نووسین و ئازادی
August 14, 2010
فیکر و فەلسەفە

نووسه‌ر :حه‌مه‌سه‌عید حه‌سه‌ن
له ڕوانگه‌ی (کاڵڤینۆ)وه، بۆ ئه‌وه‌ی نووسینمان بکه‌وێته خانه‌ی ئه‌ده‌به‌وه، پێویسته ئه‌م مه‌رجانه‌ی تێدا بێت: له‌شسووکی، خێرایی، وردبینی، ڕوونی و فره‌لایه‌نی.(1) ڕه‌نگه مه‌به‌ستی له له‌شسووکی و خێرایی، هه‌ر کورت‌بڕی بێت. وردبینی ده‌شێت خۆ لادان بێت له غه‌فڵه‌ت و به ڕوونی نووسینیش، کاتێک دێته ئاراوه که خۆمان له ته‌مومژی ناپێویست بپارێزین. نووسه‌ر هه‌یه وشه‌کانی به ته‌مومژ بارگاوی ده‌کات، هه‌یه وشه‌کانی وه‌ک بێچووهمهلی تازه‌کی سه‌ر له هێلکه جووقاو، ڕووتوقووتن. فره‌لایه‌نی بریتییه له‌وه‌ی له گۆشه‌نیگای جیاوازه‌وه سه‌رنجی کێشه‌کان بده‌ین و ڕێ بۆ گه‌شه‌کردنی بیروڕای جیاواز خۆش بکه‌ین. ڕه‌نگه ئه‌مه جوانترین په‌یامی ئه‌ده‌ب بێت.ماشیری پێی وایه، ده‌قی ئه‌ده‌بی، کارێکی ته‌واوکراوی داخراو نییه، وزه‌یه‌که به‌رده‌وام خۆی نوێ ده‌کاته‌وه، تێکستی ئه‌ده‌بی یان نییه، یان که هه‌بوو، ده‌رگای به‌سه‌ر چه‌ندان مانادا ئاواڵه‌یه و وه‌ڵامی حازربه‌ده‌ستی بۆ پرسیاری دێرین پێ نییه. ئه‌وانه‌ی له ده‌قی ئه‌ده‌بیدا بۆ وه‌ڵامێکی کۆنی دیاریکراو ده‌گه‌ڕێن، هه‌ر له‌و ئیسلامییانه ده‌چن که هێشتا دیلی نێو ئه‌شکه‌وتی ڕابردوون و هه‌ستێکمان لا به‌جێ ده‌هێڵن، نیشتمان له کنمان له گۆڕستان بچێت. ئه‌رکی ده‌قی ئه‌ده‌بی ئه‌وه نییه، بمانگه‌یه‌نێت به یه‌قینێکی جێگیر، ئه‌وه‌یه ئاسۆی گومانمان ڕووناکتر و به‌رینتر بکات.
له ئایاری 2002 دا، له ڕاپرسییه‌کدا بۆ دیاریکردنی ده شاکاری ئه‌ده‌بی، به درێژایی ئه‌و مێژووه‌ی ده‌که‌وێته نێوان (هۆمیرۆس و تۆلستۆی)یه‌وه، که گه‌وره‌نووسه‌رانی وه‌ک میلان کوندێرا، کارلۆس فۆینتس، نادین گۆردیمێر و سه‌لمان ڕوشدی به‌شدارییان تێدا کردبوو، دۆن کیخۆته، ساتیرهڕۆمانهکهی سێرڤانتێس (1547 _ 1616) له شاکاره‌کانی شه‌کسپیریش ده‌نگی زیاتر هێنا. له ناوه‌راستی ئه‌پریلی 2005 دا، سه‌رکۆماری ڤێنزوێللا بڕیاری دا، یه‌ک میلیۆن له دۆن کیخۆته‌ی سێرڤانتێس چاپ بکرێت و به خۆڕایی ببه‌خشرێته‌وه. 23 ی ئه‌پریل که ڕۆژی کتێبه، ڕۆژی کۆچی دوایی سێرڤانتێسه. دۆن کیخۆته که له‌سه‌ر ئاستی هه‌موو زمانه‌کانی دنیا، جوانترین ده‌قی ئه‌ده‌بییه، له چوار سه‌ده‌ی ڕابردوودا، له ئینجیل زیاتر چاپ و بڵاو کراوه‌ته‌وه. ئه‌م ڕاوه‌ڕێوییه‌م بۆیه هێنایه‌وه که بڵێم: ئه‌ده‌بی گاڵته‌جاڕی که منیش له‌و بواره‌دا هه‌ندێک ئیشم کردووه، باڵاترین جۆری ئه‌ده‌به و ئه‌گه‌ر که‌سانی بێ‌توانا خۆیان له بواره‌دا تاقی بکه‌نه‌وه، ئه‌وا له‌بری ئه‌وه‌ی ئه‌ده‌بی گاڵته‌جاڕی بنووسن، خۆیان ده‌بن به مایه‌ی گاڵته‌جاڕی.
(دنیا کتێبێکه، چاوه‌ڕێی که‌سێک ده‌کات، بیخوێنێته‌وه، لێکی بداته‌وه، کۆده‌کانی شی بکاته‌وه و مه‌ته‌ڵه‌کانی هه‌ڵبهێنێت.) دیکارت چونکه ئه‌و کتێبه‌ی به وردی خوێنده‌وه، ئه‌وه بۆیه له‌سه‌ر ئاستی دنیا، دابڕانێکی له مێژووی فیکردا هێنایه ئاراوه. زۆر قینم له‌و ڕستانه‌یه که به (بێ گومان) ده‌ستپێ ده‌که‌ن، ئاخر له دیکارته‌وه فێربووم، هه‌موو شتێک بخه‌مه ژێر پرسیار و گومانه‌وه. نووسه‌ری داهێنه‌ر ڕێسا دێرینه‌کانی نووسین ڕه‌چاو ناکات، هاوزه‌مان له‌گه‌ڵ نووسیندا ڕێسای تازه‌ی تایبه‌ت به خۆی داده‌هێنێت و به‌رده‌وام خوێنه‌ر دووچاری شۆک ده‌کات. نووسه‌ر ئه‌گه‌ر عه‌وداڵی داهێنان بێت، نابێت وابه‌سته یان پاشکۆ بێت، پێویسته ئازاد بێت، ئازادیی به مانای خه‌وبینین به داهێنانه‌وه. خه‌ون با له‌گه‌ڵ عه‌قڵانیبووندا ناکۆکیش بێت، ئه‌و ڕێگه‌یه‌یه که نووسه‌ر ناچاره بیگرێته به‌ر، ئاخر له نێوان مێرگی پاراوی سۆز و ده‌شتی وشکوبرینگی عه‌قڵدا، داهێنه‌ر یه‌که‌میان هه‌ڵده‌بژێرێت.
ئه‌هلی کتێب، به مانای جووله‌که و گاور دێت، ئه‌هلی قه‌ڵه‌م به مانای نووسه‌ر و شاعیر دێت. یه‌که‌مین په‌یڤ که خودا به جوبره‌ئیلدا بۆ په‌یامبه‌ری هه‌نارد، وشه‌ی بخوێنه (إقرأ) بوو، پازده‌هه‌مین وشه‌ی یه‌که‌مین سووره‌تیش، قه‌ڵه‌م بوو، (الذی علم بالقلم.) مه‌رج نییه هه‌موو وشه‌یه‌ک شیاوی خوێندنه‌وه بێت، مه‌رج نییه هه‌موو وشه‌یه‌کی جوان بوێر بێت، وه‌لێ هه‌موو وشه‌یه‌کی بوێر، هه‌م شیاوی خوێندنه‌وه‌یه و هه‌م جوانیشه. ده‌سه‌ڵاتدارانی نادیموکرات، له وشه‌ی جوانی بوێر ده‌ترسن، نه‌ک له وشه‌ی دزێوی بێشه‌رم. شمشێریش وه‌ک دراو، شتێکی کاته‌کییه، ئه‌وه‌ی به نه‌مریی ده‌مێنێته‌وه، په‌یڤی جوانه، ئه‌وه بۆیه ئه‌وانه‌ی خاوه‌نی شمشێر و دراون، زه‌نده‌قیان له‌و خاوهنقهڵهمانه چووه که وشه‌ی بوێر ده‌نووسن. گرنگ ئه‌وه نییه چی ده‌نووسین، ئه‌وه گرنگه چۆنی ده‌نووسین. ئه‌گه‌ر ئه‌هلی قه‌ڵه‌م بین، ده‌توانین به تازه‌ترین شێوه، باسی کۆنترین بابه‌ت بکه‌ین. بابه‌ت گرنگ نییه، ئه‌وه گرنگه چۆن مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵدا ده‌که‌ین. (هه‌نگ و مێرووله هه‌ردووکیان دزی ده‌که‌ن، ئه‌میان شیله‌ی گوڵ ده‌دزێت و ده‌یکات به هه‌نگوین، ئه‌ویان به دزینی گه‌نم زه‌ره‌ر له‌م و له‌و ده‌دات.)(2)
(ما‌و) گرێی (لۆلیتا)ی هه‌بوو، پێی خۆش بوو هه‌میشه به له‌شکرێک له کیژی جه‌حێڵ ئابڵووقه درابێت، گرێی من ئه‌وه‌یه، پێم خۆشه هه‌میشه وشه‌ی جوان له سه‌روه‌ختی سه‌مادا ببینم. نووسین له کن من سه‌مایه، که هونه‌رمه‌ندانه دهڕهقسم زاده‌ی ئه‌وه‌یه، وشه‌کانم بێجگه له سانسۆری ویژدانی خۆم، نه هیچ پێوه‌ندێک لاقی به‌ستوون، نه ده‌ست به زنجیرن، نه کۆت له گه‌ردن. نووسین نهێنیی هه‌بوونی منه و ئازادانه ده‌نووسم، نه کۆیله‌ی ئه‌م ده‌سه‌ڵاتم، نه گوێڕایه‌ڵی ئه‌و حیزب، نه دیلی به‌رژه‌وه‌ندیی تایبه‌تی، ئه‌وه بۆیه ده‌ربڕینه‌کانم هێنده کاریگه‌ر و سه‌رنجڕاکێشن، ئه‌وه بۆیه زمانم هێنده تیژه. جیاوازیی نێوان نووسه‌ر و هه‌ڵه‌وه‌ڕ ئه‌وه‌یه، ئه‌میان زمانی تیژه و ئه‌ویان زمانی پیس.
سه‌رم لێ نه‌شێواوه، به‌وپه‌ڕی هۆشیارییه‌وه خه‌ریکی ئه‌وه‌م، (ڕوومه‌تی زه‌وقی گشتی، بده‌مه به‌ر زلله‌ی نووسین.)(3) منێک که سه‌رچڵانه بۆ ده‌سته‌بژێر ده‌نووسم، چاوه‌ڕێی ئه‌وه‌یشم بۆ تیری قسه‌ی دزێوی عه‌وام، ببمه نیشانه و ده‌یان تاوانم که هیچ یه‌کێکیانم نه‌کردووه، وه‌پاڵ بدرێت. من فیکرێکی دیاریکراوم پێ نییه، تا به هۆی وشه‌وه به‌رجه‌سته‌ی بکه‌م، من ته‌نیا په‌یڤم پێیه و کانیاوی بیرم له ناخی پهیڤهکانمهوه هه‌ڵده‌قوڵێت. بۆ ئه‌وه‌ی داهێنه‌ر بیت، پێویسته ئازاد بیت، بۆ ئه‌وه‌ی ئازادیش بیت، پێویسته خۆت سه‌روه‌ری خودی خۆت بیت. ئه‌وی کۆیله‌ی ئه‌م ده‌سه‌ڵات یان ئه‌و حیزب، فڵان فیکر یان فیسار ئایین بێت، نه ئازاده و نه داهێنه‌ر. جیاوازیی سه‌ره‌کیی نێوان ڕۆشنبیر و ده‌سه‌ڵاتداری سته‌مکار ئه‌وه‌یه، ئه‌میان خه‌و به له‌دایکبوونی نه‌وه‌یه‌که‌وه ده‌بینێت که به هیچ هێزێک که‌وی نه‌کرێت و ئه‌ویان سه‌رقاڵی به مێگه‌لکردنی خه‌ڵکه.
ئه‌گه‌ر له مانای (ئایرۆنی)(4) حاڵی نابێت، ئه‌گه‌ر زاراوه‌ی (گرۆتێسکه‌ری)ت(5) نه‌ژنه‌فتووگه، ئه‌گه‌ر نازانیت (پارادۆکس)(6) چییه، ئه‌گه‌ر هیچ ئاشنایهتییهکت له گه‌ڵ کۆمیدیای ڕه‌شدا نییه، ئه‌گه‌ر ده‌رکی پێ ناکه‌یت، نووسه‌ر له کام جێ‌دا، به ته‌وسه‌وه ده‌په‌یڤێت، نووسه‌ر له کوێدا شتێک ده‌ڵێت و دروست مه‌به‌ستی پێچه‌وانه‌که‌یه‌تی، نووسه‌ر که‌نگێ به ده‌ستی ئه‌نقه‌ست، له پێناوی مه‌به‌ستێکی جوان‌دا شته‌کان ده‌شوێنێت، که‌نگێ گریان له پێکه‌نینه‌کانی ده‌چۆڕێت، ئه‌گه‌ر نازانیت گه‌مه‌کردن له‌گه‌ڵ وشه‌دا به‌ری چ دارێکه، بیروڕای خۆت له‌سه‌ر نووسینی بنووسی ئه‌م دێڕانه مه‌خه ڕوو، ئه‌گه‌ر نا، ده‌که‌ویته نێو گۆمی غه‌فڵه‌ته‌وه. یه‌کێک له لایه‌نه نێگه‌تیڤه‌کانی که‌سایه‌تیی کورد، قسه‌کردنه له‌سه‌ر بابه‌تێک که هیچی لێ نازانێت، ئه‌وه نه‌نگی نییه، شاره‌زای ئه‌م یان ئه‌و بوار نه‌بین، نه‌نگی ئه‌وه‌یه، خۆ له شتێک ههڵبقورتێنین که بواری کاری ئێمه نه‌بێت.
که‌س بێ خه‌وش نییه، منیش خاوه‌نی گه‌لێک خه‌وشم، تاقه خه‌وشێک که نیمه، ترسنۆکییه، خاوه‌نی هه‌ندێک لایه‌نی ڕووناکیشم، گه‌شترین لایه‌نی من، سڵنه‌کردنه‌وه‌یه له گوتنی ڕاستی. وشه‌کانم به دوو باڵ ده‌فڕن، باڵی بوێری و باڵی ڕاستگۆیی. وشه‌کانم ڕووی ده‌میان له مێگه‌ل نییه، بۆ ئه‌وانه نانووسم که بڕیاریان داوه تا مردن هه‌ر کۆیله بن و ته‌نیا ئه‌و کاتانه ناویان ببیسترێت که به گژ تریفه‌ی وشه‌کانی مندا دێنه‌وه. بۆ ئه‌وانه نانووسم که ئه‌م حیزب یان ئه‌و فیکر به پیرۆز ده‌زانن. نووسینی من بۆ ئه‌وانه‌یه که ئازادیی خودی خۆیان به لاوه پیرۆزه. منداڵ له جه‌سته‌ی دایکیدا ده‌خوڵقێت، نووسینی نووسه‌ری ههقبێژیش له ڕۆحی‌دا دروست ده‌بێت و ئه‌وه‌ی گوێی پی نه‌دات، گوشاری ده‌ره‌وه‌ی خودی خۆیه‌تی. که ده‌نووسم قه‌ت مه‌به‌ستم ئه‌وه نییه، ئه‌م و ئه‌و بریندار بکه‌م، ئه‌گه‌ر که‌سێک به نووسینی من بریندار ببێت، ئه‌وه هه‌ڵه‌ی من نییه، هی ئه‌وه‌یه، گوتنی ڕاستی، نزیکه‌ی هه‌میشه، بریندارکه‌ره.
*
(1) ممدوح عزام، القراءة و الحب 25 یولیو 2010 الشرق الأوسط.
(2) حسین أحمد رسول، سرقات النمل و سرقات النحل، الشرق الأوسط 17 مایس 2005 لندن.
(3) مایاکۆڤسکی.
irony(4)
grotesquerie(5)
paradox(6)