ئاوابوونی سیاسه‌ت له ده‌سه‌ڵاته‌وه بۆ توندوتیژی
September 16, 2010
فیکر و فەلسەفە
نووسه‌ر :رۆبێرت ماگیۆری
وه‌رگێڕ : تاریق كارێزی
رۆبێرت ماگیۆری، ئوستادى فەلسەفەیە، ماوەی 30 ساڵە لەبارەی ئازادی و ئەدەبیاتەوە دەنوسێتپرسهكه په‌یوه‌سته به جومگه‌ی نێوان دوو چه‌مكه‌وه، كه له را (دۆسكا)دا جووتن، به‌ڵام له رووی فه‌لسه‌فییه‌وه خاوه‌ن دوو ماهیه‌تی جودان، بریتین له چه‌مكی توندوتیژی و چه‌مكی ده‌سه‌ڵات. توندوتیژی له لای فه‌یله‌سووفان هه‌ر له سه‌رده‌می ئه‌فلاتوونه‌وه، هه‌ڵگری سیمای جیاواز له (لۆگۆس)، له (عه‌قڵ)ی هه‌ڵگرتووه، كه بریتییه له ئیره‌یی، كه به لای دانه‌ری (كۆمار)ه‌وه، هه‌ر یه‌ك له سۆفستی و ملهورِ و زاڵم نوێنه‌رایه‌تیی ده‌كه‌ن. هه‌ڵبه‌ت له رێی ئه‌و (یه‌كی دیكه)یه‌وه، دوا جار له په‌یوه‌ندی به‌ستن له‌گه‌ڵ ئه‌ودا، فه‌لسه‌فه په‌یدا ده‌بێت، پاشان ده‌سه‌ڵاتی ره‌گاژۆی نێو عه‌قڵیش. توندوتیژی و ده‌سه‌ڵات له هه‌مان كاتدا لێك جودا و پێكه‌وه بهندیشن، سه‌رهه‌ڵدانی دووه‌میان (ده‌سه‌ڵات) له سه‌ر وه‌ستانی یه‌كه‌میان (توندوتیژی) به‌نده -با لێره‌دا وانه مه‌زنه‌كه‌ی (هۆپز) به یاد بهێنینه‌وه- له‌و چركه‌ساته‌ی كۆتایی به ئه‌و (توندوتیژی) ده‌هێنێت، (ده‌سه‌ڵات) شه‌رعیه‌تی خۆی به‌ده‌ست ده‌هێنێت.
به زمانێكی دی، دامه‌زراندنی ده‌سه‌ڵات توندوتیژی ناهێڵێت، وه‌ك هێزێك بۆ سرِینهوهی توندوتیژی دێته به‌ر چاو، ئه‌ویش له رێی بینا كردنی ماف (هه‌ق)ه‌وه.
كه‌واته، له یه‌ك كاتدا، پێكهوهبهندی و لێك جودابوونه‌وه هه‌یه. توندوتیژی یه‌كه‌م: (به‌ر له رِامیارییه)، چونكه ئاماژه به دۆخێك ده‌كات كه به‌ر له په‌یدا بوونی ده‌سه‌ڵاتێكی سیاسییه، هه‌ر ئه‌و پرسهشه كه هه‌ر یه‌ك له (هۆپز) و (رۆسۆ) و (كلاسته‌ر) جه‌ختیان كرده سه‌ر. دووه‌م: دژهرِامیاری (ئه‌نتی سیاسی)یه، چونكه، بێ پسانه‌وه، گه‌فی هه‌ره‌س هێنانی سیسته‌می سیاسی ده‌كات، كه یان ئه‌وه‌تا ده‌چێته فۆرمی شهرِی ناخۆوه وه‌ك ئه‌وه‌ی له هزری (هۆپز)دایه، یان ئه‌وه‌تا درێژه به رێ گرتن له په‌یدا بوونی ده‌سه‌ڵاتی سیاسی ده‌دات، وه‌ك ئه‌وه‌ی له‌و تهئویلهدا ده‌رده‌كه‌وێت كه (كلاسته‌ر) ده‌رباره‌ی چالاكیی ژماره‌یه‌ك له جڤاكی سه‌ره‌تایی پێشكه‌شی كرد.
دوا جار ئه‌و: به واتای هاوچه‌رخ، پاش رامیاری (پۆست سیاسی)یه، كه سیاسه‌توان له ده‌سه‌ڵات دوور ده‌خرێته‌وه، ناوه‌ندی ده‌سه‌ڵاتیش بۆ بازنه‌ی دی ده‌گوازرێته‌وه، كه له شێوه‌ی ئابووریانه و تهكنیكانه و، وهحشیگهرییهكی میانرِهوانهدا ده‌بێت، كه به‌دی هاتنی هاووڵاتیایهتی ده‌كاته كارێكی مه‌حاڵ.
وێرِای ئه‌و هاودژییه له رووی ماهیه‌ته‌وه، توندوتیژی، دیالیكتیكیانه، هه‌رده‌م خۆی به جووته له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵات و تێكه‌ڵ به ئه‌و ده‌بینێ، له نێو ئه‌ودا و له نێو سیاسه‌تدا، پێگه‌یه‌كی بۆ خۆی داگیر كردووه، بۆ ئه‌مه‌ش به‌رهه‌مه‌كانی مه‌كیاڤیللی زۆر به زه‌قی نیشانه‌ی پێ ده‌ده‌ن. ئه‌گه‌ر ئه‌فلاتوون و زۆربه‌ی فه‌یله‌سووفانی سیاسیی پاش ئه‌و، وێرِای رواڵه‌ته‌كان، توندوتیژی و ده‌سه‌ڵات له یه‌كدی جیا ده‌كه‌نه‌وه، ئه‌وه ره‌سه‌نایه‌تیی مه‌كیاڤیللی، كه له‌گه‌ڵ ئه‌و نه‌ریته‌دا یهكتربرِن، له‌وه‌دایه كه له چوارچێوه‌ی نرخاندنیان بۆ (توندوتیژی و ده‌سه‌ڵات) به زۆرترین راده‌ی وردی، هه‌روه‌ها له خه‌مڵاندنی باش بۆ قه‌باره‌ی هه‌ر یه‌كه‌یان كرده بێت. له هزری سیاسی‌دا، كاری مه‌كیاڤیللی جۆره پیشه‌سازییه‌كی ده‌رمانسازانه (كیمیاوی)ی بلیمه‌تانه‌یه، كه له نێو هه‌ر حاڵه‌تێكدا به دوای برِی دروستی توندوتیژیدا دهگهرِێت، كه وا ده‌رده‌كه‌وێت بۆ رزگار كردنی ده‌سه‌ڵات پێویسته. بۆ ئاگاداری، ئه‌و، تێكه‌ڵ بوونی هه‌ردووكیان وه‌ك كارێكی حه‌تمی ره‌چاو ده‌كات. خه‌مڵاندنی برِی هه‌ر یه‌ك له توندوتیژی و ده‌سه‌ڵات، هه‌ر ئه‌وه‌یه له روانگه‌ی ئه‌وه‌وه، كه بناغه‌ی سیاسه‌ت دادهرِێژێت. كه‌واته كاره‌كه، په‌یوه‌سته به‌وه‌ی له رێی به‌كار هێنانی توندوتیژییه‌وه، ده‌سه‌ڵاتی سیاسی بگریته ده‌ست و بیپارێزیت، به بێ ئه‌وه‌ی له خه‌مڵاندنی توندوتیژیدا هه‌ڵه بكه‌یت، چونكه زێدهرِۆیی كردن له برِی توندوتیژی، به كرده‌نی ده‌سه‌ڵات ناهێڵێت.
ئه‌گه‌ر ده‌گمه‌ن بێت، كه توندوتیژییه‌كی بێ مێژوو هه‌بێت، هه‌روه‌ها ده‌گمه‌نیشه كه ساغه ده‌سه‌ڵاتێك هه‌بێت و له نێو یۆتۆپیای فه‌یله‌سووفاندا خۆی به‌ند كرد بێت. شتی باو و ئاسایی تیكه‌ڵ بوونیانه، هه‌رچه‌نده هه‌ردوو چه‌مكی ده‌سه‌ڵات و توندوتیژی كایه‌ی جودایان هه‌یه، جیاوازیشیان له بنهرِهتدا خۆی به سه‌ر هزردا ده‌سه‌پێنێت. ئاخۆ چۆن ده‌كرێ وێنای توندوتیژی بكه‌ین، ئه‌ویش له نێو ده‌سه‌ڵاتدا به‌و سیفه‌ته دوایین رواڵه‌تی ئه‌وه؟
سه‌باره‌ت به ده‌سه‌ڵات، توندوتیژی به سێ رواڵه‌ت خۆی ده‌نوێنێ: یه‌كه‌م: ههرِهشه تهفرهدهرێكه، ته‌نانه‌ت له كاتی هێمنیی چركه هه‌ره قرِهكهیدا. ئه‌و هه‌میشه پاڵپشتی له ههرِشه كردن له توندوتیژی ده‌كات، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر پتر خۆگیر و تواناتریش بوو. به‌م جۆره توندوتیژی، هه‌ر له سه‌ره‌تاوه له شێوه‌ی ههرِهشهیهكی نادیار له نێو ده‌سه‌ڵاتدا جێگیر بوو، كه به شێوه‌یه‌كی خه‌یاڵی تێیدا ده‌ژی، وه‌ك ههرِهشهیهكی فره شێوه، وه‌ك كابووسێكی كوشنده، هه‌رچه‌نده له واقیعدا له‌گه‌ڵ هیچ شتێك‌دا جووت نابێت.
دووه‌م: توندوتیژی بریتییه له‌و كه‌م و كورتییهی كه ده‌بێ ده‌سه‌ڵات له‌گه‌ڵیدا هه‌ڵ بكات و، ململانێی له‌گه‌ڵدا بكات: چونكه له‌به‌ر یه‌ك هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌یه‌كی پێ به پێیه و، هه‌ره‌س هێنانێكی بێ ئه‌م لا و ئه‌و لایه، به جۆرێك كه هۆیه‌كان له بنهرِهتدا ناوخۆن. له‌م چوارچێوه‌یه‌دا هه‌ر یه‌ك له (ئه‌فلاتوون و ئه‌رستۆ و مۆنتسكیۆ) چه‌ندین لاپهرِهیان ده‌رباره‌ی په‌تا و نه‌خۆشیی رژێمی سیاسی نووسیوه، هه‌روه‌ها ده‌رباره‌ی داكشانی به‌ره‌و داته‌پین كه رێی لێ ناگیرێت، چونكه سیاسه‌ت وه‌ك ژیان وایه، بریتییه له ململانێیه‌ك دژ به گه‌نده‌ڵی و بێ سه‌روبه‌ری.
دوا جار، سه‌باره‌ت به ده‌سه‌ڵات، توندوتیژی له وێنه‌ی ههرِهشهیهكی ده‌ره‌كیدایه: وه‌ك شهرِ، شۆرِش، حاڵه‌تی له‌ده‌ست دانی سه‌روه‌ری و، هه‌موو رووداوه‌كانی مێژوو كه له باریاندا هه‌یه له ناوی ببه‌ن. به‌م جۆره ده‌سه‌ڵات خۆی له به‌رده‌م ئه‌م ئه‌گه‌ره‌دا ده‌بینێته‌وه: به‌رپه‌رچ دانه‌وه‌ی هه‌موو جۆره‌كانی توندوتیژی، وێرِای ئه‌وه‌ی خۆی له دۆخی دووركه‌وتنه‌وه له هه‌موو ئه‌و جۆرانه‌دا ببینێته‌وه، به مه‌به‌ستی ئه‌وه‌ی هه‌رگیز له‌گه‌ڵیاندا (له‌گه‌ڵ ئه‌و توندوتیژیانه)دا نه‌كه‌وێته كێبرِكێوه، چونكه ئه‌و جۆره كێبرِكێیه ده‌سه‌ڵات رووت ده‌كاته‌وه، ده‌ریشی ده‌خات كه ئه‌و مافه‌ی پشتی پێ ده‌به‌ستێت مافی ئه‌وه كه‌سه‌یه كه به‌هێزتره.
هه‌رچه‌نده ده‌سه‌ڵات له توندوتیژی جیایه، هه‌روه‌ها له به‌رده‌م ههرِهشهی كوشنده‌ی ئه‌ویشدایه، ئه‌و له هه‌ندێك هه‌لومه‌رجدا، مه‌جبووره په‌نا بباته به‌ر توندوتیژی، ئه‌ویش دژ به ماهیه‌تی خۆی، به جۆرێك، لێره‌دا، ده‌كرێ قومه ده‌رمانی وردی مه‌كیاڤیللی ئاماده بێت، هه‌روه‌ها دووپات كردنه‌وه‌ی (ماكس فیبه‌ر) له‌وه‌ی هه‌ر ته‌نیا ده‌وڵه‌ت مافی "توندوتیژیی ره‌وا"ی هه‌یه. هه‌رچه‌نده ده‌سه‌ڵات، له هه‌قیقه‌تدا، توندوتیژی به‌كار ناهێنێ به‌ڵكوو ئه‌و هێزه به‌كار ده‌هێنێت كه به وردی پشت به ماف ده‌به‌ستێت، كه‌چی خۆی وا ده‌بینێته‌وه، ئه‌ویش له هه‌ندێك بارودۆخدا، كه ناچاره زێدهرِۆیی له به‌كار هێنانی ئه‌و هێزه‌دا بكات، هه‌روه‌ها ئه‌و مافه‌ش تێپهرِێنێت. روونتر بڵێین، ئه‌و خۆی ناچار ده‌بینێت كه توندوتیژی به‌كار بهێنێت. له‌م حاڵه‌ته‌دا ده‌كرێ ئه‌و توندوتیژییه وا پێناسه بكه‌ین: لێره‌دا ده‌سه‌ڵات له به‌كار هێنانی نایاساییانه‌ی هێزدا تێی دهپهرِێنێ. به‌ڵام ته‌نانه‌ت له‌م ره‌وشه زهحمهتهشدا، ده‌سه‌ڵات له هیچ حاڵه‌تێكدا ناتوانێت خۆی به ده‌ستی توندوتیژیی رووت، لهخۆرِا و، بێ پاساوه‌وه بدات، ئه‌گه‌ر نا ئه‌و خۆی وه‌ك ده‌سه‌ڵات ره‌ت ده‌كاته‌وه. هه‌ر بۆیه توندوتیژی تلیاكێكی ژه‌هراوییه: هه‌موو توندوتیژییه‌ك، به‌و سیفه‌ته‌ی په‌ناگه‌ی (كه‌س یان لایه‌نی) بێهێزه نه‌ك (كه‌س و لایه‌نی) به‌هێز، لاوازییه‌ك ئاشكرا ده‌كات (جۆره نه‌خۆشییه‌ك). هه‌روه‌ها به ناگونجاوی په‌نا بردن بۆی، جارێكی دی، ده‌سه‌ڵات ده‌باته‌وه سه‌ر دۆخێكی چون دۆخی سروشت، یان شهرِی هه‌مووان دژ به هه‌مووان، كه دۆخی به‌ر له په‌یدا بوونی ده‌سه‌ڵاته، ئه‌و حاڵه‌ته‌ی هه‌موو قه‌واره‌كان تێیدا یه‌كسان ده‌بن. به‌م جۆره ده‌زگای ده‌سه‌ڵات كه له سه‌ر بنه‌مای ماف رۆنراوه، توندوتیژی ده‌یكاته ده‌سه‌ڵاتێك بۆ توندوتیژی، كه له‌گه‌ڵ ده‌زگای دیكه‌ی توندوتیژدا ده‌كه‌وێته شهرِهوه، ره‌وشی باڵایی ده‌سه‌ڵاتیش به‌رامبه‌ر به هه‌موو ئه‌وانه‌ی به‌رامبه‌ری ده‌وه‌ستنه‌وه، ره‌ت ده‌كاته‌وه، ره‌وایی هێزه‌كه‌شی ده‌خاته به‌ر تهمتومانهوه. ئه‌و توندوتیژییه‌ی ده‌سه‌ڵات په‌نای بۆ ده‌بات مه‌ترسیداره، به هه‌مان شێوه‌ی ئه‌و توندوتیژییه‌ی هێرشمان ده‌كاته سه‌ر.
به گوێره‌ی ئه‌و پاشینهیه، پرسی ده‌وڵه‌تی ههمهكیانه (شموولی) ده‌خرێته روو، كه له سه‌ده‌ی بیسته‌مدا، توندوتیژی تێیدا گه‌یشته ئه‌و پهرِی و ئاستێكی پێشتر نه‌بوو، كه مه‌یلی زانستخوازانه‌ی وه‌ك بزوێنه‌رێكی ئایدیۆلۆژی بۆ ئه‌و پێكدادانه تێدا به‌كار هات، وه‌ك مه‌یلی بایۆلۆژی له حاڵه‌تی نازی و، بۆچوونی ماتریالیستی زانستی سه‌باره‌ت به مێژوو له حاڵه‌تی ستالین و نموونه‌ی دیكه‌ی ئه‌وان. ئه‌گه‌ر (دادگای) پشكنینی ئایینی، كه پشت به ئایدیۆلۆژیایه‌كی ئایینی ده‌به‌ستێت، گوتی كه قوربانییه‌كانی رزگار ده‌كات به‌وه‌ی مه‌رگیان پێ ده‌به‌خشێت، ئه‌وا نازیزم و ستالینیزم، به پشت به‌ستن به مه‌یلی زانستی، قوربانییه‌كانیان به هیچ له قه‌ڵه‌م ده‌دا، چونكه زانست سه‌لماندی ئه‌وان هیچ نین. له‌و چوارچێوه‌یه‌دا، هه‌ر یه‌ك له (ئانا ئه‌رندت) و (كلۆد لۆفۆر) رۆشناییان خسته سه‌ر پرسی نه‌مانی سیاسه‌ت له نێو ده‌وڵه‌تی هه‌مه‌كیدا. ئیدی بۆیان ده‌ركه‌وت توندوتیژی په‌ره ده‌ستێنێت و سیاسه‌ت ره‌ش ده‌بێته‌وه، واته توندوتیژی وه‌ك تاكه ده‌سه‌ڵات ده‌خرێته جێی ده‌سه‌ڵاتی سیاسییه‌وه، به هه‌مان ریتم هه‌نگاو ده‌هاون و پێكه‌وه به‌ندن، به جۆرێك باوهرِ به‌و گوته نه‌ریتییه ناكرێت كه داكۆكی له هه‌بوونی "ده‌سه‌ڵاتێكی سیاسی" جگه له ده‌سه‌ڵاتی نازی و ده‌سه‌ڵاتی ستالینی بكرێت، ئیدی به‌م جۆره ئه‌وان له ده‌ره‌وه‌ی سیاسه‌تدان، چونكه كه توندوتیژی جێی ده‌سه‌ڵات ده‌گرێته‌وه، وا ده‌كات ئه‌می دووه‌م (ده‌سه‌ڵات) بێ ره‌نگ و نه‌ناسراو بێت.
ئه‌وه‌ی رژێمی ملهورِ له رژێمی هه‌مه‌كی جودا بێت، ئه‌وه‌یه كه هێز له‌و (رژێمی ملهورِ)دا رێك و پێك نییه، دهشگۆرِێت به توندوتیژی، هه‌روه‌ها یه‌كێتیی توندوتیژی و ده‌سه‌ڵات به‌دی ده‌هێنێت، كه‌چی رژێمی هه‌مه‌كی ده‌سه‌ڵات به توندوتیژی دهگۆرِێتهوه. ملهورِی ده‌سه‌ڵاتێكی لاوازه، چونكه پره‌نسیپ له لایه‌ن (ئه‌وانه)وه هه‌رس نه‌كراوه كه ژێرده‌سته‌ی ئه‌ون، سه‌رباری ئه‌وه ئه‌و ئایدیۆلۆژیایهكیشی نییه، هه‌روه‌ها هیچ پاڵپشتییه‌كی ئایدیۆلۆژیشی نییه جگه له ویستی چاك یان خراپی ملهورِ به‌و لاوه. هه‌ر وه‌ك ئه‌فلاتوون ئه‌وه ده‌سه‌لمێنێت، به‌وه‌ی ملهورِ به‌ندكراوی جیهانێكی ناوه‌وه‌یه كه ناتوانێت كۆنترۆڵی بكات، ئیدی ژیانی خۆی به شه‌یدایی بوونی به خواست و ئاره‌زووه تایبه‌ته‌كانی ده‌باته سه‌ر. ملهورِی فۆرمێكی سیاسییه كه توندوتیژیی ناخی ملهورِ ده‌سه‌ڵات ئاراسته ده‌كات، ئیدی له‌م حاڵه‌ته‌دا ده‌سه‌ڵاتی سیاسی بزر نابێت به‌ڵكوو له‌نگ ده‌بێت. هه‌ر بۆیه ده‌بێ له بواری ئه‌و توندوتیژییه‌ی ناخدا به دوای چاوگی راسته‌قینه‌ی ملهورِیدا بگهرِێین، هه‌روه‌ها ئه‌و بێ كۆنترۆڵییهی كه كه‌سی ملهورِ و هێزگه‌لی ملهورِ ده‌بزوێنێت. له‌م شرۆڤه كردنه‌شدا به یه‌كێك له رووكاره‌كانی "بێ- بناغه" ئاشنا ده‌بین، كه له لایه‌ن (هیدگه‌ر)ه‌وه له كتێبی "بنه‌مای هۆ" وێنا كراوه: هێزگه‌لی ملهورِ نازانن بۆچی و به هۆی چییه‌وه ئه‌وان سته‌مكارن، ئه‌وان خۆیان هه‌ر له یه‌كه‌مدا، ده‌بنه قوربانیی ئه‌و سته‌مه به‌ر له‌وه‌ی ببنه ملهورِ. ئه‌وان هه‌رگیز نازانن كه توندوتیژی "بێ بۆچی"، "بێ هۆ"، "بێ- بناغه"یه. توندوتیژی له‌گه‌ڵ ئه‌وی دیكه‌ی (لۆگۆس)دا جووت ده‌بێت، له‌گه‌ڵ بۆ چییهكه، له‌گه‌ڵ عه‌قڵ، به بێ ئه‌وه‌ی هه‌ر بێ راڤه بمینێهوه.
سیاسه‌ت، كاتێك به ته‌واوی پیاده ده‌كرێت، پێویست ده‌كات توندوتیژی و ده‌سه‌ڵات تێكه‌ڵ به یه‌كدی و له یه‌كیش جیا نه‌كرێنه‌وه. لێره‌شدا له‌گه‌ڵ گرفتی هێزدا به یه‌ك ده‌گه‌ین، كه رۆسۆ بیری لێ كرده‌وه، ئه‌و هێزه‌ی كاتێك گوزارشت له ماف ده‌كات، هه‌رگیز نابێته توندوتیژی. هه‌موو رامانی فه‌یله‌سووفان، هه‌ر له سه‌ره‌تای فه‌لسه‌فه‌وه، ده‌رباره‌ی "سیاسه‌تی دروست بووه"، بۆ نموونه له چاكهشاری ئه‌فلاتووندا، وا پێویست ده‌كات توندوتیژی له ده‌سه‌ڵات جیا بكرێته‌وه. ئه‌و شاره‌ی ئه‌فلاتوون له كۆماره‌كه‌یدا دروستی ده‌كات، وا ده‌رده‌كه‌وێت كه تا ئه‌و پهرِهكهی ناچارییه، ئه‌و ناچارییه ره‌گ و ریشه‌ی خۆی له نێو (لۆگۆس)دا ده‌بینێته‌وه، واته له نێو ئه‌وی دیكه‌ی توندوتیژدا. هه‌روه‌ها ده‌سته‌واژه‌كه‌ی رۆسۆ سه‌باره‌ت به به‌رهه‌ڵستكارێكی چاوهرِوان كراوی گرێدانی گرێبه‌ست: "ناچاری ده‌كه‌ین ئازاد بێت"، سه‌ركێشیی تێدایه، به‌ڵام سه‌ركێشییه‌كه له سه‌ر بنه‌مای عه‌قڵ رۆنراوه. ئیدی لێره‌وه حاڵی ده‌بین، كه چۆن هه‌ندێك نووسه‌ری هاوچه‌رخ خوێنه‌رانیان ده‌خه‌ڵه‌تێنن، كاتیك پۆزی سه‌ركه‌وتن لێ ده‌ده‌ن، كه توانیویانه په‌یوه‌ندیی نێوان چاكهشار (شاری نموونه‌یی)ی ئه‌فلاتوون، به‌وه‌ی شارێكی ته‌واو لۆژیكییه و، لۆگۆس هه‌موو لایه‌نه‌كانی ژیانی تێدا بهرِێوه ده‌بات و، ههمهكییهكانی سه‌ده‌ی بیسته‌م روون بكه‌نه‌وه، به مه‌به‌ستی ئه‌وه‌ی دووپاتی بكه‌نه‌وه كه تۆوی ئه‌و ههمهكیانه له لایه‌ن فه‌لسه‌فه‌گه‌لی مه‌زنی سیاسییه‌وه چێندراوه، هه‌روه‌ها پهیرِهو كردنی میتافیزیكی سیاسی. هه‌ڵبه‌ت هه‌مه‌كی (شموولی) له به‌ریه‌ك كه‌وتنی توندوتیژیدا به‌رجه‌سته ده‌بێت، هه‌روه‌ها له زاڵ بوونی هه‌ر شتێكی لهخۆرِا و، له رێكخستنێكدا كه توندوتیژی به ترۆپك ده‌گه‌یه‌نێت. ئیدی به به‌راورد به‌وه، ناكرێ سه‌باره‌ت به‌و بگوترێت، كه هه‌موو ره‌فتارێكی نێو چاكهشاری ئه‌فلاتوون له سه‌ر بنه‌مای عه‌قڵ رۆنراوه، هه‌روه‌ها كه هه‌موو شتێك به گوێره‌ی بیرۆكه‌ی (ئایدیا 1) رێك خراوه و، بناغه‌ی خۆشی له نێو لۆگۆسی فه‌لسه‌فیدا ده‌بینێته‌وه. هه‌ر بۆیه هزری سیاسیی ئه‌فلاتوونی و هزری رۆسۆ كه ده‌توانین داكۆكیی لێ بكه‌ین، چونكه ئه‌ویش به دانانی چوارچێوه‌یه‌كی هزری بۆ مه‌یلی هه‌مه‌كی تۆمه‌تباره، هه‌ردووكیان سه‌نگه‌ری دژ به هه‌مه‌كی ده‌گرن.
توندوتیژی، به گوێره‌ی ئه‌فلاتوون، به‌م جۆره‌یه، كه سه‌باره‌ت به لۆگۆس، (عه‌قڵ)یشه‌وه هه‌ر وایه. به دڵنیاییه‌وه توندوتیژی به‌رده‌وام بیر ده‌كاته‌وه، ئامانجیش بۆ خۆی دیاری ده‌كات، ستراتیژیش بۆ خۆی دادهرِێژێت، به دوای هۆكار و ئامرازیشدا دهگهرِێت، خۆشی به لۆژیك جوان ده‌كات. هه‌ڵبه‌ت وێرِای ئه‌وه‌ی كه ناماقووڵه، به‌ڵام ئه‌و پاساوی خۆی هه‌یه: به بیر كردنه‌وه‌ی له ئامراز، رووكاری عه‌قڵانیی خۆی ده‌ر ده‌خات. بۆ نموونه، "تاوانی نووسینگه" كه دراوه‌ته پاڵ (مۆریس بابۆن) له كاتی دادگایی كردنی له بۆردۆ له ساڵی 1998دا، توندوتیژییه‌كه كه به عه‌قڵانیه‌ت جوان كراوه، ئه‌وه‌شی ده‌خرێته سه‌ر كه له نێو توندوتیژیدا حهتمیهتێك هه‌یه، كه عه‌قڵانیه‌تی زانستیی تایبه‌ت به زانستی مرۆیی ده‌توانێ لێی بكۆڵێته‌وه. به‌ڵام له‌به‌ر ئه‌وه‌ی توندوتیژی به شێوه‌یه‌كی به‌شكی عه‌قڵییه هه‌ر وه‌ك به شێوه‌یه‌كی به‌شكی ناعهقڵیشه، ئیدی ئه‌و به ره‌هایی ناماقووڵه، خۆ ئه‌گه‌ر ده‌كرێ به هۆی زه‌رووره‌تی ته‌كنیكی پاساوی بده‌ینه‌وه كه ماقووڵیه‌تی پێ ده‌دات، ئه‌مه‌ش بابه‌تی بیركردنه‌وه‌ی مهكیاڤیللییه، ئیدی به هیچ شێوه‌یه‌ك مومكین نییه به هۆی عه‌قڵه‌وه پاساو بدرێته‌وه، ئه‌مه‌ش به ته‌واوی له مه‌یدانی ماقووڵی دووری ده‌خاته‌وه. وێرِای ئه‌وه، ناماقووڵیی توندوتیژی (با له ناعه‌قڵانیه‌تی بهشكیانهی جیای بكه‌ینه‌وه) حه‌تمه‌یه‌تی ئه‌و تێ دهپهرِێنێ، به جۆرێك كه له هه‌ر كرده‌یه‌كی توندوتیژدا ناوچه‌یه‌ك ده‌بینین كه بیریارێكی تێدا نییه، هه‌روه‌ها كونێكی ره‌ش و سامناكیش ده‌بینین كه هه‌موو عه‌قڵێك لووش ده‌كات. دوا جار، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر توندوتیژی هۆی خۆشی هه‌بوو، هه‌ر ئه‌وه‌یه كه مه‌حاڵه له سه‌ر بنه‌مای عه‌قڵ رۆبندرێت. ئیدی له‌م گۆشه‌نیگایه‌وه، ده‌كرێ بگوترێت كه به شێوه‌یه‌كی ریشه‌یی له ده‌سه‌ڵات جودایه، به‌و سیفه‌ته‌ی ده‌سه‌ڵات له سه‌ر بنه‌مای عه‌قڵ رۆنراوه، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر ناچاریش بێت په‌نا بباته به‌ر توندوتیژی، ئه‌مه‌ش ئه‌و بیرۆكه‌یه بوو كه (هۆپز) به كارامه‌ییه‌وه روونی كرده‌وه. به واتایه‌كی قوولتر، توندوتیژی هه‌ر "به بێ بۆچی" ده‌مێنێته‌وه، هه‌روه‌ها په‌نهان، سه‌یر، جاری واش هه‌یه مه‌حاڵه وه‌سف بكرێت: "لێره‌دا هیچ بۆچییهك نییه"، به هه‌مان شێوه‌ی رێسای پۆلیسی سه‌ربازیی نازی له ده‌روازه‌ی گرتووخانه‌كانی نازیدا، كه به‌رده‌وام به‌رهه‌مه‌كانی (بریمۆ لیڤی) و (كلۆد لانزمان)مان وه‌بیر ده‌هێننه‌وه! كه‌واته توندوتیژی راڤه‌ی جیاجیای هه‌یه. ئه‌و دوایین ئه‌ڵقه‌ی زنجیره‌یه‌ك راڤه‌یه، به بێ وه‌ستان ده‌گاته سه‌ری زنجیره‌یه‌كی دیكه‌ی راڤه (ته‌نانه‌ت تۆرِێكی راڤه)، به مه‌رجێك هه‌ر "به بێ بۆچی" بێت. ئه‌و رهمهكێكی ریشه‌ییه و نزیكه له ره‌مه‌كی "خراپه‌ی ره‌سه‌ن" كه (كانت) ئاماژه‌ی پێ كردووه. له كۆتایی شی كردنه‌وه‌كه‌شدا، توندوتیژی هه‌ر به كهرِی ده‌مێنێته‌وه به‌رامبه‌ر به‌و بانگهێشته‌ی پرسیاره سوكراتییهكه بۆ پێشكه‌ش كردنی هۆ ده‌ستی پێ كرد، هه‌روه‌ها به‌رامبه‌ر به‌و بانگهێشته‌ش كه واتا ده‌سازێنێ، هه‌ر كهرِه.
(ماركس) و (ئه‌نجلس)، به‌و سیفه‌ته‌ی دژی ده‌وڵه‌تن، به‌و جۆره ده‌سه‌ڵاتی سیاسی و ئه‌و سیسته‌مه یاسایی و ئیدارییه‌ی پێكی ده‌هێنێت، به‌وه‌ی ئامرازێكه بۆ زاڵ بوونی چینێكی دیاری كراوی كۆمه‌ڵایه‌تی، كه له پشت به‌هانه‌ی گه‌ردوونییه‌وه خۆی حه‌شار داوه. واشی داده‌نێن كه شهرِ له نێوانی چینه‌كان له پشت په‌رده‌ی وه‌همی هه‌ق و ده‌سه‌ڵاتی سیاسییه‌وه هه‌ڵده‌گیرسێت، ئه‌و كاره‌ی مه‌یلی گومان بردنیان له یاسا ئاشكرا ده‌كات، ئه‌مه‌ش شهرِێكی كۆنه هێنده‌ی كۆنیی مێژووی مرۆڤایه‌تی (یان به‌ر له مێژوو). ئه‌و توندوتیژییه‌كی هه‌میشه‌ییه، به‌ڵام به شێوازگه‌لێك كه به گوێره‌ی چاخه‌كان دهگۆرِێت. له سه‌رده‌می ئێستادا، كه به لای كه‌مه‌وه ئه‌وه‌یه كه ماركس و ئه‌نجلس له به‌یاننامه‌ی پارتی كۆمۆنیستدا نووسییان، بورژوا ده‌ستی به سه‌ر "ده‌سه‌ڵاتی سیاسی له نێو ده‌وڵه‌تی تازه‌ی نوێنه‌رایه‌تیدا گرت". ئه‌گه‌ر، له یه‌ك كاتدا، به‌ره‌و گۆشه‌نیگای میتافیزیك و به درێژایی مێژوو هه‌ڵكشێین، واته گۆشه‌نیگای ململانێی چینایه‌تی كه ئه‌وان دایانناوه، ده‌بینین ئه‌و هێزه‌ی بورژوا به‌كاری ده‌هێنێت، له‌وه زیاتر نییه كه توندوتیژیی چینێكی دیاری كراوه له پێناو كۆنترۆڵ كردنی كۆمه‌ڵ. به‌م جۆره ده‌سه‌ڵات له نێو "شهرِی ناوخۆ كه كۆمه‌ڵی ئێستا په‌رته‌وازه ده‌كات" دیاری ده‌كرێت، ئه‌ویش به هۆی به‌ده‌ست هێنانێكی كاتیی ره‌وشی باڵاده‌ستی: "ده‌سه‌ڵاتی سیاسی، به واتای وردی په‌یڤه‌كه، ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌یه كه چینێكی دیاری كرا‌و رێك ده‌خات له پێناو چه‌وساندنه‌وه‌ی چینێكی دی". ئه‌گه‌ر ره‌ت كردنه‌وه‌ی ئه‌و تایبه‌تمه‌ندییه سیاسییه‌ی لینین به تایبه‌تی له كتێبی "ده‌وڵه‌ت و شۆرِش"دا باسی ده‌كات و، ره‌ت كردنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی سیاسی، رێی ترسناك بكه‌نه‌وه كه رژێمگه‌لی هه‌مه‌كی (شموولی) پێیدا دهرِۆن، جا ململانێی چینایه‌تی هه‌ر ده‌بێ رۆژێك له رۆژان كۆتایی بێت: ئه‌و كات "ده‌سه‌ڵاتی گشتی سیفه‌تی سیاسییانه‌ی له‌ده‌ست ده‌دات". له ئاسۆی بیركردنه‌وه‌ی ماركس و ئه‌نجلسدا و، له به‌رده‌وامیی ره‌ت كردنه‌وه‌ی سیاسه‌ت و كه‌شه‌كه‌ی و ده‌سه‌ڵاتی سیاسییش له لایه‌نی ئه‌وانه‌وه، دیمه‌نی كۆمه‌ڵێكی بێ چین گه‌ڵاڵه ده‌بێت، كه ده‌سه‌ڵاتی سیاسی تێیدا به شێوه‌یه‌كی لێبرِاوانه ون ده‌بێت. به پێچه‌وانه‌ی رێنماییه‌كانی ئه‌رستۆ، بیری ماركسی ئه‌وه ره‌ت ده‌كاته‌وه، كه پێی وا بێت له سیاسه‌تدا مرۆڤایه‌تی وه‌دی دێت.
له‌م شی كردنه‌وه‌یه‌دا ده‌رده‌كه‌وێت، كه بیری ماركس دژه سیاسییه، كولتووری فه‌لسه‌فییانه‌ی ماركسی، له‌م گۆشه‌نیگایه‌وه، كه‌متر كه‌وتووه‌ته به‌ر كاریگه‌ریی ئه‌زموونگه‌لی زۆ گرنگی سیاسییه‌وه له سه‌ده‌ی بیسته‌مدا، كه په‌یدا بوونی بۆنهگهرانهی شار و هاووڵاتیی تێدا هاته دی، له چه‌شنی: سۆڤێتهكانی شۆرِشی رووسیا، یه‌كه‌كانی كشتوكاڵی سپانیای شۆرِشگێرِ كه به شێوه‌یه‌كی خۆبه‌خۆ به ده‌وری بیر و باوهرِی ههڵڵاخوازانی سه‌ندیكاییدا خولانه‌وه، هه‌روه‌ها ئه‌نجومه‌نی كرێكارانی بودابێست له ساڵی 1956دا. هه‌موو ئه‌و رووداوانه، كه په‌یدا بوونی سیاساندنی مرۆییان پیشان دا، بابه‌تێكی ده‌وڵه‌مه‌ندی بیركردنه‌وه‌یان پێشكه‌ش به چه‌ند فه‌یله‌سووفێكی سیاسی كرد، ئه‌ویش به چه‌سپاندنی واتا (سه‌ره‌نجام تێگه‌یشتنێكی قوولتر و له بیرمه‌ندانی ماركسی كه‌متر كوێرانه)، له نموونه‌ی (حه‌نا ئه‌رندت و، كۆرنلیۆس و، كاستوریادیس). واته ئه‌و رووداوانه ناكرێ شوێنی راسته‌قینه‌یان له نێو ئه‌و بیره‌دا ببیننه‌وه كه سه‌ر به كارل ماركسه، مادام ئه‌و (ماركس)، رایده‌گه‌یه‌نێت و چاوی له كۆتایی هاتنی سیاسه‌ته. سیاسه‌ت سه‌باره‌ت به ماركس و ئه‌نجلس، هه‌ر ته‌نیا پوخته‌ی ململانێی چینه‌كانه، به‌م جۆره به‌دی هێنانی مرۆڤایه‌تی، نه‌مان و ناكۆكیی چینه‌كان بۆی ده‌بێته نیشانه، سه‌ره‌نجام سیاسه‌ت ون ده‌بێت. به‌ڵام ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر ماركسیش پێی وا بێت نه‌مانی سیاسه‌ت نیشانه‌یه‌ك بێت بۆ رزگاری، ئه‌وه چه‌ندین ئه‌زموون وه‌ك خۆماڵی كردنی زه‌وی له (ئه‌راگۆن)دا یان ئه‌نجومه‌نی كرێكارانی بودابێست، پێچه‌وانه‌ی ئه‌وه‌ی پێ راسته، كه خودی ئه‌و رزگارییه له پیاده كردنی سیاسه‌ت و، دووباره دروست كردنه‌وه‌ی كه‌شی سیاسی‌دا خۆی مه‌ڵاس داوه. به‌م جۆره نه‌رێ كردنی سیاسه‌ت به شێوازێكی سه‌یر هه‌موو ره‌وتی ماركسیزم له ههمهكیانی سه‌ده‌ی بیسته‌م نزیك ده‌كاته‌وه، به هه‌مان شێوه‌ی خه‌ونی ئایدیۆلۆژیستانی لیبرالیزمی نوێ، كه خه‌ون به گۆرِینی هه‌موو شێوه‌كانی سیاسه‌ت به (ئابووری)یه‌وه ده‌بینن. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، هه‌ڵه‌یه ئه‌گه‌ر باوكایه‌تیی ئه‌و هه‌موو ههمهكیانه بده‌ینه پاڵ ماركسیزم.
له نێو رژێمگه‌لی هه‌مه‌كیدا، ئایدیۆلۆژیا جێی بیر و گفتوگۆی سیاسی ده‌گرێته‌وه له رێی ره‌ت كردنه‌وه‌ی ژیانی كولتووری و سیاسییه‌وه، هاوته‌ریبی ئه‌وه توندوتیژی جێی ده‌سه‌ڵات و كاری سیاسی ده‌گرێته‌وه. هه‌ڵبه‌ت له رژێمگه‌لی هاوچه‌رخی ته‌كنۆكراتدا، كه رۆڵی ده‌وڵه‌ت به قازانجی خزمه‌ت كردنی به‌رژه‌وه‌ندیی تایبه‌تدا ته‌سك ده‌بێته‌وه، ده‌ست به گهرِان ده‌كرێت بۆ كورت كردنه‌وه‌ی كه‌شی سیاسی تا كه‌مترین راده، گۆرِینهوهی هه‌موو بیركردنه‌وه‌یه‌كی سیاسی ده‌رباره‌ی واتا و مه‌به‌سته‌كان به زل كردنی ئامرازه‌كان، هه‌روه‌ها كورت كردنه‌وه‌ی كیانی مرۆڤ به‌وه‌ی یان به‌رهه‌مهێنه، یان به‌كاربه‌ر، یانیش بینه‌ره. به كورتی، كار بۆ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی سیاسه‌ت ده‌كرێت، پاشان كار كردن له پێناو به‌دی هێنانی بازێكی ئه‌نترۆپۆلۆژی، كه له نێو ره‌ت كردنه‌وه‌دا، وێنای ئه‌و مرۆڤه‌ی چه‌پاندووه كه له لایه‌ن (گریك)ه‌وه داندراوه: دۆزینه‌وه‌ی مرۆڤ وه‌ك "گیاندارێكی سیاسی". به‌م جۆره بۆچوونگه‌لی هاوچه‌رخی كار روێنهر و، مه‌یلی ئابووریانه‌ی تاریكخواز، بناغه‌ی نیمچه لاهووتێكی ئابووری و دژه سیاسی پێك ده‌هێنن، كه ده‌سه‌ڵات ئاوێته به هێزگه‌لی ئاراسته‌كه‌ری بازارِ ده‌كات.
ستالینیزم و نازیزم به ته‌نیا دوو رژێم له مێژوودا داده‌ندرێن، كه به ره‌هایی، توندوتیژییان له جێی ده‌سه‌ڵاتی سیاسی دانا، ئه‌ویش به ره‌ت كردنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی سیاسی و، به رماندنی ئه‌وه‌ی له نێوانیاندایه و، به په‌ك خستنی كه‌شی سیاسی و، به پاكتاو كردنی كه‌شی یاسایی و، به گۆرِینی گه‌ل به گوێره‌ی شێوازی (سۆلجنتسین) كه له لایه‌ن (لۆفۆر)ه‌وه گه‌واهیی پێ دراوه، كه له ناخیدا ده‌نگدانه‌وه‌ی "شهرِی هه‌مووان دژ به هه‌مووان" ده‌زرینگێته‌وه، وه‌ك ئه‌وه‌ی (هۆپز) لێی روانی، بۆ "دوژمنی تایبه‌تی". هه‌مه‌كی ئه‌و رژێمانهن كه هه‌وڵیان دا بایۆلۆژیای به هه‌ڵبژاردن (له‌گه‌ڵ نازیزم) تێپهرِێنن، یان مێژوو (له‌گه‌ڵ ستالینیزم) تێپهرِێنن، ئه‌ویش راسته‌وخۆ بۆ نێو كه‌شی كۆمه‌ڵایه‌تی، به‌و سیفه‌ته‌ی كه ئه‌م دووانه وه‌ك تاكه یاسان هه‌مبه‌ر به هه‌موو ئه‌و یاسایانه‌ی به دروستی بۆ قه‌ره‌بوو كردنه‌وه‌ی حه‌تمیه‌تی سروشت و مێژوو هه‌ن. له بری ئه‌وه‌ی سیسته‌مه‌كه‌ی نێوی، ده‌بینین برِی توندوتیژییه‌كه‌ی نێوی له سیاسه‌ت گرنگتره، ئه‌مه‌ش دۆخی ملهورِییه. له راستیدا هه‌مه‌كی ئه‌و سیسته‌مه‌یه كه تێیدا توندوتیژی سیاسه‌ت لووش ده‌كات، به جۆرێك هه‌موو ده‌سه‌ڵاتێكی سیاسی به ته‌واوی نامێنێ (تونه ده‌بێت): ئیدی له جێ و له بری یاسا و، ماف و، ده‌سه‌ڵاتی سیاسی، توندوتیژیی سروشتی (له‌گه‌ڵ داروینیزم) و توندوتیژیی دیرۆك پیاده ده‌كرێن. پاشان هه‌ڵه‌یه ئه‌گه‌ر بگوترێت كه هه‌مه‌كی وهپێشینایهتیی سیاسه‌ت به سه‌ر هه‌موو فاكته‌رێكی دیكه‌دا، مسۆگه‌ر ده‌كات: نازیزم به گوێره‌ی پێشینایهتیی سروشت به‌رامبه‌ر به سیاسه‌ت هه‌ڵسوكه‌وتی كرد، هه‌روه‌ها ستالینیزمیش به گوێره‌ی پێشینایهتیی مێژوو به‌رامبه‌ر به سیاسه‌ت، هه‌ڵسوكه‌وتی كرد. جا ئه‌گه‌ر، له نێو ئه‌و ههمهكییهدا، پره‌نسیپی توندوتیژی شتانی شاراوه‌ی پره‌نسیپی ده‌سه‌ڵات بهرِێوه ببات، كه‌واته وێرِای هه‌موو گوته‌كانی هێور كردنه‌وه ده‌رباره‌ی دیموكراسی و، كۆتایی مێژوو و، سه‌ركه‌وتنی بازارِ، بۆمان هه‌یه بترسین كه هه‌مه‌كی هیچ شتێكی له لا نه‌بێت پێشكه‌شی بكات، مرۆڤ سیفه‌تی سیاسیانه‌ی لێ داده‌ماڵدرێت و، سیاسه‌تیش له‌م سه‌رده‌مه‌ی ئێمه‌دا نقومی نێو كۆمه‌ڵایه‌تی و ئابووری ده‌كرێت، هه‌مان بارودۆخ سه‌باره‌ت به‌وه‌ی له‌وه‌وه دێته به‌رهه‌م، له بزر بوونی ده‌سه‌ڵاتی سیاسی به دروستی.
ئه‌دی له باره‌ی (سبه‌ی)یه‌وه چی؟ وا دیاره ئاوا بوونی خۆری سیاسه‌ت گه‌لێك هاتووه‌ته پێش. ئه‌گه‌ر خه‌سڵه‌تی سیاسیانه‌ی، كه له نێو فه‌لسه‌فه‌دا له لایه‌ن ئه‌رستۆوه دۆزرابێته‌وه، ئه‌وه چاره‌نووسی سیاسیانه‌ی، كه له سه‌ده‌ی بیسته‌مدا، چه‌ندین رووداوی مه‌زنی به خۆوه بینی (له نموونه‌ی شۆڤێتهكان، ئه‌نجومه‌نی كرێكارانی بۆدابێست)، ئیدی كه‌وته به‌ر گفتوگۆ، به جۆرێك كه ده‌سه‌ڵات له رووی سیاسییه‌وه وا دیاره روو له كه‌م بوونه‌وه‌یه، له رووی كارگێرِی و ته‌كنیك و ئابووریشه‌وه له گه‌شه كردندایه. ده‌سه‌ڵات واز له سیاسه‌ت ده‌هێنێت له پێناو چرِ بوونه‌وه له نێو بازنه‌ی دیكه‌دا، له‌گه‌ڵ جووته‌ی (ئابووری- ته‌كنیك)دا تێك هه‌ڵكێش ده‌بێت. به‌م جۆره دوای ئه‌وه‌ی ته‌لیسمی جیهان كرایه‌وه، ئیدی وا رۆڵی كردنه‌وه‌ی ته‌لیسمی شار هاتووه.
ئه‌و نیمچه سیاسه‌ته‌ی ئه‌م سه‌رده‌مه نوێیه ههڵدهسوورِێنێت، شاره‌زایی تهكنۆكراتانهی بێ منه‌ت له سیاسه‌ته، ئه‌ویش له رێی داماڵینی سیفه‌تی سیاسی له حوكمرِانیی ژێر كاریگه‌ریی ئابووری، وه‌ك ئه‌وه‌ی زانستخوازیی پێشین، سه‌ر له‌نوێ زیندوو ببێته‌وه، ئه‌ویش له پۆشاكی مه‌یلێكی ته‌كنیكانه‌ی هاوچه‌رخدا، به چه‌شنێك ئیدی سیاسه‌ت بوونی لێ قه‌ده‌غه كرا، زه‌ق زه‌ق ده‌شبینێ كه بواره‌كه‌ی ئه‌و له لایه‌ن گوتاری (شاره‌زا و، ته‌كنیك و، لاهوتهكانی حوكمرِانی و، پێداویستی په‌له‌ی ئابووری و، په‌یوه‌ندی)یه‌وه درِی پێ دراوه. مه‌یلی ته‌كنیكی هه‌موو سیاسه‌تێك ئیفلیج ده‌كات. به‌م جۆره ئه‌زموونی بنهرِهتی مرۆڤی هاوچه‌رخ بریتی ده‌بێت له بۆشایی- ئه‌زموونی به‌تاڵ بوونی نوێ له هه‌بوونی سیاسیانه‌ی مرۆڤ، به چه‌شنێك كه هه‌ردوو مه‌یلی ته‌كنیكی و دیماگۆگی (كه به‌م دواییه له ئه‌وروپادا به په‌یدا بوونی بزووتنه‌وه‌ی راسیزم ناو ده‌برێت) رووبهرِووی یه‌ك ده‌وه‌ستنه‌وه، بۆ ئه‌وه‌ی به سه‌ر یه‌كه‌وه بلهوهرِێن. ئیدی "ئێمه"ی ئامار بۆ راپرسی جێی رای گشتیی سیاسیی گرته‌وه، بوونی ئێمه‌شی له به‌رهه‌م هێنان و به‌كار بردنی بێ شوماردا قه‌تیس كرد. به‌م جۆره، وا دیاره پتر و پتر، كه‌وتینه نێو شاری تایبه‌تی خۆمانه‌وه، به هه‌مان شێوه‌ی كۆیله و نامۆكان له شاری هاووڵاتیانی گریكدا، واته بریتین له: درِنده نه‌ك هاووڵاتی (به‌ڵام به خواستی خۆمان). له‌م باره‌یه‌وه (كاستوریادیس) ناوێكی له‌م دیارده‌یه نا كه "تایبه‌تاندنی تاك"ه، به‌وه‌ی تاكی تایبهتێندراو پێچه‌وانه‌ی گیانداری سیاسییه. هه‌موو شتێك روو ده‌دات وه‌ك ئه‌وه‌ی كه‌وتبینه ده‌ره‌وه‌ی كایه‌ی سیاسیی تایبه‌ت به خۆمان، وه‌ك ئه‌وه‌ی ئێمه وازمان له پرۆژه‌ی مرۆڤی هاووڵاتی هێنا بێت، كه ئه‌و هه‌ر خۆی كایه‌ی سیاسی داده‌مه‌زرێنێت، وه‌ك ئه‌وه‌ی به ره‌زامه‌ندیی خۆمان وازمان له‌و پرۆژه‌یه هێنا بێت. خۆ ره‌نگه (ئه‌م كاره‌مان) به نهشئهشهوه (كرد بێت).
به‌م جۆره ئه‌گه‌ر، به واتای (هیدگهریانه) له‌گه‌ڵ ته‌كنیكدا بین، كه‌واته سروشتمان له‌ده‌ست دا (به وردییه‌كی زیاتر: هه‌موو په‌یوه‌ندییه‌كانی دیكه‌ی مرۆڤ به سروشته‌وه ره‌ش رادهبن: په‌یوه‌ندیی به‌ر له به‌رهه‌م هێنان، په‌یوه‌ندیی جووتیارانه، په‌یوه‌ندیی شاعیرانه، په‌یوه‌ندیی رۆحیانه، به هۆی په‌یوه‌ندیی ته‌كنیكییه‌وه)، ئیدی ئێمه له‌گه‌ڵ ته‌كنیكی زاڵ به سه‌ر ده‌سه‌ڵاتدا و، ته‌كنۆكرات -واته ههڵسوورِاندنی كاری هاووڵاتیانی خۆمان له به‌رژه‌وه‌ندیی ئابووری-، سیاسه‌تیشمان له‌ده‌ست دا. له پێناو رێ دان به‌وه‌ی ته‌كنیك به هێزه‌وه گه‌شه بكات، ئێمه قوربانیمان به دووانه‌ی (سروشت/ سیاسه‌ت) "فیزیس/ پۆلیس" به‌وه‌ی كه ته‌وه‌ری فه‌لسه‌فه‌ی یۆنانین، دا. تهكنۆكراتایهتیی شاره‌زا پرۆژه‌ی ته‌كنیكیی نوێخوازان، كه دیكارت له باره‌یه‌وه نووسیویه‌تی، ده‌كاته بناغه‌یه‌كی ره‌ها: چونكه، هه‌ر له سه‌ره‌تاوه وای كرد، كه ته‌كنیك، سروشت (كه هۆلدرین له باره‌یه‌وه گه‌واهیی داوه) له ئاسۆی مرۆیی دوور بخاته‌وه، ئه‌ویش به به‌هانه‌ی "ئێمه به سه‌رییه‌وه كراینه سه‌روه‌ر و خاوه‌نی ئه‌و" (وه‌ك دیكارت ده‌ڵێ)، بۆ ئه‌وه‌ی ئهمرِۆ له شێوه‌ی ته‌كنۆكراتدا بگاته ئاستی دوور خستنه‌وه‌ی سیاسه‌ت له خودی ئه‌و ئاسۆیه، هه‌میشه‌ش له بن په‌رده‌ی كۆنترۆڵ كردنی بهرنامهرِێژانهی عه‌قڵانییه‌وه. ته‌كنیك، كه ده‌چێته فۆرمی ده‌سه‌ڵاتی زانستیانه‌ی تهكنۆكراتانه، ئیدی ده‌بێته ته‌نیا په‌یوه‌ندیی مرۆڤی هاوچه‌رخ به سیاسه‌ته‌وه، به چه‌شنێك -ئه‌و ته‌كنۆكراتییه- وازی له ژیانی سیاسی هێنا، وه‌ك چۆن پێشتر ته‌كنیك له‌گه‌ڵ سروشتدا كردی. كه‌واته له‌ده‌ست دانی سیاسه‌ت له‌گه‌ڵ گه‌شه كردنی ته‌كنیك وه‌ك وێنه‌یه‌كی زاڵ به سه‌ر ژیانی مرۆڤایه‌تییه‌وه، له‌ده‌ست دانی سروشت درێژ ده‌كاته‌وه. پاشان سه‌ركه‌وتنی ته‌كنیكی نوێ، له ئێستا به دواوه، وا ده‌كات به سه‌ر ئه‌وانه‌دا زاڵ بێت كه به هۆی ئه‌وه‌وه پشتیان تێ كراوه، واته به سه‌ر: سروشت و سیاسه‌تدا زاڵ بێت.
هه‌ر له‌م بواره‌دا، ماركس له شی كردنه‌وه‌ی شێوازی "گیانداری سیاسی"ی ئه‌رستۆدا ده‌ڵێ، مرۆڤ ئه‌و "گیانداره‌یه كه ناتوانێ ده‌گمه‌ن بێت ته‌نیا له نێو كۆمه‌ڵدا نه‌بێت". به‌ڵام ده‌بینین كه هه‌ردوو رێچكه سه‌ره‌كییه‌كه‌ی رێكخستنی جڤاكی له سه‌ده‌ی بیسته‌مدا (رێچكه‌ی هه‌مه‌كی و، رێچكه‌ی دیموكراسیی سه‌رمایه‌داری)، په‌ره‌یان به گرووپبه‌ندی (نا تاكایه‌تی، یان تاكایه‌تیی گرووپ)، پتر له ده‌گمه‌نیی جڤاكی دا، هه‌ڵبه‌ت كۆمۆنیزمی مێژوویی له هیچ كاتێكدا جڤاكێكی سیاسی نه‌بووه، چونكه نه‌گه‌یشته به‌رجه‌سته بوون ته‌نیا له كۆمه‌ڵگایه‌كی كارگێرِیدا نه‌بێت، كه به ده‌وری خورافه‌ی دژه سیاسه‌تی ده‌وڵه‌ت له پێناوی ده‌وڵه‌تدا گرد بووبووه‌وه، وێرِای ئه‌وه ماركس به‌رامبه‌ر به‌و، پهیڤگهلێكی سه‌خت به راده‌ی پێویستی نه‌دۆزییه‌وه. هه‌روه‌ها كۆمهڵگهلی سه‌رمایه‌داریش پتر له توانای سیاسیانه‌ی مرۆڤی به‌جێ نه‌گه‌یاند، ئه‌م كاره‌ش به كۆمهڵگهلی كۆمۆنیزمی مێژوویی نه‌هاته دی: ئه‌وه به دڵنیاییه‌وه تاكایه‌تیی ئه‌وه، به گرووپاندنی و، به كردنی به گه‌ردیله‌یه‌كی به‌كاربه‌ر، به تاكێك له گرووپێكدا. كۆمۆنیزمی مێژوویی به ئامرازی كارگێرِی مرۆڤی گرووپاند، هه‌ر ئه‌مه‌شه كتێبه‌كانی (زینۆفییڤ) دووپاتی ده‌كه‌نه‌وه، وه‌ك چۆن كۆمهڵگهلی سه‌رمایه‌دار له رێی به‌كار بردنه‌وه ده‌یكه‌ن. هه‌ر ئه‌مه‌شه كه شی كردنه‌وه‌ی روون و، له هه‌مان كاتدا كه قابیلی ره‌ت كردنه‌وه نین، دووپاتی ده‌كه‌نه‌وه. كۆمۆنیزمی مێژوویی و سه‌رمایه‌داریی ئازاد پێداگری له سه‌ر گرووپاندن (گرداندن) ده‌كه‌ن: به به‌كار هێنانی تاك وه‌ك ئه‌وه‌ی كۆمه‌ڵی بورژوا بێت (چونكه تاك هه‌میشه بریتییه له دهرهاویشتهیهك)، له پێناو تواندنه‌وه‌ی له نێو گرووپێكی كارگێرِی یان گرووپێكی به‌رهه‌مهێن و به‌كاربه‌ر. به‌م واتایه، ئه‌م دوو فۆرمه سیاسییه پاشه‌كشه‌یه‌كی مێژوویی پیشان ده‌ده‌ن به‌رامبه‌ر به نموونه‌ی بورژوا بۆ تاك (كه له سه‌رده‌می رۆشنگه‌رییه‌وه له لایه‌ن لوك و كانت و.. هتد-یه‌وه گه‌شه‌ی پێ دراوه)، كۆمۆنیزمی مێژوویی و سه‌رمایه‌دارییش، هه‌ر یه‌كه‌یان به شێوازی تایبه‌تی خۆی، پێشكه‌وتنی ئه‌نترۆپۆلۆژییان، كه مۆركی سه‌ركه‌وتنی بورژوا بوو، گهرِاندهوه بۆ رابردوو، هه‌وڵیشیان دا مرۆڤ بۆ وێنه‌یه‌كی به‌ر له بورژوا بگێرِنهوه. ئه‌و كاره وای كۆمهڵگهلی ئه‌وان كرد كه ناتوان بن له‌وه‌ی مرۆڤ وه‌ك گیاندارێكی سیاسی، به ده‌گمه‌ن بكه‌ن، هه‌روه‌ها سه‌ركردایه‌تیشی بكه‌ن به‌ره‌و ئه‌و سه‌ربه‌خۆییه، به‌و سیفه‌ته‌ی كه له سه‌رده‌می ئه‌رستۆوه ئاسۆمان ده‌نوێنێت. به‌م جۆره سیاسه‌تێكی "راسته‌قینه" وا پێویست ده‌كات تاكی گرووپ بكاته گیاندارێكی سیاسی، له هه‌مان كاتدا دانیشتووانی گردوكۆ بكاته گه‌لی سیاسی، چونكه ئه‌م سوورِی كیمیای جڤاكییه داوا ده‌كات، هه‌ردوو مه‌یلی ئابووریانه و تهكنۆكراتانه له پێشه‌نگایه‌تیی خۆی دابماڵێت.
با لێره‌دا ئه‌وه‌ی ئه‌رستۆ گوتی وه‌بیر خۆمانی بهێنینه‌وه: ئاده‌میزاد "گیاندارێكی سیاسییه". ئه‌م شێوازه‌ی، كه به زۆری به شێوه‌یه‌كی خراپ لێی حاڵی بوون، نوێنه‌رایه‌تی كردنی "سیاسی" و "كۆمه‌ڵایه‌تی" له‌خۆ ده‌گرێت، كه له هه‌ر یه‌كه‌یاندا ره‌گ و تایبه‌تمه‌ندیی سیاسیی له‌ده‌ست داوه، ئاماژه‌ش به سروشت یان رووداوێكیش ناكات، به‌ڵكوو ئاماژه به شتی شاراوه و گریمانه ده‌كات. جا ئه‌گه‌ر مرۆڤ ئه‌و گیانداره بێت كه ده‌توانێت بوونێكی سیاسیی هه‌بێت، بوونێكی سیاسی به شێوه‌یه‌كی تایبه‌ت و ره‌گاژۆ، ئه‌وه ئیدی (ئه‌رستۆ، رۆسۆ، ئارندت و، كاستوریادیس) به ته‌نیا بیرمه‌ندانێك داده‌ندرێن كه ئه‌م رهگاژۆییهیان ئاشكرا كرد، كه له شێوه‌یه‌كی دوو لایه‌نه به‌رجه‌سته ده‌بێت: ئاده‌میزاد وه‌ك گیاندارێكی به ریشه سیاسی (واته سیاساندنی) و، سیاسه‌ت وه‌ك دهركهوتێك بۆ تایبهتمهندایهتیی سیاسیانه‌ی مرۆڤ (چونكه ئه‌م ده‌ركه‌وته تاكی هاووڵاتی و، كۆمه‌ڵ وه‌ك شار ده‌هێنێته به‌رهه‌م).
هه‌ر بۆیه ده‌بێ وا ته‌ماشای سیاسه‌ت بكه‌ین كه وه‌ك ئه‌زموونێكه، گیانداری سیاسی، كه زۆر به گورِ و هێزه‌وه ئاده‌میزاده، كارا ده‌كات. به‌وه‌ی گیاندارێكه خه‌سڵه‌تی هێزی بهرمهزهنده و به‌رده‌وامییه، پتر له‌وه‌ی ماهیه‌ت بێت، هه‌روه‌ها ئاماژه به‌و ئه‌گه‌ره‌ش ده‌كات كه له توانایدایه هه‌ر یه‌كه‌مان بكاته گیاندارێكی سیاسی، نه‌خشه‌ی رێگایه‌كی شاراوه‌شمان بۆ ده‌كێشێت، كه ئه‌و بیرۆكه‌یه په‌رچڤه ده‌كات كه بریتییه له‌وه‌ی، مرۆڤایه‌تیمان بۆی نییه گه‌شه بكات، ئه‌گه‌ر هاوشانی ئه‌وه، ره‌هه‌ندی سیاسیمان گه‌شه نه‌كات. ئه‌گه‌ر رۆژێك له رۆژان مومكین بێت به سه‌ر بێزهوهریدا زاڵ بین، كه خه‌سڵه‌تی بوونی جڤاكیمانه، ئه‌ویش له رێی ئه‌زموونی سیاسییه‌وه، ئه‌وه كاره‌كه، به دڵنیاییه‌وه، لێره‌دا به شێوه‌یه‌كی مه‌ترسیدار په‌یوه‌سته به شتێكی ترسناكه‌وه، كه هه‌ر خۆی له قه‌راغی فه‌وتاندا رووداوه‌كه دروست ده‌كات. پاشان ده‌كرێ بگوترێت، كه ئه‌زموونی سیاسی پرشنگێكی خێرا و كتوپرِی نێو كێڵگه‌ی شاری خاوه‌ن ریشه‌یه (چونكه مرۆڤ گیاندارێكی له ریشه‌دا سیاسییه)، به زمانێكی دی، كارا كردنێكی كاتیی گیانداری سیاسییه، یه‌كسه‌ریش بۆ جارێكی دی ئاماده‌ی داخران ده‌بێت.
ئه‌زموون دووباره به‌ده‌ست هێنانه‌وه‌ی دووهمێكی مهحفهوه بووه، له‌وه‌ی پێمان وایه كه له‌ده‌ستمان داوه، كه‌چی ئه‌گه‌ر هه‌یه كه هه‌رگیز ئێمه به ته‌واوی به ده‌ستمان نه‌هێنا بێت، واته ژیانی سیاسی. ئه‌و سیاساندنه، ههقیهتێكی ریالیستانه، یان ماهیه‌تێكی ئه‌وتۆی نییه، كه قابیلی گێرِانهوه بێت، به‌ڵكوو به پێچه‌وانه‌وه، ئه‌و هه‌میشه له به‌رده‌وامیدایه، له تۆویهكدا، له لانكێكدا. چالاكییه‌كه، كه له‌و قۆزاخهیهی ژیانی ئاساییمانی شه‌ته‌ك داوه، رزگارمان ده‌كات، هێزێكی پاڵنه‌ره كه له‌و توێكڵی رۆژانه‌ی ژیانمان ده‌رمان ده‌كات، واته ئه‌زموونی سیاسی ئه‌زموونێكه بۆ پرِ بوونێكی راگوزه‌ر، بۆ وه‌همی گهرِاندنهوهی ئه‌و شته‌ی هه‌رگیز به‌ده‌ستمان نه‌هێناوه. ئه‌و ئه‌زموونی كارا كردنی بهردهوامییهكه (وه‌ك ئه‌زموونی شۆرِشگێرِانه له ترۆپكدا). بۆیه له بری ئه‌وه‌ی ئاراسته به گه‌یاند بكرێت/ دووباره گرێدانه‌وه‌ی ده‌ست و قاچی بوونێكه له بوونه‌كان به ماهیه‌تێكی دیاری كرا‌و، ئه‌وه بوو وه‌همی رۆسۆی پێك ده‌هێنا، هه‌میشه ئه‌زموونی سیاسی له نێو ئه‌زموونێكی به‌رده‌وامیدایه، وه‌ك ئاگرێك كه سووته‌مه‌نیی لێ ببرِێت، به‌رحوكمی ئه‌وه‌یه رۆژێك له رۆژان بكوژێته‌وه. بێ گومان، ئه‌وه‌ی له نێو سیاسه‌تدا ده‌ژی، ئه‌وه پێشه‌كی بزره: ئه‌دی كوا كۆمۆنه‌ی پاریس له ساڵی 1871دا؟ سۆڤیه‌تی ساڵی 1917؟ سپانیای ساڵی 1936؟ بودابێستی ساڵی 1956؟ وه‌ڵام ئه‌وه‌یه: ئه‌زموونی ته‌كانی سیاسی به‌ره‌و كۆتایی هاتن، له ئه‌زموونی بزر بوون ده‌چێت.
به‌م جۆره ئه‌زموونی سیاسیی سه‌رده‌مانی ئێستا له (نائه‌زموونی)دا چرِ ده‌بێته‌وه، به ئه‌ندازه‌ی واز هێنان لێی، چونكه، له بن رووپۆشی دیموكراسی، وازمان له ئه‌گه‌ری ئه‌وه‌ی ببینه سیاسه‌تمه‌دار هێنا، به پێچه‌وانه‌ی ده‌ستووری ئه‌سینایی كه بره‌و به بوونی سیاسیی هه‌ر تاكه كه‌سێك ده‌دات، له رێی ده‌سه‌ڵاتی میدیا و بینینه‌وه، وا دیاره ئه‌زموونی وێك هاتنه‌وه‌ی سیاسه‌توان، نموونه‌ی پێشكه‌ش كرا‌و به هه‌ر تاكه كه‌سێكه، چونكه دیموكراسی، بهدگۆرِان به سه‌ر ئاره‌زووی سیاسی‌دا ده‌هێنێت. له چاخی ئه‌سیناوه تا ئێستا، هه‌ردوو رووی (ئه‌لیتیا)، خرانه‌روو، واته هه‌قیقه‌ت به‌وه‌ی، كه له باری سیاسییه‌وه له لای دێرینانی گریكدا، دۆزینه‌وه‌یه به شێوه‌یه‌كی روون و ئاشكرا. دوای ئه‌وانیش به بیست و دوو سه‌ده ئه‌زموونی تێك هه‌ڵكێشی (رووناكی و تاریكی)ی كۆماری فه‌ره‌نسا هات، پاشان وێك هاتنه‌وه نه‌ك نشوستی یان به??