‌مشید خان ده‌گرت و بۆ ئاسمانی هه‌ڵده‌دا و مه‌وریدیشی ده‌گرت به ده‌سته‌که‌ی تریه‌وه و ده‌یخوێنده‌وه. ل36) به مه‌رجێک مه‌ورید هێنده قورسه، ه‌ی ئه‌وه نییه، بتوانین به ده‌ستێک هه‌ڵی بگرین و په‌ڕه‌کانی هه‌ڵبده‌ینه‌وه. به مه‌رجێک چرا پێکردن یان هه‌ر ڕۆشنایییه‌کی دیکه، له به‌ره‌ی جه‌نگدا، شتێکه له بابه‌تی ناپاکی یان کوفر.
ئه‌وه ئاسایییه له ڕۆماندا شوێن، تێکه‌ڵه‌یه‌ک بێت له واقیع و جادوو، وه‌ک له (سه‌د ساڵ دووره‌په‌رێزی)یه‌که‌ی (مارکیز)دا هه‌یه، وه‌لێ لای به‌ختیار عه‌لی واقیعێکی دیاریکراو هه‌یه، وه‌لێ کاره‌کته‌ره سه‌ره‌کییه‌که‌ی که‌سێکی ناواقیعییه. وه‌ک چۆن ده‌شێت ڕۆمان سوود له مێژوو وه‌ربگرێت، به‌ڵام نابێته به‌ڵگه‌نامه‌یه‌کی دیرۆکی، هه‌ر وایش ده‌شێت ئه‌تمۆسفیری ڕۆمان له ه‌ی شیعر بچێت و به زمانێکی شیعری بنووسرێت، بێ ئه‌وه‌ی بکه‌وێته خانه‌ی شیعره‌وه. ڕه‌نگه لایه‌نی لاوازی (جه‌مشید خانی مامم که هه‌میشه با له‌گه‌ڵ خۆیدا ده‌یبرد)ی به‌ختیار عه‌لی ئه‌وه‌بێت، نووسه‌ره‌که‌ی به نرخی ڕۆمان به خوێنه‌ری بفرۆشێت، هه‌رچه‌نده له سیناریۆی فیلمی کارتۆنه‌وه نزیکتره.
چیرۆکبێژ له‌م ڕۆمانه‌دا، هه‌رزه‌کارێکه دوورونزیک پێوه‌ندیی به دنیای کولتووره‌وه نییه، که‌چی که تابلۆی (عاشقه فڕیوه‌کان)ی شاگاڵ ده‌بینێت، وه‌ک مامۆستای هونه‌ری شێوه‌کاری بێت، یه‌کسه‌ر ده‌یناسێته‌وه! ل73 سمایل که به‌رده‌وام خه‌ریکی خۆ په‌رورده‌کردن و فێربوونه و ڕۆژنامه‌نووسێکی ناودار و سه‌رکه‌وتووی لێ ده‌رده‌چێت، له‌ناکاو و بێ هیچ ڕێ بۆ خۆشکردنێک، ده‌بێته که‌سێکی چالاکی نێو مافیایه‌کی ترسناک! ئه‌گه‌ر ڕۆماننووس له بواری ئیشه‌که‌یدا لێزان بێت، هیچ کاره‌کته‌رێکی له‌گه‌ڵ بادانه‌وه‌ی وا کوتوپڕدا ڕووبه‌ڕوو نابێته‌وه.
لای نووسه‌ری مه‌کسیکی کارلۆس فۆینتس که به ڕۆمانی (ڕوونترین ناوچه) دنیای سه‌رسام کرد، زۆر جار که‌سایه‌تیی ڕۆژنامه‌نووس هه‌یه و هه‌میشه کاره‌کته‌رێکی هه‌لپه‌رست و به‌دئاکاره. ئه‌و جۆره ڕۆژنامه‌نووسه له ئه‌ده‌بی عه‌ره‌بیشدا نموونه‌ی هه‌یه، وه‌ک له کن نه‌جیب مه‌حفووز له ڕۆمانی (دز و سه‌گگه‌ل)دا، یان لای فه‌تحی غانم له ڕۆمانی (ئه‌و پیاوه‌ی سێبه‌ری خۆی بزر کرد)دا ده‌یانبینین. (سمایل) هه‌ر هه‌مان ئه‌و که‌سایه‌تییه خراپه‌یه له‌م (ڕۆمان)ه‌ی به‌ختیار عه‌لیدا دووباره ده‌بێته‌وه.
(ڕۆشنبیر که‌سێکی سه‌ربه‌خۆیه، خاوه‌نی هۆشیارییه‌کی خۆ نوێکه‌ره‌وه‌یه، هۆشیارییه‌ک ته‌رخانه بۆ ڕاژه‌ی پێشکه‌وتن. ڕۆشنبیر بانگه‌شه بۆ هیچ فیکر یان ئایینێکی دیاریکراو نا‌کات، له سه‌نگه‌ری هیچ حیزبێکدا نییه و پاساو بۆ سته‌می هیچ ده‌سه‌ڵاتێک نا‌هێنێته‌وه.)(3) ڕۆشنبیر که‌سێکه ئه‌گه‌ر وه‌کوو ئیبن ئه‌لموققه‌فه‌ع، به زیندوویی ئه‌ندامه‌کانی له‌شی یه‌ک یه‌ک ده‌رخواری ئاگریش بده‌ن، ده‌ست له گێڕانه‌وه‌ی به‌سه‌رهاته ڕاسته‌قینه‌کان هه‌ڵناگرێت و باوه‌ڕێک په‌سه‌ند نا‌کات، ڕێز له جیاوازیی نه‌گرێت. کاره‌کته‌ره (ڕۆشنبیر)ه‌که‌ی ڕۆمانی (جه‌مشید خانی مامم...) ڕۆژنامه‌وانێکه سه‌ر به مافیا، ئه‌و خه‌ڵکه له دووڕیانێکدا ڕاده‌گرێت، یان ئه‌وه‌تا ده‌بێت سه‌رانه‌ی بده‌نێ، یان سکانداڵیان بۆ ده‌هۆنێته‌وه.
دیالۆگ له ڕۆماندا جوانی و جادووی خۆی هه‌یه، ڕۆماننووسی سه‌رکه‌وتوو زه‌وینه‌یه‌کی وه‌ها ده‌ڕه‌خسێنێت که کاره‌کته‌ره‌کانی هه‌ر چی گومان، خولیا، ئه‌وین و شێتییه‌ک له ناخیاندا هه‌یه، ده‌ری ببڕن. ئه‌وه دیالۆگه سنووری نێوان خه‌ون و ئاگایی، ڕاستی و خه‌یاڵ، واقیع و ئه‌فسانه و ئێستا و ڕابردوو ده‌سڕێته‌وه. له ئاوێنه‌ی دیالۆگدا، ناخی کاره‌کته‌ره‌کان ده‌بینین و به هۆی دیالۆگه‌وه ده‌زانین، ئه‌م کاره‌کته‌ر خاوه‌نی که‌سایه‌تییه‌کی ئاڵۆزه و ئه‌ویان که‌سێکه ساکار. له کاته نائاسایییه‌کاندا، وه‌ک: سه‌رخۆشی، نه‌خۆشی، تووڕه‌یی و به‌خته‌وه‌ری، دیالۆگی هیچ کاره‌کته‌رێک له ه‌ی ئه‌وی دیکه ناچێت. له (ڕۆمان)ی (جه‌مشید خانی مامم که‌هه‌میشه با له‌گه‌ڵ خۆیدا ده‌یبرد)ی (به‌ختیار عه‌لی)دا، دیالۆگ نه‌ک هه‌ر نه‌یتوانیوه، ڕۆڵی بایه‌خداری خۆی بگێڕێت، به‌ڵکوو نزیکه‌ی به ته‌واوی بزره، ئه‌مه‌یش زاده‌ی ده‌رکنه‌کردنه به ڕۆڵی ئه‌و ته‌کنیکه گرنگه. گێڕانه‌وه به مۆنۆلۆژی ڕاسته‌وخۆیش که تێیدا هه‌ست به هه‌بوونی نووسه‌ر ناکرێت و شێوه گێڕانه‌وه‌یه‌کی کاریگه‌ر و جێی بڕوایه، نووسه‌ر سوودی لێ وه‌رنه‌گرتووه و له توانایشیدا نه‌بووه له ڕێی چیرۆکبێژی جیاوازه‌وه، هه‌مان ڕووداو به‌سه‌ر بکاته‌وه و له کۆمه‌ڵێک گۆشه‌نیگای جیاوازه‌وه سه‌رنجی هه‌مان کێشه بدات، ئه‌مانه‌یش وایان کردووه، خوێنه‌ر گومان له ڕاستگۆییی نووسه‌ر بکات.
جوبران خه‌لیل جوبران ده‌ڵێت: (گۆزه‌که‌ی پڕ ده‌کات له ئاونگ و به په‌یژه‌ی تریفه‌دا به‌ره‌و ئه‌ستێره هه‌ڵده‌کشێت.) جه‌مشید خان به گوریس هه‌ڵده‌کشێت و له به‌رزایییه‌وه، جارێک ئه‌ویندارێکی شه‌یدایه، گۆرانیی دڵداری ده‌چڕێت و که‌ڕه‌تێک مافیا ئاسا، پلانی ترسناک بۆ ئه‌م و ئه‌و داده‌ڕێژێت. (چ قه‌یدی با دنیا ئه‌نگوسته‌چاو بێت، گرنگ ئه‌وه‌یه ناو دڵمان ڕۆشن بێت.) جه‌مشید خان له نێوان ئینسانێکی ڕۆحپاکژ و دڵپیسدا دێت و ده‌چێت، دواجار نیشتمان جێ ده‌هێڵێت و به‌ره‌و هه‌نده‌ران ده‌فڕێت، ئه‌مه‌یش دروست وه‌ک ئه‌وه وایه، که‌سێک کلیلی ده‌رگه‌ی به‌ختیاریی له زێدی خۆی لێ بزر بووبێت، بچێت له تاراوگه بۆی بگه‌ڕێت که له مه‌حاڵیش ئه‌سته‌متره له‌وێ بیدۆزیته‌وه.
کافکا ده‌ڵێت: (که زیان به زمان بگات، زیان به هه‌ست و به عه‌قڵیش ده‌گات.) بۆیه ئه‌گه‌ر زمانت ساغ نه‌بێت، ئه‌وه نیشانه‌یه بۆ ئه‌وه‌ی نه توانای ئه‌وه‌ت هه‌یه، هه‌ستی خۆت به دروستی ده‌رببڕیت و نه پێت ده‌کرێت ئاوه‌زت وه‌ک پێویست به‌گه‌ڕ بخه‌یت. به‌ختیار عه‌لی ده‌نووسێت: (جه‌مشید به ناو کێڵگه و مه‌زرا و چۆمدا پیاسه‌ی ده‌کرد. ل15) چۆم به مانای چه‌م دێت و شوێنی پیاسه نییه. (جه‌مشید ناردی له زۆر جێگای دووره‌وه دیکۆر و توحه‌فیاتی بۆ هات. ل73) کورد میلله‌تێکی چه‌ند گوناهه! رۆماننووسه‌که‌ی، مانای دیکۆر نازانێت، بۆیه ناتوانێت بیخاته ڕسته‌وه. چه‌ند جارێک، نه‌ک ته‌نیا تاقه جارێک، تا پێمان وابێت هه‌ڵه‌ی چاپه، له‌بری قارچک، که کارگ و کوارگیشی پێ ده‌ڵێن، ده‌نووسێت: قاچک! ل55 و ل116 و ل118 به‌ختیار عه‌لی ده‌نووسێت: (شیاکه‌ی وشکی مانگاکانی لادێ. ل132) شیاکه: ڕیخه به شلی، که وشک ده‌بێته‌وه، پێی ده‌ڵێن: ته‌پاڵه! ئه‌وه‌یشیان شیاکه ه‌ی مانگای لادێ بێت یان شار، هیچ له کێشه‌که ناگۆڕێت. قه‌ت بووه که‌سێک زمانزانینی له‌و ئاسته‌دا بێت و پڕکێشی ئه‌وه بکات، ڕۆمان بنووسێت؟
به‌ختیار عه‌لی ده‌نووسێت: (جه‌میشید خان هه‌ر به ده‌زوویه‌ک ده‌چوو، هه‌وا بیهێنیت و بیبات، به ته‌نێک ده‌چوو، نه‌سیم بیجووڵێنێت. ل7) ئه‌وه وێڕای درێژدادڕی، خوێنه‌ر به نه‌فام زانینیشه، ئاخر چ جیاوازییه‌ک هه‌یه له نێوان ده‌زوویه‌کدا هه‌وا بیهێنیت و بیبات، له‌گه‌ڵ ته‌نێکدا نه‌سیم بیجووڵێنێت؟ ئه‌دی ده‌زوو، ته‌نێک نییه؟ ئه‌دی نه‌سیم، هه‌وا نییه؟ یان: (هه‌ستم کرد ئه‌وه‌ی که تێپه‌ڕیوه بۆ ئه‌به‌د تێپه‌ڕیوه و ئه‌وه‌شی که ڕابردووه، بۆ ئه‌به‌د ڕابردووه. ل23) مه‌گه‌ر خوێنه‌ری خه‌واڵوو، ئه‌گه‌ر نا خوێنه‌رێکی وریا نییه، ئه‌و سووکایه‌تی پێ کردنه، له هیچ نووسه‌رێک قه‌بووڵ بکات. هه‌ر باشه ئه‌مه‌یشی ئیزافه نه‌کردووه: (ئه‌وه‌یشی که به‌سه‌رچووه، بۆ ئه‌به‌د به‌سه‌ر چووه!) یان ده‌نووسێت: (شه‌ڕ له چه‌ند به‌ره‌یه‌کی جیاوازه‌وه، ئاگری گرت و هه‌ڵگیرسا. ل24) ئاخۆ ئه‌و ڕسته‌یه هیچ پێویستییه‌کی به (ئاگری گرت) هه‌یه؟ یان: (پیاوێکی خڕیلانه‌ی کورته بوو. ل29) خڕ خۆی کورته، خڕیلانه، چونکه بچووککراوه‌ی خڕه، له خڕیش کورتتره، ئیدی ئه‌و ڕسته‌یه چ پێویستی به (کورته،) هه‌یه؟ (پیاوێکی وه‌سواس و دووگومانه. ل7) دوودڵ هه‌یه، دوودڵم، به واتای گومانم هه‌یه و دڵنیا نیم، دێت، به‌دگومان هه‌یه، خانه‌گومان هه‌یه، به‌ڵام دووگومان مانای نییه و هه‌ڵه‌یه.
ئه‌وپه‌ڕی سه‌رپرایز و ڕه‌نگه سکانداڵیش، ئه‌وه‌بێت، به‌ختیار عه‌لی ده‌ڵێت: (له‌ناو که‌لاوه و خه‌راباته‌کانی گونده ڕووخاوه‌کاندا، لێفه و پێخه‌فمان کۆ کرده‌وه. ل51) له‌وه‌یان گه‌ڕێ که لێفه‌یش جۆرێکه له پێخه‌ف، کاره‌سات ئه‌وه‌یه، له به‌ختیار عه‌لی وایه، (خه‌رابات) به مانای وێرانه و که‌لاوه دێت!
شوکر هۆشیاره مه‌حوی، تێده‌گا دنیا خه‌راباته
که به‌دمه‌ستی بکا ئه‌هلی، خراپه‌ی بۆچی لێ ده‌گرم.
خه‌رابات به مانای مه‌یخانه دێت، مه‌حوی مه‌به‌ستی ئه‌وه‌یه، چونکه دنیا مه‌یخانه‌یه، ئه‌وه ئاسایییه خه‌ڵکانی زێده سه‌رخۆشی ئه‌و مه‌یخانه‌یه، خراپه‌یان لێ بوه‌شێته‌وه. پێ ده‌چێت نووسه‌ر، پێی وابوو بێت، خه‌رابات، کۆی (خه‌رابه)یه! ئاخر به عه‌ره‌بی میللیی عێراقی به کاوله ده‌ڵێن: خه‌رابه! نووسه‌رێک ڕێز له ئاوه‌زی خوێنه‌ر بگرێت و بکه‌وێته گۆمی هه‌ڵه‌ی وا کوشنده‌وه، ئه‌گه‌ری ئه‌وه هه‌یه، ده‌ستبه‌جێ ده‌ست له نووسین هه‌ڵبگرێت.
ئه‌وی به‌م به‌رهه‌مه کرچوکاڵه، ده‌ست به خوێندنه‌وه‌ی نووسینی به‌ختیار عه‌لی بکات، هێنده نا‌ئومێد ده‌بێت، ئه‌سته‌مه به دوای کتێبێکی دیکه‌یدا بگه‌ڕێت. (به‌هره) نه‌مامێکه وه‌ک چۆن ده‌شێت گه‌شه بکات و ببێته دره‌ختێکی به‌ردار، هه‌ر وایش ئه‌گه‌ری ئه‌وه هه‌یه، وشک هه‌ڵبگه‌ڕێت، ئه‌وه بۆیه پێویسته به‌رده‌وام به ته‌نگییه‌وه بێین و په‌روه‌رده‌ی بکه‌ین. کتێبی (جه‌مشید خانی مامم...) نیشانه‌یه بۆ ئه‌وه‌ی دره‌ختی به‌هره‌ی به‌ختیار عه‌لی، ڕوو له وشکهه‌ڵگه‌ڕانه. ئه‌وه لوتکه‌ی نه‌فامییه، خه‌ڵک له دژی ئه‌وانه هان بده‌ین که وه‌ک ئێمه بیر ناکه‌نه‌وه. نێتشه هه‌رچه‌نده خه‌ڵکی بۆ ئیلحاد هان ده‌دا، که‌چی قه‌شه جیوڤانی ده‌یگوت: پێویسته ڕێزی لێ بگرین و هه‌رگیز نه‌یخه‌ینه ده‌ره‌وه‌ی دنیای به‌رینی مه‌سیحیبوونه‌وه، ئاخر نێتشه ئاوه‌زمان زاخاو ده‌داته‌وه و فێرمان ده‌کات جوانتر بیر بکه‌ینه‌وه.
*
(1) مارک شاگاڵ (1887 _ 1985) که له بێله‌ڕووسیا له دایک بووه و له فه‌ره‌نسا کۆچی دوایی کردووه، قسه‌ی زۆر جوانی هه‌یه، له‌وانه: (هونه‌ری مه‌زن له‌وێوه ده‌ستپێ ده‌کات که سروشت کۆتایی دێت.) یان: (ده‌شێت ئینسانێکی چاک بیت، وه‌لێ هونه‌رمه‌ندێکی خراپ بیت، به‌ڵام مه‌حاڵه، هونه‌رمه‌ندێکی چاک بیت و ئینسانێکی خراپ.) یان: (له ژیاندا بێجگه له خۆشه‌ویستی، هیچ شتێکی دیکه جێی بایه‌خی من نییه و ته‌نیا هه‌ڵسوکه‌وت له‌گه‌ڵ ئه‌و که‌س و شتانه‌دا ده‌که‌م که خۆشم ده‌وێن.)
(2) (هه‌یئه) ڕۆمانێکی (سه‌لام عه‌بدوڵڵا)یه، تێیدا به‌سه‌رهاتی ڕاسته‌قینه‌ی هه‌ڵاتنی خۆی، له زیندانی هه‌یئه خاصه‌ی که‌رکووکه‌وه بۆ سلێمانی، ده‌گێڕێته‌وه.
(3) سه‌لاح بوسریف.
(4) به‌ختیار عه‌لی، جه‌مشید خانی مامم که هه‌میشه با له‌گه‌ڵ خۆیدا ده‌یبرد، له بڵاوکراوه‌کانی ئه‌ندێشه، چاپخانه‌ی کارۆ 2010 سلێمانی.