كۆمه‌ڵ و توندوتیژی
September 2, 2010
فیکر و فەلسەفە

نووسه‌ر :نۆربار رۆلان
وه‌رگێڕ : تاریق كارێزی
(كۆمه‌ڵ: كۆمه‌ڵگا: هه‌ردوو په‌یڤه‌كه یه‌ك واتایان هه‌یه، كۆمه‌ڵ كۆنتره و كۆمه‌ڵگاش تازه‌یه. له‌م ده‌قه و هه‌ر ده‌قێكی دیكه‌ی نووسین(وه‌رگێرِان)ه‌كانی مندا یه‌ك واتایان هه‌یه- ت. ك). هه‌ر چییه‌ك بێت ئه‌و بایه‌خه‌ی كه به شه‌رِ (جه‌نگ) ده‌درێت و، ئه‌و ئایینده‌یه‌ی بۆ ئه‌و پێشبینیی ده‌كه‌ین، ئه‌و (له‌وه ده‌رناچێت كه) به درێژایی چاخه‌كانی مێژوو، شێوه‌یه‌كی باوی په‌یوه‌ندیی نێوان كۆمه‌ڵگاكانه. هه‌روه‌ها شێوه‌یه‌كه له شێوه‌كانی به‌كار هێنانی توندوتیژی، وه‌ك رێكارێك له رێكاره‌كانی چاره‌سه‌ر كردنی ململانێ. وێرِای ئه‌وه گه‌لێك جار ئه‌و توندوتیژییه به مه‌به‌ستی چاره‌سه‌ر كردنی ململانێی ناوخۆی كۆمه‌ڵ، دێته گۆرِێ. ئیدی مافی ئه‌وه‌شمان ده‌بێت كه بپرسین ئاخۆ (شه‌رِ) له‌گه‌ڵ ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تیدا هه‌ڵ ده‌كات؟ به‌كار هێنانی (شه‌رِ) هه‌ر ته‌نیا به توخمی مرۆڤه‌وه به‌ند نییه، كۆمه‌ڵی ئاژه‌ڵ و گیاندارانی دیكه‌ش په‌نای بۆ ده‌به‌ن. به‌ر له‌وه‌ی وه‌ڵامی پرسیاره‌كه‌ش بده‌ینه‌وه، هه‌وڵ ده‌ده‌ین هه‌ندێك لێ وردبوونه‌وه بخه‌ینه روو:1- وانه‌ی كۆمه‌ڵگاكانی ئاژه‌ڵ:
دوژمنایه‌تی له نێو یه‌ك جۆردا و له نێوانی جۆره‌كاندا:
مه‌رج نییه هه‌ر توندوتیژی نواندنێك كارێكی دوژمنكارانه بێت. (راو)یش شتێكی له‌و جۆره‌یه، چونكه ئه‌و ئاژه‌ڵه‌ی نێچیره‌كه‌ی بۆ ئه‌وه ده‌كوژێت تا بیخوات، به هه‌مان شێوه‌ی ئه‌و راوكه‌ره‌یه كه دوور له كاری دوژمنكارانه، نێچیره‌كه‌ی راو ده‌كات. له‌به‌ر ئه‌وه‌ی (هه‌ردوو كاره‌كه) په‌یوه‌ستن به په‌یوه‌ندیی شه‌رِه‌نگێزییه‌وه، ئیدی دوژمنكاری ره‌نگه شێوه‌ی جیاجیا بگرێته خۆ. جا یان ئه‌وه‌تا ئه‌و توندوتیژییه له نێوان ئه‌ندامانی چه‌شنی جۆربه‌جۆردا به‌رپا ده‌بێت (دوژمنایه‌تیی نێوان جۆره‌كان). نموونه‌ی ئه‌م حاڵه‌ته‌ش زۆر ده‌گمه‌نه و ئاكامه‌كانیشی زیانبه‌خشن، چونكه ئه‌م ململانێیه به ته‌رزێكی ته‌وافقی نییه، به‌ڵكوو له بنه‌رِه‌تدا خاوه‌ن ته‌رزێكی وێرانكه‌ره، یان ئه‌وه‌تا زۆر خۆی ده‌ئاخنێته نێو ئه‌ندامانی خودی جۆره‌كه‌شه‌وه (دوژمنایه‌تیی نێو یه‌ك جۆر و نێوان ئه‌ندامانی). زۆربه‌ی زانایانی ئه‌تنۆلۆژیا پێیان وایه ئه‌م جۆره توندوتیژییه، لابه‌لا نه‌بێت، زیان به ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تی ناگه‌یه‌نێت. به شێوه‌یه‌كی گشتی ئه‌ركه‌كانی -به پێچه‌وانه‌وه- سوودی بۆ جۆری ئه‌و ئاژه‌ڵه‌ش هه‌یه، به‌وه‌ی پاراستنی مسۆگه‌ر ده‌كات. ئه‌و بوار ده‌دات كه دابه‌ش بوونێكی تۆكمه بۆ ئاژه‌ڵێكی له هه‌مان چه‌شن له روویه‌رێكی زه‌ویدا بێته دی، ئه‌گه‌ر جۆری جیاجیای ئاژه‌ڵ بتوانن به شێوه‌یه‌كی هه‌میشه‌یی له سه‌ر هه‌مان رووبه‌ره خاكدا بژین، چونكه به یه‌ك چه‌شن سوودی لێ وه‌رناگرن، كاره‌كه سه‌باره‌ت به ئه‌ندامانی یه‌ك جۆره ئاژه‌ڵ هه‌مان شت نییه، چونكه خاكێكی دیاری كرا‌و ناتوانێت له برِێكی دیاری كراوی سامان به‌و لاوه زیاتریان بداتێ.
ده‌كرێ شه‌رِه‌نگێزی ببێته مایه‌ی چه‌سپاندنی هه‌ره‌مبه‌ندیی كۆمه‌ڵایه‌تی. له حاڵه‌تی به‌رپا بوونی یاخی بوونێك، هه‌ره به‌هێز، یان ئه‌وه‌ی له په‌یژه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تیدا جێی ئه‌و ده‌گرێته‌وه، خۆی به سه‌ر بێهێزتر یان ئه‌وه‌ی له خواره‌وه‌ی په‌یژه‌كه‌دایه ده‌سه‌پێنێت. له هه‌موو حاڵه‌تێكدا، شه‌رِه‌نگێزی مه‌به‌ستی نییه یه‌كێك له سه‌ركرده‌كان له‌ناو ببات، به‌ڵكوو ده‌خوازێت دووری بخاته‌وه یان گوێرِایه‌ڵ بوونی ئه‌و به‌ده‌ست بهێنێت. ئه‌م ئاكامه‌ش به كه‌مترین تێچوو بۆ كۆمه‌ڵگاكان له رێی ململانێی رواڵه‌تیانه و خاوه‌ن كاریگه‌ریی كه‌مه‌وه دێته دی، كه به گه‌لێك شێوازی جۆربه‌جۆر به‌دی دێت، وه‌ك هه‌ڵوێست هه‌رِه‌شه‌ی به‌رپه‌رچده‌ر (بۆ نموونه: كلك بادانی ماسییه‌ك به‌رامبه‌ر به ماسییه‌كی دی)، هه‌روه‌ها نموونه‌ی شه‌رِه‌كانی شه‌ره‌ف (دوو ماسی به ده‌می یه‌كدا ده‌نووسین و یه‌كدی دێنن و ده‌به‌ن، ئه‌مه‌ش كاتێكی زۆری ده‌وێت به بێ ئه‌وه‌ی هیچ زیانێكی جێ باسی لێ بكه‌وێته‌وه، ئه‌مه‌ش هه‌ڵوێستێكه (كه‌ی لۆرنز) به گوندنشینانی سویسرای به‌راورد كرد، كه زۆرانبازانی (ئه‌و وڵاته) بۆ ماوه‌ی چه‌ندین سه‌عات ده‌ست له شه‌رواڵی یه‌كدی گیر ده‌كه‌ن و یه‌كدی دێنن و ده‌به‌ن).
دوا جار ره‌نگه شه‌رِه‌نگێزی له نێوانی كۆمه‌ڵه‌كان -یان له نێوانی ئه‌ندامانی كۆمه‌ڵه‌كان-ی سه‌ر به یه‌ك جۆر ململانێ بنێته‌وه (شه‌رِه‌نگێزیی نێو یه‌ك جۆر و له نێوانی كۆمه‌ڵه‌كان). ئه‌گه‌ر مشكێك له خێزانه‌كه‌ی خۆیه‌وه بۆ خێزانێكی دی بگوازرێته‌وه، ئه‌وه یه‌كسه‌ر ده‌كوژرێت، چونكه حاڵه‌تێكی شه‌رِی به‌رده‌وام له نێوانی ئه‌و كۆمه‌ڵه جیاجیایانه‌دا هه‌یه. به پێچه‌وانه‌ی شێوه‌ی شه‌رِه‌نگێزیی نێو ئه‌و جۆره‌ی پێشتر باس كرا، ئه‌مه‌ی دواییان هیچ ئه‌ركێك به قازانجی ئه‌و جۆره‌ی به نموونه هێنامانه‌وه به‌دی ناهێنێت. به پاكتاو كردنی ئه‌و گرووپانه‌ی كه‌متر به‌هێزن، مانه‌وه و ته‌شه‌نه كردنی ئه‌و گرووپانه‌ی به‌هێزترن یان شه‌رِه‌نگێزترن مسۆگه‌ر ده‌كات. به گوته‌ی (كه‌ی لۆرینز)، ره‌نگه لێره‌دا له به‌رده‌م رێگایه‌كی داخراوی په‌ره‌سه‌ندندا بین، چونكه شه‌رِه‌نگێزیی نێو تاكه جۆر و له نێوان كۆمه‌ڵه‌كاندا، ره‌نگه هیچ ئاكامێكی شایانی باسی لێ نه‌كه‌وێته‌وه. هه‌ڵبه‌ت شه‌رِه‌نگێزیی نێوان جۆره‌كان، هه‌ر به ته‌بیعه‌ت زیانبه‌خشه، به‌ڵام له‌ویش جودایه به‌وه‌ی باوتره، ئه‌مه‌ش وا ده‌كات مه‌ترسیدارتر بێت. به پێچه‌وانه‌ی ئه‌وه، شه‌رِه‌نگێزیی نێو یه‌ك جۆر و له نێوان تاكه‌كان، ناكرێ هاوچه‌شنی هیچ شێوه په‌یوه‌ندییه‌كی نادروستی په‌یوه‌ندیی كۆمه‌ڵایه‌تی بێت. ره‌نگه ئه‌م تێبینییه چه‌سپاوتر بێت، كه پله‌ی شه‌رِه‌نگێزیی تایبه‌ت به كۆمه‌ڵگایه‌كی دیاری كرا‌و، راسته‌وخۆ په‌یوه‌سته به هه‌بوونی په‌یوه‌ندیی كه‌سی له نێوان تاكه‌كانی هه‌مان جۆر (كۆمه‌ڵگا).
ئه‌و ئاژه‌ڵانه‌ی له چوارچێوه‌ی باندی گه‌وره‌دا ده‌ژین (چۆله‌كه، ریشۆڵه، قرتێنه‌ران) كه‌متر شه‌رِه‌نگێزن، به‌ڵام هاوكاری له نێوانیاندا نییه، چونكه په‌یوه‌ندیی نێوانیان په‌یوه‌ندیی تاكانه نییه. به پێچه‌وانه‌ی ئه‌وه، ئه‌وه‌ی ده‌كرێ پێی بگوترێت براده‌رایه‌تی و ئه‌مه‌ك له نێوانی دوو یان ژماره‌یه‌ك ئه‌ندامی زۆر دیار، ته‌نیا له لای ئه‌و ئاژه‌ڵانه‌دا هه‌یه كه پله‌ی شه‌رِه‌نگێزی له لایان به‌رزه (وه‌ك گورگ). خۆشه‌ویستی و رق زۆر له یه‌كدییه‌وه نزیكن، هه‌ر ئه‌وه‌شه كه په‌ندی پێشینان له دێر زه‌مانه‌وه باسی ده‌كات. هه‌ڵبه‌ت كاره‌كه هه‌میشه هه‌ر وا نییه، ملیۆنان ساڵه شه‌رِه‌نگێزی به دوای ئه‌ڤین و سۆزدا دێت (هه‌روه‌ها خشۆك و ئاژه‌ڵانی فره دێرینیش، شه‌رِه‌نگێز و بێ سۆزن). په‌یوه‌ندیی كه‌سانه (به‌ر له نزیكه‌ی یه‌ك ملیۆن ساڵ) ته‌نیا له لای خاوه‌ن هێسكی ته‌واو و چۆله‌كه و مه‌مكداران و ئه‌و ئاژه‌ڵانه‌ی به سێ پێ له‌دایك بوون، په‌یدا بوو، له‌گه‌ڵ ئه‌وانیشدا ئه‌گه‌ری په‌یوه‌ندیی سۆزداری هاته ئاراوه. به رسته‌یه‌كی دی بڵێین، ئه‌گه‌ر شه‌رِه‌نگێزیی بێ له ئه‌ڤین هه‌بێت، ئه‌وه ئه‌ڤین به بێ شه‌رِه‌نگێزی نابێت. شه‌رِه‌نگێزی و به‌خشینی مۆركی كه‌سانه به سه‌ر په‌یوه‌ندیی نێوان تاكه‌كان و هه‌روه‌ها به سه‌ر سۆز و ئه‌ڤیندا، نموونه‌یه‌كی كه‌ڵه‌كه بوونه بۆ په‌ره‌سه‌ندن.
به‌راوردێك له نێوان كۆمه‌ڵگای مرۆڤ و كۆمه‌ڵگای ئاژه‌ڵ
ره‌وتێك له لای ئه‌تنیكناسان (زانایانی ئه‌تنۆلۆژیا)دا هه‌یه سه‌باره‌ت به گومان بردن له سوودی به‌راوردكاریی نێوان كۆمه‌ڵگاكانی مرۆڤ و كۆمه‌ڵگاكانی ئاژه‌ڵ. ئه‌وه‌ی كه گومانی تێدا نییه، ئه‌و كۆمه‌ڵگایانه به جیاوازیی ریشه‌یی له یه‌كدی جودان. وردتر بڵێین، هه‌ر ته‌نیا به‌خشینی به‌هایه‌ك به كه‌سی مرۆیی -ئه‌م به‌هایه‌ش به گوێره‌ی كۆمه‌ڵگاكان جیاوازه، كه هه‌ر ئه‌وه بۆ خۆی جێ په‌نجه‌ی تیۆریی نه‌ژاردپه‌رستییه- رێمان لێ ده‌گرێت كه ساغه فاكته‌ره‌كانی شه‌رِه‌نگێزی له نێو جۆر و له نێوانی تاكه‌كان به شێوه‌یه‌كی ئه‌رێنی ده‌ست نیشان بكه‌ین. پاساوی دوور خستنه‌وه‌ی تاكێك، نابێ ئه‌وه بێت كه له هه‌مووان بێهێزتره یان له‌وانی دی كه‌م به‌هره‌تره.
ئه‌و جیاوازییانه، له روانگه‌ی ئێمه‌وه، رێ له هیچ به‌راوردكارییه‌ك ناگرێت. مرۆڤ وێرِای برِستی بیركردنه‌وه‌ی، گیاندارێكی عاقڵمه‌ند نییه. ئه‌و تا ئێستا -كه ره‌نگه به زۆری وا بێت- ملكه‌چی سۆزی خۆیه‌تی. شه‌رِه‌نگێزی هه‌میشه رۆڵی هه‌یه له‌و په‌یوه‌ندییانه‌ی كه مرۆڤ له‌گه‌ڵ ئه‌وانی دیكه‌دا ده‌یان به‌ستێت. به هه‌مان شێوه‌ی ئاژه‌ڵ، ئه‌و شه‌رِه‌نگێزییه مه‌رج نییه به‌ره‌و توندوتیژیی ببات، له گه‌لێك حاڵه‌تدا به‌وه قه‌ره‌بوو ده‌كرێته‌وه كه ده‌گۆرِدرێت به ململانێی رێك فۆرمالیستانه. كاتێك وێرِای هه‌موو شتێك چاره‌سه‌ر كردنی ململانێیه‌ك به توندوتیژی ده‌بێت، ئه‌وه به‌كار هێنانی توندوتیژی وا باوه ملكه‌چی یاسایه‌ك ده‌بێت، ئه‌مه‌ش له توێژینه‌وه‌كه‌ماندا بۆ سیسته‌می تۆڵه‌كاری* ده‌یبینین، تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه به شێوه‌یه‌كی كوێرانه نابێت، به‌ڵكوو له رێی ملكه‌چ بوون بۆ رێساكانی گه‌مه‌كه‌وه ده‌بێت.
له لایه‌كی دیكه‌وه، گیاندارانی مرۆیی به گوێره‌ی ئه‌و چێوه سۆسیۆلۆژییه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانیان تێیدا دروست ده‌بن، شه‌رِه‌نگێزی و زبریی زیاد یان كه‌متر ده‌نوێنن، له‌م ئاسته‌دا جۆرێك له هاوته‌ریبی له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵگاكانی ئاژه‌ڵدا هه‌یه. مرۆڤ به گشتی له نێو جۆره‌كاندا شه‌رِه‌نگێزی ناسه‌لمێنێت، راوكه‌ران پێویستیانه بۆیه نێچیر ده‌كوژن، به هه‌مان شێوه‌ی كه ئاژه‌ڵ راده‌گرین تا بیخۆین. كۆمه‌ڵگاكانی تازه‌مان بایه‌خ به پاراستنی هه‌ندێك جۆره ئاژه‌ڵی ده‌گمه‌ن یان ئه‌وانه‌ی هه‌رِه‌شه‌ی نه‌مانیان له سه‌ره ده‌دات.
شه‌رِه‌نگێزی له نێو جۆردا و له نێوانی گرووپه‌كاندا، به زۆری ده‌بێته مایه‌ی به‌كار هێنانی توندوتیژی. هه‌ڵبه‌ت ئه‌وه زۆر ته‌شه‌نه‌ی كردووه، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر زیاتر له جارێكیش زیانی خۆی بسه‌لمێنێت. وه‌ك ده‌بینین شه‌رِ له چاخه‌كانی مێژوودا دیارده‌یه‌كی گشتییه. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا شه‌رِه‌نگێزی له نێو جۆردا و له نێوانی تاكه‌كاندا، هه‌رچه‌نده زۆر پشتاوپشت نه‌هاتووه، كه‌متر مه‌ترسیداره چونكه راسته‌وخۆ نابێته مایه‌ی توندوتیژی. هه‌روه‌ها هه‌موو ئه‌و شتانه‌ش به‌ندن به پله‌ی ئه‌و مه‌ودا كۆمه‌ڵایه‌تییه‌ی له نێوانی تاكه‌كاندایه، به راده‌ی فراوان بوونی (مه‌وداكه)، ئه‌گه‌ری به‌رپا بوونی توندوتیژی له ئارادا ده‌بێت، پێچه‌وانه‌كه‌شی هه‌ر راسته.
به كرده‌نی بۆمان روون ده‌بێته‌وه، كاتێك ململانێ له نێوان تاكه‌كانی هه‌مان گرووپی كۆمه‌ڵگایه‌كدا به‌رپا ده‌بێت، چاكتر وایه به شێوازی ئاشتیانه چاره‌سه‌ر بكرێت. به‌رامبه‌ر به‌وه، كاتێك خه‌ڵكانێك كه سه‌ر به گرووپی جیاجیان ململانێ ده‌كه‌ن، ئیدی په‌نا بردن بۆ تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه هه‌میشه پێویست ده‌بێت. هه‌ندێك له‌و بیرۆكانه، به رای ئێمه، ره‌نگه بوار بده‌ن، كه به باشی وه‌ڵامی پرسیاری حه‌تمیه‌تی توندوتیژی له كۆمه‌ڵگاكانی مرۆیی بدرێته‌وه.
دوو پرسیار هه‌یه به كرده‌نی ده‌كرێ بكرێن، كه بریتین له: ئایا توندوتیژی حه‌تمییه؟ ئه‌دی ئه‌و هۆیانه چین كه ته‌شه‌نه نه‌كردنی له هه‌موو كۆمه‌ڵگاكان راڤه ده‌كات؟
ڕ- ئایا توندوتیژی حه‌تمییه؟
ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر گریمانه‌ی ئه‌وه‌ش بكه‌ین كه توندوتیژی له خه‌سڵه‌تی مرۆڤدا ره‌گاژۆیه، ره‌نگه مرۆڤ پێی وا بێت كه یه‌كێك له ده‌سكه‌وته هه‌ره به سووده‌كانی كولتوور ئه‌وه ده‌بێت، كه توندوتیژی نه‌هێڵێت. له ساڵانی نێوان 1946 و 1950 هه‌ندێك له نووسه‌رانی ئه‌مریكا (تافت، ئه‌لینسكی و، گالتونگ) چه‌ندین نموونه‌ی كۆمه‌ڵگایان خستووه‌ته روو، كه ره‌نگه تاوان و توندوتیژییان لێ دوور بخرێته‌وه، ئه‌و چاره‌سه‌رانه‌ی پێشنیار كراون به شێوه‌یه‌كی گشتی له‌وه‌دا خۆ ده‌نوێنن، كه به‌هاگه‌لی كولتووری پێكه‌وه بگونجێنن، هه‌ر له‌وه‌ی به شێوه‌یه‌كی ریشه‌یی، نه‌بوونی یه‌كسانی له هه‌ردوو ئاستی سیاسی و جڤاكی و ئابووریدا، كه‌م بكرێته‌وه (یان نه‌هێڵدرێت).
تیۆرییه‌كه‌ی (د. سزابۆ) پتر خاوه‌ن خه‌سڵه‌تێكی وه‌سفكارانه‌یه. به لای ئه‌و نووسه‌ره‌وه توندوتیژی له فاكته‌ری فسیۆلۆژییه‌وه سه‌رچاوه ده‌گرێت (له نێو جینه‌كانی په‌ره‌سه‌ندنی مێشكی مرۆڤدا ریشه‌داره)، هه‌روه‌ها له فاكته‌ری جڤاكی و سۆسیۆلۆژییه‌وه سه‌رچاوه‌ی گرتووه. ئه‌می دواییشیان له چێوه‌ی پله‌ی یه‌كگرتوویی نێوان گرووپگه‌لی لاوه‌كیی كۆمه‌ڵگایه‌كی دیاری كراودا، گه‌ڵاڵه ده‌بێت. به ئه‌ندازه‌ی به‌هێز بوونی ئه‌و، رێژه‌ی توندوتیژی له كورتی ده‌دات. ئه‌وه‌ش تێبینییه‌كی ورده، بۆمان روون ده‌بێته‌وه كه جڤاكی (راوكه‌ران- به‌رهه‌مرِنان) به گشتی پتر له جڤاكی كشتیارانی جێگیر، به كۆمه‌ڵ، شێوازی ئاشتییانه‌ی یه‌كلایی كردنه‌وه‌ی ململانێیه‌كان په‌سند ده‌كه‌ن. به‌ڵام له شی كردنه‌وه‌ی هۆكاردا ده‌بێ قوول ببینه‌وه، به‌وه‌ی كه راده‌ی یه‌كگرتوویی كۆمه‌ڵێك، پێویست به ئاماده بوونی چه‌ندین فاكته‌ر ده‌كات كه ده‌بێ دیاری‌یان بكه‌ین.
سه‌رباری ئه‌وه، هه‌ر كۆمه‌ڵێك باوه‌كوو ته‌واوكار و بێ كه‌م و كورِییش بێت، وا دێته پێش چاومان كه چه‌ندین جۆر توندوتیژیی به خۆوه دیوه. ئێمه بێ سڵه‌مینه‌وه له پاڵ راگر (ف. بۆلان) پێمان وایه، كه وێنا كردنی كۆمه‌ڵگایه‌كی به‌ده‌ر له توندوتیژی مومكین نییه، به‌ڵام له به‌رامبه‌ردا ده‌كرێ سنوورێك بۆ رواڵه‌ته‌كانی (توندوتیژی) دابندرێ. به وردییه‌كی زیاتر پێمان وایه، ئه‌گه‌ر شه‌رِه‌نگێزی حه‌تمییه، ئه‌وه ده‌كرێ توندوتیژی كۆت بێت. شه‌رِه‌نگێزی كارێكی حه‌تمییه، چونكه مرۆڤ -وه‌ك روونمان كرده‌وه- تا ئێستا نه‌یتوانیوه بیسه‌لمێنێ، كه ده‌توانێت هه‌ر ته‌نیا به عه‌قڵی خۆی، خۆی به‌رِێوه ببات، له لایه‌كی دیكه‌وه شه‌رِه‌نگێزی به‌و سیفه‌ته‌ی (ئاگر گه‌رم كردن)ه، ره‌نگه ئاسه‌واری به سوود و داهێنه‌رانه‌شی بۆ كۆمه‌ڵ هه‌بێت. جا به گوێره‌ی ئه‌وه، بۆچوونی (یانس*) له خۆیدا ده‌نوێنێ، ناكرێ واز له باشییه‌كانی بهێندرێت و خۆ له خراپییه‌كانیشی لا بدرێت.
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا هه‌موو كۆمه‌ڵگاكان شه‌رِه‌نگێز نین و به هه‌مان ئه‌ندازه‌ش توندوتیژ نین. له‌م باره‌یه‌وه تاقی كردنه‌وه‌ی ئه‌نترۆپۆلۆژی ئه‌و تیۆرییه دووپات ناكاته‌وه، كه فره‌یی كۆمه‌ڵایه‌تی ده‌كاته رێگرێك له به‌رده‌م توندوتیژیدا. له لایه‌كی دیكه‌وه، ئه‌و شێوازه‌ی گرووپگه‌لی زاڵ له نێو كۆمه‌ڵدا لێیه‌وه بۆ فره‌یی ده‌رِوانن، بایه‌خی له شتانی دی زیاتره، به كارێكی سوودبه‌خش داده‌ندرێت نه‌ك به‌رهه‌مهێنه‌ری توندوتیژی، پێچه‌وانه‌كه‌شی هه‌ر راسته. له لایه‌كی دیكه‌وه تێبینیی ئه‌تنۆگرافی به لای دووپات كردنه‌وه‌ی فاكته‌ری دیكه‌دا ده‌شكێته‌وه، كه له سه‌رمان پێویسته ئێستا لێیان برِوانین.
ب- مه‌یل بۆ توندوتیژی: به‌راوردێك له نێوان كولتووره‌كان:
ده‌رهاویشته‌ی ئه‌تنۆگرافی بوارمان پێ ده‌دات تێبینیی ئه‌وه بكه‌ین، كه ئه‌گه‌ر هه‌ر كۆمه‌ڵێك رێكاری ئاشتییانه و توندوتیژیشی بۆ یه‌كلایی كردنه‌وه‌ی ململانێیه‌كان به‌كار هێنا، ئه‌وه له رووی دابه‌ش بوونه‌وه كۆمه‌ڵێكی ناهاوسه‌نگه. له لایه‌كی دیكه‌وه كاتێك هه‌ڵبژاردنی كرداره‌كی به لای تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه‌دا ده‌شكێته‌وه، ئه‌وه به هه‌مان ئاست له هه‌موو كۆمه‌ڵه‌كاندا پیاده نابێت. په‌نا بردن بۆ توندوتیژی و وه‌لاوه نانی هاوكاری له تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه‌دا، ئه‌و گرفته‌ن كه له سه‌رمان پێویسته ئێستا لێیان بكۆڵینه‌وه.
- په‌نا بردن بۆ توندوتیژی:
هه‌ندێك كۆمه‌ڵ به‌هایه‌ك به ئاشتی ده‌ده‌ن. پیاوی راسته‌قینه له لای هیندی "زونی" (ئه‌مریكای باكوور)، یان له لای "مبوتی" (نێچیروان- به‌رهه‌مرِنن له كۆنگۆ)دا، ئه‌وه‌یه كه ده‌زانێت چۆن خۆی له شه‌رِ دوور بخاته‌وه. له لای هی دیكه‌ش پێچه‌وانه‌ی ئه‌وه ده‌بینین، وه‌ك "ندیمبو" له زامبیا، كه ململانێ پێگه‌یه‌كی گرنگی له ژیانی سیاسی و جڤاكیدا هه‌یه، په‌نا بردن بۆ توندوتیژی زۆر دووباره ده‌بێته‌وه. له نێوانی ئه‌م هه‌ڵوێستانه‌دا هه‌مبه‌ر به توندوتیژی و ده‌رهاویشته‌ی بایۆلۆژی، هیچ پێكبه‌ندییه‌كی به ده‌لاله‌ت نایه‌ته ئاراوه، (ئه‌گه‌ر به كرده‌نی گه‌لانێك هه‌ن كه پتر له گه‌لانی دی مه‌یلی جه‌نگیان هه‌یه، ئه‌وه پاڵنه‌ریان بۆ ئه‌و شته خه‌سڵه‌تی فزیۆلۆژییان نییه، هێنده‌ی كه دیرۆك و سیسته‌می تایبه‌تی به‌هاكانیان پاڵنه‌ره). له سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه، پێویسته له سه‌رمان روو بكه‌ینه گه‌رِان به دوای فاكته‌رگه‌لێك كه په‌یوه‌ندییان به سیسته‌می كولتوورییه‌وه هه‌یه. هه‌بوونی هه‌ندێك فاكته‌ری ده‌زگایی (یاسایی) وا دێته پێش چاو، كه یارمه‌تیده‌ر بێت بۆ گه‌یشتن به یه‌كلایی كردنه‌وه‌ی ململانێ به ئاشتی. به پێچه‌وانه‌ی ئه‌وه، نه‌بوونی ده‌بێته مایه‌ی هه‌میشه په‌نا بردن بۆ توندوتیژی. هه‌روه‌ها ئاماده بوونی لایه‌نی سێیه‌م كه توانای ئه‌وه‌ی هه‌بێت لایه‌نانی ململانێ به‌ره‌و چاره‌سه‌ری ئاشتییانه ببات (میانگێرِ، ناوبژیكه‌ر)، یان بتوانێ ئاشتییان به سه‌ردا بسه‌پێنێت (دادوه‌ر، ده‌سه‌ڵاتێكی سیاسی)، ره‌نگه فاكته‌ری هانده‌ر بن.
رۆڵی هاتنه پێشی لایه‌نی سێیه‌م یان دروستتر ده‌زگاكانی ده‌وڵه‌ت، رێگرتنه له دیارده‌ی توندوتیژی. لێره‌شدا ددان به نامه‌ی كلاسیزمی (ئاراسته‌ی په‌ره‌سه‌ندنكاری)دا ده‌نێین، كه هه‌میشه مێژوونووسانی یاسا به یادی ده‌هێننه‌وه. به‌ڵام نامه‌یه‌كی ناته‌واوه و ره‌نگه ناوردیش بێت. له لایه‌ك ده‌رهاویشته‌ی ئه‌تنۆگرافی روونی ده‌كاته‌وه، كه گه‌لێك كۆمه‌ڵگا كه به‌هایه‌ك به ئاشتی ده‌ده‌ن، به هۆكارگه‌لێك ئاشنا نین بۆ یه‌كلایی كردنه‌وه‌ی ململانێ، كه تێیدا لایه‌نی سێیه‌م دێته پێش، یان ره‌نگه كه‌می له باره‌یه‌وه بزانن.
له لایه‌كی دیكه‌وه، هه‌ر یه‌ك له (كه‌ی. ئێف) و (سی. ئێس. ئۆترباین) له وتارێكی گرنگدا روونیان كرده‌وه، كه پێكبه‌ندییه‌ك (پێكه‌وه‌به‌ندییه‌ك) له نێوانی په‌ره‌سه‌ندنی ناوه‌ندایه‌تیی ده‌سه‌ڵات و، هاتنه خوارێی تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه‌دا نییه، ئه‌میش ئه‌م خشته‌یه‌ی دادێ روونی ده‌كاته‌وه:
پله‌ی ناوه‌ندایه‌تیی ده‌سه‌ڵاتی سیاسی ژماره‌ی ئه‌و كۆمه‌ڵانه‌ی به ئاشتی داده‌ندرێن ژماره‌ی ئه‌و كۆمه‌ڵانه‌ی به توندوتیژ داده‌ندرێن
به‌رز 7 11
13 20
كۆ = 51 كۆمه‌ڵ
هه‌روه‌ها گریمانه‌یه‌كی دیكه‌ش هه‌یه كه به زۆری جێی قبووڵه، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه، گریمانه وایه كه شه‌رِ یه‌كرِیزیی ناوخۆی كۆمه‌ڵ پته‌و ده‌كات، ئه‌و كۆمه‌ڵانه‌ی پتر شه‌رِكه‌رن، ره‌نگه كه‌متر رێژه‌ی تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه له نێوان پێكهاته‌كانیان به خۆوه ببینن. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، هه‌ر له‌و بابه‌ت و باسه‌دا توێژینه‌وه‌یه‌ك له‌باره‌ی هه‌مان نموونه‌وه كرا، ته‌نیا رێژه‌یه‌ك له پێكبه‌ندیی له نێوانی ئه‌و خه‌سڵه‌تانه‌دا سه‌لماند، ئه‌و پێكه‌وه‌به‌ندییه نابیندرێت، ته‌نیا مه‌گه‌ر كۆمه‌ڵه‌كه شه‌رِكه‌ر (جه‌نگاوه‌ر) بێت و خاوه‌ن ده‌سه‌ڵاتێكی سیاسیی ناوخۆی فره ناوه‌ندی بێت..
له نێو ئه‌و كۆمه‌ڵانه‌ی ده‌سه‌ڵاتی سیاسی لاواز ده‌بێت، ره‌نگه، له هه‌مان كاتدا كه ئاره‌زووی شه‌رِ ده‌كات، ئاره‌زوویه‌كی به‌هێز به لای تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه‌شدا هه‌بێت. بێ سڵه‌مینه‌وه بۆمان روون ده‌بێته‌وه، كه په‌یوه‌ندییه‌ك له نێوانی هه‌ندێك فاكته‌ری ژینگه و په‌نا بردن بۆ توندوتیژی هه‌یه. هه‌روه‌ها "راپایۆر"یش هه‌قیقه‌تی كه ئاخۆ زیاد بوونی ژماره‌ی دانیشتووان و زیاد نه‌وبوونی رووبه‌ری پێویست -ئه‌مه‌ش به گشتی ناهاوسه‌نگییه- ده‌بێته مایه‌ی ململانێ، كه بێ به‌ش كردنی لایه‌نێك له به‌رژه‌وه‌ندیی لایه‌نێكی دیكه‌ی لێ ده‌كه‌وێته‌وه و، به شێوه‌یه‌كی توندوتیژانه كۆتایی دێت. هه‌ڵبه‌ت ده‌بێ تێبگه‌ین بۆچی ئه‌و ململانێ خۆرِسكانه‌یه به توندوتیژی یه‌كلایی ده‌بێته‌وه، پتر له‌وه‌ی به شێوازی دی یه‌كلایی ببێته‌وه، ئه‌مه له لایه‌ك. له لایه‌كی دیكه‌وه بۆچی هه‌ندێك كۆمه‌ڵ هه‌ن كه بێ سه‌ركردایه‌تین، ململانێی تایبه‌ت به به‌كار هێنانی زه‌وی به شێوازی ئاشتیانه یه‌كلایی ده‌كه‌نه‌وه، ئه‌مه‌شیان له لایه‌كی دی؟
هه‌موو ئه‌و تیۆرییانه هه‌رگیز مایه‌ی قبووڵ نین. تیۆریی دیكه هه‌ن كه توانای گه‌وره‌تری راڤه‌كارانه‌یان هه‌یه. به شێوه‌یه‌كی گشتی له سه‌ره‌تاوه له‌گه‌ڵ (ئێس. رۆبێرتس) سه‌رنج ده‌ده‌ین، كه رێژه‌ی توندوتیژی په‌یوه‌سته به نموونه‌ی به‌هاگه‌لی تایبه‌ت به كۆمه‌ڵێك. كاتێك ئه‌و به‌هایانه به‌های تاكایه‌تی و ململانێ و شه‌رِه‌نگێزی به‌رز ده‌كه‌نه‌وه، ئیدی توندوتیژی له نێوانی تاكه‌كان گرنگ ده‌بێت (هه‌ر وه‌ك نموونه‌ی كۆمه‌ڵی ئه‌مریكی روونی ده‌كاته‌وه).
له لایه‌كی دیكه‌وه، ئه‌گه‌ر توندوتیژی له نێوانی تاكه‌كاندا به‌رز بوو، ئیدی ئه‌وه‌ی له نێو په‌یوه‌ندیی نێوان گرووپگه‌لی لاوه‌كیدا ده‌بێت، ئه‌ویش توندوتیژییه‌كی به‌رز ده‌بێت (وه‌ك ئه‌وه‌ی نموونه‌ی كۆمه‌ڵه‌كانی گینیای نوێ روونیان كرده‌وه). وێرِای ئه‌وه‌ی كاره‌كه لێره‌دا هه‌ر ته‌نیا په‌یوه‌ندیی به تێبینییه‌وه هه‌یه. ئایا فاكته‌رێ هه‌یه ئه‌گه‌ری كولتووری بخاته ئه‌ستۆی كۆمه‌ڵ كه به لای توندوتیژیدا بشكێته‌وه؟ ئێستا ده‌كرێ ناوی دوو فاكته‌ر بهێنین: یه‌كه‌م: په‌یوه‌سته به نموونه‌ی رێكخستنی خێزان: توێژینه‌وه‌كانی (كه‌ی. ئێف) و (سی. ئێس. ئۆترباین) پێكبه‌ندییه‌كی روون له نێوان پشتاوپشت مانه‌وه‌ی په‌نا بردن بۆ تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه و، ئه‌و كۆمه‌ڵانه‌ی بنه‌مای نیشته‌جێ بوونی نێرسالارییان تێدایه باوه، سه‌لماندووه، جا (شوێنی) نیشته‌جێ بوونه‌كه ماڵه باوان بێت یان تایبه‌ت به خاڵ یان هی مێرد بێت. پێكبه‌ندی دووپات ده‌بێته‌وه، ئه‌گه‌ر فاكته‌رێكی دی بخرێته سه‌ر ئه‌م فاكته‌ره (كه هه‌ر به سه‌ره‌كی ده‌مێنێته‌وه)، ئه‌ویش بریتییه له فره‌ژنی (به پێچه‌وانه‌ی ئه‌وه په‌نا بردن بۆ توندوتیژی به راده‌یه‌كی كه‌متر مومكین ده‌بێت، ئه‌گه‌ر له كۆمه‌ڵێكدا بووین كه خاوه‌ن سیسته‌می تاك ژنایه‌تی بوو: خاوه‌ن ماڵی ژنانه یان دایكانه و خاوه‌ن ماڵی تازه بوو).
كۆمه‌ڵ هه‌بوونی تۆڵه نه‌بوونی تۆڵه
كۆمه‌ڵی باوكسالار و خاوه‌ن سیسته‌می فره‌ژنی 11 4
كۆمه‌ڵی خاوه‌ن سیسته‌می فره‌ژن یان باوكسالار 6 10
كۆمه‌ڵ بێ فره‌ژن و بێ باوكسالاری 5 14
كۆ = 50 كۆمه‌ڵ
به راستی ئاشكرایه كه زۆربه‌ی كۆمه‌ڵگاكانی مرۆیی به‌رحوكمی بنه‌مای زاڵ بوونی نێرسالارین، چالاكیی جه‌نگییش زۆربه‌ی كات كاری پیاوانه. كاتێك سیسته‌می نیشته‌جێ بوون هانده‌ر ده‌بێت بۆ گردبوونه‌وه‌ی نه‌وه له دوای نه‌وه‌ی تاكه‌كان له توخمی نێرینه، گرووپگه‌لی برایانه‌ی پتر یه‌كرِیز و سه‌ركه‌وتوو دروست ده‌بن، تا به یه‌ك ده‌نگیی تۆڵه‌كارانه به‌رپه‌رچی هه‌ر زیانێك بده‌نه‌وه، كه تاكێكی ئه‌وان له كاتی ژن هێناندا ده‌كاته ئامانج، برایانیش به درێژایی ژیانیان له یه‌كدییه‌وه نزیك و كۆبه‌كۆ یه‌كرِیز ده‌مێننه‌وه.
ئه‌و هاوكاری و یه‌ك ده‌نگییه‌ی نیشته‌جێ بوون زیاتر ده‌بێت، كاتێك پیاوان رۆڵه و نه‌وه‌ی فره‌ژنی ده‌بن. له واقیعدا، ژن هێنانی رۆڵه‌كان له‌و كۆمه‌ڵانه‌ی كه فره‌ژنن، پتر دوا ده‌كه‌وێت له‌وه‌ی له كۆمه‌ڵانی تاك ژنن، گریمانه وایه كه زرِبرایان په‌یوه‌ندییان به‌تینتر بێت له كاتی پێكه‌وه په‌روه‌رده كردنیان بۆ ماوه‌یه‌كی درێژ. سه‌رباری ئه‌وه، به‌راوردكاریی نێوان كولتووره‌كان روونی ده‌كاته‌وه، ماڵی نێرسالارانه به شه‌رِی ناوخۆوه به‌نده، ماڵی دایكسالارانه‌ش به شه‌رِی ده‌ره‌كییه‌وه به‌نده.
دووه‌م: په‌یوه‌ندیی به نموونه‌ی رێكخستنی كۆمه‌ڵایه‌تی- ئابوورییه‌وه هه‌یه. جڤاكی (نێچیرڤانان- به‌رهه‌مرِنان**)ی كۆچه‌ر یان نیمچه كۆچه‌ر بۆ یه‌كلایی كردنه‌وه‌ی ململانێ شێوازی ئاشتییانه په‌سند ده‌كه‌ن، به پێچه‌وانه‌ی جڤاكی كشتیارانی جێگیر. له واقیعدا جڤاكی (نێچیروانان- به‌رهه‌مرِنان)ی كۆچه‌ر چه‌ندین سیمای ئه‌وتۆ ده‌خه‌نه روو، كه هانده‌رن بۆ یه‌كلایی كردنه‌وه‌ی ئاشتییانه‌ی ململانێ. له لایه‌ك ئه‌و یه‌كلایی كردنه‌وه‌یه هه‌ر ته‌نیا بۆ گرفتی خێزانی به‌كار دێت، یان په‌یوه‌ندیی به چۆنیه‌تی به‌ده‌ست هێنانی پێداویستی به‌كاربردنی ئه‌وتۆوه هه‌یه، كه دادرِزێت. له كاتێكدا له لای جڤاكی كشتیارانی جێگیر، له بواری خاكدا دیاری كردنێكی به‌هێز بۆ تاك یان گرووپ له ئارادیه، هه‌روه‌ها مه‌یلی موڵكداری هه‌یه، ئه‌مه‌ش ده‌رفه‌تی زیاد له به‌رده‌م ململانێدا ده‌كاته‌وه، جگه له‌وه هانده‌ر ده‌بێت بۆ گه‌شه كردنی شه‌رِه‌نگێزی. له لایه‌كی دیكه‌وه كۆچ و دوور كه‌وتنه‌وه، بوار به چاره‌سه‌ر كردنی ناته‌بایی نێوان تاكه‌كان ده‌دات، پتر له‌وه‌ی به به‌ریه‌ك كه‌وتن ئه‌و بواره ده‌سته‌به‌ر بێت. سه‌رنجگه‌لی ئه‌تنۆگرافی روونی ده‌كه‌نه‌وه، كه په‌رته‌وازه‌یی شێوازی هه‌ره باوه بۆ یه‌كلایی كردنه‌وه‌ی ململانێیه‌كان (په‌ندێكی ره‌وه‌ندان هه‌یه ده‌ڵێ: بۆ لێك نزیك كردنه‌وه‌ی دڵانمان ده‌بێ ره‌شماڵانمان له یه‌كی دوور بخه‌ینه‌وه. كوردیش ده‌ڵێ: دووری و دۆستی- ت. ك)، به مه‌رجێك كه‌شی سروشت زۆر سه‌خت نه‌بێت. (خۆ لادان له لای هۆزه‌كانی "هازادا" له ته‌نزانیادا باو بووه، هه‌روه‌ها هۆزه‌كانی "كۆنگ بۆشمان"یش له بیابانی "كالهاری"دا، به‌ر له هه‌ر شتێك ئاره‌زوویان ئه‌وه بوو رێ له دابه‌ش بوونی گرووپ بگیرێت، به خێراییش ناكۆكی یه‌كلایی ده‌كه‌نه‌وه، تا رێ له‌وه بگرن بگاته قۆناغێكی مه‌ترسیدار).
به‌ڵام له هه‌موو حاڵه‌ته‌كاندا شێوازی یه‌كلایی كردنه‌وه‌ی كێشه‌كان، پشت به یه‌كلایی كردنه‌وه‌ی ئاشتییانه ده‌به‌ستێت، ئه‌گه‌ر ژینگه بوار بدات په‌رته‌وازه‌یی و لێك دووركه‌وتنه‌وه دێته ئاراوه، ئه‌گه‌ر نا ئه‌وه ململانێ بێ توندوتیژی یه‌كلایی ده‌كرێته‌وه، تا رێ له دابه‌ش بوونی گرووپ بگرێت. ململانێ له لایه‌ن سه‌ركرده‌كانه‌وه بێ ناوبژیوانیی لایه‌نی سێیه‌م یه‌كلایی ده‌كرێته‌وه. به پێچه‌وانه‌ی ئه‌وه ناوبژیوانی له جڤاكی كشتیارانی- جێگیردا وا دێته پێش چاو كه ناچارییه، ئه‌ویش به گوێره‌ی ئه‌و شێوازانه‌ی له سه‌ری رێككه‌وتوون و زۆریش باون، هه‌رچی دوور خستنه‌وه و جیابوونه‌وه‌یه، ئه‌وه زۆر ده‌گمه‌نن، چونكه پتر له جڤاكی (نێچیروانان- به‌رهه‌مرِنان)دا ره‌نگدانه‌وه‌ی كاره‌ساتباری ده‌بێت.
له لایه‌كی دیكه‌وه، ته‌رزی ژیانیان رێكخستنێكی به كۆمه‌ڵی پێشكه‌وتوو به سه‌ر ئه‌و جڤاكانه‌دا ده‌سه‌پێنێت، گه‌رِان به دوای نێچیر و دانانی كات و ئاراسته‌ی كۆچ، پێویست به برِیارگه‌لێك ده‌كات كه ده‌بێ ده‌سته‌جه‌معانه بدرێن، له كاتێكدا كاری كشتوكاڵ هه‌رچه‌نده به‌رحوكمی هه‌لومه‌جی ده‌سته‌جه‌معییه، به زۆری خاوه‌ن رێكخستنێكی ده‌سته‌جه‌معیی پله كه‌متره. ئه‌م زه‌رووره‌ته فره پێویسته روونی ده‌كاته‌وه، كه ئه‌و جڤاكانه له رووی گرتنی نێچیر و دابه‌ش كردنی خۆراكه‌وه، به زۆری هه‌ندێك نه‌ریتی ده‌سته‌جه‌معی ده‌ناسن، كه كاریگه‌رییه‌كی پارێزانه‌ی دژ به ململانێ هه‌یه، چونكه دابه‌ش كردنی ده‌سكه‌ت، له ده‌ست به‌سه‌ردا گرتنی باشتره.
هه‌میشه سیمای زیندووی ئاوێته بوون به گرووپ به كرده‌نی روونی ده‌كاته‌وه، كه سزای كۆمه‌ڵایه‌تی- ده‌روونی (سه‌رزه‌نشت، لۆمه كردن، گاڵته كردن، دوور خستنه‌وه‌ی كاتی وه‌ك ئه‌وه‌ی هۆزه‌كانی ئینویت*** به كرده‌نی ده‌یكه‌ن كاتێك به ناوی شته دزراوه‌كه‌وه بانگی دزه‌كه ده‌كرێت، یان به پچرِاندنی په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵیدا له رێی به‌كار هێنانی ده‌سته‌واژه‌ی وا، كه نیشانه بێت به په‌یوه‌ندیی باوكانه له‌گه‌ڵ موخاته‌بدا، كه به حاشا لێ كردنی لای خۆمان ده‌چێت)، كه له سه‌ر بنه‌مای حه‌یا بردن و ورووژاندنی گاڵته‌جارِی رۆنراوه، زۆر و سه‌ركه‌وتووشه. له لای هۆزی (مبوتی)دا لاقرتی لێدان به زێده‌رِۆییه‌وه ده‌كرێت تا راده‌ی گاڵته كردن به ره‌فتاری تاوانبار، له لای هۆزی (ئینویت)یش كێبرِكێی گۆرانی رێك ده‌خه‌ن بۆ یه‌كلایی كردنه‌وه‌ی هه‌ندێك ململانێ، سه‌ركه‌وتوو مه‌رج نییه ئه‌وه بێت كه له سه‌ر هه‌قه، به‌ڵكوو ئه‌وه‌یه كه به‌رامبه‌ره‌كه‌ی ناچار ده‌كات بكشێته‌وه. تێبینی ده‌كه‌ین كه كێبرِكێی گۆرانی به تایبه‌تی له ناوچه‌ی جه‌مسه‌ری باكووردا هه‌یه، كه ژینگه‌ی سروشت یه‌كجار دژواره و گرووپه‌كانیش له رووی دیموگرافییه‌وه یه‌كجار كه‌من. ئه‌مه‌ش بایه‌خی فاكته‌ری ژینگه‌یی له رووی هه‌ڵبژاردنی رێكاری چاره‌سه‌ر كردنی ناكۆكی دووپات ده‌كاته‌وه. به پێچه‌وانه‌ی ئه‌وه، له جڤاكگه‌لی كشتیارانی جێگیردا، به له‌خۆرِاییه‌كی زیاتر سزا به‌كار ده‌هێندرێت، كه كه‌سه‌كه له رووی جه‌سته‌ییه‌وه یان سامانی كه‌سێك له كه‌سه‌كان ده‌گرێته‌وه.
لێره‌دا ده‌بێ له رووی زێده ساده كردنه‌وه‌ی به‌راوردكاریی نێوان جڤاكه‌كانی ره‌وه‌ند و شارستان وریا بین، توندوتیژی له لای ره‌وه‌ند و كۆچه‌ریش هه‌یه (كوشتن له لای ره‌وه‌ند و "ئینویت"یش هه‌یه)، كشتیارانیش زۆربه‌ی ململانێیه‌كانیان به زه‌بر و زه‌نگ یه‌كلایی ناكه‌نه‌وه. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا داشكان به لای توندوتیژیدا له لای كشتیاران دیار و زۆرتره تا ره‌وه‌ندان.
به‌ڵام ته‌رزێكی دیكه له فره‌یی به‌كار هێنانی توندوتیژی هه‌یه، هه‌روه‌ها ئه‌و فره‌ییه به قه‌باره‌ی هاوكاریی تۆڵه‌كارانه‌وه گرێ دراوه.
قه‌باره‌ی هاوكاریی تۆڵه‌كارانه
له هه‌ندێك حاڵه‌تدا تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه نییه -ئه‌وه‌ش له هه‌قیقه‌تدا زۆر ده‌گمه‌نه-، ئه‌وه‌ش زیاتر زاده‌ی گرووپه‌كانه نه‌ك تاكه‌كان. به‌ڵام له لای ئه‌و گرووپانه‌ی وا باوه تایبه‌تمه‌ند به‌و توانایه ده‌بن، به دروستی "گرووپی تۆڵه" بوونی نییه. (به كرده‌نی گرووپی خێزانی هه‌یه، به‌ڵام ناتوانێت تۆڵه‌ی یه‌كێك له تاكه‌كانی بكاته‌وه). هۆزه‌كانی "گامۆ"ش له ئه‌سیوپیا هه‌ر وان، ئه‌وان جڤاكێكی ناتۆڵه‌ن، چونكه ئه‌و كارانه‌ی ده‌بنه مایه‌ی ورووژاندنی تۆڵه، ئه‌وه له لایه‌ن تێكرِای جڤاكه‌وه سزا ده‌درێت. هه‌ڵبه‌ت گرووپه‌كانی تۆڵه زۆر جار هه‌ن و قه‌باره‌شیان به‌و جۆره‌یه كه له هه‌مان كاتدا تۆڵه بكه‌نه‌وه. ئه‌مه‌ش رێسایه‌كی هاوبه‌شه له نێوان هه‌موو ئه‌و كۆمه‌ڵانه‌ی كه تۆڵه‌یان له نێودا باوه، جا مه‌یلی به‌ره‌و توندتیژیشی هه‌رچۆنێك بێت، تۆڵه هه‌ر ته‌نیا له نێوان گرووپگه‌لی جیاوازدا له ئارادایه، نه‌ك له نێو یه‌ك گرووپی دیاری كراودا، چونكه له‌م حاڵه‌ته‌دا مه‌ترسیی له‌به‌ر یه‌ك هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی ئه‌و گرووپه زۆر گه‌وره‌یه.
هۆزه‌كانی "ماسا"ش (كامیرۆن - چاد) هه‌مان شتن كه بێ له (شه‌رِه دار)ی نێوان ئه‌ندامانی یه‌ك هۆز زیاتر رێ نادات، كه هه‌ر ته‌نیا ورده برینی لێ ده‌كه‌وێته‌وه كه هی ئه‌وه نییه تۆڵه‌ی بوێت، له كاتێكدا ده‌كرێ رمی برینداركه‌ر و مایه‌ی دروست بوونی تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه له ململانێی نێوان هۆزگه‌لی جیاجیادا به‌كار بهێندرێت. هه‌روه‌ها هه‌ندێك سنووربه‌ندییش سیمای تایبه‌تی خۆیان هه‌یه. هه‌ندێكیان په‌یوه‌ستن به ره‌فتاری لایه‌نانی دیكه‌ی په‌یوه‌ندیدار به ململانێیه‌كه‌وه. ره‌نگه گرووپه‌كه تاكێكی زۆر درِی خۆی سزا بدات، ئیدی چ تاوانكار بێت یان زیان لێ كه‌وتوو، هه‌روه‌ها پشتیشی تێ بكات. له لای (ئینویت)، ئه‌وه‌ی به شێوه‌یه‌كی له‌خۆرِا ده‌گه‌رِێته‌وه سه‌ر تاوان یان ئه‌وه‌ی تۆمه‌تی كاری زیانبه‌خشی ده‌درێته پاڵ، كه حاڵه‌تێكی مه‌ترسیدار به‌رجه‌سته بكات، هه‌ر یه‌ك له گرووپ و كۆمه‌ڵیش خۆی لێ ده‌دزنه‌وه. جا ئه‌و یان دوور ده‌خرێته‌وه (زاراوه‌ی "گیڤیتوك" واته "پشت تێ كردن" كه هاوواتای خۆكوشتنیشه...)، یان ئه‌وه‌تا گرووپه‌كه هه‌ندێك كه‌س، كه وا باوه له خزم و كه‌سی فیتنه‌گێرِه‌كه ده‌بن، ده‌ست نیشان ده‌كات، تا حوكمی له سێداره‌دانه‌كه‌ی جێبه‌جێ بكه‌ن. ئه‌مه‌ش هه‌ڵوێستێكی پرِ له داناییه، بۆیه‌ش په‌یرِه‌و ده‌كرێ، تا رێ له دروست بوونی كاردانه‌وه یان تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه بگیرێت.
سه‌باری ئه‌وه قه‌باره‌ی ئه‌و گرووپانه‌ی په‌یوه‌ستن به تۆڵه له كۆمه‌ڵێكه‌وه بۆ كۆمه‌ڵێكی دی جیاوازن. له هه‌ندێك حاڵه‌تدا مه‌رجه‌عیه‌ت هه‌ر خۆی ده‌بێت، جا چ هۆزێك به ته‌واوی بێت یان تیره‌یه‌كی ئه‌و یان بنه‌چه‌یه‌كی یان تێكرِای بنه‌چه‌كان بن. له هه‌ندێك حاڵه‌تی دیكه‌ش به جیاوازیی مه‌ودای كۆمه‌ڵایه‌تی له نێوانی جینایه‌تكار و زیان لێ كه‌وتوو، قه‌باره‌كه‌ش جودا ده‌بێت. له لای ره‌وه‌ندان ئه‌گه‌ر بكوژ سه‌ر به هۆزێكی دژبه‌ر یان نامۆ بێت، ئه‌وه هه‌ر هۆزی قوربانییه‌كه خوێنگری ده‌بێت. ئه‌گه‌ر كاره‌كه‌ش په‌یوه‌ست بوو به تێكه‌ڵه‌یه‌ك یان هاوپه‌یمانییه‌كی نێوانیانه‌وه، ئه‌وه كاره‌كه له ئه‌ستۆی خوێنگر و خوێنستێندا ده‌بێت.
په‌راوێز:
* یانس: یه‌كێكه له خوداوه‌ندانی دێرینی رۆما. ئه‌و پاسه‌وانی ده‌روازه‌كان بوو، سه‌رپه‌رشتیی هاتنه ژوور و چوونه ده‌ریان ده‌كرد، بۆیه دوو ده‌موچاوی هه‌یه. په‌یكه‌ره‌كه‌ی له رۆمادا سه‌رده‌می جه‌نگ ده‌كرایه‌وه و سه‌رده‌می ئاشتییش هه‌رده‌م داخرا بوو.
** راوكه‌ران- به‌رهه‌مرِنان: وه‌رگێرِانی ئه‌م زاروه‌یه‌یه: chasseurs- cueilleurs
*** ئینویت: واته، به گوێره‌ی زمانی دێرینی ئه‌سكیمۆ، گیاندارانی مرۆیی. ئه‌وان دانیشتووی ناوچه‌كانی باكوورن: سیبیریا و ئه‌لاسكا و ناوچه‌كانی جه‌مسه‌ری باكوور له كه‌نه‌دا.
ژێده‌ر: نۆربار رۆلان: ئه‌نترۆپۆلۆژیای یاسایی. ل 300- 308.
Norbert Rouland : Anthropologie juridique : p: 300 - 308. PUF.1988.
ێ :297 ـ300. بیف :1988. Norbert Rouland: anthropologie juridique : P 297-300. PUF:1988. système vindicatoire .