هونه‌ری ڕۆماننووسین
August 28, 2010
فیکر و فەلسەفە

نووسه‌ر :حه‌مه‌سه‌عید حه‌سه‌ن
تا هه‌نووکه شتێک دانه‌هاتووه،خه‌یاڵ زاده‌ی ناڕازیبوونه له‌و ژیانه‌ی که هه‌یه و ئامرازێکه بۆ جوانترکردنی واقیع. ئه‌وه خه‌یاڵه که هه‌ستێکی وامان له کن دروست ده‌کات، پێمان وابێت، ئه‌وه‌ی له ڕۆماندا ده‌یخوێنینه‌وه، واقیعه نه‌ک وههم. له دوای خوێندنه‌وه‌ی هه‌ر ڕۆمانێکی چاکه‌وه، هۆشیارانه‌تر سه‌رنجی ژیان ده‌ده‌ین و هیچ دوور نییه، به کاریگه‌ریه‌تیی ڕۆمانێکی جوان، له واقیعێکی تاڵ یاخی ببین و به گژی‌دا بچینه‌وه. ئه‌وه بۆیه به درێژایی مێژوو، کۆنه‌پارێزان هه‌وڵیان داوه، باڵی خه‌یاڵ بقرتێنن، یان لای که‌م خه‌یاڵ بخه‌نه ژێر سانسۆره‌وه. ئه‌رکی سه‌ره‌کیی دادگه به‌دناوه‌کانی پشکنینی سه‌ده‌کانی ناوه‌ڕاست، کۆنترۆڵکردنی خه‌یاڵ بوو.
بۆ به گژداچوونه‌وه‌ی خه‌مناکی و بێزاری،
هێنده‌ی ڕۆمان کاریگه‌ر بێت.
فلوبیر ده‌یگوت: (نووسین شێوه‌یه‌که له شێوه‌کانی ژیان.) ئه‌وی وه‌ها بیر بکاته‌وه، بۆ ئه‌وه نانووسێت، بژی، بۆ ئه‌وه ده‌ژی، بنووسێت. ئه‌وی به ڕاستی خۆی بۆ نووسین ته‌رخان بکات، ته‌واو وه‌ک که‌سێکه که بڕوایه‌کی قووڵی به ئایینێک هه‌بێت و هه‌موو وه‌خت و توانای خۆی پێ به‌خشی بێت. ته‌نیا که‌سانی وه‌ها ده‌توانن ببنه نووسه‌ر و به‌رهه‌می نه‌مر له دوای خۆیانه‌وه، به‌جێ بهێڵن.
ئه‌ده‌ب هه‌رچه‌نده زاده‌ی خه‌یاڵه، وه‌لێ پێوه‌ندییه‌کی پته‌وی به واقیعه‌وه هه‌یه. به ده‌گمه‌ن ڕۆمانێک هه‌یه، یان ڕه‌نگه هه‌ر نه‌بێت، هه‌ندێک له کاره‌کته‌ره‌کانی، که‌سانی ڕاسته‌قینه نه‌بن، یان هه‌موو ڕووداوه‌کانی خه‌یاڵکرد بن و هیچی دیکه. ڕاسته نووسه‌ر واقیع نانووسێته‌وه، به‌ڵام، ئه‌وه‌ی ده‌ینووسێته‌وه، هه‌میشه ڕه‌گێکی له واقیعدا هه‌یه و نزیکه‌ی هه‌میشه، ڕۆماننووس باسی ئه‌و که‌سانه ده‌کات که به شێوه‌یه‌ک له شێوه‌کان، کاریگه‌رییان له‌سه‌ری هه‌بووه، یان ئه‌و ڕووداوانه به‌سه‌ر ده‌کاته‌وه که هه‌ستیان بزواندووه.
ئاژه‌ڵێکی ئه‌فسانه‌یی هه‌یه، له‌سه‌ر خۆی ده‌ژی و له پێیه‌کانییه‌وه، ده‌ست به خواردنی خۆی ده‌کات، ئه‌و ئاژه‌ڵه ناوی کاتوبلیباسه و فلوبیر و بورخیس باسیان لێ کردووه، ڕۆماننووسیش وه‌ک ئه‌و زینده‌وه‌ره ئهفسانهیییه، ئه‌زموونی خۆی ده‌بێت به‌توێشووی سه‌فه‌ری نووسینه‌کانی. ئه‌زموونی ژیان، نه‌ک هه‌ر جێپه‌نجه‌ی خۆی له‌سه‌ر هه‌ست و نه‌ستی نووسه‌ر جێ ده‌هێڵێت، به‌ڵکوو وه‌ها ئابڵووقه‌ی ده‌دات، ناچاری ده‌کات بۆ خۆ دهربازکردن له‌و ئابڵووقه‌یه، هانا بۆ نووسین ببات. ئه‌وه بۆیه زۆر جار، نووسه‌ران ده‌ڵێن: فڵان که‌سایه‌تی یان ڕووداو، له‌مێژبوو سه‌ری قاڵ کردبووم، باشبوو، نووسیمه‌وه و لێی رزگار بووم.
له نووسینی ڕۆماندا نزیکه‌ی هه‌میشه خاڵی ده‌ستپێکردن که ده‌توانین ناوی بنێێن شوێنی هه‌ڵفڕین، ژیانی ڕاسته‌قینه‌ی نووسه‌ر خۆیه‌تی، به‌ڵام شوێنی نیشتنه‌وه، زه‌وینی واقیع نییه، جێیه‌که خه‌یاڵی نووسه‌ر دایده‌هێنێت، ئاخر ئه‌گه‌ر نووسه‌ر به خۆی ده‌ستپێ بکات و هه‌ر به خۆیشی کۆتایی پێ بهێنێت، ئه‌گه‌ر له خۆی جودا نه‌بێته‌وه، ئه‌وه‌ی به‌رهه‌می ده‌هێنێت، ڕۆمان نابێت، به‌ڵگه‌نامه‌یه‌ک ده‌بێت، ده‌رباره‌ی ژیاننامه‌ی خۆی. ئه‌و ڕۆماننووسه‌ی ئه‌و شتانه نانووسێت که ناخی داوای لێ ده‌که‌ن و ده‌چێت به‌و ئومێده‌ی سه‌رکه‌وتن و ناوبانگ مسۆگه‌ر بکات، بابه‌تی دیکه هه‌ڵده‌بژێرێت، ئه‌وه نووسه‌رێکی ڕاسته‌قینه نییه و نزیکه‌ی هه‌میشه دووچاری نسکۆ دێت.
ڕۆمان (درۆ)یه‌که، هه‌وڵ ده‌دات له ڕاستی بچێت. ڕۆمان جۆرێکه له فریودان، له ئه‌ده‌بی باڵادا، خوێنه‌ر فریودراوێکه هه‌ست به‌وه ناکات، فێڵی لێ کراوه، له ئه‌ده‌بی لاوازدا، فێڵه‌که ئاشکرایه و ڕۆماننووس ده‌سته‌که‌ی دیاره. ڕۆمان شتێکه زاده‌ی خه‌یاڵ، به‌ڵام نووسه‌ر هه‌موو توانای خۆی ده‌خاته گه‌ڕ، تا خوێنه‌ر به‌وه قایل بکات، ئه‌وه‌ی ده‌یخوێنێته‌وه، ڕووداوێکی ڕاسته‌قینه‌یه. ئه‌رکی ڕۆماننووس ئه‌وه‌یه، وامان لێ بکات، وههم به واقیع بزانین و سه‌رابیش به کانیاو. ئه‌رکی ڕۆماننووس ته‌واو له هیی جادووگه‌ر ده‌چێت، ئه‌وه نییه جادووگه‌ریش ده‌خوازێت بڕوا به‌وه بکه‌ین که توانای ئه‌وه‌ی هه‌یه، ده‌سته‌سڕ بکات به کۆتر!
ته‌غریب، ئه‌و تیۆرییه ناوداره‌ی به‌رتۆڵد برێخت دایهێناوه، به‌رده‌وام ئه‌وه‌مان وه‌بیر ده‌هێنێته‌وه، ئه‌وه‌ی له‌سه‌ر شانۆ ده‌یبینین، ژیان یان ڕاستی نییه، شانۆگه‌رییه. به پێچه‌وانه‌ی شانۆی ته‌غریبی برێخته‌وه، ڕۆماننووس به‌رده‌وام له هه‌وڵی ئه‌وه‌دایه، قایلمان بکات که ئه‌وه‌ی ده‌یخوێنینه‌وه، وههم نییه، واقیعه. هه‌ر ڕۆمانێک، با ئه‌وپه‌ڕی فانتازیایشی تێدا وه‌گه‌ڕ خرابێت، ئه‌گه‌ر وه‌ک شانۆگه‌رییه‌کانی برێخت، ئه‌و هه‌سته‌ی له کن دروست کردین که ڕاستی نییه، ئه‌وه به‌رهه‌مێکی ڕووت و ره‌جاڵه و ده‌رۆزه‌ی پێ ده‌شێت، ئه‌وه نمایشێکه به بووکه‌شووشه، نمایشیکی وا که بینه‌ر چاوی له‌و ده‌ست و داوانهیه که بووکه‌شووشه‌کان دهجووڵێنێن.
له ئه‌ده‌بدا بابه‌ت، به‌ش به حاڵی خۆی، چاک یان خراپ نییه، گرنگ ئه‌وه‌یه، بابه‌ت له ڕۆماندا چۆن مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ ده‌کرێت و ده‌خرێته گه‌ڕ. بورخیس له به‌رهه‌مه‌کانیدا بایه‌خ به فیکر و مه‌عریفه ده‌دات نه‌ک به هه‌ست و هه‌ڵچوون، لای مارکیز زۆر جار ئێرۆتیکا له سه‌نته‌ردایه، به‌ڵام ئه‌و دوو نووسه‌ره چونکه به‌سه‌ر ته‌کنیکی گێڕانه‌وه‌دا زاڵن و خۆڕسکانه ده‌نووسن، به چاوپۆشین له بابه‌ت، ئه‌سته‌مه به زمانی ئیسپانیایی، که‌سی دیکه هێنده‌ی وان، ده‌قی جوانی نووسیبێت. جیاوازییه‌کی نێوان نووسه‌ری چاک و خراپ ئه‌وه‌یه، ئه‌میان به قووڵی و ئه‌ویان هه‌ر به ڕووکه‌ش، بابه‌ته‌که به‌رجه‌سته ده‌کات، یان کاره‌کته‌ر لای ئه‌میان له ئینسانێکی ئاسایی و لای ئه‌ویان له بووکه‌شووشه ده‌چێت.
له گێڕانه‌وه‌دا، وشه‌کان، شته‌کان و کاره‌کته‌ره‌کان، به جۆرێک یه‌کیان گرتووه، له یه‌کدی جیاکردنه‌وه‌یان، له‌سه‌روو مهحاڵهوهیه. له ڕۆماندا ئه‌و شته‌ی که ده‌یگێڕینه‌وه، ناتوانین جیای بکه‌ینه‌وه له شێوازی گێڕانه‌وه‌که‌ی، ئاخر ئه‌وه شێوازی گێڕانه‌وه‌یه، بڕیار ده‌دات، ئه‌وه‌ی ده‌یگێرینه‌وه، جێگه‌ی باوه‌ڕ و متمانه‌یه یان نا؟ پاراوه یان وشکوبرینگ؟ ساده‌یه یان ئاڵۆز؟ تراژیدییه یان کۆمیدی؟ له ڕۆماندا وه‌ک مه‌حاڵ وایه، بابه‌ت له شێوه جودا بکه‌ینه‌وه. ئه‌رکی هه‌ره سه‌ختی ڕۆماننووس ڕه‌نگه ئه‌وه بێت، کارێکی وا بکات، بڕوای پێ بکه‌ین، وامان لێ بکات، ئه‌وه‌ی بۆمانی ده‌گێڕیته‌وه به ڕاستی بزانین نه‌ک به درۆ. ئه‌گه‌ر ڕۆماننووس توانای ئه‌وه‌ی هه‌بوو، بێلایه‌نانه چیرۆکه‌که‌مان بۆ بگێرێته‌وه و کارێک بکات وا هه‌ست بکه‌ین، ڕووداوه‌کان خۆڕسکانه ڕوو ده‌ده‌ن، نه‌ک به زه‌بری ویستی خۆی و ده‌ستتێوه‌ردانی ده‌ره‌کی، ئه‌وا گومان له ڕاستگۆیی نووسه‌ر ناکه‌ین، جێی باوه‌ڕمان ده‌بێت و ته‌نانه‌ت له‌ناو ڕووداوه‌کانی ڕۆمانه‌که‌یدا ده‌ژین و له خۆشی و خه‌می کاره‌کته‌ره‌کانیدا به‌شدار ده‌بین.
بۆ ئه‌وه‌ی ببیت به خاوه‌نی زمانێکی ده‌وڵه‌مه‌ند و پاراو، پێویسته سه‌رومڕ ئه‌ده‌بی چاک بخوێنیته‌وه. هه‌میشه بخوێنه‌وه! به‌ڵام هه‌رگیز لاسایی شێوازی نووسینی ئه‌و نووسه‌رانه مه‌که‌وه که سه‌رسامت ده‌که‌ن. ئه‌وه زۆر گرینگه به زمانێکی به‌ژنزراڤ و ڕه‌وان، په‌خشانێکی جوان بنووسیت، به‌ڵام ڕۆمان زاده‌ی زمانی جوان نییه، به‌رهه‌می هونه‌ری گێڕانه‌وه‌یه، گێڕانه‌وه‌یه‌کی وه‌ها، توانای ئه‌وه‌ی هه‌بێت، کارێک بکات، بڕوا به چیرۆکه‌که بکه‌ین. به شێوازێکی ئاسان بنووسه! با نووسینیت وه‌ک ئاوی ڕوونی کانی، خۆڕسکانه هه‌ڵبقوڵێت!
کاره‌کته‌ری سه‌ره‌کی له ڕۆماندا، ئه‌و که‌سایه‌تییه‌یه که ڕۆمانه‌که ده‌گێڕێته‌وه، گێڕه‌ره‌وه ئه‌وه‌نده گرنگه، چاره‌نووسی هه‌موو که‌سایه‌تییه‌کانی دیکه‌ی ڕۆمانه‌که‌یش، به‌وه‌وه به‌نده. به‌دحاڵیبوونێک سه‌باره‌ت به گێڕه‌ره‌وه و نووسه‌ر هه‌یه و ئه‌گه‌ر نه‌ڵێم هه‌موو، ئه‌وا به‌شێکی زۆر له خوێنه‌ران پێیان وایه، گێڕه‌ره‌وه خودی نووسه‌ر خۆیه‌تی، ئه‌مه‌یش هه‌ڵه‌یه‌کی گه‌وره‌یه. ته‌نانه‌ت هه‌ندێک له نووسه‌رانیش به تایبه‌تی کاتێک به جێناوی که‌سی یه‌که‌می بگۆ، ڕووداوه‌کان ده‌گێڕنه‌وه و سوود له به‌شێک له ژیاننامه‌ی خۆیان ده‌بینن، ده‌که‌ونه هه‌مان هه‌ڵه‌وه و تووشی هه‌مان به‌دحاڵیبوون ده‌بن، کاتێک وای بۆ ده‌چن، گێڕه‌ره‌وه‌ی ڕۆمانه‌که‌یان، خودی خۆیانن، ئاخر وه‌ک چۆن ڕۆمان زاده‌ی خه‌یاڵی نووسه‌ره، گێڕه‌ره‌وه‌یش چونکه به‌شێکه له ڕۆمان، ئه‌ویش ته‌واو وه‌ک کاره‌کته‌ره‌کانی دیکه‌ی نێو ڕۆمانه‌که، هه‌ر زاده‌ی خه‌یاڵی نووسه‌ره، ته‌نیا جیاوازیی نێوان گێڕه‌ره‌وه و کاره‌کته‌ره‌کانی دیکه‌ی نێو رۆمانه‌که، ئه‌وه‌یه: گێڕه‌ره‌وه له هه‌موو کاره‌کته‌ره‌کانی دیکه گرنگتره، چونکه ئه‌وه گێڕه‌ره‌وه‌یه له ڕوانگه‌ی خۆیه‌وه باسی ئه‌وانی دی ده‌کات.
گێڕه‌ره‌وه که‌سێکه له وشه، نووسه‌ر که‌سێکه له گۆشت و ئێسک، گێڕه‌ره‌وه ده‌شێت زینده‌وه‌رێک بێت، ئیدی هه‌ر زینده‌وه‌رێک، ته‌نانه‌ت ده‌شێت به‌ردێک بێت، به‌ڵام نووسه‌ر که‌سێکی ڕاسته‌قینه‌یه. گێڕه‌ره‌وه ته‌نیا له ڕۆماندا ده‌ژی و به‌و چه‌شنه‌یش ڕووداوه‌کان ده‌گێڕێته‌وه که خۆی ده‌خوازێت و له‌گه‌ڵ کۆتایی پێ هێنانی ڕۆمانه‌که‌دا، کۆتایی به خه‌یاڵ و به هه‌بوونی دێت، به‌ڵام نووسه‌ر ژیانی گه‌لێک ده‌وڵه‌مه‌ندتر و هه‌مه‌چه‌شنتره و وه‌ک چۆن پێش ڕۆمانه‌که هه‌بووه، دوای رؤمانهکهیش هه‌ر ده‌مێنێت و درێژه به ژیان ده‌دات.
گێڕه‌ره‌وه ناتوانێت، باس له هه‌ر هه‌موو ژیانی نووسه‌ر بکات، ئاخر نووسه‌ر دوای ته‌واوبوونی ڕۆمانه‌که، با ڕۆمانێکی زۆر درێژیش بێت و پشت به ژیاننامه‌ی خۆیشی ببه‌ستێت، هه‌ر ده‌ژی، ئاخر هیچ ڕۆمانێک ناتوانێت، سه‌رجه‌م ورده‌کارییه‌کانی ژیانی نووسه‌رێک به‌سه‌ر بکاته‌وه، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر نووسه‌ره‌که خۆیشی ئه‌وه‌ی مه‌به‌ست بێت. گێڕه‌ره‌وه ده‌شێت کاره‌کته‌رێکی درێژدادڕ یان که‌مدوو بێت، ده‌شێت که‌سێکی هه‌ڵه‌شه یان هێمن بێت، ده‌شێت هه‌موو نهێنییه‌کانی خۆی بدرکێنێت، یان زۆر لایه‌ن له تاریکیدا بهێڵێته‌وه، ده‌شێت هه‌ر له که‌سێکی ڕاسته‌قینه بچێت و خوێنه‌ر متمانه‌ی ته‌واوی پێ بکات، یان به پێچه‌وانه‌وه، له بووکه‌شووشه، یان له کاریکاتێری که‌سێک بچێت.
کێشه‌ی یه‌که‌م و سه‌ره‌کیی نووسه‌ر، ده‌ستنیشانکردنی ئه‌و که‌سه‌یه که چیرۆکه‌که ده‌گێڕێته‌وه، به گشتی نووسه‌ر له سێ که‌س زیاتر شک نابات، یه‌که‌م: گێڕه‌ره‌وه یه‌کێکه له کاره‌کته‌ره‌کانی نێو چیرۆکه‌که. دووه‌م: که‌سێکی هه‌مووشتزانی ده‌ره‌وه‌ی چیرۆکه‌که‌یه. سێیه‌م: که‌سێکه که له کن خوێنه‌ر ڕوون نییه، له‌نێو چیرۆکه‌که‌وه قسه ده‌کات یان له ده‌ره‌وه‌ی. گێڕه‌ره‌وه‌ی جۆری یه‌که‌م و دووه‌م، کۆنه و هی جۆری سێیه‌م له‌گه‌ڵ سه‌رهه‌ڵدانی ڕۆمانی نوێ‌دا په‌یدا بووه. بۆ ئه‌وه‌ی بزانین، نووسه‌ر کام گێڕه‌ره‌وه‌ی هه‌ڵبژاردووه، ده‌بێت سه‌رنجی ئه‌وه بده‌ین، گێڕه‌ره‌وه به کام جێناو ده‌په‌یڤێت، به (من) که بگۆیه، به (تۆ) که بشنهوه، یان به (ئه‌و) که بزره؟ ئه‌و جێناوه‌ی که گێڕه‌ره‌وه پێی ده‌په‌یڤێت، پێوه‌ندیی نێوان گێڕه‌ره‌وه و شوێنی ڕوودانی چیرۆکه‌که دیاری ده‌کات. ئه‌گه‌ر به جێناوی بگۆ (من) قسه‌ی کرد، ئه‌وا گێڕه‌ره‌وه له هه‌مان شوێنی ڕوودانی چیرۆکه‌که‌یه و له‌گه‌ڵ کاره‌کته‌ره‌کانی دیکه‌دا ده‌ژی، ئه‌گه‌ر به (ئه‌و) که که‌سی سێیه‌می بزره، قسه‌ی کرد، ئه‌وا گێڕه‌ره‌وه، هه‌رچه‌نده نه له جێی ڕووداوه‌که‌یه، نه به‌شێکه له‌و جیهانه‌ی وێنه‌ی ده‌کێشێت، به‌ڵام که‌سێکی هه‌مووشتزانه و ئاگاداری هه‌موو ورد و درشتێکه. ئه‌گه‌ر گێڕه‌ره‌وه به که‌سی دووه‌م (تۆ) که بشنهوه، قسه‌ی کرد، ئه‌وا که‌سێکه ڕوون نییه له شوێنی ڕووداوه یان نا، وه‌لێ ده‌شێت هه‌موو شتێک بزانێت و بۆ خودی خۆی قسه بکات.
ئه‌و گێڕهرهوهیهی به هه‌مووشتزان ناسراوه، وه‌ک که‌سێک ناوی ده‌به‌ن که لاسایی خودا بکاته‌وه، ئاخر بێجگه له خودا، که‌س نییه هه‌موو شتێک بزانێت. ئه‌وه‌یش شتێکه ئاسایی که گێڕه‌ره‌وه ته‌نیا که‌سێک نه‌بێت، دووان، سێیان یان زیاتریش بن و هه‌ر یه‌که‌یان له گۆشه‌نیگای خۆیه‌وه، هه‌مان چیرۆک بگێڕێته‌وه، یان هه‌ر یه‌که‌یان به‌شێک له چیرۆکه‌که بگێڕێته‌وه. ده‌شێت گێڕه‌ره‌وه به مه‌به‌ستی خۆشاردنه‌وه، یان له شه‌رمدا، یان بۆ خۆ خاکی نیشاندان، به جێناوی کۆی بگۆ (ئێمه) بدوێت.
له ڕۆماندا وه‌خت کرۆنۆلۆگییانه گه‌شه ناکات، واتا گێڕه‌ره‌وه ملکه‌چی به زنجیره به دوای یه‌کدا هاتووی دوێنێ، ئه‌مڕۆ، سبه‌ینێ نییه. ده‌شێت نووسه‌ر له ئاینده‌وه به‌ره‌و ئێستا و ڕابردوو بگه‌ڕێته‌وه، یان وه‌ک ده‌خوازێت زه‌مان تێکه‌ڵ بکات. زه‌مان له ڕۆماندا پێوه‌ندیی به ده‌روونی نووسه‌ره‌وه هه‌یه و وه‌ختێکی سایکۆلۆگیایییه نه‌ک کرۆنۆلۆگیایی. نووسه‌ر وه‌ک چۆن ده‌توانێت له ئێستادا باسی هه‌نووکه بکات، هه‌روایش ده‌شێت به ڕابردوو ده‌ستپێ بکات و له‌وێوه ئێستا و داهاتوو بخوێنێته‌وه. (که له خه‌و ڕابوو، هێشتا دیناسۆرهکه له‌وێ بوو.) له‌و چیرۆکه‌دا که تاکدێڕییه، گێڕه‌ره‌وه له ئاینده‌وه باسی ڕابردوویه‌کی ڕه‌ها ده‌کات. ئاسایییه نووسه‌ر سه‌ره‌تا کاره‌کته‌ره‌که‌ی وه‌ک پیرێک نیشان بدات و ئینجا هێدی هێدی به‌ره‌و تافی لاوی و منداڵیی بباته‌وه. له (ته‌پڵی ته‌نه‌که)ی (گۆنته‌ر گراس)دا، زه‌مان بۆ هه‌مووان ئاسایی ڕێ ده‌کات، ته‌نیا بۆ قاره‌مانی ڕۆمانه‌که نه‌بێت، که زه‌مان کاری تێ ناکات و هه‌ر به منداڵیی ده‌مێنێته‌وه.
خه‌یاڵ شتێکه و فانتازیا شتێکی دیکه‌یه. له ڕۆماندا فانتازیا ده‌شێت جادوو یان ئیعجاز بێت، هه‌روه‌ها ده‌شێت داستان یان ئه‌فسانه بێت. له ڕۆماندا گرنگ درێژی و کورتی نییه، هه‌میشه ئه‌وه جێی بایه‌خه، هه‌ر کاره‌کته‌ره و تایبه‌تمه‌ندیی خۆی هه‌بێت. مه‌رج نییه ئه‌و تایبه‌تمه‌ندییه هه‌ر به شۆڕبوونه‌وه به ناخی کاره‌کته‌ردا، به‌دی بێت، ئالان رۆب گرێ ده‌یویست ڕۆمان له بن ده‌ستی سایکۆلۆگیا ده‌رباز بکات و زیاتر بایه‌خی به ڕووی ده‌ره‌وه ده‌دا. ڕۆماننووسی چاک سه‌رله‌نوێ واقیع به‌رهه‌م ناهێنێته‌وه، شتی نوێ له ژیاندا ده‌بینێته‌وه، یان هیچ نه‌بێت بایه‌خ به شته په‌راوێزخراو و لهبیرکراوکان ده‌دات، به‌و شێوه‌یه له ده‌رگه‌ی تازه ده‌دات، شتی نه‌گوتراو ده‌ڵێت و پێناسه‌ی نوێی بۆ ژیان و بوون پێیه.
ئه‌وه گرنگ نییه فڵان ڕۆمان سه‌ر به کام ڕێبازی ئه‌ده‌بییه، ئه‌وه جێی بایه‌خه، ڕۆماننووس له ڕوانگه‌یه‌کی نوێوه سه‌رنجی کات، شوێن و واقیع بدات. ئه‌گه‌ر سیسته‌می ڕۆمان و توانای ده‌ربڕین پێکه‌وه بگونجێن، ئیدی بابه‌ت و شێواز ئاوێزانی یه‌کدی ده‌بن و خوێنه‌ر وه‌ها سه‌رسام و که‌مه‌ندکێش ده‌که‌ن، له بیری ده‌چێته‌وه، نووسه‌ر هانای بۆ کام ته‌کنیکی گێڕانه‌وه بردووه و هه‌ست ناکات سه‌رقاڵی خوێندنه‌وه‌ی ڕۆمانه، وای بۆ ده‌چێت، ئه‌وه ژیانه و ده‌بێت به به‌شێک لێی، ئه‌مه‌یش بۆ نووسه‌ر، لوتکه‌ی سه‌رکه‌وتنه.
ئه‌وه‌ی گۆڕانێکی کوتوپڕی چلۆنایه‌تی سه‌رسوڕهێن له ڕۆماندا ڕوو بدات، وه‌ک نموونه کاره‌کته‌رێکی پیاو، له‌ناکاو ببێت به ژن، یان له دنیای واقیعه‌وه، له‌پڕ بپه‌ڕینه‌وه بۆ فانتازیا، له هونه‌ری ڕۆمانووسیندا، (ده‌می گڕکان)ی پێ ده‌گوترێت، ئه‌و جۆره گۆڕانه، جیاوازه له‌وه‌ی گریگۆری سامسا هه‌ر له سه‌ره‌تای ڕۆمانی (به‌دگۆڕان)ی (کافکا)وه ده‌بێته قالۆنچه. له‌و ڕۆمانانه‌دا که پشت به فانتازیا ده‌به‌ستن، ڕووداوی سه‌یر هه‌یه و شتی نائاسایی ده‌قه‌ومێت، ڕووداو و شتی ئه‌فسانه‌یی که لێکدانه‌وه‌ی عه‌قڵانییان بۆ ناکرێت.
ته‌کنیکێکی دیکه‌ی نووسین هه‌یه، بریتییه له شاردنه‌وه‌ی زانیاری له خوێنه‌ر. زۆر جار ڕۆماننووسی لێزان، به مه‌به‌ست هه‌ندێک شت ده‌شارێته‌وه و لێ ده‌گه‌ڕێت خوێنه‌ر بیاندۆزیته‌وه، یان هه‌ندێک بۆشایی جێ ده‌هێڵێت تا خوێنه‌ر پڕیان بکاته‌وه، ئه‌و بێده‌نگبوونه‌ی نووسه‌ر، په‌یامی خۆی هه‌یه و هه‌مه‌نگوای له‌و بواره‌دا ئوستاد بوو، بۆ نموونه له (بکوژان)دا پێمان ناڵێت، بۆچی دوو که‌س هاتوون ئه‌نده‌رسن بکوژن؟ نایدرکێنێت ئه‌نده‌رسن که ده‌زانێت هاتوون بیکوژن، بۆچی نه هه‌ڵدێت و نه پۆلیس ئاگادار ده‌کاته‌وه؟ هه‌مه‌نگوای وه‌ڵامدانه‌وه‌ی ئه‌و پرسیارانه ده‌خاته ئه‌ستۆی خوێنه‌ر. ئه‌و بێده‌نگییه‌ی نووسه‌ر، هه‌م خه‌یاڵی خوێنه‌ر ده‌وڵه‌مه‌ند ده‌کات و هه‌م خوێنه‌ر توند به چیرۆکه‌که‌وه ده‌به‌ستێته‌وه. ئه‌و ته‌کنیکه، که گێڕانه‌وه‌ی بێده‌نگی پێ ده‌ڵێن، وا ده‌کات چیرۆک له‌و شاخه سه‌هۆڵینانه‌ی نێو زه‌ریا بچێت که ته‌نیا لوتکه‌که‌یان دیاره و ته‌واوکردنی چیرۆکه‌که پێویستی به به‌شداریکردنی خوێنه‌ره.
وه‌ک چۆن شوێنه‌وارناسێک به هۆی پاشماوه‌وه، کۆشکێک بنیات ده‌نێته‌وه، یان زیندهوهرناسێک به هۆی ئێسکه‌وه، ده‌چێته‌وه سه‌ر دیناسۆرێک، (ئالان ڕۆب گرێ)یش خوێنه‌ر به‌ره‌و ڕووی شوێنه‌وار و پاشماوه‌ی رۆمان ده‌کاته‌وه، بنیاتنانی کۆشکی تێکسته‌که بۆ خوینه‌ر جێ ده‌هێڵێت. نووسه‌ری ڕۆمانی پۆلیسی هه‌میشه پێویستی به‌وه ده‌بێت، پشت به ته‌کنیکی زانیاریی شاراوه ببه‌ستێت و له‌و ڕێگه‌یه‌وه وا بکات خوێنه‌ر به‌رده‌وام به تامه‌زرۆیییه‌وه، بۆ ناسینی بکوژه‌که که نووسه‌ر له کۆتاییدا ئاشکرای ده‌کات، دوای ڕووداوه‌کان بکه‌وێت. ڕۆماننووس ده‌شێت بۆ گێرانه‌وه‌ی ڕۆمانه‌که‌ی ڕێسای (ده‌فره هاوبنهکان) ڕه‌چاو بکات و له هه‌مان ده‌قدا، دوو ڕووداو (یان زیاتر) له دوو شوێن و دوو زه‌مانی جیاوازدا بگێڕێته‌وه. دوو چیرۆکه‌که سه‌ربه‌خۆ و دوور له یه‌کدی ڕوو ده‌ده‌ن و داوی هاوبه‌ش له نێوانیاندا گێڕه‌ره‌وه‌یه و بورخیس گوته‌نی: هه‌رچه‌نده تێکه‌ڵی یه‌کتری نابن، به‌ڵام یه‌کدی ته‌واو ده‌که‌ن. ئه‌وه ئاسایییه له که‌سێکه‌وه فێری نووسین ببین، وه‌لێ ئه‌وه مه‌حاڵه، که‌سێک فێرمان بکات، ئه‌وه‌ی ده‌ینووسین، بکه‌وێته خانه‌ی داهێنانه‌وه.(*)
*
(*) ماریو ڤارگاس یوسا، رسائل الی روائی شاب، ترجمة: صالح علمانی، دار المدی، الطبعة الثانیة 2010 بغداد.
ده‌فره هاوبنهکان: أوانی مستطرقة.