داد و ده‌سه‌ڵات... له‌نێوان چۆمسكى و فۆكۆدا
August 25, 2010
فیکر و فەلسەفە
نووسه‌ر :دیالۆگ: فۆنس ئه‌لدیرز
وه‌رگێڕ : تاریق كارێزی
ئه‌م ده‌قه به‌رهه‌می گفتوگۆیه‌كه به هه‌ردوو زمانی فه‌ره‌نسی و ئینگلیزی له نێوان (میشێل فۆكۆ و نهعووم چۆمسكی)دا، سازده‌ری گفتوگۆیهكهش (فۆنس ئه‌لدیرز)ه. پاشان له قوتابخانه‌ی باڵای ته‌كنه‌لۆژیادا له تشرینی دووه‌می ساڵی 1971ی سه‌ده‌ی رابردوودا تۆمار كرا، ئنجا له ته‌له‌فزیۆنی هۆڵه‌نداوه په‌خش كرا.ف. ئه‌لدیرز: با ئێستا باسی سیاسه‌ت بكه‌ین. ده‌مه‌وێ سه‌ره‌تا له بهرِێز فۆكۆ بپرسم، بۆچی ئه‌و، هه‌ر وه‌ك پێی گوتم، تا ئه‌و راده‌یه بایه‌خ به سیاسه‌ت ده‌دات، تا راده‌ی ئه‌وه‌ی ده‌یخاته سه‌رووی فه‌لسه‌فه‌وه؟
میشێل فۆكۆ: هه‌رگیز سه‌رقاڵی فه‌لسه‌فه نه‌بووم، به‌ڵام گرفته‌كه ئه‌وه نییه. پرسیاره‌كه‌ی تۆ: بۆچی تا ئه‌و راده‌یه بایه‌خ به سیاسه‌ت ده‌ده‌م؟ بۆ ئه‌وه‌ی به ساده‌یی وه‌ڵامت بده‌مه‌وه، ره‌نگه پێویست بێت بڵێم: بۆ ده‌بێ له سه‌رم پێویست بێت بایه‌خی پێ نه‌ده‌م؟ ئاخۆ چ كوێرییهك، چ كهرِییهك، چ فاقێكی ئایدیۆلۆژی له توانایدا بوو من له‌وه داببرِێت كه بایه‌خ به‌و بابه‌ته هه‌ره پێویستهی بوونمان نه‌ده‌م، واته ئه‌و كۆمه‌ڵه‌ی تێیدا ده‌ژین و، ئه‌و په‌یوه‌ندییه ئابوورییانه‌ی ده‌یبزوێنێت، هه‌روه‌ها ئه‌و سیسته‌مه‌ی ئه‌و فۆرمه رێكخه‌ره دیاری ده‌كات، كه هه‌میشه ره‌فتارمان ئاراسته ده‌كات، جا چ ئه‌وانه‌ی له رووی سیاسییه‌وه رێ‌یان پێ دراوه یان قه‌ده‌غه كراون؟ دوا جار، چالاكیی سیاسیی ئه‌و كۆمه‌ڵه‌ی خۆمانی تێدا ده‌بینینه‌وه، جه‌وهه‌ری بوونمان پێك ده‌هێنێت. هه‌روه‌ها ناتوانم به‌رسڤی پرسیاری: بۆچی ده‌بوو بایه‌خی پێ بده‌م بده‌مه‌وه، له توانامدا نییه وه‌ڵامت بده‌مه‌وه، ته‌نیا به‌وه‌ی لێت بپرسم كه بۆ ده‌بوو بایه‌خی پێ نه‌ده‌م؟
ئه‌لدیرز: تۆ ناچاری بایه‌خی پێ بده‌یت، وا نییه؟
فۆكۆ: به‌ڵێ، چونكه به لای كه‌مه‌وه هیچ شتێكی نامۆ له‌و بواره‌دا نییه، سه‌ره‌نجام پێویست به پرسیار كردن و وه‌ڵام دانهوهشی ده‌كات. بایه‌خ نه‌دانی مرۆڤ به سیاسه‌ت، ره‌نگه ببێته مایه‌ی دروست بوونی گرفتێكی راسته‌قینه. جا له بری ئه‌وه‌ی ئه‌م پرسیاره له من بكه‌یت، چاكتر وا بوو له كه‌سێكت بكرایه كه بایه‌خ به سیاسه‌ت نادات. ئه‌وسا، مافی خۆت بوو كه هاواری به سه‌ردا بكه‌یت: "چۆنه بایه‌خی پێ ناده‌یت؟"
ف. ئه‌لدیرز: به‌ڵێ، له‌وانه‌یه. بهرِێز چۆمسكی، ئێمه هه‌موو په‌رۆشی ئه‌وه‌ین ئامانجی سیاسیی تۆش بزانین، نه‌مازه ئه‌وه‌ی په‌یوه‌سته به په‌یوه‌ندیی ناوداری تۆوه به بێ سه‌روبه‌ریی سهندیكاییهوه یان، وه‌ك هه‌ر خۆت دیاریت كرد، سۆشیالیزمه ئازادهكهتهوه. ئه‌و ئامانجه بنهرِهتیانه چین؟
چۆمسكی: به‌ره‌نگاری ئاره‌زووی وه‌ڵام دانه‌وه‌ی پرسیاری یه‌كه‌مت، كه زۆریش گرنگه، ده‌كه‌م، هه‌ر به وه‌ڵام دانه‌وه‌ی ئه‌مه‌ی دواییان به‌سی لێ ده‌كه‌م. دهگهرِێمهوه سه‌ر بابه‌تێك كه پێشتر باسمان كرد، ئه‌ویش ئه‌گه‌ر یادگه‌م ته‌فره‌م نه‌دات، یه‌كێك له توخمه بنهرِهته سروشتییه‌كانی مرۆڤ، پێویست بوونی كاری داهێنه‌رانه‌یه، بۆ توێژینه‌وه‌ی داهێنه‌رانه، بۆ كاراییه‌كی ئازادی داهێنه‌رانه، به بێ ئه‌وه‌ی بارمته‌ی ئه‌نجامه بهرتهسكهكه بێت كه ده‌زگاگه‌لی سه‌ركوت ده‌یسه‌پێنن. له هه‌موو ئه‌و شتانه‌وه، به ته‌بیعه‌تی حاڵ، ده‌گه‌ینه ئه‌و ده‌ره‌نجامه‌ی، پێوسته كۆمه‌ڵگای لایه‌ق، ئهوپهرِی مه‌وداكانی وه‌دی هاتن، له به‌رده‌م ئه‌و ئه‌گه‌رانه‌دا، كه خه‌سڵه‌تی ریشه‌یی مرۆییانه پێك ده‌هێنن، بكاته‌وه. ئه‌مه‌ش واته زاڵ بوون به سه‌ر توخمگه‌لی سه‌ركوتكه‌ر، تهپهسهركار، وێرانكه‌ر و تێكشكێنه‌ری نێو هه‌موو كۆمه‌ڵێك، بۆ نموونه له كۆمه‌ڵی خۆمان، له سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه‌ی كه ئه‌و توخمانه پاشماوه‌ی مێژوویین.
هه‌ر شێوه‌یه‌ك له شێوه‌كانی سه‌ركوت، ته‌په‌سه‌ری، سانسۆر و چاودێریی ملهورِانه بۆ هه‌ر بوارێكی بوون، بۆ نموونه خود موڵكایه‌تیی سه‌رمایه، هه‌روه‌ها هه‌ر ته‌نگ ههڵچنینێك كه بخرێته سه‌ر پرۆژه‌یه‌كی مرۆیی، ده‌كرێ پاساوی بۆ بهێندرێته‌وه، ئه‌گه‌ر هاتوو ئه‌نجام دانی ئه‌و له به‌رژه‌وه‌ندیی پێداویستی دابین كردنی خۆرك، پێویستیی مانه‌وه، یان به‌رگری كردن بێت دژ به هه‌ر شتێكی ترسناكی له‌م جۆره. ئه‌م شێوه‌یه له ئاستی ناخۆدا ناكرێ پاساو بدرێته‌وه. به‌ڵكوو جێی خۆیه‌تی له‌ناو بدرێت.
پێم وایه پێویسته له سه‌رمان، به لای كه‌مه‌وه له كۆمه‌ڵگه‌ی رۆژاوای خاوه‌ن ته‌كنه‌لۆژیای پێشكه‌وتوو، خۆ له‌و جۆره پێداویسته ناهه‌ق، بێ سووده به دوور بگرین، پاشان ئه‌و ده‌سكه‌وته، به گوێره‌ی رێژه‌یه‌كی دیاری كرا‌و، له‌گه‌ڵ جه‌ماوه‌ردا دابه‌ش بكه‌ین. سانسۆری ملهورِانه و ناوه‌ندگه‌ریی ده‌زگاگه‌لی ئابووری _ مه‌به‌ستم له‌وه له یه‌ك كاتدا سه‌رمایه‌ی تایبه‌ت و شموولایهتیی ده‌وڵه‌ت یان شێوه‌ی جیاجیای تێكه‌ڵی سه‌رمایه‌داریی ده‌وڵه‌ت كه لێره و له‌وێ هه‌ن- ئیدی بوونه پاشماوه‌ی وێرانكه‌ری مێژوویی.
ده‌بێ هه‌موو ئه‌و پاشماوانه له‌ناو بدرێن، له پێناو دابه‌ش كردنێكی راسته‌وخۆ له سایه‌ی ئه‌نجومه‌نی كرێكاری، یان كۆمه‌ڵه‌ی دیكه كه تاكه‌كان خۆبه‌خۆ، له چواچێوه‌ی بوونی جڤاكیی خۆیان و كاری به‌رهه‌مده‌ری خۆیاندا، دایان ده‌مه‌زرێنن.
سیسته‌مێكی پێكه‌وه گونجاوی نامه‌ركه‌زیی كۆمهڵهگهلی ئازاد، كه تێیدا ده‌زگاكانی ئابووری و جڤاكی ئاوێته ده‌بن، ره‌نگه ببێته بنه‌ما بۆ هاتنه ئارای ئه‌وه‌ی من پێی ده‌ڵێم بێ سه‌روبه‌ریی سه‌ندیكایی. وا دێته به‌ر چاوم كه سه‌باره‌ت به كۆمه‌ڵگایه‌كی پێشكه‌وتوو له رووی ته‌كنه‌لۆژیاوه، ئا ئه‌مه‌یه فۆرمی رێك و پێكی كۆمه‌ڵایه‌تی، كه تێیدا گیاندارانی مرۆیی نابنه هه‌ر ته‌نیا چه‌رخی میكانیكی. هیچ پێویستییه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تی نییه، وا پێویست بكات كه گیاندارانی مرۆیی وه‌ك ئه‌ڵقه‌ی زنجیره‌ی به‌رهه‌م دابنێین. بۆیه هه‌ر دبێ به سه‌ر ئه‌م هه‌ڵوێسته‌دا زاڵ بین، ئه‌ویش له رێی دروست كردنی كۆمه‌ڵگایه‌ك بۆ ئازادی و ته‌بایی ئازادانه، كه پاڵنه‌ری داهێنه‌رانه‌ی ره‌گاژۆ له ته‌بیعه‌تی مرۆییانه‌وه ده‌توانێت، به‌و شێوازه‌ی كه برِیاری ده‌دات، كه‌سایه‌تیی خۆی به‌دی بهێنێت.
جارێكی دی، وه‌ك بهرِێز فۆكۆ ده‌ڵێ، نازانم چۆن ده‌كرێ گیاندار مرۆڤێك بتوانێ بایه‌خ به‌م پرسیاره نه‌دات؟
ف. ئه‌لدیرز: بهرِێز فۆكۆ پێت وایه، دوای ئه‌وه‌ی گوێمان له‌وه بوو كه بهرِێز چۆمسكی گوتی، بۆمان ده‌كرێ كۆمه‌ڵگاكانمان به دیموكرات په‌سن بكه‌ین؟
فۆكۆ: نه‌خێر، من باوهرِم وا نییه كه هه‌گیز كۆمه‌ڵگای ئێمه دیموكرات بێت. ئه‌گه‌ر مه‌به‌ستی مرۆڤ له دیموكراسی ئه‌وه‌یه، كه جه‌ماوه‌ر یه‌ك پارچه و دوور له پۆلێنی چینایه‌تی، به كرده‌نی ده‌سه‌ڵات پیاده بكات، ئیدی ئه‌و كات به ته‌واوی روون ده‌بێته‌وه، كه ئێمه هێَشتا به ته‌واوی له‌وه‌وه دوورین. هه‌روه‌ها روونه كه ئێمه له سایه‌ی رژێمی دیكتاتۆریه‌تی چین و، ده‌سه‌ڵاتی چیندا ده‌ژین، كه به زه‌بر و زه‌نگ خۆی ده‌سه‌پێنێت، ته‌نانه‌ت كاتێك كه كه‌ره‌سته‌ی ئه‌و، ئامرازی ئه‌و كه زه‌بر و زه‌نگه، ده‌زگایی یان ده‌ستوورییش بن. به راده‌یه‌ك وامان لێ ناكات به‌و كۆمه‌ڵگایه بڵێین دیموكراسییه.
باشه، كاتێك لێمت پرسی بۆچی بایه‌خ به سیاسه‌ت ده‌ده‌م، ئاماده نه‌بووم به‌رسڤی ئه‌م پرسیاره بده‌مه‌وه، چونكه ئه‌وه به لامه‌وه روون بوو، به‌ڵام ره‌نگه پرسیاره‌كه‌ت ئه‌مه بێت: به چ شێوازێك بایه‌خ به سیاسه‌ت ده‌ده‌م؟
ئه‌گه‌ر به‌و شێوه‌یه پرسیاره‌كه‌ت لێم بكردایه، هه‌ر ئه‌وه‌شه من به شێوازێكی دی كردم، ده‌بوو بڵێم من له توێژینهوهكهمدا گه‌لێك نه‌چوومه‌ته پێش، هه‌روه‌ها من به راده‌یه‌كی كه‌متر له بهرِێز چۆمسكی پێدا ده‌چووم. واته من ناتوانم نموونه‌ی كۆمه‌ڵگایه‌كی كارای ئایدیال به سه‌ر كۆمه‌ڵگای زانستی ته‌كنه‌لۆژیی خۆماندا دیاری بكه‌م یان ته‌نانه‌ت پێشنیاریش بكه‌م.
له به‌رامبه‌ردا، یه‌كێ له‌و ئه‌ركانه‌ی كه به لای منه‌وه په‌له‌ن، راسته‌وخۆن، هه‌روه‌ها له سه‌رووی هه‌ر ئه‌ركێكی دیكه‌وه‌یه، ئا ئه‌مه‌یه: پێویسته له سه‌رمان هه‌موو ئه‌و رایه‌ڵانه‌ی ده‌سه‌ڵاتی سیاسی، له نێویاندا ئه‌وانه‌ی نهێنین، ده‌ست نیشان بكه‌ین و بیانخه‌ینه روو، كه له‌م كاته‌دا به هۆی ئه‌وانه‌وه چاودێریی جه‌سته‌ی جڤاكیمان ده‌كرێت، واته ئه‌وه‌ی (جه‌سته‌ی جڤاكمان) سه‌ركوت ده‌كات یان متی ده‌كات.
من ده‌مه‌وێ ئه‌وه بڵێم: شتێكی باوه، به لای كه‌مه‌وه له كۆمه‌ڵگاگه‌لی ئه‌وروپیدا، كه ده‌سه‌ڵات له ده‌ستی حكوومه‌تدا چرِ ببێته‌وه، هه‌روه‌ها له لایه‌ن چه‌ند ده‌زگایه‌كی تایبه‌تیشه‌وه پیاده بكرێت، وه‌ك كارگێرِی، پۆلیس، سوپا و ده‌زگای ده‌وڵه‌ته‌وه. ئێمه ده‌زانین كه هه‌موو ئه‌و ده‌زگایانه بۆیه دامه‌زراون تا ژماره‌یه‌ك برِیار به ناوی نه‌ته‌وه یان ده‌وڵه‌ته‌وه گه‌ڵاڵه بكه‌ن و ره‌وانه‌یان بكه‌ن، به مه‌به‌ستی ئه‌وه‌ی پیاده بكرێن و سزای ئه‌وانه‌ش بده‌ن، كه لێیان یاخی ده‌بن. من له‌و برِوایهدام كه پیاده كردنی ده‌سه‌ڵاتی سیاسی، هه‌روه‌ها له رێی ژماره‌یه‌كی دیكه‌ی ده‌زگاوه ده‌كرێت، كه به رواڵه‌ت وا خۆیان پیشان ده‌ده‌ن كه له ده‌وڵه‌ت ئازاد و سه‌ربه‌خۆن، به‌ڵام ئه‌وه وا نییه.
ئێمه ئه‌و شته سه‌باره‌ت به خێزان، به زانكۆ و، به شێوه‌یه‌كی گشتی، سه‌باره‌ت به سیسته‌می په‌روه‌رده و خوێندن، كه به رواڵه‌ت وا دیاره له خزمه‌تی زانیندایه، به‌ڵام (له راستیدا) چینێكی دیاری كراوی كۆمه‌ڵایه‌تی به ده‌سه‌ڵات ده‌به‌ستێته‌وه، هاوكات چینێكی دی له ده‌سه‌ڵات دوور ده‌خاته‌وه. ده‌زگای زانین، یه‌ده‌گ و چاودێریی ته‌ندروستی، وه‌ك پزیشكی، یارمه‌تیده‌رن بۆ راگرتنی ده‌سه‌ڵاتی سیاسی. ئه‌مه‌ش زۆر به زه‌قی له هه‌ندێك حاڵه‌تی په‌یوه‌ندیدار به عه‌قڵه پزیشكییه‌وه دیاره.
وا دێته پێش چاوم كه ئه‌ركی راسته‌قینه‌ی سیاسی، له كۆمه‌ڵگایه‌كی وه‌ك كۆمه‌ڵگای ئێمه، ره‌خنه گرتنه له ده‌زگاكان كه به رواڵه‌ت بێ لایه‌ن و سه‌ربه‌خۆ دێنه پێش چاو. واته به شێوه‌یه‌ك ره‌خنه‌ی لێ بگیرێت و هێرشی بكرێته سه‌ر، كه ده‌مامكی سه‌ر ئه‌و توندوتیژییه‌ی سه‌ری لا بدرێت، هه‌روه‌ها توانای ئه‌وه‌مان هه‌بێت دژ به ئه‌و خه‌بات بكه‌ین. ئه‌و ره‌خنه و ئه‌و شهرِه به لای منه‌وه له‌به‌ر ئه‌م هۆیانه بنهرِتین: یه‌كه‌م، چونكه ده‌سه‌ڵاتی سیاسی دوورتر دهرِوات و قوولتر له‌وه‌ی گریمانه‌ی ده‌كه‌ین دزه ده‌كات، ئه‌و خاوه‌ن ناوه‌ند و خاڵی نادیاری پشتگیرییه، كه به ته‌واوی نه‌زاندراون، ئه‌و به‌رگرییه راسته‌قینه‌یه‌ی كه ده‌یكات، هه‌روه‌ها خۆرِاگریی راسته‌قینه‌ی، ره‌نگه له‌و شوێنه‌دا جێگیر بن كه ئێمه مه‌زه‌نده‌ی جێگیر بوونیان له‌وێدا ناكه‌ین. ره‌نگه هه‌ر ئه‌وه‌نده به‌س نه‌بێت بگوترێت چینی زاڵ له پشت حكوومه‌ته‌وه‌یه، له‌و دیوی حكوومهتیشهوهیه. چونكه ئه‌و زاڵییه هه‌ر ته‌نیا ده‌سته‌واژه‌یه‌ك نییه له نێو زاراوه‌كانی سیاسه‌تدا، كه ده‌رباره‌ی رووتاندنه‌وه‌ی ئابووری بێت، به‌ڵكوو ئامرازه‌كه‌یه‌تی، له‌وه‌ش زیاتر ئه‌و مه‌رجه‌یه كه ده‌یكاته ره‌نگه- ئه‌گه‌ر، له‌ناو بردنی یه‌كێك له‌وان، له رێی ئاشنا بوونی ته‌واو به‌وی دیكه‌وه دێته دی. ئه‌گه‌ر به‌و پایانه‌ی خۆرِاگرتن ئاشنا نه‌بین كه ده‌سه‌ڵاتی چینیان پێوه به‌نده، سه‌ركێشی ده‌كه‌ین له‌وه‌ی بواری پێ بده‌ین درێژه به ده‌سه‌ڵاتی خۆی بدات، سه‌ره‌نجام له چێوه‌ی رێرِهوێكی به رواڵه‌ت شۆرِشگێراِنهدا، سه‌ر له‌نوێ ده‌سه‌ڵاتی ئه‌و چینه بنیات بنێته‌وه.
چۆمسكی: به‌ڵێ، به دڵنیاییه‌وه له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا كۆكم، نه‌ك هه‌ر ته‌نیا به تیۆری، به‌ڵكوو به كرداریش. دوو ئه‌ركی كولتووری هه‌ن: ئه‌وه‌ی من قسه‌م له‌باره‌وه كرد، په‌یوه‌سته به هه‌وڵی گه‌ڵاڵه كردنی دیدێك ده‌رباره‌ی كۆمه‌ڵگایه‌كی دادپه‌روه‌ر له ئایینده‌دا، هه‌روه‌ها به گه‌ڵاڵه كردنی تیۆرییه‌كی جڤاكی مرۆیی، ئه‌ویش دیسان، ئه‌گه‌ر ئه‌وه مومكین بێت، له سه‌ر چه‌مكێكی پته‌و بۆ جه‌وهه‌ری ته‌بیعه‌تی مرۆیی دابمه‌زرێت. ئه‌مه‌یان ئه‌ركی یه‌كه‌مه.
دووه‌میش، خۆی له تێگه‌یشتنی روون بۆ ته‌بیعه‌تی ده‌سه‌ڵات، بۆ سه‌ركوت كردن، بۆ تیرۆر و وێران كردن له كۆمه‌ڵگاكانمان، مه‌ڵاس داوه. ئه‌مه‌ش به ته‌بیعه‌تی حاڵ، ئه‌و ده‌زگایانه ده‌گرێته‌وه كه ناوم هێنان، ره‌وشیان به هه‌مان ره‌وشی ده‌زگاگه‌لی ناوه‌ندییه له هه‌موو كۆمه‌ڵگایه‌كی پیشه‌ساز، واته كۆمپانیاگه‌لی ئابووری، دارایی و بازرگانی و، له قۆناغێكی داهاتووشدا، كۆمپانیاگه‌لی فرهرِهگهز كه لێمانه‌وه دوور نین، هه‌ر له‌م ئێواره‌یه‌دا (له فیلیپسه‌وه تا ئهندهۆفن!).
ئه‌مانه‌ن ده‌زگاگه‌لی بنهرِهتیی سه‌ركوت كردن، ده‌زگاگه‌لی ملهورِی و یاسای تێراخۆ (خۆبژێوی)، وا دێنه پێش چاو وه‌ك ئه‌وه‌ی بێ لایه‌ن بن، وێرِای هه‌موو ئه‌وه‌ی له‌باره‌ی خۆیانه‌وه ده‌یڵێن: ئێمه سه‌ر به دیموكراسیی بازارِین، ئه‌مه‌ش كه ده‌بێ تێی بگه‌ین، به‌وه‌ی به وردی له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتی ملهورِانهیدا ته‌بایه، له نێویشیدا فۆرمی تایبه‌تی چاودێری، كه له ئاكامی باڵاده‌ستیی هێزه‌كانی بازارِهوه له كۆمه‌ڵگایه‌كی نایه‌كساندا، له‌دایك ده‌بێت. به دڵنیاییه‌وه له سه‌رمان پێویسته، كه له‌م حاڵه‌تانه بگه‌ین، هه‌روه‌ها به‌ره‌نگاریشیان ببینه‌وه. ئه‌و، وه‌ك دێته به‌ر چاوم، ده‌كه‌وێته چوارچێوه‌ی بواری په‌یوه‌ستیی سیاسیمانه‌وه، كه به‌شی هه‌ره گه‌وره‌ی وزه و ئه‌ركمان هه‌ڵده‌مژێت. نامه‌وێ له‌م باره‌یه‌وه ده‌رباره‌ی ئه‌زموونی كه‌سیی خۆم بدوێم، هه‌ڵبه‌ت په‌یوه‌ست بوونم له‌و خاڵه‌دایه، پێشم وایه په‌یوه‌ست بوونی ئه‌وانی دیكه‌ش هه‌ر له‌ودایه.
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، پێم وایه به ته‌واوی مایه‌ی شه‌رمه، كه كاری تهجریدانه و فه‌لسه‌فی دوور بخرێته‌وه، كه هه‌وڵ ده‌دات دووباره په‌یوه‌ندییه‌ك بسازێنێ، ئه‌ویش له نێو چه‌مكێك ده‌رباره‌ی ته‌بیعه‌تی مرۆیی، كه ئهوپهرِی بایه‌خ به ئازادی، به شكۆ و داهێنان و، خه‌سڵه‌تی دیكه‌ی بنهرِهت مرۆیی ده‌دات، پاشان به بیرۆكه‌یه‌كه‌وه ده‌رباره‌ی بنیاتی جڤاكی گرێی بدات، كه ئه‌و خه‌سڵه‌تانه‌ی تێدا دێنه دی، ژیانی مرۆییانه‌ش به واتای فراوانی خۆی، جێ و شوێنی خۆی ده‌گرێت.
له راستیدا، ئه‌گه‌ر بیر له گۆرِینی كۆمه‌ڵایه‌تی یان شۆرِشی كۆمه‌ڵایه‌تی ده‌كه‌ینه‌وه، وێرِای ئه‌وه‌ی مه‌حاڵه بتوانین به ته‌واوی ورده‌كارییه‌وه ئه‌وه دیاری بكه‌ین كه هه‌وڵی بۆ ده‌ده‌ین، پێویسته له سه‌رمان تا راده‌یه‌ك بزانین، كه ئاخۆ پێمان وایه به‌ره‌و كوێ دهرِۆین؟ سه‌ره‌نجام تیۆرییه‌كی وه‌ك ئه‌مه، له توانایدایه ئه‌مه‌مان پێ بڵێت.
فۆكۆ: به‌ڵێ، به‌ڵام ئا لێره‌دا جۆره مه‌ترسییه‌ك له ئارادا نییه؟ ئه‌گه‌ر ده‌ڵێیت كه ته‌بیعه‌تێكی دیاری كراوی مرۆیی هه‌یه، ئه‌و تهبیعهتهش له كۆمه‌ڵگای ئێستادا ئه‌و ماف و توانایه‌ی به‌ده‌ست نه‌هێناوه، كه برِستی به‌دی هێنانی خودی خۆی به‌جێ بگه‌یه‌نێت... پێم وایه تۆ ئه‌مه‌ت گوت.
چۆمسكی: به‌ڵێ.
فۆكۆ: ئه‌گه‌ر ددان به‌وه‌دا بنێین، ئایا سه‌ركێشییه‌ك له‌وه‌دا ناكه‌ین كه سنوورێك بۆ ئه‌و ته‌بیعه‌ته، له یه‌ك كاتدا، ئایدیال و واقیعییه دابنێین، كه تا ئه‌م كاته، له دووتوێی په‌یڤی خوازراو له كۆمه‌ڵگاكه‌مانه‌وه، له شارستانیه‌ت و كولتوورمان، شاردراوه‌ته‌وه و خه‌فه كراوه؟
نموونه‌یه‌كی نیمچه ئاسانكارانه دێنمه‌وه. سۆشیالیزم له قۆناغێكدا، له كۆتایی سه‌ده‌ی نۆزده و سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی بیستدا ده‌یگوت، مرۆڤ له كۆمه‌ڵگای سه‌رمایه‌داردا، هه‌موو ئه‌گه‌ره‌كانی په‌ره‌سه‌ندن و خود به‌جێ گه‌یاندنی پێ نه‌گه‌یشتووه، هه‌روه‌ها ته‌بیعه‌تی مرۆییانه له واقیعدا له نێو رژێمی سه‌رمایه‌داریدا زه‌وت كراوه. ئه‌و سۆشیالیزمه خه‌ونی به مرۆڤێكه‌وه ده‌بینی، كه له دوماهیدا ئازاد كراوه. ئاخۆ چ نموونه‌یه‌كی به‌كار ده‌هێنا له پێناو د‌رك كردن به‌و ته‌بیعه‌ته مرۆییه و داگرتن و به‌جێ گه‌یاندنی؟ ئه‌و نموونه‌یه له راستیدا نموونه‌ی بورژوا بوو.
ئه‌و نموونه‌یه وای داده‌نا، كه ئه‌و كۆمه‌ڵگایه‌ی زهوتكاریی له سه‌ر هه‌ڵده‌گیرێت، بوار ده‌دات، بۆ نموونه، به په‌یوه‌ندیی سێكسی له ته‌رزی بورژوا، به ماڵباتێك له ته‌رزی بورژوا، به ستاتیكایهك له جۆری بورژوا. ئه‌مه‌ش راست بوو كه له یه‌كێتیی سۆڤیه‌ت و دیموكراسییه میللییه‌كاندا هاته دی: جۆره كۆمه‌ڵگایه‌ك بنیات نرایه‌وه، كه كۆپیی كۆمه‌ڵگای بورژوای سه‌ر به سه‌ده‌ی نۆزده بوو. گشتاندنی ئه‌م نموونه‌یه‌ی بورژوا، ئه‌و یۆتۆپیایه‌ی گه‌ڵاڵه كرد كه بووه مایه‌ی ئیلهام بۆ ده‌ستووری یه‌كێتیی سۆڤیه‌ت.
ئه‌نجام ئه‌وه‌یه كه تۆش دركت به زه‌حمه‌تیی دیاری كردنی ته‌بیعه‌تی مرۆیی كرد. ئایا مه‌ترسیی به هه‌ڵه‌دا بردنمان لێره‌دا نییه؟ (ما‌و تسی تۆنگ) ده‌رباره‌ی ته‌بیعه‌تی مرۆییانه‌ی بورژوا و ته‌بیعه‌تی مرۆییانه‌ی پرۆلیتاریا قسه‌ی كردووه، ئه‌و له‌و برِوایهدا بوو كه هه‌ردووكیان یه‌ك شت نین.
چۆمسكی: تۆ تێبینی ده‌كه‌یت، وه‌ك من بۆی ده‌چم، كه ئێمه له بواری كولتووریی كاری سیاسی‌دا، هه‌وڵ ده‌ده‌ین، دیدێك ده‌رباره‌ی كۆمه‌ڵگایه‌كی دادپه‌روه‌ر و ئازاد له سه‌ر بناغه‌ی بیرۆكه‌ی ته‌بیعه‌تی مرۆیی بنیات بنێین، ئێمه‌ش رووبهرِووی هه‌مان ئه‌و گرفته ده‌بینه‌وه كه كاری راسته‌وخۆی سیاسی رووبهرِووی ده‌بێته‌وه، واته ئێمه هه‌ست به زه‌رووره‌تی جوولانه‌وه هه‌مبه‌ر به بایه‌خی گرفته‌كان ده‌كه‌ین، به‌ڵام له‌وه‌شدا هۆشیارین كه ئێمه ملكه‌چی (هۆشیارییه‌كی به ته‌واوی به‌شه‌كی)ین ده‌رباره‌ی واقیعی كۆمه‌ڵگاكان، دوا جار له‌باره‌ی فۆرمه‌كانی واقیعی مرۆییش هه‌ر وه‌هاین.
با نموونه‌یه‌كی به‌رهه‌ست بێنمه‌وه، له راستیدا به‌شی هه‌ره زۆری چالاكیی من وابه‌سته به شهرِی ڤێتنام بوو، به‌شه‌كه‌ی دیكه‌شی بۆ یاخی بوونی مه‌ده‌نی ته‌رخان كرا بوو. له ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكادا، یاخی بوونی مه‌ده‌نی مه‌ترسیی گه‌وره‌ی تێدایه. ئه‌و، بۆ نموونه، ره‌نگه به شێوه‌یه‌ك ههرِهشه له سیسته‌می كۆمه‌ڵایه‌تی بكات، كه ره‌نگه بیكات به فاشیزم، ئه‌مه‌ش ده‌بێه شتێكی یه‌كجار خراپ بۆ ئه‌مریكا، بۆ ڤێتنام، بۆ هۆڵه‌ندا و وڵاتانی دیكه‌ش. تۆ بیهێنه به‌ر زه‌ینت، كه نه‌هه‌نگێكی زه‌به‌لاحی وه‌ك ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كان به راستی ببێته فاشی، ئه‌و كات گه‌لێ گرفت ده‌هێنێته ئاراوه، ئیدی كه‌واته ئه‌و كرداره به‌رهه‌سته، جۆره مه‌ترسییه‌ك له‌خۆ ده‌گرێت.
له روویه‌كی دیكه‌شه‌وه، ئه‌گه‌ر ئه‌و مه‌ترسییه قبووڵ نه‌كه‌ین، ئه‌وه كۆمه‌ڵگای هیندۆچینی له لایه‌ن هێزی ئه‌مریكاوه به ته‌واوی له‌یه‌ك دهترازێندرێت. بۆ رووبهرِوو بوونه‌وه‌ی مه‌ترسیی له‌و جۆره، مرۆڤ هه‌ر ده‌بێ جۆرێك جوولانه‌وه هه‌ڵبژێرێت.
به هه‌مان شێواز، ئێمه له بواری كولتووردا به‌ره‌و رووی هه‌مان ئه‌و مه‌ترسییانه ده‌بینه‌وه، كه تۆ زۆر به وردی دیاریت كردن. گومانی تێدا نییه كه چه‌مكی ئێمه ده‌رباره‌ی ته‌بیعه‌تی مرۆیی دیاری كراوه، ئه‌و به لایه‌كدا ملكه‌چی هه‌لومه‌رجی جڤاكییه، هه‌روه‌ها ئه‌و چه‌مكه به‌رته‌سكه به هۆی كه‌م و كورتیی ئێمه‌وه و به هۆی ئه‌و خانهبهندییهی نێو ئه‌و كولتووره‌ی ئێستا تێیدا ده‌ژین، به‌رته‌سكه. له هه‌مان كاتدا، به ته‌واوی گرنگه كه ئامانجگه‌لی ئاڵۆزیش بناسین كه هه‌وڵ ده‌ده‌ین پێیان بگه‌ین، ئه‌گه‌ر به هیوا بین بگه‌ینه ئامانجگه‌لی مومكین. ئه‌مه‌ش واتای ئه‌وه‌یه، كه ده‌بێ له خستنه رووی گریمانه و داهێنانی تیۆریی جڤاكیی وابه‌سته به زانینی به‌شه‌كی ئازا بین، هه‌روه‌ها هه‌مبه‌ر به ئه‌گه‌ری هه‌ره به‌هێزیش كراوه بین، كه ئه‌ویش، هیچ نا له هه‌ندێك بواری دیاری كراودا، له واقیعدا ئه‌گه‌ری یهكلاییكهره بۆ ئه‌و نشوستهی بۆمان له بۆسه‌دایه.
ف. ئه‌لدیرز: به‌ڵێ، ره‌نگه گرنگ بێت ئه‌م گرفته ستراتیژه قوول بكه‌ینه‌وه. وا دابنێ ئه‌وه‌ی پێی ده‌ڵێی یاخی بوونی مه‌ده‌نی، ئه‌و بێ گومان ئه‌وه‌یه كه ئێمه وه‌ك كارێكی ده‌ره‌وه‌ی په‌رله‌مان تێی ده‌گه‌ین؟
چومسكی: نه‌خێر، چونكه ئه‌و یاخی بوونه له‌وه دوورتر دهرِوات. جوولانه‌وه‌ی له ده‌ره‌وه‌ی په‌رله‌مان واته خۆپیشاندانێكی مۆڵه‌ت دراوی جه‌ماوه‌ری، هه‌رچی یاخی بوونی مه‌ده‌نییه ئه‌وه سنووردارتره، چونكه بریتییه له به‌ره‌نگار بوونه‌وه‌یه‌كی راسته‌وخۆی ئه‌وه‌ی ده‌وڵه‌ت، له روانگه‌ی منه‌وه به هه‌ڵه، پێی ده‌ڵێ یاسا.
ف. ئه‌لدیرز: هه‌ر به‌م جۆره، بۆ نموونه، سه‌رژمێریی دانیشتووان له هۆڵه‌ندادا كرا. ده‌بوو تۆماری فه‌رمی پرِ بكه‌ینه‌وه. ئایا ئاماده نه‌بوونمان بۆ پرِ كردنه‌وه‌یان به یاخی بوونی مه‌ده‌نی داده‌ندرێت؟
چۆمسكی: دروست وایه. به‌ڵام به‌رامبه‌ر به‌و پرسه پتر وریا ده‌بم، ئه‌گه‌ر بۆ جاری دووه‌م باس له خاڵێكی گرنگ له قسه‌كانی بهرِێز فۆكۆدا بكه‌م، له‌و راڤه گرنگه‌ی كه پێشكه‌شی كرد، ئه‌وه ده‌ڵێم نابێ رێ به ده‌وڵه‌ت بده‌ین، به‌وه‌ی مافی هه‌بێت شتی شه‌رعی و ناشه‌رعیمان بۆ دیاری بكات. ده‌وڵه‌ت هێزی ئه‌وه‌ی هه‌یه بتوانێت سه‌باره‌ت به‌وه‌ی شه‌رعییه چه‌مكێك بسه‌پێنێت، هه‌ڵبه‌ت ئه‌وه به واتای ئه‌وه نا، كه ئه‌مه دادپه‌روه‌رانه‌یه: ده‌كرێ به ته‌واوی ده‌وڵه‌ت له دیاری كردنی یاخی بوونی مه‌ده‌نیدا هه‌ڵه بكات.
له ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كاندا، له كاتی شهرِی ڤێتنامدا، ده‌ركردنی شه‌مه‌نده‌فه‌رێك له ئاسنهرِێ به یاخی بوونی مه‌ده‌نی داده‌ندرا، ده‌وڵه‌ت له‌مه‌دا هه‌ڵه ده‌كات، ئه‌و هه‌ڵوێسته‌ش راسته، شه‌رعی و پێویسته. ئه‌گه‌ر مرۆڤ كارێك بكات رێ له‌وه بگرێت ده‌وڵه‌ت هه‌ڵه‌یه‌ك بكات، ئه‌وا ئه‌و كردارێكی دادپه‌روه‌رانه ده‌كات، وه‌ك ئه‌و كرداری سه‌رپێچییه‌ی كه‌سێك، له پێناو رێ گرتن له تاوانێكی كوشتن، له یاسای لێخورِینی ئوتومبیلدا ده‌یكات.
ئه‌گه‌ر ئاگرێكی گه‌ش بكه‌مه‌وه تا رێ له به‌كوشت چوونی كۆمه‌ڵێك كه‌س به تۆپباران بگرم، ئه‌وا ئه‌وه به كارێكی ناشه‌رعی داناندرێت، به‌ڵكوو درێژ كردنی ده‌ستی یارمه‌تییه بۆ خه‌ڵكانێك كه له حاڵه‌تی مه‌ترسیدان، هه‌ر دهسهڵاتدارێكیش خاوه‌ن عه‌قڵی خۆی بێت، ناكرێ ئه‌م حاڵه‌ته به تاوان دابنێت.
ئه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی ده‌وڵه‌ت وه‌ك یاخی بوونی مه‌ده‌نی دیاریی ده‌كات، هه‌ڵسوكه‌وتێكی شه‌رعی و، ناچارییه، فه‌رمانی ده‌وڵه‌ت، به شه‌رعی و ناشه‌رعییه‌وه ده‌شكێنێت. بۆیه پێویسته مرۆڤ كاتێك قسه له‌باره‌ی شتی ناشه‌رعییه‌وه ده‌كات، وریا بێت.
فۆكۆ: به‌ڵێ، من حه‌زم ده‌كرد پرسیارێكت لێ بكه‌م. له ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكادا، كاتێك كارێكی ناشه‌رعی ده‌كه‌ن، ئایا به ناوی دادی نموونه‌یی یان شه‌رعیه‌تی باو پاساوی ده‌ده‌نه‌وه، یان ئه‌وه‌تا به ناوی زه‌رووره‌تی خه‌باتی چینایه‌تییه‌وه پاساوی ده‌ده‌نه‌وه؟ چونكه ئه‌وه، به تایبه‌ت له‌م چركه‌ساته‌دا، سه‌باره‌ت به چینی كرێكاران له خه‌باتیان دژ به چینی زاڵ، كارێكی بنهرِهتییه.
چۆمسكی: حه‌ز ده‌كه‌م بۆچوونی دادگای باڵای ئه‌مریكا و دادگای دیكه‌ی ئه‌مریكا كه خۆیان له هه‌مان هه‌لومه‌رجدا ده‌بینن، بگرمه ئه‌ستۆ، واتای ئه‌وه دیاری كردنی ئه‌و پرسه له چێوه‌ی هاوچه‌شنی هه‌ره تایبه‌تی خۆیدا بێت. پێم وایه به ته‌واوی ماقوول ده‌بێت كه زۆربه‌ی كات، دژ به‌و ده‌زگایانه‌ی له كۆمه‌ڵگایه‌كدا هه‌ن، بجوولێینه‌وه، ئه‌گه‌ر ئه‌وه بوار ده‌دات چاوگه‌كانی هێز و سه‌ركوت له‌و كۆمه‌ڵگایه‌دا بهه‌ژێت.
به‌ڵام به دیوێكی دیكه‌دا ئه‌و یاسایه‌ی كه هه‌یه، به پێوانه‌یه‌كی گه‌وره، به‌هاگه‌لی مرۆیی وا ده‌گرێته خۆ كه ده‌كرێ رێزیان لێ بگیرێت، به دروستیش ته‌ئویل كراون، ئه‌و یاسایه ده‌سه‌ڵاتی گۆرِانی رێرِهوی فه‌رمانه‌كانی ده‌وڵه‌تمان پێ ده‌دات. منیش پێم وایه گرنگه كه سوود له‌وه وه‌ربگیرێت..
فۆكۆ: به‌ڵێ.
چۆمسكی: .... هه‌روه‌ها سوود وه‌رگرتن له بواره‌كانی یاسا كه به دروستی راڤه كراون، پاشان ده‌توانین راسته‌وخۆ هه‌مبه‌ر به‌وانه بجوولێینه‌وه، كه هیچ شتێك ناكه‌ن بێ له راستاندنی سیسته‌می ده‌سه‌ڵات.
فۆكۆ: به‌ڵام، من ....
چۆمسكی: گه‌ر رێم بده‌ی بڵێم...
فۆكۆ: پرسیاره‌كه‌م ئه‌وه بوو، كاتێك به شێوه‌یه‌كی نارِۆشن كارێكی ناشه‌رعی ده‌كه‌ن...
چۆمسكی: ... منیش به شه‌رعیی داده‌نێم، نه‌ك ته‌نیا ده‌وڵه‌ت.
فۆكۆ: نه‌خێر، نا، كه ده‌وڵه‌ت...
چۆمسكی: ... كه ده‌وڵه‌ت به ناشه‌رعیی داده‌نێت ...
فۆكۆ: .... به‌وه‌ی ده‌وڵه‌ت به ناشه‌رعیی داده‌نێت.
چۆمسكی: به‌ڵێ.
فۆكۆ: ئایا به ناوی دادپه‌روه‌رییه‌كی نموونه‌ییه‌وه ئه‌و كرداره ده‌كه‌ن یان ئه‌وه‌تا خه‌باتی چینایه‌تی وای لێ ده‌كات سوودبه‌خش و پێویست بێت؟ ئایا به‌ره‌و دادپه‌روه‌رییه‌كی نموونه‌یی دهگهرِێینهوه؟ ئه‌مه‌یه گرفته‌كه‌ی من.